- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
"رۆشنبیری رۆژهەڵاتی" وسەرەتایەک بۆ دەربازبوون و سەرکوت
"رۆشنبیری رۆژهەڵاتی" وسەرەتایەک بۆ دەربازبوون و سەرکوت
درێژەی رەخنەگرتن لە بەختیار عەلی
فۆئاد حەبیبی/ وەرگێران: داهاتوو
سەرەتا
خوێنەرانی خۆشەویستی داهاتوو ئەوەی لەدرێژەدا دەکەوێتە بەر خوێندن، وەرگێڕاوی دەقی بەرێز فۆئاد حەبیبیە لە ژێر ناوی ("رۆشنبیری رۆژهەڵاتی" و سەرەتایەک بۆ دەربازبوون و سەرکوت) کە لەلایەن ماڵپەڕی داهاتووبۆروونکردنەوی زیاتر بە کۆردی وەرگێڕاوەتەوە و دەقاودەقی وتەکانی بەرێز حەبیبیە.
ئەگەر بەڕاستی دەربارەی فێربوونم لەسەر لێکۆڵینەوەی ئەم دواییانەی وتارەکەی بەختیار عەلی سەبارەت بە داعش پێداگری بکەین، وەڵامی خانم بەفراو نوری لەسەر ڕەخنەکەم ( لەمەڕ وتارەکەی بەختیار عەلی) خاوەن هەندێ ئامۆژگاری تایبەتە، دەکرێت بە تێڕوانین و تێڕامانێکی پتر باسەکە لە دوای جۆرێک ململانێ و مشتومڕی تاقەتپڕوکێن و تێکدەر بەرەو کەرەستەیەک بۆ خەسارناسی، نیزامی مەعریفە ناسیانە، بۆچوونی مێتۆدناسییانە و ڕەوتێکی شیکارییانە بگوازینەوە، بۆیە لە وتارەکەی پێشومدا وەک شێوازێکی زاڵی نێوان هەندێ ڕۆشنبیری سەردەم ئاماژەم پێدا. لەم روەوە هەوڵ ئەدەم هەتا ئەو جێگای دەرفەت ببێ خاڵە سەرەکییەکانی باسەکە لە ڕوانگەی خۆمەوە لێک بدەمەوە:
1)سەبارەت بە رەخنە گرتن لە وتاری بەختیار عەلی، هەندێ خاڵم خستووەتە بەردەم کە بە ژمارەیەک لەو خاڵانە لە وتارەکەی خانمی نوریدا وڵام دراوەتەوە. پێش هەموو شتێک وەها هەستی بەرپرسایەتی و هاتنە نێو ئاوا گفتوگۆیەک جێگای سوپاس و پێزانینە، کە سەرەڕای هەر جۆرە مەیل و هاندانێک، ئەگەری گفتوگۆ و لێدوانی زۆرتر لەم پەیوەندییەدا ساز کردووە. هیوادارم ئەم باسە دەرفەتێک بڕەخسێنێت هەتا جەوێک بۆ گفتوگۆ و روبەروبونەوەی تیۆریک بێتە ئاراوە و هەروەها بیروڕای جیاواز لەم بوارەدا لە کۆڕی فیکری تەریک و دوورکەوتوو دەرباز ببێت، واتە لە خۆرەتاوی حەقیقەتی هاوبەشی زەینی بەهاکانی هەڵسەنگێندرێت. بەڵام چوونەنێو وەها جەوێک پێویست بە هەندێک مەرجە کە پێم وانەبێت لە وتارەکەی خانمی نوریدا ئەم پێش مەرجانە لەبەرچاو گیرابێت، لەم رووەوە ئەمە خۆی دەکرێت وەک نموونەیەک لەمەڕ خەسارناسی بۆ ڕوبەڕو بوونەوە بەنیسبەت ڕەخنەگرانەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت. بە گشتی لەسەر ئەو باوەڕەم وتارەکەی خانمی نوری خاوەن خاڵێکی پۆزێتیڤ نییە، جگەلە کۆمەڵێک هەڵەی بنەڕەتی لە تێبینی ناوەڕۆکی سەرەکی باسەکەدا و هەروەها دابەزاندنی بایەخ و پێگەی وتار و رەخنەگر لەخۆ کۆ کردبێتەوە. رەنگە باشتر وابوو لە باتی دەستپێکی نەگونجاوی زمانناسییانە و _ بە واتایەکیتر پەنابردن بە تووندوتیژی سیمبۆلیک_ هەتا ڕادەیەک بە ناوەڕۆکی باسەکە سەرنجی بدایە، هەتاکو لانیکەم بەشێک لە بیروڕای رەخنەگرانی خۆی دەرک بکات و لە پارێزگارییەکی شیاوی نیزامی مەعریفەناسییانە و شیکارییانەی خۆی سەرکەوتو ببوایەت.
لێرەدا هەندێک لە هێرشە دەرونی و نائاساییەکانی خانمی نوری پۆلێنبەندی دەکەم، هەتاکو نیشان بدرێت ئەم بۆچوونە هێستریک و تێکدەرە، چۆن لە رێگای وشەو توندووتیژی ئاگرینی شاراوە لە وتارەکانیدا (نوری) نیشان لە ڕادەی پێشوازی بەختیار عەلی و قوتابییەکانی لە رەخنەیەکی کورتە:
"بەڵام ئەو تێزانەی بەرزی کردوونەتەوە، هەر وتنەوەی ئەو بیروڕا و قسەوباسە باوانەن کە ڕۆژانە لە میدیا و پەیجە شەخسیەکاندا چالاکڤانان و ڕۆژنامەنووسەکان دووپاتی دەکەنەوە، بەڵام نووسەر هەوڵی داوە بە ڕەنگکراوی و بە دروست کردنی تە پ وتۆزێکی لەفزی ڕەنگی زانست ببەخشێ بە بۆچوونەکانی و شتەکان بشارێتەوە ، ویستویەتی بەلاغەتی فارسی بخاتە خزمەت گێڕانەوەی بیروڕایەک کە هێند دووپات کراوەتەوە، پێویستی بە بەلاغەتێک نەماوە بۆ وتن."
" فۆئاد بە تەقلیدیترین فۆڕم ویستویەتی زۆر لە رۆشنبیرانی کورد بخاتە ژێر تۆمەتی تەقلیدی بوونەوە."
"بەڵام بۆ زانینی زۆرتر لە تایبەتمەندی فاشیزمی رۆژهەڵاتی لای بەختیار عەلی وەها باشترە فۆئاد و خوێنەر بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆی و لەوێدا ئەوە هەڵبسەنگێنن."
"فۆئاد لە بیرۆڕایەکی تەقلیدی و ڕۆژنامە ڤانانەی زۆر باوەوە دەست پێدەکا، کە ڕۆژانە دەکەوێتە بەر چاومان."
"لێرەشدا فۆئاد کەوتوەتە هەڵە و کورت بینینێەکەوە."
" لەگەڵ هەموو ئەمانەدا فۆئاد حەبیبی بە جۆرێکی نالۆژیکاڵ سوورە بڵێت هیچ شتێکی نائاسایی ڕووی نەداوە، ئەمانە بەشێکی سروشتی ئیسلامن و لە کانتێکستی مێژوویی ئیسلامی سیاسییەوە هاتوون، واتە داعش هاوشانی ئیسلامە و لە هەزار و چوار سەد ساڵ لە مەوپێشەوە هەروابووە و لێمان جیانابێتەوە."
"فۆئاد گەرچی زۆر هەوڵی زانستی بوون و ئەکادیمی بوونی داوە، بەڵام باسێکی روونی لەسەر داعش نەکردووە."
"ئەمجۆرە تێگەیشتنە لە تەنیشت ئەوەی پاکردنەوەی داعشە لە جینایەتەکانی و نۆرماڵ کردنەوەیەتی، لە باری زانستییەوە کورت بینیەکی هەرەزۆرە."
"فۆئاد حەبیبی لێرەدا جینایەتەکانی داعش بە جینایەتی فانتازی دەزانێت کە بە کاریگەری میدیا لای خەڵکی گەورە بوون."
" فۆئاد بە هەندێک تێزی کۆنەوە گیرساوەتەوە."
"ئەم باس و قسانەی فۆئاد جارێکی دیکەش دەرخەری بێخەبەری تەواوی لە بەرهەمەکانی بەختیار عەلی و نەبوونی خوێندنەوەیەکی شیاوە لە بەرهەمەکانیەتی."
" فۆئاد حەبیبی ئەوەندە سەرسامە بە عاقڵی پیاوکوژەکان، وەختە لەسەر جینایەتەکانیان خەڵاتیان پێ بدات."
" لەبەرئەوەی فۆئاد هیچ زانیارییەکی لە ریشە لاکانییەکانی ئەو زمان و سیستەمە زاراوەییە نییە کە بەختیار عەلی بەکاریهێناوە، نەیتوانیوە لە مانای وشەکان تێبگات."
" فۆئاد حەبیبی چاویلکێکی ئایدۆلۆژی ئەوتۆی لە چاودایە."
"لێرەشدا فۆئاد حەبیبی بە هەڵەدا دەچێت کاتێک بە مانای ڕوکەشی دەقەکەوە دەنووسێت و ناتوانێت بیبەستێتەوە بە بیرکردنەوەی نووسەرەوە لە دەقەکانی تریدا."
بەم پێیە خانمی نوری لەسەر ئەو باوەڕەیە کە: تێڕوانین و دەرکێکی ئاڵۆز ئازارم ئەدات کە من وەک نوێنەری بیروباوەڕە دواکەوتووەکان و هەروەها بیرێکی ڕۆژنامەڤانی باو، لە کۆمەڵگا و میدیاکاندا نیشان ئەدات، بەڵام بە توندی و خێرایی لە هەوڵی شاردنەوەی ئەم تێڕوانینە دواکەوتو و دووپاتکراوانەی خۆم لە پشت بەلاغەتی زمانی، زانستی و ئاکادێمیکیدام. کەسێکم بە شوێنکەوتووییەکی پەتی، بەشێکی هەرە زۆری رۆشنبیرانی کورد بە لاسایی کردنەوە تاوانبار دەکەم. من بەرهەمە بەربڵاوەکانی بەختیار عەلیم نەخوێندووەتەوە و ماڤی ئەوەشم نییە هەتاکو هەموو بابەتەکانی نەخوێنمەوە، لەسەریان بیروڕای خۆم دەرببڕم. من لەبەرامبەر تازەگەری و داهێنانە تیۆریکەکانی بەختیار عەلی، گیرۆدەی کۆمەڵێک تیۆری و تێزی کۆنی بێ سودم، بە چاوێکی بەستراوی ئایدیالۆژیکییەوە دەڕوانم، بۆیە بە هۆی گەیشتن بە ئەو ئاکامگێڕیانەم کە هەر مرۆڤێکی دواکەوتوش دەزانێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتانە بە زمانی زانستی بڵێمەوە پێداگری دەکەم، لە ڕاستیدا من ئەو دواکەوتووەم کە هیچ زانیارییەکم لەسەر تیۆرییەکانی لاکان نییە؛ کەسێک، هاوکات لەگەڵ بێبەش بوونی لە دەرکی بنەما لاکانییەکانی وتارەکانی بەختیار عەلی، تووشی جۆرێک کورتبینی تووندو لە ڕادەبەدەر بووە هەتا ئەو ڕادەی کە باسەکان بە مانای سەرزارەکی دەرکی دەکات. بە شێوەیەکی نالۆژیکی بە شوێن دابەزاندنی داعش وەک زاتی ئەبەدی (هەتاهەتایی) لە ئیسلامدام، هەروەها هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، لێکۆڵینەوەیەکی ئاشکرا لە داعش نیشان نادەم، لەم رووەوە بەو تێڕوانینەم کارەسات و تاوانەکانی داعش دەسڕمەوە؛ تاوانەکانیان وەک ئەمری خەیاڵی و دەستکردی میدیاکان دەزانم و تەنانەت ئەوەندە کەوتوومەتە ژێر باندۆڕی پڕۆگرامە ژیرانەکانی تاوانی خەیاڵی داعش، کە لەوانەیە خەڵاتیشیان پێ ببەخشم.
بە باوەڕی من ئەم ڕادە لە بێحورمەتی و توندووتیژی زمانی بەنیسبەت بەدیهێنانی ئامانجەکەی (نوری) _ واتە دامرکاندنی ڕەخنەگر و سوکایەتی پێکردنی_ دەکرێت زۆرتر هەندێ خاڵ سەبارەت بە کاراکتێر و تایبەتمەندییەکانی لە پانتای گشتیدا نیشان بدات. هەمومان جارێکیتر دوو وتاری پێشو بخوێنینەوە هەتاکو خۆیان لەسەر بانگەشەو و بەڵگەکانیان بڕیار بدەن و دادوەری لەسەر بکەن. لەم بارەوە،بە باوەڕی من سەرنجدان بە چەند خاڵ لەسەر چەسپاندنی ئەم تۆمەتگەلە دەتوانێت لەم کێشە و پرسە دەربازمان بکات: ئەوەندە پاڕادۆکس و هێرشی هێستریک لەم دەقەدا هەیە کە زیرەکییەکی ئەوتۆی پێویست نییە هەتا بزانین چ پێویستییەکی هەیە وەها بە تێڕوتەسەلی بە وتە و وتارە دواکەوتو و دووپاتکراوەکانی کەسێک وەڵام بدرێتەوە کە نیزامی فیکری و تێڕوانینێکی تا ئەم ڕادە نزم و ئاڵۆزی هەیە؟ لە کام بەش لە وتارەکەمدا باس یان ناوێک لە رۆشنبیرانی کورد هاتووە کە خانمی نوری رەخنەی لە وتارەکەی خۆی وەک رەخنە لە رۆشنبیرانی کورد زانیوە؟ ئەوەی کە خانمی نوری هەموو بیرمەندانی گەورەی جیهان "بێ سود و کۆن" دەزانێت، دەرخەری ئەوەیە کە خوێنەری هەموو بەرهەمەکانی ئەم بیرمەندانەیە یان تەنانەت ئەو وتارەی کە من خوێندوومەتەوە، ئەوەشی نەخوێندووەتەوە؟
خانمی نوری سەرەڕای دۆستی و پەیوەندی نزیکی لەگەڵ کەسایەتی بەختیار عەلی و بە وتەی خۆی خوێنەری بەردەوامی بەرهەمەکانی بەختیار عەلییە، دووپاتی دەکاتەوە کەناتوانێت "خوێنەرێکی شیاوی" بەرهەمەکانی بەختیار عەلی بێت؛ واتە لە چ قۆناغێک لە قوتابی بوون لە مەکتەبی بەختیار عەلیدا، ئیزن بە خوێنەران، دۆستان و ڕەخنەگرانی دەدرێت، کە بەرهەمەکان بە شیاوی دەرک بکرێت وڕەخنەیان لێ بگیردرێت؟ ئەوەی کە خانمی نوری من بە "لوتکەی نەزانین" بە نیسبەت بەرهەمەکانی لاکانەوە ناوزەد ئەکات، ئایا نیشانەی خوێندنەوەی ئەو وتارە ڕەخنەگرانەی منە یان لە ماوەی هەفتەیەکدا توانیویەتی وتارەکانم بە تەواوی بخوێنێتەوە کە بەوجۆرە بە ئاشکرایی حوکم بە" لوتکەی نەزانین" من لەسەر بەرهەمەکانی لاکان ئەدات؟ بەڕاستی کام یەک لە باسەکانم دابەزاندنی داعش بە ئیسلام و مێژوی ئیسلام بووە، جگەلە دەستکەوتی، نا ئەخلاقی و دەمارگرژانە و ڕقاوی وەها مۆرکێک بە شێوەیەکی ئاشکرا نیشان لە مەیلی لەڕادەبەدەری ڕەخساندنی دۆخێکە بۆ سڕینەوە و بایکۆتی تەواوی ڕەخنەگر، واتە ئەم کۆمەڵە گوزارە چ پەیوەندییەکی بە ئاماژەکانی من لە مەڕ "پێویستی ڕاڤەکردنی داعش وەک تێهەڵکێشێک (سەنتێزێک)" لە دەیان هۆکاری ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوییەوە هەیە؟ پێداگری کردن لەسەر سەرهەڵدانی داعش لە دڵی جولانەوە دوایینەکانی فاندامێنتاڵ و تەکفیری کە لە چەند دەیەی ڕابردوو سەری هەڵداوە، چ پەیوەندییەکی هەیە بە هاوتەریب بوونی لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا؟ ئاماژە بەوەی داعش یەکێک لە دەرکەوتەکانی گشتییەتی داسەپاو لەسەردەمی هاوچەرخدایە، چ پەیوەندییەکی بە خەیاڵی دانانی داعش و هەوڵ بۆ سڕینەوەی تاوانەکانیانەوە هەیە؟ بۆچی هەرکەس بەپێچەوانەی ئەو تێزەی توندووتیژی فاشیستی" توندووتیژییەکی کوێرە" ، ئاماژە بە پۆزیشێنی عەقڵانی بوونی تاوانەکانی فاشیزم بدات، دەبێتە بوونەوەرێکی هۆگری داعش کە بە زمانێکی دواکەوتووانە و بێ حورمەتانە، وەک تامەزرۆی بەخشینی خەڵات بەوان ناوزەد دەکرێت؟ پێموابێ لە بەرگری کردنەکانی خانمی نوریدا ناتوانین تەنیا لە کێشەکە نەروانین و دەرک نەکردنی باسە سەرەکییەکان و رەخنە سەرکییەکانی وتارەکەم کورت بکەینەوە، بەڵکو سەرەڕای ئەمانەش ئەم بۆچوونە ڕقاوی و تێرۆریستیە گونجاوی لێکۆڵینەوەیە، واتە بۆچی نووسینی دەقێکی رەخنەگرانە دەتوانێت بە نیشاندانی نەخشە ڕێگایەکی هەڵە لە ڕەخنەگر _ لە چوارچێوەی سڕینەوەی ڕەخنەگر_ و راگەیاندنی لایەنگری ئەو لە ڕێکخراوەیەکی تیرۆریستی گرێ بدەینەوە. لەوانەیە باشترین هۆکاری ئەم پرسە لە دەقێکدا کە هەڵگری ناوی خانمی نوریە بدۆزینەوە کە لە ڕەستە کۆتاییەکەیدا ئاماژەی پێکردووە:
" مەبەستی من تەنیا ئەوە بوو، ئەوە دەربخەم فۆئاد گەرچی زۆر بە فۆڕمێکی زانستیانەوە و ئەکادیمی بوونەوە خۆی لە جێگایەکدا داناوە، گوایە لەسەروو هەموو ڕۆشنبیرانی کوردەوە قسەدەکا، بەڵام دەرەنجامی قسەکانی سەرجەم زادەی بێخەبەری تەواوە و گێڕانەوەی وتەی دوپاتکراو و دەرەنجامگیری هەڵە و خۆبەستنەوەی ئایدۆلۆژین کە ڕستەیەکی نوێیان لە خۆ نەگرتوە"
لە راستیدا خانمی نوری وەها بیر ئەکاتەوە کە رەخنەکانم تەنیا بۆ هەڵکێشانی خۆم بەسەر هەموو رۆشنبیرانی کورددا_ نوێنەر و سیمبۆلی ئەوان_ بووە و لەم رووەوە خانمی نوری بە نیشاندانی بێخەبەری، دواکەوتوی، دەمارگرژی ئایدیالۆژییانەی وتەکانم بەرەو مشتومڕ و شەڕی ئەم سوکایەتییە هاتوون. کاتێک تەنیا مەبەستی نوسین ئەوە بێت کە لە زەینی خۆیدا کەسێک لە جێگەی خۆیدا دامرکێنێت، لەوانەیە خۆلقاندنی وەها دەقێک چاوەڕوان بکرێت. بەپێچەوانەی بیرکردنەوەی خانمی نوری، من نەوەک بە شوێن هەڵکێشانی خۆم بەسەر کەسانیتر نیم، بەڵکوو لە چوارچێوەی خەسارناسی میتۆدی نوسین و شیکارییانە کە بە هەڵەی دەزانم، دەقێک لە بەختیار عەلی وەک نموونەیەک لەم چەشنە بەرهەمانە وەبەر ڕەخنەم خستووە. میتۆدی نوسین و شیکارییانە کە لەژێر کاریگەری ڕەوتی داسەپاوی پۆست مۆدێڕنی هەنوکە تووشی ستراکتۆری تیۆریکی ئاڵۆزو ناتەبا بووە، میتۆدناسی سست و خوازراو و نەبوونی سەرقاڵی و پرسی راستەقینە لەمەڕ دیاردەکانی جیهانی واقیعە. جێگای سەرنجە لە کاتێکدا خانمی نوری من بە وەها خەیاڵ و تێڕوانینێک تۆمەتبار دەکات کە لە جێگایەک لە وتارەکەی خۆی ئاماژە پێدەدا: " ئەوەی لێرەدا دەیبینین، ڕوانینی فۆئاد حەبیبی هەموو تایبەتمەندییەکی رۆژهەڵات رەت دەکاتەوە، ئەم جۆرە رەتکردنەوە تەنیا هەڵەی فۆئاد نییە، بەڵکو هەندێ نووسەری زۆر لەو بە تواناتریش گیرۆدەی بوون." حوکمدان لەمەڕ ئەوەی کێ خۆی سەرتر لە ئەویدی دەزانێت و بیروبۆچونی خۆی دوور لە گەیشتن بە دەرک و زانینی " نوسەرانێک تواناتر لە من" لەگەڵ خوێنەرکانی دەزانێت.
2) سەبارەت بە هەندێ خاڵی سەرەکی و ناوەڕۆکی وتارەکەی خانمی نوری، دەتوانین باسەکە بەم شێوەی خوارەوە باس بکەین:
- خانمی نوری بە هەڵە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە من جەنگی داعش لە هەرێمەکەدا بە جەنگی توندووتیژی بەرامبەر دیمۆکڕاسی لەبەرچاو کرتووە. ئەگەرچی خانمی نوری لەوانەیە لە شوێنێکیتردا ئاماژە بەوە بکات لە ڕەخنەکەمدا جگەلە ئاماژە بە چێوەی گشتی شیکارییەکی مێژویی لەسەر داعش، لێکۆڵینەوە و شیکاریم لەسەر داعش نەکردووە. لەڕاستیدا ئەگەرچی هەندێ جار هەوڵمداوە چوارچێوەی گشتی شیکاریکردنی دیاردەکان لەبەرچاو بگرم بەڵام مەبەست و دەرفەتی ئەوەم نەبووە بە شێوەیەکی ئیجابی و ڕوون شیکاری خۆم لەسەر داعش نیشان بدەم. بەڵام بۆ دەرخستنی بۆچونی نادروستی خانمی نوری لەسەر شیکارییەکەم ئەبێ ئاماژە بدەم، بە باوەڕی من داعش روبەڕووی دیمۆکڕاسی نەبووەتەوە بەڵکو یەکێک لە نیشانە سەرنەکەوتووەکانی مۆدێلی دیمۆکڕاسی لیبڕاڵ و سڕینەوەی سیاسەتی خەڵکی لە جەوەیی پانتای گشتیدا بووە؛ ئەگەر روبەڕوو بوونەوەی تیپیکاڵی سوژە لەگەڵ واقێعدا نەوەک سیمبۆلیک کردنیان بەڵکو وەلانانی توندوتیژانەی بەرەو ناوشیاری بێت، نابێت چاوەڕوان بین جگەلە ئەمری واقێعی وەلانراو لە فۆڕمی خەون و ترسی بێ کۆتاییدا. کاتێک ئەمپریالیستە لیبڕاڵ دیمۆکڕاتەکان هەمو دەرفەتەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دیمۆکڕاسی راستەقینە و سیاسەتی خەڵکی _ لە ئەندونزیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەتاکو ئەمریکای لاتین_ بە درێژایی ئەم چەند دەیەی دواییان خاپور کرد و بەرگرییان لە دەستێوەردانی خەڵک کە چارەنووسی خۆیان دیاری کرد، کەواتە ئەمڕۆکە ئەبێ چاوەڕوانی سەرهەڵدانی لە ناکاوی داعش، بوکوحەرام و ئەلقاعیدە_ گەڕانەوەی ئەو زامبییە دژە خەڵکییە لە فۆڕمی خەونێکی گشتگیردا_ ببین. داعش و نموونەکانی لە جۆری داعش، ئەلتێرناتیڤی ڕاستەقینەی لیبڕاڵ دیمۆکڕاسی نین بەڵکو زاییدەی لادەری ئەوانن، بەرهەڵستکاری واقێعی هەردووی ئەمانە سیاسەتی جەماوەری و رزگاریکەرە کە لە دەرەوەی بازنەی ئەم خاڵە تێکدەرانەیە.
- بە دەیان جار لە دەق و وتووێژە جۆراوجۆرەکان بینیومە کە بە پێچەوانەی هەموو یاساو ڕێسای لەخۆبردویی و دەرکی پێگەی زانستی خۆم، خانمی نوری هەموو نەریتی فیکری یان بیرمەندێکی گەورە بە هۆی کۆن بوونیوە وەلا دەنێت لە باتی ئەو بیرمەندانە خۆی وەک ئافرێنەری تیۆری نوێ لە سەردەمی خۆی دەزانێت هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکدا کە ئاکادەمی بوون و مەیدانی زانست پێگەو جێگەی ڕاستەقینەی بۆ بەرهەمی زانست نەبێت و بێبەش لە ئۆتۆریتەی پێویستی زانستی پێوەری دروست شیاوی تیۆرییەکان بێت، ناتوانین چاوەڕوانی وەها قسە و خۆ بەزلزانینێکی سەرسووڕهێنەر ببین. بەڵام سەرەڕای ئەمانە چۆن دەکرێت وەها لێدوانێک بێتە ئاراوە: " وشەی فاشیزمی رۆژهەڵاتی بە ڕوونی دیارە کەرەستەیەکی فەلسەفییە بۆ خوێندنەوەی ژینگەی سیاسی رۆژهەڵات، بە پێچەوانەی وشەی فاشیزمی ئەوروپی کە بۆتە کەرەستەیەکی سیاسی لە دەست کومۆنیزم و لیبرالیزمدا. ئەو خوێنە زۆرەی نزیکی پەنجا ساڵە لەخۆرهەڵات بێ وچان دەڕژێت، ئەو هەموو توندوتیژییەی لە هێزە سیاسییەکاندا دەیبینین، لای بەختیار عەلی بیانوویەکە هەتا فاشیزم وەک تۆمەتی سیاسی بۆ هێزێک دژ بە هێزێکی تر بەکارنەهێنین و وەک زاراوەیەک بۆ پشکنینی مێژوو سەیری بکەین."
واتە لە ڕوانگەی خانمی نوریەوە لە نێوان ڕۆشنبیران و بیرمەندانی ئەوروپی باس و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی و زانستی لەمەڕ فاشیزم نەبووە و نابێت؛ لە کاتێکدا بەختیار عەلی فاشیزم نەوەک کەرەستەیەکی سیاسی لە ململانێی ئایدۆلۆژیکییەکان بەکار دێنێت بەڵکو وەک دەستەواژەیەکی فەلسەفی بۆ خوێندنەوەی سیاسەت لە ڕۆژهەڵات بە کار دێنن. بڕوا بکەن هەرچەند _ لە کۆمەڵگای جیهان سێهەمدا ئاکادێمیا سەرکوت بکەین پێموابێ دەکرێ ڕادەیەک لە لەخۆبردویی سەرچاوەگرتو لە دەرکی پێگەی فیکری و مێژویی خۆی لە ئاکادێمیا فێر ببین، کە کەسانێک وەک خانمی نوری _ تەواو بێ بەری لە ئاکادێمی بوون_ تووشی وەها وەهمێک دەبن کە نموونەکانی لە کۆمەڵگای خۆبەزلزانی ئێمەدا کەم نین. پێویستە بە گەڕانێکی کورت ئاوڕێک بە ڕادەی زۆری کتێب و وتارەکان بدەین کە لە ماوەی پتر لە نیو سەدەی دوایین، لەسەر هەموو تایبەتمەندییەکانی فاشیزم لە رۆژئاوا نوسراوە، بۆ ئەوەی بزانین هەتا چ ڕادەیەک وەها لێدوان و باسێک حەقیقەتیان هەیە. ئەوەی کە لە رۆژئاوادا فاشیزم وەک چەمکێکی بەربڵاو لەبەرچاو ناگرن کەوا هەمو مێژوی پەنجاە ساڵی رابردوی بەم بۆنەوە پێناسە بکەین، دەرخەری بەلاهەتی تیۆری ئەوان و زیرەکی فەیلەسوفانی ئێمە نییە، بەڵکو بنچینەکەی لە تێڕوانین و دەرکی وردبینانەی ئەم وشە لە بەراوەرد لەگەڵ بۆچوونی پێچەوانەی ئەم دەستەواژە لە لایەن بەختیار عەلیە وەیە.
- یەکێکیتر لەو خاڵە میتۆدناسیانەی کە دەرخەری هەڵوێستی من لەمەڕ نەبوونی "ئەخلاق و ڕۆحی زانستی و ئاکادێمیک" لە لایەن خانمی نوری وە، بریتییە لەوەی کە ئەگەر وتارەکەی بخوێننەوە، بە ئاسانی دەرئەکەوێت سەرەڕای ئەوەی لە هەوڵی مەحکوم کردنی هەڵوێستەکانی من و دەرخستنی هەڵەکانمدا بووە، بەڵام جێگای سەرسووڕمانە تەنانەت گێڕانەوەیەکی سەربەخۆ و بەڵگەیەک لە وتارەکەم لە هەموو دەقەکانی بوونی نییە، بەڵکو هەتاکو بمانەوێت وتارەکەی پڕ لە ڕاڤە و بۆچوونی خۆی (نوری) لە باتی دەقەکەی منە، کەواتە ئەکەوێتە ململانێ لەگەڵ بۆچوونە دەستکردەکەی خۆیدا. ئەمەش دەتوانێت لەو هۆکارانە بێت کە خانمی نوری ئەتوانێت هەڵوێستەکانی من دەرک بکات و رەخنەی خۆی لە بەرامبەریدا دەرببڕێت.
- خانمی نوری لەمەڕ لێکدانەوەی تازەگەرییە تیۆریکییەکانی بەختیارعەلی لەسەر ئەو باوەڕەیە، هاتنی مۆدێڕنیتە و تێکنۆلۆژی وەک هۆکاری سەقامگیری "فاشیزمی رۆژهەڵاتی" دەزانێت و تەنانەت لەم بارەوە بەختیار دوو کۆمەڵگا لەیەکتر جودا دەکاتەوە کە بریتین لە "کۆمەڵگای ماشینساز" و "کۆمەڵگای ماشیندار".
لە درێژەدا خۆی لە بەختیار عەلی دەگێڕێتەوە کە لە ڕۆژئاوادا ماشین سیمبۆلی عەقڵانییەت و کۆنترۆڵکردنی دونیایە لەلایەن مرۆڤەوە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا"ماشێن دەبێت بە ئۆبێکتی ئارەزوو، نەوەک عەقڵ... ماشێن کەرەستەیەک نییە، کە وەزیفەیەکی تایبەتی هەیە، بەڵکو سەمبولی ناکۆتابوون و بەردەوامی ئارەزووە برسییەکانمانە، ماشێن دەبێت بە بەشێک لە دەزگای دەرونی. لە «مۆدێرنەی نەفام»دا پەیوەندی مرۆڤ و ماشێن کورتدەبێتەوە بۆ پەیوەندییەکی ئارەزوگەرا، پەیوەندییەکی ئیرۆتیکی ... نەوەک پەیوەندییەکی عەقڵی". لەڕاستیدا ئەم وتانە هەڵگری چ مانایەکن جگەلە هەندێک تێبینی خاو و سەرەتایی مرۆڤێک کە لە سەردەمی ئاگۆست کۆنتدا دەژی و سەرقاڵی لێکدانەوە و دیاریکردنی ئاڵۆزییەکانی هەموو کۆمەڵگا جیهانییەکان لەسەر بنەمای ساختەکارییەکی دوانەی زۆر سادە و پووچی وەهایە؟ ئاخۆ کەسێک کە تاڕادەیەک دەربارەی مێژووی پیشەسازی و ڕۆڵی ماشین لە سەرمایەداریدا و گەشەکردنی ئاگاداری هەبێت، دەتوانێت دوای خوێندنەوەی ئەم تێبینییانە لەئاستی هەڵەبوونیان تووشی سەرسووڕمان نەبێت؟ بیرمەندی ڕۆژهەڵاتی ئێمە بەپێی هەمان نەریتی هەمیشەیی خۆی واتە بەرتریڕۆژهەڵات، پێیوایە ماشین لە ڕۆژئاوادا سیمبۆلی پێشکەوتووی و کۆنترۆڵی مرۆڤە و بەپێچەوانەش لە ڕۆژهەڵاتدا سیمبۆلی دەربەندبوونی مرۆڤە. بەم پێیە ماشین وەک بەشێک لە گشتییەتی کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدار و ئامێرێک بۆ بەرژەوەندی زیاتر و دەرهێنانی بەهای زێدەتر لە نێو ئەم گشتییەتەدا دەگۆڕدرێت بۆ ئامێرێک کە لەشوێنێک لەژێرناوی ڕۆژئاوادا بەرهەمهێنراوە و سیمبۆلی کۆنترۆڵی مرۆڤە و لەکۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا تەنیا بەکاردەهێنرێت و دەبێت بە سیمبۆلی خۆبەدەستەوەدان بۆ دیلبوون لەنێو پێوەندییە خرافی نوێیەکاندا. چیتر کێشە لەگەڵ ئەو دەستوورەدا نیە کە ڕێگرە لەبەردەم ئەوەی کە باشترین و نوێترین داهێنانەکانی مرۆڤ لەجیات ئاسایش و رفاه زیاتر، دەبێت بە ئامێری چەوساندنەوە و لەناوچوونی زێدەتری مرۆڤ. چیتر باس لە هاوشێوەیی رویەها و ڕێساکانی کەمپی کاری زۆرەملی جیهانی سێهەم و کارخانە گەورەکانی وڵاتە پیشەسازییەکان نییە، بەڵکو لە ڕوانینێکی عامیانەدا ڕۆژئاواییەکان وەک کۆمەڵێک کەسی داهێنەر و ئافرێنەری عەقڵانی ماشین و رۆژهەڵاتییەکانیش وەک کۆمەڵێک مرۆڤی بەندکراو کە توشبووی لایەنە سێحراوییەکانی ئەم داهێنانانەن. ئەم ڕوانینە توانای تێگەیشتنی ئەوەی نییە کە هەتا ئەوکاتەی ئەمجۆر دەستورە ناعەقڵانییە لەسەر ژیانی مرۆڤدا زاڵبێت هەموو ڕێگەچارە عەقڵانی و داهێنان و ئامێرە سودبەخشەکان تەنیا لەپێناو ناعەقڵانیەتی کۆتایی ژیاندا و بۆ بەردەوامی ئەم دەستوورە دژە مرۆییە بەکار دەهێنرێت، چ لە ڕۆژئاوادا بێت یان لەو ڕۆژهەڵاتەی کە ئەو باسی لێدەکات. لەباشترین حاڵەتدا ناتوانین تێبینیەکانی بەختیارعەلی دەربارەی ئەم بابەتە شتێک جگەلە کۆپی پلە چەندی بیروڕاکانی مارتین هایدگر دەربارەی زاڵبوونی تەکنۆلۆژیا و سەردەمی ماشین لەبەرچاو بگرین کە خودی ئەو ڕوانگەش لەکاتی خۆیدا شتێک نەبوو جگەلە دژەکردەوەیەکی ئایدیالیستی و کۆنەپەرستانە لەهەمبەر کێشەیەکی بابەتی و سیستمیکدا. خاڵی سەرنجراکێش لێرەدا ئەوەیە کە نووسەرێکی بەڕواڵەت پێشکەوتوو تا ئەم ڕادە خۆی بخاتە پاڵ هەندێک بیرمەندی کۆنزیروات و کۆنەپەرستی وەک نیکۆلاس لومان و مارتین هایدیگەر کە بەشێک لەم کێشەیە ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکڕیزی تیوری و بەشێکی بەرچاویشی لە بنەما بێگەرد و نەگۆڕاوە پێشووەکانی ئەم بەڕێزەوە سەرچاوە دەگرێت کە وەک ئەوەی پێشتریش ئاماژەم پێدا لەجیات دابڕانێکی واقیعی لە کۆنزیرڤاتیزم و لیبڕالیزم هەموو هەوڵی خۆی بۆ دووپاتکردنەوەی کۆمەڵێک هێرشی زمانی لەهەمبەر ئەم ڕەهەندانەدا تەرخانکردووە.
- خانمی نوری دەیان جار دەستەواژەی "کانتێکستی مێژوویی" – کە لەسەر گرینگبوونی پێداگریم کردبوو- باسدەکات و هەوڵی دەرخستنی ئەوە دەدات کە من ئەم بابەتەم شرۆڤە نەکردوە یان بە وتەی خۆی تێگەیشتنی من لەهەمبەر بەختیارعەلیدا لەئاستێکی زۆر نزمتردایە، چونکو باس لەوە دەکات من ئاماژەم بەوە کردووە کە پێویستە داعش وەک پرۆسەی دەرکەوتنی ڕێکخراوەکانی وەک قاعیدە لەبەرچاو بگیردرێت، ئەوە لەحاڵێکدایە کە : "ئەل قاعیدە ژێر خانی مێژوویی داعش نییە، بەڵکو ژێرخانی مێژوویی دەبێ شتێک بێ کە بتوانێ ئەل قاعیدەش رۆشن بکاتەوە. ڕاڤەی بەختیار عەلی لێرەدا چەندین بار لە پێش ئەم دەرەنجامگیرییەی فۆئادە، لای بەختیار عەلی داعش پەیوەندییەکی زۆری بەو دۆخە مێژووییەوە هەیە کە مۆدێرنە هێناوێتی."
جارێکیتر دووپاتی ئەکەمەوە: من کانتێکسی مێژوویی بە مانای تێگەیشتن لە گشتیەتێکی کۆمەڵایەتی هەڵدەسەنگێنم کە لە ئەمڕۆدا هەموو جیهانی خستۆتە نێو بازنەی دەسەڵاتی دەستوورێکەوە و بەم پێیە هیچ شوێنێک لە جیهاندا نییە کە بتوانین لە دەرەوەی دەسەڵاتدارێتی کالاییکردنی شتەکان و گرینگیدان بە دەستەبەرکردنی سوددا لەبەرچاوی بگرین. هەڵبەت لە وەها دەستور و گشتییەتێکدا هەندێک توخم و بابەتی دیاریکراوی ڕەنگاوڕەنگ و جۆراوجۆریش لەئارادایە کە سەرەڕای زیادبوونی جیاوازییەکان لە ئەنجامدا نواندنەوە و ئافراندن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو لۆژیکە گشتییەیە: گەشە و کاریگەری و پەرەسەندنی بێسنووری پێوەندییە کاڵاییەکان لەهەموو بوارەکاندا هەتا پاش سیاسەت – کارناسانی سیاسی – و ئەبەر سیاسەت – سوپاییەکان – کۆتایی مێژوو. بەم پێیە فاشیزم یان مۆدێرنیتی بریتین لەو دیاردە و بابەتانەی کە پێویستە لە بەستێنی مێژووی گۆڕانکارییەکان و هەروەها قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ئەم دەستوورە جیهانییەدا لێی تێبگەین و شێکاری بۆ بکەین.
پێویستیمان بە تێگەیشتنێکی تیۆری و شیکارییانەی ئێجگار زۆر نییە بۆ ئەوەی کە تێبگەین کاتێک چەمکێکی وەک فاشێزم _لە باری مێژوویی و تیۆریکیوە_ بۆ لێکدانەوەی دیاردەیەکی هاوچەرخ بەکاردەهێنرێت، دەبێت سنوورەکانی دیاری بکەین لەبەر ئەوەی خودی ئەو چەمکەش ئەوەندە گەورە نەکرێتەوە کە هەموو نموونەکان لەخۆبگرێت و لە ئەنجامدا مانای تایبەت و دیاریکراوی لێوەربگیردرێتەوە. لەم ڕووەوە "فاشیست" گوتارێکی ورد و دیاریکراوە و چیتر "لە قەزافیەوە هەتا ئاریەل شارۆن و ژنراڵە تورکەکان" وەک نموونەی فاشیزم بەئەژمار ناهێنرێن و سەرەتای مێژووی فاشیزمیش بۆ جینۆسایدی ئەرمەنیەکان و کوردەکان لەسەردەمی تورکیای عوسمانیدا ناگەڕێتەوە. ئەگینا بەپێچەوانەی ئیدعای خانمی نوری "فاشیزم" لەلایەن بەختیارعەلیەوە بۆ جۆرێک جنێوی سیاسی دابەزییوە کە دەشێت بۆ نمونە بەسەر هەرجۆرە تاوانبارێکی بکوژدا داببڕێت. ئاخۆ ئەمەش سەلمێنەری هەمان ڕەخنەی پێشوم لەوتاری یەکمدا نییە بەو مانایەی کە بەختیارعەلی چەمکەکان لەمانا پەستەکانیاندا تێدەگات و بەکاریان دەهێنێت؟ ئاخۆ نابێت چەمکێک تا ئەوە ڕادە بەشێوەیەکی بەربڵاو وەسف نەکەین کە لە ئەنجامدا پوچ و بێ مانا بکرێت و بەسەر هەموو دیکتاتۆر و کەسانی سەرکوتگەردا – وەک گوتاری ڕۆژانە – داببڕێت. ئاخۆ بڕیار وایە شانازی داهێنانی فاشیزمیش لەشێوەی نمونەکانی دیکەی وەک مافی مرۆڤ لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان وەربگیردرێتەوە و دەبێت ڕایبگەیەنین کە پێش سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیسم لە ئیتالیا و ئالماندا ئێمە داهێنەری فاشیزم بووین؟
-خانمی نووری بۆ بەرگریکردن لە ئیدعای بەختیارعەلی دەربارەی نوێبوون و دەوران ساز بوونی داعشدا پێیوایە کە داعش دامەزرێنەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە جیهاندا : "دەبێت نەزمی پێشووی پەیوەندی ئالوگۆڕی ئابووری پەک بخرێت هەتا لە ئالوگۆڕی کاڵاوە بگوازینەوە بۆ کڕین و فرۆشتنی ئینسان لە بازاڕدا، دەبێت نەزمە کۆنەکان بە گشتی بوەستن، جۆرە پەروەردەیەک سەرهەڵبدات کە رێگا بە چەندین جۆری زانستی وەک کیمیا و مێژوو و مۆسیقا نادات. داعش فەزای میدیا و ژیان پردەکات لە دیمەنی نوێ تا تێکدانی ڕیزبەندی و نەزمەکان دەربخات و جیاوازیی خۆی بسەلمێنێت. خەتەنەکردن و سەربڕینی بە کۆمەڵ، تەقاندنەوەی گۆڕی پێغەمبەران، لیستی جیهادی نیکاح، فرۆشتنی ژنان، قەدەغەکردنی جگەرە، ترشیات، سەیرکردنی فوتباڵ ... تا دەیان ڕەفتاری تر. بە هۆی ئەم هەموو بەڵگە واقیعییەوەیە بەختیار عەلی باس لەوە دەکات داعش تەنیا درێژەدەری رێگای پێشووتر نییە، بەڵکو پەکخستنی جیهانی کۆنە بۆ جۆرە ڕێک خستنێکی ترسناکی نوێ. هەموو ئەم دەرکەوتە تازانە، لای فۆئاد حەبیبی بەس نییە هەتا بزانێت شتێکی نوێ هاتووە کە سروشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی پێشووی پەک خستوە. ئایا جیهادی نیکاح تەواوی ئەخلاقی سێکسوالی تەقلیدی ناباتە ژێر پرسیار؟ ئایا کردنەوەی بازاڕ بۆ فرۆشتنی ئینسان چەمکی کاڵا تەواو ناخاتە بەر پێناسەی تازە؟ ئایا سەربڕینی منداڵ پەکخستنی هەموو مۆراڵی پێشووتر نییە، بۆ مۆراڵێکی دڕندەی نوێ؟". لێرەدا دیسان وادەردەکەوێت ئەم بەڕێزە ئاگاداری ڕوونتیرین خاڵەکانی ئەو دونیایە تێیدا ئەژی نییە. ئاخۆ ژیانکردن بەپێی لۆژیکی بازاڕ جیاوازە لە ژیان لەژێر دەسەڵاتی پێوەندە کاڵاییەکاندا کە هەموو ڕۆژێک بۆ مانەوەی خۆی ناچار بە فرۆشتنی هێزی کار و لەشمان دەکات؟ دوژمنی لەگەڵ زانست و مۆسیقا دیاردەیەکی نوێیە و تەنانەت ئەگەر مەحاڵیش بێت، شتێکی وەهایە کە بتوانێت "گشتییەتی دەستووری کۆمەڵایەتی" تووشی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بکات؟ پێویست ناکات باس لە تاوانەکانی ئامریکا لە ڤیەتنام و هێندستان و تاڵانکردنی ئافریقا لە سەدەکانی پێشوودا بکەین، بەڵام ئاخۆ تاوانەکانی داعش زێدەتر و بنەماییترە لە جینایەتەکانی ئامریکا لە ڤیەتنام یان کوشتاری سێربەکان لە باڵکاندا و کارەساتەکانی سودان و کۆنگۆ ... کە تەنیا لە ٢٠ ساڵی ڕابڕدوودا ڕوویاندەوە؟ چیتر پێویست ناکات بچینە نێو بابەتەکانی دیکەی توندوتیژی وەک توندوتیژی ئۆبژێکتیڤ، ستراکتۆری، سیمبۆلیک و بنەماییترەوە کە هەموو توندوتیژییە سۆبژێکتیوە تیرۆریستییەکان ئەنجام و بەرهەمی ئەوانن. بۆنمونە دەکرێت ئاماژە بدەین بە پیشە و بازرگانی سەرکەوتووی قاچاغی مرۆڤ و فۆڕمە جۆراوجۆرەکانی کۆیلەداری نوێ بۆ ئەوەی تێبگەین کە داعش لە هەموو لایەکەوە تەنیا دیارکەوتنی شکۆداری ئەوە دیاردانەیە کە فۆڕمە یەک لەدوای یەک و نهێنی و بەربڵاوەکانیان هەموو ڕۆژێک لە سەرانسەری ئەم دەستورە تێکدەرەدا بەرهەم دێت یاخود سەرلەنوێ بەرهەمی دێتەوە. لەڕوانگەی بەختیارعەڵی و خانمی نوریەوە بازرگانیکردن بەژنان لەلایەن داعشەوە "گشتییەتی دەستوری کۆمەڵایەتی" و "کۆی سیستەمە سیاسی، ئەخلاقی و و ڕەگەزییەکان بنکەن دەکات بەڵام بوکوحەرام بەدبەخت زێدەباری ئەو هەموو جینایەتەی بەڕێوەدەبات لەبەر ئەوەی لەناوچەی ستراتێژیکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ناوەندی وزەی دونیادا نییە، وەک نوێنەری توندوتیژی ئەم سەردەمە هەڵگری سەرنج و تێبینی نییە ئەگەرچی سەدان کچ بڕفێنێت و بیانفرۆشێت و یاخود پێشتر لە داعش تماشاکردنی فوتباڵی قەدەغەکردبێت و تاوانبارانی لەناوبردبێت؛ پێموانییە دوایین چالاکی بوکوحەرام واتە ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامیش توانیبێت سەرنجێک بەرەوە لای خۆی ڕابکێشێت. هەروەها تاڵەبانیش کە هەموو جۆرە وێنە و پەیکەرێکی قەدەغە دەکرد، ئاسەوارە مێژووییەکانی بامیانی لەناو بردبوو، پۆلیسی پێوانەی ڕیشی لە شەقامەکاندا دانابوو و بەشێوەی فەرمی و یاسایی چاودێری ئەخلاقە جنسییەکانی کەڵەشێر و مانگا و کەری دەکرد، چیتر لەبیرکراوە و لەلایەن ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵاتی ئێمەوە ناچێتە خانەی کەشف و دۆزینەوەوە و گرینگی پێنادرێت. لێرەدا بەختیارعەلی هاوڕێ لەگەڵ میدیاکانی ڕەوتی دەسەڵاتداردا هەوڵی ئافراندنی شەڕی ڕەها لەڕێگەی داعشەوە ئەدات و بەمجۆرە سەرچاوەی هەموو شەڕەکان کە هەمان گشتییەتی کۆمەڵایەتی واتە ئافرێنەری کۆی ئەم دێوودرنجانەیە دەشارێتەوە.
- خانمی نوری هەوڵ ئەدات بیسەلمێنت کە من "پێداگری زۆرم لەسەر عەقڵانییەتی فاشیزم" کردووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەڕوونی وتبووم : "تێگەیشتنی بەختیارعەلی لە فاشیزم لەسەر ئەم بنەمایە لەسنووری بزاڤێکی تێکدەر کە بێبەش لە بەرنامە و پلانە عەقڵانییەکانە تێپەڕناکات، لەحاڵێکدا فاشیزم زۆر زیاتر لەوەی کە ئەو بیری لێدەکاتەوە لەژێر کاریگەری عەقڵانییەت، پلاندانان، رێبەری و بەڕێوبەرایەتی حیزبی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیدایە." ئاخۆ ئەمە بە مانای ئەوەیە کە من فاشیزم زۆر بە عەقڵانی دادەنێم یاخود وەک بزاڤێک کە عەقڵانییەت و پلاندانان بۆ بەڕێوەبردنی جینایەتەکانی بەکار دەهێنێت لەبەرچاوی دەگرم. ئاخۆ بەکارهێنانی عەقڵانییەت و پلاندانان و تەکنۆلۆژیا بۆ بەڕێوەبردنی جینایەت وەک حەقیقەتێکی ڕوون دەربارەی فاشیزم ناکۆکە لەگەڵ ئەو باوەڕی کە باس لە ناعەقڵانی و دژە مرۆڤ بوونی ئامانجەکانی فاشیزمدا دەکات؟ ئاخۆ بەختیار عەلی لە جیاوازی بنەڕەتی نێوان عەقلانییەتی ئەبزاری و عەقڵانیەت لەمانا دیاریکراوە ڕۆشنگەرییەکەیدا – کە ئامانجەکەی ڕزگاری وئاسایشی مرۆڤە - تێناگات؟
خانمی نوری پێداگری لەوە دەکات کە "بەختیار عەلی هیچ کات توندوتیژی فاشیزم وەک توندوتیژی کوێر نابینێت، بەڵکو وەک توندوتیژییەکی مەحاڵ دەیبینێت کە ئەوە دوو شتی جیاوازن، لەبەرئەوەی فۆئاد هیچ زانیارییەکی لە ریشە لاکانییەکانی ئەو زمان و. سیستەمە زاراوەییە نییە کە بەختیار عەلی بەکاریهێناوە، نەیتوانیوە لە مانای وشەکان تێبگات." بەڵام ئەگەر خانمی نوری جارێکیتر نووسراوی بەختیارعەلی بخوێنێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات کە ئەو بەڕێزە بەتەواوی لەو باوەڕادەیە کە : "فاشیزم توندوتیژییەکی کوێرە کە هیچکات بە ئامانجی خۆی ناگات، هەرگیز ناتوانێت ئەرکی خۆی بە تەواوی بە ئەنجام بگەیەنێت و جەنگێکە کە بەردەوام مانەوەی خۆی لە جەنگێکتردا ئەبینێتەوە." ئاخۆ ئەکرێت ئینکاری دەقی نووسراوەی ئەو بەڕێزە بکەین کە فاشیزم بە توندوتیژی کوێر – تەنانەت وەک مەیلێکی سەرکێش – ناو دەنێت. لەهەر حاڵدا هۆکاری کەموکوڕی لە خوێندنەوەی دەقی نووسراوەی بەختیارعەلی لە لایەن لاینگری سەرسەختییەوە زۆر بۆم ڕوون نییە.
خانمی نوری بۆ ڕزگارکردنی بەختیارعەلی لە هەمبەر ئەو ڕەخنانەدا ئەکەوێتە داوی هەندێک پاڕادۆکسی ئاشکرای دیکەوە : " کاتێک بەختیار عەلی دەڵێت فاشیزم ئایدیای نیە، مەبەستی ئەوە نییە دەستە و تاقمە فاشیستییەکان ئایدۆلۆژیایان نییە یان هەڵگری بیروڕا نیین." بەڵام ئەگەر بۆ نووسراوەی بەختیارعەلی بگەڕێینەوە بە ڕوونی ڕایدەگەیەنێت کە : "کێشەی سەرەکی فاشیزم ڕۆژهەڵاتی ئەوەیە کە بەپێچەوانەی فاشیزمی ڕۆژئاوایی لە هیچ ئایدیا یان حزب یاخود تەنانەت بۆچونێکی سیاسی و فەلسەفی سەرچاوەی نەگرتووە، پێوەندییەکی دیاریکراوی لەگەڵ هیچ دەوڵەت یان شوناسی نەتەوەییدا نەبووە بەڵکو جۆرێک لە هێز و توانای هێزەکی تێکدەرە کە ئەگەری برساختە شدن لە هەرجۆر شوناس و فۆرمێک لە پێوەندی بینابینی هەیە." . لەم ڕووەوە لێرەدا بەشێوەی تەواو ئاشکرا، بەختیارعەلی "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی" لە هەبوونی هەرجۆر پێگەیەکی دیاریکراوی ئایدیا، حزب دەوڵەت و تەنانەت بۆچونە سیاسی و فەلسەفی بەریدەکات. واتە بەپێچەوانەی خانمی نوری خودی بەختیارعەلی لەو باوەڕەدایە کە "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی" بێبەش لە ئیدیایە. بەڵام ئەم ئیدعانەش دیسان بەختیارعەلی ئەخاتە نێو پاڕادۆکسێکی دیکەوە : "بەڕاستی نازانم ئەم ڕاڤە کردنانەی لەکوێوە هێناوە کە گوایە تایبەتمەندییەکانی سیستەمە فاشییە ڕۆژژئاواییەکان لە ڕۆژئاوادا بوونیان نییە. ئەم تیزە ئەوەندە پوچە کە تەنانەت شیاوی باسکردنیش نییە... یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیزم لە ڕۆژئاوادا بۆ من دەستنیشان بکەن کە بۆ ژیانی سیاسی ئێمە نامۆ بێت؟ دیاردەیەکی سیاسی لە سەد ساڵی ڕابڕدوودی ڕۆژئاودا دیاری بکەن کە لە دەرەوی ئەم زنجیرە بابەتانەدا بێت؟... فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ هەموو ئەم تایبەتمەندیانە خاوەن دەیان تایبەتمەندی تاریک و ترسناکترە کە تا ئێستا مێژوی مرۆڤایەتی [بۆ یەکەمجار] بینیویەتی. لەم ڕووەوە دەیهەوێت هەموو دیاردە سیاسیەکانی سەد ساڵی ڕابڕدوو کۆمەڵگاکانی دەوروەبەر بۆ مێژووی فاشیزم دابەزێنێت و تەنانەت کۆی خەباتە دژە کۆلۆنالیزمییەکان، ڕاپەڕینە ڕزگاریخوازییەکان، بزاڤە پێشکەوتووەکان و ئافراندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە کۆمەڵگا جیهان سێهەمییەکاندا – یان ئەوەی بە ڕۆژهەڵات ناوی لێدەبات – لەڕوانگەی ئەم بەڕێزەوە دەچنە خانەی دیارکەوتنەکانی فاشیزمێکی ڕۆژهەڵاتی کە لە هەموو شوێنێکدا بوونی هەیە. ئاخۆ بەڕاستی بەختیارعەلی ئاگاداری ئەم پاڕادۆکسە بەرچاوە نییە؟ واتە ئەو کەسەی باس لە نەبوونی تایبەتمەندییەکانی فاشیزمی ڕۆژئاوایی – لە ئایدیاوە تا ئەگاتە حزب و بۆچوونی سیاسی و فەلسەفە – لە نمونە ڕۆژهەڵاتییەکەیدا ئەکات کەسێک نییە جگەلە خودی ئەم بەڕێزە؟ ئەو کە هەمووشت و لەوانەش ژیانی فیکری خۆی لە چاڵی ڕەشی تیۆریزە کردنی جۆرێک "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی" یدا نوقمکردووە پێویستە ئەرکی خۆی لانیکەم لەم بارەوە ڕوونبکاتەوە، واتە : "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی بەپێچەوانەی فاشیزمی ڕۆژئاوایی" بێبەش لە هەموو تایبەتمەندییەکانی فاشیزم وەک ئایدیا، حیزب، بۆچونی سیاسی و فەلسەفی و دەوڵەتە یان خاوەنی کۆی ئەم تایەتمەندییانەیە و زیدەباری ئەمەش تایبەتمەندییە دیاریکراوەکانی خۆی دەردەخات؟ پێموایە پێویست ناکات یەک لەدوای یەکی ئیدعاکانی بەختیارعەلی دەربارەی "فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی" و شێوەی بەکارهێنانی ئەم چەمکە لەلایەنییەوە باس بکەین و تەنیا لێرەدا پێڕەوەی لێدەکەین و لەگەڵیدا هاودەنگ دەبین کە "بەڕاستی نازانین ئەم شێکارییانەی لە کوێوە هێناوە کە گوایە تایبەتمەندییەکانی سیستەمە ڕۆژئاواییەکان لە ڕۆژهەڵاتدا بوونیان نییە. "ئەم تیزە ئەوەندە پوچە کە تەنانەت هەڵگری باسکردنیش نییە."
خانمی نوری لێدوانەکانی من دەربارەی بێ بنەمایی بوونی جیاکردنەوەی جەوهەرییانەی بەختیارعەلی دەربارەی هەبوونی جۆرێک لە ڕۆژهەڵات کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەخاتە بەر ڕەخنە و لەو باوەرەدایە : "فۆئاد ئەڵێت بەختیارعەلی پێوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ڕۆکردووە چونکو باس لە فاشیزم، مرۆڤ و دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ئەکات... ئەگەرچی فۆئاد کانتێکسی مێژوویی باسدەکات بەڵام لەلایەکیترەوە ئینکاری هەبوونی ڕۆژهەڵات دەکات... لێرەدا ئینکارکردنی ڕۆژهەڵات واتە ئینکاری کانتێکسی مێژوویی دیاردەکانە بەشێوەی ئۆتۆماتیک ".
لێرەدا دیسان دەبینین کە لەجیات سەرنجدان بەو شتانەی کە من باسیان دەکەم داوەڵێکی پەشمەکی و بێبنەما و دەستکرد لە ڕەخنەکەی من پێشکەش ئەکات و ئەوکات لە فۆرمێکی دۆنکیشۆتیدا و بەهەموو هێز و تواناویە وە هێرش دەکاتە سەری و لەئەنجامدا سەرکەوتووانە خۆی وەک سەرکەوتووی ئەم جەنگە وەهمییە لەبەرچاو دەگرێت. لەم ڕووەوە زۆر بەکورتی دووپاتی ئەکەمەوە کە من هیچکات باسم لە ڕووخاندن و گۆڕینی پێوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاودا نەکردووە. لێرەدا باس لە بیناکردنی دونیایەکی مەحاڵ و خەیاڵی لەژێرناوی "ڕۆژهەڵات" وەک دونیایەکی بەتەواوی جیاواز و جیا لەوی دیکە بەناوی "ڕۆژئاوا" یە؛ ئەوشتەی کە بەهۆی بەرهەمی پێشەنگی ئیدوارد سەعید و نەریتێکی بەهێز لەم بارەوە بۆ هەموو خوێندکار و توێژەرێکی بواری زانستی مرۆیی ڕوون و ئاشکرایە. ئەو ڕۆژهەڵاتەی لە ڕوانینی بەختیارعەلیدا خاوەن دەوڵەتێکی ناکارامە، فاشیزمێکی بێ ئایدیا و حیزب و بۆچونی سیاسی – فەلسەفی، دەسەڵاتی توندوتیژخواز و ... یە شتێک نییە جگەلە وێناکردنی دیکە لە وێنەی پوچ و بێ بنەمای ڕۆژهەڵات ناساند واتە ڕۆژهەڵاتێکی یەکدەست و وڵاتی ناوازە کانی هەزارویەک شەو کە کۆی ئەمانە دونیایەکی ستاتیک و داخراوە. لەم وێنەیەدا ڕوون نییە کە بەڕاستی ڕۆژهەڵات لەلایەکەوە وڵاتانی وەک ژاپۆن، چین و هێند هەتاکو ئافریقا و ئامریکای لاتین لەخۆ دەگرێت یان نە؟ ئەگەر وەڵامی پرسیارکە ئەرێنی بێت بیرمەندی ئێمە چۆن ئەم وڵاتە جۆراوجۆرانە بۆ بوونێکی یەکدەست دادەبەزێنێت؟ ئەگەریش وەڵام نەرێنییە لە هەمبەر "ڕۆژئاوا" و "ڕۆژهەڵات" دا – کە لێرەدا بریتییەلە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوین – دەبێت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی دوور، ئافریقایی و ئامریکای لاتین لەژێر چ ناوێکدا کۆبکەینەوە؟ مەبەستی من لێرەدا بەکورتی ئەوە بوو لەجیات دامەزراندنی چێیەتی و بوونێکی بێبنەمای وەک ڕۆژهەڵات هەوڵ بدەین دیاردە و پرسی خۆمان لە کانتێکسی گشتییەتێکی جیهانی و دیاریکەر بەناوی میتابۆلیسمی دەستوری سەرمایەدا ڕاڤە و لێکدانەوەی بکەین و ئەوکات تایبەتمەندییە دیاریکراوە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و کولتورییەکانی هەر کۆمەڵگایەک وەک نێوانجیگەلێک کردەوە و دیارکەوتنەکانی ئەم گشتییەتە لێکدەینەوە. لەم پێوەندەدا و لە نووسراوەی پێشوومدا وتبووم کە : " جگەلەوەی هەندێک لەم دەستەواژانە لێکناداتەوە و ئامانجی لەپێداگری لەسەر ڕۆژهەڵاتی بوونیان ڕوون ناکاتەوە، خودی ئەم بەکارهێنانە لە بنەڕەتدا کێشە دروست دەکات و هەڵگری بەرگریکردن نییە. ئەم دابەشکردنە جۆرێک لە زاتگەرایی سەرچاوەیەتی و بۆ هەریەک لەم دیاردانە جۆرێک جیاوازیی و جیاکردنەوەی ڕۆژئاوایی لەبەرچاو ئەگرێت کە هیچ نیشانەیەک لە ئامێزانبوونی ئەمڕۆیان لە سەرانسەری دونیادا نییە و ئیدعای کۆمەڵێک بوونی جۆراوجۆر دەکات. هەروەها ئەم دابەشکردنە بەدوور لە هەرجۆرە تێگەیشتنێکی گشتییانە و دیالێکتیکی لە دیاردە هاوچەرخەکانی دونیا نەک تەنیا هیچ هەوڵێک نادات بۆ دیاریکردنی نیشانەیەک لە دەستوری زاڵبوو و هەبووی جیهان لە بێچمگرتنی دەوڵەت، حیزب و تاکی ڕۆژهەڵاتیدا بەڵکو لە ئەساسدا دیوارێکی ئەستوور لەنێوانیاندا دروست ئەکات.."
خانمی نووری لە دوایین دێڕی وەڵامی خۆی بۆ بەرگریکردن لە بەختیارعەلیدا ئەڵێت : " لە کۆتاییدا لەسەر ئەو باوەڕەم وەڵامی ئەو خاڵانەی کە باسمان لەسەر نەکردووە لە نێوان خاڵە ئاماژە پێکراوەکانی سەرەوە دەبینرێتەوە."
بەڵام بەداخەوە ئەوەندەی لە سەرانسەری دەقەکە و ئەو خاڵە ئاماژە پێکراوانەدا گەڕام وەڵامی ئەو ڕەخنە جیدی و گرینگانەی واتە هۆکاری شیکارییە درێژ و ئاشکراکانی بەختیار عەلی دەربارەی تێبینیەکانی نیکۆلاس لۆمان چییە؟ واتە لە نوسراوەکەیدا ئامانجی شیکاری و راڤەکردنی داعشە، هۆکاری بەکارهێنانی بیرمەندێک کە بە تەواوی بە پێچەوانەی ئیدەعای خۆیەتی لە چیدایە؟ من نەمتوانیوە هۆکاری بەکارهێنانی پێناسەیەکی بێ بنەما و نەگونجاوی دەسەڵات لەلایەن لۆمانەوە بدۆزمەوە؟ هەروەها هۆکاری دەربارەی لیبڕالیزمی ئیفراتی و قووڵی بەختیار عەلی سەرەڕای ئەو هێرشە کەلامییانەی ئەیکاتە سەر ئەم بۆچوون و ڕوانگەیە بەلای منەوە نادیارە. ناتوانم هۆکاری شاردنەوە و ڕەمزیکردنی دیاردەکان لەجیات لێکدانەوە یان ڕیگەچارەی ئەتۆمیستی و تاک باوەڕی بەختیار عەلی لە هەمبەر فاشیزمدا دیاری بکەم. لە کۆتاییدا لە بەرێز بەختیار عەلی داواکارم لە نووسراوەکانی داهاتوودا زێدەباری لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسانەی کە پێش مەرجە ناسراوەکانی هەر جۆرە باس و مشتومڕێکی تیۆرییە و لە دەقەکەدا ئاماژەم بە هەندێکیان کرد لە لوتکەی بەرزی خۆبەزلزانین و راسپاردنی باسەکان بە هاوڕێیان و خوێندکارەکانیان، خۆیان بپارێزن و بە ناوی خۆیانەوە بنووسن. روون و ئاشکرایە کە یەکێک لە ئاسایترین خاڵە ئەخلاقییەکان ئەوەیە لە پشت ناوی کەسانیترەوە خۆمان حەشار نەدەین و بوێرانە و بە هەمو هێز و تواناوە بەرگری لە پڕۆژەیەک بکەین کە ساڵەهایە دەربارەیدا دەنووسین. بێگومان ئەگەر لەبری خۆبواردن لە وتووێژی تیۆری و هەوڵی لە ئاستی نزم بۆ روخاندندا یان بێ ڕێزی و سەرکوتی ڕەخنەگران ڕێگە بە ململانێیەکی راستەقینە و قووڵ لە پانتای ئەندیشەدا بدەین لە ئەنجامدا ئەوەی سەربەرز دێتە دەرێ؛ حەقیقەتە، بەم پێیە هیچ مەترسییەک لەهەمبەر ناونیشانی گەورەیی ئێمەو و ئێوەدا نامێنێتەوە.
په یوه ندی