- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
کهنێسه و شانشین
کهنێسه و شانشین
جۆرجیۆ ئاگامبن/ وەرگێران: مەنسور تەیفوری
ناونیشان و رووی یەکێک لە دەقە هەرەکۆنەکانی نەریتی کەنیسە، نامەی کلیمان بۆ کورەنسییان، بەم وشانەوە دەست پێدەکات: "لە کەنیسەی خوداوە مەنزڵگیر لە رۆم بۆ کەنیسەی خودا نیشتەجێ لە کۆرەنس". وشەی یۆنانیی paroikousa کە من بە "مەنزڵگیر" وەرمگێڕاوە، تەعبیرە لە نیشتەجێبوونی غەریب، کۆلۆن یان بیانی، بە پێچەوانەی ماڵکردن و دانیشتوویی بخایەنی هاوڵاتیان، کە لە زمانی یۆنانیدا katoikeinی پێدەوترێت. بە نیازم ئێستە و لە ئێرەدا، ئەم فۆرموولە بۆ رووکردنە کەنیسەی خودا، نیشتەجێ یان غەریب لە پاریس، وەربگرمەوە. بەڵام بۆ چی ئەم فورموولەم هەڵبژارد؟ چونکوو بابەتی باسەکەی من مەسیحا و paroikien، ژیان لە نیشتەجێ یان مەنزلگیریدایە و، تەنانەت پێناسەی دانیشتن یان مەنزڵکردنی کەسی مەسیحییە لە جیهاندا و ئەزموونی ئەم کەسەیە بۆ زەمەنی مسیانیک یان مەسیحایی.
ئەمە زاراوەیەکی تەکنیکی یان نیمچە تەکنیکییە، چونکوو یەکەم نامەی پییەر(١٧) کاتی کەنیسە بەho chromos tes paroikias ناو دەبات، کە دەکرێ بە کاتی مەنزڵگیریی وەربگێڕدرێت، ئەگەر بیرمان بێت کە مەنزڵگیریی یان paroisse لێرەدا دیسان بە مانای "نیشتەجێییە لە تاراوگەدا".
زاراوەی "نیشتەجێیی" هیچی لە سەر ماوەی گاڤژمێرانەی ئەم نێشتەجێیە لە خۆنەگرتووە. مەنزڵگیریی کەنیسە لە سەر زەوی دەشێوەک خایاندوویەتیبە سەدە و بە هەزارە بخایەنێت، بێ ئەوەی ئەم خایاندنە هیچ لە سرووشتی تایبەتی ئەزموونی مەسیحایی کەنیسە بۆ کات بگوڕێت. دەمەوێت لێرەدا و بە پێچەوانەی بۆچوونێک کە بە زۆری لە لایەن تیۆلۆگەکانەوە دووپات دەکرێتەوە، لە سەر باسی "خەیاڵکردی" درەنگکەوتنی هەستانەوە بوەستم. بە پێی بڕوایەک، کە هەمیشە لام شێوەی کفرێکی هەبووە، کۆمەڵەی مەسیحییە یەکەمینەکان، کە گەڕانەوەی مەسیحا و کۆتایی کاتیان بە نزیک دەزانی، کاتێک تێگەییشتن کە درەنگکەوتنێک هەیە کەس کۆتاییەکەی نازانێت، هاتنە سەر ئەم رای کە کۆمەڵەی باوەڕداران دەبێ هۆگریی خۆی بگۆڕێ و خۆی وەک رێکخراوێکی دەزگایی و دادوەریی جێگیر پیشان بدات. واتە وازی لە paroikein، نیشتەجێیی لە تاراوگە هێنا و خۆی بۆ katoikein، واتە مەنزڵکردن وەک هاوڵاتی وەک کۆی دەزگاکانی دیکەی جیهان، ئامادەکرد.
ئەگەر ئەمە راست بووبێ، کەواتە مانای ئەوەش دەبوو کە کەنیسە ئەزموونی کاتی مسیانیکی کە بۆی جەهەری و دانەبڕاوە، ونکردووە. کاتی مەسیحا، وەک دەبینین، ماوەیەکی کاتژمێرانە نییە، بەڵکوو، هەرچی بێت، وەرچەرخانێکە لە چۆنیەتیی کاتی ژیاودا. لە نێو ئەم کاتەشدا، شتێکی وەک درەنگکەوتنێکی کاتژمێرانەوەک قەتارێک کە درەنگ دەکەوێتبە خەیاڵیش وێناناکرێت. رێک هەر چۆن ئەزموونی کاتی مسیانیک بە جۆرێکە مەحاڵە لە مانەوەدا ماڵ بکات، هەر بە هەمان شێوەش شتێکی وەک درەنگکەوتن ناتوانێت تێیدا رووبدات. ئەمە ئەو شتەیە پۆل بیری تسالۆنیانی دەهێنێتەوە (٢١،٥، یەک): "سەبارەت بە کات و ساتەکان پێویست ناکات بۆتان بنووسم. وەختی گەورەمان دێت وەک دزێک، بە شەودا". "دێت" لێرەدا لە دەمکاتی ئێستەدایە، رێک هەر چۆن مەسیحا لە ئینجیلەکاندا بە ho erchomenos، واتە ئەوەی کە دێت، ئەوەی لە هاتن ناوەستێتەوە، ناو دەبرێت. فەیلەسوفێکی سەدەی بیستەم، کە لە وانەکەی پۆل تێگەشتبوو، ئەم وتەی بەم جۆرە دووپاتکردەوە: "هەموو رۆژێک، هەموو ساتێک دەرکەیەکی بچووکە مەسیحا لێیەوە دێتە ژوورێ".
کەوابوو، لە سەر بونیادی ئەم کاتە، کاتی مەسیحا، بەو جۆرەی پۆل وەسفی کردووە، دەمەویست لەگەڵتان بدوێم. یەکەم بەدحاڵیبوونێک دەبێ دووری لێبکرێت تێکەڵکردن و بە یەکزانینی کاتە، پەیامی مسیانیک و پەیامی ئاخرزەمانیانە سەبارەت بە کات نابێ تێکەڵبکرێن. ئاخرزەمانی دەکەوێتە دوارۆژ ، رۆژی پەسلان و جەزاوە: ئەو ئاخرزەمان دەبینێ و باسی ئەو شتە دەکات کە دەیبینێ. بە پێچەوانەوە، ئەو کاتەی نێردراوەکە، واتە پۆل، دەیبینێ، کۆتایی کات نییە. گەر بمانەوێ جیاوازی نێوان ئاخرزەمانی و مسیانیک بە فورموولێک دەرببڕین، لام وایە دەبێ بڵێین مسیانیک کۆتایی کات نییە، بەڵکوو کاتی کۆتاییە. مسیانیک کۆتایی کات نییە، بەڵکوو پێوەندیی هەر سات، هەر ئان و وەخت(kairos)ێکە بە کۆتایی کات و بە ئەبەدییەتەوە. بەم جۆرەش ئەوەی لای پۆل گرنگە نەک رۆژی پەسڵان، واتە ئەو چرکەی تێیدا کات کۆتایی دێت، بەڵکوو ئەو کاتەیە کە خۆی چڕدەکاتەوە و دەستدەکات بە کۆتاییهاتن. ئەگەر بتانەوێت، با بڵێین ئەو کاتەی کە لە نێوان کات و کۆتایی کاتدا دەمێنێتەوە.
نەریتی جوو دوو کات یان دوو جیهانی لێکدەناسیەوە: olam hazzeh، واتە ئەو کاتەی کە لە خولقانی دنیاوە تا کۆتایی دنیا دەڕوات و، olam habba، ئەو کاتەی کە پاش کۆتایی دنیا دێت. ئەم دوو زاراوە، لە نەریتی یۆنانییاندا، لە دەستنووسە کۆنەکاندا هاتوون. بەڵام کاتی مەسیحایی، ئەو کاتەی نێردراوەکە دەیژی و تەنیا ئەوەیە سەرنجی رابکێشێت، هیچکام لەم دوو کاتە نییە، بەڵکوو ئەو کاتەیە کە لە نێوان ئەم دوو کاتەدا دەمێنێتەوە، ئەو وەختەی کات بە زەبری بڕینی روودوای مەسیحایی لەت دەبێت(کە بۆ پۆل هەستانەوەی مەسیحە).
چۆن بتوانین ئەم کاتە بۆ خۆمان بنوێنینەوە؟ وەک دیارە، ئەگەر وەک نیشان و شەقڵێک لە سەر هیڵێک، ئەندازیارانە بەرودوای پێبکەین، ئەو پێناسەیەی باسم کردئەو کاتەی دەمێنێتەوە لە نێوان هەستانەوە و کۆتایی کاتدا دەمێنێتەوە کێشە درووست ناکات. بەڵام باسەکە بە جۆرێکی دیکە دەبێت گەر هەوڵبدەی ئەم پێناسە بە پێی ئەو ئەزموونەی کات کە پێناسەکە هەڵگریەتی فام بکەیت. چونکو دیارە کە ژیان لە نێو "ئەو کاتەی دەمێنێتەوە"دا یان ژیانی "کاتی کۆتایی" چ نین جگە تەعبیر لە وەرچەرخانێکی بنچینەیی لە ئەزمووندا و هەروەها لە نواندنەوەی باوی کاتدا. ئەمە چیدی هێڵی هاوچەشن و بێکۆتای کاتی گاڤژمێرانەی دونیایی و قابیلی نواندنەوە بەڵام بەتاڵ لە هەر ئەزموونێک، یان چرکەی وەختناس و هاوکات نەزانراوی کۆتاییکەشی نییە. ئەمە هەوەها بەشێک یان بڕگەیەکی دیاریکراوی سەر هێلی کاتی کاتژمێرانەش نییە کە لە لە دوای هەستانەوەوە تاکوو کۆتایی کات بڕوات. ئەو کاتەی دەمێنێتەوە، کاتێکە لە نێوەوەی کاتی کاتژمێرانەوە پاڵەپەستۆیەتی، کاتێکە لە نێوەوەڕا کار لە سەر کات دەکات و وەریدەچەرخینێت. ئەمە کاتێکە، لە لایەکەوە، کات دایدەنێت بۆ کۆتاییهاتن و، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەو کاتەیە بۆمان دەمینیتەوە، ئەو کاتەی کە ئێمە بۆ کۆتاییهێنان بە کات پێویستمان پێیەتی، بۆ گەشتنە ئەنجام، بۆ ئازادکردنی خۆمان لەو وێنە باوەی لە کات دەیکێشینەوە. لە کاتێکدا ئەم کاتە، ئەو کاتەی لامان وایە تێیداین، داماندەبڕێت لەوەی کە هەین و دەمانگۆڕێت بۆ سەیرکەری بێدەسەڵاتی خۆمان؛ کاتی مەسیحا بە پێچەوانەوە، کاتێکی کردارییە، واتە وەخت یان کایرۆسێک کە تێیدا ئێمە بۆ یەکەمجار بە سەر کاتدا (chronos) زاڵ دەبین، ئەو کاتەیە کە ئێمە خۆمان هەین. دیارە ئەم کاتە کاتێکی دیکە نییە، کە کەوتبێتە دوورەدەستێکی نەزانراو و لە داهاتوودا رووبدات. ئەمە بە پێچەوانەوە، تاقە کاتی راستەقینەیە، تاقە کاتێکە ئێمە هەمانبێ. ئەزموونکردنی ئەم کاتەش گرێدراوی وەرچەرخانێکی بنچینەییە لە خۆمان و شێوەی ژیانماندا. ئەمە هەر ئەو شتەیە کە پۆل لە پارچەیەکەی ناوازەدا کە رەنگە جوانترین پێناسە بێت کە بۆ ژیانی مەسیحایی کردبێتی، بە دەستەوەی دەدات(1 Co 7): "پێتانی دەڵیم، براکانم، کات خۆی چڕکردوەتەوە(ho kairos synestalmenos estil کە لێرەدا systello هاوکات تەعبیریشە لە کردەی دادانەوەی بایەوان بەو جۆرەی کە حەیوانێک خۆی گرمۆڵە دەکات یان مڵاس دەدات بۆ بازدان(ئەوەی دەمێنێتەوە ئەمەیە کە ئەوانەی ژنیان هەیە بە جۆرێک بن چما نییانە و، ئەوانەی دەگرین چما ناگرین و ئەوانەی شادن چما ناشادن و ئەوانەی هەیانە چما نەدارن و، ئەوانەی دنیا بەکار دێننن چما کەڵکی لێوەرناگرن".
چەند دێڕێک پێشتر، پۆل سەبارەت بە راسپاردەی مسیانیک وتبووی: "با هەرکەس بەو شێوە بمێنێتەوە کە تێێدایە کاتێ خودا بانگی کردووە. لە کاتی بانگدا کۆیلە بوویت؟ خەمت نەبێ، کەڵکی لێوەربگرە". Hos me، "چما نە"، لێرەدا تەعبیرە لەوەی کە مانای دوایینی راسپاردەی مەسیحی هەڵوەشانەوەی هەموو راسپاردەکانە. رێک وەک کاتی مسیانیک لە ناخەوە کاتی کاتژمێرانە وەردەچەرخێنێت، بەم شێوەیەش بانگی مەسیحایی، پشت بە "چما نە"، هەڵوەشانەوەی هەموو راسپاردەیەکە، کە هەموو ئەزموون و هەلومەرجێکی کردەکیی لە نێوەوەڕا دەگۆڕێ و بەتاڵی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە سەر کەڵکێکی دیکەدا ئاوەڵایان بکات.
ئەمە خاڵیکی گرنگە، چونکوو رێگەمان پێدەدات بە درووستی بیر لە پێوەندیی نێوان شتە دوایینەکان و شتە پێشکۆتاییەکان بکەینەوە، ئەو پێوەندییەی هەلومەرجی مسیانیک پێناسە دەکات. ئاخۆ کەسێکی مەسیحی دەتوانێ تەنیا شتە دوایینەکان بژی؟ تیۆلۆگێکی گەورەی پرۆتستان، دییەتریش بۆنهۆفێر، دژی بە یەککردنی هەڵەی نێوان رادیکالیزم و رێککەوتن وەستایەوە، کە لە هەر دوو نموونەکەدا جەخت لە سەر جیاکردنەوەی تەواوەتیی واقیعە دوایینەکان و واقیعە پێشکۆتاییەکان دەکرێتەوە، واتە ئەوانەی هەلومەرجە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی ژیانی هەموو رۆژێکمان دیاری دەکەن. مادام، کاتی مەسیحایی کاتێکی دیکە نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی کاتی کاتژمێرانەیە، بە هەمان شێوەش ژیانی شتە دوایینەکان پێش هەموو شتێک ژیانی بە جۆرێکی دیکەی شتە پێشکۆتاییەکانە. دوارۆژناسیی حەقیقی لەوانەیە چ نەبێت جگە وەرچەرخانێک لە ئەزموونی شتە پێشکۆتاییەکاندا. وەک راستییە دوایینەکان پێشتر لە بڕگەی پێش کۆتاییدا روویانداوە، ئەمانەبە پێچەوانەی هەموو رادیکالیسمێکناکرێ بە ئاسانی و بێگرفت ئینکار بکرێن؛ بەڵامهەر لە بەر هەمان هۆ و دژی هەر چەشنە ئەگەرێکی رێکەوتنشتە پێشکۆتاییەکان ناتوانن دژی کۆتاییەکان بەکار بهێنرێن. لە رێگەی کرداری katargeinەوەیەکە نە بە مانای "رووخاندن"، بەڵکوو لەکارخستن یان زارەکی "لەبەرهەمخستن"ەکە پۆل تەعبیر لە پێوەندیی نێوان ئەو شتەی کۆتاییە و ئەوەی کۆتایی نییە دەکات. واقیعی کۆتایی واقیعی پێش کۆتایی هەڵدەواسێ و وەریدەچەرخێنێت، بەڵام هاوکاتیش هەر لەمدایە کە خۆی بە تەواوی دەخاتە گەڕ.
ئەمە ئەو شتەیە رێگەمان پێدەدات لە هەلومەرجی تایبەتی مەلەکووت یان پادشاهێتی لای پۆل تێبگەین. بە پێچەوانەی نواندنەوەی باوی دواڕۆژناسی، پێویستە بیرمان بێت کە کاتی مەسیحا لای ئەو ناتوانێت کاتیکی داهاتوو بێت. ئەو تەعبیرەی ئەو پێی ئەم کاتە باسدەکات بەردەوام ئەمەیە: ho nyn kairos، کاتی ئێستە. وەک لە 2 Co 6,2: idou nyn، "ئەمەتا ئێستەیە چرکەی گرتن، ئەوەتا ئێستەیە رۆژی سەرفرازی". paroikia و parousia، نیشتەجێ لە تاراوگە و ئامادەیی مەسیحا، بونیادێکی هاوبەشیان هەیە کە لە یۆنانیدا بە para تەعبیری لێکراوە: هی ئێستەیەک کە کات هەراو دەکاتەوە و، هی پێشترێک کە هاوکات هێشتا یشە، هی مۆڵەتێک کە بە جێهێشتنێک نییە بۆ دواتر، بەڵام دابڕان و جوێکردنەوەیەکە لە ناوەوەڕای هەنووکەدا، کە رێگەمان پێدەدات بە سەر کاتدا زاڵ ببین.
بە باشی دەبینین کە ئەزموونی ئەم کاتە شتێک نییە کەنیسە لە نێوان کردن و نەکردنیدا سەرپشک بێت. گەر کەنیسەیەک هەبێت تەنیا لەم کاتەدا و لە رێگەی ئەم کاتەوەیە.
چی لەم ئەزموونەی کاتی مەسیحا لە کەنیسەی ئەوڕۆکەدایە؟ ئەمە هەر ئەو پرسیارەیە من هاتووم لیرە لە کەنیسەی خودای نیشتەجێی پاریسی بپرسم. چونکو گەڕانەوە بۆ شتە دوایینەکان وەک دیارە هێند لە گوتاری کەنیسەدا ونە کە دەکرێ بێ تانە و ئایرۆنی بڵێی کە کەنیسەی رۆم درگای ژووری دوارۆژناسیی داخستووە. لە رێگەی ئایرۆنییەکی بێگومان هێشتا تاڵتریشەوەیە کە تیۆلۆگێکی فەرەنسی توانی بنووسێ: "چاوەڕێی مەلەکووتمان دەکرد، کەچی کەنیسە هاتووە". ئەمە فۆرموولێکی زەق و سەرنجراکێشە کە داواتان لیدەکەم لییڕامێنن. پاش ئەوەی لە سەر بونیادی کاتی مسیانیک گوتم، ئاشکرایە باسەکە تانەدان نییە لە رێکەوتنی کەنیسە، بە ناوی رادیکالیزمەوە. هەروەها باسەکەوەک تیۆلۆگی ئورتۆدۆکسی گەورەی سەدەی نۆزدە تیۆدۆر داستایۆڤسکیکێشانەوەی وێنەی کەنیسەی رۆم نییە لە ژێر وێنەی پشکنەری گەورەدا.
باسەکە شتێکی دیکەیە، واتە بڕستی کەنیسەیە بۆ تێگەشتن لەو شتەی کە ماتیۆ (٣١٦) ناویدەنێت نیشانەکانی کات،ta semeia ton kairon. کامانەن ئەو نیشانانەی کە کەنیسە بەرامبەر ئارەزووی بێهوودە بۆ ناسینی لایەنەکان و دەرکەوتەکانی ئاسمان دایاندەنێت؟ ئەگەر مێژوو بەراوەرد بە مەلەکووت بڕگەی پێش کۆتایی بێت، مەلەکووتوەک دیتمانپێشتر و سەرەتا لە مێژوودا روودەدات. بەم پێیە ژیان لە کاتی مەسیحادا پێویستی بە بڕستی خوێندنەوەی نیشانەکانی ئامادەییەتی لە نێو مێژوودا، گرێدراوی ناسینەوەی ئیمزای ئابووریی سەرفرازییە لە رەوتی رۆینیدا. لە روانگەی باوکانی کەنیسەداهەروەها بۆ ئەو فەیلەسووفانەی لە فەلسەفەی مێژوو راماون، کە (تەنانەت لای مارکسیش) دیسیپلینێکی دانەبڕاوی مەسیحیی بووە و واشدەمێنیتمێژوو خۆی وەک مەیدانێکی تەنگژە دەردەخست، کە دوو بەریانی دژ دەیانبڕی: رەوت و بەریانی یەکەمکە پۆل لە پارچەیەکی ناوازە و رەمزاویی دووهەمین نامە بۆ تسالۆنیاندا بە to catechon ناوی دەبات کە بە درێژایی هێڵی کاتژمێرانەی بێکوتا و هاوچەشنی کات کۆتایی جیهان دوادەخات و دەپارێزێت؛ رەوتەکەی دیکە، کە بە خستنە کێشەی سەرەتا و کۆتایی، واز لە پچڕاندن کۆتاییهێنان بە کات ناهێنێت. یەکەم جەمسەر ناو دەنێین دەوڵەت یان شەریعەت کە مەحکوومە بە ئابووری، واتە بە حکوومەتی بێکۆتایی جیهان؛ جەمسەرەکەی دووهەمیش ناودەنێین مەسیحا یان کەنیسە، کە ئابووریەکەیئابووریی سەرفرازیبە جەوهەر کۆتامەندە.
هیچ کۆمەڵێکی مرۆیی ناتوانێ بمێنیتەوە، مەگەر ئەوەی ئەم دوو جەمسەرە پیکەوە ئامادە بن، مەگەر ئەوەی تەنگژە و پێوەندییەکی دیالێکتیکی لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا بمێنێتەوە.
ئەوەی ئەوڕۆکە شکاوە، رێک هەر ئەم تەنگژەیە. شانبەشانی کشانەوەی بەرە بەرەی تێگەشتن لە ئابووریی سەرفرازی لە زەمەنی مێژووییدا لای کەنیسە، دەبینین کە ئابووری دەسەڵاتی کوێر و گاڵتەجاڕیی خۆی بە سەر کۆی لایەنەکانی ژیانی کۆمەلایەتیدا پەرەدەدات. بە هەمان شێوەش ئەو پێویستییە دوارۆژیانەی کە کەنیسە وازی لیهێناون، لە شیوەیەکی دنیایی و لاساییکراودا لە زانستە مرۆکاندا دەگەڕێتەوە، کە وەک دیارە لە ململانێی غەیببێژیدان لە سەر هەموو رەهەندەکانی کارەساتە بێبەربەستەکان. ئەو قەیران و دۆخە نائاساییە هەمیشەییەی کە حکوومەتەکانی جیهان ئەمڕۆکە رایدەگەیەنن، باش لاساییەکی گاڵتەجاڕیی دواخستنی ئەبەدیی رۆژی پەسلانە لە مێژووی کەنیسەدا. نوشوستی ئەزموونی مەسیحایی بۆ هێنانە ئاکامی یاسا و کات، یەکسانە بە ئاوسانێکی بێنموونەی ماف کە وادەنوێنی یاسا بۆ هەموو شتێک دادەنێت، کەچی هەر ئەم قانوندانە پڕاوپڕە هەموو رەواییەکی راستەقینەی لێسەندوەتەوە. لێرە و ئێستە و بە ئاگاداری لە وتەکانم دەڵێم: ئەوڕۆکە چیدی لە سەر زەویدا هیچ دەسەڵاتێکی شەرعی بوونی نییە و هێزەکانی جیهان هەموویان باش لەم ناڕەوایەتییە دڵنیان. دادوەری و ئابووریکردنەوەی بنەڕەتیی پێوەندییە مرۆییەکان، لێتێکچوونی ئەوەی دەتوانین بڕوای پێبکەین، بە ئاواتی بخوازین، لەگەڵ ئەوەی مەجبوورین بیکەین یان نەیکەین، بیڵێین یان نەیڵێین، نەک هەر تەعبیرن لە قەیرانی یاسا و دەوڵەتەکان، بەڵکوو بە تایبەت تەعبیرەن لە قەیرانی کەنیسە. چونکوو کەنیسە ناتوانێ وەک دەزگایەک لە ژیان بەردەوام بێت مەگەر ئەوەی لە پێوەندییەکی بیناوکۆدا بێت لەگەڵ کۆتایی کەنیسە. با بیریشمان نەچێت، لە تیۆلۆژیای مەسیحیدا، تەنیا یەک دامەزراوە هەیە کە کۆتایی و لە کارکەوتنی نییە: جەهەننەم. لام وایە باش دەبینین کە مۆدێلی سیاسەتی ئەوڕۆکە کە لافی ئابوورییەکی بێکۆتایی جیهان لێدەدات، سەرپاکی جەهەننەمییە. مادامیش کەنیسە پێوەندیی ریشەیی خۆی لەگەڵ paroikia بپسێنیت، چارەنووسی ونبوونە لە کاتدا.
لەبەر ئەمەشە ئەو پرسیارەی هاتووم لێرە بە بێ هیچ دڵنیایەک لە رەوایەتیەک بۆ پرسینەکەی بیپرسم و مادام ئەمە شێوەیەکی باوی خوێندنەوەی نیشانەکانی کات نییە، بۆ ئەم رستانە کورت دەبێتەوە: کەنیسە بڕیار دەدات بەختە مێژووییەکەی بقۆزێتەوە و خۆی بە بانگەوازی مسیانکیەوە گرێبداتەوە؟ چونکوو ترسەکە ئەوەیە کەنیسەش خۆی رابکێشرێتە نێو ئەو وێرانیەوە کە هەڕەشە لە هەموو حکوومەتەکان و دەزگاکانی ئەم دنیا دەکات.
ئەم دەقە وەرگێڕاوی لێدوانێکی ساڵی ٢٠٠٩ ی جۆرجۆ ئاگامبنە لە کەنیسەی نۆترۆدام لە پاریس. لێدوانەکە لە توێی زنجیرە لێدوان و توێژینەوەیەکدایە لە مانگی ژوونی ٢٠٠٨ ەوە بۆ مانگی ژوونی ٢٠٠٩ کە بە ناوی ساڵی سەن پۆل ناودێرکرابوو. لەم کارەدا چەند زانکۆیەک و کاردیناڵی فەرەنسا پێکەوە پرۆژەکەیان بەڕێوە دەبرد. ئەم لێدوانە لە تەلەفزیۆنی کاتۆلیک یش بە فایلی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە و خۆی بەشێکە لە بۆنەی یەکێک لە رۆژەکانی ئەو زنجیرە سمینارە. ناونیشانی لێدوانەکە لە سەر یووتووب لە خوارەوە دانراوە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بۆ هاوتای زۆربەی ئەو زاراوانەی پێوەندییان بە تیۆلۆژیای مەسیحییەوە هەیە، کەڵکم لە ئینجیلی کوردی وەرگرتووە کە کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کتێبی پیرۆز چاپی کردووە و وەرگێڕانێکی ناوازەیە، ئەگەرچی هێشتا جێگەی شرۆڤەی زاراوەکانی تیۆلۆژیای نەریتی جوومەسیحی و وەرگێڕانی بەشەکانی دیکەی کتێبی پیرۆز کە بەڵێنی کۆنیش یانی تەورات لەخۆبگرێت گەلێک بەتاڵە و هەر ئەمەش توانای منی بۆ دۆزینەوەی هاوتای ورد و درووستتر لەم وەرگێڕانەدا کەمتر کردۆتەوە. و. ک.
په یوه ندی