- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
گێرنیکای پیکاسۆ
گێرنیکای پیکاسۆ
هێربێرت ڕید/ وەرگێڕان : فەرهاد بێهشتی
لەدونیایەکدا کە گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لەشێوەی دیمۆکراتیک و بەکۆمەڵ یان لەشێوەی بۆرژواییدا هەمووکات بەرتەسککردنەوەی ئازادی تاکی شاز دەکەنە ئامانجی خۆیان، هونەری پیکاسۆ ڕێز و مانایەک بەرزتر لە گرنگی هونەری خۆی دەستەبەر دەکات.
"ئاڵفرێد ئێچ. بار"
لە 28 ئاوریلی 1937دا و لەکاتی جەنگی ناۆخۆی ئیسپانیادا ئاڵمانی نازی وەک یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ژەنراڵ فڕانکۆ لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە هێرش دەکاتە سەر گوندی "گێرنیکا" لە باکووری ئیسپانیا و بەتوندی بۆمبارانی دەکات، لە ماوەیەکی کورتدا گێرنیکا وێران دەکرێت و بەشی هەرەزۆری ئەم شوێنەوارە مێژووییە لەناودەچێت. ئەم ڕووداوە ئەبێتە هۆی ئافراندنی یەکێک لە بەناوبانگترین تابلۆ هونەرییەکانی سەدەی هاوچەرخ لەلایەن پابلۆ پێکاسۆوە و وەک ئەوەی ئالفرێد ئێچ.بار ئەڵێت: "پیکاسۆ دەستبەجێ تۆڵەیەکی هونەرمەندانەی ڕێکخست."
لەمێژە هونەر چیتر گەورە و خاوەن ڕێز نییە. بۆ ڕێزداربوون، بەشێوەی هونەری میکل ئانجێلۆ و ڕوبنێس، پێویستە ئەو سەردەمە خاوەن هەستی شکۆ و شانازی بێت. هونەرمەند دەبێت باوەڕی بە هاوڕەگەزەکانی خۆی و هەروەها ئەو شارستانییەتەی کە پێوەندی لەگەڵدا هەیە ببێت. ئەمجۆرە ڕوانینە لەدونیای هاوچەرخدا مومکین نییە – یاخود لانیکەم لە دونیای ئەوروپای ڕۆژئاوای ئێمەدا - مومکین نییە. ئێمە گەورەترین جەنگی مێژوو [جەنگی جیهانی یەکەم] مان تێپەڕاندووە بەڵام بینیمان کە ئەم جەنگە لەڕێگای هەزاران یادەوەریپەست، ساختە و لەبنەڕەت ناقارەمانانەوە ڕێزی لێگیرا. دە ملیۆن مرۆڤ گیانیان لەدەست دا بەڵام هیچ هەناسەی ئیلهامێک لە جەستەی مردووی ئەم مرۆڤانەوە نەهاتەدەرێ. تەنیا هەوڵێکی بچوک درا بۆ بەستنی گرێبەستەکان و دانی پاداشتەکان و هەروەها مەیلێکی بەرچاو بۆ زۆرترین بەکارهێنانی بەرژەوەندخوازانەی بەهرەکانی قارەمانگەرایی.
ئیلهام بەخشی هونەریڕێزلێنان کردارە داهێنەرەکانە. ڕەنگە هەندێجار هونەرمەند فریو بخوات بەڵام زێدەباری ئەمەش لەوەهمی خۆیدا، هاوبەشە لەگەڵ ئەو سەردەمەی تێیدا دەژی. هونەرمەند لەدۆخێک لە بڕوا، داهێنان و باوەڕی گەشبینانەدا دەژی. بەڵام لەسەردەمی ئێمەدا تەنانەت وهمێکی ڕەواش بوونی نییە. کاتێک ئەم وتەیە بڵاو دەکەنەوە کە قارەمانێکی گەورەی مەسیحی، جەنگێکی سەلیبینوێ لەوەهمی باوەڕمەندیدا ڕێبەری دەکات بەڵام تەنانەت شوێنکەوتوانیشیفریو ناخۆن. چونکو شەڕکەری سەلیبی بەیارمەتی مەراکشییە بێ باوەڕەکان1و هەروەها بۆمبا و دەبابەی فاشیستەکان شەڕناکات. و ئەوکاتەی کۆمار ڕایدەگەیەنێت کە جەنگ بۆ بەرگریکردن لە ئازادی و یەکسانی ڕوویداوە ئێمە بەناچار تووشی گومان دەبین کە ئاخۆ ئەم بەهانە لەڕێگەی ئەو شێوازە ئیستبدادییانەی کە بۆ بەدیهێنانیان بەکارهێنراون، بەردەوام دەبن؟ هونەرمەند لەنزمترین پێگەی ڕێز و ئۆتۆریتەدا کە تا ئێستا بەدرێژایی مێژووی شارستانییەت خاوەنی بووە ناچار دەبێت گومان لەو کەسانە بکات کە سووکایەتییان پێکردووە.
تەنیا ڕێزلێنانی ژیرانەی ئەم سەردەمە جۆرێک یادمانی نیگەتیڤە : ڕێزلێنانێک بۆ بێزاری، بۆ ناهومێدبوون، بۆ وێرانی. لەم ڕووەوە گەورەترین هونەرمەندی سەردەمی ئێمە ناچار دەبوو بەرەو ئەنجامێکی وەها دووربکەوێتەوە. هونەرمەند کە لەسەلماندنە داهێنەرانەکانی2 (Creative affirmations) خۆی بێزاربووە و بەهۆی ترسنۆکی، خوو و نەریتەکانی سەردەمەوە ئاسۆی ڕوانین و توانای بەرتەسک بووەتەوە لەئەنجامدا تەنیا دەتوانێت یادمانێک بۆ ئەو هێزە شەڕانەسازبکات کە تێدەکۆشن بەسەر ژیاندا زاڵ ببن :ڕێزگرتن لەناڕەزایەتی. کاتێک ئەم هێزانە هێرش دەکەنە سەر نیشتمانەکەی و بە دڕندەییەکی ئەنقەستەوە ئەو پەرستگایەی کە بە شکۆ و شانازییەوە ڕازاوەتەوە دەڕووخێنن، پاڵنەری ناڕەزایەتی شکۆ و گەورەییەکی خاوەن ڕێز لەخۆدەگریت. گەورە دیوارنووسی پیکاسۆ ڕێزێکە بۆ وێرانی، هاواری تووڕەیی و ترسە کە ڕۆحی داهێنان شکۆیەکی زیاتری پێبەخشیوە.
باسیان لەوەکردووە کە ئەم وێنەیە لێڵ و شاراوەیە و ناتوانێت بۆ سەربازێکی کۆمارێخواز، پیاوی کۆڵان و بازاڕ و خەباتکارێکی کۆمۆنیست کە لەژووری زینداندایە سەرنجڕاکێش بێت؛ بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە توخمەکانی ئەم وێنەیە بەشێوەیەکی ڕوون و بەرچاو سیمبۆلیکن. ڕووناکی ڕۆژ و شەو دیمەنێک لە ترس و وێرانی دەردەخات : ئەسپی سک دڕاو، لەشە تێکەڵاوەکانی ژنان و پیاوان بەشێک لە بەرهەمەکە دەردەخات کە لە پشتی دیمەنەکەدا گایەکی تووڕە ئاوڕی داوەتەوە و بەهۆی دەسەڵاتی گەمژەیی و شەهوەتەوە ڕوخساری گرژ کردووە؛ لەهەمان حاڵدا حەقیقەت کە ڕوخساری وەک دەمامکێکی تراژیک کۆی پاکبوونی کلاسیکی لەهەناودایە لەپەنجەرەوە سەری هێناوەتە دەرێ و تیشکی چرای دەخاتە سەر هەموو کوژراوەکان. ئەم پۆرترەی شێوەکارییە گەورەیە لێوانلێوە لە ترس و هاوسۆزی کە زێدەباری ئەمەش لەسەرانسەریدا جوانی و ناسکییەکی وەسف نەکراو بەکار هێنراوە کە ئەنجامی هاوسەنگی خاوێنی ئەم توخمانەیە.
لەم تەمسیلەدا نەک تەنیا گێرنیکا بەڵکو ئیسپانیا، نەک ئیسپانیا بەڵکۆ گشت ئەوروپا وێناکراوە. ئێرە شوێنی مۆدێڕنی لەخاچ درانە، ئێش و ئازاری نێو وێرانەکانی هاوسۆزی و باوەڕی مرۆڤە کە بەهۆی بۆمباوە داڕماوە. وێنەیەکی ئایینییە کە نەک بەوشێوە گەرموگوڕە بەڵام بەهەمان ڕادە لە هەست و سۆزدا کێشراوەتەوە کە ئیلهامبەخشی گرۆنێواڵد3 و مامۆستای پییەتای ئاوینیۆن4، ڤان ئەیک5 و بلینی6 بوو. پێویست ناکات پیکاسۆی ئافرێنەری ئەم تابلۆیە لەگەڵ گۆیای7 ئافرێنەری کارەساتەکانی جەنگدا بەراورد بکەین. گۆیاش هونەرمەند و مرۆڤدۆستێکی گەورە بوو؛ بەڵام دژەکردەوەی تاکگەرایانەی هەبوو، کەرەستەکانی تێکەڵ بە تەوس و توانج بوو. پیکاسۆ گشتیترە : سیمبۆلەکانی وەک سیمبۆلەکانی هۆمێر، دانتە و سێروانتس ئاسایی و کەم بایەخن، چونکو تەنیا کاتێک بەرهەمێکی گەورەی هونەری دەخولقێت کە ئاسایی بوون لە توندترین هەست و سۆز و خۆشەویستیدا لێوانلێو ببێت، بەرهەمێک کە هەموو قوتابخانە و بابەتەکان تێپەڕ دەکات و هەرکە دەخولقێت بۆ هەتاهەتایە دەژی.
سەرچاوە:
وەرگێڕانی کوردی ئەم وتارە بەپێی ئەم دەقەی خوارەوە ئەنجامدراوە :
"زندگی و هنر پیکاسو، لوتار بوخهایم، ترجمە علی اکبر معصوم بیگی، موسسە انتشارات نگاه" .
ژێدەر :
1- ئاماژە بە بەشداریکردنی سەربازە مەراکشییەکان لەجەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا لەبەرژەوەندی لایەنگرانی ڕژێمی پاشایەتی و لەدژی کۆماریخوازەکان.
2- مەبەست ئەو کاروبارانەیە کە زێدەتر لایەنی سەلمێندراو و پۆزێتیڤیان هەیە و لەهەمبەر ئەو کاروبارانەی کە لایەنی نەرێنی و نیگەتیڤانەیان باڵادەست ئەبێت.
3- Matthias Grünewald : شێوەکاری ئاڵمانی (1528 – 1470)
4- ئاماژە بە تابلۆی : Pietà of Villeneuve-lès-Avignonبەرهەمی شێوەکاری بەناوبانگی فەڕانسی Enguerrand Quarton (1466 – 1410)
5- Jan van Eyck شێوەکاری بەلژیکی (1441 – 1395)
6- Giovanni Bellini شێوەکاری ئیتالی (1516 – 1430)
7- Francisco Goya شێوەکاری ئیسپانی (1828 – 1746)
په یوه ندی