Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر چەمکی



لێکۆڵینەوەیەک لەسەر چەمکی "بەرپرسیاریی ئەخلاقی"

سەعید کاکی

ئەوەی لە سەرەتادا پێویستە ئاماژەی پێبکەین و پێوەندی بە تەوەری بابەتەکەوە هەیە، پرسیارە ئەخلاقییەکانە. دیارە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانآ خۆی لە قەرەی پرسیارە ئەخلاقییەکان نەدات. بۆ نمونە بەها ئەخلاقییەکانی مرۆڤ کامانەن؟ دادپەروەریی چییە؟ کردارە ئەخلاقییەکان لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ سەدان پرسیار لەم شێوە لە بازنەی فەلسەفەی ئەخلاقدا کۆ دەبنەوە. وروژاندنی باسێکی وەکوو، بەرپرسیاریی ئەخلاقی لە ئێستای کۆمەڵگای خۆماندا، گرینگی و بایەخێکی ئەوتۆی هەیە. هەر تاکێکی کورد پێویستە خۆی لە قەرەی ئەم پرسیارانە بدات کەوا لە کۆمەڵگادا وەکوو ئەرکێک لە سەر شانیەتی و لە هەمانکاتدا لە کردارەکانیدا بەرپرسیارە، هەر سیستەمێکی سیاسی، ئابووریی، و تەنانەت سیاسەتمەدارەکان، ئەو کەسانەی کەوا لە دام و دەزگا ئیدارییەکاندا ئیش دەکەن لەگەڵ چەمکێکی ئەخلاقی وەکوو "بەرپرسیاریی ئەخلاقی1" ڕووبەڕوو دەبنەوە و حاشا لە بوونی ئەم چەمکە ناکرێت. بۆ ئەوەیکە ئامانجەکەمان لەم لێکۆڵینەوەیە ڕوون و ڕاشکاوتر بێت، پێویستە ‌پێناسەیەک لەسەر فەلسەفەی ئەخلاق بێنینە ئاراوە، تا وەکوو ئەم بەشە لە ئەخلاق ڕوونبێتەوە کەوا ئێمە لەم باسەدا چیمان مەبەستە و لە کام پرسیار دەگەڕێین.

* * * *

1ـ پێناسەی فەلسەفەی ئەخلاق2

ئا) ئەخلاقی شیکاریی3 یان مێتائەخلاق : کۆمەڵێک باس و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەخلاقە و لایەنێکی چەمکییانەی هەیە. گرینگترین باسەکانی پەیوەندیدار بە ئەخلاقەوە بریتین لە :

1ـ ماناناسی وشە و چەمکە ئەخلاقییەکان و بریتین لە : چاکە و خراپە، ڕاستی و ناڕاستی، ئەبآ‌و نەبآ، ئەرک و بەرپرسیاریی، گەرچی ئەم بەشە لە ئەخلاق پێوەندی بەلایەنەکانی تریی وەکوو: سیاسەت و یاسا ... هەیە. مەبەست لەم چەمکانە لە ئەخلاقدا ئەوەیە، چ پێوەندییەکی لەگەڵ چەمکەکانی تری ئەخلاقدا هەیە؟ یان چ پێوەرێک بۆ بەکارهێنانی ئەم چەمکانە لە ئەخلاقدا پێویستە؟

ب) شیکردنەوەی ڕستە ئەخلاقییەکان : واتە ڕستەکان هەڵگری چەمکی ئەخلاقین. بۆ نموونە ئایا ڕستە ئەخلاقییەکان سفارشین4، یان ئەوەیکە وەسفین5، ئایا ڕستە ئەخلاقییەکان لە شیکردنەوەدا باس لە واقێع6 دەکەن یان ئەوەیکە خاوەن بەها7 یان ئەرکن8.

ج) مەعریفەی ئەخلاقی : مەبەست لە مەعریفەی ئەخلاقی ئەوەیە، ئایا حەقێقەتی ئەخلاقی عەینین و لە دەرەوەی مرۆڤدا دەسەلمێندرێن یان نا؟ ئەگەر مەعریفەی ئەخلاقی هەیە لە چ سۆنگەیەکەوە و بە چ شێوەیەک بەڵگەی لەسەر دێنینەوە؟ چەمکە ئەخلاقییەکان لە چ ڕێگەیەکەوە دەسەلمێندرێن؟ واتە لە ڕێگەی عەقل9، هەست10، سۆز11 یان ویژدانەوە12 دەسەلمێندرێن؟

د) ئەخلاقی نۆڕماتیڤ یان دەستووری13 : مەبەست لەم باسە ئەوەیە، ئایا ئەخلاق لەسەر بابەتێک یان خود لایەنێک ڕاست دەبێتەوە. بۆ نموونە، کام کردەی مرۆڤ چاکە؟ مانای ژیان چییە؟ ئایا مافی سروشتی لە بەرانبەر مافی پەیمانی و بڕیاردان ڕادەوەستێت؟ ئایا ئاژەڵەکان مافیان هەیە؟ لەم بەشەدا شێوەکانی ئەخلاقی نۆڕماتیڤ سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە ئەخلاقی پیشە، ئەخلاقی پزیشکی، ئەخلاقی پەروەردە، ئەخلاقی سیاسی و ئەخلاقی ژینگە پارێزیی و سەرجەم ئەو بەشانەی لێرەدا باسمان هێناوە پێوەندییان بە ئەخلاقی کردەکییەوە هەیە. (گیباردو داروال، 1379 : 12ـ10).

کەواتە چەمکی بەر پرسیاریی ئەخلاقی لەم باسەی کەوا ئێمە دەمانەوێت لێکیبدەینەوە پێوەندیی بە ئەخلاقی نۆڕماتیڤەوە هەیە. لێرەدا دەمانەوێت بە شێوەیەکی شیکارییانە و بە لەبەر چاوگرتنی میتۆدێکی وەسفی، ڕەخنەیی و ئەرزشیانە، چەمکی بەرپرسیاریی ئەخلاقی لێکبدەینەوە. بەڵام لێرەدا پرسیارەکانمان بەپێی میتۆدێکە دەمانەوێت بیگرینە بەر ئەمانەن :

1ـ بەرپرسیاریی ئەخلاقی چییە؟

2ـ بەرپرسیاریی ئەخلاقی پێوەندی بە کام چەمکی ئەخلاقییەوە هەیە؟

3ـ لەمپەڕەکانی بەر پرسیاریی ئەخلاقی و فۆڕمی بیرکردنەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

2ـ پێناسەی چەمکی بەرپرسیاری ئەخلاقی

"من سەبارەت بەو شتانەی کەوا لە کونتڕۆڵی مندایە بەرپرسیارم، زۆر جار بەڵگەیان هێناوەتەوە کەوا من سەبارەت بەو ڕووداوانەی کە بابەتی بەختەوەریی ئێمەن، بەرپرسیار نیم، بەڵام ئەم وتەیە ڕوون نییە کەوا ئێمە ئەبآ هەوڵ بدەین بەرپرسیاریی بە دەر لەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە بەختەوەرییەوە هەیە باس بکەین. بەرپرسیار بوونی ئێمە تاکەکەسیانە نییە، هەر وەها کە ئێمە ئەندامێکی کۆمەڵگاین، ئەم پرسیارە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کەوا ئێمە تاڕادەیەک لە بەرانبەر کردەوەی ئەندام یان کۆمەڵگایەکە پێوەی بەندین بەرپرسیارین."

(Rotledge، Responsibility، 2005، P906)

بەرپرسیاریی مانای بە ئەنجام گەیاندن و سەرگرتنی بابەت یان شتێک دەگەێنآ. بۆ نموونە کەسێک دەڵآ : من لەوکارەی کەوا کردوومە بەرپرسیار نیم. بەرپرسیار بە کەسێک دەڵێن: ئیشێکی پێسپێردراوە و لە بەرانبەر ئەو کارەدا بەر پرسیارە. مەرجی بەرپرسیاریی ڕاستەقینە ئەوەیە لەو کۆمەڵگایەدا یاسایەک لە ئارادا بێت. یان ئەوەیکە ڕێگە لە نەیارەکان بگیردرێت. هەر لەم سەروبەندەدا پێویستە سآجۆر بەر پرسیاریی لێک بدەینەوە تا وەکوو بۆمان دەرکەوێت لەم وتارەدا مەبەستمان‌ کام شێوە لەبەر پرسیارییە: 1ـ بەرپرسیاریی مەدەنی، 2ـ بەرپرسیاریی ئەخلاقی، 3ـ بەرپرسیاریی کوشتن.

1ـ بەرپرسیاریی مەدەنی : مانای ئەوەیە، کەسێک خەسار بە کەسێک دەگەێنآ. بۆ نموونە A خەسار لە B دەدات، لێرەدا پێویستە A خەسارێکە بە B گەیاندووە قەرەبووی بکاتەوە و هەروەها لەو تاوانەی کردوویەتی سا لەڕوویی نەزانی یان خود ئێرادەو حەزی خۆی بووە، بەرپرسە. ئەم شێوە لە بەرپرسیاریی پێوەندی بە تاکەکانی ناو کۆمەڵگاوە هەیە. بۆ نموونە هەر باوکێک لە بەرانبەر خستنەوەی منداڵدا بەرپرسیارە، مامۆستا لە بەرانبەر خوێندکار، دەسەڵاتدار لە بەرانبەر پاراستنی وڵاتەکەی بەرپرسیارە ...

2ـ بەرپرسیاری کوشتن : ئەم شێوەیە لە بەرپرسیاریی لەسەر کەسێک ساخ دەبێتەوە، تاوانێکی کردبێت و ئەم بەرپرسیارییە پێوەندییەکی پتەویی لەگەڵ ئەخلاقدا هەیە. بۆ نموونە کەسێکە تاوانی نەکردبێت لە خۆڕا یاسا لەسەریی ناکۆڵێتەوە، مەگەر ئەوەیکە لە ڕوویی وشیاری و ویستی خۆیەوە تاوانێکی کردبێت. لەم شێوە بەرپرسیارییەدا سزاگەلێکی دیاریکراو هەیە، بەبآ ئەوەیکە بەرپرسیاریی ئەخلاقی لەبەر چاو بگرین، کەسی تاوانبار سزا دەدرێت. "بۆ نموونە شۆفیڕێک لەکاتی لێخوڕینی ماشین دا کەسێک دەکوژێت." هەر لێرەدایە بەرپرسیاریی مەدەنی و بەرپرسیاریی کوشتن لێک نزیک دەبنەوە. چونکوو بەپێی یاسا شۆفیرەکە سەرەڕای ئەوەیکە پێویستە لە لایەن یاسای هاتوو چۆوە سزا بدرێت، هەروەها تاوانێکە کردوویەتی ئەبآ قەرەبوویی بکاتەوە.

3ـ بەرپرسیاریی ئەخلاقی : پێناسەی ئەم شێوەیە لەبەر پرسیاریی لەوەدایە، کە پێوەندی بەزەرورەتی یاسای ئەخلاقی و هەروەها ویستی ئازادەوە هەیە. واتە کردەیەک زەروورەتی هەیە کەوا ئەو کردەیە هۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ هاندەرێکی سروشتی، یان ئەو کردەیە لە ژێر کاریگەری ویستی کەسێکی تر دابێت و ئەو کەسە خۆی بەرپرسی کردەوەکانی خۆی نییە. جیاوازیی ئەم شێوە لەبەر پرسیاریی دەگەڕێتەوە بۆ بکەریی کارەکە و هەروەها لەو کارەی کەوا کردوویەتی وشیار و سەر بەستە و لە ژێر گوشاردا نییە و چاوبەستووانە ئەوکارە ناکات. لێرەدا چەمکی "تێگەیشتنی بەرپرسیاریی" دێتە ئاراوە و ئەویش ئەوەیە، بەهاێکە بکەری کارەکە بۆ کردەکەی خۆی دایدەنێت و هەروەها بڕیارێکە دەیدات بۆ ئەوەیەکە لە ئیشەکەیدا سەرکەوتوو بێت. دیارە تێگەیشتن لە چەمکی بەرپرسیاریی دوولایەنی هەیە : لە لایەک پێوەندی بە ڕابردوو هەیە و ئەویش بریتیە لەوەیکە ئەو کەسە لەو هەڵانەی لە ڕابردوودا کردوویەتی ئاگادار بێتەوە. دووەم : پێوەندی بە داهاتوو هەیە و ئەویش بریتیە لەوەیکە، مرۆڤ بە پێی پێویست لە هەندێک کاردا پسپۆڕ بێت تاوەکوو هەندێک دەستکەوتی باشی بۆ دابین بێت. (سەلیبا، 1361 : 589).

تا ئێرەی باسەکە پێناسەی بەرپرسیاریی و بە تایبەت بەرپرسیاری ئەخلاقی بوو. بەڵام شێوەکانی تریی بەرپرسیاریی واتە مەدەنی و کوشتن پێوەندییان پێکەوەیەو چەمک گەلێکن کە لێکدانابڕێن.

هەر بۆیە ئێمە سەرەڕای شیکردنەوە و لێکۆڵینەوەی بەرپرسیاریی ئەخلاقی پەل دەکیشینە ناو بەشەکانی تری بەرپرسیاریی. بەڵام لێرەدا لە ڕاستای میتۆدی وتارەکە و بەپێی پرسیاری دووەم پێوەندێکە بەرپرسیاریی لەگەڵ چەمکە ئەخلاقییەکانی تردا هەیە تی لێکی دەدەینەوە. واتە بەرپرسیاریی ئەخلاقی پێوەندی بە چەمکەکانی وەکوو، ئێختیار و جەبر، ویستی ئازاد14 و ئەرکی ئەخلاقی15 هەیە. کەواتە بەرپرسیاریی ئەخلاقی لەم مودێلەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت.





 

بەرپرسیاریی ئەخلاقی                                                        بەرپرسیاریی سیاسی

             ↓                                                                    

پەروەردەی زانستی و مۆدێڕن ← بەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی←           بەرپرسیاریی ‌ئابووری                

                                                                                    بەرپرسیاریی دام و دەزگا ئیدارییەکان  

هەرکام لە لەم لایەنانە پێکەوە پێوەندییان هەیە، هەر کەسێک لە هەر شوێنێکدا ئیش دەکات لە سەرەتادا پێویستە بە شێوەیەکی عەقڵانی پەروەردەکرا بێت. ئەخلاق دەروازەی شارستانییەتە و ئەم ئەخلاقەش لە عەقڵ و وشیاری مرۆڤە، وە سەرچاوە دەگرێت. واتە مرۆڤ لە ڕێگەی وشیاریی و ئاوەزی خۆیەوە کۆمەڵگایەکی پێش کەوتوو پێک دێنێت و بە پێچەوانەشەوە، هەرچەندە ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا لە خوارترەوە بێت ئاستی بەرپرسیاریی و مەدەنییەت کەمتر دەبێتەوە.

2ـ1 ویستی ئازاد و ئێختیار

لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا تا وەکوو ئێستا ئەولایەنانەی کەوا پێوەندییان بە ئەخلاق، لاهووت و فەلسەفەوە هەیە لێک نەدرانەتەوە. بۆ نموونە ئایا مرۆڤ ئێختیاری هەیە یان ئەوەیکە جەبرێکی مێتافیزیکی یان کۆمەڵایەتی بەسەریدا زاڵە! هەر لێرەدایە باس لە ئێختیار و  ویستی ئازاد دێتە ئاراوە. دیارە تا وەکوو مرۆڤ ئەو ڕەهەندە مێتافیزیکییانەی کەوا لە مێشکی دا وەکوو دۆنیابینی قۆزاخەی بەستووە لێک نەدرێنەوە ناتوانآ خۆی بە کەسێکی خاوەن ئازادیی و سەربەست بزانآ. ئەوانەی کەوا باوەڕیان بە ئێختیار هەیە، لایان وایە مرۆڤ خۆی لە ئەنجام دانی کارەکانیدا سەربەستە و هیچ جەبرێک لە ئارادا نییە، ئەگەر ئێختیاریی نەبآ، هەست بە بەرپرسیاریی ناکات و پەنا دەباتە بەر جەبریی کۆمەڵگا و لە هەموو خراپتر جەبریی مێتافیزیکی، واتە ئەو شتانەی کە وەکوو پێش گریمانە و بەبآ هەڵسەنگاندن لە مێشکی دا بناغەیان داڕشتووە. ئێمە باسی جەبر لە پرسیاریی سێیەمدا شیدەکەینەوە. "پێویستە ئێمە دوو گریمانە لەبەر چاو بگرین : 1ـ دان بەوەدا بنێین خەڵکی لەو شتانەی هەڵیان بژاردووە ئازاد و سەربەستن، دیارە مرۆڤ وەکوو ئاژەڵەکان نییە. 2ـ‌پێویستە ئەم بۆچوونە پەسەن بکەین کەوا هەڵبژاردن و کردەوەکانی مرۆڤ سەرچاوەیەکی ڕوون و عەقڵانی هەیە و لایەنێکی ناوشیارانەی نییە و مرۆڤ ئەوکارەی کەوا ئەنجامی دەدا چاوبەستووانە نییەو بە بابەتێکی مێتافیزیکی ئاسمانییەوە گرێینادات." (فرانکنا، 1383 : 165).

* * * *

2ـ2 پێناسەی ئازادیی

لێرەدا پێناسەی ئازادیی پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ئێختیارەوە هەیە و ئەمەش ڕێک ڕێگە بۆ بەرپرسیاریی یان نابەرپرسیار بوونیش خۆش دەکات. بەڵام لێرەدا مەبەست لە ئازادیی چییە؟ لێرەدا پێویستە چەن نموونەیەک بێنینەوە، ئایا شۆفیڕێک ئازادە بە پێی حەزی خۆی ماشینەکەی لیخۆڕێت؟ یان سیاسەتمەدارێک ئازادە هەر چییەک حەزی لێیەتی ئەنجامی بدات؟ ئایا پیاوێکی ئایینی ئازادە سنوور بۆ یاسا دابنێت یان نا؟ ئایا مرۆڤ لە کۆمەڵگادا ئازادە بە حەزی خۆی هەرچی پیخۆشە بیکات؟

لێرەدا پێویستە ئەمە ڕچاو بکەین کەوا ئازادیی وشیارییەکی مەدەنیانەیە و لە پێش دا بارهێنان و پەروەردەی وشیارانە، ئازادیی مرۆڤەکان دەستەبەر دەکات. پێویستە بۆ لێکدانەوەی بابەتەکە ئاماژە بە ئازادیی لە ڕوانگەی دوو فەیلەسووفی جیا لەیەک بکەین. یەکەمیان ئایزایا بێرلینەو ئەویتریش ژان پۆل سارتەرە.

ئایزایا بێرلین لەسەر ئازادیی پێناسەیەکی ژیرانەی هەیە. بێرلین لە فەلسەفەکەیدا باس لە دوو شێوە ئازادیی دەکات : یەکەم : ئازادیی ئەرێنی، دووەم : ئازادی نەرێنی.

ئازادیی ئەرێنی مانای سەربەستی عەقڵانی دەگەێنێت و ئازدایی نەرێنی، مانای نەبوونی کۆت و بەندی داسەپاو لە لایەن کەسانێکی تر دەگەێنێت، کەواتە بۆ ئەوەیکە ئێمە خاوەن ئازادیی بین لە ‌پێش دا توانای هەڵبژاردنمان بێت و ئەمەش دژ بە هەر چەشنە قەدەر و جەبرێک دەوەستێتەوە. (برلین، 1379 : 14).

"کەواتە ئازادیی سەرچاوەیەکی گرینگ و بنەڕەتی بۆ بەرپرسیارییە. ئەگەر مرۆڤ خۆی لە جەبری ئایینی و مێتافیزیکی ڕزگار نەکات باس لە بەرپرسیاریی خەیاڵە، هەر وەها پێویستە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا خاوەن ئازدایی بێت تا وەکوو خوی بە بەرپرسیار بزانآ." (فرانکنا، 1383 : 165)

"کەسێکی وەکوو سارتەر لە فەلسەفەی ئێگزێستانسیالیست دا لای وایە مرۆڤ خۆی بەرپرسی بوونی خۆیەتی. سارتەر دەڵآ : بوون پێش چییەتی دەکەوێت و مرۆڤ بەرپرسی بوونی خۆیەتی. تاکی مرۆڤ خوی خاوەن خۆیەتی و سەربەستیشە، کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەمانە، بەرپرسی سەرجەم مرۆڤەکانی تریشە." (رحیمی، 1346 : 32ـ31).

لێرەدا مرۆڤ لە هەڵبژاردنی خۆیدا ئازادە و هەرکام لە ئێمە لە ڕێگەی ئازدایی و ویستی سەربەستی خۆمانەوە، ‌بوونی خۆمان هەڵدەبژێرین. کەواتە تاکی مرۆیی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی خۆی سەرجەم مرۆڤەکانی تریی هەڵبژاردووە. هەڵبژاردن، سەربەستی و ئازادیی لە کردەدا خۆی دیاریدەکات و زەینی نییە. بەرپرسیاربوونی ئێمە بەرفراوانتر لەوەیە کەوا ئێمە بیری لێبکەینەوە. زۆڵم و زۆر و کوشتن و بڕینی مرۆڤەکان لە لایەن دەسەڵاتێکی سەرکوتکارەوە ئەوە نییە هەموو بآدەنگ بن و پشت گوێی بخەن، بەڵکوو ئەرکی سەرشانی هەموو مرۆڤێکە ڕێگەی لێبگرێت. کەواتە مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکە ئازادە، لە پێناو ئازادیێکە هەیەتی بەرپرسیارە و مرۆڤەکانی تر چاوە یان لەو بڕیارەیە کەوا دەیدات و بەرپرسیاربوون بەرانبەرێکی هەیە و ئەویش مرۆڤەکانی ترە. مرۆڤ ئەگەر لە دۆنیایەکی داخراودا ژیان بەسەر ببات، تووشی تەریک بوون دەبێتەوە و هەر لە ناخی خۆیدا تووشی دووڕوویی دەبێتەوە. کەواتە چەمکەکانی وەکوو ئازادیی، بەرپرسیاریی ئەرکی بەدواوەیە.

2ـ3 ئەرکی ئەخلاقی

لە فەلسەفەی ئەخلاقدا سآ وشەی Doontologist، obligation، duty17 پێوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە. واتە ئەرک، بەڵێنی و زانستی ئەرکخوازیی بە تووند و تۆڵی پێکەوە گرێیان خواردووە. یەکێک لەو فەیلەسووفانەی کەوا بەباشی لەسەر ئەم باسە خاوەن هەڵوێستە ئێمانۆئیل کانت فەیلەسووفی ئاڵمانییە. کانت دەڵآ : "هیچ شتێک لەم دونیایەدا و تەنانەت لە دەرەوەی دونیادا نییە جگە لە ویستی چاکە نەبێت." (کانت، 1369 : 12)

مەبەست لە ویستی چاکە18 بە ئەنجام گەیاندنی ئەرک و بەڵێنییە. ئەگەر یاسایەکی ئەخلاقی هەبێت پێویستە بە بآ هیچ مەرجێک لە خۆیدا چاک بێت و بەهایەکی زاتی هەبێت.

واتە ویستی چاکە بەپێی دەرەنجامەکانی ناناسرێت. بەدەربڕینێکی تر سەرچاوەی ویستی چاکە لە ئەنجامی کارەکەوە سەرچاوە ناگرێت. بۆ نموونە : بکوژێکە هیچ هاندرەرێکی جگە لە ئیشی کوشتن و بڕین لە ژیانیدا نییە و بۆی هەیە لە خۆوە کارێکی باش بکات، بەڵام ئەم کارە مانای ئەوە نییە ئیدی بکوژ نەبێت. تەنیا چاکەی کردەیەک مانای ئەخلاقی بوون ناگەێنێت و پێویستی بە نییەتی بکەری کارەکەیشەوە هەیە، کەوا تا چ ڕادەیەک ئەو بکەرە ویستێکی چاک و ئینسانی هەیە. هەر لێرەوە کانت پەل بۆ "نییەتی جێبەجآ کردنی" ئەرک دەکێشێت. کانت لای وایە ئەخلاقێک بەهادارە، سەرەڕای ئەوەیکە ئەو کارە پێویستە لەگەڵ ئەرکی نییەتی ئەخلاقیدا تەبابێت و یەکبگرنەوە، پێویستە نییەتی ئەخلاقیشی بە ‌پشتەوە بێت و نییەتیش هەمان پەیڕەوی لە یاسای عەقڵە. کانت دووکردەی ئەخلاقی لێک جیا دەکاتەوە. 1ـ کردەیەکە لە پێناو ئەرکدایە، 2ـ کردەیەکە لە پێناو جێبەجآکردنی ئەرکدایە. نموونەیەک بۆ جیاکردنەوەی ئەم دوو کردەیە دێنێتەوە. "فەرز کەین دووکاندارێک لە کڕیارێک پارەی زۆر ناسێنآ، ئەم کارەی دووکاندارە کە بە پێی ئەرکە، واتە لە پێناو ئەرکدایە، بەڵام لە پێناو جێبەجآکردنی ئەرکدا نییە. بۆی هەیە ئەم گەڕان نەفرۆشتنە بەهۆی کۆنە پارێزییەوە، یان ترس لە خودا یان دووڕوویی بێت." (کاپلستۆن، 1380 : 324)

بەڵام ئەم کارە ئەخلاقی نییە، و کانت لەم سەرو بەندە دا ئەخلاقێکی ڕەها بە پێی بنەمای عەقڵ دێنێتە ئاراوە و دەڵآ :‌ "کردارت بەپێی یاسایەک بێت کەوا مرۆڤەکان نەک وەکوو کەرەسەێک بەڵکوو وەکوو ئامانجێک چاو لێبکەێت". یاسای دووەم ئەوەیە : "بەپێی یاسایەک هەڵسووکەوت بکە کەوا کردارت ببآ بە یاسایەکی گشتی." (کورنر، 1380 : 284).

کەواتە کانت مرۆڤ وەکوو کەرەسەێک چاو لێناکات و لای وایە هەر مرۆڤێکی ژیر پێویستە خۆی لە ڕێگەی هەڵسووکەوتەکانی خۆی لە جێگەی یاسا گشتیەکان دابنێت و هەر لە ڕێگەی ئەم بۆ چوونەوە لەسەر کردەوەکانی خۆی داوەریی بکات، ئەم هەڵوێستەی کانت بەرەو "وڵاتی ئامانجەکان19" پەل دەکێشآ. مەبەستی کانت لە وڵاتی ئامانجەکان ئەوەیە، مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکەخۆی یاسا دانەرە هەر خۆیشی لەم یاسایە پەیڕەوی دەکات. واتە لە لایەک ئەندامی ئەم وڵاتەیەو ئەویش لەکاتی یاسا داناندا و هەر خۆیشی لایەنگری و پەیڕەوی لێدەکات و دووەم ئەوەیکە حاکم و سەرکردەی ئەم وڵاتەیە. کەواتە مرۆڤ زاتێکی سەربەست و خاوەن عەقڵە، و ئەمەیش زاتی مرۆڤی ئەخلاقی مۆدێڕنە، و هەر لێرەوە مرۆڤ بەرەو بەرپرسیاری مەدەنی هەنگاو دەنێت، واتە لە ئەخلاقی مۆدێڕندا : "مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکە بکەر و سووژیە، خاوەن عەقڵ و ئاگامەندییە.20" کەواتە ئەرکی ئەخلاقی لە هەناوی خۆیدا بەرپرسیاری لێدەکەوێتەوە. دەتوانین لە مودێلێک دا مرۆڤی ئەخلاقی دیاریی بکەین.

مرۆڤی ئەخلاقی      ←                  خاوەن عەقڵەو سەر بەخۆییە

        ↑                                            ↓

خاوەن بەرپرسیارییە                            خاوەن ئازادییە

        ↑                                            ↓

خاوەن ئەرکە                  →      خاوەن ویستی ئازاد و ئێختیارە

 "کەواتە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، مەعریفەی عەقڵانی، دژ بە دەمارگرژی و پێش داوەریی گەمژانە رادەوەستێت. کولتووری ڕۆشنگەری چاک کردنەوەی ئەخلاقیشی بەدواوەیە، و داوا لە مرۆڤەکان دەکات کەوا بە شێوەیەکی بوێرانە لە عەقڵی خۆیان کەڵک وەرگرن تاوەکوو بەسەر بە خۆیی عەقڵانی بگەن. عەقڵی ڕۆشنگەریی نەک هەر ئەخلاقی تاکەکەسی چاک دەکاتەوە، هەر وەها کاریگەری لەسەر چاک‌کردنەوەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیش دادەنێت. (اباژری، 1385 : 11).

تا ئێرەی باسەکە پێوەندییەکانی بەرپرسیاری ئەخلاقیمان لەگەڵ چەمکەکانی تری ئەخلاقدا باس کرد. بەڵام هیچ بەرپرسیارییەک ناتوانآ لەچوارچێوەیەکی داخراودا بمێنێتەوە و پێویستە مرۆڤ لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی ئەخلاقی باربێت. داماڵینی ئەخلاق لە ئایین کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام ئەخلاق لەم باسەدا پێوەندییەکی توندوو تۆڵی بە عەقڵێکی فەلسەفییەوە هەیە، و یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی مۆدێڕنیتەیە.

بیرمەندانی مۆدێڕن هەوڵیان ئەوە بوو بەپێی بنەماکانی عەقڵی مرۆڤ لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکانی وەکوو، ئەخلاق، سیاسەت، زانست، هونەر ... بجووڵنەوە و متمانەیان بە هاندەرە دەرەکییەکان نەما و خۆیان لە ئۆستوورە و جەبری سیاسی و ئایینی ڕزگار کرد، هەر وەها بنەمایەکی عەقڵانییان لە کۆمەڵگادا دامەزراند. ئێستا ئێمە دەچینە سەر پرسیاری سێیەم ئەویش شێوەی بیرکردنەوەی ئێمە وەکوو کورد لەسەر بیرکردنەوەیە. وروژاندنی فۆڕمی بیرکردنەوە گرینگییەکەی لەوەدایە، شێوەی دۆنیابینی و ئەو مێتافیزیکەی لە مێشکی ئێمە بناغەی داناوە ڕوون بێتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر کرداریی ئێمە داناوە. کەواتە بەرپرسیاریی ئەخلاقی پێوەندی بە شێوەی بیرکردنەوە و ڕامانەکانی ئێمەوە هەیە.

* * * *

3ـ لەمپەرەکانی بەرپرسیاریی ئەخلاقی و فۆڕمی بیرکردنەوەی ئەخلاقی

3ـ1 جەبریی ئایینی و نابەرپرسیاریی

فۆڕمی21 بیرکردنەوەی ئێمە وەکوو کورد پشتی بە دونیابینی ئایینی بەستووە. دیارە ئێمە ئەزموونی مۆدێڕنمان بەوشێوەی کەوا لە خۆرئاوادا باوبووە نەبووە و ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە. بەڵام ئێمە لە کۆمەڵگایەکی ئایینیدا دەژین، پەروەردەی ناوخێزان و کۆمەڵگا ئاینییە، هەربۆیە کردارەکانی ئێمە لە ئامۆژگاریی و نەسێحەت کردن تێناپەڕێت و هیچ چەشنە پرسیارێکی فەلسەفی و دونیابینی فەلسەفی زانستی تێدا نییە. ئەوەی لە دونیای مۆدێڕن وەرمانگرتووە بەبای سیاستەوە هاتووە. هیچ چەشنە مەعریفەیەکی زانستی بە پشتەوە نییە. واتە هیچ چەشنە لێکۆڵینەوەیەک لە بوواریی زانستیە مرۆییەکاندا نییە، چونکوو زانستی مرۆییمان نەبووە. بەڵام ئەوەی پێوەندی بە بابەتەکەی ئێمەوە هەیە واتە بەرپرسیاریی ئەخلاقی لە ئەخلاقی ئێمەدا ڕەگ و ڕیشەی لە لاهووتدایە. واتە دونیابینی ئێمە فۆڕمی ئایینی هەیە و لە زانستە مرۆییەکانی وەکوو کۆمەڵناسی، فەلسەفە، زانست، دەرونناسی و سیاسەت بە دوورە. "کەواتە دونیابینی ئێمە لە ناوەڕۆکدا ئاینییە و لە ڕوواڵەتدا هەندێک شتی لە دونیای مۆدێڕن بە بای سیاسەتەوە وەرگرتووە.

دۆنیابینی ئایینی لەگەڵ کێشە ئەخلاقییەکانی وەکوو، جەبر و ئێختیار پێوەندی هەیە. دیارە سەرچاوەی ئەخلاقی ئێمە لە جەبری ئەشعەرییەوە داکەوتووە. گەرچی لایەنێکی وەکوو مۆعتەزلەیشی هەیە، بەڵام جەبری ئەشعەری پەڕگیرە. لەکرداردا ئێمەکاتێک ئیشێک دەکەین سەرچاوەی ئیشەکە دەگەڕێنینەوە بۆ خودا. کاتێکە مرۆڤ چاکەیان خراپە دەکات وای بۆ دەچین خودا ڕەزای لەسەر بووە. بۆ نموونە فڵان کەس ئەو کارەی کردووە. ئەمەش ڕیشەی لە جەبردایە و مانای ئەوەیە مرۆڤ هەر کە ویستی کارێک بکات لە کاتی کارەکەدا خودا ئەو کردەیەی سا چاک بآ یان خراپ بێت بۆی دەخولقێنآ ،واتە مرۆڤ لە هەڵبژاردنەکانیدا سەربەستە تا ئەوکاتەی کە دەیەوێت ئەو کارە بکات، بەڵام لە ئەنجامی ئەو کارەدا سەربەست نییە. چونکوو جەبرێکی مێتافیزیکی کە هەمان خودایە لە پشتی کارەکەدایە و لە ڕاستی یەکتردا ئیش دەکەن. کەواتە دۆنیابینی ئێمە لە ناوەڕۆکدا ئاینییە. نموونەیەک دێنینەوە. کاتێکە A تووشی کارەساتێک دەبێتەوە دەڵێین "خودا کوشتی"، "خودا وای بەسەر هێنا"، یان بە پێچەوانەوە ئەگەر ئیشێکی چاکیش دەکات دەڵێین "خودا نایە دڵی بۆیە ئەو کارە باشەی کرد". واتە لە هەر دوو لایەنەکەوە خودا لە پشتی جەبر21 و ئێختیاردایە. گەرچی زۆربەی ئێمە لامان وایە مرۆڤ خۆی لە ئەنجام دانی کردەوەکانیدا بەرپرسیارە، بەڵام ناوەڕۆکی زەینی ئێمە بە چەمکی جەبرەوە بەندە. "بۆ نموونە لە ئەخلاقی دینیدا دەڵێین مرۆڤایەتی مرۆڤ لە ڕۆحدایە و ئەوەی ناوەڕۆکی مرۆڤایەتی پێک دێنآ ڕۆحانییە و کردەوەکانی مرۆڤ پێویستە خۆی بە بابەتێکی پتەویی وەکوو ئیمان گرێبدات." (شەریفی، 1384 : 332)

ئەم جەبرەش کاریگەریی نەرێنی لە سەر دۆنیای بینی ئێمە داناوە و مرۆڤی ئێمەی دەستەمۆ و ترسەنۆک بارهێناوە و بەداخەوە تا وەکوو ئێستا تەنیایەک ڕەهەندی بیرکردنەوەی لە کۆمەڵگادا کە هەمان زەینی دینییە باو بووە، هەر بۆیە لەوەیکە بیرێکی نوآ بێتە ناو مێشکمان سڵ دەکەینەوە و دەترسین لەوەیکە ئەوەی تا ئێستا لە زەینماندا قۆزاخەی بەستووە بە ڕۆژێک هەرەس بێنآ.

* * * *

3ـ2 لێنەپرسینەوە و نابەرپرسیاریی ئەخلاقی

هەر مرۆڤێک، یان هەر سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەگەر لەسەر ئەو ئەرکانەی کەوا لە ئەستۆیدایە خۆی بە بەرپرسیار نەزانآ، شەڕی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ساز دەکات. چەن وشە و دەربڕین لە وتەکاندا هەیە ڕۆژانە بەسەر زاردا دووپاتی دەکەینەوە و پڕن لە مەترسی و شەڕی ئەخلاقی. بۆ نموونە :  ڕستەی "بە من چی"، "با بڕوخآ"، "کآ بە کێیە"، "بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆت بکەوە"، "کەس لە کەسە"، "متمانەم بە دەسەڵات نییە"، "دادپەروەریی و ئازادیی نییە". ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانینە ئەم وتانە جۆرێک لە بآهیوایی پێوە دیارە. ئەگەر کۆمەڵگا متمانەی بە دەسەڵات نەمێنآ و خەڵک لە ژیانی ڕۆژانەیاندا لە گێرەو کێشەدا بن شەڕی کۆمەڵایەتی ساز دەبێت. ئەگەر یاسا سەروەر نەبێت بەردەوام دەسەڵات گاڵتە بە خەڵک بکات ڕۆژێک ئەمانە کۆ دەبنەوە و بونیادی دەسەڵات و کۆمەڵگا دەڕووخێنن. کەواتە ئاڵۆزیی سیاسی و دۆخی نالەباری کۆمەڵگا ڕێگە بۆ هەلپەرەستی و شەڕی ئەخلاقی ساز دەکات و مرۆڤ بەرەو نابەرپرسیاربوون هەنگاو دەنێت. هەر وەها کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد قەدەر و جەبری مێتافیزیکی مرۆڤ بەرەو ئینفعال هاندەدات و مرۆڤ خۆی لە قەرەی کێشە ئەخلاقییەکان نادات و هەر ئەمەش وای لێدەکات خوی لە بەرپرسیار بوون بدزێتەوە. ئەگەر کۆمەڵگایش لە لایەنی سیاسیەوە ئاڵۆز بێت و متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات هەرەس بێنآ. بەرپرسیاری لەناو دەچێت و متمانە نامێنێت و هەر ئەمەش "نابەر پرسیاریی" لێدەکەوێتەوە.ئالبێرت کامۆ لە کتێبی "مرۆڤی یاخی"دا دژ بە جەبری مێتافیزیک بۆ چوونێکی سەرنجڕاکێشی هەیە و ئەویش ئەمەیە کە : "ناوەرۆکی یاخی بوونی مێتافیزیکی لە ناڕەزایەتی دژ بە شەڕ و ڕەنجێکە بەهیچ شێوەیەک پاساو نادرێت و خوازیاری جۆرێک لە یەکبوون و یەکگرتنەوەیە. ئەگەر خودا نایەوێت و ناتوانآ شەڕ و ڕەنجێکە پاساویی نییە لەناو بەرێت، ئەم ئەرکە لەسەر شانی مرۆڤەکاندایە، کە واتە یاخی بوونی مێتافیزیکی ڕێگە بۆ شۆڕش دژ بە هەر چەشنە جەبرێکی مێتافیزیکی خۆش دەکات. کەواتە شەڕ دوولایەنی هەیە، ئەو کارانەی کەوا مرۆڤەکان ئەنجامی دەدەن و شەڕێکە مرۆڤەکان تووشی دەبنەوە، وەکوو ڕەنج و ئێش." (کمبر، 1385 : 43).

لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لەسەردەمی ڕۆشنگەری بدەینەوە کەوا چۆن دژ بە جەبری مێتافیزیکی جووڵانەوە لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا، مرۆڤ دژ بە جەبری ئایینی و دمارگرژی ئایینی، کەڵکی لە عەقڵی خوی وەرگرت. چونکوو ئەرک و بەرپرسیاری کەوتە سەرشانی خۆی و خۆی لە جەبری مێتافیزیکی ڕزگار کرد. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە، ئاێستا مرۆڤ لەم دۆنیایەدا بە تەواویی ڕەنج و ئازار و خۆشیەکانیشی لەگەڵ بێت ژیاوە، لەو کاتەوە چاویی بەم دونیایە هەڵهێناوە تاڵی و سوێری چێشتووە. ئایا کەسێک لە دەرەوەی ئەم دونیایە داڵدەی داوە، یان ئێش و ئازارێکی لـآ کەم کردووەتەوە، هەر وتوویانە لە دۆنیایەکی تردا بۆت قەرە بوو دەبێتەوە ئەمە تاقیکردنەوەیە!، بەڵام هیچ کام لەم بۆ چوونانە لەگەڵ عەقڵی سەلیمدا ناگونجێن. ئایین تەنیا کارێکە کردوویەتی سڕینەوەی ئاستی وشیاری و عەقڵی مرۆڤ بووە تا وەکوو ڕێگە بۆ دەسەڵاتی ئیماندار خۆش بکات. کەواتە سەردەمی ڕۆشنگەری ئەم کارەی کرد.

ئایین ← عەقڵ 

جیهانی ئیلاهی ← جیهانی مرۆڤایەتی

دەمار گرژی ← ڕەخنە

ئیمان ← هەڵسەنگاندن

تەسلیم ← بڕیار

مل دانەواندن و گیرۆدەبوون ← سەربەخۆیی و ئێختیار

خۆش ویستنی خودا ← خۆش ویستنی مرۆڤ

بیریی تیۆریکی ڕەها ← هەنگاونانی کردەکی

جەبریی کۆیی ← ئازادیی تاکەکەسی.

بابەتی بیرکردنەوەی مرۆڤ عەقڵ و کەرەسەی ئەم بیرکردنەوەیەش عەقڵە و ئامانجەکەیشی ژیانی ئەم دونیایە. (کانت، 1388 : 19).

ئەگەر فۆڕمی بیرکردنەوە نامەنتێقی بێت و پشت بە یاسا و ڕێسای عەقڵ نەبەسآ پرسیارەکان بە هەڵواسراویی دەمێننەوە. لێرەدا پێویستە پشت بەئەزموونی مۆدێڕنیتە ببەسین و لە ڕێگە میتۆدەکانی ڕەخنە لە نەریتی خۆمان بگرێن. ئەگەر فۆڕمی بیرکردنەوە پشت بە ئۆستوورە و نەریتی کۆن و هەڵنەسەنگێندراو ببەسآ، پێش گریمانە ناعەقڵانییەکان بە سەر کۆمەڵگادا بە هەڵواسراویی دەمێننەوە و بتی زەینی ساز دەکەن، کەواتە مرۆڤ لە جیاتی ئەوەیکە بە شێوەیەکی وشیارانە بابەت و کێشە کۆمەڵایەتیەکان ... لێکبداتەوە، پەنا بۆ نۆستالۆژی دەبات، نۆستالۆژیی هەستێکە، مرۆڤ بەرەو خەیاڵ و هەستی ڕابردوو دەکێشێت، هەر بۆیە فەرامۆشی دەبآ بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگا و ئیدی بوواری بیرکردنەوە بە کەساسی و لێڵی دەمێنێتەوە. ئیدی مرۆڤ هەوڵ نادات لەسەر کێشەو گرفتەکان بە شێوەیەکی عەقڵانی بیربکاتەوە، هەر بۆیە "هونەری بیرنەکردنەوە24" و بآخەیاڵی و ئەو وشانەی کەوا پێشتر باسمان کردن. وەکوو "بە من چی؟"، "بآ خەیاڵی" و ئێنفعال بەسەر کۆمەڵگادا زاڵ دەبێت. کەواتە یەک شێوە بیرکردنەوە لە کۆمەڵگا وەکوو ئەوەوایە کەس بیرنەکاتەوە، کراوەیی کۆمەڵگا لەوەدایە مرۆڤەکان بە چ شێوەیەک پەروەردە بکرێن، کۆمەڵگای کراوە ڕێگە بۆ بیرکردنەوە خۆش دەکات. ئەگەر مرۆڤ ئاستی وشیاریی بچێتە سەر، ئیدی وەهم و بتی زەینی لە مێشک‌دا قۆزاخە نابەسێت و مرۆڤ یەخسیر و کۆیلەی نەریتی کۆن نابێتەوە. "بەڵام کانت بە شێوەیەکی تر چاویی لە کێشەی شەڕیی ئەخلاقی کردووە، کانت لای وایە کاتێکە مرۆڤەکان کرداریان بەپێی ئەرک نەبآ و بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆیان لە هەر چەشنە ئەرکێک بدزنەوە تووشی شەڕێکی ڕیشەیی دەبنەوە. کانت وەبیرمان دێنێتەوە مێژوو شایەد حاڵی حەز و ئارەزویی ئەو مرۆڤانە بووە کەوا کارەساتی گەورەیان سازکردووە."(سالیوان، 1380 : 189)

کەواتە نابەرپرسیاریی ئەخلاقی دوو شێوەی هەیە :

1ـ مێتافیزیکی، کە هەمان فۆڕمی بیرکردنەوەیە.

­­­­               ­­­                                   1ـ ئاڵۆزیی سیاسی و ئابووریی

2ـ نابەرپرسیاریی کۆمەڵایەتی و

ئەویش ڕیشەی لەم خاڵانەدایە :                    2ـ پەروەردەی سەقەت و دوا کوتووانە

      3ـ نەبوونی متمانە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات و خەڵک لەناو خۆیاندا.

لە فۆڕمی بیرکردنەوەدا دوو شێوە بیرکردنەوە هەیە :

1ـ مەنتێقی و زانستیی. 2ـ ئۆستوورەیی.

دیارە مرۆڤ لە پێش دا هەڵوێستەکانی دوو فۆڕمی هەیە : 1ـ هەڵوێستی دەرونناسیانە. 2ـ هەڵوێستی مەنتێقیانە. هەڵوێستی مەنتێقیانە ئەوەیە، مرۆڤ متمانە بە بەڵگە دەکات و لە بیرکردنەوەکانیدا تووشی یاسای ناکۆکی نابێتەوەو پشت بەزانست و گریمانەی عەقڵ دەبەسێت.

بەڵام لە هەڵوێستی دەرونناسیانەدا، مرۆڤ پشت بە هەڵوێستی نامەنتێقیانە دەبەسآ. بۆ نموونە A دەڵآ من بۆیە باوەڕم بە شێخ هەیە چونکوو B وتوویەتی. لەم شێوە بیرکردنەوەدا ئیدی مەنتێقی بیرکردنەوە مانای نییە هەر بۆیە، فۆڕمی بیرکردنەوەی مەنتێقی پشت بە یاسای عەقڵ دەبەسآ، بەڵام هەڵوێستی‌دەرونناسیانە پشت بە ئۆستوورەو فۆڕمی نامەنتێقی دەبەسآ. "کەواتە مرۆڤێکە نامەنتێقی بیر دەکاتەوە تووشی یاسای تێکەڵاوکردن دەبێتە و سنوورەکانی مەنتێق دەبەزێنآ و بیرناکاتەوە." (موقن، 1378 : 202)

هەر بۆیە نابەرپرسیاریی ئەخلاقی لەگەڵ بیرنەکردنەوە و بەرژەوەندی تاکەکەسی و ئێنفعالدا خۆی دەگونجێنآ. کەواتە مێتافیزیکی ناعەقڵانی لەگەڵ جەبر و شەڕی ئەخلاقیدا کۆ دەبنەوە و هەستی نۆستالۆژیک لە ڕێگەی بیرکردنەوەی ئۆستوورەییەوە مرۆڤی ناوشیار و نابەرپرسیار دەخولقێنآ، مرۆڤێکە ناتوانآ خێر و شەڕ لێکبداتەوە و بە پێی بەرژەوەندی خۆی خێر و شەڕ هەڵدەسەنگێنآ، هەر بۆیە مرۆڤی تەریک و تاک جێگەی مرۆڤی بەرپرسیار و سەربەخۆ دەگرێتەوە.

* * * *

4ـ بەرپرسیاریی کۆیی و تاکەکەسی

ژیان لە کۆمەڵگادا ئەرک لەسەر شانی مرۆڤ ساز دەکات، واتە ژیان بەسەر بردن لەگەڵ مرۆڤەکانی تر دا هەڵگری ئەرک و بەرپرسیارییە، تەنانەت ئەگەر ژیانی سیاسی و ئاسایی لەو کۆمەڵگایەدا بە دڵمان نەبێت، لانیکەم ئەم ئەرکەمان لەسەر شانە بە ڕاشکاویی هەڵوێستێکی نەیارانە دژ بەو هەلوومەرجە دەرببڕین. پێویستە بزانین ئازادیی بەهایەکی ڕەخنەگرانەی هەیە. مرۆڤ سەرەڕای ئەوەیکە لە کۆمەڵگادا ئەرکی لەسەر شانە، بەڵام کاتێک هەست بە ئەرک و بەرپرسیاریی دەکات کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بار و گونجاو بێت، واتە سیستەمێکی سیاسی دێموکڕات و یاسا سەروەریی لەو کۆمەڵگایەدا جێگیر بوو بێت و ئەو سیستەمە ڕێگە بۆ بەشداربوونی جەماوەر خوش بکات. هانا ئارێنت سەبارەت بە بەرپرسیاریی کۆیی هەڵوێستێکی ژیرانەی هەیە و لە نووسراوەکانیدا بە چڕوپڕی باسی لەسەر کردووە. ئەو دەنووسآ : کەسێکە سەر پێچی لە کارێک دەکات، واتە کارێکە لە ئەستۆی دایە پێویستە بە ئەنجامی بگەێنێت، ئەگەر خۆی لـآ بدزێتەوە، بەرپرسیارە یان ئەگەر کارێکی نامرۆڤانە لە کۆمەڵگادا کرا بێت و ئەو مرۆڤەی تێدا بەشدار نەبووبێت، پێویست بەوە ناکات خوی بە گوناحبار یان تاوانبار بزانآ. "کەواتە ئەوکەسانەی دەڵێن ئێمە هەموومان تاوانبارین بەرپرسیاری ئەخلاقی لەخشتە بات ‌‌و چاوپۆشی لەوکەسانە دەکات کەوا تاوانێکی نائێنسانانەیان کردووە. هەر بۆیە ئارێنت دەڵآ : "لە شوێنێک دا هەموو کەس گوناحبار بن، هیچ کەس گوناحبار نییە ئارێنت پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کەوا پێویستە لەسەر خۆتان و مرۆڤەکانی تریی ناو کۆمەڵگا داوەریی بکەن." (آرنت، 1385 : 42)

هەر لێرەدایە ئارێنت بە دڵنیاییەوە باوەڕی بە بەرپرسیاریی تاکەکەسی و ئێختیاری مرۆڤ لەبوواری فەلسەفەی ئەخلاقدا هەیە. لە کۆمەڵگای بەربڵاویی جەماوەرییدا ئەگەر هەر کەسێک تووشی ئەم بآ ئەخلاقییە بێتەوە و پێمان بڵآ من تەنیا کەسێکی بەرپرس بووم و قوربانی دۆخی نالەباری ئەم سەردەمە بووم مرۆڤێکی نابەرپرسیارە.23 "کەواتە ئەو مرۆڤانەی بەهوی بەرژەوەندی تاکەکەسی و بەهوی ئەوەیکە مەعاشی مانگانەی ماڵ و منداڵیان دابین بکەن، لەگەڵ دڕندەکانی سەردەمی خۆیاندا لە کاسەێکدا نان دەخۆن، شەرافەت و مرۆڤایەتی خۆیان ژێر پآ دەنێن." (واتسن، 1385 : 34)

بەپێی ئەم وتانە هەر مرۆڤێک کاتێک کەسایەتی گەشە دەکات، هەست بەوە بکات لە کۆمەڵگا خاوەن مافە، هەر بۆیە چاوەڕێی ئەوەش دەکات ڕێز لە کەسایەتی بگرن. نەبوونی ئازادیی و دادەپەروەریی مرۆڤ لە کۆمەڵگا نامۆ دەکات. هەر بۆیە مرۆڤ بەرگی بەرپرسیاریی لەخۆی دادەماڵآ و پەنا بۆ نابەرپرسیاریی دەبات و خۆی لە بەرانبەر کەسدا بە بەرپرسیار نازانآ و بایەخ بە هیچ شتێک نادات. کاتێک تاکێک خۆی بە بەرپرسیار دەزانی، مەزندەی ئەوەش دەکات کەوا پێویستە کۆمەڵگا ڕێزی لێبگرێت. ئەگەر کەرامەتی ئینسانی لە مرۆڤێک بسڕنەوە یان ئەوەیکە لە ژیانیدا تەنیا خولیایان ئەوە بآ کە نانی شەوی دابین بێت مرۆڤێکی ژیر و بەرپرسیاری لـآ دەرنایەت. ئەوەی ئا ئێستا لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا پەرەی سەندووە دابڕانی ئازادیی لە دادپەروەریی بووە، تەنانەت سیاسەتی هەڵە وای کردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی داڵدی ئەولایەنانە بدات کەوا دژ بە پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازادن .هەر مرۆڤێک ئەگەر خۆی بە ڕەها لە هەموو شتێک لە قەڵەمدا "دۆخی نائاسایی25" ساز دەکات. ئەم بۆ چوونە دەسەڵاتی سیاسیش دەگرێتەوە. ئەو کەسەی کە فێرکراوە تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی هەنگاو هەڵبگرێت و ئەگەر ئەرکێکی قورسی لەسەر شان بێت کارەسات دەخولقێنآ. ئاستی وشیاریی کۆمەڵایەتی و هەبوونی دام و دەزگا و ڕێکخراوەی سەربەخۆ و لێپرسینەوە زۆرێک لەو نابەرپرسیاریانە دەخاتە ڕوو، کەرەسەکانی جیهانی مۆدێڕن وەکوو ڕۆژنامە، گۆڤار، جیهانی ئەنتێرنێت، پێویستی بە ئازادیی هەیە، تاوەکوو نادادپەروەریی لە کۆمەڵگادا بە بآ سڵ کردنەوە بخەنە ڕوو، کەواتە مرۆڤ هەرچەندە هەست بە بەرپرسیاری بکات ئەوەندەش ئەرکی لەسەر شانە، ئەمەش پێوەندی بە کراوەبوونی کۆمەڵگاوە هەیە. لە کۆمەڵگای داخراودا مرۆڤ خۆی لە هەموو شتێک دەدزێتەوە و تەنیا لە هەل و دەرفەت دەگەڕێت و بەس. ئیدی بەرپرسیاریی هیچ مانایەکی نابێت.

یەکێک لەو گرفتە سەرەکییانەی کە لە ناو کۆمەڵگاکانی ئێمەدا باوە، "داماڵینی بەرپرسیاریی لە خۆمانە" و هەروەها بە تاوانبار لە قەڵەمدانی کەسێکی ترە ئەویش بۆ ئەوەیە خۆمان لە بەرپرسیاربوون دەرباز بکەین. زۆر جار پێش دێت ئاڵۆزییەک ساز دەبێت، یان ئەوەیکە کەسێک تاوانێک دەکات، یان گەندەڵییەک لە شوێنێک ڕوو دەدات، بەپێی ئەو "عادەتە زەینیەی" کەوا خوومان پێوەگرتووە، بەبآ ئەوەیکە بیر بکەینەوە، ئایا خۆمان بەرپرسیارین یان نا؟ تا چەنآ کۆتایمان کردووە، دەس بەجآ کەسێکی تر بە تاوانبار دەزانین و زۆرجار بۆ ئەوەیکە خۆمان لە کێشەکە ڕزگار بکەین پاساو دێنینەوە و بۆ ئەوەی خۆمان لە قەیرانەکە دەرباز بکەین دەس دەدەینە هەرکارێکی ناڕەوا. یان ئەگەر کەسێکی باڵا دەست کارێکی ناڕەوا دەکات و لە دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی خۆی کەڵک وەردەگرێت، بێدەنگ دەبین، دیسان لە شەڕی زمانەدا بەشدارین. بآدەنگی جۆرێک لە شەڕە و هانا ئارێنت "پەڕپووتی شەڕیی26" داوەتە پاڵ. ئارێنت لە لێکدانەوەیەک لەسەر "ئایشمەن لە ئەورشەلیم" وتەیەکی بە نرخی ئەخلاقیمان بۆ ڕووندەکاتەوە، ئەویش بیرنەکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە هێزی خەیاڵە. لە ئەخلاقدا چەمکێک هەیە "ڕێسای زێڕینی27" پێدەڵێن. مەبەست لە یاسای زێڕین ئەوەیە : "ئەگەر ناتەوآ کەسێک ئازار بدە یت ئازاریی کەس مەدە" یان "ئەگەر دەتەوآ زوڵمت لـآ نەکەن، زوڵم لەکەس مەکە." بەڵام ئێمە زۆر جار لە بیرمان نامێنآ کەوا زوڵم لە کەس نەکەین. ئایشمەن کەسێک بوو تەنیا ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیدا بوو جێبەجآ دەکرد، بەڵام هیچ کات بیری لەوە نەدەکردوە کەوا ئەو کەسانەی دیانکوژیت، کەسانێکی بآتاوانن.

چونکوو لە هێزی خەیاڵی کەڵکی وەر نەدەگرت، ئەگەرچی لەلایەنی دەرونییەوە ئایشمەن مرۆڤێکی ساخ بوو و هیچ چەشنە لادانێکی نائاسایی لە کرداریدا بەدیی نەدەکرا، ‌بەپێی ئەو ئەرکەی لەسەر شانی بوو، ئیشی دەکرد. زور جار ئێمەش بەبآ ئەوەیکە بیربکەینەوە و خۆمان لە جێگەی ڕەنج و ئازاریی کەسانێکی تردا دابنێین، حاشا لە هەموو شتێک دەکەین. جار و بار هەستێکی ساویلکەی فریودەر لە خۆمان دەردەبڕین، ئەویش تەنیا بۆ منەت کردن بەشێوەیەکی نامرۆڤانە یە وکەسایەتی ئەو کەسە دەسڕینەوە.

* * * *

ئەنجامی باسەکە

لە کۆتایی باسەکەدا پێویستە ئەوەی تا ئێستا لە سەر بەرپرسیاری ئەخلاق باسمان هێناوە، کۆی بکەینەوە. بۆ دابینکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو مۆدێڕن، پێویستە مرۆڤەکان بەشێوەیەکی پێشکەوتووانە پەروەردە بکەێن. بەرەی نوآ و وشیار لە پەروەردەی وشیارەوە سەرهەڵدەدەن، پێویستە سنوورێک بۆ ئەوکەسانەی کەوا دەیانەوێت سنوورەکانی یاسا ببەزێن یان خود دەیانەوێت لە یاسا بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی کەڵک وەربگرن، دابنرێت. بەڵام یاسا ناتوانآ هەموو کەس بخاتە ژێر چاودێرییەوە. کەواتە وەکوو کانت وتەنی، هەرکەس خۆی لە جێگەی یاسا دانەر دابنێت و ئەویش ئەوەیە ،پەیڕەوی لە یاسای دەرونی کە هەمان ئەخلاقە بکات و هەروەها یاسا لە دەرەوەی کۆمەڵگا چاو لێنەکات و لی بترسآ، بەڵکوو وەکوو ئەندامێکی کۆمەڵگا پەیڕەوی لێبکات، کەواتە مرۆڤ تاوەکوو بەشێوەیەکی ژیرانە پەروەردە نەکرێت، مەحاڵە مرۆڤێکی ئەخلاقی لێدەربێت. پێویستە ئازادیی و دادپەروەریی بۆ دابینکردنی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگایەکی کراوە کەڵکی لێبگیردرێت، هیچ کۆمەڵگایەک بەبآ ڕەخنەگرتن پێش ناکەوێت، ڕەخنە زۆرجار پێویستە ڕووخێنەر بێت، تا وەکوو لە پشتی یاسا و کۆمەڵگاوە دەستێکی نەیار گەمە بە‌ژیانی مرۆڤەکان نەکات. ئەوەی زۆرگرینگە چاودێریی‌ و لێپرسینەوەیە. بەداخەوە ئێمە لێپرسینەوەمان بە سیاسەتەوە گرێداوە، دیارە هەر کەسێک لە هەر شوێنێک کە ئیش دەکات، سەرەڕای ئەوەیکە بەر پرسیارییەکی لە ئەستۆدایە، پێویستە لێپرسینەوەیشی هەبێت تا وەکوو ئاستی وشیاری مرۆڤەکان تاقی بکرێتەوە. دیارە کەسێک پزیشکە، یان مامۆستایە، یان کەسێکی سیاسیە، پێویستە چاودێرییەک لە ئارا بێت، تا وەکوو نیشانی بدات ئەوکەسانە تا چ ئاستێک لە ئیشەکانیان‌دا سەرکەوتوون، بۆ ‌نموونە پزیشکێکە سی ساڵ ئەرکی پزیشکی لەسەر شانەو تاقی ناکرێتەوە گەمە بە کۆمەڵگا دەکات، ئەبآ خەڵکی بەشێوەیەک پەروەردە بکرێن و ئاستی وشیارییان هێند لەسەرەوە بێت، پێویستیان بە پزیشک نەبێت مەگەر بۆ نەشتەرگەرییەکی قورس. ئەگەر خەڵک وشیار بێتەوە، پێویست بەوە ناکات ڕوو لە خانەی داد بکەن، یان مامۆستایەکە بە درێژایی ژیانی دوو کتێبی باشی نییە چۆن دەتوانآ بەرەیەکی ژیر و وشیار پەروەردە بکات. لە کۆمەڵگاکانی ئێمەدا، چونکوو بوواریی ئابووریی بە هەژاریی ماوەتەوە و کێشە و گرفتی ساز کردووە و ئەمەش لەگەڵ بیرنەکردنەوە و بآ فەرهەنگیدا یەکیان گرتووەتەوە و مرۆڤی کۆیلە و هەلپەرەست و نابەرپرسیاریی بار هێناوە. هەر بۆیە ئەبآ ژێرخانی ئابووریی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە  گەشە بکات. لایەنێکی تر کەوا پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە، ژینگە پارێزییەو پێویستە چاودێریی ژینگە بکرێت تا وەکوو مرۆڤەکان سروشت بۆ بەرژەوەندی خۆیان وێران نەکەن. لایەنی ڕاگەیاندنەکان بدرێتە دەستی کادرێکی ژیر و وشیار، نەک بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک بەرنامەی ساویلکە بەکار بهێنرێت. کەواتە بەرپرسیاریی وەکوو چەمکێکی گشتگرە و لە کۆمەڵگادا بناغە دادەنێت. واتە بووارێک لە کۆمەڵگادا نییە پێوەندی بە بەرپرسیارییەوە نەبێت. گەر وا بێت پێویستە ئێمە سەرەڕای هیوابڕاویی و ناهومێدی ئەوەی بۆ پێش خستن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا پێویستە ئەنجامی بدەین، گەرچی لەناو ئێش و ئازاریشدا ژیان بەسەر ببەین.

کۆتایی

پەڕاوێزەکان

1. Moral Responsibility

2ـ Moralphilosophy  : مەبەست لە چەمکی فەلسەفەی ئەخلاق ئەو باس و لێکۆڵینەوە و هەر وەها ئەو پرسیارانەیە کە فەیلەسووفەکان لەسەر ئەخلاق هێنایانەتە ئاراوە. بۆ نموونە چاکە چییە؟ دادپەروەریی چییە؟ ئەرک چییە؟ بەختەوەریی چییە؟ و ... هتد. Moral مانای ئەخلاق دەگەێنآ و Ethics زانستی ئەخلاقە.

3. Meta Ethics

4. Prescriptive

5. descriptive

6. Facts

7. values

8. Obligation

9. Reason

10. Feeling

11.  emotion

12. Conscience

13. Normative Ethics

14. Free Will

15. Moral duty

16. Duty

17. deontologist

18. Good Will

19. Kingdom of ends

20ـ لە فەلسەفەی مۆدێڕندا چەن وشە بەکار هێنراون و پێویستە لێکیان بدەینەوە : ئا) Reason، ب) Rational، ت) intelictual. وشەی یەکەم واتە "ڕیزن" مانای بەڵگە دەگەێنآ، بەڵام وشەی ڕاشناڵ مانای بەڵگە داتاشین دەگەێنآ. ڕاسیۆنالیزم Rationalize مانای عەقڵگەرایی یان عەقڵخوازیی ناگەێنآ و زیاتر مانای بەڵگەخوازیی دەگەێنآ و لە تایبەتمەندییەکانی مرۆڤی مۆدێڕنە. جیاوازیی بەڵگە Reason لەگەڵ Rationalization لەوەدایە، لە بەڵگەهێنانەوەدا مرۆڤ هیچ هەڵوێستێکی نییە. دوای ئەوەیکە بەڵگە دێنینەوە هیچ هەڵوێستێکی نییە، و دوای ئەوە بەڵگەی پڕۆسەکە تەواو دەبآ. وەکوو B ← A یەو ئیدی تەواوە. بەڵام لە بەڵگەداتاشیندا من لە یەکەم هەنگاودا A هەڵدەبژێرم  و دواتر لە مێشکم کەڵک وەردەگرم تا وەکوو ئەوەی پێویستی بە سەلماندنی B ، A بێت دابینی بکەم. واتە لە بەڵگەداتاشیندا هەڵوێستێکم هەیە و دواتر بۆ سەلماندنی هەڵوێستەکەم بەڵگە دێنمەوە، بەڵام intelictual مانای ئەوەیە تاکێک بەهۆی ویژدانی ئەخلاقی تایبەتی خۆی باوەڕی بە بنەمایەکی گشتی و جیهانی هەیە. هەر بۆیە ڕۆشنبیر کەسێکە، خاوەن ویژدانی ئەخلاقییە و مرۆڤێکی سەربەست و ئازادە "مستەفا مەلەکیان، وتاری نەرێت، مۆدێڕن، پۆست مۆدێڕن"

21ـ مەبەست لە فۆڕمی بیرکردنەوە ئەوشێوەیە لە بۆچوونەکانی ئەرنێست کاسیرەر و لوویی بڕۆڵدایە.

22. determin

23ـ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نموونەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بە سیاسەتەکانی رژیمەوە تێکەڵ دەکەن و بە زەقی دیارە دواتر پۆستی سیاسی وەر دەگرن، تووشی دووڕوویی و نائێنسانییەت دەبنەوە، لەلایەک بەشان و باڵی ڕژیمدا دەخوێنن و لەلایەکی تر خۆیان بە لایەنگری کورد و فڵان حیزب لە قەڵەمدەدەن و ئێفتخار بەوە دەکەن خۆیان یان منداڵەکانیان سەر بە حیزبی فڵانە، ئەم شێوە دوو ڕووییە تەنیا بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسییە و بۆ ئەو مرۆڤانە بتوانن لە هەر ڕژیمێکی سیاسیدا بە‌نرخی ڕۆژ نان دەربێنن. لە ڕۆمانی "هەژارەکان"ی ڤێکتۆر هۆگۆدا، نموونەی ئەم جۆرە کەسانەی لە قاڵبی بنەماڵەی "تێناردیە"دا بە جوانی باسکردووە.

24ـ چەمکی "هونەریی بیرکردنەوە" و "دین خوویی" لە وتەکانی ئارامشی دووستدار فەیلەسووفی ئێرانییە کە لە کتێبی "امتناع تفکر در فرهنگ دینی" بۆ شیکردنەوەی بیرنەکردنەوە لە کۆمەڵگای ئیسلامی و بە تایبەت ئێراندا بە کاریی هێناوە.

25ـ ئەم وشەیەم لە "ئالێن بەدیۆ" وەرگرتووە و مەبەستی ئەوە بووکەوا دەسەڵاتدار دەتوانآ یاسا ڕابگرێت و دۆخێکی سیاسی توتالیتەر بەسەر کۆمەڵگادا داسەپێنێت.

26. Banality of Evil

27. Golden rule

سەرچاوەکان :

1ـ آیزایا برلین، جان گری، ترجمه : خشایار دیهیمی، 1379 : گرح نو

2ـ آرنت، هانا، مفهوم شر، ترجمه : عزت الله فولادوند، 1385 : خوارزمی

3ـ آرنت، هانا، دیوید واتسن، ترجمه : فاگمه ولیانی، 1385، هرمس

4ـ فرانکنا، ویلیام، فلسفه اخلاق، ترجمه : هادی ێادقی، 1383 : گه

5ـ ێلیبا، جمیل، فرهنگ فلسفی، ترجمه : منوچهر ێانعی دره‌بیدی، 1361 : حکمت

6ـ کمبر، ریچارد، کامو، ترجمه : خشایار دیهیمی، 1385، گرح نو

7ـ کانت، ایمانوئیل، اشتفان کورنر، ترجمه : عزت الله فولادوند، 1380 : خوارزمی

8ـ کانت، کاپلستون، ج6، ترجمه : اسماعیل سعادت و بزرگمهر، 1385 : انتشارات علمی فرهنگی

9ـ کانت، بنیاد مابعدالگبیعه اخلاق، ترجمه : حمید عنایت و علی قیێری، 1369 : خوارزمی

10ـ کانت، دین در محدود عقل تنها، ترجمه : منوچهر ێانعی دره‌بیدی، 1385 : نقش و نگار

11ـ کانت، راجر سالیوان، ترجمه : عزت الله فولادوند، 1380 : ‌گرح نو

12ـ یوسف، اباژری، خرد جامعه‌شناسی، 1385 : گرح نو

13ـ موقن، یدالله، زبان، اندیشه و فرهنگ، 1378 : هرمس

14ـ محمدحسین، شریفی، مکاتب اخلاقی، 1384 : بوستان کتاب

15ـ مێگفی، رحیمی، اگزیستانسیالیسم و اێالت بشر، 1344، نیلوفر.

16. Rotledge Encyclopedia of philosophy، responsibility. 2005، p : 906


په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است