- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
«سەرهەڵدانی» لێڤیناس
«سەرهەڵدانی» لێڤیناس
پەیمان عەلیپوور
کاڕڵ مارکس[1] لە پاش وتاری کتێبی مێژوو هەژێنی «کاپتال[2]» دا ، ئەرکی فەلسەفی خۆی سەراوبن کردنی[3] «دیالێکتیک[4]»ی گەورەترین فەیلەسووفی ئایدیالیست[5] واتا هیگڵ[6] پێناسە دەکات . بە بڕوای مارکس دیالێکتیکی هیگڵ لە سەر سەری ڕاوستاوە وە بۆ ئەوەیکە ناوکە عەقڵانیەکەی لە توێکڵی عیرفانیەکەی بێتە دەرێ دەبێ سەراوبنی بکات (مارکس، 1379، ص 71). ئیستعارەی « سەراوبن کردن » وێنەیەک لە هیگڵ بەرجەستە دەکات کە سەری لە سەر زەوی داناوە و قاچەکانی خستۆتە ئاسمانەوە ، کە لە ئاکامدا جیهان سەراوبن بەدی دەکات (احمدی، 1382، ص 101). بە هێندێک بێنەوبەرە پێکردن دەتواندرێ هەر ئەم ئیستعارەیە لە بارەی کۆی پرۆژەی فەلسەفی ئێمانوێل لێڤیناس[7] سەبارەت بە «باوکی فەلسەفی مۆدێڕن» واتا ڕێنێ دێکارت[8] بە کار ببەین . دێکارت فەلسەفەی خۆی بە دارێک دەچوێنێت کە ڕیشەکەی مێتافیزیکە و قەدی دارەکە فیزکە و پزشکی و مکانیک لق و پۆپەکانیەتی (زمانی، 1386، ص 23) و زانستی ئەخلاقیش[9] وەکو میوەی ئەم دارە پێناسە دەکات (کاپلستون ، 1385،ص 89) . بەڵام لێڤیناس ، « فەیلەسووفی هاوچەرخ» ، دارەکەی «باوکی فەلسەفەی مۆدێڕن» سەراوبن دەکات و ئەخلاق نەک بە «میوە » بەڵکوو وەکو «ڕیشەی» فەلسەفە پێناسە دەکات ؛ و بە فەلسەفەی یەکەم[10] ناوی دەبات (دباغ، 1388، ص 227). ئەو تەنانەت لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەخلاق تەنیا لە دوای ڕەخنەگرتن لە مێتافیزیک و داڕمانی بوون-خواناسی[11] لە سەر قاچەکانی خۆی ڕادەوەستێت (کوهن، 1387، ص 19) . درێژکردنەوەی ئاراستەی فەلسەفی مارکس سەبارەت بە هیگڵ ، وەکوو ئیستعارەیەک بۆ کۆی ئیشی فەلسەفی لێڤیناس ، لەو ڕووەوە بایەخ پەیدا دەکات ، کە تا ئەو ڕادەیەی کە مارکس قەرزباری «دیالێکتیکی سەراوبن کراوی » هیگڵە ، لێڤیناسیش قەرزباری « نادووماهی[12] سەراوبن کراوی» دێکارتە . ئەو خوای نادووماهی دێکارتی لە فەلسەفەی خۆیدا کردە بە غەیر یان ئەویدی (دیویس ، 1386، ص 81).
بەڵام نابێ لە بیرمان بچێتەوە کە ئەخلاقی لێڤیناس لە « یاسای ئەخلاقی ناخ» کە ڕۆحی کانتی[13] تووشی سەرسووڕمان کرد (زاگال، 1386، ص 146)سەرچاوە ناگرێت . لە بەر ئەوەیکە پەرۆشی فەیلەسووفی گەورەی «سەردەمی ڕۆشنگەری» زیندووکردنەوەی مێتافیزیک بوو دوای ئەو هێرشە ڕوخێنەرانەی کە فیزیکی نیۆتۆن کردبوویە سەری . کانت لە سەر ئەو باوڕە بوو کە هەموو فەلسەفەیەک دەبێ بەو پرسیارەوە دەستپێبکردێ کە « مێتافیزیک چۆن چۆنی دەستدەدات[14] ؟»(اسکروتن، 1382، ص 242) . لای کانت پرسە سەرەکیەکانی مێتافیزیک خوا ، ئازادی ئیرادە و نەمری ناخە[15] (کاپلستون، 1387، ص 229) کە عەقلی بیرەکی[16] لە چەسپاندی[17] ئەواندا لاوازە بەڵام لە بابەتە سەلماوەکان و پرینسیبە بابەتیەکانی[18] عەقڵی کردەکی یان ئەخلاقە. بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی کانت ، پەرۆشی سەرەکی لێڤیناس نەک «زیندووکردنەوە» بەڵکوو «ڕەخنەگرتن» لە مێتافیزیکی ڕۆژئاوایی بوو کە دواجار خۆی لە فەلسەفەی ئەخلاقدا دەردەخات . بە جۆرێک کە ئیشی لێڤیناس لە بواری ئەخلاقدا ، دەتواندرێت بە وەسف کردنی ڕەچەڵەکناسانەی «مەرجی دەستدانی ئەخلاق[19] » پێناسە بکردرێت(علیا ، 1388، ص 42) . لە سەر ئەوە بنەمایە دەبێ بگوترێت هەر بەو چەشنەی کە ئەرەستۆ[20] دەسپێکی «فەلسەفەی یەکەمین»ی خۆی واتا مێتافیزیک بە «سەرسامبوون»ی مڕۆڤەکان لە شتەکان بەم جۆرەی کە هەن پێناسە دەکات (ارسطو، 1389، ص 27) لێڤیناسیش سەرەتای «فەلسەفەی یەکەمین»ی خۆی واتا ئەخلاق بە «سەرسامبوون» لە «ڕوخسار» لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ «ئەویدی»دا پێناسە دەکات .
کانت ئیشی فەلسەفی خۆی بە شۆرشی کۆپێرنیک لە ئەستێرەناسیدا دەچوێنێت کە چۆن چۆنی ئەو جێگای خۆر و زەوی لەگەڵ یەک گۆڕێەوە ، کانتیش جێگای سووژە و ئۆبژەی لەگەڵ یەک گۆڕێوە (نقیب زاده جلالی، 1386، ص 203) یانی کانت ئەو گریمانەیەی کردە بناخەی فەلسەفەی خۆی کە بە پێچەوانەی ڕابڕدوو ، ئەوە ئۆبژەکانن کە خۆیان لەگەڵ زەین یان سووژە دەگوونجێنن (کاپلستون، 1387، ص 241) . لێڤیناسیش لە نەریتی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوادا شۆرشێکی بنەڕەتی خستە گەڕ . ئەو بە ڕەخنە ڕووخێنەرەکانی لە مێتافیزیکی ڕۆژئاوایی ، بە شێوەیەکی بەرچاو لەم نەریتە دادەبڕێت ؛ وە لەو باوەڕەدایە کە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا «لە پارمێنیتس هەتا هایدیگەر» بەسەرهاتی کورتکردنەوەی[21] غەیر[22] بۆ هەمانە[23] (علیا، 1388، ص 37). یانی ئەوەیکە مێتافیزیک بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر ئەویدیەک و غەیرێکدا ، ئەو بکاتە بە ئەمرێکی یەکە و وەڕیگۆڕێت و لەو ڕێگایەوە غەیر خونسا و سەرکووت بکات . لێڤیناس دژ بەو مێژووە سەرکووتکاریەی «ئەویدی» یاخی دەبێ و «هەمان» لەگەڵ غەیرێک کە غەیر دەمێنێتەوە و « غەیرێک کە لەو ڕووەوە کە غەیرە [24]» ڕووبەڕوو دەکاتەوە . ڕەنگە هەر لە بەر ئەوەش بێ کە لێڤیناس بە ڕادیکاڵترین فەیلەسووفی ئەخلاق ناودەبەن (مهرگان، 1383) .
هەر بەو جۆرەی کە مارکس فەلسەفەی تەیارکرد بۆ گۆڕینی جیهان لە باتی لێکدانەوەی جیهان (مارکس، 1389، ص 83) لێڤیناسیش فەلسەفەی سەفەربەری ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شتێک دەکات کە بەردەوام زراوی لێچووە و لە هەوڵی سەرکووت کردنی دابووە ،وە ئەو شتەش هەر هەمان «غەیر لەو ڕووەوە کە غەیرە»یە . غەیر و ئەویدیەک کە نابێ بە دوای ناسین و کوورتکردنەوەیدا بین ، دەبێ قەبووڵ بکەین کە ئەویدی ناناسین و نابێ بیناسین (فرهادپور، 1387،ص 13) .
سەرچاوەکان :
١- مارکس، کارل.(1379). سرمایه. ترجمه ایرج اسکندری. تهران: فردوس.
٢ - احمدی، بابک. (1382). واژه نامه فلسفی مارکس. تهران: نشر مرکز
٣ - زمانی ، مهدی. (1386). تاریخ فلسفه غرب 2. تهران: انتشارات دانشگاه پیام نور.
٤ -کاپلستون، فردریک. (1385). تاریخ فلسفه – جلد چهارم: از دکارت تا لایب نیتس. ترجمه غلامرضا اعوانی. چ 2. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی + سروش.
٥ - دباغ، سروش. (1388). درس گفتارهایی در فلسفه اخلاق. تهران: موسسه فرهنگی صراط.
٦ - کوهن، ریچارد ای . (1387).«درآمدی بر فلسفه امانوئل لویناس». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.
٧ -دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.
٨ - زاگال، هکتور/ گالیندو، خوزه. (1386). داوری اخلاقی. ترجمه احمد علی حیدری. تهران: انتشارات حکمت.
٩ -اسکروتن، راجر. (1382). تاریخ مختصر فلسفه جدید. ترجمه اسماعیل سعادتی خمسه. تهران: موسسه انتشارات حکمت.
١٠ - کاپلستون، فردریک. (1387). تاریخ فلسفه – جلد ششم: از ولف تا کانت. ترجمه اسماعیل سعادت و منوچهر بزرگمهر. چ4. تهران: انتشارات علمی و فرهنگی+ سروش.
١١ - علیا، مسعود. (1388). کشف دیگری همراه با لویناس. تهران: نشر نی
١٢- ارسطو .(1389). مابعدالطبعیه (متافیزیک). مترجم محمد حسن لطفی. چ3 .تهران: طرح نو.
١٣- نقیب زاده، میر عبدالحسین. (1386) . درآمدی به فلسفه .چ 9. تهران: طهوری.
١٤ - مهرگان ، امید. (1383). «چیزی بهتر از بودن؛ درباره فلسفه امانوئل لویناس». روزنامه شرق. 7/2/1383
١٥ - مارکس، کارل.(1389). لودویگ فوئرباخ و ایدوئولوژی آلمانی. ترجمه پرویز بابایی. چ 4. تهران : نشر چشمه.
١٦ -فرهاد پور، مراد. (1387). «یادداشت مترجمان». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.
ژێرنوس:
(1Karl
Marx (1818-1883
2Das Kapital
3واژگون کردن
4Dialectic
5Idealist
(6Hegel(1770-1831
(7Emmanuel Levinas (1596-1650
(8Rene Descartes (1596-1650
9Ethics
10First Philosophy
11nto- theo- logy
Infinite نامتناهی 12
13manueal
kant(1724-1804
14امکان پذیراست
15خلود نفس
16عقل نظری
17 اثبات
18اصول موضوعە
19شرط امکان اخلاق
20Aristotle (384BC- 322 BC)
21تحویل
22The other
23The same
24غیری کە بە ماهو غیر است
په یوه ندی