- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
فاشیزم و مۆدیرنیتی: ڕاپەڕین لە دژی ڕاپەڕین
فاشیزم و مۆدیرنیتی: ڕاپەڕین لە دژی ڕاپەڕین
مارک نیئۆکلیوس / وەرگێڕان : فەرهاد بێهشتی
جەنگی هەمیشەیی و لەناوچوونی عەقڵ
گۆبێڵز دەربارەی داگیرکردنی دەسەڵات لەلایەن نازییەکانەوە لەساڵی ١٩٣٣ دا ئەیگوت : "بەم جۆرە ساڵی ١٧٨٩ لە ڕەگ و ڕیشەوە لە مێژوودا بنکەنکرا." ئەو لەڕاستیدا بەشێک لە حەقیقەتی دەردەبڕی : فاشیزم لەپێشدا و زیاتر لە هەمووشت بەگشتی لەوەڵام دانەوە بە ڕۆشنگەری و بەتایبەت بەها مۆتۆربەکراوەکانی شۆڕشی فەڕانسادا سەری هەڵدا – موسولینی هەمووجار جەختی لەوە کردبۆوە کە فاشیزم دژ بە هەموو ئەو شتانە بوو کە شۆڕشی فەڕانسا بەرگری لێدەکرد. بەمانایەک دەکرێت فاشیزم وەک بزاڤێک لەبەرچاو بگیردرێت کە دڵنیای ئەکردین لەوەی کە پڕۆژەی ڕۆشنگەری بە ناتەواوی ئەمێنێتەوە و لەڕاستیدا لەناو دەچێت چونکو دەستپێکی ژیانی لەئەنجامی ململانێیەکی فەلسەفی لەگەڵ عەقڵ گەرایی و ئایدیالیزمی سەدەی نۆزدەهەم و پڕۆژە سیاسییەکانی کاکڵی ڕۆشنگەری واتە لیبڕالیزم و مارکسیزمدا بوو؛ لەناوەندی بەڵگاندنەکانی فاشیزمدا عەقڵ بێزییەک کە لە بنەڕەتدا دژە ماتریالیستی بوو شارابووەوە. لەڕاستیدا، ئەم ململانێ ئەوەندەی کە لەگەڵ عەقڵ گەرایی و ماتریالیزمدا بێت، زیاتر لەگەڵ وێرژنە میکانیکییەکانیاندا بوو، یاخود ئەو شتەی کە وەک پۆزیتیڤیزم لەبەرچاو دەگیرا. لەم ململانێدا گۆڕانکارییە فیکرییەکانی دەیەی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و دەیەی سەرەتایی سەدەی بیستەم دیاریکەر بوون. دەیەی ١٨٩٠، وەک دەیەی ڕابوون لەدژی پۆزیتیڤیزم وەسفکراوە، و ئەم یاخیبوونە، و نەک هەڵوێستە ڕوونە دژە ڕۆشنگەرییەکەی لە سەرهەڵدانی فاشێزمدا گرینگییەکی بنەڕەتی دەستەبەر دەکات.
فاشیزم و مۆدێرنیتی
گۆڕانکاری چارەنووس ساز بۆ تێگەیشتن لە کولتوری شوێن کات، کە بەهۆی ڕابوون لەدژی پۆزیتیڤیزمەوە دەستیپێکرد، تاڕادەیەک ئەنجامی کاریگەری فۆڕمە نوێیەکانی تەکنۆلۆژیا بوو کە وادەردەکەوت سەرلەنوێ چێیەتی کۆمەڵگا دادەڕێژن. تەلەفون، بێسیم، فۆتۆگرافی، سینەما، ئوتومبیل، فڕۆکە و تیشکی ئێکس X – Ray)) هەموویان بوون بەهۆی گۆڕانکاری لە بیروباوەڕی باو دەربارەی شوێن کاتدا. بۆ نمونە تەلەفون نەک تەنیا پێوەندییەکانی زۆر خێراتر کرد بەڵکو وادەردەکەوت ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە بەرخۆر لەیەک کاتدا لە دوو شوێنی جیاوازدا بێت. ئەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم گۆڕانکارییە لە مەیدانەکانی جەنگی یەکەمی جیهانیدا سەلمێندرا. خێرایی نوێی کات و ڕووخانی فۆڕمە سوننەتییەکانی شوێن لە بزاڤە هونەرییەکانی وەک کوبیزم Cubism)) و فۆتۆریزم (Futurism) دا ڕەنگدانەوەی هەبوو و ئەم بزوتنەوانە خۆیان بە تەواوی وەک بزاڤە سیاسی و هونەرییەکان دەزانی. پێوەندە سیاسییەکانی نێوان فۆتۆریستە ئیتالییاییەکان و فاشیزم بە تەواوی ڕوونە. ف. ت.مارینیتی F.T.Marinetti)) لەسووتاندنی ئۆفیسەکانی ڕۆژنامەی سۆسیالیستی ئاوانتی (Avanti) دا بەشداربوو و لەساڵی ١٩٢٩دا لە ئاکادێمیا دیتالیا (Italia Accademia ď) دا لەسەر کار دانرا. بەڵام لێرەدا بەرنامە تیۆرییەکان و پێش گریمانەکانی بزوتنەوە گرینگیان هەیە. لەهەمان سەرەتاکانی ١٩٠٩ دا کە جاڕنامەی " دامەزراندنی فۆتۆریزم و مانیفێستەکەی" بڵاوکرابووەوە، فۆتۆریستەکان هەڵوێستە سیاسییەکانی بزوتنەوەکەیان ڕوونکردەوە. ستایشکردنی شکۆ و شانازی جەنگ وەک "گەورەترین کردەوەی تەندروستی لە دونیادا" لەلایەن فۆتۆریستەکانەوە کە لە دەربڕین و ناواخنێکی نیچەیی، سۆرێلی وبێرگسۆنییەکانەوە وەریگرتبوو، لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە بۆ خێرایی، وێرانی و توندوتیژی دژبە دەستووری بۆرژوایی لەبەرچاویان دەگرت. ئامانج لێرەدا دەستپێکی دەستوورێکی نوێ لەسەر بنەمای مەزنبوونی نەتەوەیی ئیتالیا بوو. پسان لەم ڕابردووە نزیکە، لەڕێگەی ئافراندنی فۆڕمی جوانیناسانەکی لەژیانی ئاساییدا و هەروەها بە شتئاساییکردن و ڕادیکالیزەکردنی فۆڕمە بەڕواڵەت سروشتییەکەیەوە – خەبات، توندوتیژی و خێرایی – بەدیدەهات. ئەم شێوە جوانیناسەکییەی خێرایی و خەباتی هاوکات، بنەمای ئەخلاقیاتێکی نوێ دادەڕێژێت و تەکنۆلۆژیا وەک فۆڕمێک گەشە پێدەدات کە پێویستە دەربڕینی ئەخلاقیاتی نوێ لەڕێگەی ئەو تەکنۆلۆژیاوە بێت. تەکنۆلۆژیا وەک لوتکەی ئایینی نوێی خێرایی، ئەم پراکسیزە نوێیە مرۆییە دەردەبڕێت، "لێکچوونی ناچارەکی مرۆڤ لەگەڵ ماشیندا" کە فۆڕمی جوانیناسەکی بە تەکنۆلۆژیا و دەسەڵات دەبەخشێت. لەم تێگەیشتنە لە تەکنۆلۆژیا، فاشیزم و فۆتۆریزم لەگەڵ یەکدا هاوشێوە دەبن. فاشیزم نەک تەنیا تەکنیکی سووکایەتیکردن بەمانای ئامرازێک بۆ ووروژاندنی گشتی و لەناوبردنی بەهاکانی بورژوایی لەفۆتوریزمەوە فێربوو، بەڵکو بەخشینی فۆڕمی جوانیناسانەکی بە تەکنۆلۆژیا، خێرایی و توندوتیژی لەشێوە ئەواندا وەرگرت. چونکو فاشیزم دینامیک و چالاکە، هەرشتێک کە پێوەندییەکی دووری لەگەڵ جوڵانەوە و چالاکیدا هەبێت قوربانی پرۆسەی پیرۆزکردن و پاک کردنەوە دەبێت – شاڕێکان، ئامرازەکانی نوێی گواستنەوە (ئوتومبیلەکانی فیات)، شێوە پێوەندییە نوێیەکان (ماشینەکانی چاپی ئیلیۆتی) و لەڕاستیدا هەر میکانیزمێکی نوێ بۆ زاڵبوونی تەکنۆلۆژیایی بەسەر سروشتدا لەو نموونانە بە ئەژمار دێن. بەمانایەکیتر، فاشیزم بەڵێنی خۆی بە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن دەردەبڕێت، و تاڕادەیەک هەرئەو بەڵێنە بوو کە نوێکردنەوەی فاشیستی ئیتالیای ئەگەردار کرد. نەک تەنیا شەمەندەفەڕەکان لەکاتی خۆیاندا وەڕێدەکەوتن بەڵکو شەمەندەفەڕ بوو بە سیمبۆلی زیندوی ئیتالیای نوێ – پیشەیەسازییەکی کارەبایی، لەڕووی تەکنۆلۆژیاوە پێشکەوتوو و بەتەواوی ئاڵۆزاو کە نەتەوە لەسەربنەمای کۆمەڵێک بەهای وەک کارامەیی، خێرایی و داهێنانی تەکنۆلۆژیایی دایمەزراندبوو.
کاتێک مارینیتی لەبەهاری ١٩٣٤ دا چاوپێکەوتنی لە ئاڵمانی نازی کرد، بەناوی یەکێتی نووسەرانی ناسیۆناڵ سۆسیالیستەوە لەلایەن گۆتفرید بێن، گرینگترین شاعێری ئاڵمانەوە، پێشوازی لێکرا کە خۆشەویستی فۆتۆریستەکانی بۆ مەترسی و خێرایی، بێباکی و گوشار هێنانیانی بۆ سەر میللەتدا ستایشکرد. بێگومان نازییەکان لەهونەری "مۆدێرن" بێزاربوون بەڵام پێوەندییەکانی نێوان بزاڤە مۆدێرنیستییەهونەرییەکان لە داگیرکردنی ناواخنەکانی تەکنۆلۆژیا و چڕبوونەوە لەسەر خێرایی، جوڵانەوە و داهێناندا ڕەنگدانەوەی هەبوو. بەپێی ڕوانگەی گۆبێڵز، "ئێمە لەسەردەمی تەکنۆلۆژیادا ئەژین. ڕیتمی خێرایی سەدەی ئێمە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کاریگەری لەسەر ژیانمان دەبێت. ناتوانین هەوڵ و کردەوەیەک بدۆزینەوە کە بتوانێت خۆی لەژێر کاریگەری ئەم دەسەڵاتە بەهێزە دەرباز بکات." هەروەها؛ "هیتلێر لەلێخوڕینی مەرسێدێس بەنزی خۆی لە دەووبەری شار یان نیشتنەوە لەنێو هەورەکاندا لەڕێگە فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوەوە چێژی فراوانی دەبرد" و وتووێژە شەخسییەکانی حەز و شەیدابوونی لەمەڕ تەکنۆلۆژیاوە دەردەخات. هیتلێر بەشێک لە کولتوری پەرستشی بتئاسایی تەکنۆلۆژیا دەردەبڕێت کە بەشێوەی گشتی لەسەر مشت و مڕە سیاسی و فەلسەفییەکان و بەتایبەت لەسەر بەڵگاندنە کۆنەپەرستە مۆدێرنیستییەکاندا زاڵ ببوو. بۆنموونە لە بەرهەمەکانی شۆڕشگێڕانی کۆنزێرواتی وەک ئێرنست یۆنگێر تەکنۆلۆژیا وەک دیارکەوتنی ئیرادەی دەسەڵات وەسف دەکرێت کە بەنۆبەی خۆی وەک سوڵتەی تەکنۆلۆژیایی کە لەلایەن مییلەتەوە ڕێکدەخرێت، وێنا دەکرێت؛ ئەنجامی هاندانی نەتەوە بەرەو جەنگ لەڕێگەی تەکنۆلۆژیاوە ڕێکخستنێکی تۆخە. ئامانج لە ڕێکخستنی تۆخ نەک سەرکەوتن لەجەنگدا بەڵکو ئافراندنی بەرەیەکی نوێیە کە بۆ جەنگ و بە مەبەستی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جیهان ڕێکدەخرێت. "من بەرەیەکی نوێ و ڕێبەرێکی نوێ دەبینم ... کە ماشینەکان بەرهەم دەهێنێت و بانگهێشتی خەباتییان دەکات، و لەباوەڕی ئەودا ماشینەکان نەک ئاسنێکی بێ گیان بەڵکو ئۆرگانەکانی دەسەڵاتن کە لەڕێگەی گرێدراوییەکی هزرمەندانەوە و بەشێوەیەکی سروشتی بەکاری دەهێنێت. ئەمەش فۆڕم و روخسارێکی نوێ بە دونیا دەبەخشێت."
Alfred Sohn-Rethel (1899-1990)
نازیسم ئەم بەڵگاندنانەی وەردەگرت و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە هەڵوێستی دژبە تەکنۆلۆژیا بەرنامەیەکە بۆ زەبوونی نەتەوەییە. بۆ بەهێزبوونی نەتەوە لە سەدەی بیستەمدا، دەبێت لەبواری تەکنۆلۆژیادا پێشکەوتوو بێت. زێدەباری ئەمەش، گومان دەکرا، کە جیاوازی نێوان سەرمایەی داهێنەر و ئەنگەلی (Parasitic) لەپێڕەوی کردنی تەکنۆلۆژیا لە دەسەڵاتە ناڕەواکاندا شاردراوەتەوە. تەکنۆلۆژیا دەتوانێت بە ڕزگاربوون لەژێر سوڵتەی گۆڕینەوەی سەرمایەداری و کۆنتڕۆلکردنی بەشێوەی سیاسی ببێت بە هێزێکی ڕزگارکەر. ئەم ملکەچبوونە بە خێرایی و چالاکبوونی مۆدێرنیتی وەک "ڕیتمی سەدەی ئێمە" لە زمانی نازییەکاندا و ئەو سیمبۆلانەی بەکاریان دەهێنا ڕوون و بەرجەستە بوو. بۆ نموونە هێمای ئێس ئێس (ss) لە ئێستادا بە دوو پیتی S ی لاتین دەنووسرێت بەڵام بەڕای نازییەکان ئەمە ئەو نیشانەیە کە لە سیمبۆلی شاراوەی تیتۆنیکەکانەوە١ (Teutonic) ، ، وەرگیراوە. بەم دوو پیتە zackig دەوترێت، دەستەواژەیەکی نیزامی لە جەنگی یەکەمی جیهانی کە لە باشترین وەرگێڕاندا بەمانی "گرنج گرنج" یان "نووک تیژ" بەڵام بەمانای "بروسکە" ش هاتووە. دوو نموونە لەم پیتە لەپاڵ یەکدا، لەسەر ناوکۆیەکی زییوین یان ڕەشدا، وێنەیەک بەرهەم دەهێنێت کە ڕۆڵێکی چالاک بە بینەر دەبەخشێت، سیمبۆلی ڕژێمێک کە لە جووڵانەوە و چالاکیدایە. نازییەکان تەکنۆلۆژیای خۆیان لەگەڵ ئەم ئامانجەدا هاوتەک کرد – ماشینە تایپەکانی خۆیان بەشێوەیەک گۆڕی کە بتوانێت سیمبۆلی تایپ بکات. هەروەها دەشێت خاچی شکاوی ئاڵمانی نازیش هەر بەم شێوەیە ڕاڤە بکرێت.
ئی. ئێچ. گۆمبریچ (Gombrich E. H.) لەکتێبی مانای دەستور (Sense of Order) دا، ئاماژە بەم بابەتە دەکات کە خاچی شکاو بێبەشە لەو جۆرە هاوتایییە ئاوێنەییەی کە ڕاستەوخۆ لە شوێنی دیدەیی خۆماندا ئەیبینین. ئەو هەستەی کە دەڵێت خاچی شکاو هێزێکی دینامیکی دیاریکراوی هەیە، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە بەهۆی نەبوونی هاوتایی لە مێشکی خۆماندا "دەیسووڕێنین" هەتاکۆ جۆرێک لە هاوتایی بدۆزینەوە. چونکو هیچ هاوتاییەک نادۆزرێتەوە، ئەم سووڕانەوە هەتاهەتایی دەبێت. تێگەیشتن لە خاچی شکاو وەک خاچێک کە بەردەوام لە جوڵانەوەدایە - سیمبۆلی جوڵەی بەردەوامی بزاڤێک لەدەسەڵاتدا، پێشڕەوەی نازیسم بەرەو دونیای مۆدێرن لەو ڕێگایەوە – هەندێک لەلایەنە دیاریکراوەکانی فیلمی سەرکەوتنی ئیرادە (Triumph of the Will) بەرهەمی لێنی ڕیفتێنشاڵ (Leni Riefenstahl) بەرجستە دەکات. سیکانسی سەرەتایی نیشتنەوەی فڕۆکەی هیتلێر – پێشکەوتووترین فۆڕمی تەکنۆلۆژیای گواستنەوە – ئەوکاتەیە کە لە نۆرمبێرگ نزیک ئەبێتەوە. پەڕەی کلکی فڕۆکەکە بە خاچێکی شکاو ڕازاوەتەوە. لێرەدا هاوتاییەک لەنێوان پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیا و سیمبۆلی جوڵانەوەی هەمیشەییدا دەبینرێت. لەڕێگای گۆڕینی شار بۆ دەریایەک لە ئاڵای شەکاوەی خاچە شکاوەکان، خاچی شکاو دەبێت بە سیمبۆلی ڕێکخستنی تۆخ. بزوتنەوە گەیشتووەتە لووتکەی تەواوی خۆی : ڕێکخستنی جەماوەری، تەکنۆلۆژیا، جوڵانەوەی بەردەوام، کۆی ئەمانە بەڵگەی ملکەچبوونی نازیسم بە مۆدێرنیتین. فاشیزم هەروەها لە گەشەکردنی نوێترین و "مۆدێرن" ترین میکانیزمەکانی بەرهەمهێناندا بەشداری هەبوو و بەکاری دەهێنا. لە دەیەکانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ دا، تایلۆریزم، فۆڕدیزم و بەڕێوەبەڕێتی زانستی – کە بە ڕوانگەی ئامریکایی دەناسرا – بەنیسبەت فاشیزمەوە سەرنجڕاکێش بوو و بەرهەمهێنان لەڕێگەی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و دابەشکردنە هیرارشیکە دەقبەستووەکان و فۆڕمەکانی نوێی بەڕێوەبەڕێتی پێشکەش دەکرد کە لەگەڵ ئەمەشدا خاوەن فۆڕمی پسان لە دامەزراوە سوننەتییەکانی کارکردن بوو. وادەردەکەوت تایلۆریزم سەرمایەداری بێ چینی پێشکەش ئەکرد : ئایدۆلۆژیای "باوەڕ بە بەرهەمهێنان" کە لە تەکنۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە سەرمایە. هەروەها ئەم ئایدۆلۆژیایە ئەگەری باسکردن دەربارەی فۆڕمە نوێیەکانی رێبەری کردن ئەگەردار ئەکات. ئایدۆلۆژیای ناوبراو لەجیات سەرمایەداران و بەڕێوەبەران باسی لە "پسپۆڕان" دەکرد و پرسە پێوەندی دارەکانی دەسەڵاتییان بەو پرسە تەکنیکییەکانەوە گرێدەدا کە پسپۆڕانی تایبەت بەخۆیانی پێویست بوو. ئەمەش ڕێگەیدا بە مۆدێڕنیستە کۆنەپەرستەکانی وەک ئۆسواڵد شپێنگلەر بۆ ئەوەی ماشین لە دڵی مۆدێرنیتیدا دابنێن و لە بەڕێوەبەران و ئەندازیاران وەک " کەشیشانی ماشین" باسیان لێدەکات.
ڕەنگە هیچ شتێک بە ئەندازەی کەمپی مەرگ ناتوانێت لایەنە بنەڕەتییە مۆدێڕنەکانی فاشیزم بەڕوونی دەربخات. کەمپی مەرگ جگەلەوەی جۆرێک گەڕانەوە بۆ بەڕبەڕییەتی پێش مۆدێرنە، پابەندە بە مۆدێرنیتییەوە وەک یەکێک لە مەرجە ناچارەکییەکانی. زیگمۆنت باومەن (Zygmunt Bauman) ئاماژە بەوە دەکات کە، پێوەندی نێوان تەکنۆلۆژیای بەکارهاتوو لە کارخانەیەکدا و تەکنۆلۆژیای بەکارهاتوو لە کەمپەکانی کارکردندا بەهیچ جۆرێک بەڕێکەوت نییە. ئەوەی پێویست بوو بۆ کوشتار و لەناوبردنی جەماوەرێکی ملیۆن کەسی و بەم پێیە، بۆ مۆدێرنترین شێوەی بەڕبەڕییەت، بەکارهێنانی تایلۆڕیزم و بنەماکانی بەڕێوەبەڕێتی زانستی لەلایەکەوە، و پێشکەوتووترین پڕۆسە تەکنۆلۆژییاییەکان لە لایەکی دیکەوە بوو. بەوجۆرەی باومەن جەختی لێدەکاتەوە، "چیرۆکی ڕێکخستنی کەمپی مەرگ دەتوانێت ببێت بە کتێبی قوتابخانەکانی بەڕێوەبەرێتی زانستی." دادگاییکردن و شوێنکەوتنی جادوگەران و فۆڕمەکانی دیکەی بەڕبەڕییەت بۆ بەتاڵکردنەوەی دێو و درنجە ناخەکییەکانی ئەوروپای مۆدێرن پێویست نەبوو – زانستی مۆدێرن، تەکنۆلۆژیا و پڕۆسە پیشەسازییەکان دەتوانن ئەم ئەرکە بەشێوەی کاریگەرتر و ژیرانەتر بەڕێوە ببەن.
سەرچاوە : وەرگێڕانی کوردی ئەم وتارە بەپێی ئەم دوو دەقەی خوارەوە ئەنجامدراوە
· Concepts in the Social Sciences, Fascism, "Mark Neocleous", Open University Press Buckingham
· مارک نئوکلئوس، فاشیسم، ترجمه حسن مرتضوی، انتشارات آشیان 1391
ژێدەر :
1. پێوەندیدار بە نەتەوە دێرینەکانی ئەڵمانیا کە لە ئەوروپای باکووردا دەژیان.
په یوه ندی