- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
بیرکردنەوەی ئیزتراری
بیرکردنەوەی ئیزتراری[1]
نوسینی : ئۆمید مێهرێگان / وەرگێرانی : پەیمان عەلیپوور
1-فەرمانی ڕێگری لە پەلەکردن لە بیر کردنەوەدا کە ئەمڕۆکە لە لایەن گشت زێرەڤانانی کولتورەوە جاڕ دەدرێ ، وادیارە بە تەمایە دەلالەتی هەبێ لە سەر ئامادە بوونی توخمی دوواڕۆژ ڕوانی[2] و ئاکام بینی[3] لە پڕۆسەی بیرکردنەوە و بڕیاروەرگرتندا، وە لە ئەنجام دانی کردەوەی هەڵەشەییانە و دواجار[4] « مەترسیدار » بپرینگێنێتەوە . ئەم فەرمانە ، بەڵام ، جگە لە بانگهێشتەکەی کە هەمان پشت بەستنە بە ئەزمونی «پیرەکیانەی» مێژووییەوەیە ، پێدەچێ کە دلالەتێکی کۆنکرێتی[5] دیکەشی هەبێ . ئەوەی کە هەمان [ئەو]بڕیارگەلە « ژیرانەی[6]» کە دەیهەوێ واقعیەت بگرێتە دەست و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆی ، لەو ژورانەی کە وەک لە سەر زارانە "دەرک داخراون" و بە پەلە پەل و ئیزترار وردەگیرێن وە «بیرەکانی » دیکە وا داندراون بە هێمنی و دووارۆژڕوانی و تێڕامان لە لایەن پڕانی «بیرمەندانی فرەزانا» بیریان لێ بکردرێتەوە وە یارمەتی بدەن بە «بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی». بۆ ئەم چەشنە بیرکردنەوانە کات هێندەی پێویست لە ئارا دایە . لە بنەڕەتدا پەلەیەک لە کایە دانیە . ژمارەیەکی زۆر لە کۆمەڵەکان ، دامزراوەکان وە بودجەگەلێکی زەبەلاح تەرخانی بەرەو پێش بردنی پرۆژە فشوفۆڵ و پڕ خەرجەکانی ئەم بەشە لە بیرکردنەوەی «پێ گەیشتوو» ، «هێمن» وە دواجار بێ مەترسی دەکرێن. «ڕێسای» بیرکردنەوە دەبێ ڕەچاو بکردرێ . بیرکردنەوەیەک کە فڕێکی بە بڕیار وەرگرتنە دەست بەجێیەکان و گەرماوگەرمەکان[7] نیە بەڵکوو زۆرتر لە حوکمی دێکۆراسیۆنێکە بۆ هۆڵی ڕازاوەی داب و نەریت ، بازار وە کولتور . کاتێکی لە ڕادە بەدەر لە ئارا دایە بۆ بیرکردنەوە لە مەڕ «دیمووکراسی» ، «ڕۆشنبیری ئایینی » ، « پۆست مۆدێرنیسم » وە « وتووێژی شارستانیەتەکان » . هەروەها بێ کۆتایی کات لە ئارا دایە بۆ بیرکردنەوە لە سەبارەت بە مێژووی ڕابردوو ، « دیسان خوێندنەوەی نەریت »، « پێوانی قۆناخی تێپەرین » وە « هەمبەریەک هاتنەوەی نەریت و مۆدێرنیتە » . بەم جۆرە ، بیرکردنەوە لە فەزایەکی وێکچوو[8] و هڵۆڵ[9] بەرەو پێش دەڕوات ، لە پانتایی بەتاڵ و نا لێکجیای کاتێک[،] کە نە بنەتایەکی هەیەو نە کۆتایەک . هیچ ئیزترارێک لە کایە دا نیە . دەتواندرێ لە هەلی خۆیدا مێژوو بنوسرێتەوە . بیرکردنەوەیەک دڵخوازی سەرکەوتووان[10] .
٢- ئەم بەشە لە بیرکردنەوە کە زێرەڤانانی کولتوور بێ وچان ماوەی بەسەرچوونەکەی درێژدەکەنەوە وە ساتەوەختی "کردە" وەدواوە دەخەن ، بە "ئەمئەوێتی سازی[11]" وە کردن بە یەک شتەوە ، گرێ دراوە . بیرکردنەوەیەک تایبەت بە کتێبخانەکان و هۆڵە ساردوسڕو سوودمەند لە مێزە نوێ و خاوێنەکانی دامزراوە و ڕێکخراوە کولتوریەکان ، وە نەک بیرکردنەوەی شەوانە لە شەقامەکان و ژێرزەمینەکاندا . فەرمان بۆ ئەم بیرکردنەوە هێمن و شێنەیانە[12] لە شێوەی سوورەوسپیایی کردن[13] و بێ مانا بونی ڕەهای زمان وە بوون بە ئامرازی بێ ئەملا و ئەولای ڕەوایەتی دان بە واقعیەتی لە ئارادا بوودا ، دەرکەوت پەیدا دەکات . زمانێک بە وشەگەلێکی پاک و خاوێن و دەست لێنەکەوتوو : «جێخستن سازی[14]» ،«پرسیار ورووژێنی[15]» ،«سوود بەخشێتی[16]» ، «تێهزرین» ، «خاس سازی[17]» وە لەم جۆرە[وشەگەلانە]. نوێ –وسپی بوونی مێزەکانی خوێندنەوەی کتێبخانە تازە سەرهەڵداوەکانی ئاستی شار بە تەواوی لەگەڵ تروسکەدار-و پۆشتە بوونی چەمکە داهێندراوەکان لە لایەن دامودەزگای برۆکراتیک یەکدەگرنەوە . پێداگری لە ڕادە بەدەر لە سەر «شێنەیی» و بە کاوەخۆیی و ناهەڵەشەیی لە بیرکردنەوەدا وە دواجار کردنی بە تروسکە تروسک و ڕازاندنەوەمەنی[18] ، کە بێگومان هەمیشە ئیدەعای سەرنج دان بە «ئیشی گرنگی تێهزرین»ی هەیە ، بە شێوەیەکی نائاشکرا[19] دەربری ئەم خاڵەیە کە بیرکردنەوە جگە وەکو خەمڵێنەر یان ئامرازی ئەمئەوێتی سازی وە پشت ڕاستکردنەوەی[20] میراتی سەرکەوتوان ، بە هیچ کەلکێک نایە وە بە ڕاستیش نابی[بە هیچ کەلکێک] بێت.
3-کاتێکی زۆر بۆ بیرکردنەوە لە ئارا دانیە . بەردەوام دەبێ پەلە بکردرێ . لە بەر ئەوەیکە بەردەوام پێشتر ڕووداوێک قەوماوە وە یان ڕووداوێک لە پێشمان دایە . نەک تەنیا باروودۆخێک کە بیرکردنەوە تێیدا پێک دێ ، لیپاولیپە لە مەترسی ؛ بەڵکوو بیرکردنەوە بۆ خۆی ناچارە توخمی پەلەیەتی و هەلکەوت و مەترسی قەبووڵ بکات و تێکەڵکێشی خۆی بکات . بیرکردنەوەیەک کە هەمیشە لە ڕاچڵەکان[21] متوربە کراوە . ڕێک وەک ساتەوەختی هەڵلوشران لە گێژاودا ، شوێنێک کە دەرفەت بۆ لێکدانەوەی دەقیق لە ئارادانیە . هەرگیز کات بۆ وەها کارێک لە ئارادانیە وە ڕاست هەر بەم هۆیەوە هەرگیز کاتێکی زۆر بۆ مشتومڕکردن و وتووێژ کردن و قەناعەت پێهێنان لە ئارادانیە . کۆبونەوە ژێرزەمینیەکانی گروپە شۆرشگێرەکان مۆدێلێکی بگۆیە بۆ بیرکردنەوەی ئیزتراری وە ڕێک هەر بەم هۆیەوە ڕاکردن لە ئەگەری هەڵەکردن و خەتا زۆر ئەستەمە. هەڵەیەک کە دەشێت تاک بۆ نێو دۆزەخ حەوا بدات . کوندی مێنرڤای هیگڵ بە شەو دەفرێ بەڵام ئەو نەپساوانە یادەوەری ڕۆژی لە بەر چاوانە . بیرکردنەوە هەمیشە ئەودەمەی دەست پێدەکات کە ئەمری هەبوو[22] تێپەریوە . بەڵام ئەو دەتوانێ لە ساتەوەختی تێپەربووندا ، لە جەرگەی گێژەندا ، تخونی مەترسی بیرکردنەوە بێ . شەو کاتێکی باش بۆ بیرکردنەوە نێ ، بەڵکوو کاتێکی باش تەنیا بۆ وەڵام دانەوە و وەبیرهێنانەوەی نیورۆژی مێترۆپۆلیسە . بیرکردنەوەی ئیزتراری لە بەردەم خۆی نەک بێدەنگی پاراوی شەوانە بەڵکوو کاتژمێری هەڵاوەسراو لە گۆرەپانی گشتی شاردا بەدی دەکات. ئەو پەیتا پەیتا لە پشت مێزەکەوە ، ڕوو لە کاتژمێرەکە دەکات و لە بۆسەی ساتەوەختێک دایە کە، تەقەکردن لە میلەکان[ی کاتژمێرەکە] دەست پێبکات .
ئەم وتارە لەم رووی ئەو سەرچاوەی خوارەوە وەرگێردراوە :
تفکر اضطراری – امید مهرگان – تهران: گام نو ، ١٣٨٥ - مقالە «تفکر اضطراری»- ص ٢٩ تا ٣١
ژێرنووس
[1]- اضطراری- «ئیزترار» لە زمانی فارسیدا بە واتای بێ چارە بوون ، ناچاربوون و دۆشدامای دێت وە وەکوو هاوتای وشەی ئینگلیزی emergency کەڵکی لێوەردەگیرێ . emergency لە فەرهەنگی ئاکسفۆرددا ئاوها ماناکراوەتەوە : ڕوداوێکی مەترسی دار و لە ناکاوی جدی یان بارودۆخێک کە پێویستی بە کاردانەوەی دەست بە جێیانەی هەیە بۆ پێ ڕاگەییشتن . لە بەر وەی وشەی «ناچاری» یا «داماوی» یا «دۆشدامای»م بە کار نەهێنا چونکە زۆرتر دەلالەت دەکەنە سەر دۆخێکی دەرونی کەچی لە لای «مێهرێگان» ئەم وشەیە ئاماژەیە بۆ دۆخی سیاسی . من دوو وشەی «باری نائاسای» یا «ڕەوشی ئاوارتە»م بە هاوسەنگی emergency بە باش دەزانی بەڵام دواجار بڕیارم دا هەر لە وشە عەرەبیەکە کەڵک وەرگرم .(وەرگێر)
[2]- حزم
[3]- دوراندیشی
[4] - لاجرم
[5]- ضمنی
[6]- فکورانە
[7]- حاد
[8]- همگن
[9] - تهی
[10]- فاتحان
[11] - اینهمان سازی
[12] - کشدار
[13] - بزک کردن
[14] - نهادینە کردن
[15] - پرسمان
[16] - بهرەوری
[17] - بهینە سازی
[18] - تزئینات
[19] - تلویحاً
[20] - تایید
[21] - شوک
[22] - امرِ بودە
په یوه ندی