- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
ئه‌نفال و تیۆلۆژیی سیاسی
ئه‌نفال و تیۆلۆژیی سیاسی "هاوسا"
مه‌سعوود بینه‌نده
1. لاوازی و خهسارگریی بنه‌مایی مرۆڤ که پێشمه‌رجی ئه‌نفال و کرداری کۆکوژانهیه، ئیمکانی سه‌ره‌کی ئیتۆسی رادیکاڵی به‌رپرسیارێتی و هاوسۆزیی مرۆڤانه ده‌هێنێته ئاراوه.
هه‌موو کردارێکی دژه‌مرۆڤانه وه‌کوو کۆکوژی له پێکهاته‌ی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤ و "ئه‌ویدی"دا روو ئه‌دات. ئه‌ویدی "خۆ"یه‌کی تر نییه که په‌ره‌ی ئه‌ستاندبێ، ئه‌ویدی "ش ت"ێکی دهسپێڕانهگهیشتوو و نائه‌قڵانییه که خه‌سارمه‌ندی و لاوازیی بنه‌مایی مرۆڤ ئاشکرا ده‌کات و هاوکات ئیمکانی به‌مرۆڤبوونی مرۆڤ ده‌ڕه‌خسێنێت. که‌وایه خهسارگریی بنه‌ڕه‌تیی مرۆڤ واته ئه‌م راستییه که مرۆڤ هه‌ر کاتوساتێک له‌هه‌مبه‌ر هه‌ژمه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌ویدیدا لانه‌واز و بێده‌ره‌تانه، به‌رپرسیاره‌تی و ئه‌رکی مرۆڤه‌کان له‌هه‌مبه‌ر یه‌کتردا بونیاد ده‌نێت. ئاشۆویتس، هیرۆشیما، ئه‌نفال و...هاوکات هه‌م ناوه‌کی مه‌ترسیداری ئه‌ویدی واته حوزووری خه‌سارهێنه‌ر و نه‌ناسی "هاوسا" ئاشکرا ده‌که‌ن و هه‌م به‌رپرسیاریی و بهرسازدراویی ئه‌م دیترییه هه‌ژێنه‌ره به‌رهه‌م دێنن. که‌وایه له درێژه‌ی ئه‌و بیرۆکه ئادۆرنۆیییهدا که "شیعروتن پاش ئه‌نفال گیرۆده‌ی دۆخی نه‌کران و ناموومکینی هاتووه"؛ له‌م رۆچنه‌وه، تاریکستانی ئه‌نفاله به‌دناوه‌کان، ئیمکانی روودان و به‌رسازدانی رۆژگارێکی ئه‌مه‌گدار و هه‌ستیار به هه‌بوونی مرۆڤ ده‌ڕه‌خسێنێت. ئه‌وه‌ی که ئه‌نفال و ئاشۆویتس هه‌بوون و شوناسی مرۆڤ مومکین ده‌که‌ن ئاماژه‌ده‌ری ئه‌و راستییه‌ن که مرۆڤنا(inhuman)1 (نه به‌واتای نامرۆڤ[دژه‌مرۆڤ]:"خودا یان حه‌یوان")، ئه‌و که‌لێنه بنهماییهیه که له هه‌ناوی مرۆڤدا جێگای گرتووه و نه‌وه‌ک ته‌نگه‌به‌رییه‌کی ئاکاری، به‌ڵکوو ئاوه‌ڵابوونێکی ئه‌خلاقییه که ئیتۆسی رادیکاڵی به‌رپرسیارێتی ده‌خوڵقێنێت. ئادۆرنۆ دۆخی دژوازی نامومکینبوونی وه‌سفکردن و ده‌نگهه‌ڵبڕین له‌هه‌مبه‌ر کاره‌ساته‌وه به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی قووڵایی به‌رپرسیاربوونی پاشماوه‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌رکی بیرکه‌ره‌وه‌کانی ئه‌و مه‌رگه‌ساته ئاماژه پێبدات؛ ئه‌م بڕیاره‌ش که "شه‌وی ئه‌نفال"، پێشمه‌رجه‌کانی رووناکایی مرۆڤی ده‌روه‌ست و هه‌ستیار به مافی "هاوسا" رۆده‌نێت، ئاماژه به ناهاوسه‌نگی و دژوازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی ده‌کات که وه‌کوو ئاخێزگه‌ی پراکتیسی رادیکاڵی "به‌رپرسیارێتی"؛ رێگایه‌ک بۆ ئه‌گه‌ری "نا-شیعروتن" و "نا-کردار نواندن"ی نه‌وه‌کانی پاش ئه‌نفال ده‌کاته‌وه.
2. له گوتاری "ئه‌نفال"دا باشترین کورد(هاوسا)، کوردی مردوه!
چی ده‌توانێت هه‌ژمه‌تی رووخێنه‌ری ئه‌ویدی، واته دۆخی لاواز و خهسارکهوتی بنه‌مایی مرۆڤ هه‌ڵپه‌سێرێت؟ بێگومان ته‌نیا نێوه‌نجی "ئه‌ویدی سێمبۆلیک" واته ئه‌و یاسا و رێسا فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌یه که زه‌بر و شهپۆکی ترۆمای ئه‌ویدی واقیعی، راگیر ده‌کات و حوزووری راسته‌وخۆی خه‌ساره‌کانی وه‌دوا ده‌خات. ئه‌گه‌ر ئێمه هیچ خاڵێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیدا نه‌دۆزینه‌وه واته ته‌نانه‌ت وه‌رگێڕانی زمان و راڤه‌ی مه‌یل و گوتاری ئه‌و مومکین نه‌بێت(نه‌بوونی میدیۆم)، روومه‌تی هاوسا له "ش ت"ێکی بێڕوخسار و مه‌ترسیداردا رۆده‌چێت و حوزووری بێنێوهنجی ترۆما، به‌ره‌وڕووی مه‌ترسییه‌کی "وههمئاسا"مان ده‌کاته‌وه.
کاتێک تێگه‌یشتن و به‌رپرسیارێتی له‌هه‌مبه‌ر "هاوسا" تووشی بنبه‌ست ده‌بێت ئه‌م "ش ت"ه مه‌ترسیداره له شێوازی داموده‌زگای سه‌رکوتکار و کۆمه‌ڵکوژدا خۆ ده‌نوێنێت و مرۆڤه‌کانی به‌رمه‌به‌ست تا ئاستی بوونه‌وه‌رانێکی دزێو و بێ‌نرخ و تووڕدراو داده‌به‌زێنێت. قانوون و کۆشک له رۆمانه‌کانی "کافکا"دا هێمای بهرزهجێبوونهوهی ئه‌و "ش ت"ه هه‌ژێنه‌ر و وههمئاسایهن که له دۆخی هه‌ڵپه‌سێردراویی سیسته‌می سێمبۆلیک(پێوه‌ندی و تێگه‌یشتن)دا هه‌بوونایه‌تی مرۆڤ، تا ئاستی بووونهوهرێکی ده‌سته‌مۆ و شیاوی گاڵته‌پێکردن و لاقه‌کردن و کوشتن داده‌شکێنن. که‌وتنه‌کاری ماشینی مه‌رگ و داموده‌زگای سه‌ربازیی به‌عس، بهئهنجامگهیشتن و ئاکچواڵبوونی ئه‌و "ش ت" ه سامناک و دڵکوته بوون که له غیابی دۆخی تێگه‌یشتن و به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقیدا هه‌وڵیاندا مه‌یلێکی نامومکین به‌جێبێنن و که‌لێنێکی بنه‌مایی و ئانتالۆژیک به شێوه‌یه‌کی واقیعی و ئابژێکتیڤ پڕبکه‌نه‌وه. ماشینی مه‌رگی ئه‌نفال، ئه‌نفالکراوه‌کانی له به‌ستێنی فه‌رهه‌نگی و سیمبۆلیکی خۆیان داده‌ماڵی و دهیانیکرد به جه‌سته‌یه‌کی رووت و قووت و برسی، جه‌سته‌گه‌لێک که له ناونیشان و ره‌گه‌ز و که‌سایه‌تییان داده‌ماڵران و وه‌کوو لاشه‌یه‌کی زیندووبهچاڵکراو و سهگخواردوو، بێسه‌روشوێن ده‌کران. که‌وایه ئاپاراتووسی بیرۆکراتیک و قاوغی رووخسارمهندی ئه‌و ناوه‌که مه‌ترسیدار و خهسارهێنهره، له مرۆڤێکی کوردی خاوه‌ن ره‌گه‌ز و ناونیشان، فیگۆرێکی نووقمهسار و بێسه‌روشوێن به‌رهه‌م دێنێت که ته‌نیا به کڕاکهیهکی کونکونکراو و پێشهوپڵان و جلوبه‌رگێکی پرتووکاوهوه ده‌ناسرێته‌وه. فیگوری ئه‌نفالکراو، موزێلمهن2(Muselman)ێکی "نهزیندوو/نه‌مردوو"ه که تا راده‌ی مرۆڤنا؛ ئاستی مردوویه‌کی جووڵه‌که‌ر و جه‌سته‌یه‌کی وشکهه‌ڵگه‌ڕاو و تێکشکێندراو دابه‌زیوه و له‌نێو ئوردووگاکانی مه‌رگی "تۆپزاوا" و "نۆگره‌سه‌لمان"دا چاره‌نووسی کۆتایی خۆی؛ واته شوناسی ئه‌نفالکراو(بێسه‌روشوێن) وه‌رده‌گرێت. که‌وایه له گوتاری ئه‌نفالدا سووژه‌ی کورد کاتێ شێوازی مرۆڤ به خۆوه ده‌گرێت، که له ته‌واوی پێوه‌ره‌کانی مرۆڤبوون داده‌ماڵرێت و وه‌کوو فیگۆری "ئۆدرادێک"3ی کافکایی(“odradek “:زێدهیهکی نه‌مر، قالۆنچه، کۆمپشت) یان هۆمۆساکێری ئاگامبێنی، شێوازی مرۆڤنا، واته ئه‌نفالکراوی بۆ دابین ده‌کرێت.
3. ئه‌نفال نه له نه‌بوونی ئاکار، به‌ڵکوو له نه‌بوونی بابه‌تی سیاسی(the political)دا روو ئه‌دات!
له ئیستراتێژی ئاکارمهندی "لویناس"دا هه‌وڵ ده‌درێت به پێی پێوه‌ندییه‌کی ناهاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ دیتریدا، مه‌ترسی ئه‌ویدی له خۆشه‌ویستی و به‌رپرسیاره‌تییه‌کی بێ‌سنوور و بێبه‌رامبه‌ردا رۆبچێت و ئاکارێکی ئه‌ویدی-خواز بۆ پێش‌گرتن له رقهاوێژی و هاوساکوژی بونیاد بنرێت. ژیژه‌ک پێی وایه له فورمووڵی ناهاوسه‌نگی دوانهبینانهی لویناسدا، سێ(3)یه‌ک حوزووری غایبی هه‌یه واته ته‌نیا به هه‌بوونی ئه‌م لایه‌نی سێهه‌مه‌یه که رووخساری ئه‌ویدی(لایه‌نی دووهه‌م) ده‌رده‌که‌وێت و له فیگۆرێکی مه‌ترسیداره‌وه بۆ هاوسایهکی شیاوی پێوه‌ندی و یارمه‌تی ده‌گۆڕدرێت. هاوسا واته ئه‌ویدیی به‌رئاماژه‌ی بابه‌تی ئاکاریی و کرداری خۆشه‌ویستانه، بهنێوهنجی بابه‌تی سیاسی و ئایدیای به‌رابه‌ری مومکین ده‌بێت، هه‌ر بۆیه له فورمووڵی لویناسدا بۆشایی بابه‌تی گشتی و پراکتیسی سیاسی پڕنه‌کراوه و چاره‌سه‌رنه‌کراو ده‌مێنێته‌وه. جه‌ختکردنی رووت و ره‌ها له‌سه‌ر پێوه‌ندیی ئاکاری له‌هه‌مبه‌ر دیتریدا ناتوانێت پێوه‌ندیی هه‌ستیاری نێوان تاک و کۆمه‌ڵ بخوێنێته‌وه، هه‌ر به‌و بۆنه‌وه به خۆدزینه‌وه له ئاست بابه‌تی سیاسی(سیاسهتسڕینهوه)، مرۆڤه‌کان له مه‌ترسی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی ناوئاخنی دێوهزمهئاسای ئه‌ویدیدا ته‌نیا و نه‌پارێزراو ده‌مێننه‌وه. که‌وایه کاتێک دیارده‌کان و هه‌روه‌ها بابه‌ته گشتی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له بازنه‌ی هێژمۆنی و به‌سیاسیبوون وه‌لاده‌نرێن و گه‌وهه‌رێکی سه‌قامگرتوو و نهگۆڕدراویان بۆ ره‌چاو ده‌کرێت واته له ئاست گۆڕه‌پانی ململانێ و مشتومڕی سیاسی سه‌رتر داده‌نرێن، دژایه‌تی و ئانتاگوونیزمی بنه‌مایی له گوتاری ئایدۆلۆژیکدا نه‌فی ده‌بێته‌وه و گشتێکی وه‌همی له شێوازه‌کانی "نه‌ته‌وه‌ی پاک و خاوێن"، "نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی خودا و گه‌ل و نیشتمان"، "رێبه‌ر و حیزبی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی بێ‌سنوور" حه‌قیقه‌ت و ره‌واییه‌کی بانمێژوویی پێده‌به‌خشرێت و به سڕینه‌وه‌ی "بابه‌تی سیاسی"، بێپه‌نایی و خهسارگریی بنه‌مایی ئه‌ویدی و هاوسا له شێوازی واقیعیدا به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن. کاتێک له پرۆسێسی سیاسهتسڕینهوهدا دیارده‌کانی نه‌ته‌وه، ره‌گه‌ز، زمان، ماف و ... تووشی داخراویی واتایی و بنبه‌ستی پێناسه‌کردنه‌وه و ئاپۆریای ههمبازئهندێشی ده‌بنه‌وه، پێوه‌ندی نێوان من و ئه‌ویدی له شێوازی پێوه‌ندی نێوان "ئه‌نفالچی" و "ئه‌نفالکراو"دا سه‌رهه‌ڵئه‌داته‌وه و رووخساری ئه‌ویندارانه‌ی هاوسا له بێڕووخساریی کوشنده‌ی مرۆڤکوژدا رۆدهچێتهوه.
4. ژیان مرد، بژی ژیان...
ئه‌نفالچی چ پێوه‌ندییه‌کی به مه‌رگه‌وه هه‌یه و چلۆن ئابووریی مردن رێکده‌خات؟
فرۆید پێی وایه دیکتاتۆره‌کان و کۆمهڵکوژان له ژێر مه‌ترسی مه‌رگی خۆیاندا واته له رووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ بیره‌وه‌ری دڵهه‌ژێنی مه‌رگدا، ده‌ست بۆ کوشتن ده‌به‌ن و به مهرگئاژۆکردنی دیتران، خه‌ونی رزگاری له مه‌رگ ده‌بیننه‌وه. ئه‌م راستییه بریتییه له تێزی سه‌ره‌کی خۆکوژی و دیکوژی که ئیمکانی روودانی مه‌رگ به‌رجه‌سته ده‌کاته‌وه و ره‌وتی ئابووری مه‌رگی پێ رێکده‌خات. به پێی ئامۆژگارییه‌کی "لویناسی/ بلانشۆیی"4، مرۆڤ له نێوانی دوو لێژایی "ئیمکانی مه‌رگ/ نامومکینی مه‌رگ"دا قه‌تیس که‌وتووه و دڵه‌ڕاوکێ و ترسه‌کانی نه له مه‌رگ به‌ڵکوو له نامومکینی مه‌رگ و مردنێکی هه‌ررۆژه‌ی ئه‌به‌دییه. ئه‌نفالچی به ئه‌نفالکردنی قوربانی ده‌یهه‌وێت ئیمکانی مه‌رگ و کۆتایی بسه‌لمێنێت(هه‌روه‌ها مه‌به‌ستی خۆکوژ)، به‌ڵام له ئاکامدا به‌ره‌وڕووی حه‌قیقه‌تی نامومکینیی مه‌رگ ده‌بێته‌وه و به‌م چه‌شنه پرۆژه‌ی به‌ئاکامگه‌یاندنی مه‌رگ تووشی نسکۆ ده‌بێت.
ئه‌نفالکراوه‌کان له شێوازی ئاسه‌واری گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کاندا، له هه‌ناوی ئاره‌زووکردنی مردن یان نه‌مردندا، له هێمای بیره‌وه‌ری گشتی و هاوبه‌شدا به‌رده‌وام درێژه‌یان هه‌یه؛ ئه‌نفالکراوه‌کان له دژوازی (نا)مومکینبوونی مردن‌دا، به‌ره‌وڕووی ئاسۆی "داهاتوویه‌کی بێ‌سنوور و که‌شوهه‌وای شه‌وی تر"5 ده‌کرێنه‌وه. نامومکینبوونی مه‌رگ هه‌روه‌ها به‌ره‌وڕووی ئهنفالچیهکانیش ده‌بێته‌وه؛ ئه‌وه‌ی که ئاپاراتووسه‌کانی ئه‌نفال نه‌یانتوانیوه مه‌رگ و کۆتایی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک به‌رهه‌م بێنن، ئه‌وه‌ی که تاوانباران به‌رده‌وام به‌ره‌وڕووی بیره‌وه‌ریی سه‌رکوتکراوی خۆیان ده‌بنه‌وه؛ و به گشتی ئه‌و راستییه که به پێی بڕیارێکی "لاکان"ی؛ مه‌یل، واته مه‌یلی مه‌رگ به شێوه‌یه‌کی بهرئاوهژۆ په‌یامی خۆی له ئه‌ویدی ده‌گرێته‌وه(به‌ره‌وڕووی ئاکامی کرداری خۆی ده‌بێته‌وه)، که‌وایه مه‌رگ ته‌نیا ئیمکانی مردن بۆ ئه‌ویدی نییه؛ مه‌رگ، چاره‌نووسێکی نامومکینه که به شێوه‌یه‌کی پارادۆکسیکاڵ به‌رده‌وام روو ئه‌دات و هیچکاتیش به‌ئه‌نجام ناگات!
ئایا پاش ئه‌نفال ژیان مردوه و هیچ گێڕانه‌وه‌یه‌ک ناتوانێت حه‌قی ئه‌نفالکراوه‌کان بداته‌وه؟ ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌ک که بنبه‌ست و نامومکینبوونی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات ده‌نوێنێته‌وه ده‌توانێت ده‌نگێکی هیوابه‌خش به‌رز بکاته‌وه. رێزمانی ناتوانیی ده‌ربڕینی واتا و بێواتابوونی واتا، ده‌توانێت گوتاری رزگاری رزگار بکات؛ که‌وایه هه‌رچه‌شنه نواندنه‌وه‌ی واتامهندی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال له درێژه‌ی لۆژیکی ئه‌و داموده‌زگایه‌دا ده‌ڕواته پێش که رێگای خوڵقاندنی کاره‌ساتی ئه‌نفالی خۆش کردوه6. چ رێزمان و ئیماژێکی ئه‌ده‌بی ده‌توانێت مردنی ژیان وێنا بکات؟ رێزمانێک که بێواتابوونی واتا نه له رێگای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی واتایه‌کی نوێ، به‌ڵکوو به نواندن و ده‌رخستنی ئه‌و راوه‌ستان و بنبه‌سته بنه‌ماییه نومایش ده‌کات. واته ته‌نیا وێنایه‌ک که ده‌یهه‌وێت به شێوه‌یه‌کی نامومکین ژیان له دڵی مه‌رگه‌وه ده‌ربهاوێت؛ ژیانێکی مهرگئاژۆ که بهرتهسکبوونی هه‌ستی و ئاوابوونی هه‌بوونی خۆی به ئامێزێکی ئاوه‌ڵاوه وه‌رده‌گرێت و به‌م چه‌شنه (نا)مومکینبوونی بنه‌مایی مه‌رگ ره‌وایه‌ت ده‌کاته‌وه.
1. پاش کانت بهرانبهرکێیی دووجه‌مسه‌ریی مرۆڤ(human)/ نامرۆڤ(nonhuman)، له لایه‌ن به‌ستێنێکی نادیار و پێناسهههڵنهگرهوه واته بواری مرۆڤنا(inhuman)، بنه‌ماشکێنی ده‌کرێت و به‌م پێیه پێناسه‌ی کلاسیکی مرۆڤ تووشی وه‌رچه‌رخانێکی بنه‌مایی ده‌بێت:" به‌ستێنی بێسیما و دیاریکه‌ری خهسارگریی بنه‌مایی مرۆڤ، زێدهیهکی مه‌ترسیهێنه‌ر که له هه‌مبه‌ر مرۆڤدا رانه‌وه‌ستاوه به‌ڵکوو ناوه‌کی گه‌وهه‌ریی مرۆڤه"،
"ئه‌و مرۆڤ نییه" هاوواتای "ئه‌و مرۆڤنایه"، نییه. "ئه‌و مرۆڤ نییه" ته‌نیا به‌و واتایه که ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مرۆڤبوونه وه‌کوو ئاژه‌ڵبوون یان خودابوون، له کاتێکدا که "ئه‌و مرۆڤنایه" واتایه‌کی ته‌واو جیاوازی هه‌یه، واته ئه‌و نه مرۆڤه و نه نامرۆڤ، به‌ڵکوو زێدهیهکی مهترسیهێنهری له‌گه‌ڵدایه که هه‌رچه‌نده له ئاڕاسته‌ی نه‌لێکردنی مرۆڤایه‌تیدا ده‌ڕواته پێش به‌ڵام له مرۆڤبوون جیا نابێته‌وه .(ژیژک، سانتنر، راینهارد(1392)همسایه، ترجمهی فتاح محمدی، زنجان: نشر هزارهی سوم، ل271و272)
2. ناوێکی سه‌مبۆلیکه بۆ ئه‌و به‌ندکراوانه‌ی ئوردووگاکانی مه‌رگی نازییه‌کان که پێش مردنی جه‌سته‌یی تووشی مه‌رگی سه‌مبولیک ده‌هاتن و به شێوه‌یه‌ک له مه‌ودای نێوان مه‌رگ و ژیاندا په‌له‌قاژه‌یان ده‌کرد. موزێلمانهکان له ته‌واوی شوناس و که‌سایه‌تی مرۆڤانه داده‌ماڵران و وه‌کوو ئۆبژه‌یه‌کی بێ‌نرخ و پیس و گڵاو سه‌یر ده‌کران. ئه‌م چه‌شنه فیگورانه که ئاگامبێن پاش وه‌سفه‌کانی "پریمۆ لێڤی"، به به‌رهه‌می لۆژیکی ئۆردووگا ناویان لێده‌بات له دۆخێکی ئاوارته‌دا و له ئاکامی دژوازی ژیانی ئوردوگا و ده‌سه‌ڵاتی قانوونه‌وه ژینێکی رووتهڵیان بۆ دابین ده‌کرا.
"ئاگامبێن موزێلمهن به چه‌شنێک شاهیدی ره‌ها/نامومکین ده‌زانێت: موزێلمهن ته‌نیا که‌سێکه که له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی شاهیدی مه‌ترسییه‌کانی ئوردووگا بووه و، هه‌ر به‌م پێیه، ناتوانێ شه‌هاده‌تی له‌سه‌ر بدات. گوایه "هه‌تاوی ره‌ش"ی مه‌ترسییه‌ک که دیتوویه‌تی، موزێلمهنی سووتاندوه."(هه‌مان، ل 273)
3. " ئۆدرادێک، وه‌کوو زنجیره‌یه‌ک له قاره‌مانه‌کانی تری کافکا، ته‌نیا کاتێک شێوازی مرۆڤ به‌خۆوه ده‌گرێت که چیدی (به گۆڕانی خۆی به قالۆنچه، یان قڕقڕه، یان هه‌ر شتێکی تر) هاوشێوه‌ی هه‌بوونێکی مرۆڤانه نییه...هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌کی له داستانی کافکادا""(یان باوک یان خراپتر)(لاکان)ه: ئۆدرادێک هه‌مان "خراپتر" وه‌کوو ئاڵترناتیوی باوکه."(هه‌مان، ل283و284)
4. "بیرۆکه‌ی دژه هایدگێریی ئیلیا(لویناس): ترس نه ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌رگ- هه‌بوون به‌ره‌و مه‌رگ- به‌ڵکوو ترس له هه‌مبه‌ر خودی هه‌ستی، و گیرۆده‌بوونی هه‌ستی و نامومکینی مه‌رگه."(کریچلی (1393) خیلی کم...تقریبا هیچ، ترجمهی لیلا کوچکمنش، تهران: رخداد ن‌و.ل 117)
5. "شه‌وی تر: شه‌وێک که رێگای خه‌وتن وه‌کوو مه‌ودایه‌کی ده‌ربازبوونمان لێده‌گرێت، له شه‌وی تردا، نه ده‌توانی بخه‌وی و نه ده‌توانی بمری، به‌وبۆنه‌وه که شتێکی به‌هێزتر له مه‌رگ له‌ئارادایه..حه‌قیقه‌تی ئاسایی گیرۆده‌بوونی هه‌ستی، به بێ هیچ رێگای ده‌ربازبوونێک، شتێک که بلانشۆ له به‌رانبه‌ر مه‌رگدا، ناوی مردنی به‌رده‌وامی لێده‌نێت: نامومکینبوونی مه‌رگ."(هه‌مان، ل 84)
6. "ئادۆرنۆ(رزگاریی نامومکین): ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌یه‌ک که ده‌توانی له هه‌مبه‌ر ناهومێدیدا به شێوه‌یه‌کی به‌رپرسانه تاقیبکه‌یته‌وه، هه‌وڵ بۆ تێڕامان له‌سه‌ر هه‌موو شتێ له گۆشه‌نیگای رزگارییهوهیه...ته‌نیا بێکێت توانیویه په‌رچه‌کرداری گونجاو بۆ ئوردووگاکانی مه‌رگ بهێنێته ئاراوه، په‌رچه‌کردارێک که تێیدا هیچ ناولێنانێک نییه، چما له‌ژێر رێگرتنێک بۆ وێناندن حه‌شار دراوه، شتێ که خۆی هاوچه‌شنی ئوردووگای مه‌رگه."(هه‌مان، ل 66و71)
په یوه ندی