- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
وت و وێژ لەگەڵ جۆرجیۆ ئاگامبێن
"دەبێ هاوڵاتیان دژی دەرکردنی ئێنیەم یاسای دژەتیرۆر بوەستنەوە"
وت و وێژ لەگەڵ جۆرجیۆ ئاگامبێن
وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری
ئەم وتووێژە لەلایەن Olivier Tesquet کراوە و لە ماڵپەری گۆڤاری هەفتانەی تێلێراما رۆژی ٢٠ ژانوییەی ٢٠١٥ بەم ناونیشانەی خوارەوە بڵاوکراوەتەوە. بۆ شرۆڤەی وردتری یاساکانی رۆمی کۆن، کە بەشێکی هەمیشەیین لە لێکۆڵینەوەکانی ئاگامبن لە سەر بنچینەکانی یاسای مۆدێرن و ژیاری رۆژئاوایی خوێنەر دەتوانێت هەر ئەو کارە بکات کە من نەمکرد، قامووس یان سایتێک بکاتەوە.
http://www.telerama.fr/medias/les-francais-doivent-se-battre-contre-le-projet-d-une-enieme-loi-contre-le-terrorisme-giorgio-agamben,121729.php
پرسیار : پاش تەکانی " شارلی هێبدۆ" چینی سیاسی گەلێک باسی " مافی ئاسایش" مان بۆ دەکات. دەبێ خۆ لەمە بپارێزین؟
وەڵام : لە باتی باسی ئازادیی راگەیاندن، دەبوا پتر بە خەمی ئەو کاریگەریانەوە بین کە ئەم کردە تیرۆریستیانە لە سەر ژیانی رۆژانە و لەسەر ئازادیە سیاسیەکانی هاوڵاتیان هەیانە، ئەو ئازادیانەی کە دەزگاکانی کۆنتڕۆل تا دێ زیاتر لە هەموو لایەنێکەوە دزەی تێدەکەن و قورسایی دەخەنە سەر. بڕێکی کەمی خەڵک ئاگاداری ئەوەن کە یاسادانانی هەنووکەیی لە سەر ئاسایش لە دیمۆکراسیە رۆژئاواییەکاندا – بۆ نموونە لە فەرەنسا و ئیتالیا- بە ئاشکرا لە یاسادانانی باوی ئیتالیای فاشیست بەرتەسکترە. هەروەک لە فەرەنسا لە گەڵ کاروباری تارناکدا[ بەسەرهاتی تاوانبارکردنی گرووپێکی نۆ نەفەر بە تێکدانی هێڵی قەتاری نێودەوڵەتی لە پاریس و تاوانبارکردنیان بە تیرۆریسم و ئەندامەتی کە کومیەتی نادیاراد، کومیتەیەک کە کتێبیشی بە ناوی کومیتەکەوە بڵاوکردۆتەوە] بینیمان، ریسکەکە ئەوەیە هەموو ناڕەزاییەکی سیاسیی رادیکاڵ بخرێتە خانەی تیرۆریسمەوە.
ئەنجامێکی نەرێنیی یاسا تایبەتەکانی تیرۆریزم هاوکات ئەو ناروونی و نابنەبڕیەیە کە لە سەر یاسا بەرهەمی دێنن. مادام لێکۆڵینەوە لە تاوانی تیرۆریستی - لە فەرەنسا هەر وەک لە ئامریکا- لە دادگای ئاسایی وەرگیراوەتەوە، ئیجگار قورسە بتوانی لەم بوارەدا بە حەقیقەت بگەیت. ئەوەی جێگەی روونی و بنەبڕیی دادوەرانە دەگرێتەوە تێکەڵێکی رقاوییە لە یاداشتی میدیایی و راگەیاندنی پۆلیس، کە هاوڵاتیان رادێنی چیدی خەمی حەقیقەتیان نەبێت.
پرسیار : لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئێوە بەم قسە خەریکن جێگە بۆ کۆنسپراسیۆنیسم[ ئەو رای لای وایە هەمیشە فیتنەیەک و دەستێک لە پشتەوەیە و لە پشتەوەی دیاردەکاندا بۆ دوژمنی وەهمیی دەگەڕێ] رادەخەن...
وەڵام : نا. لە سیستمی مافی ئێمەدا، بەرپرسایەتی تاوانێک دەبێ بە لێکۆڵینەوەیەکی دادوەرانە بسەلمێت. ئەگەر ئەمە مەحاڵ ببێتەوە، هیچ کات ناتوانین لە بەرپرسایەتی تاوانێک دڵنیا بین. وەها هەڵسوکەوت دەکرێت چما هەموو شتێک روون بێت و ئەو بنەما دادوەریانەی کە دەڵێ هیچ کەس پێش دادگایی تاوانبار نییە، سڕاوەتەوە. تیۆریی فیتنەدۆز کە هاوڕێی و هاوتەکی هەمیشەیی ئەم جۆرە رووداوانەن لە بەری لادانی ئاسایشیی کۆمەڵگای رۆژئاوایی دەخۆن، ئەو لادانەی کە حیجابی گومانێک بە سەر کاری سیاسی-دادوەریدا دەدات.
لەم بابەتەدا، بەرپرسیارێتی میدیاکان ئاشکرایە. ئەو بێخەمی و تێکەڵکردنەی ئەوان بەرهەمی دێنن بیرمان دەبەنەوە کە هاوپشتیی ئێمە لەگەڵ "شارلی ئێبدۆ" نەدەبوا رێگەی ئەوەمان لێبگرێت ئەوە نەبینین کە راستیی نواندنەوەی کاریکاتۆریانەی عەرەب وەک تیپێک یان جۆرێکی فیزیکی کە دەتوانی بە فیزیکدا بیناسیتەوە لەو شتە دەکات کە میدیای دژەجوو لە کاتی دەسەڵاتی هیتلێردا دەیانکرد، واتە لەو کاتیشدا بە هەمان شێوە جۆرێکی فیزیکی لە جوو درووستکرابوو. ئەگەر ئەوڕۆ شتێکی وەها بەرامبەر جووەکان روویدابا، گاڵتەجاڕیی لێدەکەوتەوە.
پرسیار : پێش پەلامارەکان، شارەزایانی زانیاریی هەموویان بەردەوام دەیانگوت: " باسەکە ئەوە نییە ئاخۆ فەرەنسا پەلامار دەدرێت یان نا، بەڵکوو باسەکە ئەوەیە ئەم پەلامارە کەی دەبێت." نیشاندانی کردەی تیرۆریستی وەک شتێکی حەتمی و نەگەڕاوە یەکەم کەرەستە و رێگەی کاریگەری دانان لە سەر و دەستکاریکردنی هاوڵاتییانە؟
وەلام : ئەوڕۆکە تیرۆریسم توخمێکی جێگیری سیاسەتی حکوومەتیی دووڵەتەکانە، کە لێی تێناپەڕێین. کەواتە نابێ پێمان سەیر بێت کە تیرۆریسم وەک نەگەڕاوە و حەتمی سەیر بکرێت. دەتوانین سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بە بێ یانزەی سپتامبر وێنا بکەین؟ ئەمەش ئێجگار راستە کە لە ئیتالیا، لەو ساڵانەدا کە " پلۆمبی" پێدەوترێت، [ ساڵانێک کە ئیتالیا] تاقیگەی ستراتێژیەکانی بەکارهێنانی تیرۆریسم بوو، هەندێ پەلامار هەبوون، وەک پەلاماری "پیاززا فۆنتانا" لە میلان کە هێشتا نازانین بە راستی تیرۆرسیت کردنی یان دزگای پاراستنی نهێنی. لاشم وایە کە تیرۆریسم لە خۆیدا سیستمێکە کە تێیدا دەزگاکانی پاراستن و فاناتیسم پێکەوە کاردەکەن، هەندێ جار بێ ئەوەی خۆیان ئاگاداری بن.
تەواو لەگەڵ
ماری خۆزێ مۆندزین هاوڕام [ فەیەلسووفێکی فەرەنسی کە پسپۆڕی وێنەیە]: ئەوە راست
نییە کە ئێمە هەموومان بە یەکسان لەبەردەم رووداوی تیرۆریستیداین. زۆرینەیەک ئەمە
تەنیا بە هەست دەژین، بەڵام کەسانێکیش هەن کە دەیانەوێت شتێکی سیاسی لێدەستبخەن (
دەبینین پێشتر دەستیان بە کار کردووە). لە دواییشدا، کەمینەیەک هەیە کە هەوڵدەدات
تێبگات و لە هۆ راستەقینەکان رامێنێت. دەبێ کار بۆ ئەوە بکرێت کە ئەم کەمینە ببێتە
زۆرینە.
هەست دەکەین یاسای دژی تیرۆریست بە فراوانی رێکەوتنیان لەسەرە، لە چەپ و لە راستیشەوە، بەڵام هاوڵاتیان لە مشتومڕی گشتی سەبارەت بەم یاسایانە خۆیان کشاندۆتەوە.
بۆ تێگەییشتن لەو یەکیەتیە سیستمیەی کە لە نێوان دەوڵەت و تیرۆریسمدا دامەزراوە، نابێ بیرمان بچێت کە دیمۆکراسیە رۆژئاواییەکان ئەوڕۆکە لە درگانەی گۆڕانێکی مێژووییدان لە پێگەی سیاسیاندا. دەزانین دیمۆکراسی لە یۆنان لە سەدەی پێنجەمدا لە پرۆسەی سیاسیکردنەوەی هاوڵاتیەتیەوە لە دایک بوو. لە کاتێکدا تا ئەو کات بەشداری لە سیتە یان شاردا پێش هەموو شتێک بە مەرجەکان و پێگەکانی چەشنە جیاوازەکان پێناسە کرابوو( کۆمەڵەی بڕوایی، نەجیبزادەیی، دەوڵەمەندیی و هتد)، هاوڵاتیەتی وەک بەشداریی چالاک لە ژیانی گشتیدا، لەوە بەدوا دەبێتە پێوەری شوناسی کۆمەڵایەتی. ئەوڕۆکە ئێمە لە پرۆسەیەکی بە پێچەوانەی ئەمەداین، پرۆسەی ناسیاسیکردنەوەی هاوڵاتیەتی، کە تادێ زیاتر خۆی تەنیا بۆ یەک مەرجی رەبەق ناچالاک کورتدەکاتەوە، لە زەمینەیەکەدا کە تێیدا راپرسیەکان لفی ئەم راستیەن کە بڕیارە بنچینەییەکان بە بڕێکی تادێ کەمتری کەسان دەدرێن. لەم پرۆسەی ناسیاسیکردنەوەدا، دەزگاکان یان دیسپۆزیتیڤەکانی ئاسایش و پەرەدانی تکنیکەکانی کۆنترۆڵ لە سەر هاوڵاتیان کە جاران تەنیا بۆ تاوانبارانی ناسراو و بە پێشینە بوون، دەورێکی گرنگیان گێڕاوە.
پرسیار : شوێنی هاوڵاتی لەم پرۆسەدا لە کوێدایە؟
وەڵام : هاوڵاتی وەک خۆی هاوکات دەبێتە تیرۆریستێکی هێزەکی و تاکێکی هەردەم داواکەری ئاسایش دژی تیرۆریسم، راهاتوو بە پشکنران و ڤیدیۆ-چاودێریی لەهەر شوێنێکی شارەکەی. لە کاتێکدا ئاشکرایە فەزایەکی ڤیدیۆ- چاودێریکراو چیدی ئاگۆرا و بواری گشتی نییە، واتە چیدی سیاسی نییە. بە داخەوە، لە پارادایمی ئاسایشیدا، ستراتێژیە سیاسیەکان دەقاودەقن لەگەڵ بەرژەوەندیی و خواستی ئابووری رووت. ناڵێن کە پیشەسازیی ئەرووپیی ئاسایش، کە ئەوڕۆکە لە پەرەسەندنێکی بەتین و تاودان، بەرهەمهێنەرانی گەورەی چەکن کە خۆیان گۆڕیوە بۆ کاروکاسبیی ئاسایشی، کە بریتین لە تالێس، فیمیککانکا، ئێداس یان باسی سیستم.
پرسیار: فەرەنسا لە ساڵی ١٩٨٦ ەوە دەنگی بە پانزە یاسای دژە تیرۆر داوە، هەندێ کەس داوای جۆرێکی فەرەنسیی " پاتریۆت ئەکت" -[ یاسایەک کە لە ئەمریکا بۆ روبەڕووبونەوەی تیرۆر حەوت هەفتە پاش رووداوەکەی یانزەی سێپتەمبر دەنگی پێدرا]- دەکەن و،کەچی ئێمە نەمانتوانی نە بەر بە مێراح بگرین، نە بە برایانی کواشی و نە بە کوولیبالی. [ مێراح هێرشبەری سەر قوتابخانەی جووەکان لە فەرەنسا، ناوەکانی دیکە بکوژانی نووسەرانی شارلی ئێبدۆ و کۆلیبالی هێرشبەری سەر کۆگاکەیە دوو رۆژ دوای هێرشی شارلی ئێبدۆ.]
وەڵام : دیسپۆزیتیڤەکانی ئاسایش سەرەتا بۆ ناسینەوەی تاوانکارانی بەپێشینە داهێنران : وەک ئەم رۆژانە بینیمان و وەک دەبوا روون و راشکاو ببوایەت، ئەوان بۆ بەرگرتن بە زەبری دووهەم بەکار دەهێنرێن، نەک یەکەم. لە کاتێکدا تیرۆریسم لە راستیدا ریزێک زەبری یەکەمە کە دەتوانن لە هەر کوێ و هەر کەس بدەن. دەسەڵاتە سیاسیەکان باش ئەمە دەزانن. گەر ئەوان جەخت لە سەر توندکردنی رێوشوێنی ئاسایشی و یاسای سنوورداکردنی ئازادیەکان دەکەنەوە، کەواتە ئەوان شتێکی دیکەیان لە خەیاڵە.
ئەوەی مەبەست و خەیاڵیانە، رەنگە بێ ئەوەی خۆیان بزانن، چونکوو باسەکە لێرەدا هەندێ وەرچەرخانی قووڵن کە بەر بوونی سیاسیی مرۆڤەکان دەکەون، خەیاڵ و خەونی پەڕینەوەیە لە دیمۆکراسیەکانی جەماوەرەوە بۆ ئەو شتەی کە سیاسەتناسانی ئەمریکی پێیدەڵێن" دەوڵەتی ئاسایشی"، واتە کۆمەڵگایەک تێیدا ژیانی سیاسی بە راستی مەحاڵ دەبێتەوە و تەنیا باس بەڕێوەبردنی ئابووریی ژیانی بەرهەمێنەرەوەیە. پارادۆکسەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەبینین لیبرالیسمێکیی ئابووری بێسنوور هاونشینی تەواو و پڕ بەپێستە لەگەڵ دەوڵەتگەرییەکی ئاسایشی کە ئەویش هەر بەو شێوە بێسنوورە. کەمترین شتێک بتوانین لێرەدا بیڵێین ئەمەیە کە ئەم دەوڵەتە، کە ناوەکەی لە باری مێژوو و ریشەوە هەڵگری مانای بزریی گرفت و کێشەیە، بە پێچەوانە چی پێناکرێت مەگەر ئەوەی زیاتر بەو مەترسیانەی دەیخاتە سەر دیمۆکراسی نیگەرانمان بکات. لەم دەوڵەتەدا ژیانی سیاسی مەحال بوەتەوە و، دیمۆکراسیی بێ ژیانی سیاسی هیچ مانایەکی نییە. لە بەر ئەمەیە کە گرنکە کە فەرەنسیەکان دژی پرۆژەی راگەیەندراوی حکوومەت بۆ بێبنیەم ئێن یاسا دژی تیرۆریسم خەبات بکەن.
هەروەها لام وایە دەبێ روبەڕوبونەوەی درۆیینی تیرۆریسم و دەوڵەت لە چوارچێوەی جیهانیکردنەوەی ئابووریی و تێکنۆلۆژیکدا دابنرێت کە ژیانی کۆمەڵگا هاوچەرخەکانی ژێراوژوو کردووە. باسەکە ئەو شتەیە کە هانا ئارێنت پێشتر لە ساڵی ١٩٦٤ دا ناوی نا " شەڕی نێوخۆیی جیهانی"، کە جێگەی شەڕی سوننەتیی نێوان دەوڵەتەکانی گرتۆتەوە. لە کاتێکدا ئەوەی نیشانی ئەم دۆخەیە، رێک ئەمەیە کە ناتوانین روون نەیارەکان لێک جیابکەینەوە و بێگانە بەردەوام لە نێوەوەیە. لە فەزایەکی جیهانیکراودا، هەموو شەڕێک شەڕێکی نێوخۆییە و، لە شەڕی نێوخۆییدا، بە تەعبیرێک هەر کەس دژی خۆی شەڕ دەکات. گەر دەسەڵاتە گشتیەکان بەرپەرستر بوونایەت، بیریان لەم دیاردە تازە دەکردەوە و هەوڵیاندەدا ئەم شەڕە نێوخۆییە جیهانییە دامرکێنن، لە باتی ئەوەی بە سیاسەتێکی درەوەیی گێلانە کە بە هەمان شێوەی سیاسەتی نێوخۆیی دەجووڵێتەوە، ئاگرەکەی خۆش
بکەن.
پرسیار : چۆن لە بەرامبەر ئەم وەسوەسە ئاسایشیەدا بوەستین؟ پەرێزێک ماوە؟
ئاشکرایە کە، لەبەردەم دۆخێکی وەهادا، پێویستمان بەوەیە بە سەرتاپای ستراتیژیە نەریتیەکانی ناکۆکیی سیاسیدا بچینەوە. پارادایمی ئاسایشییە لە ناخیدایە چی گرفت و هەوڵێکی کەم تا زۆر توندوتیژ بۆ رووخاندنی، لە لای هیچ نییە جگە دەرفەتێک بۆ حوکمداریی کاریگەریەکانی بە سوودی بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆی. ئەمە ئەو شتەیە کە ئەو دیالێکتیکە نیشاندەدات کە توند تیرۆریسم و وەڵام دەوڵەتی لە مارپێچ یان رێوێڵکەیەکی گڵاو و لەخۆیدا بێکۆتادا پێکدەگەیەنێ. نەریتی سیاسیی مۆدێرنێتی لە شێوەی شۆڕشێکی کەم یان زۆر توندوتیژدا، دەسەڵاتێک کە وەک دەسەڵاتی دامەزرێنەری constituant]] نەزمێکی کۆمەڵایەتی دامەزراو[ constitué] هەڵسوکوت دەکات، بیری لە گۆڕانە سیاسیە رادیکاڵەکان کردۆتەوە. لام وایە دەبێ واز لەم پارادایمە بهێنرێت و بیر لە شتێکی وەک توانێکی رەبەق لەکارخەر[destituante- هێزێک کە لە دەرەوەی دەزاگی دەوڵەتەوەدەوستێ و مەبەستی ئەوە نییە شوێنی ئەو پڕبکاتەوە بۆ درووستکردنی گۆڕان، بە جۆرێک دژ و بەرامبەر چەمکەکی پێشووە کە جۆرێکە لە دەسەڵات کە لە دواییدا دادەمەزرێنێت ئەم هێزە تەنیا لە کار دەخات]، بکەینەوە، هێزێک کە بە دەزگا یان دیسپۆزیتیڤی ئاسایشی یان مارپێچی بێبن و گڵاوی توندوتیژی ناگیرێت.
تا کاتی مۆدێرنێتی، نەریتی سیاسی روژئاوا لە سەر دیالێکتیکی نێوان دوو دەسەڵاتی ناهاوچەشن، کە یەکتریان سنوودار دەکرد، رۆنرابوو: دوانەیی نێوان ئۆکتۆریتاس ی سێنا[ دەسەڵاتەکانی ئیمپراتۆر] و و پۆتێستاس ی کۆنسوول لە رۆم [ دەسەڵاتەکانی ماژیسترا یان مەجلیسەکانی یاسا کە لە لایەن مەجلیسی یاسادانانەوە دادەنران]؛ دیالێکتیکی نێوان دەسەڵاتی مەعنەوی و دەسەڵاتی دنیایی لە سەدەکانی نێوەڕاست؛ دیالێکتیکی نێوان مافی سرووشتی و مافی دانراو تاکوو سەدەی هەژدەهەم. دیمۆکراسیە مۆدێرنەکان و دەوڵەتە تۆتالیتێرەکانی سەدەی بیستەم بە پێچەوانەوە خۆیان لەسەر بنەمایەکی یەکەی دەسەڵاتی سیاسی رۆدەنێن، کە بەمجۆرە بێسنوور دەبێتەوە. ئەوەی لایەنی هەیوولایی تواناکانی دەوڵەتە مۆدێرنەکان پپێکدێنی ئەمەیە کە ئەمان بە تەواوی یاسایین. بۆ بیرکردنەوە لە توانایەکی وەلاخەر دەبێ توخمێک وێنا بکرێت، توخمێک کە هاوکاتی ناهاوچەشنیی رەبەق لەگەڵ سیستمی سیاسی، بڕست ئەوەشی هەبێت بڕیارەکانی لابخات و هەڵیان بواسێ.
په یوه ندی