- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
درێژه‌دادڕی فه‌لسه‌فییانه له غیابی ده‌ق و به‌ڵگه‌دا
<<خوێندنهوهیەک بۆ ڕوانگه‌ی فاروق ره‌فیق سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی کوردی>>
ئیسماعیل مەحموودی
زانست که‌م مه‌ترسیداره،
یان بینی پێوه نێ یان هه‌رگیز لێو مه‌نێ به کانیاوی« پیرا »[1]وه
[2]ئه‌لێکساندر پووپ(1744 -1688 )
پێشه‌کی:
ئه‌م یادداشته،خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕەخنەگرانهیە بۆ وتارێكی «فاروق ره‌فیق»[3] سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی کوردی . یادداشته‌كه له دوو به‌شدا ئاراسته ده‌کرێت ؛ به‌شی یه‌که‌م: نووسینه‌وه‌یه‌كی پوختی ڕا و بۆچوونه‌کانی نووسه‌ره له وتاری « ناسیۆنالیزم و کوردایه‌تی(به‌ره‌و پاردایمی نوێ)»[4] وە به‌شی دووهه‌م: خه‌سارناسی و خوێندنهوهیەکە بۆ وتاره‌كه‌ی نووسه‌ر ، کە له دوو ئاستی میتۆد وناوهرۆکدا ده‌خرێته به‌رباس و لێکۆڵینه‌وه.به گشتی ئه‌م یادداشته ده‌یهه‌وێ بڵێت:نه‌بوونی پەیوه‌ندییه‌كی لۆژیکی له كۆی وتاره‌كه‌ی نووسه‌ردا وە هه‌روه‌ها نه‌بوونی بەڵگاندنی لۆژیکی له باسه‌كه‌دا و به واتایه‌كی تر میتۆدلۆژیك نه‌بوونی وتاره‌كه ،نووسه‌ری له‌باتی توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌ره‌و نووسینه‌وه‌ی تیۆری پارادایم و داستانی گه‌وره و به گشتی قسه‌كردن و رەفزكردنی نازانستیانه هانداوه ؛ كه دواتر به وردی له سه‌ریان ڕاوستە دەکەین.
1)به‌شی یه‌که‌م:
بابه‌ته‌که‌ی نووسه‌ر، له (47) لاپەڕهدا پێشکه‌ش کراوه. چوار لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تایی، باس له گوتاری به‌زه‌یی و گرفته‌کان و ڕهفزکردنەوەی گوتاری به‌زه‌یی ده‌كات(لا:140-137 ) و دوو لاپەڕهش باس له میتۆدی باسه‌که ( تا ل142 کتێبه‌که ). سیانزه لاپه‌ڕه (تا 156 ) ته‌رخانکراوه به نووسینه‌وه و وتنه‌وه‌ی پارادایمی «کوهن».شه‌ش لاپه‌ڕه‌ش(تا 162 ) باس له ناسیۆنالیزم به گشتی ده‌کات.دوانزه لاپه‌ڕه‌ش پێناسه‌کردنی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی ستراتێژیک/ فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی تاکتیکە.درشته ڕامیاری و ورده ڕامیاری (تا 174 ) و شه‌ش لاپه‌ڕه‌ش(تا181 ) تایبه‌ته به باسکردن له «داستانی گه‌وره»ی لیوتار و پارادایم و دوو لاپه‌ڕه‌ی کۆتاییش،پارادایمی کوردایه‌تی وناسیۆنالیزمی کوردی رهفزدهکاتهوه.
ئهلف)گوتار یان سیاسه‌تی به‌زه‌یی:
وتاره‌که‌ی نووسه‌ر به باس و ڕەخنە له گوتاری به‌زه‌یی ده‌ستپێده‌کات.نووسه‌ر به ئاراسته‌کردنی ئه‌م پرسیاره،خوێنه‌ر ئاماده‌ی باسێكی جیددی ده‌کات.(( ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه بڵێین ئیدی((سه‌رده‌می سیاسه‌تی به‌زه‌یی به‌سه‌رچووه))؟(ره‌فیق،2006،379)که‌واته مه‌سه‌له‌ی نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا ره‌فزکردنی گوتاری به‌زه‌ییه.لای نووسه‌ر(( سیاسه‌تی به‌زه‌یی،گوتاری به‌زه‌یی ئه‌و سیاسه‌ته،ئه‌و گوتاره‌یه،كه له گه‌ڵ سۆز ڕووبه‌ڕووه،که یاری به سۆز ده‌کا و چه‌قی هه‌قانیه‌ت یان ڕه‌وایه‌تی خۆی له سه‌ر سۆز داده‌نێت..))(هه‌مان:،137) وە ئامانجی سیاسه‌تی به‌زه‌یی به ڕای فاروق ره‌فیق: ((عه‌قڵ و عه‌قڵانیه‌ت له گه‌مه‌که ده‌کاته ده‌ره‌وه،لاوازی ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌شاردرێته‌وه.ئالێره‌وه گوتاری به‌زه‌یی گوتارێکی ناعه‌قڵانی و سه‌ربه هێزێکی دژه-چالاکه(ره‌فیق: 137)نووسه‌ر سێ گرفتی سه‌ره‌کی بۆ گوتاری به‌زه‌یی ده‌ست نیشانده‌کات : (( ڕێگه‌نه‌دان به گه‌شه‌کردنی بۆچوونی زانستی و تێگه‌یشتنی زانستیانه‌ی کێشه‌ی کورد و واقیعی کوردی،ڕێگه گرتن له به‌رده‌م تێگه‌یشتنی خودی کورددا بۆ خۆی،واته خودی کورد،که‌مترین بواری بۆ ڕه‌خساوه،که له خۆی بگا و مێژووی خۆی بخوێنێته‌وه،دوور له ئه‌فسانه و گه‌وره‌کردن و هه‌لئاوسانی خود یا بچووککردنه‌وه‌ی خود تا ڕاده‌یه‌کی ترسناک-پشتبه‌ستن به کاره‌سات و پێویستی بوونی کاره‌سات بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م گوتاره(ره‌فیق،هه‌مان :138 -139)
نووسەر پێیواییه گوتاری به‌زه‌یی ناسنامه‌ی سه‌ره‌کی مێژووی سیاسی هاوچه‌رخی کوردستانه و له‌م باره‌وه ده‌ڵێت:((بێ دوودڵی ده‌ڵێم له دنیای کوردیش‌دا قسه‌کردن له سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی و تراژیدیای کورد و ڕووداو کاره‌ساته‌کانی چه‌رخی بیسته‌م و سه‌رتاپا مێژووی کورد و گوتاری کوردایه‌تی خۆی پشت به سیاسه‌تی به‌زه‌یی ده‌به‌ستێت یا ده‌ربڕی گوتاری به‌زه‌ییه،گوتارێک که پێمان ده‌ڵێ((کورد غه‌دری لێکراوه)) و پێمان ده‌ڵێ((کورد هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه بۆته نێچیری دراوسێ دڕنده‌کانی))و پێمان ده‌ڵێ((خاکی کورد به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شبووه‌و هێزه گه‌وره‌کانی دنیا لێپرسراوهن له‌م هه‌ڵه مێژوویییهو هه‌رخۆشیان ده‌توانن چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه،بۆ ئه‌م گوناهه‌ی،کهبهرامبهرمانکراوه بدۆزنه‌وه.( ره‌فیق،هه‌مان :138 )
ب) کوردایه‌تی چییه؟
به‌رای نووسه‌ر کوردایه‌تی گوتار و ماتۆری ناسیۆنالیزمی کوردییه و سروشت و پێکهاته و جه‌وهه‌ری ئه‌م هێزه کێشهدارەیه ، چونکه دژ به ژیانه و له‌م باره‌وه ده‌نووسێت:((کوردایه‌تی وه‌ک گوتاری ناسیۆنالیستی،وه‌ک مۆتۆرێک له پشتی ئه‌و ڕووداو و ڕاپه‌رین و کاره‌ساتانه‌وه کاریکردوه- کێشه‌که له مهدانیه،به‌ڵکو کێشه‌که له سروشتی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه و پێکهاتووه‌کانی ئه‌و گوتاره‌دایه.کێشه‌که له جیهانبینی و سیستمی به‌هاکانی ئه‌و گوتار‌و ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دایه،کێشه‌که له جه‌وهه‌ری ئه‌و هێزه‌دایه، کهبزوێنهری کوردایه‌تی بووه‌و هه‌یه.ئه‌و هێزه‌ش،هێزێکی چالاک و بگۆو بڵندگۆی ((ئه‌ری گووتنی ژیان-به‌ڵێ بۆ ژیان)) نه‌بوو،به‌ڵکو هێزێکی ناچالاک و نه‌هلیستی و دژ به ژیان بووه.))( ره‌فیق،هه‌مان :140)و له درێژەدا سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی کوردی ئه‌ڵێت:ناسیۆنالیزمی کوردی پارادایمه و کوردایه‌تی گوتاری پارادایمی ناسیونالیزمی کوردیه و یه‌کێک له هه‌ره قوربانیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی،تاکه‌که‌سی کورد و مرۆڤی کورده،...کوردایه‌تی تاکه‌که‌سی کوردی ئیفلیجکردوهو و هه‌موو تواناکانی لێسهندۆتهوه.ئه‌مه‌ش له جه‌وهه‌ری هێزی ده‌سه‌ڵاتدار و دهستبهسهراگرتووی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌وه هاتووه.که جه‌وهه‌رێکی خێڵه‌کیانه و هێزێکی خێڵهکییهو سه‌ربه سیستمێکی وه‌هایه که تێیدا تاکه‌که‌س شوێنێکی نیه‌و تاکه‌که‌س ئامانج نیه به‌ڵکو هۆکاره بۆ ئامانجی دی.))( ره‌فیق :140)لیره‌وه فاروق روفیق ده‌ڵێت:(( گوتاری کوردایه‌تی و شوێن و فه‌زای ئه‌و گوتاره دیاریبکه‌م و بیخوێنمه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی به‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده سیاسی و فیکری و ئهخلاقیهکانیهوه له ڕێگه‌ی چه‌ند چه‌مکێکه‌وه دیاریبکه‌م))( ره‌فیق :140 ) وە به واتایه‌کی تر،فاروهق ده‌یه‌وی ناسیۆنالیزمی کوردی له رێگه‌ی ((چه‌مکی پارادایم،ورده ڕامیاری،درشته ڕامیاری،فه‌لسه‌فه‌ی ستراتێژیک،فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی تاکتیک)) بخوێنیته‌وه و پاساوی بۆ ئه‌م خوێندنه‌وه ئه‌ویه(( دورهپهرێزییه له میتۆدی باو بۆ قسه‌کردن له سه‌ر ناسیۆنالیزم))( ره‌فیق،هه‌مان: 141 ) و هه‌ر له‌م باره‌وه ده‌ڵێ(( دوو مه‌به‌ستم هه‌یه،یه‌که‌ک مامه‌ڵه‌کردن له گه‌ڵ کوردایه‌تی وه‌ک پارادایمێک،پارادایمێکی سیاسی، دووهه‌م: مامه‌ڵه کردن له گه‌ڵ کوردایه‌تی وه‌ک پارادایمێک.ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له مه‌ڕ کوردایه‌تیه‌وه ده‌مه‌وێ له ڕ ێگه‌ی ئه‌م باسه‌وه پێیبگه‌م ئه‌وه‌یه که کوردایه‌تی وه‌ک پاراداێمیک، وه‌ک پارادایمێکی کارکردنی سیاسی و وه‌ک جیهانبینییه‌ک لهکارکهوتوهو پێویسته تهجاوزبکرێت له ڕێگه‌ی هێنانه کایه‌یی پارادایمێکی تازه‌وه))( ره‌فیق،هه‌مان :142)
به گشتی ڕاوبۆچوونی فاروق ره‌فیق سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی ده‌توانین ئاوه‌ها خڕبکه‌ینه‌وه:((گوتاری کوردایه‌تی،گوتاری به‌زه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و لێره‌وه که سێ گرفتی هه‌یه و سه‌ره‌نجام که تاکه‌کانی کورد ئه‌کوژیت و به‌ربه‌ستی گێرانه‌وه‌ی داستان بچووکه‌کانی تاکی کورد و تێکه‌ڵ بوون به‌و داستانه گه‌وره‌یه و ملیۆنێکیش که بوونه‌ته قوربانی ئه‌م داستان گه‌وریه هه‌قمانه بپرسین بۆ؟کوردایه‌تی بۆ؟))( ره‌فیق،هه‌مان : 183) و به کورتی :((کوردایه‌تی وه‌ک پارادایمێکی له کارکه‌وتوو پێویستی به ته‌جاوزکردنه له ڕێگه‌ی هێنانه کایه‌وه‌ی پارادایمێکی تازه‌وه)) (ره‌فیق ، هه‌مان:142)
2)خه‌سارناسی:
ئهلف)کێشه‌ی میتۆد:
له ڕووی میتۆده‌وه،ته‌رخانكردنی 40 لاپه‌ڕه له وتارێكی 47 لاپهڕهیدا به وتنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی تیۆری( پارادایم و داستانی گه‌وره ، وورده ڕامیاری و...) و نه‌بوونی پەیوەندییه‌كی لۆژیکی نێوان (مه‌سه‌له وپرسیار و گریمانه‌ی بابه‌ته‌که) و هه‌روه‌ها پەیوەندییه‌كی مانایی و زەیینی له نێوان زاراراوهکان و باسه‌که، ( وه‌ک گوتاری به‌زه‌یی له گه‌ڵ داستانی گه‌وره‌ی لیۆتار وپارادایمی کوهن ، ناسیۆنالیزمی کوردی له گه‌ڵ درشته ڕامیاری و وردهڕامیای)دا،غیابی بەڵگاندنی لۆژیکی ((ده‌بێ له پارادایمی کوردایه‌تی تهجاووزبکرێت چوونکه بووته هۆی کۆشتنی تاکی کوردی))،ریزبه‌ندی نه‌کردنی بابه‌ته‌که و پێناسه‌نه‌کردنی چه‌مکه‌کان و سه‌لماندن یان ره‌فزکردنی نالۆژیکی، گرفت وکێشه‌ی سه‌ره‌کی ئه‌م وتاره‌ن که ئاستی وتاره‌که بۆ وتارێکی نازانستی دائه‌به‌زێنێت.
ئه‌م یادداشته ده‌یهه‌وێ بڵێت : نووسینه‌وه‌ی تیۆر و غیابی بەڵگاندنی[5] لۆژیکی بابه‌ته‌که و نه‌بوونی پەیوەندی لۆژیکی لە نێوان ناوه‌رۆکی وتاره‌که‌دا ،پێشانده‌ری کێشه‌ی میتۆد و به واتایه‌کی درووست تر، میتۆدۆلۆژێک نه‌بوونی وتاره‌که‌ی نووسه‌ره.جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه که میتۆدولۆژی ، ڕێسا بۆ پێناسه‌کردن،ریزبه‌ندی ، لێتێگەیشتنی بەراوردیانە (قیاسی)[6] ،شێوازی نموونه‌گرتن و ئانالیزکردن پێشانده‌دات و پێوه‌ره‌کانی عه‌ینییه‌ت و هونه‌ری سه‌لماندنیان روون ده‌کاته‌وه(فرنفکفورد، 81: 4-23)لێره‌وه ده‌توانین بڵێین بابه‌ت وە توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌بێت هه‌ڵگری بەڵگاندنی لۆژیکی ، پێناسه‌کردن،ریزبه‌ندی ، و هتد...بێت ،کە له وتاره‌که‌ی نووسه‌ردا بوونییان نییه و لێره‌دا ئاماژه به چه‌ندین خاڵی گرنگ ده‌که‌ین که پەیوەندیان به کێشه‌ی میتۆدی وتاره‌که‌ی فاروق ره‌فیقه‌وه هه‌یه که بووته هۆی غیابی بەڵگاندنی لۆژیکی و به‌گشتی گرفتهمیتۆدیهکانی وتاره‌که .
1)درێژدادڕی فه‌لسه‌فییانه‌ی خاڵی له به‌ڵگه هێنانه‌وه،دهقخوێندنهوه و زه‌مه‌ن مهندکردنی ڕووداوی مێژوویی :
ناسیۆنالیزمی کوردی،دیارده‌یه‌کی مێژووییه و خاوه‌ن ده‌ق و به‌ڵگه ومێژووی تایبه‌ت و هه‌روه‌ها جوگرافیای زه‌مه‌نی خۆیه‌تی؛ لێره‌وه ناسین و توێژینه‌وه و فامکردن و خه‌سارناسی زانستیانەی ناسیۆنالیزمی کوردی ،پێویستی حه‌تمی به ئاگادار بوونه له مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و ڕه‌وتی مێژوویی ناسیۆنالیزمی کوردی ؛ وە خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و به‌ڵگه و هه‌روه‌ها زهمهنمهندکردنی ڕه‌وتی مێژوویی و ده‌ست نیشانکردنی گوتاره جیاوازه‌کانی ناسیۆنالیزمی کوردییه.
له‌م وتاره‌دا فاروق ره‌فیق، بێ به‌ڵگه و ده‌ق، باس له ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌کات و خوازیاری ته‌جاوزکردن[یه] له ڕێگه‌ی هێنانه کایه‌ی پارادایمێکی تازه‌وه(ره‌فیق،هه‌مان :140) . نووسه‌ر هه‌روه‌ها باس له گوتاری به‌زه‌یی وه‌ک گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌کات وئاوه‌ها پێناسه‌ی ده‌کات و ده‌ڵێت:((گوتارێک که پێمان ده‌ڵێ((کورد غه‌دری لێکراوه)) و پێمان ده‌ڵێ((کورد هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه بۆته نێچیری دراوسێ دڕنده‌کانی))و پێمان ده‌ڵێ((خاکی کورد به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شبووه‌و هێزه گه‌وره‌کانی دنیا لێپرسراوهن له‌م هه‌ڵه مێژوویییه و هه‌رخۆشیان ده‌توانن چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه،بۆ ئه‌م گوناهه‌ی،که بهرامبهرمانکراوه بدۆزنه‌وه)) ئه‌م قسانه سه‌باره‌ت به گوتاری به‌زه‌یی له ده‌قی کۆمه‌ڵگای کوردی پێویستی به ده‌رخستنی به‌ڵگه و ده‌ق هه‌یه و تاوانباركردنی گوتارێك به بێ هێنانی هیج به‌ڵگه و ده‌قێك،بێجگه له درێژدادڕی فه‌لسه‌فییانه ،وە بێمانابوون و دوور له شێوه‌ی زانستی ناتوانی شتێکی دیکه بێت.ده‌بواییه نووسه‌ر ئاگای له‌م راستییه بووبایە که قسه‌کردن له گوتار، پێویستی به ئانالیزی گوتاره‌وه[7] هه‌یه و ئانالیزی گوتار بێ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و هێنانەوەی به‌ڵگه بێ‌مانا و نازانستیانه‌یه، وە نه‌بوونی به‌ڵگه و ده‌ق، نووسه‌ری وتاری به‌ره‌و قسه‌کردن و فهلسهفهلێدوانی رهفزکهرانەوە هانداوه.
به گشتی نووسه‌ر،ناسیۆنالیزم و کوردایه‌تی نه پێناسەدهکات و نه مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردی قوناغ به‌ندی زه‌مه‌نی ده‌کات و هه‌روه‌ها ڕوونی ناکاته‌وه کە قسە لە سەر ناسیۆنالیزمی کام به‌ش له کوردستان ده‌کات، نووسه‌ر،ناسیۆنالیزمی کوردی وه‌کوو گشتێکی ئه‌زه‌لی ته‌ماشا ده‌کات که گوایه له ڕۆژی سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تا ئیستا تووشی هیچ چه‌شنه گۆڕانێ نه‌بووه و به سه‌ریه‌ک هێڵدا تێپه‌ڕیوه و له هه‌ر چواربه‌شی کوردستاندا خاوه‌ن یه‌ک خه‌سڵه‌ت بووه؛ پێناسه نه‌کردن و ڕوون نه‌کردنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی،زه‌مه‌نمه‌ند نه‌کردنی دیارده‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی و دیار نه‌بوونی مه‌به‌ستی فاروق له کام سه‌رده‌می ناسیۆنالیزمی کوردی و هه‌روه‌ها ناسیونالیزمی کام به‌ش له کوردستان، نووسه‌ری تووشی خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی کردوه که دوور له ڕاستی و ئانالیزی زانستییانه‌یه و له ده‌رئه‌نجامدا وتاره‌که‌ی خاڵی له بەڵگاندنی لۆژیکی کردوه و به‌ره‌و ئه‌م ئاکامه هاندراوه که کوردایه‌تی بووته هۆی کوشتنی تاکی کورد و حیکایه‌تی تاکی کورد وە لێره‌وه((هه‌قمانه بپرسین بۆ؟کوردایه‌تی بۆ؟ ))ئه‌م چه‌شنه ئەنجام وەرگرتنه به‌رهه‌می فهلسهفهلێدوانی خاڵی له به‌ڵگه هێنانه‌وه ، ده‌ق خوێندنه‌وه،نازهمهنمهندکردن و مێژوونهزانی و به گشتی غیابی بەڵگاندنی لۆژیکی و نه‌بوونی پەیوەندی لۆژیکی له نێوان بابه‌ته‌که‌ی نووسه‌ره .
2)پێناسه‌نه‌کردنی زاراوه سه‌ره‌کییه‌کان:
کوردایه‌تی ، ژیانی تاکه که‌سی مرۆڤی کورد ، ناسیۆنالیزمی کوردی و گوتار له ریزی ئه‌و وشه سه‌ره‌کییانه‌ن که پێویستیان به پێناسه‌کردن و روونکردنه‌وه هەیه، ئاکامی بۆشایی پێناسه‌نه‌کردنی ئه‌م زاراوانه بۆته هۆی ئالۆزترکردنی باسه‌که و سه‌رلێشێواندنی خوێنه‌ر و بەڵگاندنی نالۆژیکی نووسه‌ر. بۆ وینه: به‌زه‌یی- یه‌ک جار به ناوسیاسه‌ت و یه‌ک جار به ناو گوتار پێناسه‌ی ده‌کات(ره‌فیق،هه‌مان،: 9-137)ناسیۆنالیزمی کوردی: به ناو گوتار و به ناو پارادایم و حیکایه‌تی گه‌وره‌یه( ره‌فیق،هه‌مان،177 )و بزوتنه‌وه ناو ده‌بات(ره‌فیق،هه‌مان :14). کوردایه‌تی به ناو پارادایم( ره‌فیق،هه‌مان:142) گوتاری پارادایمی ناسیۆنالیزمی کوردی (139) و بزوتنه‌وه ناو ده‌بات (ره‌فیق،هه‌مان: 140 )
به گشتی کوردایه‌تی ، ژیانی تاکه که‌سی مرۆڤی کورد ، ناسیۆنالیزمی کوردی و گوتار و بزوتنه‌وه وه‌ك وشه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بابه‌ته،پێویستیان به روونکردنه‌وه و پێناسه کردنه . لادانی نووسه‌ر له‌م مه‌سه‌له گرنگه،هه‌م نووسه‌ری به‌رو بەڵگاندنی نالۆژیکی هانداوه و هه‌م خوێنه‌ری تووشی سه‌رلێشوان کردوه.
4)ناهاوزهمهن خوێندنەوەیی:
مه‌به‌ست له هاوزه‌مه‌ن خوێندنەوەیی، ئه‌وەیه لێکۆڵه‌ر،مێژوونووس، لێکۆڵه‌ری مێژووی ئه‌ندێشه، مێژووی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووی کۆمه‌ڵناسی مێژوویی له کاتی نووسین ، نووسینه‌وه ، لێکدانه‌وه و توێژێنه‌وه‌ی ڕابردوو و ڕووداوه‌کانی رابردوو و دیارده مێژووییه‌کان، پێویسته واز له ڕوانینی ڕووکه‌شانه بێنێت و بڕواته ناخی مێژووی ڕوودانی ڕووداوه‌که و به واتایه‌کی تر لێکۆڵێنه و توێژێنه‌وه ،به‌رهه‌می ته‌نیا ڕوانینی ئه‌مڕۆیانه و به زمانی ئه‌مڕۆیانه و به چاویلکه‌ی ئه‌مڕۆیانه نه‌بێت .مه‌عقوول و زانستی نییه به زمانی پوست مۆدێڕنی ئه‌مڕۆی و به زاراوه‌ی مۆدێڕن و به چاویلکه‌ی ئه‌مڕۆی ،روداوه‌کانی ڕابردوو لێکبدهێتهوه و ڕه‌فزی بکه‌یته‌وه. وه‌ڵامدانه‌وه و قه‌زاوه‌ت کردنی هه‌ر ڕووداو و کاره‌ساتێک، پێویستی به ئه‌وه هه‌یه که مێژوو نووس و لێکۆڵه‌ر و تویژه‌ر بڕواته ناو زه‌مه‌ن و کاتی ڕوودانی ڕووداوەکه و به خوێندنه‌وه‌یه‌ی واقیع، ڕووداوه‌که ئانالیز و توێژێنه‌وه بکات.
خوێندنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی وه‌ک دیارده‌یه‌کی مێژوویی پێویستی به ده‌رک کردن و ناسین و خوێندنه‌وه‌ی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدان و ڕه‌وتی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له ڕه‌هه‌ندکانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابۆری و که‌لتوریه‌وه هه‌یه و ڕوانێنی یه‌ک ڕه‌هه‌ندانه و بێ چاولێکردنی گشتیه‌تی ناسیۆنالیزمی کوردی و حوکمدانی به چاویلکه‌ی پۆست مۆدێڕنانهوه،نووسه‌ری تووشی قهزاوتی ڕه‌مه‌کی و دوور له واقیعی کومه‌ڵگای کوردی کردوه که ئاوه‌ها قه‌زاوه‌ت بکات :((گوتاری کوردایه‌تی،گوتاری به‌زه‌یی به‌رهه‌م ده‌هێنێ و لێره‌وه سێ گرفتی هه‌یه و سه‌ره‌نجام که تاکه‌کانی کورد ئه‌کوژیت و به‌ربه‌ستی گێرانه‌وه‌ی داستان بچووکه‌کانی تاکی کورد و تێکه‌ڵ بوون به‌و داستانه گه‌وره‌یه و ملیۆنێکیش که بوونه‌ته قوربانی ئه‌م داستان گه‌وریه هه‌قمانه بپرسین بۆ؟کوردایه‌تی بۆ؟))( ره‌فیق،هه‌مان: 183) و هه‌روه‌ها :((کوردایه‌تی وه‌ک پارادایمێکی له کارکه‌وتوو پێویستی به ته‌جاوزکردنه له ڕێگه‌ی هێنانه کایه‌وه‌ی پارادایمێکی تازه‌وه)) (ره‌فیق،هه‌مان،:142 )
به گشتی پێویست بوو نووسه‌ر ،کاتێک باس له ناسیۆنالیزمی کوردی ده‌کات،برواته زه‌مه‌ن و ده‌ڤه‌ر و به واتایه‌کی تر بڕواته ناو بارۆدوخی زه‌مه‌نی و ده‌ڤه‌ری روداوه‌که و بزانێت ناسیۆنالیزمی كوردی له چ بارودۆخێكدا سه‌ری هه‌ڵداوه و به هێنانی به‌ڵگه ، ههڵسهنگاندهن و خوێندنه‌وه بکات و دواتر حوکم بدات و ئەنجام وەربگرێت.
5)سهپاندهنی تیۆری به سه‌رکۆمه‌ڵگای کوردی بێ ڕه‌چاوکردنی واقیعی كۆمه‌ڵگای کوردی:
هیچ گۆمانێک له‌م راستیه‌دا نییه زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و بابه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویستی حه‌تمیمان به که‌ڵک وه‌رگرتن له میتۆدی رۆژئاوایی هه‌یه،به‌ڵام ده‌بێ ئه‌م راستیه‌ش فه‌رامۆش نه‌که‌ین،که‌ڵک وه‌رگرتن و سه‌پاندنی تیۆری دوو شتێ جیاوازن، سه‌پاندنی پارادایمی کوهن و حیکایه‌تی گه‌وره‌ی لیوتار و ستراتێژی ..به سه‌رکۆمه‌ڵگای کوردی و ناسیۆنالیزمی کوردی پێشانده‌ری ئاگادارنه‌بوونه له میتۆدی توێژێنه‌وه‌ی زانستیانه و بێ گومان توێژێنه‌وه به‌ره‌و گرفت و بێ مانایی ده‌بات و به واتایه‌کی درووستتر ده‌رئه‌نجامی باسه‌که خاڵی له بەڵگاندنی لۆژیکی ده‌کات هه‌ر ئه‌و جۆرەی که باسه‌که و بۆچوونه‌کانی مامۆستا فاروقی والێکردوه.ئاكامی ته‌رخانكردنی 40 لاپه‌ڕه له وتارێكی 47 لاپهڕهیدا به وتنه‌وه و نووسینه‌وه‌ی تیۆری و دواجار سهپاندهنی به سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی ، بێ مانایی قسه‌كردن و شیعر وتنه له باتی توێژێنه‌وه .ڕهفزكردنه له باتی خه‌سارناسی، و له ده‌ره‌نجامدا خاڵی بوونی وتاره‌كه‌یه له بەڵگاندن و پەیوەندی لۆژیکی و به گشتی خوڵقاندهنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی نازانستییه له كوردستاندا.
.
ب) خه‌سارناسی ناوڕۆکی بابه‌ته‌كه:
نووسه‌ر له‌م وتاره‌دا هه‌ر وه‌كوو پێشتر باسمان كرد ده‌یه‌وی سیاسه‌ت و گوتاری به‌زه‌یی وه‌ك گوتاری بزوتنه‌وه‌ی كوردی بخاته به‌ر ڕەخنە و لێكۆڵێنه‌وه و دواجار ڕه‌فزی بكاته‌وه و هه‌روه‌ها به هێنانەوەی چه‌ندین تیۆر و ڕوانگه‌ی پۆست مۆدێرن وه‌ك داستانی گه‌وره‌ی لیوتار و درشته ڕامیاری و ورده ڕامیاری،بیسه‌لمێنی کە ناسیۆنالیزمی كوردی پارادایمهكی له كاركه‌وتووه و پێویستی به ته‌جاوزكردن و هێنانی پاردایمهكی نوێیه و لێره‌دا به‌وردی له سه‌ریان باس ده‌كه‌ین.
1) سیاسه‌تی به‌زه‌یی:
فاروق ره‌فیق پێیوایه بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیزمی كوردی پشت به سیاستی به‌زه‌یی ده‌به‌ستێت و سیاستی به‌زه‌یی به هۆی ده‌ركردنی عه‌قڵانیه‌ت له گه‌مه‌كه و شاردنه‌وه‌ی لاوازی ئیراده‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌ربڕی گوتارێکی ناعه‌قڵانی و سه‌ربه هێزێکی دژه-چالاکه ))و لێره‌وه پرسیار ئه‌كا: ((ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه بڵێین ئیدی(( سه‌رده‌می سیاسه‌تی به‌زه‌یی به‌سه‌رچوو))؟ سیاسه‌تی به‌زه‌یی،گوتاری به‌زه‌یی ئه‌و سیاسه‌ته،ئه‌و گوتاره‌یه،که له گه‌ڵ سۆز ڕووبه‌ڕووه،که یاری به سۆز ده‌کا و چه‌قی هه‌قانیه‌ت یان ڕه‌وایه‌تی خۆی له سه‌ر سۆز داده‌نێت(فاروق،هه‌مان:137 ) نووسه‌ر سه‌باره‌ت به گرنگی سه‌لبی گوتاری به‌زه‌یی ئاوه‌ها ده‌نووسێت ((بێ دوودڵی ده‌ڵێم له دنیای کوردیش‌دا قسه‌کردن له سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی و تراژیدیای کورد و ڕووداوە کاره‌ساته‌کانی چه‌رخی بیسته‌م و سه‌رتاپای مێژووی کورد و گوتاری کوردایه‌تی خۆی پشت به سیاسیتی به‌زه‌یی ده‌به‌ستێت یا ده‌ربڕی گوتاری به‌زه‌ییه،گوتارێک که پێمان ده‌ڵێ((کورد غه‌دری لێکراوه)) و پێمان ده‌ڵێ((کورد هه‌ر له سه‌ره‌تای مێژووه‌وه بۆته نێچیری دراوسێ دڕنده‌کانی))و پێمان ده‌ڵێ((خاکی کورد به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شبووه‌و هێزه گه‌وره‌کانی دنیا لێپرسراوهن له‌م هه‌ڵه مێژوویییهو هه‌رخۆشیان ده‌توانن چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه،بۆ ئه‌م گوناهه‌ی،که بهرامبهرمانکراوه بدۆزنه‌وه)) (فاروق،هه‌مان:138) و هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و ئاسته‌نگ و ئیشکالیهتیانهی كه سیاسه‌تی به‌زه‌یی بۆ كورد خوڵقاندوییهتی له سه ئیشكال قسه ده‌كات:(( ڕێگه‌نه‌دانه به گه‌شه‌کردنی بۆچوونی زانستی و تێگه‌یشتنی زانستیانه‌ی کێشه‌ی کورد و واقیعی کوردی-ڕێگه گرتنه له به‌رده‌م تێگه‌یشتنی خودی کورددا بۆ خۆی،واته خودی کوردی،که‌مترین بواری بۆ ڕه‌خساوه،که له خۆیبگا و مێژووی خۆی بخوێنێته‌وه،دوور له ئه‌فسانه و گه‌وره‌کردن و هه‌لئاوسانی خود یا بچووککردنه‌وه‌ی خود تا ڕاده‌یه‌کی ترسناک-پشتبه‌ستن به کاره‌سات و پێویستیبوونی کاره‌سات بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌م گوتاره (فاروق،هه‌مان :9-138)
سه‌باره‌ت به‌م ڕاوبۆچوونانه‌ی نووسه‌ر پێویسته به چه‌ندین خاڵی گرنگ ئاماژه بكه‌ین،یه‌كه‌م، گۆمان له‌وه‌دا نییه كه گوتاری به‌زه‌یی به‌شێك بووه له بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی و به واتایه‌كی دروستتر یه‌كێك له گوتاره تاكتیكیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردبووه .دووهه‌م جیا له‌وه‌ی كه نووسه‌ر به بێ به‌ڵگه چه‌ندین ڕسته له‌م گوتاره دێنێته‌وه ئه‌گه‌ریش گوتاری به‌زه‌یی كوردی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردوه ((کورد غه‌دری لێکراوه)) و((خاکی کورد به‌سه‌ر چوار پارچه‌دا دابه‌شبووه‌و هێزه گه‌وره‌کانی دنیا لێپرسراوهن له‌م هه‌ڵه مێژوویییهو هه‌رخۆشیان ده‌توانن چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشه‌یه،بۆ ئه‌م گوناهه‌ی،که بهرامبهرمانکراوه بدۆزنه‌وه)) ئه‌م قسانه وه‌ك به‌شێك له‌و گوتاره نه خراپه و نه قسه‌ی درۆیه و نه عه‌یب و جێگه‌ی شه‌رمه، نووسه‌ر ده‌یتوانی به ئاورێك له مێژوو كورد و خوێندنه‌وه‌ی، مامه‌ڵه‌ی زلهێزه‌كان و دراوسیهكانی له سه‌ر كورد دراسە بكردایه و دواجار حوكمی بدایه[8]،سێهه‌م:سیاسه‌تی به‌زه‌یی یه‌كێك له گوتاره تاكتیكیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی كوردی بووه كه زۆرتر به‌رخۆری ده‌ركی بووه تا ناوه‌كی،واته كورد باش له قورسایی و زلهێزی دراوسیه‌كان و وڵاته زلهێزه‌كان ئاگاداربووه و زانیوییه كێشه‌كانی بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ركی ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ریان بۆ نییه و ئه‌مه‌ش له دونیادا نموونه‌ی زۆری بووه وه‌ك هۆلۆكاستی جوولهكەكان و جیا له‌وه‌ی نه‌بوەته هۆی دواكه‌وتووی و غیابی عه‌قلانییه‌ت له كۆمه‌ڵگای جووله‌كه به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه بووەته یه‌كێك له هۆكاره‌كانی درووستكردنی ده‌وڵه‌تی جووله‌كه.چواره‌م : بانگه‌شه كردنی ئه‌وه‌ی كه گوتاری به‌زه‌یی بووەته ڕێگر له به‌رده‌م گه‌شه کردنی بۆچوونی زانستی و تێگه‌یشتنی زانستیانه‌ی کێشه‌ی کورد و واقیعی کوردی- بانگه‌شه‌یه‌كی نازانستیه، سیاسه‌تی به‌زه‌یی هه‌ر ئهوجۆرەی كه‌وا نووسه‌ر ئیدعای ده‌كات به‌رهه‌می بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردیه،ده‌بوایه نووسه‌ر تۆزیك مێژووی ته‌ماشا بكردایه تا ئاگادار بوایه مێژووی ناسیۆنالیزم كوردی ده‌گڕێته‌وه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی واته كوردستان له ساڵی( 1989 )و درووستبوونی ((جه‌معییه‌تی ته‌عاون و ته‌ره‌قی كورد)) له ساڵی (1908 )(مالمیسانژ،2007: 24) كه واته نزیكی یەك سه‌ده‌یه ناسیۆنالیزمی كوردی سه‌ری هه‌ڵداوه و به وته‌ی نووسه‌ر به هێنانی گوتاری به‌زه‌یی ڕێگری ((گه‌شه‌کردنی بۆچوونی زانستی و تێگه‌یشتنی زانستیانه‌ی کێشه‌ی کورد و واقیعی کوردی-و تێگه‌یشتنی خودی کورددا بۆ خۆی)) لێره‌وه ده‌بوایه نووسه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی ئاراسته‌ی خۆی بكردایه ،ئایا پێش (1989 ) و سه‌ده‌ی بیسته‌م كورد خاوه‌ن(( بۆچوونی زانستی و تێگه‌یشتنی خودی کورددا بۆ خۆی و به گشتی عه‌قڵانییه‌ت)) بووه.؟بێ گۆمان نه‌بووه . باس له هۆكاره‌كانی گه‌شه نه‌كردنی بۆچوونی زانستی و تێنه‌گه‌یشتنی كورد له خۆی و غیابی عه‌قڵانییه‌ت، پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌كی قوول و مێژوویی هه‌یه،هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیایی كوردستان،نه‌بوونی شار،نهخوڵقاندنی ڕووداوی مێژوویی گه‌وره و بنه‌مای تایفه‌یی كۆمه‌لگای كوردی و هێرشی به‌رده‌وامی تایفه و هۆزەكان بۆ كوردستان ،به‌شێك له‌و هۆكاره مێژووییانه‌ن كه له تێگه‌یشتنی خودی کورددا بۆ خۆی و گه‌شه كردنی بۆچوونی زانستی و به گشتی ئاسته‌نگی سه‌رهه‌ڵدانی عه‌قڵانییه‌ت بوون،كهماندنی[9] هۆكاره‌كانی تێنگه‌یشتنی خودی کورد بۆ خۆی و گه‌شه كردنی بۆچوونی زانستی و به گشتی سه‌رهه‌ڵنه‌دانی عه‌قڵانییه‌ت بۆ سیاسه‌تی به‌زه‌یی، پێشانده‌ری نه‌خوێندنه‌وه‌ی مێژووی كورد و ئاگادارنه‌بوونی نووسه‌ره له مێژووی كوردستان و ئه‌مه بووته هۆی ڕوانینی ڕووكه‌شانه و خێرایانه‌ی نووسه‌ر .
به گشتی ئه‌توانین بڵێین غیابی عه‌قڵانییه‌ت و بۆچوونی زانستی له كۆمه‌ڵگای كوردی،هۆكاری مێژووی هه‌یه و به واتایه‌كی تر پێویسته له مێژوودا به شوێن هۆكاره‌كانی بگرین و توێژێنهوهیان له سه‌ر بكه‌ین. پێش سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی كوردی و گوتاری به‌زه‌ییش، عه‌قڵانییه‌تی ڕەخنەیی و بۆچوونی زانستی له كۆمه‌ڵگای كوردی بوونیان نه‌بووه ؛ لێره‌وه ئه‌و بانگهشەیەی نووسه‌ر کە وا غیابی عه‌قڵانییه‌تی ڕەخنەیی و بۆچوونی زانستی له كۆمه‌ڵگای كوردیدا ده‌خاته ئه‌ستوی سیاسه‌تی به‌زه‌یی،زۆر ناڕەواو،نازانستی پێشان ئهدهات . نووسه‌ر له مێژوو و واقیعی كۆمه‌ڵگای خۆی واته كۆمه‌ڵگای كوردی كه‌م ئاگا و خاوه‌ن ڕوانگه‌یەکی ڕووكهشیانهیه.
2)كوردایه‌تی:
سه‌ره‌تا مه‌به‌ستی نووسه‌ر له باس له كوردایه‌تی ئه‌وه‌یه مه‌به‌ستی له« كوردایه‌تی» چییه؟ چه‌ندین شت ڕوون بكاته‌وه و به وته‌ی خۆی ده‌یهەوێ((گوتاری کوردایه‌تی و شۆین و فه‌زای ئه‌و گوتاره دیاریبکه‌م و بیخوێنمه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی کوردی به‌هه‌موو ڕه‌هه‌نده سیاسی و فیکری و ئهخلاقیهکانیهوه له ڕێگه‌ی چه‌ند چه‌مکێکه‌وه دیاریبکه‌م . (ره‌فیق،هه‌مان:140) وە ئه‌و چه‌مكانه ، چه‌مكی پارادایم، ورده ڕامیاری،درشته ڕامیاری،فه‌لسه‌فه‌ی ستراتێژیک،فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی تاکتیكین و مه‌به‌ستیش دوررهپهرێزییه له میتۆدی باو بۆ قسه‌کرد له سهرناسیۆنالیزم (ره‌فیق،هه‌مان،141) نووسه‌ر له باتی ئه‌وه‌ی« كوردایه‌تی» پێناسه بكات و به واتایه‌كی تر ڕوونی بكاته‌وه كه مه‌به‌ستی له كوردایه‌تی چییه؟ سه‌باره‌ت به كوردایه‌تی ده‌ڵێت :(( کوردایه‌تی وه‌ک گوتاری ناسیۆنالیستی،وه‌ک مۆتۆرێک له پشتی ئه‌و ڕووداو و ڕاپه‌رین و کاره‌ساتانه‌وه کاریکردوه- کێشه‌که له مهدانیه،به‌ڵکو کێشه‌که له سروشتی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه و پێکهاتووه‌کانی ئه‌و گوتاره دایه،کێشه‌که له جیهانبینی و سیستمی به‌هاکانی ئه‌و گوتار‌و ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌دایه،کێشه‌که له جه‌وهه‌ری ئه‌و هێزه‌دایه، که بزوێنه‌ری کوردایه‌تی بووه‌و هه‌یه.ئه‌و هێزه‌ش،هێزێکی چالاک و بگۆو بڵندگۆی ((ئه‌ری گووتنی ژیان-به‌ڵێ بۆ ژیان)) نه‌بوو،بهڵکوهێزێکی ناچالاک و نه‌هلیستی و دژ به ژیان بووه. یه‌کێک له هه‌ره قوربانیه‌کانی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی،تاکه که‌سی کورد و مرۆڤی کورده،...کوردایه‌تی تاکه‌که‌سی کوردی ئیفلیجکردوهو و هه‌موو تواناکانی لێسهندۆتهوه.ئه‌مه‌ش له جه‌وهه‌ری هێزی ده‌سه‌ڵاتدار و دهستبهسهراگرتووی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌وه هاتووه.که جه‌وهه‌رێکی خێڵه‌کیانه و هێزێکی خێڵهکییهوە سه‌ربه سیستمێکی وه‌هایه که تێیدا تاکه‌که‌س شوێنێکی نیه و تاکه‌که‌س ئامانج نیه به‌ڵکو هۆکاره بۆ ئامانجی دی.(ره‌فیق،هه‌مان:140 )و هه‌روه‌ها ده‌ڵێی: :(( ئه‌و پارادایمه‌ی،كه كورد له‌م سه‌ده‌یه‌دا كاریپێكردوه-واته كوردایه‌تی- نموونه‌یه‌كی ئه‌م جۆره مامهڵهكردنهیه له گه‌ڵ دنیا.به‌ڵام چاره‌نووسی ئه‌م پارادایمه-كوردایه‌تی- به كوێ گه‌یشت؟ئێمه وه‌ك تاكه‌كانی كورد،كه داستانه بچووكه‌كانی خۆمان نه‌گێڕایه‌وه و ژیانی تاكه‌كه‌سی خۆمان نه‌ژیاین و داستانەكانمان تێكه‌ڵ به‌و داستانه گه‌وره‌یه كرد و ملیۆنێكیش كه بوونه قوربانی ئه‌م داستانه گه‌وره‌یه،هه‌قمانه بپرسین بۆ؟كوردایه‌تی بۆ؟(ره‌فیق،هه‌مان:183 ) و له ده‌ره‌نجامدا ئاوه‌ها سه‌باره‌ت به كوردایه‌تی حوكم ده‌دات:((ئه‌و ئه‌نجامه‌ی له مه‌ڕ کوردایه‌تیه‌وه ده‌مه‌وێ له ڕێگه‌ی ئه‌م باسه‌وه پێیبگه‌م ئه‌وه‌یه که کوردایه‌تی وه‌ک پاراداێمیک، وه‌ک پارادایمێکی کارکردنی سیاسی و وه‌ک جیهانبینییه‌ک له کارکه‌وتوه وپ ێویسته تهجاوزبکرێت له ڕێگه‌ی هێنانه کایه‌وه‌ی پارادایمێکی تازه‌وه(ره‌فیق،هه‌مان:142 )
به گشتی ئه‌كریت پوخته‌ی ڕا وبۆچوونه‌كانی فاروق ره‌فیق سه‌باره‌ت به كوردایه‌تی ئاوه‌ها كۆبكه‌ینه‌وه،كوردایه‌تی گوتار و ماتۆری بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردییه-كوردایه‌تی پارادایمی كارای سه‌ده‌ی هاوچه‌رخی كورده-بزوێنه‌ری كوردایه‌تی دژ به ژیان و مانه-كوردایه‌تی تاكی كوردی قوربانی و ئیفلیج كردوه- داستانی تاكی كوردی كوشتوه- هه‌زاران هه‌زار كه‌سی به كوشتن داوه-جه‌وهه‌ری ئه‌م گوتاره خێڵهكیانهیه-له كاركه‌وتوه و پێویسته لێ تهجاوزبكرێت- و گرنگتر هه‌قمانه بپرسین بۆ؟كوردایه‌تی بۆ؟
ئه‌م قسانه‌ی نووسه‌ر كه فره‌تر له شیعر و قسەكردن ئه‌چێت ،پێویستی به چه‌ند ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه،یه‌كه‌م:كوردایه‌تی لای نووسه‌ر خاوه‌نی هیچ پێناسه‌یه‌كی درووست و زانستی نییه و خوێنه‌ر به درووستی و ڕێكی نازانێت كه مه‌به‌ست له كوردایه‌تی چییه؟ ئه‌گه‌ر چی نووسه‌ر ده‌ڵێت: کوردایه‌تی وه‌ک گوتاری ناسیۆنالیستی،وه‌ک مۆتۆرێک له پشتی ئه‌و ڕووداو و ڕاپه‌رین و کاره‌ساتانه‌وه کاریکردوه،ئه‌م پێناسه له كوردایه‌تی لێڵ و ناڕوونه،كوردایه‌تی به مانای كورد بوون و بیركردنه‌وه له شۆناسی كوردی و كار بۆ ژیانه‌وه‌ی مافی ئینسانی كورده و به واتایه‌كی تر بانگه‌شه بۆ یه‌كگرتنی كورده‌كان و داكۆكی له مافی كوردبوونه،لێره‌وه كوردایه‌تی پارادایم نییه به‌ڵكوو گوتارێكه له ریزی ئه‌و گوتارانه‌ی كه له كۆمه‌ڵگای كوردی بوونیان هه‌یه و به واتایه‌كی تر گوتاری كوردایه‌تی وه‌ك گوتاری چه‌پ ،گوتاری ئیسلامی ، گوتارێكه له ریزی ئه‌و هه‌موو گوتاره كه له كۆمه‌لگای كوردیدا بوونیان بووه و هه‌یه و بێ گۆمان ته‌نیا گوتاری زاڵی جوگرافیای كوردستان و كوردهواری نه‌بووه،ئه‌م گوتاره له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی تایبه‌تی خۆی بووه و له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا خاوه‌ن شێوازی تایبه‌تی خۆی بووه،لێره‌وه ناوبردنی به پارادایم بێجگه له لێل كردن و فهلسهفهلێدوانی هه‌ڵگری هیچ مانایه‌كی دیكه ناتوانێت بێت.ده‌كرێت به ڕاشكاوانه بگوترێت ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به وردی مێژووی ناسیۆنالیزمی كوردی و ده‌ق و به‌ڵگه په‌یوه‌ندیداره‌كانی به مه‌سه‌له‌ی كوردایه‌تی باش دراسە کردبا و خوێندنه‌وەی بۆ بكردایه ،نه باسی له پارادایم ده‌كرد و نه به ڕەهایی كوردایه‌تی ئه‌خسته به‌ر ڕهفزكردنەوە.دووهه‌م:كام ده‌ق و كام به‌ڵگه كه په‌یوه‌ندی به كوردایهتیوه هه‌یه بزوێنه‌ری مه‌رگ و به وته‌ی نووسه‌ر دژ به ژیان و بوون بووه؟ ڕۆژنامه‌ی كوردستان،ژین، شیعری هێمن،هه‌ژار،جگه‌رخوێن،پیره‌مێرد و دڵدار و مێژووی كورد و كوردستانی زه‌كی به‌گ و ته‌نانه‌ت قسه و وتاری كام سه‌رۆكی كورد(وه‌ك ده‌قی كوردایه‌تی)ئینسانی كوردی به‌ره‌و مه‌رگ هانداوه،بانگه‌شه و ئیدعای كوردایه‌تی وه‌ك((هێزێکی ناچالاک و نه‌هلیستی و دژ به ژیان )) بێ مانا و ده‌كرێت وه‌ك نیشانه‌ی ناڕه‌حه‌تی نووسه‌ر له دۆخی ئێستای كوردستانی باشوور و گشتاندن و شوبهاندنی به كوردایه‌تی لێكبدرێتەوە و به گشتی ئه‌م حوكمانه نازانستی و به دوور له راستییه.سێهه‌م:نووسه‌ر پیێوایه كوردایه‌تی تاكی كوردی ئیفلیج كردوه و داستانی بچووكی تاكی كوردی قوربانی كردوه و هه‌زاران ئینسانی كوردی به كوشتن داوه و لێره‌وه(( له كاركه‌وتوه و پێویسته لێ تهجاوزبكرێت- و گرنگتر هه‌قمانه بپرسین بۆ؟كوردایه‌تی بۆ؟))پرسیاركردن نه ته‌نیا مافی بیرمه‌ند و ڕوناكبیری كورده به‌ڵكوو مافی هه‌موو ئینسانێكی كورده،به‌لام چاوەڕوانی ئه‌وه ده‌كرێت پرسیاری بیرمه‌ندی كورد پرسیاری جهوههریبێت و كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و گهشهسهندهن هان بدات نه تووشی ناهۆمیدی بكات.دەبێ له نووسه‌ر پرسیار بكرێ تاكی كورد پێش سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری كوردایه‌تی ، هەبوونی چ مانایه‌كی هەبووه،خاوه‌ن چ داستانێك بووه و چ ڕووداوێكی خوڵقاندوه و خاوه‌ن چ ئه‌ندیشه و داهێنانێک بووه كه كوردایه‌تی پووچه‌ڵی كردوه‌ته‌وه،نووسه‌ر ئه‌گه‌ر ئاگای له مێژووی خۆی بوایه و خوێندنه‌وه‌ی مێژووی خۆی به باشی بكردبایه ،تێئه‌گه‌یشت كه ئینسانی كورد به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری كوردایه‌تی خاوه‌نی نه‌زمترین ئاستی ئاماده‌بوون بووه له میژووی ئه‌م به‌شه له جێهاندا و لێره‌وه ئیفلیجبوونی كه‌مترین مافی به كوردایه‌تیه‌وه هه‌یه،به واتایه‌كی تر پێویسته نووسه‌ر به‌ڵگه بدات كه ئینسانی كورد به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری كوردایه‌تی خاوه‌ن چ داستان و ئه‌ندیشه و شانازیه‌ك بووه كه كوردایه‌تی لێی وهرگهرتووتهوه!ئه‌م قسانه جیا له‌وه‌ی زۆرتر له شیعر ده‌چێت،پێشانده‌ری ڕوانگه‌ی ڕووكهشیانهی به دوور له قووڵبونه‌وه و بیركردنه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی جییدی و زانستییه.له ته‌واوی وه‌ڵاتانی دونیا بۆ گه‌یشتن به ئازادی،مافی ئینسانی،دیموكراسی،مافی چاره‌نووس هه‌زاران هه‌زار مرۆڤ بوونه‌ته قوربانی و له كوردستانیش هه‌زاران ئینسانی كورد بۆ گه‌یشتن به مافی چاره‌نووس و لابردنی باری قورسی سڕینه‌وه و ئاسیمیلهكردن بوونه‌ته قوربانی و پرسیاری له‌م چه‌شنه كوردایه‌تی بۆ؟ به بێ پرسیاری جه‌وهه‌ری بێ مانایه و ته‌نیا به‌رهه‌می خوێندنه‌وه‌ی ڕووكهشیانه و ناهاوزهمهن خوێندنەوانهیه.ماوه‌ته‌وه بڵێین كوردایه‌تی پارادایم نییه گوتاره و گوتار و پارادایم دوو شتی له یه‌ك جیا و جیاوازن وبه واتایه‌كی تر فڕی به پارادایمه‌وه نییه تا بڵیین (( له كاركه‌وتوه و پێویسته لێ تهجاوزبكرێت)). ئه‌گه‌ر كوردایه‌تی كوردبوونه و هه‌ست به شوناسی كوربوون و خۆشه‌ویستی نیشتمانه و بڕێك جار قوربانیبوونه له‌پیناوی خاك و مانه‌وه و داكۆكییه له سڕێنه‌وه ، تووشی قه‌یران نابێت و شۆرش ناكات و پارادایمی تورك بوون و عه‌ره‌ب بوون ههڵنابژێت ،به گشتی ئه‌گه‌ر كوردبوون په‌یوه‌ندی به بوونه‌وه هه‌یه زاراوه‌ی پارادایم هه‌ڵناگرێت.
3)ناسیۆنالیزم:
نووسه‌ر سه‌باره به خه‌سڵه‌ته‌كانی ناسیۆنالیزمی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا كه ناسیۆنالیزمی كوردیش به‌شێك له ئەوە ده‌نووسێت:((گوتاری ناسیۆنالیزم له جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆرئاوا سێ خاسیه‌ت له خۆ ده‌گرێ:ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆلۆنیالیزم،مافی چاره‌نووسی خۆ_به‌ده‌ستی_خۆ،و گه‌شه‌كردنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری.(ره‌فیق،هه‌مان:159 ) وە نووسه‌ر له سه‌ر دوو تایبه‌تمه‌ندی جه‌ختده‌كات و ده‌نووسێت:((ئه‌و پێناسه‌یه‌ی كه من لێره‌دا كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌م،ئه‌وه‌یه ناسۆنالیزم له لایه‌كه‌وه وه‌ك بزوتنه‌وه، وه‌ك گوتارێكی سیاسی،بریتیه له بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئایدۆلوژی به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆ_به ده‌ستی_خۆ و سه‌ربه‌خۆیی،له لایه‌كی دیكه‌وه ناسیۆنالیزم و گوتاری ناسیۆنالیزم و دام‌و ده‌زگا و بكهرو توخمه چالاكه‌كانی ناسیۆنالیزم،سه‌رجه‌م وه‌ك پارادایمێك خۆده‌نوێنن، پارادایمێك،كه تیۆری ڕێنیشانده‌ری هه‌یه و كه‌سانێك له ژێر دروشم و ئاڵای ئه‌و پارادایمه‌دا كارده‌كه‌ن،ناسیۆنالیسته‌كان،ڕۆشنبیره‌كان،هه‌روه‌ها ئه‌و پاردایمه سیسته‌می ئه‌خلاقی و زنجیره‌یه‌ك به‌ها ده‌خاته ڕوو له گه‌ڵ شێوه‌ی كاركردن(ره‌فیق،هه‌مان،:160 ) و له درێژه‌ی باسه‌كه‌دا وه‌ك حیكایه‌تی گه‌وره و درشته ڕامیاری و پارادایم پێناسه‌ی ده‌كات و ده‌نووسێت:(( ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستی منه په‌نجه ڕاكێشانه بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ی كه ناسیۆنالیزم و خه‌ونی ناسێونالیستی،خۆی حیكایەتێكی گه‌وره‌یه،ڕێنومایی ده‌كرێ له لایان حێكایهتێكی گه‌وره ئه‌ویش ئایدیای سه‌ربه‌خۆییه...یا خۆی خه‌ونی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌ویه،له لایه‌ن نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌كانه‌وه(ره‌فیق،هه‌مان،177 )...حیكایه‌تی ناسیۆنالیستی باس له فۆرم و نۆرم و چالاكی نوێ و داموده‌زگا و پارتی نوێ ده‌كا به نیازی گه‌یشتن به دوا ئامانج...ئالێره‌وه حیكایه‌تی گه‌وره‌ی ناسیۆنالیزم و گوتاری ناسیۆنالیزم و بزوتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیزم وه‌ك پارادایمێك خۆده‌نوێنێ،پارادایم به مانای كوهنی واتا مۆیێلی كاركردن و ((پارادایم وه‌ك مۆدێلی گرفته‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان بۆ به‌شدارانی كۆمیونیتیهك))له به‌ر ئه‌وه‌ی پارادایم په‌یمانی سه‌ركه‌وتنه به سه‌ر نموونه‌كاندا،كه وه‌ك گرفت خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو كه‌واته ناسیۆنالیزم ئه‌و پارادایمه‌یه كه كۆمیونیتیهك له ژێر سایه‌ی خۆیدا كۆده‌كاته‌وه به نیازی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان یا كۆنترۆڵكردنیانی خود گه‌یشتن به دڵنیایی نه‌ته‌وه‌یی))( ره‌فیق،هه‌مان:178 ) و سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی كوردی پاش باس كردن له برێك چه‌مكی وه‌ك پارادایم و درشته ڕامیاری و حیكایه‌تی گه‌وره ده‌نووسیت: ((جۆری كاركردنی سیاسی ناسیۆنالیستی و تیۆری ناسیۆنالیستی به ناچاری ده‌چێته خانه‌ی درشته سیاسه‌ته‌وه،واتا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه له سه‌ره‌وه له مه‌سه‌له‌كان ده‌ڕوانێ و غه‌می سه‌ره‌كی ئه‌و كۆی داموهدهزگاكانه،له دیدێكی گه‌ردونیه‌وه،ئه‌و وورده داستانه‌كان،داستانی ئه‌كته‌ره سیاسیه‌كان،تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ و مێژووه بچكۆلانهكانی ژیان و ساته وجودیه‌كانی تاكه‌كه‌س به كێشه‌ی خۆی نازانێ.ناسیۆنالیزم چ وه‌ك تیۆری و چ وه‌ك پراكتیك،كۆكردنه‌وه‌ی گشت داستانه بچووكه‌كانه له داستانێكدا و تێقرنجاندنی هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌كانی بوون و ژیانه له ڕهههندێكدا،كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو پنته‌كانی ده‌ستهه‌ڵاته له چه‌قێكدا، كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئامانجه‌كانی ژیانه له سه‌ر خوانی ئامانجێك،ئه‌و پارادایمه‌ی،كه كورد له‌م سه‌ده‌یه‌دا كاریپێكردوه-واته كوردایه‌تی- نموونه‌یه‌كی ئه‌م جۆره مامهڵهكردنهیه له گه‌ڵ دنیا.به‌ڵام چاره‌نووسی ئه‌م پارادایمه-كوردایه‌تی- به كوێ گه‌یشت؟ئێمه وه‌ك تاكه‌كانی كورد،كه داستانه بچووكه‌كانی خۆمان نه‌گێڕایه‌وه و ژیانی تاكه‌كه‌سی خۆمان نه‌ژیاین و داستانه كانمان تێكه‌ڵ به‌و داستانه گه‌وره‌یه كرد و ملیۆنێكیش كه بوونه قوربانی ئه‌م داستانه گه‌وره‌یه،هه‌قمانه بپرسین بۆ؟كوردایه‌تی بۆ؟( ره‌فیق،هه‌مان،183) و به گشتی سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی كوردی ڕای وایه:(( ناسیۆنالیزمی كوردی ئه‌و پارادایمه‌ی كه تا ئێستا كاریپێكردوه،ڕزیوه و ئیدی له توانایدانییه ده‌ربڕی خه‌ونه‌كانی كوردبێت،ئالێره‌وه گۆرێنی ئه‌و پارادایمه به پارادایمێكی نوێ مه‌سه‌له‌ی ژیان و مه‌رگه بۆكورد(ره‌فیق،هه‌مان: 180 )
به گشتی فاروق ره‌فیق به هێنانی زاراوه‌ی« درشته ڕامیاری» و« حیكایه‌تی گه‌وره‌ی لیوتار»ناسیۆنالیزم ڕه‌فز ده‌كاته‌وه و دژی ڕاده‌وه‌ستێت وناسیۆنالیزمی كوردی وه‌ك پارادایمی ڕزیو و ناتوانا ناوده‌بات کە خه‌ونه‌كانی كوردی كوشتوه ؛ئالێره‌وه گۆڕینی ئه‌و پارادایمه به پارادایمێكی نوێ به مه‌سه‌له‌ی ژیان و مه‌رگ بۆ كورد ده‌زانێت.
ئه‌م ڕاوبۆچوونانه‌ی نووسه‌ر سه‌باره‌ت به ناسیۆنالیزمی كوردی پێویستی به چه‌ندین ڕوونكردنه‌وه هه‌یه یه‌كه‌م، خه‌سڵه‌تی ناسیۆنالیزمی كوردی جیاوازه له گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی خۆرئاوایی پێناسه كرا‌و له لایان نووسه‌ره‌وه،به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی نووسه‌ر،ناسیۆنالیزمی كوردی به‌رهه‌می ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كۆلۆنیالیزم،مافی چاره‌نووسی خۆ_به‌ده‌ستی_خۆ،وگه‌شه‌كردنی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوری نییه به‌ڵكو به‌رهه‌می به وته‌ی عه‌باسی وه‌لی،به‌رهه‌می دیالێكتیكی نكۆلی كردن-به‌ره‌نگارییه (Vali,1998,83)و به واتایه‌كی تر سهلماندهنی شوناسی كوردی له ئاست ئه‌ویترا بووه كه ویستی سڕینه‌وه‌ی شوناسی كوردی بووه و لێره‌وه ناسیۆنالیزمی كوردی پرچهكرداره نه‌ك كردار و پرچهكرداربوونی ناسیۆنالیزمی كوردی و خه‌سڵه‌تی دیالێكتیكی نكۆلی كردن- به‌ره‌نگاری بووەته هۆی درووست بوونی شوناسی له‌یه‌كترازاو [10]وە پارچه پارچه‌ی ناسیۆنالیزمی كوردی و گرنگتر له هه‌موی ناسیۆنالیستی بێ ناسیۆنالیزم( 6- (Vali,1998,83كه‌واته باس كردن له ناسیۆنالیزم وه‌ك گشتێکی یه‌كپارچه دوور له ڕاستی و نازانستییه.دووهه‌م: لێره‌وه قالب كردنی پارادایمی كوهن به سه‌ر ناسیۆنالیزمی كوردی،كارێكی نازانستی و دووره له توێژینه‌وه‌یه‌كی میتۆدێك، له‌م باره‌وه پیویسته چه‌ندین پرسیار ئاراسته‌ی نووسه‌ر بكرێت،به پێی پارادایمی كوهن ده‌بواییه ناسیۆنالیزمی كوردی چوارچێوه‌ی ژیانی ئاراسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانی بكردایه و خه‌ڵكیش قبووڵی بكردایه ئه‌رێ شتێکی وا كراوه؟ئه‌م قه‌یرانه، نیشانه‌كانی له كوێن و كامه‌ن؟ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان بڕێك گرفت و ئاریشه‌ی هه‌یه ده‌بێت وه‌كوو قه‌یرانی ناسیۆنالیزمی كوردی ته‌ماشای بكه‌ین؟ و له قه‌ڵه‌می بدەین؟جارێكی دیكه دووپاتی دهكهێنهوه،ناسیۆنالیومی كوردی بزوتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای كوردییه كه خاوه‌ن چه‌ندین گوتاری جیاوازه و له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا خاوه‌ن خه‌سڵه‌تی تایبه‌ت به خۆیەتی و لێره‌وه وه‌كوو پارادایم خوێندنه‌وه بۆ کردنی كارێكی هه‌ڵه و زۆر نازانستییه.سێهه‌م: نووسه‌ر ناسیۆنالیزم و كوردایه‌تی وه‌كوو حیكایه‌تی گه‌وره ته‌ماشا ده‌كات و له‌و باوه‌ڕه دایه زه‌مه‌نی حیكایه‌تی گه‌وره‌ی ناسیۆنالیزم كۆتایی هاتووه،شایانی ئاماژه‌یه باس له كۆتایی هاتنی گێرانه‌وه گه‌وره‌كان[11] و به وته‌ی نووسه‌ر داستانی گه‌وره ، پەیوەندی به دونیای پوست مۆدێرنه‌وه هه‌یه و ئه‌ویش جیا له‌وه‌ی خۆی ڕەخنەی له سه‌ره[12] . لیوتار سه‌باره‌ت به گێرانه‌وه گه‌وره‌كان ده‌ڵێت :((من به ساده‌كردنی لە ڕادەبەدەر،پۆست مۆدێرن وه‌ك بێ بڕوایی و بێ ئیمانی به داستانه گه‌وره‌كان پێناسه ده‌كه‌م(لیوتار،80 :54 ) و دواته‌ر به ڕاشكاوی ئاماژه به ئه‌وه ده‌كات كه مه‌به‌ستی له دونیای پوست مۆدێرن دونیای خورئاوایه و ده‌ڵێت:(( له كومه‌ڵگا و كولتوری هاوچه‌رخ_ كومه‌ڵگای پاش پیشه‌یی،كولتوری پۆست مۆدێرن_ داستانە گه‌وره‌كان شه‌رعییه‌ت و بایه‌خی خۆیان له ده‌ست داوه(هه‌مان:125 ) به وته‌ی «جیمسوون»، مه‌به‌ستی لیوتار له گێرانه‌وه گه‌وره‌كان، داستانی ڕۆشنگه‌ری فه‌رانسه (ئاوه‌ز ) و زانستی ئاڵمانه (زانست) (جیمسوون،80 :18 ) ناسیونالیزمی كوردی به هۆی خه‌سڵه‌تی لێكترازاو و پارچه پارچه بوون و هه‌روه‌ها پرچهكرداربوونی ، ئینسانی ناسیۆنالیزم له باتی كۆمه‌ڵگای ناسیۆنالیزم له خوڵقاندهنی گێرانه‌وه گه‌وره‌كانی نزیك به مه‌به‌ستی لیوتار،ناكارامه بووه و لێره‌وه بێ خوێندنه‌وه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵگای كوردی،باس كردن و ڕه‌فزكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی بۆ خوڵقاندهنی داستانی گه‌وره بێ مانا و نازانستییه.
له كۆتاییدا پێویسته به دوو خاڵ ئاماژه بكه‌م،یه‌كه‌م نووسه‌ر حكوومه‌تی باشووری كوردستانی وه‌كوو ناسیۆنالیزمی كوردی ته‌ماشا كردوه و مه‌سیحانه وای بۆ چووه كه گرفته‌كانی ئه‌م حكوومه‌ته،پیشانده‌ری قه‌یرانه و قه‌یرانیش سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی پاردایمهكی تازه‌یه . باشتر وابوو نووسه‌ر له باتی ئه‌م هه‌موو فهلسهفەلێدوانه،جیددی و زانستی خه‌ساره‌كانی حكوومه‌تی كوردی بخاته به‌ر خوێندنه‌وه و توێژینه‌وه و بۆ چاكسازی به هێمنی و ئارامی له باتی ڕهفزكردن و تووره‌بوون،هه‌نگاوی ئارام و زانستی هه‌ڵبگرێت،دووهه‌م: باشتر وابوو-ئومێدە كاك فاروق لێمان ناڕه‌حه‌ت نه‌بێت وە وه‌كوو نه‌سیحه‌ت ته‌ماشای نه‌كات-نووسه‌ر له باتی خۆ ماندوو كردن به تێگه‌یشتنی پارادایم كوهن و نووسینه‌وه‌ی پارادایمی كوهن و داستانی گه‌وره‌ی لیوتار و درشته ڕامیاری و ورده ڕامیاری( له 40 لاپه‌ڕه‌دا) و قالب كردنیبان به سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردی،مێژووی كورد و ناسیۆنالیزمی كوردی و ده‌قه‌كانی ناسیۆنالیزمی كوردی دراسەکردبا وە خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكردایه تا تووشی قسه‌كردن(له باتی تویژێنهوه) و ڕه‌فزكردنی نالۆژیکی(له باتی بەڵگاندنی لۆژیکی)نه‌بوایه.
په‌راوێز:
1)پیرا:ناوچهیهکە له مهکەدۆنیای کۆن که بریتی بوو له چیای ئولهمپیا،پیروس،له په‌رستگاکانی ئوروفۆس و مووزه‌کان و کانیاوی پیریا . له ئه‌فسانه‌کاندا کانیاوی پیریا ،چاوگه‌ی زانست و هونه‌ر بووه.(استانفۆرد،85 :270)
2) .(استانفۆرد،85 :235)
3)به‌کالۆریۆسی فه‌لسه‌فه له زانکۆی به‌غداد، به‌کالۆریۆسی فه‌لسه‌فه له زانکۆی کارڵتون،ماجستێری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له هه‌مان زانکۆ ، له ساڵی 1999 تا ئێستا [ مه‌به‌ست ساڵی 2003] کاندیدی دکتۆرای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و په‌یوه‌ندییه نێو دهوڵهتییهکانە. نوسه‌ری چه‌ندین کتێبه به ناوه‌کانی:1)پاکس ئه‌مریکانا،ساڵی (2002)چاپخانه‌ی ره‌نج،سلێمانی. 2) ماڵێکی لێکترازاو و ویژدانێکی بیمار(2003 ) چاپخانه‌ی ره‌نج،سلێمانی.3-سته‌مکاری، ساڵی (2003)چاپخانه‌ی ره‌نج،سلێمانی4) ئاشتکردنه‌وه‌ی عه‌قڵ و عیشق،ساڵی (2006)چاپخانه‌ی ره‌نج،سلێمانی. 5 )غهمهچڤاتیهکان،(2006 ) 2به‌رگ ،چاپخانه‌ی ره‌نج، سلێمانی.
4)ره‌فیق،فاروق،غهمهچڤاتیهکان،به‌رگی یه‌که‌م،سلێمانی،چاپخانه‌ی ره‌نج،2006، لا،137 تا 184
5) Raisonnement
6) Syllogisme
7)Discourse Analysis
8)بروانه بۆ وێنه:ههرهكی،سالح(2008 )به‌شێك له په‌یمانه‌كانی دژی كوری،سلیمانی،ده‌زگای وه‌رگێڕان.
9 )reduction
10 ) Fragmented
11 )grand narrative
12)بروانه:جیمسون،پيشگفتار فردريك جيمسون بر كتاب وضعيت پست مدرن( ليوتار، ژان فرانسوا(80 ) وضعيت پست مردن ،ترجمه حسينعلي نوذري ،تهران،انتشارات گام ن‌و.
سه‌رچاوه‌كان:
1-چالمرز،آلن اف(87 )چيستي علم،ترجمة سعيد زيبا كلام،تهران،انتشارات سمت،چ هشتم
2-ره‌فیق،فاروق(2006 )غهمهچڤاتیهکان،به‌رگی یه‌که‌م،سلێمانی،چاپخانه‌ی ره‌نج
3--فرنکفورد،چا‌وا و نچماس،دیوید(81 )روش های پژوهش در علوم انسانی،ترجمه فاضل لاریجانی و.. ،تهران،سروش چ اول
4-ليوتار، ژان فرانسوا(80 ) وضعيت پست مردن ،ترجمه حسينعلي نوذري ،تهران،انتشارات گام ن‌و.
5-مورن،ادگار (74)شناخت شناخت ،ترجمه علی اسدی،تهران،سروش،74،چ1،کتاب اول
6-Vali.Abbas,The Kurds and Their ‘Others’: Fragmented Identity and Fragmented Politics
Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East ,vol.IIIno.2,1998,pp.83-94
په یوه ندی