-
MOC.OOTAHAD
-
selcitrA
seidutS
erutuF
-
MOC.OOTAHAD
خهڵک چییه؟
خهڵک چییه؟
جۆرجیۆ ئاگامبن/وەرگێران:مەنسور تەیفوری
١
هەر چەشنە لێکدانەوەیەکی واتای سیاسیی وشەی "خەڵک" دەبێ لەم
راستیە تاقانەوە دەست پێبکات کە، لە زمانە ئورووپیە مۆدێرنەکاندا، ئەم وشە هەمیشە
تەعبیریش بووە لە هەژاران، بێبەشان، دەرکراو و وەلانراوان. هەمان وشە هاوکات
تەعبیرە لە سووژەی سیاسی دامەزرێنەر و هاوکات ئەو چینەی کە، بە کردەوە نەک بە
یاسا، لە سیاسەت دەرکراوە.
Peuple فەرەنسی، popolo ئیتالی، pueblo ئیسپانی (وەک
ئاوەڵناوە خەڵکیە هاوتاکانیان،popolar ، popular و زاراوەی لە
رەچەڵەکی لاتینی وەک populus و popularis، کە هەموویان لەمانەوە گیراون) هاوکات چ لە زمانی رۆژانە و چ لە
زمانی سیاسەتدا هەرچۆن تەعبیرن لە کۆی هاوڵاتیان وەک جەستەیەکی سیاسیی یەکە(وەک لە
"خەڵکی ئیتالیا" یان لەjuge populaireداواکاری گشتیدا)
بریتیشن لە ئەندامانی چینە نزمەکان (وەک "homme de peuple
رەشۆکی و خەڵکی"، "گەڕەکی خەڵکی"، "بەرەی
خەڵکی"). تەنانەت peopleی زمانی ئینگلیزی،
کە واتاکەی [لە وشەکانی دیکە] پڕ و یەکەترە، هێشتا واتای خەڵکی ئاسایی
people ordinary
بەرامبەر دەوڵەمەندان و بنەماڵەکان، لەخۆیدا هەڵگرتووە. لە دەستووری
ئامریکاشدا بێ هیچ جیاکارییەک دەخوێنینەوە، "ئێمەی خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان..."؛
بەڵام کاتێ لینکۆلن باسی"حکومەتی خەڵک بە خەڵک و بۆ خەڵک" دەکات،
دووپاتکردنەوەکە ناڕاشکاوانە خەڵکێکی دووهەمین لە بەرامبەر خەڵکی یەکەمدا دادەنێت.
با ئەم لێڵییە کە تەنانەت لە کاتی شۆڕشی فەرەنسادا جەوهەری بوو(واتە رێک ئەو
ساتەوەختەی کە ئاڵای بنچینەی حوکمداریی خەڵکی بەرزدەکرێتەوە) بەو دەورە دیاریکەرە
دەسەلمێت کە بەزەیی بۆ خەڵک وەک چینی تەرەکراو دەیگێڕێت. هانا ئارێنت ئاماژە بەوە
دەکات کە "تەنانەت پێناسەی زاراوەکە لە بەزەییەوە لە دایک بووە و وشەکە بوەتە
هاوتایەک بۆ بێبەختی و چارەڕەشی
رۆبسپیر راهاتبوو بڵێ کە خەڵک، بێبەختان، پەسنم دەکەن؛ تەنانەت سییە،
سیمایەکی بە دەگمەن هەستەکی و هەرە نەرمی شۆڕش دەیگوت: خەڵکی هەمیشە بێبەخت". بەڵام ژان بۆدەن،
بە ئاراستەیەکی پێچەوانەدا، لە فەسڵی کۆماردا کاتێ دیمۆکراسی، یان دەوڵەتی خەڵکی
پێناسە دەکات، چەمکەکە لە لای دوولانە دەبێت: لە بەرامبەر خەڵک لە جەستەدا peuple en corps وەک خاوەنی
حوکم، خەڵکی رەشۆکی و ورد menu peuple هەیە، کە حیکمەت و زانایی داوای دەرکردنیان لە دەسەڵاتی سیاسی
دەکات.
٢
لێڵییەکی مانایی هێند دووپاتەکیی و بەردەوام ناتوانێ بە رێکەوت بێت: بەڵکوو
ئەم لێڵییە دەبێ رەنگدانەوەی لێڵییەکی ناونشینی نێو سرووشت و کاری چەمکی خەڵک
بێت لە سیاسەتی رۆژئاواییدا. بە کردەوە هەموو شتێک وادیارە چما ئەوەی ئێمە
پێیدەڵێین خەڵک لە راستیدا نەک سووژەیەکی یەکانگیر، بەڵکوو هاتوچۆیەکی دیالێکتیکیە
لە نێوان دوو جەمسەری لێکدژدا: لە لایەکەوە کۆمەڵی خەڵک وەک جەستەی سیاسیی
تەواو، لەولاوە بن
کۆمەڵە خەڵک وەک فرەیی لەتلەتی جەستە هەژار و دەرکراوەکان؛ لە لایەک راکێشانێک [بەرەو نێوەوە] هەیە کە لای
وایە هیچ پاشماوە و ماگێکی نییە، لەولاوە دەرنانێک کە ئاگای لە بیێهیوایی خۆیەتی؛
لە لایەکدا، دۆخی رەبەقی هاوڵاتیانی حاکم و ئاوێزانبوو، لەولاوە راگرتنی
لە دەرباری پەرجووەکان[1]
یان ئوردووگادا
هەژاران، چەوساوان و سەرکوتکراوان. نمونەیەکی تاقانە و چڕی وشەی
"خەڵک" بەم مانا لە هیچ کوێ نییە: وەک گەلێ چەمکی سیاسیی بنچینەیی (کە
لەم لایەنەوە لە urworteی ئادێل و فرۆید یان پێوەندییە زنجیرەپلەییەکانی دۆمان
دەچێت)، خەڵک چەمکێکی جەمسەرییە کە بزووتنێکی دوولانە و پێوەندییەکی ئاڵۆز لە نێوان
دوو دواڕادەدا وێنە دەکێشێت. بەڵام هاوکات تەعبیریشە لەوەی کە رۆنان یان دامەزرا ندنی
چەشنی مرۆیی لە جەستەیەکی سیاسیدا بە ناخی کەرتبوونێکی بنچینەییدا تێدەپەڕێت و لە
نێو چەمکی "خەڵک"دا دەتوانین بێ گرفت ئەو دوانە وتەزاییانە بناسینەوە کە
بونیادی سیاسیی دەسپێک پێناسە دەکەن: ژیانی رووت (خەڵک) و بوونی سیاسی (خەڵک)،
دەرکردن و راکێشان [بۆ نێوەوە]، zoé
و bios. لە راستیدا
"خەڵک" هەمیشە لە خۆیدا ئەم درز و شکانە ژینسیاسییە بنچینەییەی
هەڵگرتووە. ئەمە ئەو شتەیە کە ناتوانێ ناونشینی ئەو گشتە بێت کە بەشێکیەتی و،
ئەوەیە کە ناتوانێ سەر بەو کۆمەڵە بێت کە هەمیشە ناونشینی بووە.
لێرەوەیە ئەو ناکۆکی و گرفتانەی ئەم چەمکە دەیخاتەوە هەر
کاتێک کە لە شانۆی سیاسیدا ئاوڕێ لێدەردرێتەوە و دەورووژێنرێت. خەڵک ئەو چەمکەیە
هەمیشە هەبووە و دەبێ، لەمە بەدواش، خۆی بەدیینێت: خەڵک سەرچاوەی رووتی هەموو شوناسێکە
و کەچی دەبێ بێدابڕان لە رێگەی دەرنان، زمان، خوێن و هەرێمەوە خۆی پێناسە و
پاکبکاتەوە. یان باشتر، لە بەرامبەردا، خەڵک ئەو شتەیە کە بە جەوهەر واز لە خۆی
دێنێت و لە ئەنجامدا بەدیهاتنی یەکسانە بە لەکارکەوتنی؛ خەڵک ئەو شتەیە کە بۆ
ئەوەی ببێت دەبێ بە دژەکەی خۆی نەفی بکات(گرفت و دامانە تایبەتەکانی بزووتنەوەی
کرێکاری، کە هاوکاتی نیشانکردنی لەکارخستنی چەمکەکە روو لە خەڵک دەکات،
لێرەوە دێت). هەموو جار وەک ئاڵای خوێناوی پاشڤەڕۆیی و ئاڵای لەرزۆکی شۆڕشەکان و
بەرە خەڵکییەکان، چەمکی خەڵک لە هەموو دۆخەکاندا دابڕان و درزێکی ریشەییتر لە
دابڕانی نیوان دۆست
دوژمن لە خۆ دەگرێت، جەنگی ناوخۆییەکی نەبڕاوە کە توندتر لە هەر لێکدژییەک
لەتی دەکات و، هاوکات، یەکپارچەش رایدەگرێت و توندتر لە هەر شوناسیێک رۆیدەنێت.
تەنانەت گەر ورد بڕوانین، ئەوەی مارکس شەڕی چینایەتی پێدەڵێت و، لە بنچینەدا بە بێ
پێناسە دەمێنێتەوە و، هێند لە بیرکردنەوەی مارکسدا جێگەیەکی ناوەندیی و گرنگی
هەیە، چ نییە جگە ئەم شەڕە نێوەکیەی تا ئەو کاتەی لە کۆمەڵگای بێ چین یان لە
پادشایەتی مەسیحاییدا، خەڵک و خەڵک بە یەک و دەقاودەق ببن، واتە ئەو
کاتەی کە، رێک بە واتای پڕ بە پێستی وشەکە، چ خەڵکێک نەبێت، هەموو خەڵکێک لەت و
دابەشدەکات.
٣
ئەگەر راست بێت کە خەڵک بە پێویست لە خۆیدا هەڵگری دابڕان و درزی ژینسیاسیی
بنچینەییە، دەشکرێ لە لایەنێکی نوێوە هەندێ لاپەڕەی دیاریکەری مێژووی سەدەی ئێمە
بخوێنرێتەوە. چونکوو، ئەگەر شەڕی نێوان ئەم دوو "خەڵک"ە بە حەتمی هەمیشە
لەکاردا بووە، ئەوا لە سەردەمی ئێمەدا ئەم شەڕە گەشتۆتە ترۆپکی خۆی. لە رۆم [ی
کەونارا] دا دابڕانی نێوان خەڵک لە لایەنی مافناسانەوە بە دابەشکردنی نێوان populus و plebs
پەسەند کرابوو، کە هەر لایەک دەزگا و سیستمی دادوەری تایبەتی خۆی هەبوو، هەر چۆن
لە سەدە ناوەڕاستەکاندا جیاکاریی لە نێوان "popolo minute" و "popolo grasse"
دەقاودەقی داڕشتنێکی وردی هونەر و پیشە جیاوازەکان بوو؛ بەڵام کاتێ لە شۆڕشی
فەرەنسا بە دواوە، خەڵک دەبێتە تاقە خاوەنی حوکمداریی، خەڵک دەگۆڕێت بۆ
بوونێکی گرفتاوی و، هەژاری و تەراندن بۆ یەکەمجار وەک رسواییەکی لە هەر ئاستێکدا
وەرنەگیراو دەرکەوت. لە سەردەمی مۆدێرندا، هەژاری و دەرنان تەنیا هەندێ چەمکی
ئابووری یان سیاسی نین، بەڵکوو هەندێ وتەزای تەواو سیاسین(ئیکۆنۆمیسم و "سوسیالیسم"
کە وا دیارە بە سەر سیاسەتی مۆدێرندا زاڵ بوونە، لە راستیدا مانایەکی سیاسییان
هەیە، یان بە وتەیەکی تەواوتر مانایەکی ژینسیاسی). لەم روانگەوە سەردەمی
ئێمە چ نییە هەوڵی
بێوچان و بە میتۆد
بۆ پڕکردنەوەی ئەو درز و دابڕانەی کە خەڵک لەت و دابەش دەکات، هەوڵیک بۆ
سڕینەوەی ریشەیی خەڵکی دەرنراو. ئەم هەوڵە، بە ئاسۆ و ئاستی جیاوازەوە، راست و
چەپ، وڵاتانی کاپیتالیست و وڵاتانی سوسیالیست، پێکەوە لە پرۆژەی بەرهەمهێنانی
خەڵکیکی یەکە و بێدرزدا کۆدەکاتەوە
پرۆژەیەک کە سەرەڕای بێهوودەییەکەی تا رادەیەک لە هەموو وڵاتانی پیشەسازیدا
هاتوەتە دی. ئەگەر کەڵکەڵە و سەودای پەرەسەندن لە سەردەمی ئێمەدا هێند کاریگەرە،
هۆکەی ئەوەیە ئەم کەڵکەلە دەقاودەقە لەگەڵ پرۆژی ژینسیاسیی بەرهەمهێنانی خەڵکێکی
بێ دابراندا.
قڕکردنی جووەکان لە ئاڵمانی نازیدا، لەم روانگەوە،
واتایەکی تەواو نوێ وەردەگرێت. وەک خەڵکێک کە نایەوێت لە جەستەی سیاسی نەتەوەییدا
بتوێتەوە (وا گومان دەکرێت کە لە راستیدا هەر جۆرێکی توانەوە و ئاسیمیلەبوونی ئەم
خەڵکە تەنیا رواڵەتی و شانۆییە)، جووەکان نوێنەرەوەی تەواو و تاڕادەیەک هێمای
زیندووی خەڵکن، هێمای ئەو ژیانە رووتەی کە مۆدێرنێتی بە پێویست لە خۆیدا
دەیخولقێنێت، کەچی ئامادەییەکەی رەبەق وەرنەگیراوە. لەم رقە راشکاوەشدا کە لێیەوە Volkی ئاڵمان وەک
نوێنەری رەبەقی خەڵک وەک جەستەی سیاسیی یەکپارچە، هەوڵدەدات جووەکان بۆ هەمیشە
بسڕێتەوە، دەبێ قوناغی دوایینی ئەو شەڕە نێوەکیە لێکبدەینەوە کە خەڵک و خەڵک
دابەشدەکات. لەگەڵ دوایین چارەدا (کە هاوکات، نە بە رێکەوت، قەرەجەکان و نەتواوەکانی
دیکەش دەگرێتەوە)، نازیسم لەخۆڕا و لێڵ و پێڵ لە رزگارکردنی شانۆگەی سیاسی رۆژئاوا
لەم سێبەرە هەڵنەکراوە دەگەڕێت، بۆ ئەوەی لە دواییدا Volkی ئاڵمان وەک
خەڵکێک کە درزە سیاسیە ریشەییەکەی پڕکردوەتەوە بەرهەم بێنێت(لەبەر ئەمەیە کە
سەرۆکە نازیەکان لاسارانە دووپاتیاندەکردەوە کە ئەوان بە قڕکردنی جووەکان و
قەرەجەکان لە راستیدا کار بۆ خەڵکانی دیکەی ئورووپا دەکەن). بە گۆڕینی بنەمای
فرۆیدیی پێوەندیی نێوان خود و من، دەتوانین
بڵێین کە ژینسیاسەتی مۆدێرن بە پێی ئەم بنەما دارێژراوە کە "لە کوێ ژیانی
رووت هەیە، دەبێ خەڵکێک هەبێت"، بەو مەرجەی کە خێرا ئەمەش زیاد بکەین
کە پێچەوانەی ئەم داڕشتنەش راستە و "لە کوێ خەڵکێك هەیە، ژیانێکی رووت
دەبێت". ئەو دابڕانەی کە وادیارە بە سڕینەوەی خەڵک پڕکراوەتەوە(کە
جووەکان هێماین) سەرلەنوێ خۆی بەرهەمدێنێتەوە، کۆی خەڵکی ئاڵمان دەگۆڕێت بۆ ژیانی
پیرۆزی مەحکووم بە مردن و بۆ جەستەی ژینسیاسی کە دەبێ بێکۆتا بپاڵێورێت(ئەویش بە
قڕکردنی نەخۆشە دەروونیەکان و هەڵگرانی نەخۆشینی بۆماوە). ئەوڕۆکەش، لە لایەنێکی جیاواز
و بەڵام هاوتاوە، پرۆژەی دیمۆکراتیکۆ
کاپیتالیستیی سڕینەوەی چینە هەژارەکان لە رێگەی پەرەدانەوە، نەک بە تەنیا
خەڵکی دەرنراو لە خۆیدا بەرهەم دێنێتەوە، بەڵکوو کۆی دانیشتوانی جیهانی سێهەم
دەگۆڕێت بۆ ژیانی رووت. تەنیا ئەو سیاسەتەی کە دەتوانێ لەم دابڕانە ژینسیاسیە
بنچینەییەی رۆژئاوا تێبگات و وەریبگرێت دەتوانێ ئەم بێسەقامییە رابگرێت و خاڵی
کۆتاییەک لە سەر ئەو شەڕە ناوخۆییە دابنێت کە خەڵک و شارەکانی دنیا لەت دەکات.
سەرچاوەی فەرەنسی:
Giorgio Agamben, Qu’est-ce
qu’un peuple ?, in Moyens sans Fin, tr. Daniél Valin, Rivage Poche, Paris, 2002, p. 39-46 .
سهرچاوهی ئینگلیزی:
Giorgio Agamben, What is a people? in Means without End,tr by Vincenzo Binetti and Cesare
Casarino,University of Minnesota Press,2000
1. Cour des miracles:
بە پێی مانای کۆن، بریتییە لەو شوێنانەی هەندێ گەڕەکی پاریس کە هەژاران
شەوان تێیدا دەمانەوە، ناوچەیەکی دەرەوەی ماف، بەڵام ئەو کوێر و شەلانەی دەچوونەوە
ئەوێوە لەوێ چاک دەبوونەوە، واتە بە پێی بڕوای خەڵک ئەوان وایاندەنواند کە نەخۆش
یان ناتوانن و لەوێ چاک و ساغ بوون، لە بەر ئەوە ئەو شوێنانە ناونرابوون دەرباری
پەرجوو و موعجیزەکان. _و.ک.