- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
دەربارەی کولتوری مۆدێرن
مارکسیزم کاریگەری شیاو و هەمیشەیی لەسەرکولتوری مۆدێرن هەبووە. بێگومان جگەلە دیاریکردنی زۆربەی ڕەوت و بزاڤە فیکرییەکانی کولتوری مۆدێرن هۆکاری گەشەکردنیشیان بووە. خوێندنەوە دەربارەی ئەم گرینگترین ڕووداوە کولتورییە بەشێوەی بەرچاو لەلایەن مارکسیستە ئۆرتۆدۆکسەکانەوە پشت گوێ خراوە و یاخود بەتەواوی لەبەرچاو نەگیراوە. هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ڕووداوە، گرینگترین ئامێزانبوونی فەلسەفی مارکسیزم لەگەڵ بۆچوونە ئایدیالیستییە جۆراوجۆرەکان بوو کە لەڕووی ناچارییەوە تەنیا لەچوارچێوەی بزاڤە فیکرییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، واتە پۆزیتیویزم و زانست خوازیدا بەرتەسک بۆوە. ئەم ئامێزانبوونە سەرنجی ئۆرتۆدۆکسەکانی بەتوندی بەرەولای خۆی ڕاکێشا. ئەم بابەتە نەک بەشێوەی شارلاتانیزمی ڕووت بەڵام بێهودەییەکی ڕەها بوو. پلەخانۆڤ لەوتارێک لەژێرناوی پرسە سەرەکییەکانی مارکسیزم دا بەشێوەی کورت و ڕووکەش ئاماژە بەم خاڵە دەکات بەڵام هەوڵێک بۆ ڕاڤەکردنی ڕەخنەگرانەی نادات. بەم پێیە، وا دەردەکەوێت لێکدانەوەی دۆخی بابەتەکە بەوجۆرەی کە ئانتۆنیۆ لابریۆلا1 هەوڵی ئەنجامدانی دەدا شتێکی تەواو پێویستە. بەڵام ئەوەی ڕوویدا بەجۆرێک بوو کە لەڕاستیدا مارکسیزم بەهۆی پێداچوونەوەیەکی دووجۆرەکی تووشی ڕەنج و ئازار ببوو و لەهەمبەر ئامێزانبوونێکی دووجۆرەکی خۆی بەدەستەوەدا. لەلایەکەوە، توانەوە و ئاوێتەبوونی هەندێک لە توخمەکان بەشێوەی ڕوون و پاڵەکی لە بزاڤە جۆراوجۆرە ئایدیالیستییەکاندا (بۆنمونە دەکرێت ئاماژە بە جێنتیل2، سۆرێل3، بێرگسۆن4 و پراگماتیستەکان بکەین)؛ لەلایەکی دیکەوە ئۆرتۆدۆکسەکان لەسەرەتاوە سەرقاڵی کەشفکردنی فەلسەفەیەک بوون کە لەڕوانگەی وردبینی ئەوانەوە لەهەمبەر ڕاڤەکردنی "سادە" ی مێژوو گشتی تر بوو. زێدەباری ئەمەش، بزاڤێکیتر جەغدی لە کانت دەکردەوە(بۆنمونە : پڕۆفیسۆر وینێس ئادلێر، و دوو پڕۆفیسۆری ئیتالیایی؛ ئانفێردۆ پاگی و ئادێلچی باراتۆنۆ).
بەگشتی هەندێک دەتوانن ئیدعای ئەوە بکەن کە هەوڵەکان بۆ ئامێزانکردنی مارکسیزم لەگەڵ بۆچوونە ئیدەئالیستییەکاندا زیاتر لەلایەن ڕووناکبیرانی "ڕووت" ەوە ئەنجام دراوە، لەحاڵێکدا بۆچوونە ئۆرتۆدۆکسەکان لەلایەن ڕووناکبیرانێکەوە ئافرێندراوە کە بەشێوەیەکی ڕوونتر سەرقاڵی چالاکییە کۆمەڵایەتی و کردەکییانە بوون و لەڕێگەی هەندێک سنووری تاڕادەیەک داخراوەوە بەشێوەیەکی بەرتەسک بە جەماوەرەوە بەسترابوونەوە و ئەمە لەبەردەم هەڵبەز و دابەزی سیاسی زۆرینەیاندا ڕێگر نەبوو.
جیاوازی نێوان بۆچوونەکان زۆر گرینگە. ڕووناکبیرانی "ڕووت" وەک مامۆستایانی پێشکەوتووترین ئایدۆلۆژیای چینی باڵادەست ناچاربوون بەمەبەستی ئامادەکردنی چەکێکی نوێ بۆ گروپە کۆمەڵایەتییە هاوپەیمانەکەیان، لانیکەم هەندێک لە توخمە مارکسیستەکان بۆ ژیاندنەوەی بیروباوەڕی خۆیان و ڕێکخستنی بۆچوونیان بۆ فەلسەفاندنی تیوری ڕادیکاڵ لەگەڵ ڕیالیزمی مێژوویی تیۆری نوێدا ڕابکێشن.
ئۆرتۆدۆکسەکان، لەلایەکیترەوە، خۆیان لەخەبات لەدژی بەرزەجێخوازی ئایینیدا بینییەوە، فەلسەفەیەک کە بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو جەماوەردا بڵاو ببوو، ئەوان باوەڕیان بەوە بوو کە دەتوانن لەڕێگەی ماتریالیزمی پەست و ناپوختەوە بەسەریدا سەربکەون، و دەکرێت خودی ئەمەش وەک توێژێکی تاڕادەیەک ناگرینگ لە عەقڵی باو، دەربڕینی باڵادەستی ئەفسوونگەری، یاخود بەشێوەیەکی پەست، خەیاڵی، و کەم بایەخ، زێدەتر لەو باوەڕەی لەنێو خەڵکدا بیری لێدەکرێتەوە، زیندوو ڕابگیرێت و لێرەدا ماتریالیزم بەهیچ جۆرێک دەوری تێیدا ناگێرێت.
بۆچی مارکسیزم لەو چارەنووسە ئازار دەبینێت کە بەمانای خاوەن بوونی توخمە سەرەکییەکانی خۆیەتی، واتە ئەوانەی لەلایەن ئایدیالیزم و ماتریالیزمەوە ڕاکێشران؟ بێگومان توێژینەوە دەربارەی ئەم پرسیارە توێژینەوەیەکی ئالۆز و ناسکە و پێویستی بە لێکدانەوەی ئێجگار ورد و سەرنجی ڕووناکبیرانە هەیە. ڕاکێشران لەلایەن دیارکەوتنە دەرەکییەکان و لەدەستچوونی لێکچوونە ناچارەکی و ناوەکییەکان جگەلە پێوەندە گۆڕدراوەکان زۆر ئاسانە. دەبێت سەرنجێکی ڕەخنەیی وردبینانە ئەنجام بدرێت بۆ دیاریکردنی ئەو چەمکانەی کە مارکسیزم "ڕادەستی" فەلسەفە نەریتییەکانی کرد و هەروەها ئەو سەرکەوتنانەی کە بەشێوەی کاتی بۆ هەریەک لەو چەمکانەی دەستبەر کرد. ئەمە بەمانای دووبارە نووسینەوەی بێ کەموکوڕی مێژووی ئەندێشەی مۆدێرنە لەکاتی دەرکەوتنی مارکسیزم بەم لاوە.
بەدواداچوونی ڕاکێشرانی ڕوون و ئاشکرای ئایدیاکان ئەستەم نییە، ئەگەرچی ئەمەش دەبێت لەڕێگەی لێکدانەوەی ڕەخنەگرانەوە ئەنجام بدرێت. نموونەی کلاسیکی دابەزاندنی مارکسیزم بۆ ڕێسا ئەزمونییەکان لەلایەن کرۆچەوە بەمەبەستی خوێندنەوەی مێژوو ئەنجام دراوە. تەنانەت گۆڕانی چەمکەکان چووەتە نێو کاتۆلیکەکانەوە، و لە ئافراندنی قوتابخانەی ئیتالیایی مێژوونوسی ئابووری – یاسایی دا بەشدار بووە و لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیتالیاشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. بەڵام گونجاوترین گەڕان، گەڕانێکی ئەستەم و ماندووکەر لەنێو توخمە "پاڵەکی" و خۆویستەکاندایە، ئەو توخمانەی کە توانەتەوە، چونکو مارکسیزم وەک هێزێکی فیکری لە پانتای بەربڵاوی ئەندیشەی کۆمەڵگادا بوونی هەبوو، هەربۆیە توانی گۆڕانکاری لەنێو میتۆدە کۆنەکانی بیرکردنەوەی نێو دوایین کردەوە و دژەکردەوە شاراوەکاندا ئەنجام بدات. لەپێوەند لەگەڵ ئەم بابەتەدا خوێندنەوەی سۆرێل گرینگ و خاوەن تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشە، چونکو لەڕێگەی سۆرێل و چارەنووسی کۆتاییەوە لەگەڵ کۆمەڵێک نوکتەی ئێجگار گونجاودا ئاشنا دەبین کە بوونیان هەیە و دەبێت بەشێوەی ورد لێیان تێبگەین؛ ئەم شێوازە دەبێت لەمەڕ کرۆچەش بەکار بهێنرێت. بەڵام وێدەچێت کە دەبێت گرینگترین توێژینەوە دەربارەی فەلسەفەی بێرگسۆنی و پراگماتیزمەوە ئەنجام بدرێت هەتاکۆ بۆمان ڕوون ببێتەوە کە چۆن هەندێک لە هەڵوێستەکانیان بە بێ هەبوونی پێوەندی مێژوویی لەگەڵ مارکسیزمدا هەڵگری وێناکردن نەبووە. لایەنێکی پرسیارەکە، ڕاهێنانە کردەکییەکانی زانستی سیاسییە کە لەمارکسیزم و لەڕێگای ئەو نەیارانەی کە بەشێوەی ژزۆئیتەکان(Jesuit) بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ بنەماکانیدا خەباتێکی جەرگ بڕیان بەڕێوەبرد، بەجێماوە، ئەوە لەکاتێکدایە کە نەیارانی تیۆریکی ماکیاوێل لەپراکتیکدا باشترین پێڕەوانی بوون. ماریۆ میسیرۆلی ئەوکاتەی هەواڵنێری ڕۆم بوو لە ڕۆژنامەی "La Stampa" دا لە وتارێکدا دەڵێت : "ئەم پرسە بەشێوەیەکی نەگۆڕ ماوەتەوە و دەبێت لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت؛ ئاخۆ زۆربەی پیشەگەرە زیرەکەکان بیریان لەو شتە نەکردەوە کە کتێبی سەرمایە لەمەڕ کێشەکانی ئەوان باسی لێکردبوو؟ یاخود ئەو ئامۆژگارییانەی کە فێری بوون بەکاریان نەهێنا؟ " جێگای سەرسووڕمان نییە، ئەوەی کە مارکس لە لێکدانەوەیەکی ورد دەربارەی واقعییەتدا پێشکەشی کرد شتێک لەدەرەوەی میتۆدە ژیرانەکان نەبوو کە فاکتەرە مێژووییەکانی ئەم واقعییەتە سروشتی و ئاڵۆزە هەستی پێدەکات، و ئەوان لەدوای لێکدانەوە ڕەخنەگرانەکەی خاوەن وشیارییەکی زیاتر بوون. لایەنی دیکەی پرسیارەکە سەرنجڕاکێشترە. بۆچی تەنانەت ئۆرتۆدۆکسەکان مارکسیزمییان تێکەڵ بە فەلسەفەکانی دیکە کرد؟ بۆچی زێدەتر لەهەموویان لەگەڵ یەکێک لەو فەلسەفە ئاساییانەدا ئاوێتە بوو؟ لەڕاستیدا تێکەڵبوون لەگەڵ ماتریالیزمی نەریتیدا سەرنجڕاکێشە؛ ئامێزانبوون لەگەڵ بزاڤە کانتییەکان تەنیا سەرکەوتنێکی کەمی لەنێوان گروپە ڕۆشنبیرییەکاندا هەبوو. لەپێوەند لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەبێت هەوڵ بۆ لێکدانەوەی کورتەباسێکی ڕۆزا لۆگزامبورگ بدەین کە لەژێرناوی پێشکەوتن و تێبینییەکان لە گەشەی مارکسیزم دا نووسراوە؛ ئەو سەرنج ئەدات کە بە چ شێوەیەک پارچە ئاوێتەکراوەکانی ئەم فەلسەفەیە بەڵام هەمیشە بەپێی پێویستییەکانی چالاکی کردەکی، لەئاستە جۆراوجۆرەکاندا گەشەی پێدراوە. لەم ڕووەوە و بەپێی ئەم وتەیە داڕێژەرانی فەلسەفەی نوێ نەک تەنیا پێویستییەکانی سەردەمی خۆیان بەڵکو دەبوایە پێویستییەکانی داهاتووشیان پێشبێنی بکردایە و زەرادخانەیەکیان دامەزرانایە کە نەدەبوو لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکاربهێنرێت – چونکو ئەوان پێشڕەوانی فەلسەفەی سەردەمی خۆیان بوون – و تەنیا دەکرا لەداهاتوودا دژ بە هەندێک نوێ بکرێتەوە.
ڕوونکردنەوە لەبنەمادا بەجۆرێک فریودەرە، بابەتێکی ئاشکرا بۆ وەسفکردن هەڵدەبژێرێت، بەمیتۆدی دەرهەست دەریدەبڕێت و وەک ڕاڤەکردن بەکاری دەهێنێت. یەکێک لەو ڕوونکردنەوە مێژووییانەی کە دەبێت بەوردی لێکبدرێتەوە ئەوەیە کە ئاخۆ مارکسیزم ناچاربوو بۆ خەبات لەدژی پاشماوەکانی سەرمایەرداری، بەتایبەت لەبواری باوەڕی ئایینی جەماوەردا، لەگەڵ بۆچوونە نامۆکاندا پێوەندی بگرێت؟
مارکسیزم لەگەڵ دوو ئەرکی سەرەکیدا ڕووبەڕوو ببۆوە : خەبات لەدژی پاڵاوتەترین فۆڕمی ئایدۆلۆژیا مۆدێڕنەکان بە مەبەستی مسۆگەرکردنی قورسایی خۆی لەهەمبەر ڕووناکبیرانی سەربەخۆ؛ ڕاهێنانی ئەو جەماوەرەی کە کولتوورییان لەئاستی سەدەکانی ناڤیندا بوو. دانی ئەرکی گرینگی دووهەم بە چێیەتی فەلسەفەی نوێ کۆی دەسەڵاتی لەبواری چەندێتی و چۆنێتییدا لێی وەرگرتەوە. لەبەر هۆکارە فێرکارییەکان، فەلسەفەی نوێ لەشێوازی کولتورێکدا گەشەی کرد کە تەنیا بەڕادەیەکی کەم لەسەرەوەی ئاستی ناوەندی جەماوەردا(کە لەئاستێکی زۆر خواردا بوو) بوو و بەدڵنیاییەوە تەواوکەر نەبوو بۆ سەرکەوتن بەسەر ئایدۆلۆژیاکانی چینی ڕووناکبیردا، و ئەمە بەپێچەوانەی ئەو حەقیقتە بوو کە فەلسەفەی نوێ بەڕوونی ئافرێندرا بوو بۆ ئەوەی بەرزترین سیمبۆلی کولتوری سەردەم، واتە فەلسەفەی کلاسیکی ئاڵمان دەربپەڕێنێت و وزەیەکی تازە ببەخشێتە ئەو چینە کۆمەڵایەتییە نوێیەی کە دونیابینیان لەپێوەند لەگەڵ گروپێک لە ڕووناکبیرانی خۆیاندا بوو. لەلایەکیترەوە، کولتوری مۆدێرن، بەتایبەت ئایدیالیزم، لەبنیاتنانی کولتوری جەماوەردا بێ توانا بووە و بۆ داڕشتنی تێکستە زانستی و ئەخلاقییەکان لە بەرنامەکانی خوێندندا کە تا ئێستاش لەشێوەی هەندێک پلانی تیۆریکی دەرهەستدا بەجێماوە بەتەواوی تووشی شکست بووە.
وەرگێڕانی کوردی ئەم وتارە بە پێی ئەم دەقەی خوارەوە ئەنجامدراوە:
Marxists on literature,an Anthology
Edited by David craig, Published in England, by Penguin Books Inc, in 1975
ژێدەر :
1. Antonio Labriola (1843 – 1904)
2. Giovanni Gentile (1875 – 1944)
3. Georges Sorel (1847 – 1922)
4. Henri Bergson (1859 – 1941)
په یوه ندی