- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
ئینته‌رنێت و مرۆڤ
ئینته‌رنێت و مرۆڤ
(هه‌ندێ تێڕامان له ئینته‌رنێت و ئامێره ته‌كنه‌لۆژیه‌كان)
ڕیبوار سیوه‌یلی
1. مرۆڤ داهێنه‌ری ئینته‌رنێته. وه‌ك داهێنه‌ر، هه‌میشه مرۆڤ بڕیارده‌دات ئینته‌رنێت وه‌ك داهێنراوێك بۆچی و له چ په‌یوه‌ندیه‌كدا به‌كار بێت و چ ده‌سه‌ڵاتێكی له ژیانی ئه‌ودا هه‌بێت. ئینته‌رنێت بیركه‌ره‌وه نیه، ئه‌و ناتوانێت وه‌ك دیكارت بڵێت: من بیرده‌كه‌مه‌وه، كه‌واته هه‌م. وه‌ك (دریفۆس) نوسیویه‌تی: (ئینته‌رنێت جه‌سته و له‌شی نیه و ناتوانێت مانا بناسێته‌وه و وه‌ك مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی شته‌كان پۆلین بكات، چونكه له‌شی ئێمه گرنگیی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه له پرۆسه‌ی تێگه‌یشتنی ئێمه‌دا)(ل: 41، 145). بوونی ئینته‌رنێت له بیركردنه‌وه‌یه نایه‌ت، به‌ڵكو بوونی ئینته‌رنێت له بیركه‌ره‌وه‌وه دێت. بیركه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی بوونی ئینته‌رنێته و ئه‌وه‌ی بیركه‌ره‌وه بیری لێده‌كاته‌وه، ده‌بێته بابه‌تی چالاكییه‌كانی ئینته‌رنێت له بواری بیركردنه‌وه‌دا. ئه‌گه‌ر ئینته‌رنێت خۆی بیركه‌ره‌وه بوایه، بیر پێویستی به بیركرهوهیهك نه‌ده‌بوو، ئه‌وه‌ش كه بوونی ئینته‌رنێت به هه‌زاران ساڵ ده‌كه‌وێته پاش بوونی مرۆڤه‌وه، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه كه بیركه‌ره‌وه مرۆڤه نه‌ك مه‌كینه. یان سیسته‌م و ژماره‌كان.
2. به‌ڵام ئینته‌رنێت مرۆڤی بیركه‌ره‌وه له ئاستی مرۆڤایه‌تیدا جێده‌هێڵێت. هه‌موو مرۆڤه‌كان بیركه‌ره‌وه‌ی دروستكه‌ری ئینته‌رنێت نین، ئه‌وه‌ش كه تاكه‌كه‌س كردوییه‌تی به‌سه‌ر گشت مرۆڤایه‌تیدا ناگشتێنرێت، بۆیه ئینته‌رنێت له ڕقی ئه‌وه‌ی ناتوانێت بوونی خۆی بخاته پێشمه‌رجی بیركه‌ره‌وه‌وه، تۆڵه‌ی خۆی له هاوچه‌شنه‌كانی بیركه‌ره‌وه ده‌كاته‌وه. ئینته‌رنێت مرۆڤایه‌تی ده‌خاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه و به‌و جۆره ئاراسته‌ی ده‌كات كه ده‌یه‌وێ. ئینته‌رنێت پێگه‌یه‌كی باوكانه وه‌رده‌گرێت و (گریی ئۆدیب)ی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه. به مانایه‌كی دیكه، ئه‌وانه‌ی ده‌توانن ئینته‌رنێت به‌و جۆره به‌كار بهێنن كه ده‌یانه‌وێ، ده‌توانن مرۆڤایه‌تی بۆ ئه‌و شوێنه ئاراسته بكه‌ن كه ده‌یانه‌وێ. بۆیه له‌مه‌ودوا به‌بێ ئینته‌رنێت هه‌ل و ده‌رفه‌ته‌كانی سه‌ركه‌وتن له ژیاندا مه‌حاڵه و ئینته‌رنێت په‌یوه‌ندییه‌كی بوونخوازانه‌ی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا په‌یدا كردووه هه‌رچه‌نده‌ش ئه‌مه بۆ مرۆڤایه‌تی جێی ئازار و شۆك بێت. چونكه هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانین كه توانای ئینته‌رنێت وه‌ك توانای دروستكه‌ره‌كه‌ی سنووردار و بگره بۆ زۆر پرسی ڕۆحیی و به‌هایی و هزرینیش بێده‌سه‌ڵاته.
3. ئینته‌رنێت ناتوانێت جێی ویژدان، هاوڕێیه‌تی، ئه‌خلاق، به‌هاكان، ڕاسته‌قینه و درۆ، خۆشه‌ویستی و سۆز، گریان و پێكه‌نین بگرێته‌وه. به‌ڵام ده‌بینین چۆن ئیمه بۆ گریان و پێكه‌نین، بۆ خۆشه‌ویستی و سۆزگۆڕینهوه، جیاكردنه‌وه‌ی ڕاست له هه‌ڵه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و داتایانه‌ی بڕیاره ئهخلاقیهكانیی له‌سه‌ره‌وه ده‌ده‌ین، بۆ په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، بۆ ئاسووده‌یی ویژدانمان له ئاست ئه‌و ڕووداوانه‌ی به هه‌زاران كیلۆمه‌تر دوور له ئێمه‌وه ڕووده‌ده‌ن، پابه‌ندیی ئینته‌رنێت بووین! ئینته‌رنێت بۆته نه‌ك هه‌ر به‌شێك له ئێستامان، به‌ڵكو به‌شێكیشه له داهاتوومان..
4. ئینته‌رنێت به‌شێكه له داهاتوومان به‌ڵام دابینكهریی هه‌موو داهاتوومان نیه. ئه‌وه‌ی هه‌موو داهاتوومان بده‌ینه ده‌ست ویستێكی ئینته‌رنیتی، یان مژده‌یه‌كی دیجیتاڵی، به هه‌مان ئاست گه‌مژانه‌یه كه له ئێستاوه بڕیار بده‌ین پێویستمان به ئینته‌رنێت و دیجیتاڵیزه‌كردنی ئه‌و ڕێگایانه نیه كه ده‌مانگه‌یه‌نن به داهاتوویه‌كی سه‌ركه‌وتوو. هێنده هه‌یه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت داهاتوومان بهێنینه ئاستی چاوه‌ڕوانیه‌كانمان، ئینته‌رنێت ڕۆڵی خۆی هه‌یه. پێویسته له ئیستاوه له‌و ڕاستییه تێبگه‌ین كه ئینته‌رنێت دیارده‌یه‌كه كه خۆی بۆ ئێمه به‌دیار ده‌خات. به‌ڵام هه‌ر دیارده‌یه‌ك كه ده‌رده‌كه‌وێ، ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێكی خۆی بۆ ئێمه به‌دیارده‌خات، نه‌ك له سهرجهمیهتی خۆیدا. ئێمه له سۆنگه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌وه ده‌توانین ڕهههندهكانیتریشی ببینین و لایان لێبكه‌ینه‌وه. هه‌ر لالێكردنه‌وه‌یه‌كی ئێمه‌ش وه‌ك بكه‌ری ئه‌زموونكه‌ری دیارده‌كان، لالێكردنهوهیه له ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه. ئێمه له یه‌ك كات و له یه‌ك ڕوانگه‌وه ناتوانین كۆی دیارده‌یه‌ك و ڕه‌هه‌نده شاراوه‌كانی ببینین. لالێكردنه‌وه‌ی ئێمه به‌پێی چاوه‌ڕوانیه‌كانمان، بیركردنه‌وه‌مان، پلان و خۆ ئاماده‌كردنمان بۆ بینینی كۆی دیارده‌كه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه بۆخۆی هه‌یه، به ئه‌نجام ده‌گات.
5. به‌بێ خۆ ئاماده‌كردن، پلاندانان و خۆ ڕۆشنبیركردن، ئینته‌رنێت ته‌نیا وه‌ك ئامرازێك بۆ ئێمه ده‌مێنێته‌وه، نه‌ك ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك له خۆیدا. له‌م دۆخه‌شدا بۆی هه‌یه ئینته‌رنێت بمانگهوجێنێ نه‌ك ڕۆشنگهرمان بكات، چونكه وه‌ك دیارده‌یه‌ك بۆی هه‌یه (له ناهووشیاریی ئێمه‌دا)، ڕه‌هه‌ندێكی باش و جوان و مژده‌به‌خشی خۆیمان پیشان بدات و ڕه‌هه‌نده ئازارده‌ر و نائومێدكه‌ر و ماشێنیهكهی بشارێته‌وه و ئێمه به‌و جۆره ئاراسته بكات كه ویستی خۆمانی له‌سه‌ر نه‌بووه. به‌مجۆره‌ش، ئینته‌رنێت هه‌ر ته‌نیا ئامرازێك نیه بۆ به‌كارهێنانی، به‌ڵكه خۆئامادهكرنێكیشه بۆ تێگه‌یشتن له ڕوانگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه. به‌ده‌ستهێنانی ڕۆشنبیریی و ئاستێكی دانایی تایبه‌تیشه كه به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌م دیارده‌یه‌یه. ئینته‌رنێت ته‌نیا هه‌ر ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك نیه، هه‌ر ئامرازێك نیه، هه‌ر ته‌نیا مههارهتێك نیه كه به كۆرسێكی تایبه‌ت له ژێر ده‌ستی مامۆستا پسپۆڕه‌كاندا فێریی ببین. ئینته‌رنێت جۆرێكیش له جیهانبینی نوێ سه‌باره‌ت به بیركردنه‌وه و دهركیی ئێمه له جیهان و به‌كارهێنان و سوودوه‌رگرتن له تواناكان و هه‌سته‌كانی خۆمان پێشنیار ده‌كات.
6. گۆڕان و هه‌ڵگێڕانه‌وه و ئاڵووێر له پێگه و په‌یوه‌ندیی و مامه‌ڵه‌كانی نێوانمرۆییدا، به‌شێكه له‌و واقیعه‌ی ئینته‌رنێت به‌سه‌ر كایه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌یسه‌پێنێت به‌بێ مه‌یل و ڕه‌زامه‌ندیی هه‌میشه‌یی بكه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی. گۆڕان و هه‌ڵگێڕانه‌وه‌ی (شوێن) و (كات) و (سنوور) و (كه‌وشه‌ن)ی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایدیۆلۆژییه‌كان. له دنیایه‌كدا كه بیه‌وێ سوود له ئینته‌رنێت وه‌ربگرێت به ئاراسته‌ی داهاتوویه‌كی سه‌ركه‌وتوودا، پێویسته بكه‌ر پێش هه‌مووشتێك خۆی له قه‌فه‌سی به‌رخۆریی ته‌كنه‌لۆژیا ڕزگار بكات و ته‌كنه‌لۆژیا بناسێت. ناسینی ته‌كنه‌لۆژیا به‌بێ بیركردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی له مرۆڤ و به‌بێ ڕوانگه‌ی زانستیانه له ته‌كنیك، مه‌یسه‌ر نابێت. ته‌كنه‌لۆژیا وه‌ك به‌رهه‌می جیهانبینیه‌كی مۆدێرنی فه‌لسه‌فیی و زانست وه‌ك دایكی تهكنینك و ئامێر، پێشمه‌رجی به‌كارهێنانی ویستباوهڕانه و ئامانجگهرایانهی ته‌كنه‌لۆژیا و له‌وانه‌ش ئینته‌رنێته. ئینته‌رنێت وه‌ك دیارده‌یه‌ك هه‌میشه زیاد له ڕه‌هه‌ندێكی هه‌یه، كه هه‌ندێكیان ئاشكرا به‌دیار ده‌كه‌ون و هه‌ندێكیشیان به شاراوه‌یی ده‌مێننه‌وه، كه پێویستییان به خۆئاماده‌كردنی فه‌لسه‌فیی و زانستی هه‌یه بۆ تێگه‌یشتن و ناسینییان وه‌كئه‌وه‌ی له خۆیاندا هه‌ن. مرۆڤ له ئاستێكی ئاگایی و هووشیاریی تایبه‌تدا ده‌تونێت له دیارده‌یه‌ك تێبگات، كه ئه‌زموونی ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌كات یه‌كسان نیه به‌وه‌ی لێیتێده‌گات. مرۆڤ هه‌ڵه‌ش ده‌كات و به هه‌ڵه‌ش له دیارده‌كان تێده‌گات، به‌ڵام هه‌ڵه شیاوی ڕاستكردنه‌وه‌یه و له‌مه‌شدا فه‌لسه‌فه گرنگیی خۆیی هه‌یه.
7. ئه‌و بوار و كایانه چین كه نابێت به هه‌ڵه ئینته‌رنێتیان بۆ به‌كار بهێنین، تا هه‌ڵه‌كردن له تێگه‌یشتندا نه‌بێته هۆكاری بهههڵهبهكارهێنانیان و له‌وێشه‌وه له‌ده‌ستدانی داهاتوو؟ چونكه داهاتوو ئه‌و به‌ها به‌رزه‌یه كه ئێمه بۆی ده‌ژین، له‌پێناویدا تێده‌كۆشین و وه‌ك ئامانجێك كه به‌هۆیه‌وه مانا به بوونی هه‌نووكه‌ییمان ده‌به‌خشین، خه‌باتی له پێناودا ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ش له به‌های ژیانی داتوومان زیاد ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه سوور ده‌زانین كه داهاتوو ته‌نیا بۆ خۆمان نییه و داهاتوویه‌كی گشتیه و له پێناوی ئه‌وانیتر و نه‌وه‌كانی پاشتردایه.. من لێره‌دا دو پانتایی بیر ده‌خه‌مه‌وه، كه ده‌توانین به‌هۆی تێگه‌یشتن له ئینته‌رنێت، وه‌ك ئامانجی هاوبه‌شی داهاتوومان كاریان بۆ بكه‌ین: په‌روه‌رده و ئه‌خلاق..
په‌روه‌رده و ئینته‌رنێت:
8. په‌روه‌رده ئێستا چۆته قۆناغی ئینته‌رنێتیانه‌ی خۆیه‌وه، به‌ڵام ئینته‌رنێت په‌یوه‌ندییه‌كی جوتجهمسهری له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده هه‌یه. هه‌م شێوازی په‌روه‌رده‌كردن و سیسته‌می په‌روه‌رده ده‌گۆڕێت و هه‌م بۆخۆیشی پهرورهدهیهكی نوێیه. ئینته‌رنێت كۆی بینین و تێگه‌یشتنی ئێمه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن ده‌گۆڕێت و قوتابی و منداڵه‌كان له ئۆبژه‌یه‌كی، یان بابه‌تێكی پهروهدهییهوه ده‌گۆڕێت بۆ سۆژه و بكه‌ر و خودێكی په‌روه‌ده‌یی. چه‌مكی په‌روه‌رده‌ش له (په‌روه‌رده‌كردنه‌وه) ده‌گۆڕێت بۆ خۆپه‌روه‌رده‌كردن، یان په‌روه‌ده‌یه‌كی (بهشدارییكهر). پێگه‌ی منداڵ و گه‌نجان له سیسته‌مه‌كه‌دا ده‌خاته پێشه‌وه‌ی مامۆستاوه و منداڵ به‌هۆی ئینته‌رنێته‌وه زووتر له مامۆستا ده‌ستبه‌كار ده‌بێت. ئه‌مه چه‌نده به‌دیوێكدا دڵخۆشكه‌ره، ئه‌وه‌نده‌ش به‌و دیوه‌ی تردا كه په‌روه‌ده‌یه‌كی ته‌كنه‌لۆژیانه‌یه به‌بێ ئه‌زموونی مرۆیی، كاره‌ساتباره. پشتبه‌ستنی ڕه‌ها به ته‌كنه‌لۆژیا له بواریی په‌روه‌رده‌دا به‌بێ ئه‌زموونی مرۆیی و تێگه‌یشتن، هه‌ر ئه‌وه‌نده مه‌ترسیداره وه‌كئه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا له په‌روه‌رده‌دا پشتگوێ بخه‌ین. هه‌ڵه‌كه‌ش ڕێك لێره‌دا ڕووده‌دات: ته‌سلیمكردنی په‌روه‌رده و خۆپهروهردهكرن به منداڵ و گه‌نجان خۆیان، به‌مانای بڕواهێنانه به ئامێر وه‌ك بیركه‌ره‌وه، یان بڕوایه‌كی بێبنه‌مایه به ته‌كنه‌لۆژیا به‌بێ فه‌لسه‌فه و تێگه‌یشتن. له‌به‌ر ئه‌وه ڕۆڵی مامۆستا له په‌روه‌رده‌دا گهرانتێكه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ ئه‌زموونه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ جیهانی واقیع، نه‌ك پشتبه‌ستن به میمۆریی ته‌كنه‌لۆژیانه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی ئهزموونكهره و له هه‌ر ئهزموونێكیدا بۆ دیارده‌كانی ژیان، شتێكی نوێ فێر ده‌بێت و هه‌ڵه‌یه‌كی پێشووی له تێگه‌یشتندا ڕاستده‌كاته‌وه. ئه‌م دووباره‌كردنه‌وه‌یه، ئه‌م به‌رده‌وامیی ئه‌زموونه جیاوازه له هه‌ڵگرتنه‌وه و داتاكردنی زانیاری. كۆمپیۆته‌ر هه‌زاران جار له مرۆڤ زیاتر زانیاری هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یهێنێته‌وه‌و داتای ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێت وه‌كئه‌وه‌ی مرۆڤ له پاش و له‌گه‌ڵ هه‌ر ئه‌زموونكردنێكی بۆ جیهانی ده‌ره‌كی، بیربكاته‌وه و زانیارییه‌كانی (information) بكاته دانایی (knowledge). به‌مجۆره‌ش به‌بێ تێگه‌یشتن له مرۆڤ و چۆنێتی گۆڕینی زانیاری و داتاكان بۆ دانایی و حیكمه‌ت، پهروهرهدهیهكی پشتبه‌ستوو به ئامێر، مرۆڤێكی ئامێریت بۆ دروستده‌كات. ئه‌مه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یه نابێت بیكه‌ین. پرۆسه‌ی زانین و فێربوونی پیشه و مه‌هاره‌ت و كارامه‌یی، له بۆنه‌یه‌كدا به‌ئه‌نجام ده‌گات كه ڕووخساره‌كان (شاره‌زا و فێرخواز، یان منداڵ و مامۆستا) ڕووبه‌ڕووی یه‌كتر بن، نه‌ك ڕوو له شاشه‌كان.. مرۆڤ له فێربوون و تێگه‌یشتندا وه‌ك مێرلۆپۆنتی له (دیارده‌ناسی ئیدراك)دا، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، پشت به جه‌سته‌ی خۆی ده‌به‌ستێت، جه‌سته تێگهیهنهره و له‌شی ئێمه بێلایه‌ن، یان له په‌راوێزی فێربوون و تێگه‌یشتندا نیه. ئامێر، كۆمپیۆته‌ر جێگره‌وه‌ی یان، نوسخه‌یه‌ك له له‌ش و جه‌سته‌ی مرۆڤ نیه، بۆیه به پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیانه‌ی په‌روه‌رده و به ته‌كنه‌لۆژیكردنی پڕۆسه‌ی زانین، مرۆڤ (مامۆستا)، له په‌روه‌رده‌كردندا گرنگیی خۆی له‌ده‌ست نادات.
ئه‌خلاق و ئینته‌رنێت:
9. ئه‌خلاق و ئینته‌رنێت له چیدا یه‌كده‌گرنه‌وه؟ ئینته‌رنێت په‌نجه‌ره‌یه‌كی فراوان له‌سه‌ر دنیابینی ئه‌خلاقیانه‌ی ئێمه ده‌كاته‌وه. جیهان له ئینته‌رنێتدا بۆ تاكه‌كه‌س ده‌بێته گوندێكی بچكۆله كه ده‌توانێت تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر به هه‌موو شتێكی ئه‌م دنیایه ئاشنا بێت له چوارچێوه‌ی ئه‌و داتایهندا كه له نێتدا به‌ده‌ستیان ده‌هێنێت.. ئینته‌رنێت له ڕاستیدا شكاندنی كۆی ئه‌و سانسۆرانه‌یه كه به‌ناوی خودا، پاشا و باوكه‌وه له‌سه‌ر مرۆڤ داندرابوون. مرۆڤ له‌گه‌ڵ ئینته‌رنێتدا پابه‌ندیی هیچ یاسایه‌كی خودسانسۆركهر نیه و ئازادیی گه‌ڕان به‌ناو تۆڕهكاندا چێژی ئه‌زموونكردنی ئازادانه‌ش ده‌خاته مێشكی به‌كاربه‌ره‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئینته‌رنێت هه‌میشه ناچار به هه‌ڵبژاردنی ئاكاریانه و ئه‌خلاقیانه‌مان ده‌كات. ئینته‌رنێت جیهانمان له شێوه‌ی (فره‌یی، هه‌مه‌ڕه‌نگیی، په‌یوه‌ندیی، لالێكردنه‌وه، به‌رپرسیاری، پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن، گفتوگۆ، لێبوورده‌یی و به‌خشین و ئه‌زموونی هاوبه‌ش) و هتد.. پێده‌ناسێنێته‌وه. ئه‌م په‌نجه‌ره فراوانه كه دنیای لێوه ده‌بینرێ، ناچار به داڕشتنه‌وه‌ی شوناسمان ده‌كات، له شوناسێكی لۆكاڵییه‌وه بۆ شوناسێكی جیهانیانه. ناچار به خۆڕزگاركرنمان ده‌كات له په‌نجه‌ره بهرتهسكهكانی ئایدیۆلۆژیا و ئایین و ڕه‌گه‌زپه‌رستیی و ڕه‌هاییگه‌ریی سیاسیی و هتد. ئه‌زموونی شارستانیه‌ته‌كان و مێژوو ئه‌وه‌ی پیشانداوین، كه له‌نه‌بوونی بواری هه‌ڵبژاردن و ناسیندا ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ به‌رته‌سك بووه و له سۆنگه‌ی ئایینێكی تایبه‌ت، ئایدیۆلۆژیه‌كی تایبه‌ت و لهخۆتێگهیشتنێكی تایبه‌ته‌وه، ڕوانیویه‌تیه جیهان و ئه‌وانیتر. به‌ڵام هه‌ركات مرۆڤ ده‌رفه‌تی ناسین، بهراووردكاریی، هه‌ڵبژاردن و خودموختاری هه‌بووبێت به جۆرێكی دیكه‌ش بیریكردۆته‌وه. یۆنانیه‌كانی ئه‌سینا وایانده‌زانیی ئه‌وان تاكه میلله‌تی هه‌ڵبژارده‌ن و عادات و خوو و ڕه‌وشت و شیوه‌ژیانی ئه‌وان نمونه‌یی به‌رزیی ئاكاریی مرۆییه. به‌ڵام كاتێك له ئه‌نجامی تێكه‌ڵبوونی بازرگانییه‌وه میلله‌تانی تریان ناسی، تێگه‌یشتن كه یاسا و خوو و ڕه‌وشت و شێوه‌ژیانی ئه‌وان تاقانه نیه و خه‌ڵكانێك هه‌ن به شێوازێكیتر ده‌ژین و هیچ له‌وه‌ی ئه‌وان كه‌متر نیه، بیریانكرده‌وه و فه‌لسه‌فه‌یان داهێنا. ئه‌وان له‌و ئه‌زموونه‌وه فێربوون و تێگه‌یشتن كه شێوه‌ژیانی ئه‌وان ته‌نیا یه‌كێكه له شێوهژیانهكانی جیهان. ئینته‌رنێت بهدیوێكدیدا ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌یه كه تاكه‌كه‌سه‌كان خۆیانی له‌به‌رده‌مدا ده‌بیننه‌وه تا بتوانن خۆیان له پێشنووسه ئه‌خلاقیه میراتیهكان ڕزگار بكه‌ن و هه‌ڵوێست و ڕه‌فتارێك بنوێنن كه خودی خۆیان له‌ودیو سنووری ئایین و ئایدیۆلۆژیا و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه به‌خۆیان بناسێنێته‌وه. به دیوه‌كه‌ی تریشدا دنیای ئینته‌رنێت بۆی هه‌یه به‌و زانیارییه ڕهمهكیانه ته‌وق بدات كه وێناپێشوهختهكان (a priory imaginary) له‌سه‌ر ئه‌وانیتر پته‌و ده‌كه‌ن و ببێته كه‌ناڵ و ئامرازێك بۆ شكاندنه‌وه‌ی ئه‌وانیتر به پاساوی ئه‌وه‌ی جیاوازن.. ئینته‌رنێت پیشئهوهی ئه‌زموونێكی كرده‌یی بێت ئه‌زموونێكی زه‌ینی و هۆشه‌كییه. فه‌لسه‌فه و دووباره‌بیركردنه‌وه له‌دایكبووی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌یه كه مرۆڤ هه‌ستده‌كات ئه‌و له‌م جیهانه‌دا به‌ته‌نیا نیه و خهڵكانێكیتریش هه‌ن كه پێویسته گفتوكۆیان له‌گه‌ڵدا بكات بۆ ئه‌وه‌ی باشتر تێبگات كه بۆخۆی چۆن بیر ده‌كاته‌وه.
10. له‌به‌ر ئه‌وه ئینته‌رنێت چ وه‌ك به‌رهه‌می زانست و چ وه‌ك ساتهوهختیكی فه‌لسه‌فیی و دووباره‌بیركردنه‌وه، ئازادییه‌كی زۆر به مرۆڤ ده‌به‌خشێت ئه‌گه‌ر بتوانێت ئه‌م ئازادییه به‌كار بهێنێت به‌و ئاراسته‌یه‌دا كه چۆن ببێته خۆی.
په یوه ندی