- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
ئادام ئیسمیت لە کوردستان
ئادام ئیسمیت لە کوردستان
لە پەراوێزی تاکتیکدا
مهنسوورتیفووری
هێزێک بە نیازە دنیای ئێمە داگیر بکات، مەبەستی ئەم هێزەش نە لایەنێکی ئازادیەکان و نە ژیانی بەشێکی کۆمەڵگایە، بەڵکوو هەڕەشە لە بوونی کۆمەڵگا و ئازادیەکانی دەکات. ئەم هێزە نە دژی چینێکی تایبەتە و نە سەر بە چینێکی تایبەت، نە چەپە و نە راستە، دەزگاکانی پێشوو بۆ ناونانی هێشتا ناتەواون، جگە ئەوەی دەست بۆ هەمان زاراوە یان ناوە هەمیشەییەکەی ئەم جۆرە هێزانە ببەین کە فاشیزمە. ئەم هێزە نە لە دەرەوە هاتووە و نە ئامریکا یان شوێنێکی دیکە درووستیان کردووە، هەر چەشنە لێکدانەوەیەکی لەم چەشنەش تەنیا یارمەتیی نەناسرانی زەمینە و بنچینەکانی ئەم هێزە لە ناوچەکەدا دەدات. ئەگەر بنچینەی سیاسەت لە دابەشکاریی بەرەکانەوە و بە پرسیاری ئیشمیتیی " دوژمن کێیە" ەوە دەست پێبکات، بۆ داعش پێناسەی دوژمن تێکەڵێکە لە رەگەز و ئایین، کەی پێویستیش بکات یەکێک لەم رەهەندانە دەستیان بۆ دەبرێت. ئەم هێزە مۆدێرنە و سوننەتیشە، خۆگۆنجێن، نەرم و هاوکات نەگۆڕیشە، زیاد لە هەر دوژمنێکی خۆی مۆدرێرنیزەیە و شارەزای تەکنیکەکانی شەڕ و بانگەشە و راگەیاندن. داعش دوا بەرهەمی نەمانی سیاسەتی خەڵکی و چەپە لە ناوچەکەدا، داعش ئەو تارماییەیە کە پاش رەواندنی تارمایی کۆمۆنیسم لە ناوچەکە لە سەر دەستی هەموو هێزەکان، هات و جێگەی تارمایی کۆمۆنیزمی گرتەوە. داعش زۆر پێشتر لێرە بوو و هەموو تایبەتمەندیەکانی شەڕێکی گەورەی ئامادە کرد و کەچی رەنگە هەر وەک فاشیزم وەک بەشێک لە رەوتی سرووشتیی شتەکان سەیر دەکرا. داعش هاتووە و گەر ئامادە بێت بەشێک لە یاساکانی یاریی سیاسی جیهانی پێڕەو بکات دەبێتە دراوسێیەکی شەڕانی بەڵام درێژماوەی گەلانی ناوچەکە، ئەمەش ئەو وانەیە کە بڕیارە فڕۆکەکان فێری بکەن، واتە گەر زۆر پێی درێژ نەکاتەوە دەتوانن قەبووڵی بکەن، وەک ئەوەی ئەوانیش وێرای ئاسنینەییان بزانن نەمانی ئەم هێزە تەنیا بە فیشەک و بۆمبەکان بەدینایەت.
دیارە کە پەتایەک هات بۆ شار، ئەرکی پزیشکەکانە چارەسەر بدۆزنەوە و ئەوەی پێش هەموو شتێک پێویستە داهێنانی دەرمانێکی نوێیە. داعش هاتووە و گومان لەوەدا نییە یەکەم بەرگری هەمان سەنگەرە و بۆ بەرپەرچدانەوەشی لە ئێستەدا گوللەکان هەرە پێویستن. هیچ لێکدانەوەیەکی واقیعی ناتوانێت ئەمە لەبەرچاو نەگرێت و کێشەکە بۆ گۆڕانێکی دواتر وازلێبێنێت. بەڵام سەنگەرەکان تەنیا شوێنی بەرگری نین، ئەمەیە ئەو شتەی دەبێ لێیتێبگەین، واتە ناکرێ هەموو کێشەی شەڕ لەگەڵ داعش و هەر هێزێکی دیکە لەو چەشنە، لە فۆرمەکانی دیکەیدا، کە لەوانەیە دیسان و دیسان دووپات بننەوە، کورتبکرێتەوە بۆ سەنەگەرەکان، دیارە مەبەستەکە لێرەدا وازهێنان نییە لە سەنگەرەکان بە سوودی داوا بۆ گۆڕانێکی جەوهەری لە جیهان و ئینسان یان گەڕان بۆ جیهانێکی دیکەدا، چونکوو گۆڕانێکی بنچینەیی بە پلەی یەکەم گرێدراوی رووداوی سیاسەتە و لە دلێ رووداودایە کە ئەگەری وەها سیاسەت و ژیانێک بۆ ماوەیەکی کاتی خۆی دەردەخات، بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەم چرکە دەتوانین پێی لە سەر دابگرین داوایە بۆ فراواندنی بوار و شێوەکان و شوێنەکانی بەرگری.
بەڵام پێش پێشنیاری هەر شتێکیش دەبێ ئەو گوتارە بناسینەوە کە ئەم ماوەیە وەهای کرد هەم لە شەنگال کارەسات بخولقێت و هەم هیچ هێزێکی دیکە بە مەیدانی بەرگری زیاد نەبێت، جگە ئامریکا، کە ئەویش تەنیا بە بۆمبەکانی و لە هەواوە.
شەنگال چۆڵ کرا، بە سادەیی ئێمە لەوێ دەرەقەتی داعش نەهاتین، خەڵکێکی زۆر، کەمینە و فەرامۆشکراوترین بەشی دەسەڵاتی هەرێم، هاوکات لە باری ئابووریەوە یەکێک لە بێکەڵکترین ناوچەکانی کوردستان، بە سادەیی و بە شەوێک درا بە دەم داعشەوە. بەڵام ئەوەی سەیرتر بوو ئەوەیە ئەگەری ئەوە هەبوو ئەم شکستە سوک و سانا ناوی بنرێت کایەی تاکتیک و تەکنیک، کایەیەک بۆ راکێشانی سەرنجی دنیا بۆ لای کورد، ئەگەریش ئەو چەند کەسەی کە دیارە نەک بە پێی ئەمری سەرووتر، بەڵکوو بە ناوی شەرافەتی خۆیانەوە مانەوە و هێزی یە پە گە فریانەکەوتنایەت، ئاستی کارەساتەکە زۆر لەوە فراوانتر بوو - ئەگەرچی کارەسات بە ژمارە پێوانە ناکرێت.
شەنگال بە تاکتیک چۆڵ کرا، هەژارترین و پەراوێزیترین بەشی کۆمەڵگایەک و سیستمێک، یەکێک لە پرسیارانەش دەکرێ بیپرسی ئەمەیە کە چۆنە هەولێر یان سلێمانی ناکرێنە ئاوردووی ئەم تاکتیکە؟ سەرەتاییترین وەڵامیش ئەوەیە هێزە کوردستانیە حاکمەکان و خۆرئاوا هیچ کات رێگە بە شتێکی وەها نادەن، چونکوو بەرژەوەندییان لەوێدایە، کەواتە بۆ راکێشانی سەرنجی خۆرئاوا ئەوە تەنیا شەنگالە کە دەبێ قوربانی بکرێت و ئەمەش ئاساییە چونکوو لە باری سەرمایەوە بێکەڵکە، هێشتا بەرژەوەندیی ئابووریی کەسی لێ نییە، هێشتا سەرمایەداریی هەرێم بە چینی سەرەوە و چینی نێوەراستیەوە نەگەشتۆتە ئەوێ، کەوابوو ئاساییە قوربانیکرانی بکرێتە تاکتیک و بە مردنی ئەوان خۆرئاوا رابکێشرێت. بەڵام ئەمە هیشتا هەموو باسەکە نییە، واتە ئەم لێکدانەوەی هونەر و حیکمەتی تاکتیکە – با سەرۆکی هەرێم خۆی بە داوای سزادانی بەرپرسە سەربازیەکانی شەنگال ئەم ئیددیعا بەتاڵە رەتبکاتەوە دان بە شکستدا بنێت- دیو و رووی دیکەی هەیە کە رێگەمان بۆ دەکاتەوە بنچینەی سیاسەتی باوی چینی ماناوەندیی و چینێکی نوخبەی تازەزادە، کە تەنیا لە کوردستان دەتوانێت بوونی هەبێت، بخوێنینەوە، ئەویش گوتارێکە هونەری تەکنیک و تاکتیک لە دڵی ئەوە لە دایک دەبێت، گوتاری دابەشکردنی کار و ئەرک.
دابەشکردنی کار ئایدیای ئادام ئیسمیتە. لەم دابەشکردنەدا بۆ زیادکردنی زێدەبەها و سامانی نەتەوەیی و گەشە کار تا ئاستی هەرە بچووک دابەش و ورد دەکرێت و تێیدا هەر کەس ئەرکێک هەڵدەگرێت. دابەشکرانی کار بریتییە لە خانەبەندییەکی هەردەم وردتر و شارەزایانەتری پرۆسەکانی بەرهەمهێنان بە جۆرێک کە هەر کرێکارێک بتوانێت ببێتە شارەزا و پسپۆڕی ئەو قۆناغەی بەرهەمهێنان کە خۆی بۆ تەرخان کردووە، لێرەوەش رادەی بەرهەمهێنەری و کاریگەریی خۆی پەرەدەدات. ئەمە گێڕانەوەیەکی سادەی باسەکەی ئەوە و لێرەدا ئەوەندە بەسە، بەڵام هاوکات لای ئەو باسێکی دیکەش هەیە بە ناوی "دەستی نادیار"، کە لێکدانەوەیەکی بریتیە لە بازاڕ. لەم روانگەدا هەر کەس دوای بەرژەوەندیی خۆی دەکەوێت و مادام بازاڕ وەک دەستی نادیار رێکخەرە، لەم پرۆسانەدا مرۆڤی کۆمەڵایەتی درووست دەبێت و بە دواشیدا کۆمەڵگا. ئەگەرچی ئیسمیت ئەمەش لە خۆی دەپرسێت کە چی دەبێت گەر هەر کەس دوای بەرژەوەندیەکانی خۆی بکەوێت، بەڵام ئەم دەستە نادیارە خودی پرسیارەکەی ئەویش تێدەپەڕێنێت و خۆی دەگۆڕێت بۆ دۆخی سرووشتیی شتەکان، باسێک کە بوەتە هۆێ ئەوەی لانیکەم هەندێ شیکار بڕوایان بە دابڕانێک هەبێت لای ئیسمیت. ئەوان لایان وایە ئەو بە هێنانی دەستە وشەی رەوتی سرووشتی شتەکان دەیەوێت لەم مەتەڵە دەرباز بێت. بەڵام نوسخەکەی ئیسمیت دەشڵێت بۆ ئەوەی کرێکاران، کە هەر رۆژ هەمان کار دەکەن، نەخوێنەوار نەبن، دەوڵەت دەبێ پەروەردەیان بۆ دابین بکات. ئەم سەرەتا کورتە بە هیچ شێوە بۆ راڤەی ئیسمیت نییە، جگە قەرزکردنی " دابەشکردنی کار" و "دەستی نادیار".
پێیەکی کارەساتی شەنگال و بەجێهێشتنی ئەو خەڵکە لە گوتاری تاکتیکدایە، کە ناوەکەی دیکەی وازهێنانە لە بەرگری و کورتکردنەوەیەتی بۆ سەنگەرەکان. لە روانگەی تاکتیکدا، پاراستنی ئەم سەنگەرانەش کاری پیشمەرگەیە و پێشمەرگە ئەرک و کرداری کۆمەڵایەتی و بگرە هۆی بوون و لەدایکبوونیشی ئەوەیە لە سەنگەردا بێت و بکوژێت و بکوژرێت، پێشمەرگە ئەرکەکەی ئەویە؛ لەو لاشەوە ئەرکی نوخبەی سیاسیی مەکتەب سیاسیەکان و شارەزایانی سەربازییە کە نەخشە بکێشن و فەرمانی هێرش یان پاشەکشێ بدەن؛ چینێکی دیکەش لەولاترەوە دەبێ دانیشێت و هاوکاتی خوێندنەوەی هەواڵەکانی جەنگ و کۆمەڵکوژیی بخوێنێتەوە کە " بە لیمۆ کێش دابەزێنە" و " سمتی کارداشیان هەرای نایەوە" یان ... . ئەم روانگەیە ئادام ئسیمیتێکی رووکەشیمان بۆ وێنە دەکیشێت، ئەم روانگەیە دەڵێت کە هەر چینێکی کۆمەڵایەتی بۆ ئەرکێک کراوە و دەبێ ئەو ئەرکەی بە جێبهێنێت و تەنیا بەم شێوەیە کە کۆمەڵگا دەتوانێ ببێت، ئەرێ لەم روانگەدا کاری پێشمەرگە مردنە، چونکوو بۆ نموونە ئەو مەعاشێکی هەیە و کارەکەی ئەوەیە. جیا لەوەی دەتوانی لەم بورژوازییە مامناوەندییە بەرخۆرە هەمیشەییە کە تەنیا داهێنانەکەی شێوازی تازەی بەرخۆرییە و دوایین کەرەستەیەک هێنابێتی ئەو مقەڵیانەیە کە دەتوانێت بیبەستێت بە پیل و باتریی ماشینەکانیەوە بۆ ئەوەی بە دەست دەسکی مقەڵێی گۆشت برژاندنەکەی نەسوورێنێت، ئەو بۆررژوازییەی دەچێت بۆ سەفەر بۆ شومال و جانتاکەی لایەکی بەرماڵە و لایەکەی دیکەی دوا مارکی کاندۆم، ئەو بۆرژوازییەی جیهانەکەی ماشینەکەیەتی، ئەو بۆرژوازییەی سارنجۆک و تی ڤی تازەتر بەدوایین نیشانەی پێشکەوتن دەزانێت، بپرسیت ئەی ئەرک و فۆنکسیۆنی تۆ چییە؟
مێژووی ئەم دابەشکردنی کارە کۆنترە لە ئێستە، لە فەلسەفەدا بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە بڕیارە کۆیلە کۆیلە بمێنێتەوە و سێ چەشنی زێر و زیو و ئاسن نابێ تێکەڵ ببن، بەڵام لە کوردستان پێش شەنگال نموونەکەی ئەو کاتە بوو کە گوترا " سەدام کیمیایی کرد بە حەڵەبجەدا و حەڵەبجەشی کرد بە سلێمانیدا" و هیچیش رووی نەدا، ئەو کاتە بوو کە بە سادەیی هەر ئەم چینە ئامادە بوو نوکتە لە سەر لاواندنەوەی ژنە ئەنفالیەکان درووست بکات، ئەو کاتە بوو کە هەر ئەم بۆرژوازییە لە دەرکی سەرا لەگەڵ ئیسلامیەکان وەها سازا کە ئامادە بێت هۆۆۆۆۆی لە شێرکۆ بێکەس بکات. ئەرێ ئەمانەن دەرکەوتەکانی ئەم بۆرژوازییە رووکەشییە ناسیاسیە کە دواتر بە سادەیی هەموو توانای خۆی دەکات بە قورگی ئاشی پەرلەماندا و دادەنیشێت تا دەنگدانەکەی چوار ساڵی داهاتوو، چما ئەو ئەمەی پێ باشترە تا هەر داهێنانێکی سیاسی.
شەنگال چۆڵ کرا و دەکرێ هەر شار و شارۆچکەیەکی کەمکەڵک یان بێکەڵک چۆڵ بکرێت و تاکتیک بێت و ئەم بۆرژوازییە نەجووڵێت، چونکوو ئەوە کاری ئەو نییە، کاری ئەو شتێکی دیکەیە، کاری ئەو پێشخستنی دەڵاللیە لە شارەکان، کاری ئەو یاریکردنە بە نزخی زەوی، بە مەعاشی هەر ئەو پێشمەرگەیەی کە کاری مردنە، بە مەعاشی ئەو مامۆستای بە خۆی وخێزانەکەی یەک کرێخانوویان پێدەدرێت، ئەرێ کاریئەو یارکردنە بە چارەنووسی خەڵک بە هێنانی دەرمان و خواردنی بەسەرچوو، پەرەدانی شێرپەنجەیە بە کاڵاکانی، کاری ئەو سەفەری هاوینەی دوبەی، سۆڤیەت، تورکیا و بۆ ماندووی دەڕچوون شومالە و کەی هەینیش لە ماڵ بوو ئەوە بە سەیارەکەی دەچێتە مزگەوتێک و لەوێ کارتۆنێک دەبات و لە سەری دەپاڕیتەوە کە سامانەکەی پارێزراو بێت.
بەڵام کێ دڵنیایی بەم چینە دەفرۆشێت، کێ هێشتا دەتوانێت خەونی رەنگامە یان ناو و رەنگ و ئەکتەر و فیلم و کتێبی سەیر و سەمەرەی بۆ داهێنێت؟ بۆ ئەم کارە ماشینێک پێویستە، کە تەنیا ماشینی بانگەشە و بەرهەمهێنانی کالای کولتووریی حیزبەکان نییە، وەڵامەکە چینێکی تازەزادە کە کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی کولتووری بەدەستەوەیە، ئەو چینەی بە نزیکبوونەوە لە راگەیاندنێک، بە چاپی چەند یاداشت یان وەرگێڕانی هەر شتێک دەتوانێت لە سەرچاوە ساناکانی پارە و دەسەڵاتی هێمایین نزیک ببێتەوە و دواتر هەر ئەو شوێنە هێمایینە بگۆڕێت بۆ ژیانێکی ماددی بێ ئارەقە، با کرێکارانی بیانی و خۆماڵی بەردەوام لە بیناکانی ئەوەوە بەر ببنەوە، با کەمپێن دژی ئاوارە عەرەبەکان و با هەڵوێست دژی پەنابەران تا ئاستی راسیزم خۆی تەرجەمە بکات، ئەمە کێشەی ئەو نییە، ئەو پێشتر ئەرکی کۆمەڵایەتیی خۆی دیاریکردووە، ئەوەی کە لایەک لە رۆژنامەنووسان و نوسەران بە سانایی توانیان بچنە "رووداو" تەنیا یەکێکە لە نیشانەکانی ئەم چینە- دیارە لەم چینە دەبێ چەند ناو و ناونیشانێکی لێ دەربکەیت کە روونە و دیارن، بەڵام ئەمە هێند کەم و دەگمەنە گوزارەکە لە رەوایەتیی ناخات.
شەنگال قوربانی ئەم دابەشکردنی کارە دەکرێت، پێشمەرگەکان لەم وێنەدا دەکرێنە ئەو کەسانەی تەقدیریان مردنە، کەسانێک کە دەبێ بەرژەوەندیەکانی ئەم نەزۆکییە بپارێزن و نابێ بهێڵێن سنوورەکانی ئەرک و کارە کۆمەڵایەتیەکان، سنوورەکانی کار و کاسبیی چینی مامناوەندیی لەگەڵ بوارەکانی دیکە تێکەڵ ببێت- ئەگەرچی ئەستێرەکانی ئەم چینە جار جار بچن وێنەیەک لەگەڵ پێشمەرگەش بگرن. ئەرێ ئادام ئیسمیت لەم گوتارەدا لە شێوەیەکی زۆر سادەدا هاتووەتە پێش، بەڵام دەست بەتاڵ لە توانای پێناسەی خۆی، لێرەدایە کە چارەنووسی کۆمەڵگا بە حاکمان و بەڕیوەبەرانی سیاسەت دەسپێردرێت، سیاسەت دەگۆڕیت بۆ بەڕیوەبردن، پێشمەرگە بۆ قوربانی، سەنگەریش بۆ تاقە شوێنی بەرگری.
ئەم روانگە دابەشکارە ئاوسە بە دەبابەکان، ئاوسە بە تانکەکان. ئەگەر سیاسەت دابەزێت بۆ هونەری یاری بە ئیمکان و ئەگەرەکان و بکەرەکەشی تەنیا نوخبەیەکی سیاسی دیاریکراو بێت، لە هەر تاکتێکدا دەکرێت تانکەکان بێنەوە، ئەم تانکانە جارێک هاتن و دواتر ناوی نرا "سەرەتای مێژووی نوێ"، جارێ هاتنە شەنگال و ناوی نرا "تاکتیکی راکێشانی سەرنج"، بەڵام لە وەها دۆخێکدا، لە وەها تێگەییشتنێکدا بۆ سیاسەت تانکەکان هەر چرکە دەکرێ بێنەوە – بۆیە ئەم چینە هەمووی لە هەوڵی ئیقامەی کۆمارە کۆنەکانی سۆڤیەت یان بولگاریادایە.
کە تەنیا شوێنی بەرگری سەنگەرەکان و تەنیا شوێنی سیاسەت کۆبوونەوەی نهێنی سیاسیەکان بێت، مافی بەشداری خەڵک وەک پاشماوەی هەر خەڵکێک خۆی، وەک ئەو بەشەی هەر چینێک کە دەتوانێت سنوورەکانی خۆی ببەزێنێت، وەک دابڕانی سووژە لە جەبری بیۆلۆژیک و لە مرۆڤ-حەیوان کە نموونەی ئایدیال و وێنە و وێنای بۆرژوازییە بۆ مرۆڤ – نوسخە خەلیجیەکەی نیشاندەدات کە چۆن دەوڵەت هەیە بە بێ خەڵک و بە بێ سیاسەت- لە بواری گشتیدا دەسرێتەوە و تەسلیم دەکرێت، ئەمە دوا گرفتی ئەم روانگەیە کە ئەم چینە نوێزادە نوخبەیە خەریکی بەرهەمهێنان و دووپاتکردنەوەیەتی، ئەمەشە یەکێک لە هۆکانی شکستی سەنگەرەکان. لەم دۆخەشدا تانکەکان کە هاتن هیچ کەس نابێت بەریان پێبگرێت، چونکوو لە دواییدا دیار نابێت ئەرکی کێیە کۆڵان و جاددەکان دابخات.
بەڵام شوێنی خەڵک کوێیە؟ شوێنی خەڵک وەک ئەو پاشماوەی کە خۆی لەت دەکات، وەک ئەو درزەی سیاسەت دەیکاتە هەناوی هەر کۆمەڵگایەکەوە، لە مێژووی مۆدێرندا شەقامەکانە، شەقامەکان کە شۆڕش و کوودەتا جیا دەکەنەوە، سیاسەت لە بەڕێوەبردن و کولتوور لە کار و کاسبی. شەقامەکان لەم مانادا ئێستە چۆڵن، نوخبە و گوتارەکەی چارەنووسی بە کۆبوونەوە نهێنیەکان و شەڕە قسە یان لە دواییدا دەبەی پەرلەمانتاران سپاردووە و خۆی خەریکی پاراستنی کەرەستەکانی بەرهەمهێنانی کاڵای کولتوورییە و، شەقامەکان وەک شوێنی سیاسەت چۆڵن. بەڵام شەقامەکان هەر ئەو شوێنەن کە دەبێ ئەم هاوکیشەیە و ئەم دابەشکردنی کارەی تێدا بشکێت، ئەو شوێنەی دەبێ ئەم بورژوازییە نوێزادە تێیدا تێپەڕینرێت، شەقامەکان ئەو شوێنەن کە تێیاندا سیاسەت دەتوانێ بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و رێز بۆ پێشمەرگەش وەک مرۆڤێک کە مافی ژیانی هەیە بگەڕێتەوە، شەقامەکان ئەو شوێنەن تێیاندا خەڵک دەتوانن هێزێکی تازەی بەرگری و فۆرمە جیاواز و نوێکانی بەرگری و سیاسەت بەرهەم بهێنن و تەنیا لەم کاتەدایە سەنگەرەکان بەرگە دەگرن و هیچ تانکێک ناتوانێت بە هیچ تاکتیک یان حیکمەتێک خۆی پاساو بدات. لە مەریوان و سنە و کرماشان و هتد شەقامەکان جووڵان، لە قامیشلی و کووبانی جووڵان و پرسیارەکە ئەوەیە کام هێزە لە هەرێم خەڵکی گۆڕیوە بۆ چینەکان و لە شەقامەکان دەریکردوون و لە دواییدا کامانەن ئەو گوتارانەی دەڵێن کاری ئێمە سەیرکردنە، چما ئەوان داعشیش وەک بەشێک لەو فیلم و زنجیرە کۆرییانە دەبینن کە درایە دەرخواردی ئەم چینە؟ هێزی خەڵک دووبارە پێویستە و بۆ ئەمەش، بۆ گرتنی شەقامەکان دژی تانکەکانی داعش چاوەڕێکردن و مۆڵەت پێویست نییە: ساڵی ١٩٦٨، کاتی هێرشی سۆڤیەت بۆ سەر بەهاری پراگ، یەک کرێکار چووە سەر سەکۆی مەیدای سوور و هاواری کرد: "من مەحکوومی دەکەم".
سەرنجێک: لە سەر ئامادەی زەمینەکانی بەرهەمهاتنی هێزی وەک داعش وەک فۆرمێکی فاشیزم یان ئیسلامی سیاسی توندڕەو و ئامادەیی هێزەکیی ئەم هێزە لە ناوچەکە و لە کۆمەڵگای ئێمەشدا، پێش چەند مانگ، زنجیرەیەک نووسین لە لایەن بەختیار عەلییەوە لە زنجیرەی" ماشینە فاشیستیەکان" دا بڵاو بوویەوە، خاڵی جێگەی دڵخۆشیش ئەوە بوو لە لایەکی دیکەوە و بگرە بۆ یەکەم جار مەریوان وریا قانع لە لایەکی دیکەوە و لە روانگەیەکی دیکەوە دەستی کرد بە رەخنەی ئەم تێزانە، بە جۆرێک ئەم بەردەوامییە و ئەم رەخنە چەمکییە سەرەتایەکی باش بوو بۆ دامەزراندنی دەزگا و پێشنیاری چەمک بۆ خوێندنەوەی ئێستەی کۆمەڵگای کوردستان و لە هەندێک ئاستدا "ناوچەکە"، "رۆژهەڵاتی نێوەراست" یان "رۆژهەڵات". بەڵام بە داخەوە ئەم مشتومڕە فیکرییە دیسان لە لایەن ئەم چینە نوێزادەوە بە" شەڕ" خوێنرایەوە و کاڵاسازیی کولتووری ناوەرۆکی دیکەی بە ئەم مشت و مرە فیکرییە بەخشی و دیسان ئەو ئەنجامەی لێنەکەوتەوە کە دەبوایە، واتە کارکردن بەو چەمکانەی کە بەرهەم دێت و، لە باتی کارکردن و تاقیکردنەوەی ئەم چەمکانەی کە هەر دوو نوسەر پێشنیاریان کرد، دیسان ئەوەی بینیمان بەردەوامیی شەهوەتی ناوی تازە و شیکە، هەر چۆن بازرگانان دەبێ مارکی تازە بهێنن، ئەم کاسبیە کۆلتووریەش کردوویەتە ئەرکی خۆی کە دەبێ ناوی تازە بهێنێت.
په یوه ندی