Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

یەکەمین ڕۆمانی مۆدێڕن لەڕوانگەی یۆساوە


 

یەکەمین ڕۆمانی مۆدێڕن لەڕوانگەی یۆساوە

ماریوس بارگاس یوسا/ وەرگێڕان: فەرهاد بێهشتی

 

ڕەخنەی "یوسا" لەسەر کتێبی مادام بواری

ئەگەر ئەو ڕۆمانەی کە لەنووسینیدا تووشی ئەم هەموو کێشە بووم بە باشی بگاتە ئەنجام، بە نووسینی ئەو دوو حەقیقەتەی کە بۆم ڕوونە سەلماندومە: یەکەم، ئەوەی کە شێعر بەشێوەی تەواوەتی  زەینییە و لە ئەدەبیاتدا هیچ بابەتێکی جوانمان نییە و بەم پێیە ئیوتوت١ بەباشی قوستەنتەنییەیە؛ دووهەم، مرۆڤ دەتوانێت هەربەو باشییە دەربارەی فڵانە شت بنووسێت کەدەربارەی فیسارە شت. هونەرمەند دەبێ هەمووشتێک بگەیەنێتە بەرزترین ئاست. ئەو وەک پەمپێکە و هەناوی لوولەیەکی گەورەیە کە دەگاتە دەروونی شتەکان و قووڵترین توێ و چینەکانیان. هونەرمەند هەرشتێک کە لەژێرەوە بەنهێنی هەڵدەمژێ، لەسەرەوە هەڵیدەڕێژێ و بەشێوەی پاشماوەیەک دریدەخات و دەیداتەوە.                                                                                             

(نامەیەک بۆ لوییز کۆلە، ٢٥-٢٦ ژوون)

لەدایکبوونی دژەقارەمان

لەڕۆژی ٢٦مەی ١٨٤٥ دا فلۆبێر بەم جۆرە بۆ پوات ڤون دەنووسێت: ((ئەزانی شتە جوانەکان وەسف ناکرێن.)) ئەم وتە درۆیەکی ئاشکرایە.  ڕۆمانتیکەکانی ئەوکات کارێکیان نەبوو جگە وەسفکردنی جوانی تاکو ئەوپەڕی بێزاری. بێگۆمان جوانی لە ڕوانگەی ئەوانەوە لە دەوری دوو جەمسەری واقعییەت کۆببۆوە: کازیمودو و ئەو کچە قەرەجە جوانە(سمراڵدا).٢  لە ڕۆمانی ڕۆمانتیکدا مرۆڤ، شتەکان و ڕووداوەکان یان جوانن یان ناحەز، سەرنجڕاکێشن یان قێزەون. چشتە واڵا، درنج ئاسا، بەرزەجێ، قێزەونەکان لەژیاندا و کەوڵاوکەوڵیان  بۆ شتێک کە خاوەن ڕێزە و ئەو جادووە هونەرییە لەخۆی بڵاودەکاتەوە لە گەوررەترین دەستکەوتەکانی ڕۆمانتیکەکانە. شتێک کە لەڕۆمانی ڕۆمانتیکەکاندا لەبیرکراوە ئەو بەشە لە دەروونی مرۆڤە کە تێیدا ڕوخسار، شتەکان و کردارەکان نە خاوەنی جوانیین وەک سمرالدا و نەک قێزەونن لەوێنەی کازیمودو، واتە بەشێکی بەرچاو کە نۆڕمی سەرەکی پێکدێنێت، ئەو بەستێنەیە کە تێیدا سیمای قارەمانەکان و درنجەکان دیاردەکەون، لە مادام بواریدا کە هەمووشتێک  بەشێوەی یەکسان لە نێوان ئەم دوو ڕادە لە ئیفراتدایە و هاودەنگە لەگەڵ ژیانی بێزاری، سادە و تراژیکی ماددیدا، ئەم بەرزەخە ناوەندییە بۆ "جوانی" دەگۆڕدرێ. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە فلۆبێڕ یەکەمین نووسەرە کە چینی وردە بورژوای هێناوەتە ناو ڕۆمانەوە، و ڕۆمانی ڕۆمانتیک دونیای فیودالەکان و خانزادەکانی وەسف کردووە. ڕۆمانەکانی باڵزاک لێوانلێوە لەو کەسایەتییانەی کە پێوەندیدارن لەگەڵ هەموو چینە بورژواییەکان- لەوانە بورژوایی لادێیی ویلایەتی- و سەرەڕای ئەمانەش ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە ناگرێ لەوەی کە قارەمانەکانی باڵزاک(لانیکەم زۆربەیان) خاوەنی هەمان کەسایەتییە جەمسەرییەی[ئیفراتییەی] تایبەت بە ڕۆمانی ڕۆمانتیک بن. فلوبێڕ دونیای بورژوایی ناکاتە هەوێنی مادام بواری، ماتریالەکانی ئەو شتێکی گەورەترە کە هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان دەگرێتەبەر، واتە سنور، پەستایەتی و دونیای کەسەری ئەو مرۆڤانەی کە  بێبەشن لە هەر تایبەتمەندی یان چۆنیەتییەکی دیاریکراو. لەم ڕوەوە جێگای خۆیەتی  ئەم ڕۆمانە وەک یەکەمین نمونەی ڕۆمانە مۆدێرنەکان دابنێین کە لانیکەم هەموویان لەدەوری سیمای لاواز و خەماوی دژەقارەمان دامەزراون.


فلوبێر چەندساڵ پێش نووسینی مادام بواری بەو ئەنجامە گەیشت کە پەستایەتی بەشێوەیەکی بەرچاو[بوونی] مرۆڤ دەردەخات. ئەم بابەتە لەو نامانەی کە لەساڵی ١٨٤٦ بەولاوە نوسیویەتی بەرچاو دەکەوێت: "ئینکاری هەبوونی ئەو خۆشەویستییە نابەدڵانە، بەهۆی نابەدڵبوونیان، وەک نکۆڵی کردنی خۆرەتاو لە کاتێکدایە جگەلە نیوەڕۆ.

حەقیقەت هەر بەو ئەندازە لەنێوان ڕەنگە ڕەش و سپییەکاندا حەشار دراوە کە لەناو ڕەنگە توندەکاندا. (نامە بۆ لوییز، ١١دیسەمبری١٨٤٦)

 هۆکاری بەدبەختی نەهامەتییە گەورەکان نین، ئەوەی کە دەبێتە هۆی خۆشبەختی، بەختی گەورە نییە، بەڵکو زنجیرەیەکی ناسک و هەستپێنەکراو لە هەزاران ڕووداوی بچوک یان هەزار نوکتەی بچوک و کەم بایەخە کە ژیان دەکاتە ئاسایشکی دڵخواز یان ئاژاوەیەکی بێ ئاکار. "

(نامە بۆ لوییز، ٢٠ مارسی١٨٤٧)

ئەو پێنج مانگ دواتر بۆ ئەم بابەتە ئەگەڕێتەوە و بیروڕای خۆی هەر لەڕێگای ئەو وشانەوە دەردەبڕێ: "لەڕاستیدا ئەوەی کە دەبێ لەژیاندا لێی بترسین ئەو نەهامەتییانە نین کە دەبنە هۆی کارەسات، بەڵکو هەندێ ڕووداوی زۆر بچوکی نەخوازراون. من لە ئازاری دەرزییەک زیاتر دەترسم هەتاکو لێدانی شمشێر. لەم ڕوەوە پێویستمان بە لەخۆبردوویی بەردەوام نییە، ئەوەی هەمووکات پێویستمانە، لانیکەم هێما ڕووکەشەکانی خۆشەویستییە لەلایەن کەسانیترەوە، بەکورتی سەرنج و ژیری خەڵکە. "

(نامە بۆ لوییز، ٢٦ ئووتی١٨٤٧)

 ئەم باوەڕە کە ژیان تەنیا لە نێوان دوو ئاستی ئیفراتدا دانەمەزراوە و زۆرجار بەختەوەری و نەهامەتی کۆبونەوەی بێ مانا و یەک لەدوای یەکی ڕووداوە بچوک و ئاساییەکانە و هەرشتێکی پوچ و نادیار زیاتر لەگەڵ سروشتی مرۆڤدا گونجاوە تاکو دیاردە گەورە و ڕازاوەکان، بەمانای ئەوەیە، کاتێک بوئییە و دوکان دوای خوێندنەوەی وەسوەسە پێشنیاریان کرد بە فلوبێڕ کە بابەتێکی ((ئاسایی)) بۆ ڕۆمانەکەی هەڵبژێرێت، باسیان لەشتێک ئەکرد کە پێشتر لە مێشکی هاوڕێکەیاندا جێگیر ببوو. چونکو هەر لەدەستپێکی کارەکەوە، ئەم بیرۆکە -وەکو هەرشتێکیتر لەژیانی فلوبێڕدا- بە ئەدەبیاتەوە گرێدرابوو. ئەو لەساڵی ١٨٤٧ دا بە لوییز کۆلەی وتبوو: "بابەتی جوان ئەبێتە هۆی پەست بوونی بەرهەمەکە" بێگومان ئەمە وتەیەکی زێدەڕۆیانەیە. چونکو بابەتی جوان، ئەگەر بەباشی بگاتە ئەنجام دەتوانێ ببێتە هۆکارێک بۆ خولقاندنی بەرهەمێکی سەرسوڕهێنەر، بەڵام دەبێ سەرنجی ئەوە بدەین کە فلوبێڕ چوارساڵ پێش نووسینی مادام بواری پێداگری لەسەر بابەتە ئاساییەکان دەکرد. گومانی تێدانییە کە بەم شێوە باسی لە چەمکی ڕیالیستی بوونی ڕۆمان دەکرد. لەڕوانگەی ئەودا هەرشتێکی پوچ و کەم بایەخ بابەتێکی ڕەوایە لەبەر ئەوەی کە حەقیقەتە و نوێنەری ئەزمونی مرۆڤایەتییە. کاتێک خەریکی نووسینی مادام بوارییە بەشێوەیەکی ئاشکرا و لەڕێگای دیمەنێکەوە باس لەم باوەڕە دەکات کە وەبیرهێنەری وتەیەکی ناسراوی فاکنێرە کە مرۆڤەکانی سەرزەوی وەک ژمارەیەک مێروو دەزانی کە لەسەرپشتی سەگێکدان و ئەگەری ئەوە هەیە لەهەرکاتێکدا جەستەی ڕاوەشێنێت و خۆی لەدەستیان ڕزگار بکات. "ئاخۆ کۆمەڵگا زنجیرەیەکی بێ کۆتایی لەم هەموو سەرشۆڕی، درۆ و فریودان، ساختەچییەتی و بەدبەختییە نییە؟ مرۆڤەکان وەک ژمارەیەک ئەسپێ لەسەر ئەم زەوییەدا ئەسووڕێنەوە . " (نامە بۆ لوییز، ٢٥-٢٦ ژونی١٨٥٣)

 لەڕاستیدا مادام بواری جیهانی ئەو بوونەەوەرانەیە کە ژیانیان لێوانلێوە لە سەرشۆڕی، ساختەکاری، بەدبەختی و کۆمەڵێک ئاواتی پوچ و بێ بایەخ. ئەم وتەیە جگە لەوەی دابڕان لە دونیای ڕۆمانی ڕۆمانتیک ڕادەگەیەنێت دەستپێکی سەردەمی ڕۆمانی مۆدێڕنە کە تێیدا قارەمانەکان، لە سەروەری ئەخلاقی، مێژوویی و دەرونی بێ بەهرەن و بەتەواوی نوقمی پەستایەتی دەبن و بە تێپەڕبوونی کات، لەم سەردەمەدا کە ئەم پڕۆسە دەگاتە لوتکەی خۆی، لەبەرهەمی نووسەرانێکی وەک ساموئێل بیکێت و ناتالی سارۆتدا دەبنە زبڵە یان هەندێک بوونەوەری وەک کرم و تەنانەت پەست تر لەوەش. ئەم قارەمانانە لەڕۆمانەکانی فیلیپ سولیرزدا شتێک نین جگە دەربڕینی وشەکان بەسرتە. بێگومان ئەم پڕۆسەی دابەزاندنی کەسایەتییە- بەپێچەوانەی باوەڕی ڕەشبینانەی هەندێ کەس نابێتە هۆی مەرگی ڕۆمان، بەڵکو لەوانەیە، لەپڕۆسەیەکی بەرامبەردا، ببێتە هۆکاری گەڕانەوەی سەرلەنوێی قارەمانی ڕۆمان، بەڵام لەسەر بنەمایەکیتر- لەگەل یەکەمین ڕۆمانی چاپکراوی ئەم پیاوەدا دەستی پێکرد کە لەساڵەکانی کۆتایی ژیانیدا شانازی بەوە دەکرد کە چیرۆکێکی لەسەر بنەمای نۆرماتیڤ٣دامەزراندووە: "بەردەوام هەوڵم داوە بچمە ناو دڵی شتەکانەوە و حەقیقەتە گشتیەکان ئاشکرا بکەم، لەڕووی وشیارییەوە خۆم لە هەرشتێکی نەخوازراو و دراماتیک(درنج ئاسا و قارەمانانە) بپارێزم. "٤

بەڵام لە مادام بواریدا ئەم چوارچێوە بەتەواوی لەبەرچاو نەگیراوە، چونکو فلوبێر بەپێچەوانەی وتەی خۆی، ئەو بوونەوەرە نائاساییەی قوربانی نەکردووە. کازیمۆدۆ هەندێجار وەک کوێرێک کە هەمووگیانی پیس و بریندارە بە شەقامەکانی ئیون ویلدا تێدەپەڕێ، بەڵام زۆربەی کاراکتەرەکانی لەو کچەقەرەجە دڵڕفێنەی ڕۆمانی پشت کۆمی  نۆتێردامەوە وەردەگرێ، بەم پێیە مادام بواری ئەنجامی نکۆڵی کردنی ڕۆمانتیسم نییە، بەڵکو بەرهەمی بە لوتکە گەیاندنی ڕۆمانتیسمە. مادام بواری چەمکی ڕیالیسمی بەوشێوەی لە سەردەمی فلوبێڕدا بوو پەرەی پێدا و گڕوتینێکی تازەی بەخشی بە ڕۆمان کە وەک ژانرێک کە بەدوای نواندنەوەی گشت "واقعییەتەوە" بوو. فلوبێر لە ماوەی نووسینی ڕۆماندا لە نامەیەکدا بۆ لوییز دەنووسێت کە، دەبێ هەرشتێک لە ژیاندا ببێتە ماتریالێک بۆ ئافراندن. دەبێ لە هەر شتێک شێعر بەرهەم بهێنین گرینگ نییە لە چ شتێک، چونکو شێعر لە هەموو شتێک و هەموو جێگایەکدا بوونی هەیە. هیچ پاژیکی ماتریال نییە کە خاوەنی فیکر نەبێت، پێویستە بەم فیکرەوە خوو بگرین کە دونیا وەک بەرهەمێکی هونەری چاو لێبکەین بۆ ئەوەی پێڕەوی میتۆدەکانی بین لە کارەکانماندا. (نامە، ڕێکەوتی ٢٧ مارسی١٨٥٣)

 

ڕۆمان واتە فۆڕم

فلوبێڕ هەوڵی دەدا ئەوشتەی کە تا ئەوکات وەک بابەتێکی هونەری لەبەرچاو نەدەگیرا بیگۆڕێت بۆ بابەتێکی جوان، لەم ڕوەوە فۆڕمی بەکارهێنا. ئەم شێوازە بەو قەناعەتەی گەیاند کە بابەتی چاک یان خراپ بوونی نییە، هەر بابەتێک دەتوانێ چاک یان خراپ بێت، ئەم شتە پێوەندی هەیە  بە هەڵسوکەوتی ئێمە لەگەڵ بابەتدا. ئەمڕۆ ئەم وتە بۆ ئێمە شتێکی ڕوونە. بەڵام لەسەردەمی فلوبێڕدا دان پیانان بەم بۆچوونە لەڕوانگەی لوییزەوە دان پیانانێکی تێکدەرانە بوو: "بەم پێیە بابەتی نەجیب  یان نانەجیبمان نییە و دەکرێ هەر بەم پێیە لەڕوانگەی هونەری ڕووتەوە باوەڕمان بەم بنەما ببێت کە شتێک لەژێرناوی بابەت بوونی نییە، ستایل بەتەنیا، شێوازێکی ڕەهایە بۆ دیتنی شتەکان."  (نامەی ڕێکەوتی ١٦ی ژوئییەی١٨٥٢)

ڕۆمان نووسانی ڕۆمانتیک ئەم تیورییەیان وەک پێشینییەکانیان، بەڕێوە بردبوو، بەڵام وەک کێشەیەکی فیکری باسیان نەدەکرد. بەپێچوانە، هەمیشە دەیانوت، جوانبوونی بەرهەم پێوەندی لەگەڵ ڕاستگۆیی، ڕەسەنایەتی و خۆشەویستییە نهێنییەکانی بابەتدا هەیە. زێدەباری ئەمەش، لەسەدەی نۆزدەدا وەک سەدەکانی پێشوو، هەندێک لە شاعێران بیریان لە گرینگ بوونی ڕەهای فۆڕم کردبۆوە، بەڵام ڕۆمان نووسان لەم قۆناغە بەدوور بوون، تەنانەت گەورەترینیان. نابێ فەرامۆشی بکەین کە تا ئەوکات ڕۆمان بەردەوام وەک عامیانەترین ژانری ئەدەبی کە خاوەن کەمترین بەهرەی هونەرییە، واتە بەرهەمی زەینی عەوام دەناسرا ، بەڵام شێعر و شانۆیان وەک ژانرە ڕەسەن و بەرزەجێکان دەزانی. بێگومان هەندێک ڕۆمان نووسی هەڵکەوتوو هەبوون، بەڵام وەک هەندێک ڕیزپەڕی شهودی٥ دەهاتنە ئەژمار و دانیشیان بەوەدا دەنا کە ئافرێنەرانێکی پلە دوون(هەندێجار دوای شکست هێنان لە ئافراندنی ژانرە پلە یەکەمەکانی وەک شێعر یان تراژدیا خەریکی نووسینی ڕۆمان ببوون) ئەرکی سەرەکییان، بە لەبەرچاوگرتنی مەزاجی عەوامانەی خوێنەرەکانیان "سەرگەرم کردن" بوو. سەبارەت بە فلوبێر لەگەڵ پارادوکسێکدا ڕووبەڕوو دەبین، نووسەرێک کە دونیای خەڵکانی پەست دەکاتە بابەتی ڕۆمان، باس لەوە دەکات کە لەچیرۆکیشدا، هەروەک شێعر، هەمووشتێک پێوەندی بە فۆڕمەوە هەیە، هۆکاری سەرەکی بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە بابەتێک جوان یان ناحەزە، حەقیقەت یان درۆیە، هەمان فۆڕمە و ڕایدەگەیەنێت کە ڕۆمان نووس دەبێ هونەرمەند بێت، دەبێ پیشەگەری ماندوونەناس و بەردەوامی ستایل بێت. بەکورتی، ئەرکی ئەو سازدانی ژیانی هاوبەشە. واتە لەڕێگای یارمەتی وەرگرتن لە هونەری بەتەواوەتی ڕووت (بەوتەی خۆی،هونەری شاهانە) گیانێکی تازە بخاتە دەرونی پەستی مرۆڤەکانەوە،واتە گشتیترین ئەزموونەکانیان .

ئەمە ئەوشتەیە کە لە چیرۆکی لوییز کۆلەدا بەناوی "La Pasanne" ئەیدۆزێتەوە و بە خۆشحاڵییەوە ستایشی دەکات. "تۆ چیرۆکێکی ئاساییت لەفۆڕمێکی شاهانەدا پێشکەش کردووە، کە لەچوارچێوەی ئەزمونی هەر مرۆڤێکدایە، و بەڕای من ئەمە سیمبۆلی دەسەڵاتی ڕاستەقینەیە لە ئەدەبیاتدا. تەنیا مرۆڤە گەمژە یان هەڵکەوتوەکان شتە پوچ و بێ بایەخەکان بەکاردەهێنن. مەزاجە ئاساییەکان خۆیان لەم شتانە دەپارێزن، ئەوان بەداوی شتە شازەکاندا(بەرزەجێ یان پەست) دەگەڕێن. "٦

نازانم ئاخۆ لوییز ئەم یەکگرتن و هاوژیانییەی لەچێرۆکەکەیدا خولقاندبوو یان نە، بەڵام گومان لەوەدا نییە کە فلوبێرلەمادام بواریدا بەم ئەنجامە گەیشتبوو و هەر بەوشێوەی کە بودلێر تێگەیشتبوو لەگرینگترین دەستکەوتەکانی ئەم کتێبەیە. ئەو دەڵێت "ئەم ڕۆمانە سەلماندی کە دەکرێ هەموو بابەتەکان چاک یا خراپ بن و ئەمە پێوەندی بە هەڵسوکەوتی ئێمە لەگەڵ ئەو بابەتەدا هەیە، تەنانەت دەکرێ بێ بایەخترین بابەتەکان بکرێنە باشترین بابەت."

بەکارهێنانی بابەتەکانی ژیانی ڕۆژانە لەڕۆماندا لەلایەن فلوبێرەوە هاوکاتە لەگەڵ سەرنجێکی بێ وێنە لە سنوری زماندا. لەو نامانەی کە پێوەندیان بەو ساڵانەوە هەیە لە دووپات کردنەوەی ئەم بابەتە ماندوو نابێت و بەم جۆرە باس لە ئامانجی خۆی دەکات کە بەرزکردنەوەی پەخشانی چیرۆکە تاکو ئاستی پێگەی هونەری بەهەمان شێوەی کە لەوکاتدا تایبەت بە شێعر بووە. ئەو دڵنیایە کە ئەگەر لەم کارەدا سەرکەوتو بێت توانیویەتی ئەو "ژیانە ئاساییانەی" لە ڕۆمانەکەیدا باسیان دەکات تاکو ئاستی حەماسە بەرزیان بکاتەوە: "هەوڵدان بۆ ئەوەی پەخشان ببێتە خاوەنی ڕیتمی شێعر و [هاوکات هەروەک پەخشان بیهێێڵیتەوە] نووسین دەربارەی ژیانە ئاساییەکان بەشێوەیەک کە مێژوو و حەماسە دەنوسیت(بەبێ ئەوەی لە سروشتی بابەتە تێبگەی) ڕەنگە هەوڵێکی پوچ و بێ مانا بێت. ئەمە ئەو شتەیە کە هەندێجار لەخۆم پرسیار دەکەم. بەڵام ڕەنگە ئەم کارە ئەزمونێکی گەورە یان ڕەسەنترین ئەزمون بێت. "

(نامە بۆ لوییز، ٢٧ مارسی١٨٥٤)  

سەرچاوە: "عیش مدام: فلوبر و مادام بوواری" نوشتە ماریوس بارگاس یوسا، ترجمە عبدالله کوثری، انتشارات نیلوفر.

                                                                          

ژێدەر:

1-      شارێک لە باکوری فەڕانسا

2-      دوو قارەمانی سەرەکی ڕۆمانی پشتکووڕی نوتێردام بەرهەمی ویکتۆرهۆگۆ، کازیمۆدۆ بوونەوەرێکی پشت کوڕ و خاوەن ڕوخسارێکی ناحەز و سمراڵدا کچێکی جوان و دڵڕفێن.

3-      Normality

4-      نامەیەک بۆ George Sand، (ڕێکەوتی نامەکە نادیارە)

5-      Intuitive geniuse

6-      نامەی ڕێکەوتی ١٦ ژوئییەی ١٨٥٣.


په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است