Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

جیاوازی نێوان سوژەی بریکار و خراپ لە لای ئاڵتووسر


 جیاوازی نێوان سوژەی بریکار و خراپ لە لای ئاڵتووسر

وەفا رەحیمی

لەگەڵ سەرهەڵدانی فەلسەفەی نوێ کە بە دیکارتەوە دەستی پێ کرد، چەمکی سووژه لە ئەندیشەدا هاتە ئاراوە و ئەمەش بەو مانایە بوو کە مرۆڤ دەتوانێت بە سەر سروشت دا زاڵ بێت و لە سیاسەتیشدا بەم مانایە هاتە ئاراوە کە مرۆڤ خۆی بڕیاڕ دەرە و خاوەنی چارەنووسی خۆیەتی. بەڵام لایەنێکی دیکەی فەلسەفەی نوێ کە بۆ هێگل دەگەرێتەوە دژبەری ئەم بیرۆکەیە و هەروەها پێداگری لەسەر کاریگەری تەواوی  پێکهاتەکان دەکات و هەروەها بیرۆکەی شوناس کە خۆی دەتوانێت خاوەندارێتی زەینو کردەوەکانی بێت، بە شتێکی وەهمی دادەنێن. بنەما خوازەکانیش هەر لەسەر ئەم بروایەن کە سووژه بێ دەسەڵاتە و بنەماکانن  کە بە تەواوەتی پێکهێنەری سووژەن. ( والكرو گره‌ ی،2005،214)

ئاڵتووسر لەسەر ئەو بروایە بوو کە هەم دەسەڵاتی سەرمایەداری هاوچەرخ و هەم دەسەڵاتی دژی سەرمایەداری بنەمایەکی لێکتەنراویان هەیە کە لە رێی ئایدیۆلۆژیەوە بۆ هێشتنەوە و درێژەپێدانی سەروەریەتی خۆیان بەسەر چینە بێ دەسەڵاتەکاندا کار دەکەن. ئالتووسر بە گشتی مارکسیزم وەکوو زانست دەبینێت بەرهەمەکانی دەچێتە خانەی سوننەتی مارکسیزمی بنەماخوازانەوە. ئاڵتووسر دترمنیزمی ئابووری مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس و مارکسیزمی ئۆمانیستی رەت دەکاتەوە. (ئاڵتووسر،1969،231). بۆ ئاڵتووسر مێژوو پرۆسەیەکی بێ سووژەیە و مرۆڤەکان بکەری پروسە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان نین بەڵکوو بریکار و پاڵپشتن. (ێیلیوت،2006،164).  هەروەها ئاڵتووسر بەرنگاری چەمکی ئایدیالۆژی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس ده بێتەوه کە لایان وابوو ئایدیالۆژی وشیاریێکی درۆیینەیە . بۆ ئاڵتووسر "ئایدیالۆژی پەیوەندیێکی خەیاڵاوی تاکەکانە لەگەڵ بارودۆخی واقێعدا"( ئاڵتووسر،1971،109). هێزی پەتی و دیاری دەوڵەت لە رێگای توندوتیژیەوە  کار دەکات  بەڵام  هێزی هێور و ئایدیالۆژیکی دەوڵەت لە رێگەی ئایدیالۆژیەوە کار دەکات. (ئاڵتووسر،1971،145)

تیۆری ئایدیالۆژی ئاڵتووسر زمانێک بۆ شرۆڤەی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی- سیاسی لە هەمووجێگایەک ئامادە و سه رانسه ربينى ئایدیالۆژی بە دەستەوە دەدات. ئەم چوارچێوەیە زۆرتر مکانیزمی سیستەماتیکی هێزی کولتووری و بەردەوامی ئایدیالۆژی هێژمۆنیکی دەخاتە بەردەست. تیۆری کولتووری ئاڵتووسر، بنەما و رۆڵی ئایدیالۆژی شرۆڤە دەکات لەڕاستیدا تێزی ئاڵتووسر لە رێگەی ناسینی چەمکی هێژمۆنی گرامشیەوە کار دەکات. بە رەچەڵەک هێژمۆنی بۆ ئەو شێوەکارە دەگەرێتەوە کە نەتەوەیەک چۆن دەتوانێت هێزی ئایدیالۆژیکی  و کۆمەڵایەتی خۆی بە سەر نەتەوەیەکی دیکەدا بسەپێنێت.(فیسکە،1998 ،310)

ئەمرۆکە لە تیۆری کۆلتووریدا ، ئەم چەمکە دینامیکێک وەسف دەکات کە لەو رێگایەوە چینی باڵا دەست رەزامەندی دڵخوازانەی چینی بندەست بە دەست دێنێت. رەزامەندی شتێکی ستاتیک نیە، بەڵکوودەبێ بەردەوام لەئارادا بێت.( فیسکە،1998،310) چوونکوو تاکە بوێرەکان لەوانەیە نەک بە ئایدیالۆژیە هێژمۆنیکەکانەوە بەڵکوو بە ئایدیالۆژیە ئالتەرناتیڤ و دژبەرەکانەوە پشت ببەستن و راپەڕن. ئاڵتووسر ئایدیالۆژی وەکوو پەیوەندیەکی وەهمی لەگەڵ پەیوەندیە راستەقینەکاندا پێناسە دەکات.  لای ئاڵتووسر ئایدیاگەڵی نواندنەوە کە ئایدیالۆژی درووست دەکەن ئایدیاڵ و مینۆکی نین ، بەڵکوو ماتڕیاڵن (ئاڵتووسر،1998،296) کە خۆی لە دوو لایەن پێک هاتوە؛ یەکەم ئەو نواندنەوانەی کە ئایدیالۆژی بەرهەم دێنن و لەسەر جیهانی ماددی دادەمەزرن، وەها نواندنێک  لە نێو ئەو تاکانەدا بوونیان هەیە کە بە ئایدیالۆژی  تایبەت، ئایدیاگەلی بەکۆمەڵ و سیستەمی بیر و باوەڕییان پشت دەبەستن. دووهەم؛ ئەو ئایدیالۆژیانەن کە لە نێو دامودەزگاکان و کردەوکانیاندا بوونی هەیە هاوکات لەگەڵ هەبوونێکی ماددیدا، ئالتووسر  بەم بۆنەوە ئاماژه بە وتەیەکی پاسکاڵ دەکات کە وتوویەتی " چۆک دادە و لێوەکانت بجووڵێنە وەک ئەوەی دۆعا بکەی، ئیمان دێنی."

ئالتوسر ئاماژە بە دوو شێوەکاری سەرەکی دەدات کە دەسەڵاتداران بۆ گەرانتی کردن و درێژەدان بە دەسەڵاتیان بە کاری دێنن و خەڵکی گوێ ڕایەڵ و بێ ورە لە نێو سیستەمی دەوڵەتدا باردێنێ کە بە پێی یاساکانی دەوڵەت هەڵسوکەوت بکەن و لەگەل ئەو یاسایانە خۆیان هاوتەریب بکەن، ئەگەر چی ئەو یاسایانە لە بەرژەوەندی پێگەی چینایەتیشی دا نەبێت. یەکەم شێوەکار یان مکانیزم ئەوەیە کە ئاڵتوسر ناوی "دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت"ی لێدەنێت و دەتوانێت هەڵسوکەوتی خەڵکی کۆنترۆڵ بکات وبە سەر خەڵکا دایسەپێنێ بریتین لە حکومەت، بەرێوبەرایەتیەکانی حکومەت، سوپای دەوڵەت، پۆلیس، دادگاکان و بەندیخانەکان(ئاڵتووسر،1998،300).

دووهەمین شێوەکار "دامودەزگا ئایدیالۆژیکەکانە" کە ئایدیالۆژی گەلێک بەرهەم دێنێ کەئێمە وەک تاکەکان یان گرووپەکان دواتر یەکجێ دەیانکەینە مێشکمانەوە و هاوتەریبی ئامانجی ئەو ئایدیالۆژیانە کار دەکەین و رۆڵ دەگێرین. ئەم دامودەزگا ئایدیالۆژیانە بریتین دامودەزگای قوتابخانەکانی وانە وتنەوە، بنکە ئاینییەکان، بنەماڵە، سیستمە یاسایی و شەرعیەکان، رامیاری، راگەیاندن و پێوەندیەکان، دامودەزگا کولتووری، رێکخراوە بازرگانیەکان،هونەر و ئەدەبیات و هتد.

میتۆدی کارکردنی دامودەزگا سەرکوتکەر و ئایدیالۆژیکەکانی دەوڵەت بەو جۆرەیە کە وا دەکات تەواوی تاکەکان بۆ درێژە پێدان و گەرەنتی هێزی خۆی لە مانگان و ساڵانی داهاتوودا دووبارە وەک سووژه گەلێکی هێمن و دەستەمۆ و گوێڕایەڵ و بە کەڵک بەرهەمیان بهێنێتەوە. پرۆسەی سووژه پێکهێنان بۆ پاراستن و درێژەدان بە سەروەریەتی دەسەڵات لە تەواوی دەسەڵاتە راست و چەپەکاندا (ئاڵتووسر، 220،1998) لە ئارادایە و ئاڵتووسر دەڵێت کە بۆ هەر مێرمنداڵێک ئەوە روونە کە گەر سیستەمێک هاوکات لەگەڵ بەرهەم هێنان، شێوەو و بارودۆخی بەرهەمهێنان، بەرهەم نەهێنێتەوە ئەو سیستەمە یەک ساڵ زیاتر درێژەی نابێت. کە وایە هەر سیستەمێک پێویستی بە دووبارە بەرهەم هێنانی هێزی کار و پەیوەندیەکانی بەرهەم هێنان دەبێت. دامودەزگا ئایدیالۆژیکەکانی دەوڵەت لە بنەماڵە و میدیا گشتیەکانەو بگرە تاوەکوو فێرکاری و پەروەردە و ئایین و ئایدیالۆژی سیاسی و هتد، لەم ئامانجە یەکەدا هاوتەریبن.

ئایدیالۆژی هەم لە لایەن سووژەکان وهەم لە لایەن دامودەزگا ئایدیالۆژیکەکانی دەوڵەتەوە کە پرۆسەیەکی دینامیک و حەتمیە درێژی پێ دەدرێت. بە واتایەکی دیکە ئایدیالۆژی ئەو زەنجیرە ستاتیکەی ئایدیاکان نیە کە لە لایەن چینە باڵا دەستەکانەوە بە سەر ژێردەستاندا سەپێندرا بێت بەڵکوو پروسەیەکی دینامیکە کە پەیتا پیتا لە کردەوەکاندا بەرهەم دێتەوە درووست دەکرێت. کە  ئەم پرۆسەیە لای ئاڵتووسر بە چەمکی هەڵپێچانەوە (ئاڵتووسر،1998،299 ) یان بانگهێشت ناوزەد کراوە.

بانگهێشتی ئایدیالۆژیک ئەو پرۆسەی سووژه پێکهێنانە کە ئایدیالۆژی باڵا دەست جێگە و پێگەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگای پێ دیاری دەکات. (رڤكین و رایان،2004،308). ئاڵتووسردەڵێت وەکوو چۆن پۆلیسێک یا هەرکەسێکی دیکە کە تاکێک لە شەقام بە ناو بانگ دەکەن و دەڵێن "هەی تۆ..لەوێ" وەکوو کەسێکی سەربەخۆ (سووژه) وەکوو"من" ێک پێناسەیێکی سەربەخۆی هەیە ، ئایدیالۆژیش تاکەکان بانگهێشت دەکات. ئایدیالۆژی وادەکات کە تاک خۆی بە سووژەیەکی سەربەخۆ و سەربەست بزانێت بەڵام راستیەکەی ئەوەیە کە ئەو تاکە بەوهەڵچەرخانەوە مۆرکی ژێر دەستی خۆی بۆ ئایدیالۆژی باڵا دەست واژۆ دەکات. (ئاڵتووسر،1998،301)

سەرمایەداری تەنیا لە قۆناغی ئابووری و چینایەتی و بنەماکاندا کارەکانی خۆی بەرەو پێش نابات  بەڵکوو بە بارهێنان و درووست کردنی سووژە گەلێک کە دەبنە ئامراز و بریکار سەردەکەوێت. ئایدیالۆژی پێویستی بە "بەسووژه کردن" هەیە و بە گشتی بە کەڵک وەرگرتن لە پرۆسەی هەڵپێچانەوە تاکەکان دەکاتە سووژەی خۆی.

پرۆسەی بانگهێشتی ئایدیالۆژیک یان پرۆسەی سووژه پێکهێنان بەو بانگهێشتەوە دەست پێدەکات کە تاکەکان لە ناو فۆرمێکی ئایدیالۆژیکدا بەشدار بکرێن (ئاڵتووسر،1998،302). بانگهێشت لە هەموو کات و قووژبنەکاندا بوونی هەیە و ئەم بانگهێشتە تێدەکۆشێت تاکەکانی تر مل بدەنە  فۆرمێکی ئایدیالۆژیک. لە رێگەی بانگهێشتەەوە، ئایدیالۆژی بەوجۆرە کاردەکات کە لە نێوان تاکەکاندا سووژه گەلێکی تایبەت بە کاردێنێت و هەڵیان دەبژێرێت. هەر کە تاکەکان لە دایک دەبن دەکەونە نێو ئایدیالۆژیەوە ، بەڵام بانگهێشت کردن سووژە تایبەتەکان دەخاتە خزمەتی خۆیەوە. ئازادی تاکەکان تەنیا لە هەڵبژاردنی ئازادانەی  چوارچێوەی گوێڕایەڵی خۆیاندایە و بەس.(ئاڵتووسر،1998،196). لە ئاکامدا تاکەکان بە وەرگرتنی ئەو پێناسە درۆیینەی دەسەڵات دەچنە سەر ئەو باوەرەی کە سووژەیەکی راستەقینە و مرۆڤێکی سەربەستن، ئەوان ناوشیارانە ئەرکە تەرخان کراوەکان بە خواستی خۆیان لە ناو ئەو دەزگایانەدا دەبەنە پێشەوە.

"ئەوان بە ویستی خۆیان فرێدەدرێنە جەرگەی ئەو کردەوانەوە کە لە لایەن بۆنە رێکخراوەییەکانی دامودەزگاکانەوە چاودێری دەکرێن. ئەوان  دۆخی  هەنووکەییان بە باشترین و دڵخوازترین دۆخ و بەستێن دەزانن کە تەواو راستە و بێجگە لەو دۆخە راستییەکی دیکە لە ئارادا نیە. کەوایە دەبێت مل کەچی خوا، ژنڕاڵ دووگل،شێخ، خاوەنکار و هتد بن." (ئاڵتووسر،1976،99).

لە رێگەی کەرەستەیەکی چەمکیەوە، تاک ئەو ئیمانە بە خۆی دێنێت کە سووژەیەکی خاوەن وشیاريیە و خاوەنی بیر و بروا و ئایدیا گەلێکە کە بروای پێیەتی و ئازادانە پێکی هێناوون و بە چاکی دەزانێت(ئاڵتووسر،1998،297 ). تاکەکان لەو باوەڕەدان کە بیر و بڕواکانیان دەبێت بخرێتە نێو کردەوەکانیانەوە یان ئەوەی کە لە نێو کردەوەکانیان دا رەنگ بداتەوە، کردەوە گەلێک کە لە لایەن داب و نەریت و بۆنە رێکخراوەییەکانی دامودەزگا ئایدیالۆژیکەکانی دەوڵەتەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. تاکەکان بە گوێڕایەڵی خۆیان نازانن و لەسەر ئەوە بروایەن کە خۆیان ئازادانە باوەرەکانی خۆیان پێک دێنن و بە باشی دە یناسن و لە کردەوە نەریتیەکان و بۆنە رێکخراوەییەکان دا بۆ ئەوەی کە بە پێی برواکانیان هەنگاو بنێن، بەشداری دەکەن. (ئاڵتووسر،1998،302 ).

دوایین خاڵێک کە ئاڵتووسر لە پێوەندی لەگەڵ بانگهێشت دا رەچاوی دەکات بە تەواوەتی سەر دانەواندنی سووژەی مل کەچ و بە سووژە کراوە لە هەمبەر ئایدیالۆژیک گەلی چینی دەسەڵاتدار و هەر وەها واژۆکردنی بەڵگەی کۆیلەتی لاڵی لە کۆمەڵگا سەرمایەداريیەکان دا، کە تاک قەدەری خۆی لە ئامێز دەگرێت و تەواو لایەنەکانی ژیان بە سرووشتی دەبینێت و هێور هێور دەبێتە بریکار و پاڵپشت و بەشێک لە سیستەم.

ئاڵتووسر لە دوایین ساڵەکانی دەیەى شەستدا پێناسەیەکی نوێی لە جێگا و پێگەی تاک یان سووژەکان لە ژێر دەسەڵاتی سیستەمی سەرمایەداریدا ئاراستەکرد. ئامانجی ئاڵتووسر ئەوە بوو کە چلۆن بنەمای کۆمەڵگای سەرمایەداری بە کەڵک وەرگرتن لە تەواوی دامودەزگا دەوڵەتیەکان، خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە و درێژەی پێ دەدات. کە چلۆن ئەم دامودەزگا سەرکوتگەر و ئایدیالۆژیکانەی دەوڵەت وا دەکات کە نەوەکانی داهاتوو ببنە ئه و کرێکار و مشەخۆر و گوێڕایەڵانەی کە سیستەمی سەرمایەداری پێویستی پێیانە. وه ڵامەکان بۆ ئەم پرسیارانە لە نێو ئەو دەزگایانەن کە بایەخەکان و ماناکان و عەقڵانیەتی سیستەمی سەرمایەداری دووبارە بەرهەم دێننەوە. لای ئالتووسر مێژوو پرۆسەیێکی بێ سووژەیە . مرۆڤەکان بکەر و سەنتەری پرۆسە مێژوویى و کۆمەڵایەتیەکان نین بەڵکووئەوان تەنیا پاڵپشتی ئەو پرۆسانەن. تەنیا ئامراز و بریکار و پاڵپشتی  دامودەزگاکانی چینی باڵادەستن. ئەم دەزگایانە بەردەوام لە نێو تاکەکاندا بروا بە قەزا و قەدەر و گوێڕایەڵی بەهێز دەکەنەوه و وادەکەن ئەم تاکانە بۆ سەرمایەداری بەکەڵک بن و رەزامەند بن بە نەزمی باڵا دەست.

ئاڵتووسر بە دوای شرۆڤە کردنی چڕ و پڕی هەڵسووکەوت و زەینیەت و قەدەری تاک لە ژێر سیستەمی زلهێزی کاپیتالیزمدا باسێکی دیکە بە کورتی دەخاتە بەر راڤە و لێکۆڵینەوە کە چەمکی سوژەی "خراپ"ە. ئاڵتووسر ئەو تاکانەی نێو کۆمەڵگا کە بە تەواوی دەست و پێوەندیە پێکهێنراوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئایدیالۆژیکەکانی هێزی باڵادەست قەبووڵ ناکەن و" نا"ی پێ دەڵێن، وەک رەخنەگرانی رادیکاڵ کە دژبەری تەواو لایەنەکانی دەسەڵات رادەوەستن و مل کەچ و دەستەمۆ نابن بە سووژه گەلێکی نارازی ناویان دەبات کە دامودەزگا ئایدیالۆژیک و سەرکوتکەرەکانی هێزی باڵا دەست نەیان توانیوە بانگهێشتی ئایدیالۆژی خۆیانی بکات و پەلکێشی نێو پانتایی دستو پێوەندیەکانی هاوتەریبی سەرمایەدارانەی دەسەڵاتی خۆى بکات و زەینیەتی درۆیینەی پێناس و شوناسێکی دەستکرد و چەواشە لە دەروونی ئەواندا وەک تاک و سووژە باشەکان (سوو ژەی باش لە روانگەی دەوڵەتەوە) پێک بهێنێت.

هەمیشە سووژەکان دەوروبەریان بە ئایدیالۆژی تەنراوە و ئایدیالۆژی ئامادەیە هەڵیانپێچێنێت و بیانکات بە سووژەیەکی بەسووژەکراو. بەڵام تەنیا لەرێگای خوێندنەوەیەکی زانستی رەخنەگرانەوەیە کە تاکەکان ئەو دەرفەتایان بۆ دەڕەخسێت  کە لە ژێر کاریگەری میکانیزمی ئایدیالۆژی دەرباز ببن. هەروەها ئەو خوێندنەوە چڕوپڕە رێگە دەدات کە میکانیزم و دەست و پێوەندیەکانی ئایدیالۆژی پشت گوێ بخرێن و ئەو هێزەی ئایدیالۆژی وەک کەرەستەیەک بخرێنە خزمەت ئامانج و ئاڵترناتیڤی سووژە خراپەکانەوە.

ئەگەرچی هێزی ئایدیالۆژیکی وەکووبانگهێشت و هەڵپێچانەوە بە کار دێت بەڵام بەتەواوی بە شێوەیەک نیە کە نەتواندرێت هیچ چەشنە بەرخۆدانێک نەیێتە ئاراوە. سووژەی خراپ (دژبەر بە دەسەڵاتی باڵا دەست) لە بارودۆخی ئەورۆکەی دوونیای سەرمایەداری دا بە تەنێ قارەمانیەتی بۆ جێبەجێ ناکرێت و دالە دژبەرەکانی کە نەتەنیا تایبەتمەندی نەرێنیان هەیە بەڵکوولە گرێدراوی بە دالەکانی هاوچەشنی خۆی نەبێت و ئالترناتیوی هەموانخواز لە نێو هێز و دڵی خەڵک دا نەچێنێت و ئەو دژ به ره‌ وەک سووژەی بە کۆمەڵی سیاسی کە لە ئەندامانی چینە جیاوازەکان پێک نەهێندرابێت لەوانەیە بە ئامانج نەگات. ئەو بۆشایی ئیۆریک و پراکسیسە تەلیسم کراوەی کە لە نەبوونی خەڵک دا رێگای بۆ سەروەریەتی هێزی باڵا دەست بەرهەم هێناوە، بە بوون و گەرانەوەی خەڵک، دژبەری بەرهەم دەهێنریتەوە و بە بەرهەم هێنانەوەی چەمک گەلێکی نوێی بە تەواوەتی مرۆڤ خوازانەی دژه سەرمایەداری ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتوە و تەواوی تاکەکانی بەرەی خەڵکی بندەست ببێتە قەوارەیەک لە سووژەی سیاسی رادیکاڵ و لەگەڵ رێکخستنی هێزی خەڵک ببنە هاندەر و بەدی هێنەری ئەو چەشنە دەسکەوتانەی خۆیان لە شوێنەکانی دیکەدا. لە روانگەی ئاڵتووسرەوە سووژەی خراپ ئەوانەن کە "هەندێ جار وادەکەن کە دەسەڵات ناچار ببێت یەکێک لە فەوج و یەکەکانی دامودەزگای سەرکوتکەر بباتە  نێو شەقام"(ئاڵتووسر،1998، 304 )  و کۆڵان و ماڵە کانەوە.

زۆربەی سووژەکان لەوانەیە بە ئایدیالۆژی باڵادەستەوە خۆیان گرێ بدەن و پشتی پێ ببەستن بەڵام سووژه گەلێک هەن کە دژ بە ئایدیالۆژی باڵادەست دەوەستن و خۆڕاگری دەکەن گەرچی  لە لایەن دەسەڵات و هێزی باڵادەستیشەوە تووشی دەرئەنجامێکی خراپ ببن. ئاڵتووسر دەڵێت کە "لە روانگەی دەسەڵاتەوە سووژەکان یان باشن یان خراپ"(ئاڵتووسر،1998،303 ). سووژه خراپەکان بە گرتنی هەڵوێست و ئایدیالۆژیەکی دژبەر و ئاڵتەرناتیڤ بەرهەڵستی گوتاری هێزی باڵا دەست دەبن. ئەم سووژه خراپانە لە لایەن دەسەڵاتەوە یان تەری دەخرێنەوە و دەخرێنە بەر هوروژمی گاڵتەی کۆمەڵگا و جێگا و بەرژەوەندی کۆمەڵایەتیان لێ دادەماڵرێت و سووکایەتیشیان پێ دەکرێت و ئیرادەشیان دەخەسێندرێت و یان  لە لایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەوە توشی ئازاری رۆحی و جەستەیی و بگرە بەرەوڕووی کوژرانیش ببنەوە.

چاولێکردن و راڤەکردنی بارودۆخی هەنووکەیی لە پەراوێز و  بورگی عاجەوە هیچ ئاکامێکی نابێت. تەنیا بە "نا" وتن بە گوتاری زاڵ و باڵا دەست سووژه کان ناتوانن بە سانایی داهاتوویەکی دیار و دژەگوتاری بارودۆخ بخولقێنن  و بەڵکوو پراتیکی لۆژیکی ئەو سووژانە دەبێت بە تەواوی  بەرەنگاری چەمک گەلێک  ببنەوە کە دەسەڵاتی باڵادەست وەکوو بێدەنگی، تاکخوازی، مشەخۆری، ئایدیالیزمی پەسیڤ ، مەزهەبی رێکخراوەیی، هەژاری و بێ عەداڵەتی خولقاندوونی و بە خولقاندنەوەیان درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات. سووژەی بەد دەبێت بە تێگەیشتن لە بارودۆخی هەنووکەیی، زەینیەت و پراکسیسی خۆی بگرێتە دەست و خۆ بڕیار دەربێت. لای فۆکۆ دەسەڵات ئەو شتە نیە کە نەتواندرێت بە سەریدا زاڵ بیت بەڵکوو دەبێت خاڵە لاوازەکانی بناسرێت و رێگا چارە بۆ  تێکهەڵچوونی نیشان بدرێت. ئەم بەرەنگاربوونەوە لە هەموو قوژبنێک و هەموو کاتێکدا دژ بە دامودەزگا سەرکوتکەر و ئایدیالۆژیکەکانەوە دەست پێ دەکات و لەگەڵ بەرەنگار بوونەوەکانی سووژەکانی دیکە دا دەبێت گرێ بدرێت.

لە دونیای سیاسەتدا کە لێوانلێوە لە کردەوە چاوەروان نەکراوەکانو هەروەها مێژووش کە سەرچاوەگەلێکی بە نرخ و پڕ لە ئەزموونی تێدایە بەردەوام  سووژه  وەکوو هێزێکی لێکنەترازاوی ژیان سەرهەڵدەدات و سووژەکان لە ژێر بارودۆخی تایبەت دا سەرهەڵدێنن. بۆ هەڵوێست گرتن، ناسینی گوتاری دەسەڵات بە تەنیایی مەرج نیە، بەڵکوو گوتارە دژە دەسەڵاتەکانیش وەک رەتکردنەوە، خۆراگری و ئایدیاگەلی ئاڵترناتیڤ کە بە شێوەیەکی نوێ وروژێنەری پرسیار و وڵام دانەوەن  بە تایبەت لە بەستێنە تاکەکەسی/گشتیەکاندا ، ژیانی رۆژانە/ سیاسی ، حەز و دەسەڵاتدا  پێویستن.

 سوژەی سیسی مۆدێرن لە کەلێنی نێوان ژیان و سیاسەتدایە، سووژە خراپەکان درێژەدەری هەرگیز دانەڕماوی بەستێنی ژیانی سیاسین، پاشماوەیە کە خوازیاری خۆچارەنووسی و سەربەخۆیین. بە گەڕانەوە بۆ رووداوە مێژووییەکان دەردەکەوێت ئەو سووژانەی  کە سووژه خراپەکانی ئەوکاتی ناو کۆمەڵگاکانی خۆیان  بۆ بەدیهێنانی خەونی خۆیان و بەرنگار بوونەوەیان لە هەمبەر دەسەڵاتی سەرکوتکەری بوون، هەر یەکە لە کۆمەڵگاکانیان ئەم زنجیرە کردەوانەیان رەچاو کردوە کە بریتین لە  ورووژاندن، رێکخستن، دەنگدان و دەنگ نەدان، ملنەدان و نافەرمانی مەدەنی، دانوستان، رێکخستنی خەڵکی، هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە، بەشداریکردن وبەشداری نەکردن، خۆپیشاندان، ماڵیات نەدان، نوسین و بڵاوکردنەوە، وێناکردنی داهاتوو، هاوتەریب کردنی وێنای سیاسی داهاتوو لەگەل لایەنەکانی دیکەی ژیان، دەرخستن و زەق کردنەوەی دۆست و دووژمن، خۆبەخشی، سوور بوون لەسەر رێچکە و خۆتەیارکردن بۆ هەرچەشنە رووداوێک. هەر وەها سڕینەوەی ئەو چەمکانەی کە دەسەڵات لای وابووە لە سووژەکاندا جێگیری کردوە، هەروه ها ئەو سووژه خراپانە سیاسەتیان بە شەڕێکی بەردەوام و رۆژانە لەگەڵ دەسەڵات بە ئەژمار هێناوە و بۆ بەرەنگار بوونەوە روویان کردوەتە ئامرازی پێویست کە یەک لەو ئامرازانە راهێنانی سیاسی بوە، و لە شوێن و ڕێگا و کاتی خۆیدا کە بروایان بە سووژەی بە کۆمەڵ بوە لەسەر کردەوەی بە کۆمەڵ جەختیان کردوەتەوە. هەروه‌ها رێکخستنی ئیرادەی سیاسی خەڵک، ویست و پێداگری لەسەر سەندنەوەی ماف و سەربەستی گشتی ،توورەتر بوون لە رێژەی توورەیی دەزگای ترس چێنەر و نەهێشتنەوەی پەسیڤی و گوێرایەڵی خەڵکی، و گەرانەوەی خاوەنداریەتی چارەنووس و ئیرادەی داماڵڕاو بۆ خودی خەڵک. 

Fiske, J. "Culture, ideology and interpellation." Eds. J. Rivkin & M. Ryan. Literary theory: An anthology. Malden: Blackwell Publishers, 1998. pp. 305-311.

Benton, T. The rise and fall of structural Marxism: Althusser and his influence. London: Macmillan, 1984.

---. Lenin and philosophy. New York: Monthly Review, 1969.

---. For Marx. New York: Pantheon, 1965.

---. Reading Capital. London: NLB, 1970.

Walker David and Daniel Gray. Historical Dictionary of Marxism. Scarecrow Press, 2007. 

Revkin, Julie and Ryan, Michael. Literary Theory: An Anthology. Malden: Blackwell, 2004.

Payne, Michael. Reading Knowledge: An Introduction to Barthes, Foucault, and Althusser,

       London: Routledge, 1997.

Ferreter, Luke. Louis Althusser. London: Routledge, 2006.


په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است