- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
حیزبەکانی ژانری نوێ : پرسیارە سیاسیەکانی دوای سێریزا
وتووێژی ماڵپەڕی «تز یازدهم» لەگەڵ ماریا کاکوویانی/ وەرگێران : پەیمان عەلیپوور
تێبینی : ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێنەوە ، وتووێژێکی کوورتی ماڵپەری «تزیازدهم»ە لەگەڵ ماریا کاکوویانی ، لە مەڕ سەرکەوتنی سێریزا لە هەڵبژاردنەکانی یۆنان ، وە ئەو پرس و پرسیارە تازانەی کە[لەگەڵ خۆی] ورووژاندوویەتی . کاکوویانی ، مامۆستای زانکۆی پاریس و نووسەری کتێبی قووربانی سازیی(٢٠١٢)یە . ئەو ساڵی پار ، لە بەڕێوەبردنی سمینار و بڵاوکردنەوەی وتارەکانی سمپتیۆمی یۆناندا (٢٠١٤)(لەگەڵ بالیبار ، بادیۆ ، ڕانسیەر ، نێگری ، کیگڵ وە ئەوانی دی ) هاوکاری و ڕۆڵی چالاکی هەبووە . لەم دوایانەشدا وتووێژی ئەو لەگەڵ ئالێن بادیۆ [بە ناوی] ، وتووێژە ئەفلاتوونیەکان ، کە پەیوەندیشی بە کێشەکانی یۆنانەوە هەیە لە لایەن ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی Editions Lignes Nouvelles بڵاو کراوەتەوە .
***
پرسیار: هاوپەیمانێتی سێریزا لەگەڵ یۆنانیە سەربەخۆکان ، وەڵامدەرەوەی چ زەروورەتێکی کۆنکرێتە ؟ بە سەرنج دان بەوەی کە پۆستە گرنگەکان ، بە تایبەت لە کەرتی ئابووریدا ، بە ئەندامەکانی سێریزا سپێردراوە ، وا دیارە لەگەڵ هاوپەیمانێتێکی «نەتەوەیی» یا دەوڵەتی یەکگرتوو ، یان شتێک وەک ئەمانە ڕووبەڕوو نین ؛ لە هەمان کاتدا بە ڕای دەوڵەتی نوێی یۆنانیشەوە ، شێلگیریەکی ئەوتۆی بوونینیە کە خۆی بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە و زەق وەکوو دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی یان چەپێکی ڕادیکاڵ پێناسە بکات . پابلۆ ئێگلیسیاس ، سەرۆکی حزبی پوودیمووس ، دەڵێ : «کێشەی ئەمڕۆکە چەپ یان ڕاست بوون نیە » ، وادیارە ئەمڕۆکە چەپ بوون بە یەک واتا پێویستی بە هەڵکشانە بەرەو دەرەوەی هەمبەریەکهاتنەوە نەریتیەکانی چەپ و ڕاستە ، وە لەگەڵ هەلومەرجێکی نوێ ڕووبەڕووین...
ماریا کاکوویانی : زەروورەتی کۆنکرێت لە پێش هەموو شتێکدا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان بوو کە دەرەتانی پێکهێنانی سەربەخۆیانەی دەوڵەت بە سێریزا بدات ، کە نەیدا . سێریزا بە هەر حاڵ ، ناچار بوو کە بچێتە ناو هاوپەیمانێتیەوە . لە ناو ئەو حیزبە جۆراوجۆرانەی کە دەنگی پێویستیان بۆ هاتنە ناو پەرلەمان وەدەستهێنابوو ، دوو بژاردە لە سەر مێزی سێریزا بۆ هاوپەیمانێتی بوونی هەبوو : یۆنانیە سەربەخۆکان و پۆتامی (Potami) وە دووهەمی حیزبێکی «میانەڕەو» ، وە بە تەواوەتی گەنج ، کە هەرگیز هەڵوێستی ڕوونی ڕانەگەیاندوە (ئەوان سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەت لەگەڵ حیزبی دیموکراسی نوێ ، وە ڕاستڕەوی نەریتی حکوومەتی پێشوو «کراوە» بوون ، هەر وەک چۆن سەبارەت بە سێناریۆکانی دیکەی هاوپەیمانێتی کردن [کراوە بوون]) ؛ لە بەرامبەردا ، هەڵوێستی یۆنانیە سەربەخۆکان دژ بە بەردەوامی سیاسەتەکانی ڕەنج کێشان ، پەکەیجی ئابووری ، وە سەرپەرشتیاری و چاودێری ترۆئیکا وە .... بە تەواوەتی ڕوون و دیاریکراو بوو. ئەوان حیزبێکی ڕاستڕەوی نەتەوەخوازی پۆپۆلیستین ، وە بە ئەم تێبینیەوە ئەم هاوپەیمانێتیە بە شێوەیەکی سروشتی گرفتگەلێک درووست دەکات ، وە تا ڕادەیەک تێکەولێکەیەکی ئایدۆلۆژیک دێنێتە کایەوە ؛ بەم حاڵەشەوە ، بە سەرنج دان بە هەلوومەرجی کایەی هەڵبژاردنەکان ، تەنیا سێناریۆی مومکین هەر ئەمە بوو . بەدەر لەو ئاراستە وەرگرتنانە و سیاسەتانەی سێریزا بۆ خۆدەرخستنەوەی خۆی ، یەکێتی ئەوان لەگەڵ یۆنانیە سەربەخۆکان هیچ پەیوەندیەکی بە ڕێکخستراوەیی سمبۆلیک یان کارگێری کردنی وێنەی خۆی ، وە نەبووی ئارەزووی ئەو بۆ خۆدەرخستنەوەی ڕاشکاوانە و بێ خەوشی خۆی وەکوو چەپێکی ڕادیکاڵەوە نیە . با لە پرسی خۆدەرخستنەوەی کۆمۆنیستی دەربازبین کە هەڵبەت لە سێریزادا هێندەی پێویست کاڵ و هەڵبزرکاوە .
خراپ نیە ئاماژە بە ئەمە بکەم کە ئەم دوو حیزبە ، واتا یۆنانیە سەربەخۆکان ، لە ڕیزی ئەو حیزبانەدان کە دەتواندرێ ئەوان بە «ژانری نوێ»ی حیزبی سیاسی ناوببرێن (بە هەر حاڵ بۆخۆشیان زۆر جار ئیدعای وەها شتێکیان هەیە ) . سەرهەڵدانی ئەم حیزبانە دیاردەیەکی تایبەت بە یۆنان نیە ، وە دەتواندرێت ئەوان لە زۆرینەی وڵاتەکان بە مارکە ئایدۆلۆژیە جیاوازەکانەوە ، کەمتاکورت دیاریکراو یان تەماوی و نادیار (وەکو حاڵەتی پۆتامی) بەدی بکرێت . دەستەواژەی «ژانری نوێ» لە نێو جوت کەوانی گچکەدا بە کاردەبەم ! لە بەر ئەوەیکە پێموایە هێستا زەروورەتی هەیە کە سەبارەت بە ئەوان مشتومڕو و توێژینەوە بکرێت . بە شێوەیەکی گشتی ئەوان ئەو حیزبانەن کە هەوڵدەدەن دوو درووشمی سەرەکی بزووتنەوەی ئەم دواییانەی "دەست بەسەرداگرتن" ئاوێتەی یەک بکەن : یەکەم ، هەڵسوورانی سیاسی لە ڕێگەی نا-سیاسەتوانانەوە ؛ بە وتەیەکی تر جەختکردن لە سەر سیاسەت وەکو ئیشێکی ناپرۆفیشیناڵ . بە پێچەوانەی حیزبە نەریتیەکان ، کادیران حیزب وە بە شێوەیەکی سروشتی نوێنەرە سیاسیەکانی ئەم حیزبانە ئیتر سیاسەتوانە پرۆفیشناڵەکان پێکیناهێنن . دووهەم ، گرتنەبەری بەشێک لە پرۆسەکانی دیموکراسی ڕاستەوخۆ ، وە جەختکردنەوە لە سەر هاوکاریەکان و تۆرەکان و ڕێخستنەکانی وەکو دەڵێن «ئاسۆیی» لە ناوخۆیاندا .
بە مانایەک ، دەتواندرێ سێریزا و پوودیمووسیش وەکوو بەشێک لە حیزبەکانی «ژانری نوێ» ئەژمار بکردرێن . ناچارین تۆزێ بۆ دواوە بگەرێینەوە . چەمک دارێژی کلاسیکی سیاسەت ، کە سووژەی خۆی لە نێو حیزبەکانی مارکسیست- لێنینیستیدا دەدۆزێوە ، لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە ململانێی چینایەتی خۆی لە خۆیدا بەس نیە وە سیاسەت دەبێ لە جێگەیەکی تایبەتەوە ڕێکخستنی بۆ بکرێت ، واتا حیزب دەبێ درووست بکات هەتاکوو بڕستی ئەوەی تێدابێ کە بەخێرهاتنی ڕاپەڕینەکانی جەماوەر بکات . بەم مانایە هەبوونی ڕێکخستنی سیاسی ئەولەویەتی هەبوو بە سەر ، دەرکەوتنی سەرهەڵدان ، ڕابوون یان ئەگەر دەتانهەوێ [با بڵێم]، «بزووتنەوە»دا ، وە ئەمە ئیش و چالاکیەکی پێچەوانەی پرۆسەکەی دەخواست . دەبێ لە بیرمان بێ کە ڕێکخستنی سیاسی حیزبی نەک تەنیا لە بزاوتێکی پێچەوانەی ڕەوت بەدیدێت ، بەڵکوو جاری وایە ، وە لە ڕاستیدا تاڕادەیەک هەمیشە[وایە] ، بە شێوەیەکی «پۆلیسی» لەگەڵ بزووتنەوەکان ڕووبەڕوو دەبنەوە ، وە ئەگەر بزووتنەوەکە لە کردەوە و واقعدا بە شێوەیەکی دەقیق هاوتا لەگەڵ ئەو فۆرمەی کە چاوەڕوان دەکرێت و پێشبینی بۆ دەکرێت نەبێ ، لە ڕێگەیەکەوە زەبری لێ دەوەشێندرێت . بزووتنەوەی مەی ٦٨ بە بڕوای من سمبۆلی هەڵڕژانە دەرەوەی ئەم دژوازی و گرفتانەیە . ئەوەیکە دەڵێم مەی ٦٨ لایەنێکی سمبۆلیکی هەیە ، مەبەستم ئەوەیە کە ناوەکەی لەگەڵ کۆمەڵێک و زنجیرەیەک لە سەرهەڵدانەکانی پڕ ژمارە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان لەو سەردەمەدا گرێدراوەتەوە . زنجیرەیەک لە سەرهەڵدنەکان کە فۆرمەکانی ڕێکخستنکردن و چەمکی سووژەی ڕزگاریان تووشی قەیران کرد . بە هەڵکەوت نەبوو کە بیرکردنەوەی فەلسەفی سەبارەت بە ئەم کۆمەڵە بزووتنەوانە بوو بە هۆی خوڵقانی چەمکی "ڕوودان" ، کە هەڵبەت تەنیا بە بواری سیاسیەوە سنووردار نابێت .
ئەوڕۆکە هەر چەند کە ڕێکخستەناکانی «ژانری نوێ» وا نیشان دەدەن کە فۆڕمێکی حیزبیان هەیە ، بەڵام گوێیان لە بزووتنەوەکان هەڵخستوە ،وە تەنیا «دوای» بەسەرهاتەکە کردەوە ئەنجام دەدەن ؛ ئەوان هەوڵدەدەن بە خۆڕاگری کردن لە بەرامبەر تایبەتمەندی "دیارنەمانی" و چرکەساتێتی بزووتنەوەکان ، ژێستەکانی ئەوان بکەنە بە دەسهەڵاتی سیاسی حکوومی و دامزراوەیی . ئەمە تەنیا خاڵێکی دەسپێکە بۆ گەڵاڵە کردنی کۆمەڵیک لە پرسیارەکان . بێ گوومان دەبێ پرسگەلێکی دیکە وەکوو ئاراستەی ئایدۆلۆژیک ، چەمکی سەرکەوتنی سیاسی وە... لەم کۆمەڵە پرسیارانەدا جێگا بکەینەوە .وە هەڵبەت هەتا ئێرە تەنیا یەک لایەنی ڕووخساری ئەم بەسەرهاتەمان کێشاوەتەوە .
پرسیار : وا بەدیدەکرێ کە هەڵبژاردنەکان لە ڕێکخستنکردنی ئەم حیزبە نوێیانەدا ڕۆڵێکی تەوەرەییان هەبووە . هێندێک لە چالاکانی سیاسی بە ئاماژە دان بە ئەو ڕەوتە هەڵبژاردنەیی و پەرلەمانتاریستیەی کە سێریزا بڕیوێتی ، ڕاکردن لە واقع یان هەمان «ئەو گیانە جوانانەیان» خستە بەر دەم ڕەخنەگرتن کە لە ترسی پیس بوونی پەنجەکانیان ، هیچ کارێک ئەنجام نادەن . لە لایەکی دیکەوە ، هێندێک بە جەختکردن لە سەر ڕەوتی شۆڕشگێری ، خودی سێریزایان وەکوو حیزبێکی چاکسازیخواز کردەوەتە ئامانجی ڕەخنەکانیان ، بەتایبەت دوای ئەوەیکە KKE (حیزبی کۆمۆنیستی یۆنان) ئەگەری هەر چەشنە هاوکاری و هاوپەیمانێتیی کردن لەگەڵ سێریزای ڕەدکردەوە . ئێوە لەم بارەیەدا چۆن بیردەکەنەوە ؟ ئایا دەکرێ خاڵێکی بەڵانس لە نێوان بێ خەوشخوازی چەپ یان «پاک ئایینی» کۆمۆنیستی و ئۆتۆماتیسمی پەرلەمانتاریستی وێنا بکردرێت ؟
ماریا کاکوویانی :خاڵێکی بەڵانس لە نێوان پاک ئایینی کۆمۆنیستی و ئۆتۆماتیسمی پەرلەمانتاریستی ؟ بە دڵنیایەوە من ناتوانم وەڵامی ئەو پرسیارەی کۆتای بدەمەوە ، ئەگەر وەڵامێک بوونی هەبێ ئەوە دەبێ لە ئەزموونە دەستەجەمعیە کۆنکرێتیەکاندا لێی بگەڕدرێت . بەم حاڵەشەوە ، دەتواندرێ چەند وشەیەک سەبارەت بە ئەم شتەی کە ئەولەویەتی بە سەر پرسیارەکەی ئێوەوە هەیە بڵێم . یەکەم ، ئەوەیکە لە شتێکدا کە هیچ گوومان و تەمومژێک لە ئارادانیە وە ئەویش ئەوەیە کە ئەوە خودی حیزبی کۆمۆنیستی یۆنان (KKE)بوو کە هەرگیز نەیدەهەویست لەگەڵ سێریزا هاوکاری بکات . بە پووختی ،ئەوە نە سێریزا کە خودی KKEبوو کە سێناریۆی هاوکاری و هاوپەیمانێتی ڕەد کردەوە .
بە هەر حاڵ ، من پێموانیە کێشەکە پیس بوون یان نەبوونی پەنجەکان بێ . کەسانێک کە لە سەر «ڕێبازی شۆڕشگێری» سوورن ، هەر وەک لە قسەکانی ئێوەدا بە شاراوەیی دیار بوو ، بە شێوەیەکی دیکە پەنجەکانیان پیس دەکەن . سیاسەت ، لە یەک واتادا ، یانی قەبووڵکردنی پیس بوونی پەنجەکان . بە ڕای من دەبێ ئەو پێش گریمانە ساویلکانە وەلاوە بندرێ کە «وەرگرتی دەسهەڵات»(لە هەر ڕێگایەکەوە بێ) یان شتێک وەک ئەمە ، پەنجەکان پیس دەکات . دەست بە سەردا گرتن یان نەگرتن بە سەر دەسهەڵاتدا خۆی لە خۆیدا ئیش و کارێکی چەپەڵە ، کە بە شێوەیەکی سروشتی دەمودەست مەسەلەی مەوداگرتن لە دەوڵەت دێتە پێشێ . ئەوڕۆکە دەسهەڵات بە «دەست» کێیە ؟
خاڵێکی دیکە کە حەزدەکەم زیادی بکەم پەیوەندی بە پرسی گۆڕانکاریەوە هەیە . ئەگەر سیاسەت ئیشێکە پەیوەندیدار بە بنەماوە ، بە شێوەیەکی کورت نەکراوانە ، جۆرەیەک «هونەری هەل دۆزینەوە»شە ، هونەری kairos کە نابێ بە سادەیی بە هەل پەرەستی وەربگێڕدرێتەوە . دەتواندرێ سەبارەت بە توانای سێریزا لە گۆڕینی ڕادیکاڵی باروودۆخدا (ئەگەر مەبەست لە باروودۆخ ، کاپیتالیزمی جیهانیە) توشی هیچ وەهمێک نەبین ، وە لە هەمان کاتدا لە بەر سەرکەوتنی سێریزا لە هەڵبژاردنەکانیشەوە شین گێری نەکەین ، سەرکەوتنێک کە دەتوانێ ڕەدووهاتی کوورت خایەنی بە سوودی بۆ شێواوی هەنووکەیی kairos لە یۆناندا هەبێ . پێداگری لە سەر ئەمە زەرووریە کە دوای چەند ساڵ خۆڕاگری سەرکەوتو وە پڕبەرهەم ، بزووتنەوەکان و ناڕەزایەتیەکان لە یۆنادا لە ڕەوشێکی «خەمۆک»دا دەژیان وە سەرکەوتنی سێریزا لە هەڵبژاردنەکاندا ،هاوکات لەگەڵ سەروبەندیک بوو کە بە شێوەیەکی کردەوەیی ئیتر جمووجوڵێکی شەقامیانە بۆ سەپاندنی گۆڕانکاری بە سەر حکوومەتدا لە کایەدا نەمابوو ، وە پاڵەپەستۆی فاشیستی داموودەزگای سەرکوتگەری دەوڵەتیش لە ئەوپەری خۆیدا زیادی کردبوو .
پرسیار : چەندە دەتواندرێت دوای سەرکەوتنی سێریزا گەشبین بین ؟ ئایە زێدەڕەویمان نەکردوە ئەگەر بڵێن بای گۆڕانکاری لە ئەورووپادا هەڵی کردوە؟ هێندیک پێیانوایە کە ئەگەری گۆڕانکاریەکان ڕەنگە بەرەو هەڵوەشانەوەی ئەورووپا لە کۆمەڵە دووڕگەیەکی نەتەوەیی و شوناسیدا بشکێتەوە ، لە بەرامبەردا تاقمێک باس لە «ئەورووپایەکی ئەڵتەرناتیڤ» دەکەن ؛ بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە لە بەرچاوگرتنی سەرکەوتنی سێریزا ، ئەورووپایەکی ئەڵتەرناتیڤ چۆن چۆنی دەبێت ؟ بە گوێرەی بووژاندنەوەی «ئیمپراتۆری لاتین»[دەبێ] (بە وتەیەکی دەقیقتر یۆنانی-ڕۆمانی)، بەو چەشنەی کە ئاگامبێن پێشنیازی دەکات ، دژ بە ئیمپراتۆری ئەنگلۆساکسۆنی سەرکردە ئەڵمانیەکانی یەکێتی ئەورووپا ؟
ماریا کاکوویانی : ئەو ڕێگایەی کە ئەورووپا دەیبڕێت لە پێشدا دیاریکراو نیە ، وە ڕێگەم بدەن با من خۆم لە هەر جۆرە پێشبینیەک بپارێزم ؛ شتێک کە من بەدیدەکەم ئەوەیە کە تارمایی فاشیزم و شووناسخوازی زۆر ئامادەو جێگای نیگەرانیە . وە دەبێ [ئەوەش] زیاد کەم کە ئەوڕۆکە پتر لە هەر کاتێکی دیکە زەروورەتی هەیە کە لە «سەر شەقامەکان پڕ ژمارە دەرکەوین».
پرسیار :ڕۆڵە ئەگەریەکانی سەرکەوتنی پوودیمووس بە سەر یۆناندا چ دەبێ ؟ خولیا ورووژێنە کە لە سەڕاوە مشتومڕە کۆنەکانی پەیوەندیدار بە «سۆسیالیزم لە وڵاتێکدا » دەستپێبکەینەوە...
ماریا کاکوویانی : دەبێ بزانین دوای سەرکەوتنی سێریزا ، ڕۆڵە ئەگەریەکانی سەرکەوتنی پوودیمووس لە ئەورووپادا چ دەبێ .وە هەڵبەت خاڵێک لە مەڕ ناوەکانەوە لە ئارادایە . من پێموایە کە هێستا زۆرمان مەودا لەگەڵ بووژانەوەی پرۆژەیەکی سۆسیالیستی یان تەنانەت سۆسیال-دیموکراتدا هەیە. لە هەلوومەرجی هەنووکەیدا کێشەکە پتر ڕاگرتنی خوێن ڕژانە . دەنا نا پرۆژەیەکی ئەڵتەرناتیڤ کە خۆی بە شێوەیەکی ئیجابی دژی زاڵبوونی نێئۆلیبرالیسم دەربخات و داسەپێنێت لە کایەدا نیە . نەبوونی ناو خۆی نیشانەیەکە .
پرسیار :بەم حاڵەشەوە ، چەشنێک گڕوتینی ڕزگاریدەر بۆ گۆڕان و جموجولی مێژوو لە ئاستی جیهانیدا لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە کڵپەی سەندوە ؛ شتێک کە خۆی لە بزووتنەوەی "دەست بە سەرداگرتن" یان هەمان «بەهاری عەرەبی »دا نیشان دا ؛ وەها بەدیدەکرێت کە ئەم گڕوتین و جۆش و خرۆشە تێدەکۆشێت خۆی جێگیربکات ؛ حیزبەکانی ژانری نوێ کە قسەتان لێ کرد ، دەتوانێ نموونەیەکی باش بێ . دەمهەوێ بڵێم کە گڕوتینی گۆڕانی جیهانی دەبێ بتوانێ بە بابەتەکەی خۆی فۆرم ببەخشێت ، وە گرنگایەتی یۆنان لەوەدایە کە دەتوانێ یەکەمین قۆناخ لە ئەم جێگیریە بەخشینە بێ . لەم بارەوە چۆن بیردەکەنەوە ؟ وادیارە جارێکی دیکە چارەنووسی ئەورووپا و چارەنووسی جیهان دیسان پێکەوە بەستراونەوە ، وە هەڵبەت لە کۆبانێش ڕووداوێکی هاوشێوە خەریکی قەومانە .
ماریا کاکوویانی : من پێموایە کە ئەورووپا زۆر لە مێژە هەوڵدەدات کە چارەنووسی خۆی بکاتە بە چارەنووسی جیهان . سەبارەت بە کۆبانێش پێموایە ئەوە لە سەر ئەستۆی ئێوەیە کە بە ئێمە بڵێن کە لەوێ چ دەقەومێت و لە بارەیدا چۆن بیردەکەنەوە . لە مەڕ یۆنانەوە ، هێندە گەشبین نیم کە ئەم گڕوتینی گۆڕینە فۆڕمێکی نوێ جگە لە هەمان «ژانری نوێ» کە باسم لێوە کرد بۆ ڕانان پێ بێت . سەبارەت بە فۆڕمەکانی نوێتر ، هێستا کەمێک دەبێ بە کاوەخۆ بین و لە هەمان کاتدا ، تێڕوانین و بۆچوونە تازەکان بۆ بینینی ئەوان پێکبهێنین . هەنگاوی دواتر بە شێوەیەکی سروشتی توێژینەوەی وردە لە سەر ، سەرلەبەری ئەو شێونە جۆراوجۆرانەی کە گۆڕانکاری لە ئەواندا خەریکە ڕوودەدات .
سەرچاوەی وەرگێران :احزاب ژانر جديد: پرسشهاي سياسي پس از سيريزا – گفتگوی سایت تز يازدهم با ماريا کاکوياني -http://www.thesis11.com/Article.aspx?Id=278
په یوه ندی