- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ «لێڤیناس»
پەیمان عەلیپوور
لە نەریتی فەلسەفی ڕۆژئاوادا، بیرکردنەوە هاوسەنگە لەگەڵ مەعریفە و بابەتەکەشی بوون یان وجوودە. لە دەقی ئەم یەکێتیەی نێوان بیرکردنەوە لە پێگەی مەعریفەدا و بوون لە پێگەی بابەتی مەعریفەدا، «جیاوازی» لە چوارچێوەی «حەقیقت»دا، دەبەزێت و وەلاوە دەندرێت[1] و بەم شێوەیە بابەت یان ئۆبژە لە لایەن مەعریفەوە دەستی بە سەردا دەگیرێت[2] (مهرگان، 1383) دەست بە سەردا گیرانی ئۆبژە لە لایەن مەعریفە، پێویستی بە ئەمئەوێتی کردنێتی[3]، لەگەڵ ناخێکی یەکانگیرن و لێکچوو. کەوایە میتافیزیکێک کە بە گوێرەی ئەم چەشنە لە بوونناسی و مەعریفەناسیە یە، بەرگەی «غەیر» ناگرێ و بە مێتۆدی بە تێکرایی کردن[4]، هەبوونایەتی هەر چەشنە ئەویدیەک دەسرێتەوە.
لە نەریتێکی بیرکردنەوی بەم شێوە و شێوازەدا ، مرۆڤەکانیش دواجار دەبن بە ئۆبژەگەلێک کە لە تێکڕایەتیەکدا کۆدەکرێنەوە و جیاوازیەکانی ئەوان وەک «ئەویدی» لێیان دەسڕندرێتەوە. هەنگاوەکانی سیستمە سیاسەیە تۆتالیتێرەکان یان تەواوەتی خوازەکانی ڕۆژئاوا شایەدیەکە بۆ ئەم تێگەییشتنە؛ بە جۆرەیەک کە ناتواندرێ ئەو ئەزموونەی کە لێڤیناس لە سیستمی نازیەکاندا وەک جوولەکەیەک ژیانی پێکردوە، لە ڕەخنەی ڕادیکاڵی ئەو لە نەریتی میتافیزیکی ڕۆژئاوا، بێ کاریگەر سەیر بکردرێت. لێڤیناس دیمەنی گشتی بیرکردنەوی ڕۆژئاوایی ئاوها وێنا دەکات: «مێژووی [فەلسەفە] دەتواندرێ وەکو هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی تێکهەڵکێش کردن یان سەنتێزی گشتی لێکبدرێتەوە، هەوڵدان بۆ کوورت کردنەوە و دابەزاندنی سەرلەبەری ئەزموون ، سەرلەبەری ئەمرە مەعقوڵەکان بۆ تەواوەتیەک کە لە ئەودا ئاگامەندی [مرۆڤ] هەموو جیهان لە خۆ دەگرێت وە لە دەرەوەی خۆی هیچ شتێک بە جێ ناهێڵێت، [وە] بەم شێوەیە دەبێتە بە بیرکردنەوەی ڕەها. لەم ڕوانگەیەوە ئاگامەند بوون لە ناخ یا خود لە هەمان حاڵدا ئاگامەند بوونە لە تێکڕایەتی[5] » (لویناس، 1387، ص 91).
دەتواندرێ بگوترێت کە بناخە و ناوکی ناوەندی فەلسه فەی ئێمانوێل لێڤیناس لەو هزرەدایە کە، ڕۆژئاوا هەرگیز، «ئەویدی» یان «غەیر»ی بەو جۆرەی کە بووە و هەیە قەبووڵ نەکردوە و هەرگیز هەڵسووکەوتێکی شیاو و هێژای لەگەڵ نەکردوە. بیرکردنەوی ڕۆژئاوایی لە یۆنانی کەونارانەوە و ئەمرۆشی لەگەڵدا بێ بەرنگاری هەر شتێک بوەتەوە کە لێکچوون و هاوتایەتی لەگەڵ پێوانەکانەکان و بەهاکانی ئەو نەبووە، وە بە ئامرازەکانی لۆژیک و مەعریفەناسیی خۆی و بە پێوانە کولتوری و شوناسیەکانی خۆیەوە هەستاوە بە کوورت کردنەوە و زاڵ بوون بە سەر «غەیر»دا و ئەمی کردوە بە «هەمان» (جلالی فراهانی، 1388، ص 57). لێڤیناس لەم بارەوە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە «مەعریفە بەردەوام بە هەڵوشین[6] و هاوشێوەسازی[7] لێکدەدرێتەوە . سەر سوورهێنەرترین دۆزراوەکانیش دواجار هەڵدەلوشرێن و تێگەیشتن دەستی بە سەر دادەگرێت، لە بەر ئەوەیکە "تێگەییشتن" و "لەخۆگرتن[8]" بەردەوام هەڵگری " دۆزینەوە" و " وەرگرتن[9]" ە» (لونیاس 1387، ص 78).
لێرەدا لێڤیناس هەڵدەستێت بە ڕەخنەگرتن لە گرنگترین بنەمای بوونناسی و مەعریفەناسی میتافیزیکی واتە «بنەمای ئەمئەوێتی یان بنەمای نەبوونی پارادۆکس» ، یانی هەر ئەو بنەما بنەڕەتیەی لۆژیکی ئەرستۆ کە لە ئەودا «ئا ئا یە» یان «ئا ب نیە» . بە وتەیەکی تر هەر ئەمرێکی «هەمان» دیاریکەری یەکسان بوونێتی لەگەڵ خۆی و جیاواز بوونی ئەو لەگەڵ «جگە» لە خۆی ، کە لەم ڕێگەوە لە پانتایی مەعریفەدا هەڵدەستێ بە «لەخۆگرتن» یان هەمان دەست بە سەر داگرتنی غەیر و لە پانتایی سیاسیدا هەڵدەستێت بە «هاوشێوەسازی» و «یەکسانسازی» غەیر لە نێو یەک تێکڕایەتیدا، هەتا ئەو جێگایەی کە تەنانەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ «ئەویدی» لە پانتایی بوون دەسڕدرێتەوە. لەو زنجیرە بەڵگاندنەدا[10] ئەوە دەکەوێتەوە کە لێڤیناس بڕوای بە ڕەپێش کەوتنی [11] ئەخلاق بە سەر بوونناسییدا بێت، تەنانەت مەسعوود عۆلیا[12] لە سەر ئەو بۆچوونەیە کە لە ڕوانگەی لێڤیناس، ئەخلاق لە بنەڕەتدا بە گوێرەی هیچ چەشنە میتافیزیک یان بوونناسیەک نیە و پاساو و بنەمای خۆی لە هیچ شتێکی دیکە وەرناگرێت (علیا، 1386، ص 20). بە پێی خوێندنەوەی لێڤیناس میتافیزیک پشت ئەستوورە بە، دەست بە سەرداگرتن بە سەر غەیردا ، کە لە ئاکامدا بە ڕای لێڤیناس ئەم جارە دەبێ پەیوەندی هەمان لەگەڵ ئەویدیدا نەک لە سەر بنچینەی سرکووت و هەڵلوشین بەڵکوو لە سەر بنچینەی بەرپرسایەتیەوە ڕێک بخرێت؛ کە دەتواندرێ بگوترێت، فەلسەفەی ئەخلاقی لێڤیناس بە جۆرەیەک وەک فەلسەفەی کۆمەڵایەتی دێتە ئەژمار و بۆخۆشی ڕاشکاوانە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە « مەعریفە هەرگیز جێگای لایەنی کۆمەڵایەتی ناگرێتەوە ، مەعریفە لە وەتیەوە هەبووە جۆرەیەک لە لاتەریکبوون[13] بووە و هەیە » (لویناس 1387، ص 79). چوونکە شووناسی سووژە بە گوێرەی کاردانەوەی ئەو سەبارەت بە ئامادەبوونی ئەویدی و لە ئاکامدا لە سەر بنچینەی وەڵام دەربوونەوە و بەرپرسایەتی وەئەستۆگرتن لە بەرامبەر ئەودا ساز دەبێ و ئەمەش یانی پێکەوە بەستنەوەی ئەخلاق و کۆمەڵگا. لێڤیناس لە سەر ئەو باوەڕەیە کە سووژە یان هەمان مرۆڤ، بوونەوەرێکە کە بنەمای ئەمئەوێتی پێشێل دەکات، بە جۆرەیەک کە سووژە ناسێنەری ئامادە بوونی ئەویدیە لە ناو خۆیدا و بە زمانێکی سەر ڕاستر هەبوونایەتی سووژە لە سەر بەرپرسایەتی لە بەرامبەر ئەویدیدا بنیادنندراوە . ناوبانگی لێڤیناسیش هەر لە بەر ئەو تێگەییشتنە نوێیەی ئەو لە ئەخلاقە، ئەویش ئەو تێگەییشتنەی کە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوا توشی تەنگژە دەکات و لە سەر خولگەی «ئەویدی» و «ئەویدی بوونێتی[14]»دا دایدەرێژێتەوە. تەنانەت دەتواندرێ بگوترێ کە بە یەک مانا سەرلەبەری فەلسفەی ئەو دووپات کردنەوەی «ئایدیای غەیر بوونێتی[15]»یە، کە بە زمانگەلی جیاواز و لە چوارچێوەی ناوەڕۆکگەلێکی وەک ساتەوەخت یان سات[16]، کات، مەرگ، پانتایی ژنانە، بارگاوی بوون[17]، سۆزی باوکانە، هونەر، زمان، سیاست ،... باسی کردون.
لە ڕووی شارستانیەتەوە لێڤیناس لە ناو دوو کولتوردا گیرساوەتەوە ؛ لە لایەک کولتوری جولەکە ، کە لە تافی مناڵیەوە لە نێو ئەودا پەروەردە بووە و لە لایەکی دیکەشەوە کولتوری یۆنانی-مەسیحی کە وەک فەیلەسووف لە نێوە ئەودا هەستاوە بە بیرکردنەوە (جهانبگلو، 1373، ص 2). بە وتەیەکی تر بیرکردنەوەی ئەو لە دوو ئاخێزگەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت، لە لایەکەوە قەرزباری فەلسەفەی وتووێژیانەی جوولەکەیە واتە فرانتس رۆز نێتسوایک[18] و تا ڕادەیەکی کەمتریش مارتین بووبێر[19]، وە لە لایەکی دیکەشەوە قەرزباری دیاردەناسییە، هەم ئێدمۆند هۆسێرڵ[20] کە یەکەمین شرۆڤەکاری بەرهەمەکانی ئەو لە فەرانسەی دەیەی ١٩٣٠ بوو وە هەمیش مارتین هادیگەر[21] کە ماوەیەک قوتابی ئەو بووە (فرهادپور، 1387، ص 11). بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەو فەیلەسووفانەی کە کاریگەریان لە سەر لێڤیناس هەبووە بریتین لە : ئەفلاتوون[22] ، دکارت ، هانری برۆگسۆن[23] ، گابریل مارسێل[24] ، موریس بلانشۆ[25] و ژاک دریدا[26] .
بۆ ڕانانی وێنەیەکی گشتی لە پوختەی فەلسەفەی لێڤیناس دەبێ سرنج بدەین بە باشترزانینی ئیبراهیم لە ئۆلیس[27] لە لایەن لێڤیناسەوە . ئۆلیس پاڵەوانی داستانی ئۆدیسە ی بەرهەمی هۆمێر، دوای تێپەڕاندنی ئەو هەموو هەڵوەداییە دەگەرێتەوە بۆ دوورگەیەک کە نیشتمانی ئەو بوو واتا «ئیکاتا» . بەڵام لێڤیناس زۆرتر بە سەرهاتی ئیبراهیمی بە دڵە، ئەو دەمەی کە ئەو نیشتمانەکەی بۆ هەمیشە بە جێ دێڵێت هەتا سەفەربەری وڵاتێک بێ کە هێستا نەناسراوە و تەنانەت ڕێگە نادات بە خزمەتکارەکەی کە سەرەتای ئەم سەفەربەریە وەبیر کوڕەکەی بخاتەوە (دیویس، 1386، ص 69). ئۆلیس یان میتافیزیک، بە دوای گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئاشنای خۆیەتی، گەڕانەوە بۆ بوون، حەقیقەت وە هەمان ! بەڵام ئیبراهیم و لێڤیناس ڕوویان لە وڵاتێکی نائاشنایە، بەڕێکەوتن بەڕەو «غەریبایەتی» و «غەیرایەتی» .
سەرچاوەکان :
١- مهرگان ، امید. (1383). «چیزی بهتر از بودن؛ درباره فلسفه امانوئل لویناس». روزنامه شرق. 7/2/1383
٢- لویناس ، امانوئل. (1387). اخلاق و نامتناهی. ترجمه مراد فرهاد پور و صالح نجفی. تهران: فرهنگ صبا.
٣- جلالی فراهانی، مسعود.(1388). «لویناس، فیلسوف اخلاق». مجله اطلاعات حکمت و معرفت. ش 6. صفحات 57تا 58.
٤- علیا، مسعود. (1386). «حضور دیگری، شرط امکان اخلاق». کتاب ماه فلسفه. ش 2. صفحات 17تا 27.
٥ - جهانبگلو، رامین. (1373) . « گفت و گو با امانوئل لویناس». مجله کیان. ش 22. صفحات 2تا9.
٦-فرهاد پور، مراد. (1387). «یادداشت مترجمان». کتاب اخلاق و نامتناهی. تهران: فرهنگ صبا.
٧-دیویس،کالین. (1386). در آمدی بر اندیشه لویناس. ترجمه مسعود علیا. تهران: موسسه پژوهشی حکمت و فلسفه ایران.
ژێرنوس
[1] رفع می گردد
[2] بە تملک در می آید
[3] اینهمان ساختن
[4] کلیت بخشیدن
[5]کل
[6]جذب
[7]Assimilation
[8]comprehending
[9]Prehending
[10]استدلال
[11]تقدم
[12]مەسعوود عۆلیا (لە دایکبووی ١٣٥٤) وەڕگێر و تۆژینەوەکاری بواری فەلسەفەیە لە ئێران . لە ساڵی ١٣٨٧ بڕوانامەی دکتۆراکەی ، بە نووسینی نامیلکەیەک لە ژێر ناوی«مەرجی دەستدانی ئەخلاق لە هزری لێڤیناسدا» بە ڕێنوێنی عەبدوولکەریمی ڕەشیدیان وەرگرتوە . ئەو یەکێک لە یەکەمین تۆژەرەکانە کە ئیشی لە سەر فەلسەفەی ئیمانوێل لێڤیناس کردوە و لە ساڵی ١٣٨٨ کتێبی « دۆزینەوەی ئەویدی وێڕای لێڤیناس»ی نووسیوە .
[13]انزوا
[14] دیگربودگی
[15]غیریت
[16]instant
[17]fecundity
[18]Franz Rosenzwig (1886-1929)
[19]Martin Buber (1878-1965)
[20]Edmund Husserl (1859-1938)
[21]Martin Heidegger (1976-1889)
[22]Plat (424 BC -348BC)
[23]Henri Bergson(1859 – 1941)
[24]Gabriel Marcel (1889-1973)
[25]Maurice Blanchot (1907-2003)
[26]Jacques Derrida (1930-2004)
[27]Ulysses
په یوه ندی