- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
کۆمه‌ڵناسی ئایین له روانگه‌ی فۆنکسیۆنالیستهكانهوه
ئايين و كاركردي كۆمه‌ڵايه‌تي
ئه‌حمه‌د غوڵامی
روانگه‌ی فۆنکسیۆنالیستی ئایین، له راستیدا له ژێر کاریگه‌ری ئیم‌یل دۆرکهیم و مڕۆڤناسانی وه‌ک رادکلیف بڕاون و بریسلاو مالینۆسکی سه‌ری هه‌ڵداوه و به پێی ئه‌م روانگه‌یه ئایین، کاریگه‌ره له سه‌ر یه‌کگرتوویی و چاره‌سه‌ری پێداویستیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. ئه‌م ئه‌ندیشه‌یه ئایین به شێوه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه ره‌چاو ده‌کا و بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش زیاتر فاکێتیان له ئایینه سه‌ره‌تاییه‌کان هێناوه‌ته‌وه تا به‌م شێوه به بۆچوونێکی سه‌رتاسه‌ری بگه‌ن له مه‌ڕ کۆمه‌ڵناسی ئایین.
· دۆرکهیم و شێوه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی ئایینی
دۆرکهیم له كتێبی شێوه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانی ئایینی[1]دا، ئایین ده‌به‌ستێته‌وه به سرووشت و گه‌وهه‌ری ئه‌نستیتۆ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه. ئایین ئه‌ونده په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵگه‌وه كه به بڕوای دۆركهیم،ره‌گ و ره‌چه‌ڵه‌كی ته‌واوی چه‌مك و وته‌زا و چینه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئایین.(دۆركهیم، 1378: 20) هه‌ر بۆیه له جیات تاوتوێكردنی ئایینه پڕ جه‌ماوه‌ره‌كانی ئیسلام و كریستانیهت، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاییترین ئایینه‌كان. دۆركهیم به‌ر له هه‌ر شتێك خۆی به به‌رپرس ده‌زانێ تاكوو پێناسه‌یه‌كی درووست له ئایین بدا به ده‌سته‌وه تا به‌م شێوه ئایینه سه‌ره‌تاییه‌كانیش بێنێته خانه‌ی ئایینه‌وه. به باوه‌ڕی ئه‌و، پێناسه‌ی ئایین له سه‌ر بنیاتی بڕوا به جیهانی نه‌ناسراو و جیهان ئه‌وپه‌ڕ سرووشتی، ته‌نیا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه ناسینی ئایین له لایه‌ن زانایانه‌وه تووشی ئاسته‌م و چه‌ڵه‌مه بێ و ناسینی درووستی ئایین به‌دی نه‌یه‌ت. ئه‌م پێناسانه ئایین له بابه‌تێكی زانستی دوور ده‌خانه‌وه و ده‌یبنه خانه‌ی راز و وههم و شته نهێنیه‌كان. ئایین به پێی بۆچوونی دۆركهیم سیستمێكه له باوه‌ڕ و ئاكاره‌كانی په‌یوه‌ست به شته پیرۆزه‌كان؛ ئهوباوهڕ و ئاكارانه‌ی كه هه‌مووی پێڕه‌وه‌كان له چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێكی یه‌كگرتوو (كۆمه‌ڵی ئایین) كۆ ده‌كاته‌وه.(دۆركهیم، هه‌مان: 47) دۆركهیم پێی وایه ته‌نیا له رێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی ئایینه كۆنه‌كانه‌وه ده‌كرێ گه‌وهه‌ری ئایین بدۆزرێته‌وه.(دۆركهیم 1976: 2) بۆیه له لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاییندا ده‌چێ به دوای ئایینی تووتێم وه‌ك سه‌ره‌تاییترین ئایینی مڕۆڤ.
دۆرکهیم به پێی خوێندنه‌وه‌ی ئایینی تووتێم له ناو خه‌ڵکی خۆماڵی ئۆستڕالیا، باس له‌وه ده‌کا که ئایینه‌کان ته‌نیا بابه‌تێک نین که ده‌ره‌وستی بڕوا و ئیمان بن، به‌ڵکوو ئایین جۆرێک یه‌کگرتوویی کۆمه‌ڵایه‌تی پێک دێنێ که ئایین تێیدا هێز و بڕشتی کۆمه‌ڵگه به سه‌ر تاکدا دابین ده‌کا. دۆرکهیم به ره‌چاو کردنی ئه‌وه‌ی که هیچ ئایینێک ده‌ستکردی نیه، به‌ڵکوو هه‌ر ئایینێک بۆ خۆی خاوه‌ن حه‌قیقه‌ته.(دۆرکهیم،هه‌مان: 3) که‌وابوو ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تاییترین ئایینه‌کانیش جۆرێک حه‌قیقه‌ته. باسی ئایین له پێشگریمانه‌کانی ئایینه ئاسمانیه‌کان ده‌سڕێته‌وه که پێیان وایه ئایینه تابۆییهکان حه‌قیقی نین و به کوفریان داده‌نێن. دۆرکهیم حه‌قیقه‌تی ئایین له چه‌مکی "مانا[2]"ی هۆزه‌كانی مۆلانزی یان له چه‌مكی واكان[3] و مانیتۆ[4] و ئۆرێندا[5]ی سوور پێسته‌كاندا ده‌بینێ، ئه‌مانه هه‌مان ماکی سه‌ره‌کی و سه‌ره‌تایی ئایینن که ته‌واوی دیارده پیرۆز و رێزداره‌کان له هه‌مووی سه‌رده‌مه‌کاندا له‌م پێوهندیهوهدا به‌دی دێن.(هه‌مان: 199)
دۆرکهیم پێی وایه هه‌ر ئایینێك خاوه‌ن دوو به‌شه، یه‌كه‌م باوه‌ڕه‌كان[6] و ئه‌وی دیكه‌ش رێوڕه‌سمه‌كان[7] كه ناكرێ به شێوه‌یه‌كی جیا له یه‌كتری تاوتوێ بكرێن. له‌م ناوه‌دا باوه‌ڕه‌كان خۆی بریتیه له بابه‌تی پیرۆز و بابه‌تی ئاسایی یان ناپیرۆز؛ لێره‌دا دۆركهیم تا راده‌یه‌کی زۆر له پۆزیتیڤیزم دوور ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌و له باره‌ی ئاییندا ده‌ڵێ: "ئایین سیستمێکی یه‌کگرتووه له بڕواکان و کرداره‌کانی په‌یوه‌ست به بابه‌ته پیرۆزه‌کان؛ واته ئه‌و بابه‌تانه‌ی که پیرۆز کراون و قه‌ده‌غه‌ن – ئه‌و بڕوا و کردارانه‌ی که هه‌مووی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌و پێیه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن، به شێوه‌ی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقی به ناوی کلیسا پێکه‌وه کۆ ده‌بنه‌وه".(دۆرکهیم، هه‌مان: 74) به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م پرسیاره له لایه‌ن خودی دۆركهیمهوه ئاراسته ده‌كرێ، كه ئه‌ی ئه‌م باوه‌ڕه پیرۆزه چۆن ناسراوه و چ تایبه‌تمه‌ندیه‌ك ئه‌وی پیرۆز كردووه؛ دۆركهیم به‌ر له هه‌ر شتێك هێرش ده‌كاته سه‌ر بۆچوونی تایلۆر و سپێنسێر و ماكس موولێر. تایلۆر پێی وابوو مڕۆڤه سه‌ره‌تاییه‌كان رووداوه‌كانیان به‌ستبووه‌وه به رۆحه‌كان و به‌م شێوه ئایین به شێوه‌یه‌كی ئانیمیستی و رۆحباوهڕانه، بڕوایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیه سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری رۆحه‌كان له ناو دڵی رووداوه‌كان و شته‌كان. سپێنسێریش به‌م شێوه بڕوای گشتی به رۆحی شته‌كان و گیانداران به شێوه‌یه‌ك بووه كه مڕۆڤه‌كان پێیان وابوو پێوه‌ندیه‌كی رۆحی هه‌یه له نێوان خۆیان و شتانی ده‌ورووبه‌ر وه‌ك كێ‌و یان گیاندار و ...؛ جگه له‌م دوانه موولێریش پێی وابوو، هۆی پیرۆز نرخاندن هه‌ندێك له شته‌كان له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خوداییكردن و به‌رزنرخاندنی هه‌ندێك له هێزه‌كان مڕۆڤه وه‌كوو خودای ئاور. ئه‌وان هێز و ده‌سه‌ڵاتی سرووشتیان به‌ستووه‌ته‌وه به خودایه‌ك له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.(دۆركهیم، 1976: 76-55) دۆركهیم هه‌ر سێكی ئه‌م بۆچوونانه به هه‌ڵه ده‌زانێ و پێی وایه ئه‌مانه گه‌ڕان به دوای سه‌ره‌كیترین ئایین واته سه‌ره‌تاییترین ئایینیان كه هه‌مان تووتێمه، له بیر كردووه. تووتێم سیستمێكی ئایینیه كه شته‌كان و باوه‌ڕه‌كان و بابهتهكان دابه‌ش ده‌كا. تووتێمیزم خاوه‌ن ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه تێیدا تووتێم له سه‌ره‌وه‌ی لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵاته و گیانداران و بابه‌ته پیرۆزه‌كان له پله‌ی دوای ئه‌ون و له ژێره‌وه‌ش ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه. تووتێم له خۆیدا هه‌مان گشتیه‌تی كۆمه‌ڵه و مه‌رجی سه‌ركه‌وتوویی تووتێم باوه‌ڕ هێنانه به سهمبۆلهكان و ڕێوڕه‌سمه‌كانی تووتێم وه‌ك بابه‌تی پیرۆز و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه له ئاكار و سه‌مبۆلی دژه تووتێم كه ده‌بێته هۆی مه‌ترسیه‌ك بۆ سه‌ر تووتێم. ته‌نانه‌ت ڕێوڕهسمهكانیش په‌یوه‌ستن به‌م جیاكردنه‌وه‌یه له نێوان بابه‌تی پیرۆز و ناپیرۆز.
به‌م شێوه حه‌قیقه‌تی ئایین، حه‌قیقه‌تێکی کۆمه‌ڵناسانه‌یه و سه‌رچاوه‌ی ئایین خودا نیه، به‌ڵکوو بڕوا هاوبه‌شه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌یه. بڕوای ئیمانداران به تووتێم و باوه‌ڕه ئایینیه‌کان، هه‌مان بڕوای ئه‌وانه به کۆمه‌ڵگه. که‌وابوو بڕوای ئایینی، "ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی به لاڕێداچووی فاکت (واقعیه‌ت)ه ئهزموونیکانه". واقعیه‌تێک که ئه‌گه‌ری لێکدانه‌وه‌ی وردبینانه‌ی ئه‌وه ته‌نیا له رێگه‌ی زانستێکی ئه‌زموونی واته کۆمه‌ڵناسیه‌وه ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ. که‌وابوو بابه‌تی سه‌ره‌کی ئایین واقعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی واته کۆمه‌ڵگه‌یه نه‌ک توخمه ناواقعیهکان وه‌کوو رۆحی گیا یان ئاژه‌ڵ یان شته ئه‌وپه‌ڕ سرووشتیه‌کان.
به رای دۆرکهیم واقعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی کاتێک ده‌ناسرێ که وه‌کوو "شت" ره‌چاو بکرێ، فاکتی کۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته وه‌ک شت و بابه‌تێکی ده‌ره‌وه‌یی و هه‌مه لایه‌ن دابنرێ. دۆرکهیم له کتێبی رێساکانی مێتۆدی کۆمه‌ڵناسی، دوو جۆر واقعیه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی واته ماددی و ناماددی ره‌چاو ده‌کا و له سه‌رانسه‌ری ژیانی زانستی خۆیدا چ له "شێوه سه‌رتاییه‌کانی ژیانی ئایینی" و چ له "خۆکوشتن" و چ له "دابه‌شکاری کار" تێکۆشاوه بابه‌تی ناماددی چوارچێوه‌دار بکا. ئه‌م بابه‌ته ناماددیه له کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ک "ویژدانێکی گشتی[8]" به هێزه. به ڕای دۆرکهیم ئه‌م ویژدانه خاوه‌ن ژیانێکی تایبه‌ت به خۆیه‌تی که سه‌ربه‌خۆیه له دانه دانه‌ی تاکه‌کان. ئایین لای دۆرکهیم نموونه‌یه‌که له روخساری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی و نموودێکه له ویژدانی گشتی. که‌وابوو دورکهیم ئایین به ره‌نگدانه‌وه‌یه‌کی دیکه ده‌زانێ له کۆمه‌ڵگه.
زاتی ئایین بریتیه له دابه‌ش بوونی جیهان به سه‌ر دوو ده‌سته بابه‌تی پیرۆز[9] و ناپیرۆز[10] و ئاسایی. له‌م پێناسه‌دا خودا له ده‌ره‌وه‌ی گه‌وهه‌ری ئایین دایه. ئه‌م هه‌ڵوێسته ئایین له سه‌ر بنیاتی ئیمان به خودا (یان چه‌ند خودا) ره‌ت ده‌کاته‌وه. ئایین به لای دۆرکهیم بریتیه له بابه‌ته پیرۆزه‌کان و پاشان رێکخستنی بابه‌ته ئاساییه‌کان و دابونه‌ریت و ئاکاره‌کان که به پێی ئه‌م باوه‌ڕانه داڕێژراوه.(ئارۆن 1377: 393) به پێی ئه‌ندیشه‌ی دۆرکهیم تووتێم هاوکات له جیات هه‌ر دوو بابه‌تی پیرۆز و ئاسایی داده‌نیشێ. تووتێم هه‌م هێزێکی که‌سی و ئابستراکته به واته‌ی خودا (بابه‌ته پیرۆزه‌کان) و هه‌م هێزێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه له ژێر ناوی کلان[11] به واته‌ی گشتیه‌تی خێڵ. به‌م پێیه تووتێم هه‌م هێزێکی تاکه‌که‌سیه و هه‌م گشتی. که‌وایه خودای کلان و ماکی سه‌ره‌کی تووتێم هیچ نیه جگه له خودی کلان که له خولیای مڕۆڤدا وه‌کوو شێوه‌ی دیاری گیاندار یان گیایه‌کی تووتێمی وه‌دیار ده‌که‌وێ و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێ.(هه‌مان: 206) به‌م شێوه لای دۆرکهیم، خودا و کۆمه‌ڵگه له‌و بابه‌ته‌وه هاومانان که کۆمه‌ڵگه به هه‌مان راده که خوداوه‌ند بۆ پهرستشکارهکانی رێزی هه‌یه، به هۆی هه‌مووی ئه‌و شتانه‌ی که هه‌یه‌تی بۆ ئه‌ندامه‌کانی خۆی رێزی هه‌یه.
دۆرکهیم به ره‌خنه گرتن له ئانیمیزم و ناتۆریزم[12] (په‌ره‌ستشی سرووشت) تێده‌کۆشێ واقعیه‌تی ئایین له داوی بابه‌ته ناڕه‌سه‌نه‌کان رزگار بکا. چوونکا واقعیه‌تی ره‌سه‌ن هه‌مان په‌رستشی کۆمه‌ڵگه‌یه. ته‌نیا واقعیه‌تێک که له کۆمه‌ڵگه‌دا پیرۆزه، خودی کۆمه‌ڵگه‌یه و هه‌ر چیه‌ک هه‌یه به‌شێکه له کۆمه‌ڵگه. کۆمه‌ڵگه هه‌م سه‌رچاوه و هۆکاری نموودی ئایینه و هه‌م پاساوده‌ری جیاوازی نێوان بابه‌ته ناپیرۆز و ناپیرۆزه‌کان (بابه‌ته ئاساییه‌کان).(هه‌مان: 395)
دۆركهیم له ژێر كاریگه‌ری پۆزیتیڤیزم تێده‌كۆشێ ئایین له داوی شێوه-زانست رزگار بكا. چونكا به رای ئه‌و ئه‌م شێوه-زانستانه‌ن كه بوونه‌ته هۆی به لارێ‌دا چوونی بابه‌تی ئایینی. دۆركهیم بۆ به زانستی كردنی ئایین، ده‌یه‌وێ حه‌قیقه‌تی ئایین وه‌ده‌ر بخا. یه‌كه‌م كارێك كه زانستی ئایین ده‌یكا ئه‌وه‌یه كه بابه‌ته‌كه‌ی خۆی واته هه‌مان ئایین چه‌واشه ده‌كا و ناواقیعی بوونی بابه‌تی متافیزیكی و ئه‌وپه‌ڕ سرووشتی ئایین پیشان ده‌دا. دۆركهیم تووتێم وه‌كوو سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ پاكژبوونه‌وه‌ی ئایین دێنێته‌وه. تووتێم نموونه‌یه‌كه له پێوه‌ندی ئایینی له نێوان جه‌ماوه‌ری ناو خێڵ و بابه‌ته پیرۆزه‌كان، كه به رای دۆركهیم ئه‌مه خودی خێڵه كه پیرۆزه و خودی كۆمه‌ڵگه‌یه كه بابه‌تی په‌رستش و رێز لێگرتنه. ئه‌گه‌ر به رای دۆركهیم بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئایینه كۆنه‌كان و به تایبه‌ت بۆ تووتێمپهرهستی، حه‌قیقه‌تی ئایینمان بۆ ده‌رده‌كه‌وێ كه هه‌مان په‌رستشی كۆمه‌ڵگه‌یه. دابونهریتهكان، تاك له خۆی دوور ده‌خه‌نه‌وه و ده‌یخه‌نه ژێر فه‌رمانی كۆمه‌ڵگه و به‌م پێیه كۆمه‌ڵگه وه‌كوو هێزێكی ئهوپهڕكهسی ده‌رده‌كه‌وێ.
دۆركهیم بۆ تێگه‌یشتن له ئایین، دوو بابه‌تی سهمبۆلهكان و رێوڕه‌سمه‌كان ده‌خاته به‌رباس. به باوه‌ڕی ئه‌و تووتێم و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌وه، وه‌كوو سه‌مبۆلێك وان كه به شێوه‌یه‌كی پیرۆز كۆمه‌ڵێك فه‌رمان و قه‌ده‌غه‌كاری دابین ده‌كه‌ن. له باسی رێوڕهسمهكانیشدا دۆركهیم ده‌ڵێ، كۆمه‌ڵگه له رێگه‌ی سێ رێوڕه‌سمی نیگه‌تیڤ و پۆزیتیڤ و نهزریهوه به سه‌ر جه‌ماوه‌ردا زاڵ ده‌بێ و جه‌ماوه‌ر به‌م پێیه ناچار ده‌بێ له هه‌ندێك سه‌مبولی پیرۆز خۆ لابدا و كرداره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی به پێی ئاكار په‌سه‌ند كرا‌و یان قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان رێك بخات.
ئه‌ندیشه‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ بابه‌ته پێشینیهكان وه‌كوو تووتێم به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌تی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، نیشانه‌ی كاریگه‌ری ئه‌ندیشه‌ی كانته له سه‌ر دۆركهیم. دۆركهیم بۆ ده‌رباز بوون له داوی ئه‌زموونگه‌رایی پۆزیتیڤیستی، بابه‌ته پێشئهزموونیهكان وه‌كوو به‌ڵگه دێنێته‌وه. ئه‌و بابه‌ته پێشئه‌زموونی و ئاپێریۆریه لای دۆركهیم هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌یه. چوونكا كۆمه‌ڵگه مكانیزمێكه كه ئه‌ندیشه‌كان به پێی ئه‌وه ده‌بنه خاوه‌ن گشتیه‌ت و ئۆتۆریته‌ی تایبه‌ت به چه‌مكه‌كان و بابه‌ته‌كانیش له‌م گشتیهتهوه سه‌ر هه‌ڵده‌دا. هه‌ر چی كۆمه‌ڵگه زیاتر له جموجۆڵ و ورووژان دابێ، زیاتر چه‌مك و بابه‌ته ئایینیه‌كان ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ و به‌دی دێت. چوونكا مشت‌ومڕ و ورووژان له خۆیدا ده‌بێته هۆی لێككۆبوونه‌وه و یه‌كگرتوویی مڕۆڤه‌كان و به‌م شێوه ئه‌م پێداویستیه كۆمه‌ڵایه‌تیه كه ده‌بێته هۆكاری به‌دی هاتنی ئایین. به‌م شێوه دۆركهیم باسی ئازادی و وڵات و نیشتمان و ... به نموونه‌یه‌ك له سه‌مبۆله ئایینیه‌كان داده‌نێ كه به تایبه‌ت له سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ڕه‌نسه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداوه.
دۆركهیم خودا به هه‌مان كۆمه‌ڵگه داده‌نێ، واته خودا روخسارێكه له ته‌واویه‌تی كۆمه‌ڵگه و ئێمه پێویسته ملكه‌چ و فه‌رمانبه‌ری خودا/كۆمه‌ڵگه ببین. به بڕوای ئه‌و "به‌و هۆیه كه كومهڵگه خاوه‌ن سرووشتێكی تایبه‌ت به خۆی و جیاوازه له سرووشتی تاكه‌كه‌سی ئیمه، به دوای ئامانجگهلێكدا ده‌چێ كه هه‌ر به‌و شێوه‌یه تایبه‌ته به خۆی. به‌ڵام كۆمه‌ڵگه چون به بێ كه‌سه‌كان ناتوانێ بگا به ئامانجه‌كه‌ی، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمانده‌رانه داوای یارمه‌تی ده‌كا. كۆمه‌ڵگه پێویستی به‌وه كه به بێرهچاو كردنی حه‌زه‌كانمان به كارمان بێنێ و هه‌ر چه‌شنه ناره‌حه‌تی و بێبه‌ش بوون و له خۆ بوردوویی كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به بێ ئه‌وانه نامومكینه، بۆمانی رێخۆش بكا. هه‌ر له به‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه كه ئێمه له كاتێكدا ناچار ده‌بین ملكه‌چی هه‌مان یاساكانی ئاكار و ئه‌ندیشه ببین كه نه ئێمه به‌دیمان هێناوه و نه پێمان خۆشه؛ هه‌ر ئه‌و رێسایانه‌ی كه جار و بار دژ به سه‌ره‌كیترین هه‌ست و خواسته‌كانی ئێمه‌ن.(دۆركهیم، 1976: 207)
كه‌وابوو ئه‌م سه‌روه‌ریه زیاتر سه‌روه‌ریه‌كی ئه‌خلاقییه نه‌ك ماددی و جه‌سته‌یی. فه‌رمانه‌كانی كۆمه‌ڵگه به هۆی ئه‌وه‌ی كه بنه‌مایه‌كی ئه‌خلاقی پێك دێنن، جێی رێز و حورمه‌تن و چون كۆمه‌ڵگه ئه‌م داوهكاریهی هه‌یه له تاكه‌كان، به‌و پێیه ئه‌خلاقیه. ئایین هه‌ر ئه‌م هێزه دهرهكیهیه كه به سه‌ر تاكدا داده‌سه‌پێ و ئه‌و هێزه هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌یه. ئیمانداران خۆیان به ملكه‌چی هێزێكی ده‌ره‌كی ده‌زانن و پێیان وایه ته‌واوی شته باشه‌كان هی ئه‌وه و ئه‌م هێزه هه‌مان خودایه. به‌م شێوه كۆمه‌ڵگه هه‌مان فاكتی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه هه‌م بۆ تاك ده‌ره‌كیه و هه‌م هێزێك رووبه‌رووی تاك ده‌كاته‌وه. به رای دۆركهیم بابه‌تی رۆحیش لای ئیمانداران هه‌مان كۆمه‌ڵگه‌یه چوونكا رۆح له ده‌ره‌وه‌ی تاكه و نه‌مره و بڕوا كردن به رۆح، بڕوا كردن به‌و بابه‌ته سه‌ره‌كیه كه هێزێك له ده‌ره‌وه‌ی تاكه‌كان به سه‌ر ئه‌واندا زاڵه؛ رۆح و خودا دوو روخساری كۆمه‌ڵگه‌ن به لای تاكه‌وه. به‌ڕێوه‌بردنی دابونه‌ریت و رێوڕه‌سمه‌كان بۆ دڵخۆش كردنی ئه‌م رۆح و خودایانه له راستیدا هه‌مان دڵخۆش كردنی كۆمه‌ڵگه‌یه. دۆركهیم ده‌ڵێ رێوڕه‌سمه‌كان "بۆ فۆنكسیۆن و كاركردی درووستی ژیانی ئه‌خلاقی ئێمه به هه‌مان ئه‌ندازه خۆراك بۆ پاراستنی ژیانی جه‌سته‌یی ئێمه پێویستن، چوونكا له رێگه‌ی ئه‌م رێوڕهسمهیه كه گرووپ خۆی ده‌سه‌لمێنێ و خۆی ده‌پارێزێ".(هه‌مان، 382)
دۆركهیم له ئه‌نجامدا به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجراكێش كرداره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كرداره ئایینیه‌كان به ته‌واوی به هاوشێوه ده‌زانێ و هێڵی جیاوازی نێوان رێوڕه‌سمه‌كان و كرداره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌سڕێته‌وه. دۆركهیم ده‌ڵێ، چ جیاوازیه‌ك هه‌یه له نێوان كۆبوونه‌وه بۆ جه‌ژن گرتنی رۆژه گرینگه‌كانی حه‌زره‌تی عیسا یان كۆمه‌ڵی جووله‌كه‌كان بۆ وهبیرهانینی كۆڕهوهكهیان له میسره‌وه و ده‌ربڕینی ده فه‌رمانه‌كه‌ی حه‌زره‌تی مووسا یان جه‌ژنی گشتی شارمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له ساڵه‌هاتی دامه‌زراندنی سیستمێكی ئه‌خلاقی یان یاسایی یان هه‌ر رووداوێكی گه‌وره‌ی دیكه له ژیانی نه‌ته‌وایه‌تیدا.
به‌م شێوه پێوه‌ندی ئایین و كۆمه‌ڵگه له‌وه دایه كه ئایین هه‌م هێزێكی ده‌ره‌كیه و هه‌م روخسارێكه له ویژدانی گشتی كه له ناخی ئه‌كته‌ره‌كانی كۆمه‌ڵگه دایه. ئه‌م بابه‌ته نیشان ده‌دا كه لای دۆركهیم ئایین وه‌ك خوڵقێندراوێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، خۆی نموودی هێزی كۆمه‌ڵگه‌یه و لێره دایه كه دۆركهیم ئایین و خودا و ویژدانی گشتی به شێوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێته‌وه و تێده‌كۆشێ به پێی سونه‌تی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌خلاقی له سه‌ر بنیاتی ئه‌م بابه‌تانه و له ژێر چه‌تری كۆمه‌ڵگه بۆ كۆمه‌ڵگه هه‌ڵوه‌شاوه‌كه‌ی خۆی پێك بێنێ؛ چوونكا له روانگه‌ی ئاڵپێرت، دۆركهیم چوار فۆنكسیۆن و كاركردی بۆ ئایین داناوه؛ رێكوپێككهرهوه، رێكخه‌ر، ژیانبه‌خش و بهختهوهریساز ئه‌و چوار كاركردهن كه دۆركهیم بۆ ئایینی ره‌چاو كردووه.(ئاڵپێرت، 1939: 203-198)
ئایین به گشتی لای دۆركهیم نه ته‌نیا سه‌رچاوه و ده‌سكه‌وتی خورافه و نائاگاهی مڕۆڤی سه‌ره‌تایی نیه، به‌ڵكوو به پێی ئه‌م فۆنكسیۆنانه خۆی هه‌مان هێزی كۆمه‌ڵایه‌تیه كه تاك راده‌كێشێ له ژێر ئه‌مر و فه‌رمانی ده‌ستوور و یاسا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بێ و رێزی هه‌بێ بۆ كۆمه‌ڵگه. كه‌وابوو لای دۆركهیم ره‌گ و ره‌چه‌ڵه‌كی ئه‌ركه ئایینیه‌كان هه‌مان ئه‌ركه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه. شاری خودا چ نیه جگه له شاری مڕۆڤ.
ئه‌م روانگه‌یه له لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه ره‌خنه‌ی لێ گیراوه؛ جان هیك پێی وایه بۆچوونی هاومانایی خودا و كۆمه‌ڵگه له ئه‌ندیشه‌ی دۆركهیمدا هیچ وڵامێكی نیه بۆ ئه‌و باوه‌ڕه ئایینیانه‌ی كه له قه‌باره‌ی كۆمه‌ڵگه‌كان تێپه‌ڕیون و په‌یوه‌ستن به جۆرێك پێوه‌ندی و ئاكاری ئه‌خلاقی له‌وپه‌ڕی سنووری كۆمه‌ڵگه‌كان. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه هه‌مان خودایه و ئایین هه‌مان باوه‌ڕ و بۆچوونی ئه‌ندامانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌ی ئه‌و باوه‌ڕانه چۆن تاوتوێ ده‌كرێن كه له‌و په‌ڕی كۆمه‌ڵگه‌وه باس له پێوه‌ندی ئه‌خلاقی نێوان مڕۆڤه‌كان ده‌كه‌ن.(هیك،1372: 76) ویلمیش پێی وایه به‌ستنه‌وه‌ی ئایین و خودا به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تایبه‌تی هیچ شوێنێك ناهێڵێته‌وه بۆ داده‌وری خودا كه له‌و په‌ری ئه‌م سنووركێشانهیه.(ویلم 1377: 32) جگه له‌مه خولیا و بۆچوونه تاكه‌كه‌سیه‌كان به ته‌واوی له بیر كراوه و تاك ته‌نیا له پێوه‌ندی بابه‌ت و سه‌مبۆله پیرۆزه‌كان و له ناو ڕێوڕه‌سمه‌كان دایه و هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كی نیه بۆ لێكدانه‌وه یان ره‌چاو كردنی بابه‌ته ئایینیه‌كان، چوونكا ئه‌مه تووتێم یان ئایینه كه باوه‌ڕه ئایینیه‌كان دیاری ده‌كا.
سه رچاوهکان:
دوركیم، امیل(1378) خودكشی، ترجمه نادر سالارزاده امیری، تهران: دانشگاه علامه طباطبائی
ویلم، ژان پل(1377)جامعهشناسی ادیان، ترجمه عبدالكریم گواهی، تهران: تبیان
هیك، جان(1372) فلسفه دین، ترجمه بهرام راد، تهران: المهدی
آرون، ریمون(1377) مراحل اساسی اندیشه، ترجمه باقر پرهام، تهران: خوارزمی
Alpert, H(1939) Emile Durkheim and his Sociology, New York, Columbia, University Press
Durkheim, E(1976) The Elementary Forms of the Religious Life, London: Allen and Unwin
ژێرنووس
[1] The Elementary Forms of the Religious Life
[2] mana
[3] Wakan
[4] Manitou
[5] Orenda
[6] Beliefs
[7] Rites
[8] Conscience collective
[9] Sacre
[10] Profane
[11] Clan
[12] Naturism
په یوه ندی