Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

سیمای ڕەنج لە ژێرمیناڵدا؛ ململانێی نێوان ڕیالیزم و ناتۆرالیزم


   سیمای ڕەنج لە ژێرمیناڵدا؛ ململانێی نێوان ڕیالیزم و ناتۆرالیزم

 (لێکدانەوەی ڕۆمانی "ژێرمیناڵ" بەرهەمی ئێمیل زۆلا)

 نووسەر: فەرهاد بێهشتی

 ڕۆمانی ژێرمیناڵی زۆلا وەک یەکێک لە بە ناوبانگترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئێمیل زۆلا و هەروەها جیهان دێتە ئەژمار. ئەوەی کە ژیرمیناڵ دەربارەی مانگرتنی کرێکارانە و ڕاپەڕینی چینی هەژاری کۆمەڵگا لەدژی سیستەمی سەرمایەداری دەردەخات هۆکاری گرینگ بوونی ئەم ڕۆمانەیە بەڵام ئەمە جگە لە گرینگ بوونی ژێرمیناڵ هاوکات سەلمێنەری بەشێک لە زیرەکی زۆلایە چونکو لەڕاستیدا پەنا بۆ گوتارێک دەبات کە بابەتی سەرەکی ژیرمیناڵە و لەم ڕێگەوە گرینگترین پرسی سەدەی بیستەم باس دەکات واتە ململانێی نێوان کار و سەرمایە. بەڵام ئەمە تەنیا خوێندنەوەی هەبوو دەربارەی بەرهەمی زۆلا نییە بەڵکو ڕوانینێکی سادە و سەرەتایی بۆ ژێرمیناڵە... .


خاڵکیتر کە لێرەدا دەکرێ ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە ژیرمیناڵ پێش هەمووشت بەشێک لە مێژووی کلاسیکی ئەدەبییە بەڵام لێرەدا کلاسیک بوونی ئەو بەرهەمە بەمانای شکۆ و شانازییەتی چونکو بەجۆرێک هونەری مەزنە کە گشتییەتی مرۆڤ دەردەخات. بەمانایەکیتر مرۆڤ لە نێو دونیای کۆمەڵایەتی خۆیدا پێناسە دەکات. لەڕاستیدا زۆلا وەک ئافرێنەری ناتۆرالیزمی ئەدەبی لەم بەرهەمەدا ململانێی نێوان ڕیالیزم و ناتۆڕالیزم  پێشکەش دەکات و بەشێوەی نەخوازراو دەیسەلمێنێت کە ناتۆڕالیزم توانای ئەوەی نییە لێکدانەوەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی بکات و بەشێوەیەکی لاواز هەوڵ دەدات خۆی وەک نوێنەری ڕاستەقینەی کێشەی چینی هەژاری ئەو سەردەمەی فەڕانسا  بناسێنێت. لەم ڕووەوە ئەرکی ئێمە وەک خوێنەر دێتە ئاراوە، بۆنمونە ژێرمیناڵی زۆلا کە دەربارەی مانگرتنی کرێکارانی کانگایە، بەجۆرێک بخوێنرێتەوە، وەک بڵێی ساڵێک لەمەوبەر نووسرابێت، و لەڕێگای خوێندنەوەیەوە ڕاستەوخۆ یادی مانگرتنی کرێکارانی کارگەیەک یان دامودەزگایەک وەبیربهێنێتەوە! لێرەدا ڕوانینی "لۆکاچ" وەک گرینگترین ڕەخنە دەربارەی زۆلا و هەروەها ناتۆرالیزم جێگای سەرنجە. لەڕوانگەی لۆکاچەوە ئەوەی دەتوانێت وەسفی سیمای حەقیقی و ئاشکرای ڕەنجی مرۆڤ و ئازارەکانی کۆمەڵگا بکات؛ ڕیالیزمە نەک ناتۆرالیزم. لۆکاچ باس لە ململانێی نێوان ناتۆرالیزم و ریالیزم لە پانتای ئەدەبی و کۆمەڵایەتی ئەوکاتی فەڕانسا دەکات و هەوڵی زۆلا بۆ ‌سڕینەوەی ڕۆمانتیزم بەمانای سەرکەوتنی ناتۆڕالیزم نییە. بەپێی ڕوانیینی لۆکاچ شکستهێنانی بەرهەمی زۆلا ئەنجامی بۆشایی و دووجۆرەکی لە هونەری ئەودایە. لۆکاچ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم ڕۆمانە ئاماژە بە باڵزاک دەکات؛ و پێیوایە لەڕێگەی ڕیالیزمی باڵزاکەوە دەکرێت وەسفی هونەری تەواو و بێ کەموکوڕی مرۆڤ لە کۆمەڵگادا بکەین و ئەمەش پرسی جوانیناسەکی بنەمایی ڕیالیزمە. ڕیالیزمی باڵزاک سنوورەکانی جوانیناسی تێپەڕدەکات و دەیسەلمێنێت کە هونەری ڕووت بریتییەلە کۆمەڵێک لایەنی کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی و ئینسانی دەگرێتەوە.  لەڕاستیدا ڕیالیزم دژ بەو بۆچوونانە دەوەستێت کە چێیەتی مرۆڤ تەنیا لە چوارچێوەی لایەنە جیسمانییەکانی ژیانیدا قەتیس دەکەن و هەروەها دژایەتی لەگەڵ کۆمەڵێک بۆچووندا دەکات کە جگەلە ڕەوتی پرۆسە فیکری دەروونناسییەکاندا ڕێز لە مرۆڤ ناگرن. لەم ڕووەوە نوێنەری حەقیقی گوتاری هەژاران و کرێکاران بۆ نواندنەوەی ئێش و ئازارەکانیان لە فەڕانسای سەرمایەداریدا باڵزاکە، نەک زۆلا و ژێرمیناڵی.

پرسێکیتر کە لێرەدا دێتە ئاراوە هەمان بابەتی سەرەتایی وتارەکەیە و ئەویش جۆری خوێندنەوەی خوێنەر بۆ  بەرهەمی هونەری بەگشتی و لێرەدا بەتایبەتی رۆمانە. پرسیارێکی بنەڕەتی کە هەڵگری کۆمەڵێک وەڵام و لێدوانی جۆراوجۆرە! ڕۆمانێک دەکرێ تا چ ڕادەیەک  بەئازاد بخوێنرێتەوە و ڕەخنەی لێبگیردرێت؟ ڕەنگە لێرەدا هیچ ئازادییەک شکۆدارتر لە داکۆکی کردن لەسەر هەڵوێست و پێگەی تایبەت بەخۆ لە ئێستادا و لە هەمان کاتدا، سەرنجدان بە ئەستێرەکانی ئاسمانی مێژوو نەبێت، ئەو ئەستێرانەی کە هەمان ئایدیاکانن و بڕیار وایە ڕزگارکەری دیاردەکان بن.

پێویستە ڕەخنەی ئەدەبی، بەتایبەت کاتێک باس لە بەرهەمە داستانییە درێژەکان لەئارادایە، هونەری گێڕانەوە بەبێ بەکارهێنانی نیشانەی ڕەخنەی گێڕانەوە فێرببێت. ڕەنگە هیچ شتێک خراپتر و بێ ماناتر لەوە نەبێت لەکاتی نووسین دەربارەی ڕۆمانێکدا، هەندێک دەستەواژەی وەک شایەت یان نمونە یان هەرشتێکیتر بهێنینەوە.  

چونکو ڕەخنەی ئەدەبی لەڕاستیدا هیچ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بێ لایەنی لەگەڵ خودی بەرهەمی ئەدەبیدا نییە. ڕەنگە پێویست بێت شێوازی ئەم بڕیارە بۆ بڕیارێکی بەهاخوازانەدەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی بگۆڕدرێت. ئەم جیاوازی و ناگرینگ بوونەیە کە ڕەخنەی ئەدەبی لە "ڕێڤیو" (Review) نووسین و لێکدانەوەی کتێب بۆ بلاڤۆکەکان جیا دەکاتەوە. هەڵبەت چونکو هەر ڕەخنەیەک (بەگشتی هەرجۆرە زانستێک) پێوەندی لەگەڵ جۆرێک لە مەیلدا هەیە، دەبێ هەر لەسەرەتاوە دیاری بکرێت ئەم جۆرە ڕەخنەیە چ مەیلێک  پێڕەو دەکات : نە لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی، نە بەرپرسایەتی لەمەڕ مێژووی ئەدەب، نە توێژینەوە فۆڕمالیستییە ئاکادیمیاییەکان، کە هەرهەموویان جگە لە قورسترکردنی میرات وسامانیکولتوری دەسکەوتێکی دیکەی نییە؛ بەڵکو حەزیئەم ڕەخنەیە تەنیا یەک شتە و ئەویش ڕزگارییە.دەکرێ نمونەی سەرکەوتوی ئەم شێوە لە ڕەخنەی ئەدەبی کە بەتەواویبەم جۆرە حەزەوە گرێدراوە، لەنووسراوەکانی "بنیامین" ، "ئادێرنۆ" و تەنانەت "ئێرنێست بلوخدا" بدۆزینەوە. ئەم شێوە لە ڕەخنەی ئەدەبی چ پێوەندییەکی لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبیدا هەیە؟ لەوانەیە، ئەم پێوەندییە لەشێوەی وەفادارییەکی بێ مەرج و بە بێ لایەننەبێت. بەڵکو بەپێچەوانە ڕەخنە لەنێوان چەشنێک لەبەرچاونەگرتنی "مانا ومەبەست" ی بەرهەم دەڕوانێت. ڕەخنە لە جەستەی( چوارچێوەی) بەرهەم دوور ئەکەوێتەوە، چونکو ڕەخنە ئەنجامی مەرگی بەرهەمە، و خۆیشی هەوڵ بۆ کوشتنی ئەدات.

ڕەخنە هەمووکات لەسەردەمی پاش دابەزینی بەرهەمە گەورەکاندا سەرهەڵدەدات، سەردەمێک کە تێیدا، بەرهەمەکان لە یەکڕیزی و پێوەندی ئورگانیکلەگەڵ سەردەمی گەشەی خۆیاندا بێبەشن و هەنووکە تەنیا لەشێوەی کۆمەڵێک لەت و کوتی بەجێماو لە مێژووی لەدەست چوویاندا دەردەکەون. لە باشترین شێوەدا، ئەم بەرهەمانە لەسەردەمی ئەرشیڤە گەورەکانی ئێمەدا، تەنیا وەک بەشێک لە بینای مەزن و ڕەنگاوڕەنگی کولتور و میراتی کولتورین، واتە ئەو شتەی پێویستە بێ هیچ کەموکوڕی یان زیاد کردنێک "بپارێزرێت" . لێرەدا تایبەتمەندی ئایدۆلۆژیایی و کۆنزیرواتیوبوونی چەمکی "بەرهەمە کلاسیکەکان" دەردەکەوێت. کلاسیک بوون لەپێشدا مەرگی بەرهەمی ڕاگەیاندووە و لە مێژوویەکی پارێزراو و دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، شوێنێکی ئارام و بێدەنگی بۆ تەرخان کردووە. بەڵام پرسی سەرەکی لێرەدایە؛ واتە واز لە مێژوو بهێنین بۆ ئەوەی هەنووکە بخاتە دۆخێکی قەیراناوییەوە. بەم پێیە دەشێت ئەم بەناو "بەرهەمە کلاسیکانە" ، وەک بەشێک لە سامانە کولتورییەکان، بەشێوەیەک بخوێنرێتەوە کە هێرش بۆ سەردەمی ئێستا ببەن. دەبێت بەرهەمێکی کلاسیک لەئاستی بەرهەمێکی هاوچەرخ وەک ئەوەی لە ئێستادا نووسراوە ڕەخنەی لێبگیرێت. بەڵام جیاوازییەکی بنەمایی لە ئارادایە. نابێت بەهیچ جۆرێک ئەو پەردەی تەم و مژەی کە مێژوو بەسەر پاشماوەی بەرهەمدا ڕایکێشاوە لابدرێت. بەرهەم بەوشێوەی لەم سەردەمە قەیراناوییەدا سەرلەنوێ ئەخوێنرێتەوە هەڵگری وێنەیەکی مێژووییە، هەڵگری بەجێماوی ئەو پڕۆسانەیە کە بەرهەم تێیپەڕاندووە.

بۆ دەربڕینی پێوەندی لە نێوان رەخنە و بەرهەمدا دەکرێ خوازەی هێندسی بەکار بهێنین، خوازەیەک کە نیسبەتی تۆپۆلۆژیکی نێوان ڕەخنە و بەرهەم دیاری دەکات. هەڵبەت بنیامین ئەم خوازە لەمەڕ پێوەندی وەرگێڕان لەگەڵ دەقی سەرەکیدا بەکار دەهێنێت : "دروست بەوجۆرەی هێلی لێکەوت (Tangent) تەنیا لە یەک خاڵدا بەر بازنە دەکەوێت – و لەئەساسدا هەر ئەم لێکەوتنە، نەک تەنیا ئەو خاڵە بەڵکو یاسایەک دادەڕێژێت کە هێڵ لە پێڕەوی لەو یاسایەدا ڕێگای ڕاستەوخۆی هەتاهەتایەی درێژە دەدات – وەرگێڕانیش، بەشێوەی کاتی و تەنیا لە خاڵی ئێجگار بچوکی مانادا لە دەقی سەرەکی دەکەوێت و هەستی پێدەکات، تا بەم شێوەیە بەپێی یاسای وەفاداری، لە ڕێگای ئازادی ڕەوتی زمانەوە درێژە  بە ڕێبازی تایبەت بەخۆی بدات. " (وتاری ڕەسالەتی وەرگێڕ١٩٢١).

بەم پێیە ڕەخنەش تەنیا لەم خاڵە ئێجگار بچوکەدا لە بەرهەم دەکەوێت و تێپەڕی دەکات. لۆکاچ لەوتاری بەناوبانگی " دەربارەی جەوهەر و فۆڕمی وتار" دا باس لەم خاڵە دەکات و ئەڵێت : بەرهەم تەنیا جۆرێک "بیانوو" بۆ ڕەخنەیە؛ هەر ڕەخنەیەک لەڕاستیدا "بەبیانووی ..." . ئەم بیانووە هەمان خاڵی لێکەوتنی ئێجگار بچوکی هێڵی ڕەخنە لەگەڵ بازنەی بنیامینە.   

 

ژێرمیناڵ و لەشی کرێکاران

ژێرمیناڵ ڕۆمانێک دەربارەی ژیانی کرێکارانە. ڕەنگە ئەم کورتە وەسفە جگە لەوەی هیچ شروڤەیەک دەربارەی بەرهەمەکە پێشکەش نەکات، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە هەرجورە ڕاکێشراوەتییەکی لێوەربگرێتەوە. چونکو وێدەچێت ژیانی کرێکاران، لەوانەش کرێکارانی کانگاکانی سەدەی نۆزدەهەم لەباکوری فەڕانسا، تەنیا لێوانلێوە لە ڕەنج. هنریک ئیبسن لەشوێنێکدا وتویەتی : "زۆلا چوو لەنێو زەلکاودا خۆی بشوات، و من چووم ئەو شوێنە بشۆمەوە." بە لەبەرچاونەگرتنی بەشی دووهەمی ئەم دەستەواژەیە، بەشی یەکەمی زۆر ڕوونە. ئەو بەدبەختی و نەهامەتییەی لە ژێرمیناڵدا دەیبینین ئەوەندە بەوردی وەسف کراوە و "هەستپێکراوە" کە ڕەنگە ڕاهاتنمان لەگەڵیدا زۆر ئاسایی بێت. یاخود تەنانەت : حەزی لێبکەین. زۆلا وەک یەکێک لەگەورە ناتۆرالیستەکان لەبەرچاو دەگرن. وێدەچێت خۆیشی لەسەر ئەم ناونیشانە پێداگری کردبێت. بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، یەکێک لە گەورەترین و ناسراوترین ناتۆڕالیستەکانی مێژووی ئەدەب، واتە خودی زۆلا (لانیکەم لە "ژێرمیناڵ"دا) ، لە بنەماکانی ناتۆڕالیزم زۆر دوور ئەکەوێتەوە. سەرەڕای هەبوونی گەلێک وەسفی ئێجگار ورد و پاژەکی ، کە زۆرجار دڵ هەژێن و ترسێنەرن، ناشێت  "ژێرمیناڵ" وەک بەرهەمێکی ناتۆڕالیستی تەواو بە ئەژمار بهێنین. جگەلە (بە وتەی لۆکاچ) ئاوێتەبوونی "ناتۆڕالیزم و فرەوێژییە فەنتازییاییە مۆدێڕنەکان" لە بەرهەمەکانی زۆلادا، هۆکاری دوور کەوتنەوەی زۆلا لە ناتۆڕالیزمی ڕووت، هەبوونی توخمی شۆڕشگێڕانەیە، هەڵبەت هێشتا لەداوی نەریتەکانی هزری بورژواییدا ئەمێنێتەوە. هەرئەم نەریتانەیە لە ناتۆڕالیزمی نزیک دەکاتەوە و لە ڕیالیزمی لۆکاچی، کە دەیهەوێت گشتییەتی پێوەندە کۆمەڵایەتییەکان، و نەک تەنیا بەوردی "وەسفکردنی" کاروباری کۆمەڵایەتی، "بگێڕێتەوە" . دووری دەخاتەوە.  لۆکاچ لە وتارێکدا بەبۆنەی سەدەمین ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی ئێمیل زۆلادا دەنوسێت : "چارەنووسی زۆلا یەکێک لە تراژێدییە ئەدەبییەکانی سەدەی نۆزدەهەمە. زۆلا لەو کەسایەتییە ناسراوانەیە کە بەهرە و تایبەتمەندی ئینسانی دەبێتە هۆکاری کارامەبوونیان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری گەورە، بەڵام سەرمایەداری ڕیگرە لەبەردەم بەئەنجام گەیاندی ئەو ئەرکە، و ئافراندنی بەرهەمێکی بەڕاستی ڕیالیستی. " (گیئورگ لۆکاچ، توێژینەوەیک دەربارەی ڕیالیزمی ئەوروپی) .

زۆلا ناتۆڕالیزم بۆ وەسفی لەشی کرێکاران و بەوتەی خۆی، "بەدبەختی و ڕەنج" ی مادییان بەکار دەهێنێت. بەڵام بەم کارە ئەیانگۆڕێت بۆ بەشێک لەسروشت، واتە ئەو چەمکەی سەرمایەداری زۆر قەرزدارییەتی. سەرمایەداری هەوڵ ئەدات کار و ژیانی کرێکاران "سروشتی" بنوێنێت. ئەم بەسروشتی بوونە لەڕاستیدا بەشێک لە پڕۆسەیشت ئاساییە.

ئاخۆ هەزاران کرێکاری کانگا کە وەک لەشکرێک کرمی ناوخاک کە لەدڵی زەویدا خەریکی کارکردنن بەباشترین شێوە نابنە  تەواوکەری دیمەنی سروشت؟ ئەو سروشتەی کە پێویستە بە مۆدێرن ناوی لێببەین، چونکو لەم کاتەدا، واتە لە فەڕانسای پیشەسازی نیوەی سەدەی نۆزدەهەم و سەردەمی ئیمپراتۆری دووهەمدا، ناشێت دیمەنە سروشتییەکان بەبێ کوورە گەورەکان، دەکەلەکان و دووکەڵکێشی کارخانەکان وێنا بکەین. یەکێک لەشێوازەکانی ڕابواردن بۆ کچانی بنەماڵەی بورژوای گرێگوار لە "ژێرمیناڵ" دا، کە وەک یەکێک لە بەشدارانی سەرەکی کانگاکانی مونسو دێنە ئەژمار، بینینی کوورەکان و ئاگری دامەزراوەکانی دەوروبەری کانگاکانە ئەوکاتەی لەنێو کەژاوەدا دانیشتوون. لێرەدا پیشە و لەشی کرێکاران تەواوکەری یەکن. ڕەنگە ئەوەی لۆکاچ وەک سەرکەوتنی کۆتایی سەرمایەداری بەسەر کاری زۆلادا نێوی لێدەنێت لە چەمکێکی تایبەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەمان خۆبەدەستەوەدان بە ناتۆڕالیزمی ناپوختیفەڕەنسییە کە لەکۆتاییدا دابڕین لەشێوەی بۆرژوایی دووبارە نواندنی واقعییەتی کۆمەڵایەتی بێ ئەگەر دەکات. بۆچی زۆلا لە وەسفی "سروشتی" کرێکاران دوورناکەوێتەوە؟ جەبری دەرونی ئەو بۆ پێڕەوی لە ناتۆڕالیزم وای لێدەکات هەموو درز و کەلێن و بۆشاییەکان لەڕێگای کۆمەڵێک وەسفەوە پڕبکاتەوە. ئەم کەڵەکەبوون و گشتییەتە پێکهێنەری ئەو بەردەوامییەتەیە کە لەسروشتی دۆڕاوی پیشەسازییەوە دەست پێدەکات و بە تێپەڕاندنی کانگا و کارخانەکان دەگاتە لەشی کرێکاران. ، بەردەوامییەتی ناتۆڕالیستی یان سروشت خوازانە. ئێمە لەگەڵ لەشی کرێکاران لەژیرمیناڵدا خو دەگرین. "پاکی" ئاژەڵ ئاسایانمان خۆش دەوێت. ژەرمیناڵ لێوانلێوە لە وەسفە جەستەیی و جنسی و ئاژەڵ ئاساکان. خودی ڕۆمانەکەش تاڕادەیەک لەسەر بنەمای وەفاداری بە کاتی واقیعی و پاراستنی بەردەوامی ڕووداوەکان دامەزراوە. بەڵام ڕیالیزمی هەبوو لە بەرهەمی کەسانێکی وەک تۆلستۆی یان نمونەیەکی هاوچەرخ و زۆر گرینگ واتە یۆسا دا بەتەواوی بە گۆڕان و دابڕانەکانپشت دەبەستێت. بەڵام لەکاری زۆلادا ئەم گۆڕانە دەکەوێتە ئەستۆی جۆرێک لە ڕۆمانتیزم کە تا ڕادەیەک پووچ و بێ بەهایە. بەم پێیە ئەو "فرەوێژییە فانتازیاییە ڕۆمانتیکانە" پێکهێنەری بەشی سەرەکی ناتۆرالیزمی زۆلایە. زۆلا بەشێوەیەک هەژاری و بەدبەختی وەسف دەکات کە مرۆڤ پێی ناخۆش نییە هەژار و بەدبەخت بێت. سەرەڕای ئامانجە سۆسیالیستی و شۆڕشگێرانەکان، ئەنجامی کاری زۆلا جوانیناسانەکیکردنی ڕەنجە. ڕەنگە نەک لەو کاتەدا بەڵکۆ هەر لەم سەردەمە و لەدۆخی ئەمئێستادا، باشتر لەهەر کاتێکیتر دەتوانین لەم نوکتە تێبگەین، دۆخێک کە بەهۆی دەسکەوتەکانی سینەمای "ڕەنج" وە، ئێجگار ورووژێنەرە. خوێندنەوەی ژێرمیناڵی زۆلا دوای سەدوسی ساڵ لەنووسینی هەستێکی نۆستالژیک لەمەڕ ژیانی کرێکاران دەبزوێنێت. ڕەنگە جگە لەمەش ‌هیچ شتێکیتر لەتوانای ئەدەبیاتدا نەبێت. ڕەنگە هەر ئەم هیوا و ئاشتی خوازییەی لە وەسفی ڕەنجدا حەشار دراوە، خۆی بەشێک لە حەقیقەت بێت. هونەر هەرگیز بە تەواوی ناتوانێت لە بەرانبەر فریوی جوانیناسانەکیکردنی واقعییەتدا خۆڕاگری بکات، و تەنیا لەکاتێکدا واقعییەت جوانیناسانە ناکات کە خۆیشی بەتەواوی ببێت بەو واقعییەتە : "تەقینەوەی ڕاستەقینەی بۆمبایەک لەشێوازی بەرهەمێکی هونەریدا " .

 · سەرچاوەکان :

§  لوسین گلدمن، جامعه شناسی ادبیات (دفاع از جامعه شناسی رمان)، ترجمه محمد جعفر پوینده، نشر هوش و ابتکار.

§   گئورگ لوکاچ، جامعه شناسی رمان، ترجمه محمد جعفر پوینده، نشر ماهی.

§   امید مهرگان، تاملاتی در باب ژرمینال زولا، کتابخانه شرق.

§   ژرمینال، امیل زولا، ترجمه سروش حبیبی، انتشارات نیلوفر.



په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است