- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
کاریگەرییەکانی میشێل فۆکۆ لەسەر چەمکی شووناس لای جودیت باتلەر
کاریگەرییەکانی میشێل فۆکۆ لەسەر چەمکی شووناس لای جودیت باتلەر
بەفراو نوری
یەکێ لە ئاڵۆزترین چەمکەکان لە فەلسەفەی مۆدێرندا چەمکی سوژە و شێوەی دروست بوونیەتی. فەلسەفە جیاوازەکان سەبارەت بە سروشت و بوون و نەبوونی سوژە لە ململانێدان و یان ئەگەر بوونی هەیە ئایا بە فاکتەری بایلۆژی دەست نیشان دەکەرێ یان فەرهەنگ و کۆمەڵگا دەستی سەرەکیان لە دروست بوونیدا هەیە ، بۆ نمونە لای لاکان، سوژە هەمیشە کەلێندارە و بوونێکی تەواوەتی و راستەقینەی نیە، پێکهێنەکانی سوژە هەمیشە لە بری ئەوەی بگەرێنەوە بۆ خۆی، زۆرتر ئەگەڕێنەوە بۆ ئەوانی دیکە، لای لاکان مرۆڤ دەیەوێت لە ئەوانی تر بچێت، بەوەش کاریگەری کۆمەڵگا و زمان لەسەری لە کاریگەری بایلۆژی بەهێزترە. بەڵام لای فرۆید بایلۆژی ڕۆلێکی گرنگ لە دروست بوونی سوژەدا دەگێڕێت. لای فرۆید غەریزە بایلۆژیەکان ژێر خانی سەرەکین بۆ دروست بوونی کاراکتری مرۆڤ، ئیروس و تاناتۆس کە دوو غەریزەی گەورەکارن لای فرۆید هەردووکیان سەرچاوەی بایلۆژیان هەیە. ئەم ناکۆکیە لە تێڕوانیندا بۆ سوژە بە توندی لە بواری سێکس و جێندەردا رەنگی داوەتەوە. ئایا ئێمە وەک ژن و پیاو لەدایک دەبین، یاخود ژنبوون و پیاوبوون زادەی کلتور و کۆمەڵی باوک سالاریە. فمێنیزمەکان و نووسەرانی بواری جێندەر هەرکامیان لای خۆیەوە، بۆچون و ڕوانگەی جیاوازیان لە سەر دروست بوونی سوژەی مێ هەیە. بۆ نمونە سیمۆن دوبوار لە دروست بوونی سوژەی مێدا بڕوای وایە کە بایلۆژیا و کلتور، هەردووک ڕۆڵیان هەیە، بەڵام بایلۆژیا جنسمان دیاری دەکا، کۆمەڵگاش جێندەر. سیمۆن دووبوار لە بەینی سێکس و جێندەردا جیاوازی دادەنێت و ئەڵێت سێکس شتێکی بایلۆژیە و جێندەر بەرهەمی کلتورە، ئەوەی سوژەی مێش دەست نیشان دەکات جێندەرە نەوەک سێکس. دووبوار وادەبینێ ژن بە شێوەیەک کە ئێمە دەیناسین و بوونی هەیە، دەستکردی کۆمەلگایە، ئێمە وەک ژن لە دایک نابین، بەڵکو بە ژن کراوین. ژولیا کریستیڤاش ژنێتی بایلۆژی رەت ناکاتەوە، بەڵکو رای وایە رەگەزی ژنیەتی بەشیکی گرنگی سوژەی ئادەمیزادە، بەڵام لە قۆناغێکی زووی منداڵیدا زمانی باوک زمانی دایکانە دەخنکێنێت و بە جەشنە لەفز و گوزارەیەکی نێرانە جێگای دەگرێتەوە.لای کریستڤا زمانی ژنیەتی بەشە خنکاوەکەی بوونمانە کە دواتر لە شێوەی شێعر و ئەدەبیاتدا خۆی نیشان دەداتەوە. لەم نێوەدا فیلسوفی هاوچەرخی ئەمریکی جودیت باتلەر، روانگایەکی نەیار دەخاتە بەر دەستمان، ئەو رەخنە لە زۆرینەی فمینیزمەکان دەگرێت و پی وایە ئەوی کە فمینیزمەکان دەڵین جنس شتێکی بایۆلۆژی و سروشتییە و جێندەر بەرهەمی فەرهەنگە بە هەڵەدا چوون. باتلر جیاوازیەک لە نێوان جنس و جێندەردا نابینێت و پی وایە جنس پاشکۆی جێندەرە و ئەو بۆچوونە رەددەکاتەوە کە گوایا جنس سروشتیە و جێندەر دەستکرد و بەرهەمی کلتورە. بە بڕوای باتلەر جێندەر وەکو ئامێرێکی دیسکۆرس ، جنس بەرهەم دەهێنێت. ئەوە واتای گوتار و زمان پێش دەست نیشان کردنی جنسن کەوتون، جەستەی مرۆڤ بەر لە زمان و دیسکۆرس بوونی نیە یان سروشتی دیاری ناکرێ. لەروانگە ی باتلەرەوە، جنس و جێندەر یەک شتن و هەردووک زادەی دیسکۆرس و زماننن. ئەمە بە دژی سیمۆن دووبوار بوو کە پێ وابوو جنسی بایلۆژی بوونی هەیە و نێر و مێ دوو دیاردەی سروشتین، ئەوەی کە کۆمەڵایەتیە ژن بوون یاخود پیاوبوونە. باتلەر رەهەندی بایلۆژی جنس زۆر کەم بەها دەبینێت، تەنیا وەک چەمکێکی دیسکۆرسی و زمانەوانی سەیری دەکات، لەوەدا پێداگری دەکا کە شووناسی نێر و مێ وەک چۆن سیفاتی ژنیێتی و پیاوەتی زادەی کلتور و دیسکۆرسن ، ئەوانیش بەرەدەستی هەمان کلتور و دیسکۆرسن نەوەک شتێکی بایلۆژی و سروشتی بن کە لە ئەزەلەوە بوونیان بووبێ. بە رای باتلەر جێندەر شتێک نیە لە بوونەوە پێمان بەخشرا بێت، جێندەر ئەوەیە خۆمان لە رێگای هەڵسوکەوت و رەفتارەکانمانەوە دروستی دەکەین، شتێکە کۆمەڵگا لە ڕێگای دوبارەبوونەوە وە بەسەرماندا سەپاندوێتی و ئێمەش ملکەچانە نمایشی ڕۆڵەکەی دەکەین. باتلەر دەڵێ، ئێمە بە کردەوەکانمان جێندەری خۆمان دیاری دەکەین، لە رێگای زمان و رەفتار و شێوەی خۆ گۆرین و جوڵەی لەش و ئاماژەی دەموچاوەوە، بەرگی ژن بوون و پیاوبوون دەپۆشین. بەم جۆرە شووناسی سێکسی ئێمە شتێک نیە بتوانین جیای بکەینەوە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەمان، شووناس لە لای باتلەر بەرهەمی دوبارە بوونەوەیە، باتلر ئەو دوالیزمەی نێر و مێ کە فمینیستەکانی پێشو باوەریان پێ بووە دەخاتە ژێر پرسیار، دژی هەر بوچونێک دەوەستێتەوە کە شووناسی تایبەت بۆ ژن قائیل دەبێت، یان پێیان وایە ژن بۆ خۆی مەیل و ئارەزو و بیر کردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە بەرامبەر سوژەی پیاودا سوژەیەکی ژنانە دروست دەکەن. ئەو پێ وایە کە کورت کردنەوەی ئینسان بۆ دوو شووناسی نێر و مێ، کەسەکان لە فرە رەنگی دوور دەخاتەوە و بوونیان لە دوو شێوەدا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا جێندەر دەشێ جیا لە نێر و مێ، بوارێ بێت ڕەنگی تریش لە خۆ بگرێ. باتلەر دەڵێت، کە جیا لە شۆناسی ژن و پیاو، دەکرێت چەندین شۆناسی ترمان هەبێت، ئەگەر رێگای دەرکەوتن و دەڕبڕینیان هەبێت، دەتوانن ئازاد خۆیان دەربخەن و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا نەکەونە ژێرێ. لای جودیت باتلەر، ژن بوون و پیاو بوون لە خۆیاندا هەڵگری مەیل و سیفەتی پارادۆکسن، ژنێتی خالیس و پیاوەتی خالیس بوونی نیە، ئەم پارادۆکسانە ئەگەر رێگای خۆ دەرخستنیان هەبێت لەوانەیە وەک شووناسێک و جنسێکی نوێی جیاواز لەو دوو جنسە پێناسە بکرێن، بۆیە بە توندی دژی دوالیزمی نێر و مێیە و شۆناسی مرۆڤ بۆ ئەو دوانە کورت ناکاتەوە. ئەم دوو شۆناسە بە بەرهەمی دیسکۆرس و بە کایەی زمان دەزانێت کە لە ناو خودی دیسکۆرس و زماندا دەکرێت پێچەوانەی ئەم شۆناسانەش بەرهەم بێن.
باتلەر بۆ تیوریەکەی خۆی لە فۆکۆ و چەمکی دەسەڵاتی فۆکۆ سودمەند بووە. فۆکو پێ وایە دەسەڵات لە هەموو لایەکەوە هەڵدەقولێت و لە شوێنێکدا ناوەستێت و شێوەیکی نەگۆڕ و چەق بەستوی ناناسێت، چونکە ئەو بەرگرییە زۆرانەی دەسەڵات لە هەموو جیگایەک دەبێت بەرەنگاری بێتەوە وا دەکەن دەسەڵات یەک جۆرە و شێوە و دیسکۆرسی نەبێت، دەسەڵات گەرچی بە ڕوکەش لە جێگایەکدا دەوەستێت، بەڵام هەموو وەستانێکی ڕوکەشە و لە ژێرەوە و بە کاریگەری بەرگرییەکان و بەربەستەکان بەردەوام لە گۆڕاندایە. باتلەر، کەڵک لەم تێزەی فۆکۆ وەردەگرێت ەە تا بلێت، جێندەریش وەک دیسکۆرسێک کە شێوەیەکی مێژویی و کلتوری دەسەڵاتە دەتوانێت وەک شێوەیەکی گۆڕاو تەماشابکرێت، وەک شتێک کە دەکرێت لە رێگای بەرەنگار بوونەوە بشکێنرێت و شێوەی نوێی لێ بەرهەم بێت. بەڵام باتلەر تەنیا لەم ڕوەوە لە فۆکۆ سوودمەند نەبووە، فۆکۆ پێش باتلەر ئەوە دەستنیشان دەکات کە شۆناسی لەش لە ڕێگای سیستمەکانی دیسکۆرسەوە دەستنیشان کراوە، لەش بە هۆی زانستە پزیشکی و گوتارە حقوقییەکانیەوە ناوزەد دەکرێت، واتە زادەی هاوکاریەکی بەردەوامی ده سە ڵات و زانینە لە پە یوەندی لەگەڵ یەکدا. ئەوەی کە شۆناس بە لەش دەدات، زانینەکان و پەیوەندیەکەی بەدەسەڵاتەوە یە. لەش بەرەنجامی دیسکۆرسە جیاوازەکانە. ئەم تێزەی فۆکۆ کە لەش وەک بەرهەمی دیسکۆرس و زمان سەیردەکات، لای جودیت باتلەر دەبێتە تێزەی سەرەکی. لە پاڵ ئەوەدا باتلەر ئەو تێزەیە لە فۆکۆش وەردەگرێت کە ڕای وایە سوژە تەنیا لە سەرەوە و لە ڕێگای دەسەڵاتەوە دروست نابێ، بەڵکو لەڕێگای تاکەکان و لە چالاکی و ڕوانینیاندا سوژە شێوەگیر دەبێ و دەخولقێت. هەر بە پێی ئەم تێگەیشتنەش، باتلەر باوەڕی وایە کە دەتوانین ئەو روخسارە جێگیر و نەگۆڕاوەی دراوە بە ژنێتی و پیاوەتی تێک بشکێنین و شێوەی نوێی بخەینە جێ، بەوەی بە رەفتاری ژنانە بەرامبەر شۆناسی پیاو بوونمان بوەستینەوە و بە رەفتاری پیاوانە دژایەتی له گەڵ شۆناسی ژن بوونمان بکەین. هەر شتێک شۆناسی ژن بوون و پیاو بوون ناجێگیر بکات و بیخاتە مەترسیەوە لای باتلەر جێگای ستایشە. باتلەر لەم نێوەدا قسە لە شێوە کردارێکی (ئیجرایی ـ پێرفۆرمانس Performance ) دەکات، کردارێک هەموو ئەو قەبارە و چوارچێوە ی کۆمەڵگای پیاوسالار تێکدەشکێنێ، شێوەکانی ژن بوون و پیاو بوون تێکەڵ دەکات . لای باتلەر پیاوانێک کە پێچەوانەی شێوە و رەفتاری پیاوانە خۆیان دەگۆرن، یان ژنانێک کە ڕۆڵی ئاسایی ژن بوون لە بەر چاو ناگرن ڕێگا بۆ شکاندنی دوالیزمە باوەکانی ژن بوون و پیاو بوون خۆش دەکەن، کە ئەو بە کرداری باونەیار (queer).ناویان دەبات. لە پەیوەندیدا بە تیوریەی سوژە و سیستمەوە، باتلەر پشت بەو تێگەیشتنە دەبەستێت کە ڕاستە دەسەڵات دروستکەری سوژەیە، ڕاستە سوژە بۆ ئەوەی بوونی ببێت ناچارە ملکەچی زمان و یاسا و رێساکان بێت، بچێتە ژێردەستی سیستەم، بەڵام ئەم ژێر دەستییە دوا شێوەی پەیوەندی نێوان سوژە و سیستمە ڕەمزی و باوکسالارانەکە نیە، ئەم پەیوەندی ملکەچیە کە سوژە هەیەتی دەشێت بگۆڕێت، دەشێت پێچەوانە ببێتەوە، چونکوو خودی سیستەمیش مانای خۆی لە ملکەچی سوژەوە وەردەگرێت. نمونەیەکی باش بۆ ئەو ڕەفتارە نائاساییانەی کە پێناسەکانی جێندەر دەشێوێنێت، ئەو کردارە بوو کە ژمارەیەک لە پیاوانی کوردستانی خۆرهەڵات پێی هەستان، کاتێ دەسەڵاتداران لە شاری مەریوان پیاوێکیان بەوە سزا دا وەک سوکایەتیەک، بە جلی ژنەوە بە بازاڕدا بیگێڕن، لە پەرچەکردارێکی بەرفراواندا، وەک مەحکومکردنێک بۆ ئەو سوکایەتیە دەیان پیاو لە شوێنی خۆیانەوە بە جلی ژنانەوە وێنەی خۆیان دانا. ئەمە بە پێی باتلەر جۆرە کردارێکی پێرفۆرمانسە، تێیدا شووناسە وەستاوەکان دەجوڵێن و سنورەکانیان ئەشکێنن، شێوە نەگۆڕەکانی جێندەر لەق دەبن و ژن بوون و پیاو بوون وەک دوو شێوەی چەسپاو لە نێودەچن. لەم کردەیەدا پیاوان چیتر بە شۆناسی پیاوانەی خۆیانەوە نانوسێن، یان بە جۆری ئاسایی پیاوەتی خۆیان نیشان نادەنەوە، بەڵکو لەگەڵ شۆناسی ژن بووندا هە تاکو سنوری تێکەڵ بوون لێک نزیک دەبێتەوە. ئەمجۆرە کردارانە بۆ باتلەر، نیشانەگەلێکن کە هەر جۆرە ناونانێکی نەگۆڕ بۆ ژن بوون و پیاوبوون، دەبێ وەک دەرکەوتەی کاتی و بەسەرچوە سەیر بکرێن.
سەرچاوەکان
ــــــــــــــــــــــــــ
جودیت باتلر، کتاب اشفتگی جنسیتی، ترجمە امیین قضایی، انشارات مجلە شعر،سال چاپ 1385
مصاحبه ای با جودیت باتلر، جنسیت به مثابه ی اجرا، ترجمه محمد مهدی نجفی
مجلە الکترونیکی زغال.شمارە 5، ویژە نامە جودیت باتلر،1391
كری.ال.هال، ماورای مادە گرایی،ترجمە الهام، روزنامە همشهری1385
گفتگوی ریجاینا با جودیت باتلر، ترجمە ازادە دواچی، سایت عصر نو
په یوه ندی