- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
فاشیزمی رۆژهەڵاتی و چەند سەرنجێک دەربارەی نووسینێکی فۆئاد حەبیبی
فاشیزمی رۆژهەڵاتی و چەند سەرنجێک دەربارەی نووسینێکی فۆئاد حەبیبی
بەفراو نوری
لەم ڕۆژانە و پێدەچێ تا ماویەکی درێژ ، داعش و دەرکەوتنیان یەکێک بن لە بابەتە گەرمەکانی هەر قسەوباسێکی سیاسی و ناسیاسی بۆ نووسەرانێکی زۆر. دیارە دەرکەوتەیەکی گەورەی وەک ئەم هێزە، کاریگەری خۆی لەسەر بیرکردنەوەکان دادەنێت و بۆچونی جیاواز لە نێوان ڕوانینەکاندا دروست دەکا. لە ناو لێشاوی بابەتەکاندا لەسەر ئەم دەرکەوتەیە، نووسینێکی فۆئادحەبیبی و بەدواداچونێکی بەڕێزیان بۆ وتارێکی بەختیار عەلی سەرنجی ڕاکێشام کە ماوەیەک لەمەوپێش لە ماڵپەری داهاتوودا بڵاوکرابوو، وتارەکەی بەختیار عەلی بەشێک بوو لە زنجیرە کارێکی لەسەر فاشیزم و فاشیزمی رۆژهەڵاتی کە هەتاکو ئەو ڕادەی ئاگادارم زۆر پێشتر لە دەرکەوتنی داعش دەستی پێ کردوە . لەو دوو ساڵەدا وەک خوێنەرێک، گەرچی زۆرجار لە دۆخێکی باشی خوێنەر بوونیشدا نەبووم، هەتا دەستم گەیشتبێ بە هەموو بابەتێک، ئەو گفتوگۆیانەم خوێندۆتەوە کە ئەم تێزە وروژاندی، کاتێ نووسینەکەی فۆئاد حەبیبیم بینی لەسەر دوا وتاری بەختیار عەلی هەستم کرد لەبەر هەندێ هۆکار، شایەنی ڕاستکردنەوەی زۆرە: یەکەم: بەرێز حەبیبی لە نووسینەکەیدا لە نازانیاری دەربارەی چەمکی فاشیزم لای بەختیارعەلی نووسیویەتی و تەنیا ویستویەتی لەم دوایین وتارەوە باس لە سەر فاشیزم لای ناوبراو بکات. هەر ئەمەش توشی بە هەڵەدا چونێکی زۆری کردوە. دووهەم: نووسینەکە لەسەر روبەروو بوونەوەیەکی بەر بڵاو و باو داڕێژراوەلە نێوان داعش و لیبرالیزمدا و گێڕانەوەی تەفسیری داعشە بۆ پارادۆکسێکی تەقلیدی کە گوایە شەڕی داعش ، تەنیا شەڕی توندوتیژی ئایینیە لە دژی دیموکراسیەت. گەرچی فۆئاد تێڕوانینێکی ئالۆزی نێوان چەپ و لیبرال بووندا هەیە و قەرارێک و پنتێ بۆ دانانی قاچی خۆی نابینێتەوە، بەڵام ئەو تێزانەی بەرزی کردوونەتەوە، هەر وتنەوەی ئەو بیروڕا و قسەوباسە باوانەن کە ڕۆژانە لە میدیا و پەیجە شەخسیەکاندا چالاکڤانان و ڕۆژنامەنووسەکان دووپاتی دەکەنەوە، بەڵام نووسەر هەوڵی داوە بە ڕەنگکراوی و بە دروست کردنی تە پ وتۆزێکی لەفزی ڕەنگی زانست ببەخشێ بە بۆچوونەکانی و شتەکان بشارێتەوە ، ویستویەتی بەلاغەتی فارسی بخاتە خزمەت گێڕانەوەی بیروڕایەک کە هێند دووپات کراوەتەوە، پێویستی بە بەلاغەتێک نەماوە بۆ وتن. لەم نووسینەمدا هەوڵ ئەدەم هەندێ لە سەرنج و ڕاست کردنەوەکانی خۆم بۆ فۆئاد دەربخەم، کە بە تەقلیدیترین فۆڕم ویستویەتی زۆر لە رۆشنبیرانی کورد بخاتە ژێر تۆمەتی تەقلیدی بوونەوە. لێرەدا من ناتوانم هەموو بۆچوونەکانی بەختیار عەلی لەسەر فاشیزم کورت بکەمەوە، چونکو بەسەر دەیان وتار و چاوپێکەوتن و دەقدا دابەش بوون، لەوانەیە من هەندێکیانم نەبینی بێت، بەڵام بەپێی قسە و باسێک فواد وروژاندونی تێگەیشتنی خۆم لەسەر ئەو بۆچونانە دەنووسمەوە.
سەرەتا دەمەوێت لەسەر کورتەیەکی بچوک لەسەر چەمکی فاشیزمی خۆرهەڵاتی بدوێم. فاشیزمی رۆژهەڵاتی پێش هەموو شتێک، گرێدراوی ژمارەیەکی زۆر وشە و زاراوەی ترە کە بێ گەڕانەوە بۆ ئەوانیش باس کردن و ناو هێنانی ئەنجامی ڕوونی لێ ناکەوێتەوە. فاشیزم لای بەختیار عەلی وەک خۆی دەڵێت :
( لە مۆدێلی دەوڵەت ـ نەتەوە وە نەهاتۆتە دەرێ، بەرهەمی سەرکەوتن و کامڵبوون و پێڕەوکەبوونی تەواوەتی مۆدێلی تۆتالیتاریی دەوڵەت ـ نەتەوە نییە، بەڵکو بەرەنجامی هەرەسی ئەو مۆدێلەیە، دەرەنجامی گەیشتنی پڕۆسەکانی ئازادی نیشتیمانییە بە ڕێگایەکی داخراو و نوشوستی کۆمەڵگاکانە لەوەی فۆرمێکی مۆدێرن لەگەڵ فۆرمە تەقلیدییەکاندا بگونجێنن).
جگە لەمە و بە پێچەوانەی ڕوانگەیەکی ئاسایی لە فاشیزم کە وەک جۆرە حوکمێکی پایەدار دەبینرێ، بەختیار عەلی وشەی فاشیزمی رۆژهەڵاتی وەک ناوێک بۆ ئەگەر و وزەیەکی ناوەکی بەکاردەبات، وەک شتێک دەیخاتە ژێر نەزەر کە دەجوڵێت و بەردەوام فۆڕمی دەگۆڕێت. خۆی دەڵێت :
(فاشیزم ... میکانیزم و دینامیکییەت و بزاوتێکی ناوەکییە، تەنیا بە بینینی لە جوڵەدا، لە کاتی تێڕوانین لە ئیشکردنی ئەو ئامێرە کۆمەڵایەتییە گەورەیەدا تێیدەگەین کە لە هەموو بەش و پنتێکدا چالاکە، فاشیزم لە ناو تۆڕێکدا دەجوڵێتەوە، تەنیا سروشتێکی فیکری یان سیاسی نییە. جۆرێک لە پراکتیکی توند یان سەختگیریی ئەخلاقی نییە، بەڵكو ئەگەرە، ئامادەگییە، بوونی ناوەکییە، گەرایەکە هەمیشە سەروەختی تروکانە، دەردەکەوێت و دەجوڵێت، هەم گرژییەکی دەرونی تاکەکانە، هەم گرژی کۆمەڵگا و ترسەکانیشێتی کاتێک پڕدەبن لە سام و نادڵنیایی).
هۆی ئەم بێ فۆڕمییە ئەوەیە فاشیزم تایبەتمەندی هێزێک یان نەتەوەیەک یان گرووپێک نییە، بەڵکو ئەو وەک وزەیەک تماشای دەکات کە لە پەنجا ساڵی دوایندا رۆژهەڵاتی لە خۆی گرتووە، واتە جیا لە فۆڕمە ڕۆژئاواییەکەی بۆ فاشیزم کە دەبێتە شۆناس بۆ هێزێکی تایبەت، فاشیزمی رۆژهەڵاتی سیفەتی (پەیوەندییەکانە) نەوەک سیفەتی حەتمی شۆناسە سیاسییەکان بێت. خۆی لەو ڕووەوە دەڵێت:
(فاشیزم لای من بریتییە لە خواستی وردکردنی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، کاتێک فۆرمێکی ئایدیۆلۆژی وەردەگرێت، کاتێک دەبێتە خواستی نهێنی و چەپێنراوی ناو تەواوی پەیوەندییە نێوبەینییەکان، وەک پەیوەندی «نەتەوە بە نەتەوە» «مەزهەب بە مەزهەب» «حیزب بە حیزب» «دەوڵەت بە نادەوڵەت» «دەسەڵات بە ئۆپۆزسیۆن» تا دەگاتە پەیوەندی «ئایدیا بە ئایدیا» و «فەرد بە فەرد» و «ڕۆشنبیر بە ڕۆشنبیر» و «تێکست بە تێکست»ـەوە).
هەروەها دەڵێت:
(فاشیزم بە بڕوای من لە ڕێگای جیاکردنەوە و «عەزلکرنی» شوناسێک لە شوناسەکانەوە ناخوێنرێتەوە، یان تەنیا لە ڕێگای پەیوەندییەکی راستەهێڵی لە نێوان هێزێک و بەرامبەرەکەیدا ناخوێنرێتەوە، بەڵکو لە ڕێگای کۆی ئەو تۆڕەوە لە پەیوەندی دەخوێندرێتەوە کە شوناسێک بە جیهانەوە دەبەستێتەوە. بۆ نمونە فاشیزمی بەعس تەنیا لە فۆرمە دیکتاتۆرییەکەیەوە سەرچاوە ناگرێت، لە ئەخلاقی سەدام حوسەینەوە نەهاتووە، یاخود ئەوە تەنیا دیاردە و دەرکەوتەی نین، بەڵکو لە رێگای پەیوەندی بە تەواوی شوناسە ئەتنی و دینی و کولتوورییەکانی ترەوە، لە ڕێگای پەیوەندی و ڕوانینی بۆ جەستەی سیاسی، بۆ دەسەڵات، بۆ وێنەی مرۆڤ دەخوێنرێتەوە)
یان لە جێگایەکی تردا ڕۆشنتر پێ داگری دەکا و دەڵێت :
(فاشیزم پتر وەک جوڵە و دینامیکییەت دەردەکەوێت، تەنیا لە ڕوانگەیەکی پانۆرامییەوە دەتوانین بیبینین. هیچ پانەبڕگەیەک لە جەستەی کۆمەڵایەتی بەشی ئەوە نیشانەمان ناداتێ، تێبگەین فاشیزم لە تەواوی جەستەکەدا چی دەکات، تەنیا ڕێگایەک بۆ تێگەیشتنی بینینی بزاوت و جوڵەیەتی بە ناو کۆی جەستەکەدا).
هەر لێرەوەیە بەختیار عەلی ڕەخنەی لە سیاسەت دەگرێت و وەک جێی دەرکەوتنەوەی فاشیزم ناوی دێنێت، لای بەختیار عەلی تێزێک کە زۆر دووبارە دەبێتەوە ئەوەیە لە رۆژهەڵات ڕەخنە لە فاشیزم لە ڕەخنەی سیاسەت بە گشتی جیانابێتەوە، ئەو سیاسەت بە گشتی لە رۆژهەڵاتدا وادەبینێ وەک سەرجەم کایەیەکە بە ڤیروسی فاشیزم نەخۆش کەوتبێت، لێرەدا ئاگاداری لە هەموو جۆرەکانی سیاسەت دەدات. خۆی سەبارەت بە فاشیزم و سیاسەت دەنووسێ:
(سیاسەت لێرەدا گوزارشتە لە ترسێکی قووڵی ناوەکی، نە کەرەستەی تەعبیری فیکری هێزێکە لە هێزەکان لە خۆی، نە ئەداتی ڕێکخستن و کۆنترۆلکردن و بەڕێوەبردنە، بەڵکو کۆبوونەوەی ناڕێک و تۆپەڵ ئاسای گروهێکی بەشەرییە لە دەوری ترسێک و داڵدەیەک و ئەمانێک، لەدەوری وێنەیەکی هاوبەشی دوژمن، یان بە مانا دۆلۆزییەکە بۆتەیەکە کە تێیدا خواستی خۆپاراستن و خۆشاردنەوە و خۆتێرکردن و خۆخاڵیکردنەوە و خۆئۆرگازمکردن ئیشدەکات. ئەوەش وادەکات کایەی سیاسی خۆی بە گشتی بە بارگەی فاشیستیانەوە و ئەگەری تەقینەوەی ترسناک بارکرابێت. لێرەدا بە کارهێنانی پێناسەکانی سیاسەت لە خۆرئاوادا، بۆ پێناسەکردنی سیاسەت لە خۆرهەڵاتدا، پوچ و بێبەهایە. لە پشت زاراوەی فاشیزمەوە، پرسیارێکی بنەڕەتیتر و گەورەتر هەیە کە هەوڵدەدەم وەڵامیبدەمەوە، سیاسەت لە خۆرهەڵات چییە؟. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، نە لۆک، نە ڕۆسۆ، نە مارکس ڕاستەوخۆ بە دەردمان ناخۆن، دەبێت بۆ وەڵامی فەندەمنتالتر و ڕوونتر بگەڕێین، چەمکی فاشیزم بەشێکە لەو هەوڵە، ئەو چەمکە دەرگایەکمان بۆ دەکاتەوە، شتێک لە ناواخنی پارادایمە تاریکەکە ئاشکرابکات، کە دەتوانین لەوێوە بڕۆینە ناوەوە یان لایەنیکەم بەجۆرێکی سەرەتایش بووە، بیری لێ بکەینەوە).
وشەی فاشیزمی رۆژهەڵاتی بە ڕوونی دیارە کەرەستەیەکی فەلسەفییە بۆ خوێندنەوەی ژینگەی سیاسی رۆژهەڵات، بە پێچەوانەی وشەی فاشیزمی ئەوروپی کە بۆتە کەرەستەیەکی سیاسی لە دەست کومۆنیزم و لیبرالیزمدا. ئەو خوێنە زۆرەی نزیکی پەنجا ساڵە لەخۆرهەڵات بێ وچان دەڕژێت، ئەو هەموو توندوتیژییەی لە هێزە سیاسییەکاندا دەیبینین، لای بەختیار عەلی بیانوویەکە هەتا فاشیزم وەک تۆمەتی سیاسی بۆ هێزێک دژ بە هێزێکی تر بەکارنەهێنین و وەک زاراوەیەک بۆ پشکنینی مێژوو سەیری بکەین.
دیارە دەکرێت ئەم پێشەکییە درێژ ببێتەوە، بەڵام بۆ زانینی زۆرتر لە تایبەتمەندی فاشیزمی رۆژهەڵاتی لای بەختیار عەلی وەها باشترە فۆئاد و خوێنەر بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆی و لەوێدا ئەوە هەڵبسەنگێنن.
لێرەوە دەچمە سەر نیشاندانی بیروبۆچوونی خۆم لەسەر وتارەکەی فۆئاد حەبیبی و هەندێ لە تێبینییەکانم خاڵبەند دەنووسم.
1. فۆئاد لە بیرۆڕایەکی تەقلیدی و ڕۆژنامە ڤانانەی زۆر باوەوە دەست پێدەکا، کە ڕۆژانە دەکەوێتە بەر چاومان، ئەویش روبەروو بوونەوەی نێوان داعش و دیموکراسیەتە، ئەو ئەم بۆچوونە وەک ڕاڤەیەکی وردبینانە بە خوێنەر دەدات. بەڵام لە واقیعدا، هیچ کەس پێویستی بەوە نییە نووسەر و لێکۆڵەر بێت تا ململانێی نێوان داعش و دیمۆکڕاسیەت ببینێت، ئەمە ململانەیەکە بەرچاو، کە داڕشتنی هەر بۆچونێک ئەبێت لەو دیوی ئەم ململانێ بێ. کێشە ئەو کات دروست دەبێ لە ئاستی ئەم ململانێدا بچەقین و ئەم پێشەکی باسە لەگەڵ ناوەڕۆکی باسەکەدا تێکەڵ بکەین. بەختیار عەلی دەڵێ داعش لە ناو پارادایمێکی گەورەتردا ببینین کە فاشیزمی رۆژهەڵاتییە، ئەم ڕاڤەیە پێش وەخت ململانێی نێوان داعش و دیموکراسیەت و لیبرالیزمی لە بەرچاو گرتووە و لە و دیوییەوە قسەدەکا، واتە نووسینەکەی فۆئاد حەبیبی هەنگاوێکە بۆ دواوە. ئەوەی بەختیار عەلی لە نووسینەکانی تریشدا پێداگری لێ دەکا، ئەوەیە لیبرالیزم لە رۆژهەڵاتدا وەک ئایین و ناسیۆناڵیزم و مارکسیزم بووەتە تێزێکی چەقبەستوو و وەک ئایدۆلۆژیا توتەلیتارەکانی تر کاردەکات و ئیشی دروستکردنی شوناسی داخراوە. کە دەوترێ داعش فاشیستە، واتە بە جۆرێکی ئاشکرا و ڕوون فاشیزم لەگەڵ لیبرالیزم و ئایدۆلۆژیاکانی تردا روبەڕوو ئەبێتەوە ، بەڵام بەختیار دەڵێ ئەم ململانێیە هەموو دیاردەکە تەفسیر ناکات، چونکوو هەر یەک لەم ئایدۆلۆژیانەی تریش دەتوانن وەک داعش فاشیست بن، دەتوانن وەک ئەو توندووتیژبن. بەختیار دەڵێ ئەم روبەڕوو بوونەوە دەبێت بە ململانێکی لاوەکی و دووەمین کاتێک تێبگەین، پارادایمێکی فاشیستی هەیە توانای هەیە هەر یەک لە ئایدۆلۆژیاکانی تریش بکات بە هێزی فاشیستی، وەک چۆن ناسیوناڵیزم لای بەعس بۆ فاشیزم و جینۆساید و قڕانکاری وەردەگەڕێ ، یان لیبرالیزمی ئەتاتورکی هەزاران ئینسان قات و قڕی دەکات. فۆئاد حەبیبی لە بەرئەوەی ئاگاداری بۆچونەکانی نووسەر نییە کە لە دەیان وتار و چاوپێکەوتندا باسی لێوە کردووە، بە تەقابولێک روبەرووی بووەتەوە، کە پێویستی نووسەر لە فاشیزم، هەوڵی بەلاوەنانێتی بۆ ململانێکی وەها سنووردار.
2. فۆئاد حەبیبی ئەڵێ فاشیزم لای بەختیار ڕۆحێکی ئەبەدی هەیە. ئەم بۆچونە تەواو بەپێچەوانەی تێگەیشتنی منە لە خوێندنەوەکانمدا بۆ وتارەکانی نووسەری ناوبراو لەسەر فاشیزم و دانانی مۆرێکی بێ بنە ما و خێرایە هەتاکو خۆی لە خوێندنەوەی سەرەکی تێکستەکان دور ڕابگرێ. گەر فۆئاد زەحمەتێکی بدایەتە خۆی، دەیتوانی بزانێ فاشیزم لای بەختیار عەلی قۆناغێکی نێو مێژووی مۆدێرنەیە لە رۆژهەڵات، واتە بە هۆی ئەو دۆخەوە دروست بووە کە هاتنی مۆدێرنە و تکنولۆژیا دروستیان کردوە. لێرەوە بەختیار عەلی لە تێزی خۆیدا بایەخی زۆر بە ماشێن دەدات چ وەک کەرەستە چ وەک شێوەی ئیشکردنی ماشێن ئاسا لە سەرهەڵدانی فاشیزمی رۆژهەڵاتیدا. بەشێک لە پڕۆژەی بەختیار عەلی لێکۆڵینەوە لە سەر قەیرانی هۆمۆفابەرە، واتە نەبوونی مرۆڤی دروستکەر بۆ ئامێر کە دواجار وایکردوە مرۆڤی رۆژهەڵاتی لە پەیوەندییەکی نادروستدا بێت بە ماشێن و بە مۆدێرنەوە، بۆ ڕوون کردنەوەی تێزەکەشی دوو جۆر کۆمەڵگا جیادەکاتەوە، یەکێکیان کۆمەڵگای ماشێنساز و ئەویدیکەیان کۆمەڵگای ماشێندارە، کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان کە ئەڵقەی هۆمۆفابەریان نییە، مۆدێرنە دەرگای ناعەقلانییەتیان لێ دەکاتەوە. خۆی لەو ڕووەوە دەڵێ:
(لە کۆمەڵگای ماشێنداریدا، ماشێن دەبێت بە سەمبولێکی غەریزیی نەوەک زانستی و عەقڵی. ماشێن ڕەمزی کۆنترۆڵکردنی مرۆڤ نییە بۆ دونیای شتەکان و دەوروبەر، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەمبولی دروستبوونی پەیوەندییەکی خورافی و سیحری نوێیە بە دونیاوە. مۆدێرنەی خۆرهەڵاتی، دەرگا لەسەر سەردەمێکی عەقڵانی ناکاتەوە، بەڵکو دەرگا لەسەر ڕۆژگارێکی خورافی نوێ دەکاتەوە، ماشێن لە خۆرهەڵات وەزیفەیەکی ئەفسانەیی هەیە، کەرەستەیەکی سیحرکردنە، واتە جەوهەرێکی کۆنەپەرستانەی هەیە ... ماشێن لە بری ئەوەی ببێت بە سەمبولی مرۆڤێکی خولقێنەر، دەبێت بە سەمبولی بوونەوەرێک کە لە پەراوێزی مۆدێرنەدا دەژی و تەواوی زبڵدانە تەکنۆلۆژییە مەسرەفگەراکە دەڕژێنێتە ناو خۆی. ماشێنەکان دێن و بانگهێشتی ترسەکان و ئومێدەکان و غەریزەکانمان دەکەن. ماشێن دەبێت بە ئۆبێکتی ئارەزوو، نەوەک عەقڵ... ماشێن کەرەستەیەک نییە، کە وەزیفەیەکی تایبەتی هەیە، بەڵکو سەمبولی ناکۆتابوون و بەردەوامی ئارەزووە برسییەکانمانە، ماشێن دەبێت بە بەشێک لە دەزگای دەرونی. لە «مۆدێرنەی نەفام»دا پەیوەندی مرۆڤ و ماشێن کورتدەبێتەوە بۆ پەیوەندییەکی ئارەزوگەرا، پەیوەندییەکی ئیرۆتیکی ... نەوەک پەیوەندییەکی عەقڵی).
ئەم رەهەندە تکنۆلۆژییە دەبێتە هۆی تێک چوونی سروشتی جیهانی کلاسیکی و دروست بونی شوناسگەلی وەها ترساودا کە بەردەوام خۆی لە ژێر باری هەڕەشەدا دەبینێت. بەختیار عەلی کە قسە لە فاشیزم وەک دەرکەوتەیەکی مۆدێرن دەکا، بە وەشەوە ناوەستێ، لە پێناسەکەیدا بۆ فاشیزمی رۆژهەڵاتی چەندین دەستنیشان کردن و سنووری تر دەخاتە سەر تێزەکەی. فاشیزم وەک وزەیەک پێناسە دەکا کە لە پەیوەندییە نێو بەینییەکاندا دەردەکەوێ، وەک شوناسێکی تایبەت بە هێزێک یان ئایدۆلۆژیایەک نایبنێت، بەڵکو وەک پۆتانسیلی وێران کردن کە لە هەموو جێگایەک دەردەکەوێ و ون دەبێ، حزورێکی نەپچڕاو و هەمیشەیی نیە، بەڵکو شێوەی گوژمی وێرانکاری دێت و پاشەکشە دەکات. لێرەدا فاشیزم نەوەک ئەبەدی نیە، بەڵکو گرێدراوە بە قۆناغێکی تایبەتی مێژووی رۆژهەڵاتە، ئەو لەو مێژووی مۆدێرنەی رۆژهەڵاتیدا پەنجە دەنێتە سەر سێ چرکەسات، چرکەساتی ئەفسانەیی، ئایدۆلۆژیی، فاشیستی. فاشیزم لای ئەو وەک دەرکەوتەیەک لە قەیرانەکانی کەپیتالیزمی رۆژهەڵاتییەوە لە چرکەساتی ئەفسانەیی و ئایدۆلۆژییەوە هاتووە. دوور لەوەی تێزی بەختیار عەلی چ جۆرە قسەوباسێ هەڵدەگرێ، فۆئاد لەم بۆچوونەوە بێخەبەری تەواوی لە بیروبۆچونی نووسەر هەیە.
3. فۆئاد حەبیبی لە نووسینەکەیدا، پێداگری لەوە دەکات داعش رێکخراوێکی ئیسلامی ڕووتەو دەبێت لە کانتێکستی مێژووی خۆیدا بخوێنرێتەوە، ئەم ژێرخانە مێژووییەش لای فۆئاد حەبیبی ئەوەیە بڵێین داعش لە ئیسلامی سیاسی و ئەل قاعیدەوە دا کەوتوە و ئەمە کانتێکستی مێژوویی داعشە نەوەک مێژووی رۆژهەڵات کە بەختیار عەلی لە نێوانیدا بۆ ژێرخانی داعش پشکنینی بێ سوود دەکا. پرسیاری من ئەوەیە، ئایا ئەمە کارێکی ڕاست و دروستە بۆ وشەی کانتێکستی مێژوویی، یان بەلادا بردنی وشەکەیە. لە ڕاستیدا وتنی ئەوەی داعش لە ئەل قاعیدەوە هاتووە نە ڕاستیەک ڕوون دەکاتەوە، نە پەیوەندی بە کانتێکستی مێژووەوە هەیە، ئەوە دەرەنجام گیریەکی ئاشکرایە کە هەر گوێگرێکی بێ سەودایش لە دەنگ و باسی رۆژانە ئەتوانێ بەم ئەنجامە بگات. جێگای سەرنج و سەرسووڕمانە کەسێکی ئەکادیمیک زاراوەی کانتێکستی مێژوویی بۆ ئەم ئاستە دابەزێنێ. کەسێک کە بە شوێن ژێرخانی مێژوویی داعش بێت، دەبێ هەروەها بۆ ژێر خانی مێژوویی ئەل قاعیدەلەهەوڵدابێت . ئەل قاعیدە ژێر خانی مێژوویی داعش نییە، بەڵکو ژێرخانی مێژوویی دەبێ شتێک بێ کە بتوانێ ئەل قاعیدەش رۆشن بکاتەوە. ڕاڤەی بەختیار عەلی لێرەدا چەندین بار لە پێش ئەم دەرەنجامگیرییەی فۆئادە، لای بەختیار عەلی داعش پەیوەندییەکی زۆری بەو دۆخە مێژووییەوە هەیە کە مۆدێرنە هێناوێتی، چەندە پەیوەندی بە پاوانخوازی مەزهەبییەوە هەیە، ئەوەندەش پەیوەندی بە بەعسی عێراقی و ناسیۆناڵیزمی عەرەبی و قەیرانی مۆدێرنەو و تێکچونی چێوەی ژیانی شوناسەکانەوە لەرۆژهەڵات هەیە، داعش چەند لە ئەل قاعیدە نزیکە لە بەعسی عەلمانی و سوسیالیستیش نزیکە، هەر ئەوەشە وادەکات بەختیار عەلی لە گێراندنەوەی داعشدا بە تەنیا بۆ پاوانخوازی مەزهەبی دوودڵ بێ. بۆچونی فۆئاد هەر لەم ڕوانگایەوە بەتەنیا هەڵە نییە، بەڵکو لە ئاستی مەیدانیشدا لێکۆڵینەوەکانی دروست نین. شوێن کاری داعش، هەر لانکە و جێگەی بەعسییە کۆنەکانە و بەشی زۆری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە ئەفسەر و دەرەجەدارانی سوپای سەددامن، جگە لەوەی پاڵپشتە گەورەکانی دەوڵەتانی وەک قەتەر و تورکیان.
4. جیاوازییەکی سەرەکی کە خوێنەرانێکی وەک ئێمە لە نێوان تێزی بەختیار عەلی و ئەم وتارەی فۆئاد حەبیبیدا دەخرێتەڕوو، ئەمەیە، فۆئاد حەبیبی لەو جێگاوە وەستاوە کە دەپرسێت توندوتیژی قاعیدە لە کوێوە سەری هەڵداوە، بەڵام بەختیار عەلی دەپرسێت توندوتیژی لە رۆژهەڵات لە کوێوە سەری هەڵداوە، ئەو وەحشیەتەی لە جەنگی فەلەستیندا دەیبینین لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئەو کوشتارەی لە جەنگی لوبنان یان کوشتار لە شەڕی ئێران عێراقدا یان دڕندەیی پان تورکەکان لە کوێوە هاتوون... ئەو لە پشت خوێنڕێژییەکانەوە بونیادێک دەبینێت، پارادیمێک دەبینێت و بۆ پڕەنسیبی ئەو پارادایمە دەگەڕێ. ئەمە پرسیارە سەرەکییەکانی بەختیار عەلین کە لە هەموو نووسینەکانیدا دووبارە بوونەتەوە. و فۆئاد بە هۆی ئەوەی تەنیا ئەم وتارەی خوێندۆتەوە نەیتوانیوە قسەیەکی سوودبەخش لەو بارەوە بکات. فاشیزم لای بەختیار عەلی ناوێکی کۆکەرەوە بۆ کۆی جەلادەکان لە رۆژهەڵاتدا، خۆی بەرامبەر کەسانێک کە گومانیان لە زاراوەی فاشیزم هەیە دەڵێت:
(بۆ ناوێرن ناوی فاشیزم بهێنن؟... ئایا پێویستیمان بە پەنجا ساڵی تر شەڕی خوێناوی و لۆکاڵ و هەرێمی و جیهانی هەیە لەم ناوچەیەدا تا ناوی بنێین... پێویستمان بە دەیان دیکتاتۆری تر و سەدان کۆکوژ و دەیان جنیۆسایدی تر هەیە، یان ئەو ملیۆنەها کوژراو و بریندارەی پەنجا ساڵی رابوردوو کەمە بۆئەوەی بتوانین روانینێکی قووڵترمان بۆ چەمکی پیاوکوژی سیاسی و فاشیزم لەم ناوچەیەدا هەبێت؟. لە پەنجا ساڵی رابوردوودا، ملیۆنەها مرۆڤ بوونەتە قوربانی ئەم ئامێرە فاشیستییە، بەڵام واسەیرکراوە کە قوربانییەکان هەر یەکەی بەدەستی هێزێک کوژرابن کە هیچی لەویدی ناچێت، پیاوکوژەکان ئەو وەهمەیان باش تیا سەوزکردوین کە جیاوازن، کە کوشتنی هەندێکیان شەرعییە. لەم گەمەیەدا لاشەکانیان لە یەک دابریوە و نایانەوێت بیانخەنە پاڵ یەک. ئەوەی ئەتاتورک و فاشیزمی تورکی کوشتوێتی، دایانبڕیوە لەوەی سەدام حوسەین کوشتوێتی، ئەوەی فەلەستینی و مارۆنییەکان لە یەکیان دەکوشت دایانبریوە لەوەی شیعە و سوننەکان یەک دەکوژن، ئەو کوردەی لە شەری ناوخۆی پارتی و یەکێتیدا کوژراوە دایانبڕیوە لەو کوردەی کە بەدەستی دەوڵەت دەکوژرێت. هەموو لاشەکان بنێرەوە پاڵ یەک، هەموو ئەو جۆگە خوێنانە بخەرەوە سەر یەک شاجۆگە، ئەوسا دەبینیت فاشیزم هەیە یان نییە، بەڵام لێرە هەست و بینینی ئینسانەکان بەجۆرێک بچوک و یەک روانگە و تەسک بۆتەوە، مرۆڤەکان ناتوانن مردوی خۆیان گرێبدەنەوە بە مردوی دراوسێکەیانەوە تا مانایەکی گشتی لێ دەرەنجام بهێنن، تا سیستمی پشت ئەم کوشتارە دوورودرێژە ببینن).
لای بەختیار عەلی ئینکارکردنی فاشیزم بەشێکە لە ئەخلاقیاتی فاشییزم خۆی، کاتێ ڕێ نادا هێزێک یان نەتەوەیەک مردوەکانی خۆی بە مردوی ئەوانی تر بشوبهێنێ.
5. فۆئاد حەبیبی لە وتارەکەی خۆیاندا دەڵێن داعش شتێکی نوێ نییە. بە هەندێ زاراوەی گاڵتەجار باس لەو تێزە دەکات کە تێیدا بەختیار عەلی باس لە دیوە تازەکانی داعش دەکات. لێرەشدا فۆئاد کەوتوەتە هەڵە و کورت بینینێەکەوە کە پێویستیان بە راست کردنەوە هەیە:
یەکەم، ئەوەی داعش شتێکە وەک بەعس و تاڵیبان و شەپۆلەکانی تری توندوتیژیی تێزی بەختیار عەلی خۆیەتی، ئەوە هەیە بەختیار عەلی ناڵێت داعش تەنیا لە تاڵیبان و ئەل قاعیدە دەچێ، بەڵکو داعش لە هەمو فاشیستەکانی تری وەک سەددام و قەزافی و شارۆن و ژەنراڵە تورکەکانیش دەچێت، جینایەتەکانی داعش لە ڕووی ترسناکییەوە جیاواز نییە لەم جینایەتانەی تر. ئەی نوێ بوونی داعش لە چیدایە؟ لێرەدا بە ڕوونی ئاستی دوو بیرکردنەوەی جیاواز وەبەرچاومان دەکەوێت. فۆئاد حەبیبی، داعش بە تاڵیبان بەراورد دەکات و دەڵێ داعش و تاڵیبان یەک شتن و لەوێدا نوختەیەک دادەنێ، بەڵام بەختیار عەلی نەهاتوە باڵای فاشیزمێک بە باڵای فاشیزمێکی تر بپێوێ. کارێک فوئاد حەبیبی دەیکات بەراوردکردنی داعشە بە سێبەرەکەی خۆی، بە تاڵیبان و ئەل قاعیدە، لە بەرئەوە شتێکی نوێ نابینێت و جینایەتەکانی داعش سادە و نورماڵ دەکاتەوە. مەبەستی بەختیار عەلی لە تێزی خۆی بەراوردی حاڵەتی فاشیزمە بە حاڵەتێکی جیاواز لە فاشیزم، بەختیار عەلی داعش بە سێبەری خۆی بەراوەرد ناکات، چونکە بەراوردێکی لەو جۆرە زۆر کلیشەیی دەبێت. بەختیار عەلی دۆخی دوای داعش بە دۆخی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بار و ئەحواڵی ئاساییدا بەراوەرد دەکات. ئەوەی بەختیار عەلی ئیشی لەسەر دەکات جیاکردنەوەی چرکەساتی فاشیستییە لە فۆڕمەکانی تری توندوتیژیی. هەموو توندوتیژییەک ناشێت فاشیستیانە بێت، کەواتە دەبێت هەوڵێک بدەین بۆ جیاکردنەوەی توندوتیژی فاشیستی لە نافاشیستی، بەختیار عەلی لەوێدا ئەو جیاوازییە دەچەسپێنێ. ئەوەی من لە نووسینەکانی ئەوان تێگەیشتبم، داعش لای ئەوان بیانویەکە بۆ جیاکردنەوەی فاشیزم لە فاشیزم نەبوون، نەوەک کاتی خۆی لە بەراوردی داعش و تاڵیباندا کوشتبێت، کە بەبڕوای من کارێکی زۆر بێ سود و کەڵک دەبوو.
6. لە وتارەکەی بەختیار عەلی، قسە لەسەر ئەوەیە کە داعش لەگەڵ ئەوەدا کە شەپۆلێکی فاشیستی وەک شەپۆلە کۆنەکانە، بەڵام دەکرێت داعش ببێتە دەرکەوتەیەکی نوێ. بەختیار عەلی کاتێک قسە لە نوێ دەکات، دەیەوێت بڵێ فاشیزم دەراویشتەیەکی ئوتوماتیکی ئایدۆلۆژیاکان نییە، هەڵەیە هەروا خێرا بڵێین ئیسلام یەکسانە بە فاشیزم، هەڵەیە سەرپێی و ئینشاوار بڵێین ناسیۆناڵیزم یان هەر بیرکردنەوەیەکی تر یەکسانە بە فاشیزم، بەڵکو فاشیزم لە کارخستنی ئەو ئایدۆلۆژیایانەیە بۆ دەست پێکردنێکی تر. بەختیار عەلی هەر لە وتاری یەکەمیەوە لەسەر فاشیزم ئەمەی وتووە کە فاشیزم تەنیا ئایدۆلۆژیاکان پەک ناخات، بەڵکو بۆ ئەوەی دەربکەوێ پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانیش پەک دەخات و شێوەکاری خۆی دەخاتە سەر جێ. لە یەکەمین تێکستیدا دەربارەی فاشیزم دەڵێت:
(فاشیزم ... فرەدەرکەوتەیە، فرەجوڵەیە، فرەدەمامکە، شێوەگۆڕە. بۆ ئەوەی لە فاشیزمی هەنوکەیی تێبگەین دەبێت هەمیشە ئەو تۆڕە گەورەیەمان لە بەرچاو بێت، کە هێزێکی ترسناکی نادیار بە خێراییەکی گەورە بە ناو ئەو تۆرەدا دەجوڵێت و لە هەموو ساتێکدا ئامادەیە لەچ پنتێکدا بانگیبکەن دەربکەوێت، ئەو تارماییەیە کە دەتوانێت لە یەک کاتدا لە هەموو شوێنەکان بێت، لە یەک جێگاوە نایەت بەرەو جێگایەکی دی، جوڵەیەکی راستە هێڵی نییە، بەڵکو جوڵەیەکی زیک زاک، ئاڵۆز، لۆچدار، شێرپەنجەیی هەیە، دەتوانێت هەموو پرۆسێسێکی کۆمەڵایەتیش ڕابگرێت بۆ ئەوەی خۆی دەربکەوێت. بۆ نمونە: ساتی شەڕی ناوخۆ، بریتییە لە ساتی ڕاگرتنی تارماییە فاشیستییەکە بۆ تەواوی پرۆسیسە کۆمەڵایەتی و سیاسییە سروشتییەکان بۆ ئەوەی خۆی دەربکەوێت).
مەزهەبگەرایی، ناسیۆناڵیزمی عەرەبی، ئیسلامی سیاسی یان هەر جۆرێکی نەتەوەپەرەستی بەبێ وەرگێڕانێک لە سروشتی جێبەجێ کردنی دەسەڵاتدا نابن بە فاشیزم. فاشیزم شتێک نییە لە تیۆریدا دەربکەوێت، فاشیزم کاتێک دەتوانرێت ناوی فاشیزمی لێ بنرێت کە ئیش بکات و رووە شەڕانی و دڕندەکەی خۆی دەربخات. داعش بۆیە فاشیستە چونکو نرخ و ڕیزبەندییەکی چەسپاوی هەیە کە تێکی دەدات. بۆ نمونە لە ئەخلاقی جنسی پێشتردا شتێک بە ناوی جیهادی نیکاح بوونی نییە. داعش دەبێت ئیسلامی سونەتی و سیستەمی ئەخلاقی پێشوو ڕابگرێ و پەکیان بخات تا ڕێک خستنێکی تر بۆ ئەخلاقیاتی جنسی بکات و شوێن پێ بۆ جیهادی نیکاح بکاتەوە. دەبێت نەزمی پێشووی پەیوەندی ئالوگۆڕی ئابووری پەک بخرێت هەتا لە ئالوگۆڕی کاڵاوە بگوازینەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئینسان لە بازاڕدا، دەبێت نەزمە کۆنەکان بە گشتی بوەستن، جۆرە پەروەردەیەک سەرهەڵبدات کە رێگا بە چەندین جۆری زانستی وەک کیمیا و مێژوو و مۆسیقا نادات. داعش فەزای میدیا و ژیان پردەکات لە دیمەنی نوێ تا تێکدانی ڕیزبەندی و نەزمەکان دەربخات و جیاوازیی خۆی بسەلمێنێت. خەتەنەکردن و سەربڕینی بە کۆمەڵ، تەقاندنەوەی گۆڕی پێغەمبەران، لیستی جیهادی نیکاح، فرۆشتنی ژنان، قەدەغەکردنی جگەرە، ترشیات، سەیرکردنی فوتباڵ ... تا دەیان ڕەفتاری تر. بە هۆی ئەم هەموو بەڵگە واقیعییەوەیە بەختیار عەلی باس لەوە دەکات داعش تەنیا درێژەدەری رێگای پێشووتر نییە، بەڵکو پەکخستنی جیهانی کۆنە بۆ جۆرە ڕێک خستنێکی ترسناکی نوێ. هەموو ئەم دەرکەوتە تازانە، لای فۆئاد حەبیبی بەس نییە هەتا بزانێت شتێکی نوێ هاتووە کە سروشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی پێشووی پەک خستوە. ئایا جیهادی نیکاح تەواوی ئەخلاقی سێکسوالی تەقلیدی ناباتە ژێر پرسیار؟ ئایا کردنەوەی بازاڕ بۆ فرۆشتنی ئینسان چەمکی کاڵا تەواو ناخاتە بەر پێناسەی تازە؟ ئایا سەربڕینی منداڵ پەکخستنی هەموو مۆراڵی پێشووتر نییە، بۆ مۆراڵێکی دڕندەی نوێ؟ لەگەڵ هەموو ئەمانەدا فۆئاد حەبیبی بە جۆرێکی نالۆژیکاڵ سوورە بڵێت هیچ شتێکی نائاسایی ڕووی نەداوە، ئەمانە بەشێکی سروشتی ئیسلامن و لە کانتێکستی مێژوویی ئیسلامی سیاسییەوە هاتوون، واتە داعش هاوشانی ئیسلامە و لە هەزار و چوار سەد ساڵ لە مەوپێشەوە هەروابووە و لێمان جیانابێتەوە... پرسیاری ڕەوا لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەمە فۆئاد حەبیبی نییە کە داعش بە ڕۆحێکی ئەبەدی دەبینێت کە هەمیشە بووە و ئێستاش هەر وەک جاران خۆی دووبارە دەکاتەوە؟ ئاخۆ فۆئاد خۆی هەستی بەم پارادۆکس و ناکۆکییە زەقانە نەکردوە؟.
7. فۆئاد گەرچی زۆر هەوڵی زانستی بوون و ئەکادیمی بوونی داوە، بەڵام باسێکی روونی لەسەر داعش نەکردووە. لە بەشێکی نووسینی خۆیاندا دەڵێت بەختیار عەلی بۆیە داعش وەک هەیولا دەبینێ، چونکو کەوتووەتە ژێر کاریگەری میدیای رۆژئاواوە کە دەیانەوێت لە داعش دوژمنی ژومارە یەک و شێرپەنجەی ناوچەکە دروست بکەن. ئەمجۆرە تێگەیشتنە لە تەنیشت ئەوەی پاکردنەوەی داعشە لە جینایەتەکانی و نۆرماڵ کردنەوەیەتی، لە باری زانستییەوە کورت بینیەکی هەرەزۆرە. فۆئاد حەبیبی بڕگەیەکی درێژی لە قسەی ئۆباما وەرگرتوە و دەڵێت بەوەدا ئۆباما داعش وەک هێزێکی ترسناک دەبینێت، بەختیار عەلیش وەک هێزێکی ترسناک دەیبینێت، ئاشکرایە بەختیار عەلی ئەم ترسەی لە رۆژئاواییەکان وەرگرتووە و لە ژێر کاریگەری ئەواندا بەو چەشنە هەیولاییە داعش دەبینێت. ئەم جۆرە لە دەرەنجامگیری و بەڵگە دانان تەنیا نالۆژیکی نییە، بەڵکو هەڵەیە. فۆئاد حەبیبی لێرەدا جینایەتەکانی داعش بە جینایەتی فانتازی دەزانێت کە بە کاریگەری میدیا لای خەڵکی گەورە بوون، لە کاتێکدا ئەم جینایەتانە جینایەتی واقیعین و ڕۆژانە سەدان قوربانی ڕاستی بەجێ دەهێڵن. لە ڕاستیدا قسەی فۆئاد حەبیبی بەو مانایە، بەوەدا رۆژئاوا داعش وەک هەیولا دەبینن، ئیتر داعش هەیولا نییە و هەیولا بوونی هەر زادەی میدیاکانە. لە راستیدا فۆئاد بە جۆرێک توشی ململانێی رۆژئاوا و رۆژهەڵات بووە، داعشی لە بەرچاو نبووە و توانای بینینی نەماوە، ئەو تەنیا ململانیێ روژئاوا و رۆژهەڵاتی لە بەرچاوە. لەم وێنەیەشدا هەموو وێنەیەک دەربارەی رۆژهەڵات دەگێرێتەوە بۆ رۆژئاوا و بە دروستکراوی ئەوانی دەزانێ. ئەگینا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان قسەی بەختیار عەلی لەسەر داعش و ئۆبامادا بوونی نییە.
8. دواتر فۆئاد حەبیبی هاتۆتە سەر بابەتی ناساندنی فاشیزم. فۆئاد بە هەندێک تێزی کۆنەوە گیرساوەتەوە کە تیۆری چەپی دیاریکراو لەسەردەمی جەنگی جیهانیدا دراوەتە پاڵ فاشیزم، وەک نەزمێکی سیاسی ئابووری لە ڕێگایەوە کەپیتالزم خۆی لە قەیرانەکانی لادەدات هەتا خۆی لە شۆڕشی کۆمەلایەتی و چینایەتی بپارێزێت. دیارە ئەم خۆبستنەوە بە پێناسێکی دێرین و فەرهەنگییەوە بۆ فاشیزم، نیشاندەری هەندێ تێبینییە. یەکەم، ئەم فۆڕمە لە عەقڵی ئەکادیمیکی ناتوانێ لە دەرەوەی ناساندنە فەرهەنگییەکان بۆ چەمک و زاراوەکان مانایەکی تر هەڵبگرێت. فۆئاد حەبیبی بەجۆری گرێدراوی تێزە کۆنەکان بووە، ناتوانێت فاشیزم لە دۆخەکانیتر و لە ژینگەکانی تردا بناسێت، نەوەک هەر نایبینێ، بەڵکو حاشا لە بوونیشی دەکات. واتە جگە لە پێناسە کۆنەکان کە بۆ فاشیزمی ئەوروپی نیشان دراون. وەها ڕوانینێکی داخراو شوێن پێی بۆ پێناسەی نوێ ناهێڵێتەوە. بەختیار عەلی لە سەرەتای ئیشکردنییەوە لەسەر زاراوەی فاشیزم سوورە لە سەر ئەوەی کە لە دەرەوەی ئەو پێناسە کۆنانە دەنووسێت و بیردەکاتەوە. خۆی دەڵێت (چاکترە زەبری مۆدێلی هیتلەری و مۆسۆلۆنی لە بەرچاوی خۆمان لادەین و ئەو کات بیر لە فاشییەت بکەینەوە). فاشیزم لای بەختیار عەلی و لە هەموو نوویسنەکانیدا هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە پارادایمێک لە ژێرخانەوە توندوتیژیی و جەنگی دڕندانە و وێرانکەر لە رۆژهەڵاتدا دروست دەکات. فاشیزمی رۆژهەڵاتی لای ئەو وەک فاشیزمی رۆژئاوا نییە جارێک سوپایەکی نازی بەرهەمبهێنێت و وێرانکاری بکات و پاشان ماوەیەک پاشەکشە بکا. فاشیزمی رۆژهەڵاتی وەک بەختیار عەلی لە چەندین شوێندا دەڵێ لە دەیان وردە جەنگی دڕندانە و جینۆساید و جەنگی نێو دەوڵەتەکان و شەڕی نێو نەتەوەکان و شەڕی ناوخۆ و توندوتیژی لە ڕادەبەدەر و دیکتاتۆریەتی لۆکاڵی دروست بووە کە لەسەر ڕوبەرێکی بەرین دابەش بوون و لە دۆخی پەلامار و پاشەکشەی بەردەوامدان. خاڵی دووەم، فۆئاد گەرچی زۆر قسە دەربارەی کانتێکستی مێژوویی دەکات، کەچی لێرەشدا نیشانەیەک لەو کانتێکستە مێژووییە نابینرێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ پێناسەیەکی رۆژئاوایی وەرگرتوە و دەیەوێت بڵێ فاشیزم لەم پێناسەیە بەدەر نییە. بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ مێژووی رۆژهەڵات و بۆ ئەو هەموو جەنگە ناوخۆیی و نەتەوەیی و جینۆسایدە کە لە جینۆسایدی ئەرمەن و کوردەوە لە تورکیا گەرای خستووە و لە جینۆسایدی یەزیدییەکانی شەنگاڵدا دوای نایەت تا شتێکمان لەم بۆچوونەوە بۆ روون بکاتەوە. بێئەوەی خۆی بە شیکردنەوەو ڕاڤەی ئەو مێژووەوە سەرقاڵ بکات و هەوڵ بدات خاڵە هاوبەشەکەیان بدۆزێتەوە.
9. فۆئاد دەڵێ فاشیزم حەرەکەتێکی ژیرانەیە و زۆر لە سەر عەقڵانییەتی فاشیزم سوورە. سەیر لەوەدایە فۆئاد پێناسە مارکسییە باوەکان دەکاتە پشت و پەنای خۆی بۆ ناسینی فاشیزم کە ئەوان جیاواز لەم قسانەی فۆئاد حەبیبی پێ لەسەر ناعەقڵانی بوونی فاشیزم دادەگرن، وەک فەیلەسوفی مارکسی گیورگ لوکاج فاشیزم بە ئەنجامی تێکشکانی عەقڵ لە سێبە ری فەلسەفەی کەپیتالیستیدا دەزانێ. بەڵام حەبیبی لێرەشدا هەر ئەو بەشەی تیۆریەکان هەڵدەبژێرێ کە خۆی دەیەوێت، هەموو ناعەقڵانی بوونی فاشیزم وەلا دەنێت و ئەم بزووتنەوە وێرانکارە وەک هێزێکی عەقڵانی دەخاتە بەرچاومان. ئەم قسەیەی فۆئاد حەبیبی جارێکیتر زادەی بێ خەبەری تەواوە لە کارەکانی بەختیار عەلی و ئەنجامی نەخوێندەوەیەکی بەرچاوە. بەختیار عەلی هەر لە وتارەکەیەوە لەسەر ئەنفال پێی لەسەر سروشتی عەقڵانی و ڕێک خستن و ئیدارەدانی باڵا دەکات لە دەسەڵاتی فاشیزمدا، لە تێزەکانی دوایینیشیدا فاشیزم لە پەیوەندییەکی نەپساودا لەگەڵ مۆدێرنە و تکنۆلوژیا و ماشێنداری پێناسەدەکات، لەوەش ناکەوێ بە جۆرێکی زۆرجار وەڕزکەر ئەوە چەند بارە بکاتەوە کە فاشیزم سەرهەڵدراوی ئەوقەیرانەیە کە خەونەکانی مۆدێرنیزە و دابەشبونەکانی دروستیان کردوە. بەڵام فاشیزم هەر ئەم دیوە عەقڵانییە نییە، وەک ئەدرنوش دەڵێت فاشیزم بریتییە لەوەی عەقڵانییەتێک بچێتە خزمەتی ناعەقڵانییەتەوە. ڕێک خستن و بەکارهێنانی زانست و ئیدارەدان و ڕەچاوکردنی وردەکاری لە دابەشکردندا، ئەوە ناشارنەوە کە توندوتیژی فاشیستی، گیانی وێرانکاری و کوشتن، گیانی شەرانگێزی و جینۆسایدکردن دیوە نالۆژیکییەکەی فاشیزمە و فەرامۆش کردنی بەرتەقای ناحاڵی بوونی تەواوە لە فاشیزم، ئەوەی شەڕ بە شێوەیەکی عاقڵانە بەرێوە ببات واتای ئەوە نییە کە شەڕ خۆی عاقڵانەیە. فۆئاد حەبیبی ئەوەندە سەرسامە بە عاقڵی پیاوکوژەکان، وەختە لەسەر جینایەتەکانیان خەڵاتیان پێ بدات. ئەوەندە سەرسامە بە عەقڵانیەتی فاشیزم، ئەوەی بیرچۆتەوە سەیری دیوە ناعەقڵانییەکەی بکات. بەختیار عەلی هیچ کات توندوتیژی فاشیزم وەک توندوتیژی کوێر نابینێت، بەڵکو وەک توندوتیژییەکی مەحاڵ دەیبینێت کە ئەوە دوو شتی جیاوازن، لەبەرئەوەی فۆئاد هیچ زانیارییەکی لە ریشە لاکانییەکانی ئەو زمان و سیستەمە زاراوەییە نییە کە بەختیار عەلی بەکاریهێناوە، نەیتوانیوە لە مانای وشەکان تێبگات. بەختیار قسە لەوە دەکات غایەتی توندوتیژی فاشیستی لەناوبردنی تەواوەتی دوژمنە، ئەم ئارەزووەش هاوشێوەی ئارەزووی مەحاڵی لاکانییە کە تێر بوون نازانێت. لێرەوە ئارەزوویەکە تەواو بوونی بۆ نییە و شیاوی سەرهەڵدانەوەیە.
10. فۆئاد حەبیبی لە کتێبە سونەتییە مارکسییەکاندا خوێندوێتیەوە فاشیزم کاتێک سەر دەردەهێنێ کە هاوسەنگی چینایەتی لە نێوان چینی کرێکار و کەپیتالیزمدا تێکبچێت. ئەم تێزەیە کە پەیوەندییەکی بە بۆچوونی بەختیار عەلییەوە نییە هێناویەتە ناو باسەکەوە. ڕاستی لە رۆژهەڵات ململانێ خوێناوییەکان لە نێوان نەتەوەکان و دەوڵەتەکان و عەشیرەتەکان و مەزهەبەکاندایە، نەوەک نێوان کرێکاران و خاوەن سەرمایە و کارخانەکاندا. فاشیزم تێک چوونی پەیوەندی نێو شوناسەکانە، شەڕی کورد و تورک، شیعە و سونە، فارس و عەرەبە هەتاکو شەڕی کرێکار و سەرمایە بێت. هەتا ئەو جێگایەی من دەزانم بەختیار عەلی کۆی ئەم دەرکەوتانە وەک زادەی جۆرێک لە کەپیتالیزمی تایبەتی رۆژهەڵاتی دەبینێت، بەڵام خودی فاشیزم لای ئەو دەرەنجامی گوشاری چینی کرێکار لەسەر سەرمایە نییە. چونکو هەر جۆرە راڤەیەکی وەها دەبێتە گاڵتەو و پەیوەندییەکی بە دونیای حەقیقیەوە نامێنێت. بەڵام فۆئاد حەبیبی چاویلکێکی ئایدۆلۆژی ئەوتۆی لە چاودایە، بە نیازە تێگەیشتن لە فاشیزم هەر لە چوارچێوەی رکابەرێتی کار و سەرمایەدا تەفسیربکات. بەختیار عەلی دەڵێت فاشیزم بریتییە لەوەی یەکێک لەلایەنەکانی هاوکێشەی دەسەڵات ئەو سنوورە بشکێنێت و دەسەڵات لە هەڕەشەوە وەرگەڕێتە سەر فورمێک لە سڕینەوە و توندوتیژیی جەستەیی ... ئەو فاشیزم وەک تێک چونێک لە کایەی دەسەڵاتدا دەبینێت، تێک چونێک کە ترسی نێوان شوناسەکان زەمینەی بۆ خۆش دەکات. فاشیزم لای بەختیار عەلی لە ترسی نێو شوناسەکان جیانابێتەوە. ئەو دەڵێت:
(شوناس بۆئەوەی بمێنێتەوە، بۆئەوەی هەموو وزەی ژیانی خۆی بخاتەکار، بۆئەوەی بە هەموو وەحشییەتێک بەرەنگاریی لە بوونی خۆی بکات و چی تینێکی شەڕانگێزیانەی هەیە بینێرێتەدەرێ، ناچارە خۆی لە لێواری مردندا وێنابکات، وا دەربکەوێت کە بوونە ئەبەدییەکەی لە مەترسیدایە، وەک ئەوەی هەمیشە هەنگاوێک لە مردنەوە دوور بێت، وەک ئەوەی هەمیشە لە شەڕی مان و نەماندا بێت. ئەو تینە وەحشییەی کە هێزەکان لە خۆرهەڵات دەریدەخەن، زادەی پرۆسێسێکی ناوەکی قووڵە، زادەی ئەو بڕوا ئایدۆلۆژییە ترسناکەیە کە لە سوبێکتەکاندا چێنراوە و باوەریان وایە، ئەوپەڕی توندوتیژی تەنیا ڕێگای دەربازبوونە لە شەڕی مان و نەماندا، پێیان وایە دوژمن دەیەوێت ئەو لە بنەوەڕا لە ڕیشە هەڵکەنێت، بۆیە دەبێت ئەویش هەوڵبدات دوژمن لە ڕیشەوە هەڵبکەنێت، لێرەوە قەسابەکان لە خۆرهەڵات، تەنیا کاتێک دەتوانن ببنە قەساب کە لە ترسەکانی خۆیاندا، سەری بڕاوی خۆیان بەدەستی دوژمنەکانیانەوە ببینن. هەموو ئەوانەی لە خۆرهەڵات بە دڕندەترین شێوە دەکوژن، ئەوانەن کە لە خەونەکانیاندا بە دڕندەترین شێوە کوژراون. ئەم خەونە خەونێکی بونیادیی و بنەڕەتییە تا شوناس بەهانەیەکی ڕوونی بۆ جەنگەکانی خۆی هەبێت).
11. کاتێک بەختیار عەلی دەڵێت فاشیزم ئایدیای نیە، مەبەستی ئەوە نییە دەستە و تاقمە فاشیستییەکان ئایدۆلۆژیایان نییە یان هەڵگری بیروڕا نیین، بۆچوونێکی وەها تەواو نادروستە. بەڵکو دەڵێت فاشیزم لە چەند فۆڕمدا دەردەکەوێت، وزەیەکە بە سەر چەندەها ئایدۆلۆژیادا بەش دەبێ. بۆ نمونە بەعس جۆرێکە لە فاشیزم، بەڵام فاشیزم لە رۆژهەڵاتدا یەکسان نییە و بە بەعسەوە گرێ نادرێتەوە بۆ بەعسیزم، یان ناسیۆناڵیزم، یان ئیسلامی سیاسی یان پان ئێرانیزم، بەڵکو دەشێت لەم فۆڕمانەدا دەربکەوێت. فاشیزم یەک ئایدۆلۆژیای نییە، بەڵام دەتوانێت ئایدۆلۆژیا باوەکان بکات بۆ هێزی فاشیستی بە وزەی فاشیستی باریان بکات. لێرەشدا فۆئاد حەبیبی بە هەڵەدا دەچێت کاتێک بە مانای ڕوکەشی دەقەکەوە دەنووسێت و ناتوانێت بیبەستێتەوە بە بیرکردنەوەی نووسەرەوە لە دەقەکانی تریدا. بەختیار عەلی دەڵێ فاشیزم فیکری نەگۆڕ و ئایدولۆژیای نەگۆڕی نییە، نەوەک فیکر یان ئایدۆلۆژیای نییە.
12. لە جێگایەکی تری نووسینەکەیدا بەڕێز حەبیبی، دەڵێت لەبەر ئەوەی بەختیار عەلی دەڵێت رۆژهەڵات خراپە، کەواتە دەشڵێت رۆژئاوا باشە، بە مەش بەختیار کەوتۆتە نێو دوئالیزم و ململانێی رۆژهەڵات و رۆژئاواوە، رۆژهەڵاتی خراپ و رۆژئاوای باش. لە راستیدا نە لەم نووسینە و نە لە هیچ نووسینێکی تری بەختیار عەلیدا بۆچونوو و دەرەنجامگیری وەها نییە. ئەوەی ڕۆژهەڵات خراپ بێت مانای ئەوە نییە رۆژئاوا باشە. ئەمجۆرە دەرەنجام وەرگرتنە ئوتوماتیکییە گەیشتنی بیرکردنەوەیەکە بە لوتکەی نالۆژیکی بوونی خۆی. کەواتە چارە چییە؟ بوترێت رۆژهەڵات باشە هەتاکو بەرێز حەبیبی بە دەرەنجامی دڵخوازی خۆی بگات کەوا خۆرئاوا خراپە. لە راستیدا لە نووسینی بەختیار عەلیدا لە هیچ شوێنێک لۆژیکی باش و خراپ لە ئارادا نەبووە، بەڵکو روونکردنەوەی مکانیزمێک لە ئارادایە کە لە ماوەیەکی تایبەتی مێژوودا شێوەی جیاوازی توندوتیژی و فۆڕمی دڕندانەی فاشیزم بەرهەمدەهێنێ، بێئەوەی قسەیەک لە رۆژئاوای باش و رۆژهەڵاتی خراپ بوونی هەبێت.
13. فۆئاد حەبیبی دەڵێت، بەختیار عەلی پەیوەندی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوای ترازاندوە، چونکو باس لە فاشیزم، مرۆڤ و دەوڵەتی رۆژهەڵاتی دەکات. ئەم وتەی بەرێز حەبیبی لە زۆر ڕووەوە ماناهەڵگرە، بەشێکی پێچەوانەی بۆچوونەکانی بەختیار عەلییە، هەتا سەبارەت بە فاشیزمیش بەختیار عەلی پێیوایە فاشیزمی رۆژهەڵاتی لەگەڵ زۆر جیاوازیدا کە دەستنیشانیان دەکات، لەگەڵ فاشیزمی رۆژئاواییدا خاڵی هاوبەشی زۆرە. خۆی لە وەڵامی پرسیارێکی مەنسوور تەیفوریدا بەوردی باس لەوە دەکات و دەڵێ :
( لە ڕاستیدا نازانم ئەم بۆچوونەیان لە کوێ هێناوە، گوایە سیفاتی سیستمە فاشیستییەکانی خۆرئاوا لە خۆرهەڵات بوونیان نییە. ئەم تێزەیە هێندە پوچە شایەنی قسەکردنیش نییە. فاشیزمی ئەوروپی بریتی بوو لە «عیبادەتی زەعیم» «باوەرهێنان بە بەرتری و بڵندی نەتەوەیی» «بوونی هێزێکی سەربازیی ئۆرگانیزکراوی عەقائیدی کە لە ژێر فەرمانی ڕابەردان» «باوەڕنەبوون بە ئازادی گوزارشت و رادەربڕین» «بەکارهێنانی دین لە خزمەتی سیاسەتدا، دەرهێنانەوەی سەمبولە ئەفسانەییە کۆنەکان و گەڕان لە سەردەمە دێرینەکاندا بۆ هەوێنی سیاسەتی ئەمڕۆ» «کۆنترۆڵکردنی بازاڕ» «دژایەتی دیموکراسی» «گۆڕینی پیشەسازی بۆ پرۆسەیەکی ئاڕاستەکراو و عەسکەرتاری» «خۆتەیارکردن و ئامادەگی بەردەوام بۆ جەنگ و دروستکردنی فەزای پێکدادان» «تێکەڵکردنی نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی و ئابووری لە ئاوێتەیەکی نوێدا» «دانانی وێنەیەکی ترسناک بۆ دوژمن و بەرجەستەکردنی شەڕ و خراپە لە وێنەی نەتەوەیەک یان مەزهەبێک یان تایەفەیەکدا» »بوونی ئایدۆلۆژیایەکی داخراو و عەقیدەی دۆگمایی» «بە گەڕخستنی بەرزەمنێکی توندڕەو و شەڕانی» «بێنرخی فەرد و بەرزڕاگرتنی مۆراڵی دەستەجەمعی» «ستایشکردنی ڕۆحی جەنگاوەر» «بەهێزکردنی ڕۆحی پۆپۆلیزم و وروژاندنی ناعەقڵانی خەڵک و هاندانی عەوام » ... ئەمانەن سیفەتە سەرەکییەکانی فاشیزمی خۆرئاوایین، بەڵام یەک سیفەتم لەمانە نیشانبدە نامۆبێت بە ژیانی سیاسی ئێمە؟ دیاردەیەکی سیاسیم پێبڵێ لە سەد ساڵی ڕابوردووی خۆرهەڵاتدا لە دەرەوەی ئەو کاتاگۆریانە بکرێت تەفسیریانبکەین؟ هێزێکم پێبڵێ خاڵی بێت لەم سیفەتانە، یان لایەنی کەم بەپێی جێگای لە هەرەمی هێز و دەسەڵاتدا سیفەتە پێویستەکانی گەشەی سەرەتایی و پۆتێنسیالییەتی فاشیزمی تێدا نەبێت؟. فاشیزمی خۆرهەڵاتی لە پاڵ ئەم سیفەتانەدا، دەیان سیفەتی تاریکتر و ترسناکتری هەیە، کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەبینیوە، سیفەتگەلێک گەرچی ترسناکن، بەڵام وەها سادە و ساکاربوونەتەوە بۆمان وەک دیاردەی ئاسایی وەرمانگرتوون، هەڵبەت ئەوە بەشێکە لە پرۆسەی ناواخن بوونەوەی فاشیزم، ئیشکردنی لەسەر جیاکردنەوەی نۆرماڵ / نانۆرماڵ لە دونیابینی ڕۆژانەماندا).
ئەوەی بەختیار ئیشی لەسەردەکات بەشە تایبەتەکانی فاشیزمی رۆژهەڵاتییە، کە لە مێژووی رۆژهەڵاتدا بە هۆکاری تایبەت بە خودی ئەم مێژووە نیشان دراوە. ئەوەی لێرەدا دەیبینین، ڕوانینی فۆئاد حەبیبی هەموو تایبەتمەندییەکی رۆژهەڵات رەت دەکاتەوە، ئەم جۆرە رەتکردنەوە تەنیا هەڵەی فۆئاد نییە، بەڵکو هەندێ نووسەری زۆر لەو بە تواناتریش گیرۆدەی بوون، بەڵام ئەوەی بووەتە پرسیار لای من ئەوەیە: فۆئاد بەردەوام باس لە کانتێکستی مێژوویی دەکات، کەچی بە دیوێکی تردا بوونی رۆژهەڵات رەت دەکاتەوە و ڕازی نییە زاراوەی دەوڵەت، کۆمەڵگا و مرۆڤی رۆژهەڵاتی کارکردیان هەبێت. لێرەدا رەتکردنەوەی رۆژهەڵات خۆی ئۆتۆماتیک رەتکردنەوەی ئەو کانتێکستە مێژووییە بۆ دیاردەکان، چونکو ئەگەر کانتێکستێکی مێژوویی بۆ ئەم دیاردەگەلە هەبێت، دەبێ لە کانتێکستی رۆژهەڵات خۆی بەولاوە کوێ بێت؟ ئەمەش ناکۆکییەکی ترە لەو هەموو پارادۆکسانەی لە نوسینەکەی فۆئاد حەبیبی دا دەبینرێت.
بەشی هەرە زۆری قسەکانی فواد حبیبی جێگای باس و لێکۆڵینەوەیە، بەڵام مەبەستی من تەنیا ئەوە بوو، ئەوە دەربخەم فۆئاد گەرچی زۆر بە فۆڕمێکی زانستیانەوە و ئەکادیمی بوونەوە خۆی لە جێگایەکدا داناوە، گوایە لەسەروو هەموو ڕۆشنبیرانی کوردەوە قسەدەکا، بەڵام دەرەنجامی قسەکانی سەرجەم زادەی بێخەبەری تەواوە و گێڕانەوەی وتەی دوپاتکراو و دەرەنجامگیری هەڵە و خۆبەستنەوەی ئایدۆلۆژین کە ڕستەیەکی نوێیان لە خۆ نەگرتوە. لە کۆتاییدا لەسەر ئەو باوەڕەم وەڵامی ئەو خاڵانەی کە باسمان لەسەر نەکردووە لە نێوان خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی سەرەوە دەبینرێتەوە.
په یوه ندی