- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
مارتین هایدیگه‌ر (1976ـ 1889) بەشی یەکەم
(بەشی یەکەم)
وەرگێران: سەعیدکاکی
هایدیگه‌ر فه‌یله‌سووفێکی پلهیهکەمه و شان له شانی فه‌یله‌سووفانی وه‌ک ئه‌ره‌ستۆ و ئه‌فلاتوون ده‌دا. بیرکردنه‌وه فه‌لسه‌فییه‌کانی هایدیگه‌ر قووڵن. هایدیگه‌ر ئه‌ره‌ستۆی سه‌رده‌می نوێیه. هه‌وڵی داوه باس له بوون بکات که بۆ ماوه‌یه‌ک له بیر کرابوو، بۆیه ده‌یه‌ویست سەر لە نوێ زیندووی بکاته‌وه. به‌ڵام شێوه‌ی کاری هایدیگه‌ر بۆ پرس له سه ر بوون و چۆنێتی تێگه‌یشتنی له‌م پرسیاره جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ بۆچوونه‌کانی ئه‌ره‌ستۆ ھەیە.
1ـ قۆناغه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ر
له‌و به‌رهه‌مانەی کە ئاوڕیان لە هایدیگه‌ر داوەتەوە، ھەندێ جار باس له دوو هایدیگه‌ر ده‌کرێت. ته‌نانه‌ت ڕیچاردسۆن باسی له هایدیگه‌ری سێیه‌میش کردووه. له بۆچوونه‌کانی ڕیچاردسۆندا، باس له هایدیگه‌ری یه‌که‌م، هایدیگه‌ری ڕ‌اگوێزراو و هایدیگه‌ری کۆتایش ده‌کرێت. ئه‌م دابه‌ش کردنه له وانه‌وتنه‌وه‌دا به که‌ڵکه و هایدیگه‌ر له نامه‌یه‌ک بۆ ڕیچاردسۆن ڕه‌خنه‌ی له‌م دابه‌ش بوونه گرتووه. هایدیگه‌ر لەگەڵ ئه‌وەی كه ئه‌م دابه‌ش کردنه سێ لایهنييهی په‌سه‌ند نه‌کردووه و لای وایه، پرس و بۆچوونه‌کان یه‌کێکه، به‌ڵام شێوازی چوونه‌ناو باس و هاتنه ده‌ر له پرسیاره‌کان جیاوازن.
که‌واته هایدیگه‌ر له ڤێتگنشتاین بەم شێوەیە جیا دەبێتەوە، که له بیرکردنه‌وه‌ی دووهه‌میدا، بنه‌مای بیرکردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌می سڕيوه ته‌وه، ئه‌مه له حاڵێکدایه هایدیگه‌ر بۆچوونه‌کانی له لایه‌نی بنه‌ما، پرسیار و ته‌نانه‌ت میتۆدیش یه‌کێکه. له بیرکردنه‌وه‌کانی هایدیگه‌ردا، جارێک ئاماده بوون وه‌ک به‌ردی بناغه چاوی لێده‌کرێت و له‌ڕێگه‌ی ئاماده‌يي له بوون تێده‌گه‌یین و جارێکی دیکه، له‌سه‌ر بناغه‌ی بوون له ئاماده بوون تێده‌گه‌ین. هەربۆیەهایدیگهرلەم دابه‌ش كارييەی كه کردوویەتی، کاریگه‌ری هوسرڵی پێوەدیاره. به‌م پێیه له بیروبۆچوونه سه‌ره‌تاییه‌کانی هایدیگه‌ردا، میتۆدی دیارده‌ناسی بنه‌مایه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، له بۆچوونه‌کانی دواتری هایدیگه‌ر به‌م شیوەیه نییه، گه‌رچی ئه‌م دابه‌ش بوونه ڕاست نییه، چونکو هایدیگه‌ر تا دوایه‌ن ساته‌کانی ته‌مه‌نی، له میتۆدی دیارده‌ناسی که‌ڵکی وه‌رگرت، گه‌رچی بۆچوونی هایدیگهرله دیارده‌ناسیدا، له بۆچوونه‌کانی هوسرڵ و که‌سانێکی دیکه، که ئه‌م ڕێچکه‌یان گرتوەته بهرجیاوازه و ئه‌م جیاوازیه‌ش له کتێبی «بوون و کات» بایه‌خی پێدراوه. زۆر ئاساییه كه له پێشکه‌وتنی بیرکردنه‌وه‌ی هه‌ر فه‌یله‌سووفێک به‌رده‌وام پرسیاری به‌ڕێکه‌وت سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و بیرکردنه‌وه ڕ اناوهستێ. به بۆچوونی هایدیگه‌ر، فه‌لسه‌فه له بنه‌ڕه‌ته وه دارشتنی پرسیاره و جاروبار فۆڕمێک له پرسیار بار ده‌گۆڕێته سه‌ر فۆڕمێکی دیکه، هه‌ر بۆیه چالاکه، واتە پرسیار هیچ نییه، جگه له پرۆسه‌ی بیرکردنه‌وه. پرس له بوون، پرسێکی یه‌که‌یه و فۆڕمی جیاواز ده‌گرێته‌وە و ئه‌مه‌ش له بۆچوونه‌کانی هایدیگه‌ردا باسی لێدەکەین. بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگهرزیندوو و چالاکه. فه‌لسه‌فه لای هایدیگه‌ر پرسیاره و پرسیار له ڕاستیدا چاودێری و پیرۆز ڕاگرتنی بیرکردنه‌وه‌یه و ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یە، بیرکردنه‌وه پێویسته مۆرکی ڕه‌سه‌نایه‌تی پێوه‌دیاربێ. هایدیگهرسهرهڕای ئه‌وه‌یکه کتێبی زۆری بڵاوکردوەتەوه، به‌ڵام تا دوایه‌ن ساته‌کانی ته‌مه‌نی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد، هێشتا نه‌یتوانیوه ئه‌وه‌ی ده‌یه‌ویست ده‌ریببڕێت. هایدیگه‌ر[1] کتێبی «بوون و کات» ی نیوه وناته‌واو به‌جێ هێشت. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌یکه، زۆرکه‌س باس له هایدیگه‌ری یه‌که‌م و دووه‌م بکه‌ن. ئه‌و له دوای ڕێوشوێنی مێتافیزیک،كه له مێژووی خۆرئاوادا باوبووه نهکەوتووە. هایدیگهرمێتافیزیکی خۆرئاوایی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی نیهیلیزم چاو لێده‌کرد. سه‌ره‌رای ئه‌مه، وای بۆ ده‌چوو، داڕشتنی پرسیارله سەر بوون، لای زانا سه‌ره‌تاییه‌کان، ژیرانه بووه و سه‌رهه‌ڵدانی مێتافیزیک، ده‌مامکێک بووه بۆ، پلان داڕشتن و تێگه یشتن له‌سەر ڕاستی بوون. ئه‌و دیه‌وێت له ڕێگه‌ی پلان دانان و تێگه‌یشتن به‌م پرسیاره بگات. هایدیگه‌ر وای بۆدهچوونزیکترین کڵاوڕۆژنه بۆ توێژینه‌وه‌ی پرسیارلهسهربوون، باس له بوونی مرۆڤه، ئه‌و له‌م ڕێگه‌یه‌وه دهێته ناو باسه‌که و شیکردنهوهگهلێکی سه‌رنجڕاکێش له‌سه‌ر بوونی مرۆڤ ده‌خاته ڕوو، هایدیگه‌ر له کتێبی بون وکات ده‌یه‌وێ، بوون و کات یه‌ک بخاته‌وه. یانی جاریک بوون له‌سه‌ر بنه‌مای کات و جارێکی دیکه، له‌ڕێگه‌ی کاته‌وه له بوون تێبگات. بڕگه‌ی یه‌که‌می کتیبه‌که تێگه‌یشتن لهکاتە،بەڵام له‌سه‌ر بنه‌مای بوون. هایدیگه‌ر لای وابوو توانای ته‌واوی بۆ تێگه‌یشتن له بوون له سه‌ر بنه‌مای کات نییه. هەربۆیە پێویسته زمانێکی نوێ بۆ فه‌لسه‌فه گه‌ڵاڵه بکه‌ین. هایدیگهربۆ ده‌ربڕین و باس له بڕگه‌ی دووه‌م، هه‌ستی به‌که‌م وکۆڕی کردووە، بیرکردنه‌وه‌ی دووه‌می هایدیگه‌ر،دانانی توانایه‌کی لەم چەشنە یە، بۆ تێگه‌یشتنی پرسیاره‌که. بۆیه هایدیگه‌ری دووه‌م جیاواز له هایدیگه‌ری یه‌که‌م نییه. هایدیگه‌ر بۆ دانانی توانه‌یه‌کی لەم شێوەیە،له زمان، شێعر و هونه‌ر که‌ڵکی وه‌رگرتووە، بەمەبەستی ئەوەی كه بیرکردنه‌وه‌ی ئانتۆلۆژیکی خۆی دابمه‌زرێنێت.
* * *
2ـ سه‌رچاوه‌ی بیرکردنه‌وه‌کانی هایدیگه‌ر
هایدیگه‌ر له یه‌ک مانادا بایه‌خی ته‌واوی به مێژووی فه‌لسه‌فه داوە. ئه‌و تەنانەت له سه‌رده‌مێکدا بایه‌خی به ژاپۆنییه‌کان داوە و چه‌ن قوتابیه‌کی ژاپۆنیشی هه بووه. ئه‌وان به‌باشی له‌وته‌کانی هایدیگه‌ر تێده‌گه‌ن، چونکو ئه‌و قوتابیانه‌ی که له نه‌ریتی خۆرئاوادا دەژین، خوویان به‌م نه‌ریته گرتووه و له ئه‌نجامدا، به پێویستیان زانیوو هه‌وڵێکی زیاتر بده‌ن بۆ ئەوەی كه تۆخمه‌کانی بیرکردنههی خۆیان تێک بشکێنن و له وته‌کانی هایدیگه‌ر تێبگه‌ن. بۆ نموونه تێگه‌یشتن له ڕسته‌ی «هیچ ده‌بێ به هیچ»[2]بۆ قوتابیه‌کی خۆرئاوایی سه‌خته. به‌ڵام قوتابیه‌کی بوودایی به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له چه‌مکی نیروانا تێده‌گات، باشتر ده‌توانێ له مه‌به‌سته‌کانی هایدیگه‌ر تێبگات. نیروانا بوونێکه له‌به‌ر ڕۆشنایی بووندا ده‌رده‌که‌وێت. هایدیگه‌ر ته‌نانه‌ت بایه‌خی به فێرگه‌ی( زێن) داوه و له وه‌رگێڕانی کتێبی (تائۆ) بۆ سه‌ر زمانی ئاڵمانی مشوریان لێ خواستووه. له ده‌قه‌کانی هایدیگه‌ردا بەکارھێنانی عێرفانی مه‌سێحی به‌رچاو ده‌که‌وێت. ئه‌و له وشه مه‌سێحیه‌کان که‌ڵکی ئه‌وتۆی وه‌رگرتووه، هایدیگه‌ر «یزۆئیته» و ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تادا و له قۆناغی به کالیرێوسدا لاهووتی خوێندووە. هایدیگه‌ر بایه‌خی به فه‌یله‌سووفانی پێش سوقڕات داوه و هه‌روه‌ها سه‌رده‌می سوقڕات و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و له که‌شی بیرکردنه‌وه‌کانیان به ته‌واویی تێگه یشتووه. دێلتای، هوسرڵ، شیله‌ر، کییهرکهگۆڕ و نیچه کاریگه‌ریان له‌سه‌ر هایدیگه‌ر بووە. له ڕاستیدا بیروبۆچوونه‌کانی نیچه، کاریگه‌ری تایبه‌تیان له‌سه‌ر هایدیگهرداناوه و تێگه‌یشتن له ناوه‌ڕۆکی بیروبۆچوونه‌کانی نیچه، له لایه‌ن هایدیگه‌ره‌وه به چڕوپڕی ده‌رکه‌وتووه.هایدیگهرتهفسیری لهسهرنیچه ھەیە و سه‌رنجی زۆر که‌سی بۆلای خۆی ڕاکێشاوه، هه‌روه‌ها هێگل کاریگه‌ری له‌سه‌ر هایدیگه‌ر داناوه، گه‌رچی ته‌فسیرێکی جیاوازی له هێگل کردووە، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌و هه‌ڵوێست دا چه‌مکه‌کانی هێگل کاریگه‌رییان لهسهرهایدیگهرداناوه. هایدیگه‌ر بایه‌خیشی به هزری کانت داوه. له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی هایدیگه‌ردا پێویسته بڵێین، وتاره‌کانی قۆناغی دووه‌می هایدیگهرسۆقڕاتین. ئه‌م وتارانه به پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی به‌رهه‌مه سه‌ره‌تاییه‌کانی هایدیگه‌ر کورتن و ئه‌نجامێکی چڕ‌وپڕ به خوێنهرنادات به‌ڵکو ته‌نیا پلان بۆ پرسیاره‌کان داده‌ڕێژێت. هایدیگه‌ر زمانێکی ساده‌ی هه‌یه، به‌ڵام ناوه‌ڕۆکی به‌رهه‌مه‌کانی قورس و تاقه‌ت پڕوکێنن.
* * *
3ـ بۆچوونی هایدیگه‌ر له‌سه‌ر دیارده‌ناسی
به گشتی له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه هاوده‌نگن که‌وا پرسی هایدیگه‌ر پرس له‌سه‌ر بوونه وئەمەش ڕێگه‌یه‌که بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی مرۆڤي هاوچه‌رخی خۆرئاوا. ئه‌و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسیاره، پرس له بوون ده‌وروژێنێ. هایدیگه‌ر ساڵی 1974 وتارێک بە ناویی «ڕێگه‌ی من له بیرکردنه‌وه ودیاردهناسیدا« بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌م وتاره له «توێژینه‌وه و لێکدانه‌وه‌کانی فه‌لسه‌فه‌دا» بڵاوده‌بێته‌وه و پاشان له زنجیره‌ی به‌رهه‌مه‌کانی هایدیگه‌ردا کۆ ده‌کرێنه‌وه. هایدیگه‌ر له‌م وتاره‌دا باسی له ژیانی خۆی کردووە و سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، ئاماژه به‌خاڵێک ده‌کات، کەوا ئه‌و له قۆناغی ناوه‌ندیدا، کتێبێ له‌سه‌ر«بنه‌ماکانی بوون» ی ئه‌ره‌ستۆ ده‌خوێنێته‌وه ولهزهینیدا ده‌مێنێته‌وه. کاتێ ده‌بێ به خوێندکاری لاهووت، له‌وێدا له‌گه‌ڵ یه‌کێ له مامۆستاکان ده‌بێ به هاوڕێ وسه‌ره‌ڕای خوێندنی لاهووت، فهلسهفهیشی ده‌خوێند و پێش ئه‌وه‌ی بچیته زانکۆ، به‌رهه‌مێکی ئه‌و مامۆستایه‌ی خوێندبوو. مامۆستاکه‌ی هایدیگه‌ری هاندا بۆئەوەی كه فەلسەفەی شیلینگ بخوێنێته‌وه،وکاریگه‌ری ئه‌م دوو فه‌یله‌سووفه له‌سه‌ر لاهووتی مه‌سێحی و کاتۆلیکی بۆ باس بکات و پاشان هایدیگه‌ر، هۆگری ئه‌م بابه‌ته ده‌بێت. له‌م کاته‌دا کتێبی «توێژنه‌وه مهنتێقیهکانی» هوسرڵ بڵاوده‌بێته‌وه. هایدیگه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م کتێبه زۆر به وردی بیرده‌کاته‌وه، بۆیه پرسیارێک له‌و کتێبه‌دا ئاراسته ده‌بێ و له‌ڕاستیدا «برێنتانۆ» باسی کردووه و هوسرڵ به باشترین شێوه په‌ره‌ی پێداوه. هوسرڵ سه‌رنجی هایدیگهربۆ لای خۆی ڕاده‌کێشێ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه هایدیگه‌ر له وانه وتنهکانیدا به‌شداربێت. هایدیگه‌ر له وتاره پسپۆڕانهکهی خۆی بە ناوی «وته‌زاکان و پرسی مانا له بیرکردنه‌وه‌ی دائزئێسکۆتس» ستایشی هوسرڵ ده‌کات و ده‌بێته مامۆستای یاریدهروهاوڕێی هوسرڵ و پاشان هانیده‌دا، کاره ناته‌واوه‌که‌ی لەسەر وتاری شه‌شه‌می توێژینه‌وه مهنتێقییهکان، یان وانه‌کانی «دیارده‌ناسی کات ئاگامه‌ندی ده‌روونی» ته‌واو بکات. هایدیگه‌ر دیارده‌ناسی وه‌ک ئاسۆیه‌ک چاو لێکردووە که، پێداویستی ئه‌وتۆ بۆ بیرکردنه‌وه مسۆگه‌رده‌کات. ئه‌و وای بۆ ده‌چوو، هوسرڵ جێ پێی دیارده‌ناسی له ئه‌ره‌ستۆدا ڕه‌چاو کردووه و ئه‌مه‌ش بۆ هایدیگه‌ر بابه‌تێکی سه‌رنجڕاکێشه. هایدیگه‌ر، دیارده‌ناسی وه‌ک میتۆد چاو لێده‌کات و له‌م میتۆده‌دا، لایه‌نی هێرمێنۆتیکی ده‌رده‌که‌وێت وده‌بێ به بیروڕا. گه‌ر میتۆد له لایه‌نی تیۆری زانینه‌وه به‌کار بێنین، له ناو بازنه‌ی میتۆددا ده‌مێننه‌وه و له‌و کاته‌دا میتۆدۆلۆژی سه‌رهه‌ڵده‌دا، هوسرڵ کارێکی لەم شێوەیەدهکات. گه‌ر میتۆد له ئاسۆی بووندا به‌کار بێنین، تووشی میتۆدۆلۆژی نابینه‌وه، چونکو میتۆدۆلۆژی لایه‌نێکی مه‌نتیقی، تیۆری زانین و زانینی هه‌یه. به‌ڵام کاتێ دیارده‌ناسی له پانتای بووندا به‌کار بێنین به‌ره‌و ئانتۆلۆژی هه‌نگاو ده‌نێین. که‌واته دیارده‌ناسی مانایه‌کی تیۆری زانییانه به خۆوه ناگرێت و له ئه‌نجامدا دیارده‌ناسی به‌ره‌و لایه‌نێکی هێرمێنۆتیکی ڕاده‌کێشێ. له ئهنتۆلۆژیدا،شێوه‌ی به‌کارهێنانی میتۆد و ئه‌ویکه چ ئه‌نجامێکی به دواوه‌یه له‌به‌ر ده‌سي ئێمه‌دا نییه. به‌ڵام لهدیاردهناسیدا میتۆد له‌به‌رده‌س ئێمه‌دایه و به سهریدازاڵین. چونکو چاودێرێکی بێ لایه‌نین. بەڵام له ئهنتۆلۆژیدا چاودێرێکی بێ لایه‌ن نین، به‌ڵام خۆمان به‌شێک لهڕووداوهکهین، پاشان لایه‌نی هێرمێنۆتیکی دیارده‌ناسی سه‌رهه‌ڵده‌دا، به‌ڵام هوسرڵ ئه‌م لایه‌نه‌ی پێ باش نییه. هایدیگه‌ر هیچ ترسێکی نییه له‌وه‌یکه، وشه‌ی میتۆد به کار بێنێ. ھایدیگەر له سه‌ره‌تای کتێبی «پرسه سه‌ره‌کییه‌کانی دیارده‌ناسیدا» له وشه‌ی میتۆد که‌ڵک وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئاماژه به جیاوازی هه‌ڵوێستی خۆی له هوسرڵ ده‌کات و له سه‌ره‌تای کتێبی «بوون و کات» تیشک ده‌خاته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه. له ڕاستیدا، هوسرڵ میتۆدی له لایه‌نی زاتهکانهوه به‌کارده‌هێنا و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، هایدیگه‌ر بۆ لایه‌نی بوون که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرت.
میتۆد له لایه‌نی تیۆری زانیندا بەرەو میتۆدۆلۆژی باردهگۆڕێت. به‌ڵام له به‌شی بووندا به‌ره‌و هێرمێنۆتیک پهلدهکهێشی. میتۆدۆلۆژی پێویستی به،چاودێرێکی بی لایه‌نه، ڕاست وه‌ک که‌سێ كه لهتاقیگایهک دا ئیش ده‌کات ئەمە (جۆرێک لەماتێریالیزمی میتۆدێکه). بۆیه شیاو نییه باس له میتۆدۆلۆژی ئه‌فلاتوون و ئه‌ره‌ستو بکه‌ین. چونکو ئه‌وان له لایه‌نێکی دیکەی بوونەوه ئیش ده‌که‌ن وله بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌واندا، ئه‌نتۆلۆژی له پێش هه‌موو بابه‌تێک دایه، له بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ریش دا، ئه‌نتۆلۆژی بنه‌مایه. که‌واته دیارده‌ناسی له بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ردا لایه‌نی هێرمێنۆتیکی ئاوەڵادهکاتهوه ودهیناسێنێ. له دیارده‌ناسی هوسرڵدا، ڕوبه‌ڕوی دوو وشه‌ی «ئیپۆخه » و«ڕێداکسیۆن» ده‌بینه‌وه. هایدیگه‌ر Destruction و construction ده‌خاته سه‌ریه‌ک و به تێکه‌ڵ بوونی ئه‌و جووته، Deconstruction سازده‌کات، گه‌رچی درێدا وشه‌ی Deconstruction لههایدیگهر وه‌رده‌گرێت و له ژێر کاریگه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ردا،درێژەبەگەشتە فه‌لسه‌فییه‌که‌ی خۆی دەدات.
له کاتی بهروڕوبوونهوه له‌گه‌ڵ شتێک يان «گه‌ڕاننه‌وه بۆ شته‌کان» سێ قۆناغی وەک : «ئیپۆخه »و«ڕێداکسیۆن» و«دێکانستراکسیۆن » به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ئه‌نجام ده‌درێن. ئه‌م قۆناغانه له کاتی ناسینی شته‌کان وهه‌روه‌ها له کاتی ناسینی تەواوی مێژووی بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ ئامادەن، پرسیاری هایدیگه‌ر، ناسینی شتهدهرهکییهکان نییه، به‌ڵکو تاڕاده‌یه‌ک پرسیاره‌که‌ی ئه‌وله چوارچێوه‌ی سه‌رچاوه‌ی بیرکردنه‌وه‌کانیدا ده‌گونجێن. پرسیار لهسەربوون،له قۆناغی ناوه‌ندیدا، له خولیاکانی هایدیگهربووه، به تێپه‌ڕینی کات،ئه‌م پرسیارانه ئاڵووگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووه. که‌واته پاش گه‌شه‌سه‌ندنی بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ر و له‌کۆتایی ته‌مه‌نیدا، دهرکهوتووە پرس له بوون له ڕاستیدا، ڕێگه‌چاره‌یه‌که،هایدیگه‌ر بۆ خولیا لهمێژینەکانی خۆی گه‌ڵاڵه‌ی کردوون. گه‌رچی له چاره‌سه‌رکردنیدا ده‌مێنێته‌وه. ئه‌وپێی وابوو، تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌م پرسه چاره‌سه‌رنه‌بێ، پرسی سه‌ره‌کی کە هه‌مان قه‌یرانی مرۆڤی هاوچه‌رخی خۆرئاوایە، چاره‌سه‌ر نابێت.پێش تر نیچه ئه‌م پرسیاره‌ی درکاندبوو. هایدیگه‌ر، هه‌وڵ وته‌قه‌لای بۆ ئه‌وه بوو، ئەم قەیرانە چاره‌سه‌ربکات. به بۆچوونی هایدیگه‌ر تاکه چاره‌سه‌ری گونجاو، گه‌ڕاننه‌وه بۆ پانتای بوونه،چونکوڕیشهی ئه‌م قه‌یرانه، چاوپۆشی ولهبیرکردنی نه‌ریتی بیرکردنه‌وه‌ی خۆرئاوایە، کە له ئه‌فلاتوون بە دواوه، لهسهرولێژی فەرامۆشی بووندا ڕاوه‌ستاوه و له ئه‌نجامدا تووشی نیهيلیزم بووه‌ته‌وه ونیچه بۆیه‌که‌م جار که‌شفی کردبوو. نیچه چاره‌سه‌رکردنی له گه‌ڕاننه‌وه بەرەو بیرکردنه‌وه‌ی دایۆنێسیزی له به‌رانبه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ئاپۆلۆنیدا ده‌زانێ. به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی نیچه مێتافیزیکییه، هایدیگهرنیچه وه‌ک، دوایه‌ن زانای مێتافیزیک چاویی لێکردووه. بیرکردنه‌وه له‌سه‌ر بوون، له نه‌ریتی خۆرئاوادا، تووشی قه‌یران هاتبوو. که‌واته هایدیگه‌ر له‌وه ده‌گه‌ڕا مانایه‌ک له‌سه‌ر بوون بێنێته ناو ئه‌م قه‌یرانه وچاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێتەوە. بۆیه هایدیگه‌ر ڕای وابوو، بۆ تێگه‌یشتن له مانای بوون پێویسته، زمانێکی نوێ دابڕ‌ێژین و خۆمان له زمانی مێتافیزیکی ده‌ربازبکه‌ین. ئه‌م زمانه نوێیه، تێکه‌ڵاوێکه له بیرکردنه‌و وشه‌ناسی تایبه‌ت، بۆ ئەوەی ئێمه به پانتای بوونه‌وه گرێبدات. پلانی هایدیگه‌ر لهسهرداڕشتنی زمان وبیرکردنه‌وه‌ی نوێ قۆزاخەی به‌ستووه وئه‌مه‌ش له‌و بیره مێتافیزیکییه نهریتیهیه جیاوازه.
* * *
4ـ پرسی هایدیگه‌ر : قه‌یرانی مرۆڤی هاوچه‌رخی خۆرئاوایی
لە سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، ئاڵمانییه‌کان تووشی قه‌یران بوون[3]. به بۆچوونی هایدیگه‌ر و به پێی وشهناسییهکانی ئه‌و، قه‌یران دوو لایه‌نی هه‌یه : 1ـ بێ زێدی یان ئاواره بوون Homelss 2ـ نیهیلیزم.
به بۆچوونی نیچه، ڕه‌گ وڕیشه‌ی ئه‌م قه‌یرانه، له نیهیلزمی ئه‌خلاقی و ئهرزشیدایه، بەڵام لای هایدیگه‌ر پرسه‌که قووڵتره. له ڕوانگه‌ی هایدیگه‌ردا، گه‌ر نیهیلزم به‌های هه‌بێت، بناوانه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له بیرکردنی بوون.
له ڕاستیدا قه‌یرانه‌که له ڕێگه‌ی نیهیلزمی بوونه‌وه ده‌ستیپێکردووە و نیهیلزمی ئه‌خلاقی و ئه‌رزشی و مه‌عریفی له‌سه‌ر نیهیلزمی بوون بناغه‌یان داڕشتووه. بوون بنه‌مای سه‌رجه‌م شته‌کانه، به‌ڵام ئێمه به باشی بوون ناناسین و ته‌نانه‌ت نامانه‌وێت بیشی ناسین. له ئه‌نجامدا، له بیرکردنی بوون سه‌رهه‌ڵده‌دا و ئاکامی مێژوویی ئه‌م له بیرکردنه، مۆدێڕنیته‌یه. بۆچوونی نیچه و هایدیگه‌ر ئەوه بوو، مۆدێڕنیته تووشی بێ بنه‌مایی بووه‌ته‌وه وپله وپێگه‌ی سه‌ره‌کی خۆی له کیس داوه. بۆیه به‌رهه‌مه‌کانی مۆدێڕنيته بۆ تێک وپێک دانی مرۆڤ وجیهان هه‌وڵ و تهقهلادهدهن.[4] به‌رهه‌می کۆتایی مۆدێڕنه ته‌کنۆلۆژییه و له ڕاستیدا، به‌رهه‌می بۆچوونه تیۆرییه‌کان له ئاستی ساسیشدایه. هایدیگهرلهڕێگهی بایه‌خدان به ته‌کنۆلۆژییه‌وه وای بۆ چووە، له ئاسۆی مۆدێڕنيتهوه،داهاتووڕهشه و چاره‌نووسی مرۆڤ نادیاره. (بۆیه لای وابوو پێویستە خودایه‌ک ڕزگارمان بکات). به‌ڵام پۆپێر به خۆش بینیه‌وه ده‌ڵێ : هیچ کاتێ، مرۆڤ، ھێنده‌ی سه‌رده‌می مۆدێڕنيته بهختهوهرنهبووه. له‌ڕاستیدا سه‌رده‌می زێڕینی مرۆڤ، مۆدێڕنيته و پاش مۆدێڕنيتهیه. به‌ڵام به بۆچوونی هایدیگه‌ر،له پشت بیرکردنه‌وه‌ی ته‌کنیکیدا، بیرکردنه‌وه‌یه‌ک خۆی شاردۆته‌وه، که ئێگزێستانسیالی مرۆڤ نییه وله نێوان مرۆڤ و جیهاندا که‌لێن ومهودایهک ھەیە و له‌ئه‌نجامدا، قه‌یرانه‌که توندترده‌بێت و مرۆڤ بێ خانەولانه ده‌بێت و «ئاواره«یی و نیهیلزم په‌ره‌ده‌سێنێ. چونکو له‌م هه‌لوومه‌رجه‌دا، ئیدی مرۆڤ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی تێگه‌یشتن له بوون هه‌وڵ وتەقەلا نادات، بهڵکولهباتی مرۆڤ، ته‌کنیک ئه‌م ئیشه له ئه‌ستۆده‌گرێت. هایدیگهرگرفتێکی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ ڕواڵه‌تی ته‌کنۆلۆژیدا نییه، به‌ڵکو کێشه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره بیرکردنه‌وانه‌یه، خۆیان له پشت ته‌کنۆلۆژییه‌وه شاردوه‌ته‌وه، پرسیاری هایدیگه‌ر ئه‌مه‌یه : ئایا پێويسته له جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ته‌کنیکی، بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ئێگزێستانس جێگیر بکه‌ین وکرداری ته‌کنیک له ڕێگه‌ی مرۆڤه‌وه له‌غاو بکه‌ین وله نێوان مرۆڤ وجیهاندا پێوه‌ندیه‌ک ساز بکه‌ین، به‌شێوه‌یه‌ک مرۆڤ «رۆح له ماشین»دا نه‌بێت و ته‌کنیک به‌سه‌ریدا زاڵ نه‌بێت. که‌واته هایدیگه‌ر دژایه‌تی ته‌کنۆلۆژی ناکات، به‌ڵکو دژایه‌تی ئەو بیرکردنهوانە دەکات، کە لەپشت ته‌کنیک خۆی حەشارداوه. که‌واته ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌م قه‌یرانه بێ زێدیی مرۆڤه. تاک و ته‌ریک بوونی و بێ زێدی مرۆڤ، بووه‌ته هۆی دابڕانی نێوان مرۆڤ و جیهان، واته جیهان، شێوه‌یه‌کی مێکانیکی لە پێش گرتووه. هایدیگه‌ر وته‌یه‌ک له هۆمێر دێنێتهوەودەڵێ : «داماوترین مرۆڤ، ئه‌و که‌سه‌یه شوێنێکی له‌م جیهانهدانهبێ[5]».
به‌بۆچوونی هایدیگه‌ر، مرۆڤ له سه‌رده‌می مۆدێڕنيتهدا تووشی ئه‌م داماویی و ماڵ وێرانییه بووه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوون و مه‌سێحیه‌ت و.... مرۆڤ پله و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تی هه‌یه. به‌ڵام له مۆدێڕنيتەدا مرۆڤ بەرەو سووژه باری گۆڕاوه و سه‌رپاکی جیهانیی کردووە به سووژه‌ی خۆی و ئه‌نجامی ئه‌م کاره‌ش ئه‌وه‌یه، شوێنێکی سوبژێکتیڤی دامه‌زراندووه. ئه‌م بنکه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كەزنجیره پله‌ی بوونی سڕیوه‌ته‌وه، چ بنه‌مایه‌کی هه‌یه؟ شوێنی سوژه له‌ڕاستیدا له سهرسهکۆیەکی خه‌یاڵی و بێ بنه‌ما ڕاوه‌ستاوه. سوژه ده‌یه‌وێ گشت ئەم جیهانە بکا به بابه‌تی خۆی و ته‌نانه‌ت جیهانيش بسه‌لمێنێ. پێش دێکارت فه‌یله‌سووفه‌کان، باسیان له سه‌لماندنی جیهان نه‌ده‌کرد. به‌ڵام له سه‌رده‌می دێکارت ومۆدێرنيتهدا جیهان، له ڕێگه‌ی به‌ڵگه‌وه که‌شف ده‌بێت و پێویسته بۆ بوونی به‌ڵگه بێنێته‌وه. چونکو جیهان شتێکه جیاواز له من. به‌ڵام گه‌ر من له جیهاندا بم بە «بۆچوونی یۆنانیه‌کان»یان ئه‌وه‌یکه، جیهان له مندا بێ وەک «عارفه‌کان»، ئیدی پێویستی به سه‌لماندن نییە، چونکو له ناخی مرۆڤدایه و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژیی. لایه‌نی بێ لانه‌یی مرۆڤ ئه‌وه‌یه، شوێنی خۆی له جیهاندا له کیس داوه و لێرەدا وته‌که‌ی هومێر سه‌ریگرتووه. لایه‌نی نیهیلزمیش ئه‌ویه، له باتی ئه‌وه‌یکه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌ی بوون، خۆی سه‌رقاڵی هه‌بووه‌کانی دیکه کردووه وئه‌م نیهیلزمه ئهنتۆلۆژییانهیه. هایدیگه‌ر وای بۆ ده‌چێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م قه‌یرانه پێویستە، بگه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌کانی بوون. که‌واته پرسیار کردن له بوون ڕێگه‌چاره‌یه‌که، هایدیگه‌ر پەسەندی کردووە. نه‌ک ئه‌وه‌یکه شێوه‌ی سه‌ره‌تایی پرسیارهکهبێ. گه‌رچی هایدیگه‌ر دوا ساته‌کانی ته‌مه‌نی خۆی به‌م پرسه‌وه سه‌رقاڵ کرد. ڕێگه‌چاره‌ی هایدیگه‌ر گه‌ڕاننه‌وه بۆ سەر بوونە، سه‌ره‌ڕای بایه‌خدان به بیرکردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌م، بەڵام دوو قۆناغی جیاوازن. له بیرکردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌مدا، هه‌وڵده‌دا لایه‌نی بێ زێدی ، مرۆڤ چاره‌سه‌ر بکات و له بیرکردنه‌وه‌ی قۆناغی دووه‌مدا، هه‌وڵده‌دا چارەسەرێک بۆ نیهیلزم بدۆزێتەوە[6].
5ـ ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌می قه‌یران : بێ زێدی
1ـ بێ زێدی، هایدیگه‌ر له نامیلکه‌ی «له ڕێگه‌ی زماندا» چوار وتاری هه‌یه، یه‌کێ له‌م وتارانه وتوووێژێکە له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی ژاپۆنی، هایدیگه‌ر پێداگری له‌وه کردووە که، زمان زێدی بوونه و نابێ تێکی بده‌ین، گه‌ر زمانی ئێمه، ببێ به زمانی ته‌کنیکی خۆرئاوا، ئه‌وسا نیهیلیزم سه‌رهه‌ڵده‌دا، کێشه ی هایدیگه‌ر بریتیه له، قه‌یرانی مرۆڤی هاوچەرخی خۆرئاوا. مرۆڤ بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوادا سووژهمهند بێ و له ئه‌نجامدا هه‌موو شتێک له ناخی خۆیدا «میتۆدێکی کانتیـ فیشته«ییه، یان له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا«میتۆدێکی دیکارتی» به بابه‌تی ده‌کات و له‌ڕاستیدا سووژه ده‌یه‌وێت،ڕاستهییهک به‌شته‌کان ببه‌خشێت. له بۆچوونی هایدیگه‌ردا، چاره‌نووسی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا به شێوه‌ی مێتافیزیکي ڕه‌هه‌ندێکی مێژوویی ده‌گرێته پێش و پێویستە به‌م شوێنه بگات. فه‌لسه‌فه به هێراکلیتۆس ده‌ستیپێکردووە وله سۆقڕاتدا خۆی دیاری کردووە. ئه‌فلاتوون خۆی له‌م نه‌ریته سوقڕاتییه داده‌بڕێت و له ڕێگه‌ی داڕشتنی جیهانی فوڕمەبهرزهکان، خۆی له بنه‌ماکانی جیهان جیا ده‌کاته‌وه وله ئه‌نجامدا بۆیه‌که‌م جار فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوا، هه‌نگاوێک له سەرچاوەی بوون دوورده‌که‌وێته‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له‌گه‌ڵیدا ژیاون ئه‌فلاتوون ده‌یگۆڕێ بۆدهمامکی نێوان مرۆڤ وسەرچاوەی بوون، که له جیهانی به‌رزدایه. که‌واته سەرچاوەی بوون، خۆی به‌ره‌و جیهانی به‌رز ده‌بات و هه‌موو که‌سێک ده‌ستی ناگاتێ، پێش ئه‌فلاتوون، له نێوان مرۆڤ و بووندا په‌رده‌یه‌ک نه‌بوو، بۆیه هێگل به هه‌ستپێکردن ناوی بردووە. چونکو هه‌ستپێکردن مانای ئه‌وه‌یه، من به چاوی خۆم تێکه‌ڵاوی بووم وتێدا ژیان به‌سه‌رده‌به‌م. ته‌نانه‌ت ئه‌مه به مێشكی که‌س ناگات جیهان شتێک بێ جگه له من. به‌ڵام له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتووندا، جیهانی فۆڕمه به‌رزه‌کانی وەک چاکه، عه‌قڵ باوه‌ڕی په‌تی و... له جیهانی بهرزهجێدان. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه ،جیهانێکه ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین، جیهانی سێبه‌ره، سێبه‌ر، ده‌مامکی نێوان ئێمه و سەرچاوەی بوونە. هه‌ندێ که‌سی تایبه‌ت ده‌توانن خۆیان له کۆت وبه‌نده‌کانی ئه‌شکه‌وت ڕزگاربکه‌ن و به جیهانی فۆڕمه به‌رزه‌کان یان به حه‌قیقه‌تێکی په‌تی و بوون بگه‌ن . که‌واته زۆربه‌ی خه‌ڵکی ده‌ستیان به‌م حه‌قیقه‌ته په‌تییه ناگات، چونکو شاراوه‌یه. جیهانی سێبه‌ره‌کان ته‌نیا ئه‌و شتانه به من ده‌دا که‌وا من ئه‌وانه به هه‌بوو له قهڵهمدهدهم، به‌ڵام له ڕاستیدا ههبوویش نین. که‌واته کۆپیه‌ک له بوونم به ده‌ست گەییشتووە. سێبه‌ر لای هایدیگه‌ر بوونی ڕه‌سه‌ن نییه و بوونێکی که‌متری تێدا ڕه‌نگده‌داته‌وه. که‌واته هه‌بووکان، جێگه‌ی بوون ده‌گرنه‌وه. له بیروبۆچوونه‌کانی ئه‌فلاتووندا، بیستن داده‌خرێت، بەڵام چاوه‌کان ده‌کرێنه‌وه. هایدیگه‌ر پێداگری له‌م خاڵه کردووە. له مێتافیزیکی خۆرئاوادا،بەرەبەرە ببستن، له بیرده‌کرێت. ئه‌مه له حاڵیکدایه، له بیرکردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتیدا، پێداگری له بیستن ده‌کرێت. سۆقڕات له ڕێگه‌ی بیستن، ده‌بێ به سۆقرات، به‌ڵام له لایه‌نی تیۆرییه‌وه، دیتن جێگه‌ی بیستن ده‌گرێته‌وه. مه‌به‌ستی هایدیگه‌ر ئه‌وه‌یه، بایه‌خدان به بیستن زیندوو بکاته‌وه. بۆیه هایدیگهرله به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م دواییانه‌دا، پیداگری له‌وە کردووە، پێویستە گوێ له ده‌نگی بوون بگرین.
که‌واته مێژووی چاوپۆشی له بوون، له ڕێگه‌ی جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌فلاتوونی جیهانی فۆڕمەبهرزەکان و جیهانی سێبه‌ره‌کان ده‌سپێده‌کات. له بۆچوونی ئه‌فلاتووندا، ئه‌م چاوپۆشییه ھێنده بهرچاونییه، به‌ڵام له هه‌نگاوی دواییدا، ئه‌ره‌ستۆ جیهانی به‌رز داده‌به‌زێنێته خوار و له‌گه‌ڵ ماده و فۆڕمدا ئاوێتەی یەکتریان ده‌کات و به‌شێوه‌یه‌کی کۆنکرێت دهریاندێنێت. دیاره ئه‌رستۆ ئیمه به‌ره‌ولای ئه‌م جیهانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌رستۆ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردووە، مێتافیزیک باسی له بوونی بنه‌ره‌تی کردووە. به‌ڵام پێویستە سه‌رنج بده‌ین که‌وا بوونی بنه‌ڕه‌تی له بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌ره‌ستۆدا سروشته. بۆیه هایدیگه‌ر بۆده‌رباز بوون له ده‌س ئه‌م گرفته، به شێوه‌یه‌کی چۆنێتی لە بابەتەکە تێگەییشتووە. گه‌رله جیهاندا، چه‌نده‌کی و چۆنێتی ودهکاتێگۆرییهکان زاڵ بن، ئه‌وسا جیهانێکی لەم چەشنە، ده‌بوو به جیهانێکی هه‌بوو و نه‌ده‌بوو به جیهانيی، بوون. له قۆناغی ئهرهستۆییدا، مه‌به‌ست له وشه‌ی بوون،هه‌بووه‌کانه(الموجود). قۆناغی ئه‌ره‌ستۆیی، ساڵانێکه په‌لی داکوتاوه، تا ئەوەیکه له سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاستدا، گۆڕان له ئاقارێکی دیکەدا به ڕێده‌که‌وێت، له‌م قۆناغه‌دا ناگه‌ڕینه‌وه بۆ لای «ناوه‌ڕۆکی بوون»، به‌ڵکو ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ بوونه‌کان، گه‌رچی مه‌به‌ست له بوون خودایه، خودا هه‌بووه، گه‌ر وابێ بۆمان ده‌رده‌که‌وێ، نهگهراینهتهوه بۆ لای بوون. که‌واته بانگه‌شه‌ی فه‌یله‌سووفه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه فه‌لسه‌فه باس له بنه‌ڕه‌تی بوون ده‌کات، به‌ڵام له کرده‌دا له هه‌بووه‌کانه‌وه سه‌رده‌ردێنێ. بۆیه باس له بوونێکی ته‌واو ناکات وسەر لە نوێ کێشه‌ی گشتی له شوێنێکدا سه‌رهه‌ڵده‌دا که مهبەستمان له هه‌بوون، سووژه بێت. له سه‌رده‌می مۆدێڕنيتەدا مه‌به‌ست له بوون سووژه‌یه. ئه‌م سووژه‌یه «خۆ» یان بکه‌رێکی ژیره. که‌واته «خۆ»، سووژهیهکه ده‌توانێ، خودا یان مرۆڤ یان مرۆڤێکه خوادییه بێت. به بۆچوونی هایدیگه‌ر، سه‌رده‌می مۆدێڕنيته، دوایه‌ن قۆناغی پشت گوێ خستنی بوونه و له‌م قۆناغه‌دا، سه‌رجه‌م شته‌کان له لایه‌نی فینۆمینۆلۆژیکیهوه، نه‌ک له لایەنی ئانتۆلۆژیکییەوە، به مرۆڤه‌وه بەنده وله‌ڕێگه‌ی مرۆڤه‌وه دیاریده‌کرێت. هێگل سووژه به substance یانی ناوه‌ڕۆک داده‌نێت. پشت گوێ خستنی بوون له مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا به ڕوونی دیاره وبهسهرچهن قۆناغدا، دابه‌ش بووە.
«هایدیگه‌ر بۆ شیکردنه‌وه‌ی دازاین Dasein له‌م وته‌زایانه که‌ڵکی وه‌رگرتووە: جووتی یه‌که‌م، ئۆنۆتیکی ontic و بوونی ئهنتۆلۆژیکاڵە ontological و جووته‌که‌ی دیکه، ئێگزێستهنسیهل existentielle و ئیگزێستهنسیاله existential. که‌واته ئۆنۆتیک هه‌بووێکی هه‌نده‌کییه ومانای ڕاست وحه‌قیقه‌تی ئه‌زموونی ده‌گه‌ێنێ. به‌ڵام ئهنتۆلۆژیکاڵ، مانای بوونی هه‌مه‌کی ده‌گه‌ێنێ. بۆیه هایدیگه‌ر ده‌ڵێ، توێژینه‌وه‌ی ئهنتۆلۆژیکاڵ به دوای پرسیار له بوون ده‌رده‌که‌وێت و کاتێ ده‌ڵێین دازاین له بنهڕهتەوه ئهنتۆلۆژیکاڵه، مه‌به‌سته‌که‌ی ئه‌وه‌یه، دازاین بیر له بوون ده‌کاته‌وه، هایدیگه‌ر ده‌ڵێ ئێمه له لایه‌نی ئۆنۆتیکییهوه خۆمانین، به‌ڵام له لایه‌نی ئهنتۆلۆژیکییهوه دوورترین مه‌ودامان له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌یه، لێرەدا مه‌به‌ستی ھایدیگەر ئه‌مه‌یه، ئێمه خۆمانین، به‌ڵام خۆمان ناناسین، که‌واته ئه‌نتۆلۆژی ڕاستی لەئۆنۆتیک داده‌ماڵێ».
جووته‌که‌ی دیکه ، ئێگزێستانسیال و ئێگزێستهنسیهله. تێگه‌یشتن له ئێگزێستانسیال existential سازدانی لایه‌نی ئهنتۆلۆژیکاڵی بوون یان دازاین لێکده‌داته‌وه. ئه‌مه له حاڵێکدایه، تێگه‌یشتن له ئێگزێستهنسیهل existentielle توێژینه‌وه‌یه‌که سه‌باره‌ت به تێگه‌یشتنی تاک له‌سه‌ر چۆنیه‌تی بوونی خۆمان. لێرەدا پێویسته باس له شیکردنه‌وه‌کانی هایدیگهرلهسهردازاین بکه‌ین که، شیکردنه‌وه‌یه‌کی ئێگزێستانسیاله و باس له پێکهێنانی پێشینه‌یی دازاین ده‌کات. هایدیگه‌ر بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، له میتۆدی دیارده‌ناسی هوسرڵ که‌ڵک وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام بۆچوونه‌کانی جیاواز له هوسرڵه. هوسرڵ له نه‌ریتی دێکارتیدا جیاوازییه‌کی وردبینانه، له نێوان زانین و بابه‌تی زانین دێنێته ئاراوه، به‌ڵام هایدیگهردژ به‌م نه‌ریته ده‌وه‌ستێته‌وه ویه‌که‌م حه‌قیقه‌ت له دیارده‌ناسیدا لە سڕینه‌وه‌ی ئه‌م گریمانانه ده‌زانێ. به‌ڵگه‌ی هایدیگه‌ر ئه‌وه‌یه، دازاین سووژه نییه، به‌ڵکو «بوون له نێو جیهاندایهthe world ـ in ـ being».که‌واته له‌ڕوانگه‌ی هایدیگه‌ردا، مێژووی مێتافیزیکی خۆرئاوا، مێژووی پشت گوێ خستنی بوونه. هایدیگه‌ر ئه‌م بڕیارهي به ته‌نیا بۆ خۆرئاوا، بهکاریھێناوە و پەیوەندی بە ڕۆژهه‌ڵاتەوە نییە. ئه‌م تێک چوونه له‌ڕوانگه‌ی هایدیگه‌ردا، نێهیلزمی ئەنتۆلۆژیکی لێدەکەوێتەوە ونیهیلزمێکی ئه‌رزشی نییه، گه‌رچی ده‌توانێ ئه‌رزشی بێ. که‌واته بێ زێدی مرۆڤ، مانای ئه‌وەیە، سووژه ده‌ستی به‌سه‌ر خانووه‌که‌دا گرتووه ومانای به هه‌موو شتێک داوه و له‌ڕاستیدا، بنه‌مای سه‌رجه‌م شته‌کانه. به‌ڵام پاڵپشتی ئه‌م سووژه له کوێدایه؟ سووژه ده‌ورێکی له پلان داڕشتنی جیهاندانەگێڕاوە، چۆنکو جیهان ده‌رهاویشته‌ی سووژه‌یه. سووژه له ده‌رەوەی پلانه‌کانی جیهانه. لیره‌دایه هایدیگهرنوکتهیهک له هوومیر دێنیتەوە و ئەویش ئه‌مه‌یه، «داماوترینی مرۆڤه‌کان ئه‌و کەسانەن، له پلانه‌کانی جیهاندا شوێنیکیان نەبی». که‌واته بێ زیدی مرۆڤ، مانای داماویی مرۆڤ ده‌گه‌ێنێ، به‌هۆی ئه‌وه‌یکه، مرۆڤ شوێنی خۆی له پانتای بووندا له کیس داوه. بۆیه بوون به درێژایی مێژوو،بەرەو هه‌بوو باری گۆراوه‌و لێره‌دایه، مرۆڤ بووە بهسووژهیهکی ڕه‌ها و له ڕێگه‌ی هێزی وه‌ک، تیۆری زانین و سوبژێکیڤیزم، شوێنێک بۆگهڵاڵه کردنی پرسی بوون ناهێڵێته‌وه.
به بۆچوونی هایدیگه‌ر، پرس له‌سه‌ر بوون، ده‌بێ به وته‌زایه‌کی مه‌نتێقی و هایدیگه‌ر به ته‌وسه‌وه چاوی له‌م باسه کردووە. فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان، ڕه‌خنه‌یان ئاراسته‌ی باسی بوون کردووه، بۆ نموونه کواین، ئه‌نتۆلۆژی به ڕدێنی ئه‌فلاتوون له قهڵهمهداو. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، کواین ئه‌نتۆلۆژی وه‌ک، مه‌نتێقێک له فه‌لسه‌فه‌که‌یدا به‌کار دێنێ، واتە وه‌ک وته‌زایه‌کی مه‌نتێقی، بەڵام وته‌کانی کواین و کارناپ لای ھایدیگەر بێ مانان. به بۆچوونی هایدیگه‌ر، ئەو که‌سەی که له بوون تێنەگەیشتووە، چۆن ده‌توانێ مێتافیزیک بفه‌وتێنێ؟ فه‌لسه‌فه ی شیکاری چۆن ده‌توانێ باس له ڕووخان و بە کۆتایی هاتني مێتافیزیک بکات؟ فه‌لسه‌فه‌ی شیکاری و پۆزیتڤیزم، فۆڕمێکی پلهدووهەمی مێتافیزیکی خۆرئاوان. به بۆچوونی هایدیگه‌ر، فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان، سووکایه‌تیان به پله‌وپێگه ی زمان کردووه و زمان لای ئه‌وان، شێوه‌یه‌کی مانایی semantic، زمانه‌وانی linguistic و لۆژیکی logic هه‌یه. هایدیگه‌ر هه‌ڵوێستێکی توند دژ به فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان ده‌گرێته‌به‌ر. که‌واته پاش رووخانی مێتافیزیک، وشه‌ی ئه‌نتۆلۆژی ده‌مێنێته‌وه و فۆڕمێکی تیۆری زانیی به‌خۆوه ده‌گرێت. میتافیزیک له سه‌رسێ بنه‌ما دامەزراوە. ئه‌نتۆلۆژی، تیۆری زانین و لۆژیک. له بیرکردنه‌وه‌کانی ئه‌ره‌ستۆ دا، بنه‌مای مێتافیزیک، له‌سه‌ر ئه‌نتۆلۆژی دامه‌زراوه، واته به‌بۆچوونی ئه‌ره‌ستۆ، بوون پێش زانین ده‌که‌وێت. کانت مێتافیزیک ناسڕێته‌وه، و دواتر باسی له بنه‌ماکانی مێتافیزیکی ئه‌خلاق کردووە. مێتافیزیک لای کانت ئێپێستمۆلۆژیکییه، واته بنه‌ماکانی مێتافیزیک له بۆچوونی کانتدا، ئێپێستمۆلۆژیکییه. له بیرکردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کاندا، وه‌سفی مێتافیزیک ده‌کرێت. واته بنه‌مای مێتافیزیک لای فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان، لۆژیکه. له‌ڕاستیدا باس له وته‌زاکانی وه‌ک : کات، شوێن ومه‌رجه‌کان، لایه‌نه مهنتێقییهکانی مێتافیزیکن. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه، فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان لایان وایه، میتافیزیک له مانای ئهنتۆلۆژیدا به کۆتایی گه‌یشتووه. پێویسته مێتافیزیک له‌سه‌ر هه‌رسێ بنه‌ماکه به کۆتایی بگات، چونکو هه‌رسێ لایەنی مێتافیزیکی له‌ڕاستیدا بنه‌مایه‌کی ئۆنۆتیکیان هه‌یه و لە فۆرمی ئۆنۆتیکییدا لێک جیاوازن. جاروبار فۆڕمه ئۆنۆتیکییهکان ناسنامه‌ی مهنتێقیان هه‌یه و زۆرجاریش ناسنامه‌ی تێوری زانینیان هه‌یه و جاروباریش شۆناسی تیۆلۆژیکییان هه‌یه، واته باوه‌ڕیان به بوونی پیرۆز و لاهووتی هه‌یه. ڕێگه‌ی ڕزگاری له بێ زێدی، گه‌ڵاڵه کردنی پرسیاره له‌سه‌ر بوون، چونکو ڕیشه‌ی قه‌یرانه‌که چاوپۆشی له بوونه. هایدیگه‌ر له گه‌ڕاننه‌وه‌ی بۆ بوون باسێکی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام له سه‌ر چۆنیه‌تی گه‌ڕاننه‌وه که، بۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه. مێژووی سێ هه‌زار ساڵه، که‌ره‌سه‌ی بیرکردنه‌وه و ئۆلفه‌ت گرتن به بوونی، له مرۆڤ داماڵیوه، لاهووت، تیۆری زانین، ڕامانی ڕێبازی پێدهگهری خۆرئاوا و... هۆی ئۆلفه‌ت نه‌گرتن و دورکه‌تنه‌وه‌ی مرۆڤ له بوون بووه. که‌واته مرۆڤ له دارستانێکدا ونبووه و که‌ره‌سه‌یه‌کی بۆ ده‌رباز بوون له‌م ڕێگه‌یه نییه. فه‌لسه‌فه به بۆچوونی هایدیگه‌ر، دابڕان و بێ ده‌رتانی وداماوییه. له دۆخی داماوییدا، بیرکردنه‌وه‌ی ڕه‌سه‌ن سه‌رهه‌ڵده‌دا، بیرکردنه‌وه و فه‌لسه‌فاندن، ده‌ستکرد نین. گه‌ر له کاتی یه‌کبوون و یه‌کگرتنه‌وه‌دا خۆ ڕاگر بین، ئاسۆ خۆی به مرۆڤ نیشان ده‌دات، واته «ئهشراقییە». هایدیگه‌ر له کتێبی بوون وکاتدا ده‌ڵێ : «ئاسۆ ئیدی، خۆی ده‌رناخات». بۆ ئه‌وه‌ی كه سەر لە نوێ ڕوبه‌روی ئه‌م ئهشراقه نەبینهوه، پێویسته به‌ره‌و ئاسۆ بهڕێکهوین. فه‌لسه‌فه خۆی لێره‌دا تووشی گرفت ناکات، به‌ڵام پێداویستیه‌کانی فه‌لسه‌فه کێشه سازده‌که‌ن. فه‌لسه‌فه لێره‌دا مانایه‌کی میتافیزیکی له شێوه‌ی ئهرهستۆییـ سۆقراتی نییه. ته‌نانه‌ت ئێمه لێره‌دا ئاشنای فه‌لسه‌فه نین. مرۆڤی خۆرئاوا ئۆلفه‌تی خۆی به زمانی بوون له کیس داوه. له گه‌ڕاننه‌وه بۆ ناو تونێلی میژوو، پێویستیمان به پێکهێنان وسازکردنهوه هه‌یه. چونکو تووشی ده‌مامکه کولتورییه‌کان بووینه‌ته‌وه. پێویسته له ڕێگه‌ی مرۆڤایەتی و مرۆڤه‌وه، ڕێگه‌ی گهڕاننهوهکه بدۆزیته‌وه. واته پێویستە له پردی کو‌لتوور تێپه‌ڕین. ناکرێ له ڕێگه‌یه‌کی جگه له کولتووره ئه‌م ڕێگه‌یه دهوربدهینهوه، ناکرێ راسته‌وخۆ بچینه ناو ڕه‌گ و ڕیشه‌که‌ی، به‌ڵکو پێویستە، ڕێگه‌ی کو‌لتوور و نه‌ریت ببڕین. به بۆچوونی هایدیگه‌ر له‌م ڕێگه‌ی گهڕاننهوهدا چه‌ن کێشه‌یه‌ک هه‌یه، بۆ نموونه زمانێکی شیاومان بۆ ئه‌م ڕێگه‌یه نییه. نازانین له کوێوه ده‌س پێبکه‌ین و بۆ کوێ بڕۆین. دۆخی چاوپۆشی له بوون، بێ زێدی مرۆڤ ده‌خاته ڕوو، بۆیه لایه‌نی نیهیلیزمان پێی نیشان ده‌دا. بۆ ڕێگرتن و سڕینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی قه‌یران، پێویستە بگه‌ڕینه‌وه بۆ لای بوون، ئایا بابه‌تی فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ر پرسیار لە بوونه؟ له مانهیهکدا وڵامه‌که ئه‌رێنیه، به‌ڵام له مانایه‌کی دیکه دا، پرسیار له سەر بوون، چاره‌سه‌رێکه هایدیگه‌ر به باشی لە قەڵەمی داوە، واته تا ئه‌و کاته‌ی پرسیار له بوون نه‌که‌ین ئه‌م قه‌یرانه چاره‌سه‌رنابێت.
سەرچاوە:
١-هستی و زمان،مارتین هایدگر، ترجمە د، عبدالکریم رشیدیان
٢-خرد جامعە شناسی،د، یوسف ابازری
٣-فلسفەی معاصر، محمود خاتمی
٤-هایدیگەر و شۆرشێکی فەلسەفی، محەمەد کەمال
[1]ـ بڕواننه کتیبی «هایدیگه‌ر و شۆڕشێکی فه‌لسه‌فی»، نووسینی : د. محه‌مه‌د که‌ماڵ، چاپی سه‌رده‌م
[2]ـ ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی روودڵف کارناپ، ڕه‌خنه له هایدیگه‌ر بگرێت و بڵێ ئه‌م فه‌لسه‌فه‌یه به ته‌واویی بێ مانایه. بۆ نموونه «هیچ ده‌بێ به هیچ» ڕسته‌یه‌کی نامهنتێقی و نه زانستیشه، ئه‌وانه‌ی له نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی شیکاریدان بۆ شیکردنه‌وه‌ی بابه‌ته فه‌لسه‌فییه‌کان له مه‌نتیقی نوێ که‌ڵک وه‌رده‌گرن وئه‌بێ هه‌ر بیروبۆچوونێک له فه‌لسه‌فه‌دا به شێوه‌یه‌کی مه‌نتیقیانه شیبکرێته‌وه. و.ک.
[3]ـ ئه‌م قه‌یرانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵگرسانی دوو شه‌ڕی یه‌که‌م و دووه‌می جیهانی و نیهیلزمهکهیشی گه‌ڕاننه‌وه بۆ لای ئێگزیستیکی مرۆڤ تهوهربوو و هه‌روه‌ها تێکه‌ل ببوو به سۆز و ئیمانداری و هه‌ست به گوناحه. (وه‌رگێڕ)
[4]ـژیل دۆلۆز لای وابوو ریشه‌ی مێتافیزیک له بن ده‌رهاتووه، ئه‌گه‌ر مێتافیزیک وه‌ک دارێک چاو لێبکه‌ین. سه‌ره‌ونخوون بووه‌ته‌وه و «ڕیزۆم» جێگه‌ی داری مێتافیزیکی گرتووه، که هه‌مان لق و پۆپه و بابه‌ته لاوه‌کییه‌کانن. (وه‌رگێڕ)
[5]ـئه‌م ڕخنانه‌ی هایدیگه‌ر دێکارت ده‌گرێته‌وه، سووژه ی دیکارتی، مرۆڤی له جیهان داماڵی و جیهان بوو به بابه‌تێک بۆ مرۆڤ. واته (ئۆبژه) و له ڕێگه‌ی به‌رهه‌می سایهنسن کە ھەمان تهکنۆلۆژییە، به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ بوو،ته‌نانه‌ت کۆلۆنیالیزم ڕیشه‌ی دێکارتی هه‌یه، و سه‌رمایه‌داریش بیرۆکه‌ی فه‌لسه‌فی ئه‌م کۆلۆنییهی دابین کردووە.
[6]ـ مەبەستی ھایدیگەر سەبارەت بە نیھیلیزم، بیرکردنە و قەیرانی مرۆڤی، خۆرئاوایە و ھایدیگەر← →سەبارەت بە ڕۆژھەڵات ھیچ ھەڵویستێکی نییە، چونکە فەلسەفە لە بنەڕەتدا، خۆرئاواییە و ئەمەش کێشەی ھایدیگەر لەگەڵ فەلسەفەدایە، بەڵام ھێگل ستایشگەری فەلسەفەی خۆرئاواییە. ھایدیگەر و نیچە فەلسەفە بە خۆرئاوایی لە قەڵەمدەدەن، بەڵام لایان وایە مرۆڤ شکستی ھێناوە و نیھیلیزم لە ھەناوی فەلسەفە کەوتووەتەوە، گەرچی بیرکردنەوە لە شوێنی دیکەش ھەبووە، بەڵام فەلسەفە فۆڕمێکی تایبەتی بیر کردنەوەیە کە چێوەیەکی مێتافیزیکی ھەیە. بیرکردنەوەکانی دیکە، مێتافیزیکی نین. بە بۆچوونی ھایدیگەر فەلسەفە بچێتە ناو ھەر کولتوورێک تووشی نیھیلزمی دەکات.
په یوه ندی