- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
کانتۆن و دەسەڵات
(خوێندنەویەکی سەرەتایی)
بەفراو نوری
یەکێک لەو ڕووداوانەی لەم دوو ساڵەی دواییدا، زۆر جێگای باس و گفتوگۆ بووە، کوبانی و کانتۆنەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان وە ئێستراتژی پکک بووە لە دامەزراندنی ئەم شێوەیە لە بەڕێوبردن. باسەکە مشتومڕێ زۆری لێکەوتەوە و هەر کەسێک بە پێی ئایدولۆژیای حیزبی و فیکری خۆی و بە شێوەیەکی زۆر جار ڕتۆریک لە هەوڵ و پێناسەکردنی رووداوەکەدا بوون، ئەمەش یان بە یوتوپیا کردنی کانتونەکان تەواو بوون یان تەنیا گاڵتە پێکردن و قسەی نابەجێمان بینی لە کەسانێکەوە شتێکیان لە دیوی تیئوری ئەم کێشەیە نەدەزانی، بێ ئەوەی شتێکی ڕوونمان لە هۆی دژایەتییەکە بۆ روون بکەنەوە . هیوادارم ئەم نووسینە ئاسۆیەک بێت بۆ ئەوەی بە چاوێکی واقع بینترەوە سەیری رووداوەکان بکەین.
بۆ ئەوی زیاتر لە مەسەلەی کانتۆن و جۆرەی ئەم ئێستراتیژە نوێیەی بەڕێز ئۆجەڵان تێبگەین پێویستە پێش هەموو شتێک بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر چاوێک بخشێنین بە ڕەوتی فیکری عەبدوڵا ئۆجەڵاندا لە گۆڕینی پکک(PKK) تا دەگات بە کجک (KCK).
چیرۆکی ئۆجەلان بەو شێویەی لە کتێبی هەفت رۆژ لەگەڵ سەرۆکدا هاتووە، کە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی بە ناوبانگی سوری نەبیل مولحەم لەگەڵ ئۆجەلاندا. ئۆجەلان باس لە قۆناغەکانی فیکری و ژیانی خۆی دەکات لەو کاتەوە کە کتێبی(ئەمەیە دین) ی سەید قوتب دەخاتەلاوە و بە ڕێکەوت کتێبی (ئەلفبای سوسیالیزم) لە ئانکارا دەخوێنێتەوە کە لە ژێر سەرینەکەیدا دەیدۆزێتەوە. ئەمەش دەبێته یەکەم پرسێک بۆ ئەوەی بڕوات بە دوای خوێندنەوەی مارکسدا. دواتریش دوای چەند ساڵ لە دیاربەکر مانفێستی خۆی دژی کاپیتالیزم دەردەکات و هەرچییەک کە لە سەرمایەداریی نزیکە دەکەوێتە بەر ڕەخنەی توندی و ئەمەش دەکات بە ڕێگای شۆڕشی نەتەوەیی کوردستان و بە دروشمی (باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، یەک خەبات و یەک وڵات) ئەم ڕێگایە درێژە پێدەدات و لە ڕێگایەوە هەوڵ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ دەدات. بە وتەی خۆی کوردستان کە کۆلۆنییە (موستعمەرەیە) هەوڵی ڕزگار کردنی ئەو موستعمەرەیە دەدات و تا دەگات بەوەی لەم ڕێگایەدا و لە پێناو دەوڵەت - نەتەوەی کورددا، زیاتر لە چل هەزار شەهید پێشکەش دەکەن و هەزاران کەسیش دەگیرێن و دەستبەسەر دەبن. ژیانی فیکری و خەباتی ئۆجەڵان تا ئێرە وەک خۆی لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت ڕوونە و دیارە بە چی مەبەستێک و بۆ چی ئامانجێک شەڕ دەکات، ئۆجەلان تا ئێرە بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە دەست لە خەبات و چالاکی هەڵگرێت و ئامادەش نییە لە سەر کورد سازش بکات و تەنانەت سەرکردەکانی تری کورد وەک قازی موحەمەد و جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی تاوانبار دەکات بەوەی کە بازرگانیان بە کێشەی کوردەوە کردوە یان ڕێگای هەڵەیان هەڵبژاردوە لەوەی کە خۆیان داوە بە دەستەوە ، چالاکی و خەباتی ئۆجەڵان لەم خەتەدا بەردەوام دەبێت، تاوەکو لە پلانێکی نێودەوڵەتیدا ئۆجەڵان دەستگیر دەکرێت و لە ساڵی 1999 تا ئێستا کە دەکاتە بە 16 ساڵ لە ژۆڕێکدا لە زیندانی ئێمراڵی بە سەر دەبات. لەو کاتەوە خەبات و چالاکییەکانی حیزبەکەی تیوریزە دەکات و بۆچونەکانی لە رێگای هاوڕێ و کەسانی تری حیزبەوە پراکتیزە دەکرێن. بەڵام ئۆجەلان ئێستا لە ئێمراڵی وەک پێشتر بیر ناکاتەوە، ڕزگاری کورد لە دەوڵەت- نەتەوەدا نابینێتەوە، ئەوی کە چل هەزار شەهیدی لە پێناودا بەخشی ئێستا گەر بە وتەی خۆی بیشیدەنێ نایەوێت، ئۆجەلان ئێستا ئیتر تەنانەت سوسیالیزم و مارکسیزمی قەبووڵ نییە و پێی وایە ئەو رێگایە ئەو سی ساڵی بۆ داناوە و مارکسیزم خەباتی بۆ دەکات تەنیا لە بەرژەوەندی کاپیتالیزمدایە و نەیانتوانیوە خۆیان لە مودێرنیتەی کاپیتالیزم ڕزگار بکەن، بۆیە لە لنین و ستالین تا دەگاتە مارکس و ئینگلس دەکەونە بەڕ رەخنە و هێرشی و پێی وایە زیاتر لە هەر لیبرالیزمێک کە ئایدۆلۆژیای سەرەکی کاپیتالیزمە، خزمەتیان بە کاپیتالیزم کردوە. ئۆجەڵان لە ئێمرالیدا پێچەوانەی هەموو ئەو سی ساڵەی کە شەڕی بۆ کردوە دەگات بەوەی کە دەڵێت سوسیالیزم لە ئەساسدا لەگەڵ پرۆژەی دەوڵەت- نەتەوەدایە و بناغەی ئەم پرۆژەیەش کاپیتالیستییە و هەڵەی مارکس و فردریک ئێنگلیسش لەوەدا دەبینێت کە لە باتی ئەوەی دژی ئەم دژە شۆڕشە واتە دەوڵەت- نەتەوە بوەستنەوە ، بەرگری و پاڵپشتیان لێکردوە و ئەم هەڵەیەش دوای گورزی بۆژوازی، بە خراپترین گورز دادەنێت کە دراوە لە هەموو شوڕش و بزوتنەوەی نەتەوەکان.
ئۆجەلان پێی وایە کە دەوڵەت ناتوانێت بگات بە دیمۆکراسی ، چوونکە دەوڵەت لە زاتی خۆیدا میکانیسمێکی سەرکووتکەرە و شێوەی ڕێکخراوی چینی دەسەڵاتە و یەکێ لە مەترسیدارترین دیاردەکانی مێژووە کە بۆ دیمۆکراسی وەک ژەهرێکی کوشەندە وایە کە لە ڕێگایەوە قەت ناتوانرێت سیستیمێکی دیموکراسی دروست بێت، بۆیە بۆ گەیشتن بە دیمۆکراسی نابێت فۆکوس بکرێتە سەر دەوڵەت و هەوڵ بۆ دروست کردنی دەوڵەت بدرێت، چوون ئەوە بە مانای لە دەست چوونی دیمۆکراسی و بە ئامرازی کردنی خەڵک لە دەستی سیستمی سەرمایەداریدا.
ئۆجەلان کە خۆی سەرەتا سیستمی سوسیالیزمی رئاڵی بۆ PKK داڕێژابوو، دوای ئەم گۆرانە لە ئێمرالی PKK ش لە ژێر فەرمانیدا دەست لە تزی دەوڵەت- نەتەوە دەکێشێت و تزی دەوڵەتی سەربەخۆ و نەتەوەیی کە پێشتر تەنیا ئامانجیان بوو، دەیخەنە لاوە و شێوەی حزبێکی نوێ بە PKK دەبەخشن و ڕەگەزە ئێستراتژییە بنەڕەتییەکانیشی بۆ بەڕێوبردنی ئەم ئایدولۆژیا نوێیە بە (نەتەوەیی دیموکراتیک، سەنعەتی ئێکۆلۆژیک و ئابووری سوسیالیستی )دەزانێت. دوای ئەم گۆرانکارییانەیە کە لە PKK وە دەگات بە KCK و KCK ـەش بە باشترین پەرچەمداری ئەم ڕێگایە دەزانێت. بە بۆچوونی ئۆجەڵان هەر جۆرە هەوڵێک بۆ دروست کردنی دەوڵەت- نەتەوە لە لایەن هەر نەتەوە وئایینێکەوە بە مانای یارمەتی دانە بۆ جیهانی بوونی کاپیتالیزم و وێران کردنی ژینگە. لەم ڕووەشەوە جیاوازی لە نێوان دەوڵەت – نەتەوە چی لە لایەن سوسیالیزمی رئالەوە و چی لە لایەن کاپیتالیزمەوە نابینێت، جیا لەوەی کە دەڵێت سوسیالیزم بە دەمامکی چەپ بوون بە دوای تێزی دەوڵەت - نەتەوەیە و دەڵێت تەنانەت سوسیالیزم لە کاپیتالیزم زیاتر وزەی ئەوەی تێدایە کە ببێت بە فاشیزم.
ئۆجەڵان بۆچونی نوێی خۆی بە جۆرێ لە سیستمی خو بەڕێوبردنی کۆمەڵگای دیموکراتی کوردستان دەزانێت کە بناغەی لە سەر مانای دیموکراتیکی غەیرە دەوڵەت بە دروشمی (مافی هەڵبژاردنی چارەنووسی نەتەوەکان بە دەستی خۆیان) داناوە.
KCK لە ئەساسدا نە هەوڵ بۆ دەوڵەت دەدات و نە دەشیەوێت، خەونی کوردستانی گەورە کە PKK پێشتر لە ڕێگایەوە دامەزرا و هەزاران شەهیدی بەخشی، بهێنێتەدی. ئێستا ئەوان ئەو ئێستراتیژییەیان بە لاوە ناوە و بە دوای دیموکراتیزەکردنی کورد دان . بۆ ئەوەی زیاتر لە بۆچوونەکانی بەڕێز ئۆجەڵان تێبگەین، پێوسیتە زیاتر لەگەڵ ڕوانگا و بۆچوونەکانی ئانارشییەکان و هەروەها لەگەڵ فەلسەفەی (موری بوکچین) دا ئاشنا بین کە لێرە من تەنیا بە چەند دێڕێک ئاماژە بە بۆچوونەکانی بۆکچین دەدەم، کە کاریگەرییەکی زۆریان بە سەر فیکر و بۆچوونەکانی ئۆجەڵانەوە هەیە.
ئۆجەڵان لە ژێر کاریگەری چ کەسێکدا دژی دەوڵەت - نەتەوە دەوەستێتەوە ?
زۆرترین کەسێک کە لەم ساڵانەی دواییدا، نووسینەکانی کاریگەریان بووە لە سەر ئۆجەڵان، موری بوکچین دامەزرێنەری ئایدیای ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی یان ڕەوتی ئێکۆ ئانارشیزمە. بۆکچین لەگەڵ ئەوەشدا کە مێژوویەکی ستالینیستی هەبوو لە ساڵی 1940 بەرەو تروتسکیزم دێت و دەبێت بە رەخنەگەری سەرسەختی ستالینزیم. هاوسەری بۆکچین دەڵێت کاتێک ئوجەلان لە کینیا دەست بە سەر دەبێت و هەواڵی گرتنی دەگاتە لای بوکچین، بۆکچین ئۆجەلان بە یەکێ لە سەرۆکەکانی مارکسیزم- لنینیزم دەزانێت کە کەوتووەتە داوی ستالینیزم، بوکچین پێی وا بوو کە ئەم جۆرە کەسانە لە ئارەزووی مرۆڤ بۆ ئازادی سوودی خراپ دەبینن و خەڵک رادەکێشن بەرەوە دەوڵەتگەرا بوون و تەنانەت قەبووڵی سەرمایەداریش. یەکەم جار لە ساڵی 2002 کتێبەکانی بوکچین لە رێگای وەکیلەکانی ئۆجەلانەوە دەبرێت بۆ ئێمرالی و دوای خوێندنی بەرهەمەکانی بوکچین، ئۆجەڵان لە ڕێگای وەکیلەکانیەوە کتێبەکانی بوکچین پێشنیار دەکات کە لایەنگەرەکانی بیخوێننەوە، تەنانەت بە چاو خشاندنێک بەو گۆڤارانەدا کە لە کوردستانی باکور بڵاو دەبنەوە و نزیکن لە ڕێبازی ئۆجەڵانەوە، بە شێوەیەکی فراوان باس لە ڕوانگا و بۆچوونەکانی بۆکچین دەکرێت.
بۆکچین دوای شەڕی جیهانی دووهەم کە خەڵکیکی زۆر لە چەپەکان حەماسەتی چەپ و شۆڕشیان نامێنێت و روو دەکەنە ئیشی ئاکادیمیک. ئەو وەک خۆی دەمێنێتەوە و هەوڵ دەدات ئەو قسەیەی تروتسکی جێبەجێ بکات کە وتبووی کە گەر شەڕی جیهانی دووهەم بە سەرکەوتنی پرۆلیتاریا تەواو نەبوو ئەوا دەبێت لە تزەکانی مارکسیزمدا گۆڕانێک بکرێت، بەو بۆنەشەوە چەند جار کۆبونەوە ساز دەکات و لە کۆبوونەوەکاندا دەگات بەوەی کە دەڵێت چیتر پرۆلتاریا ناتوانێت ئەو شتە بێت کە دژی سەرمایەداری بوەستێتەوە و دەبێت شتێکی تر هەبێت بۆ لە ناوبردنی سەرمایەداری، پێ وایە کە ئەوی سەرمایەداری دژی وەستاوەتەوە ژینگەیە و ئەم سیستمە بە هەموو هێزی خۆی خەریکی لە ناوبردنی ژینگە و سەلامەتی مرۆڤە، بە دروست کردنی شارە گەورەکان و دابڕان لە سروشت و بەرهەمێنان و مەسرەفی زۆری کاڵا کە زیانێکی زۆر لە ژینگە دەدات و مرۆڤ وا لێدەکات بۆ ئەوەی لە شارەگەورەکاندا بتوانێت بژیت تووشی زیانێکی جەستەیی و دەروونی بێت، بۆیە قەیرانی سەرمایەداری بە ڕەتاندنی چینی کریکار نازانێت بەڵکو لە بەتاڵ کردنەوەی مرۆڤدایە لە ئینسانیەت و وێران کردنی ژینگە. بۆیە لە ساڵی 1950 وە تا کاتی مردنی هەوڵ بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەکی ئێکۆلۆژیک و دیموکرات دەدات و هەر ئەم ئایدیای بۆکچینیشە دەبێت بە بناغەی دامەزراندنی KCK لای ئۆجەڵان.
بۆکچین لە کتێبی ئێکۆلۆژی ئازادیدا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن کۆمەڵگای ڕیزبەند (هەرارشی ـ سلسلە مراتبی) دروست دەبێت و چۆن دەکرێت دژی ئەو ڕیزبەندییە بوەستینەوە و چۆن بەرگری بکەین و لە ناوی ببەین و بۆ لە ناو بردنی ئەم سلسلە تەبەقانەشە تەنیا دروست کردنی کۆمەڵگای ئێکۆلۆژیکی دیموکرات بە چارە دەزانێت، کۆمەڵگایەک کە شارەکان چیتر تێیدا سەنتەر نەبن و خەڵک لە سنورێکی بچووکتردا بژین کە خۆیان تێیدا حاکم دەبن و پێداویستیەکانی ژیانیش وەک خواردن و کشتوکاڵ خۆیان بەرهەمی بهێنن، ئەم کۆمەڵگایە نە لە ڕێگای بازار یان دەسەڵاتی دەوڵەتەوە، بەڵکو لە ڕێگای بڕیارە ئەخلاقی و کۆمۆنالییەکانی خودی خەڵکەوە بەڕیوە دەچێت.
دەلێت ئەم سنورە بچووکانەی ژیان لە راستیدا کۆمەڵگای دیموکراتن و بۆ دروست بوونیشیان دەبێت ئایدیای دەوڵەت- نەتەوە بە لاوە بنرێت و دەسەڵات بدرێتە خودی خەڵک، بۆ ئەوەش ئەم کۆمۆنانە لە سنورێکی فەراوانتردا بتوانن بڵاو ببنەوە پێویستە لە شێوەی کونفدراسیونێکدا ببن بە یەک و ئەم کۆنفدراسیونەش لە کۆمۆنی دیموکراتیکەوە دروست بوو بێت و دژ بە فۆرمی دەوڵەت – نەتەوە بوەستێتەوە. ئەمەش هەمان ئەو دۆخەیە کە تروتسکی بە شوڕش ناوی دەبرد و دواتر بوکچین ئەم پرۆژەیە بە کومونال ناو دەنێت.
لە سەردەمی خودی بوکچیندا هیچ کام لە چەپەکان بایەخیکی وایان بە بۆچوونەکانی بوکچین نەدا و تەنیا ئانارشیزمەکان بە هۆی ئەوەوە کە خۆشیان دژی دەوڵەت و سیستمن، گوێیان بۆ قسەی گرت و دواتر ئەوانیش لە بەر ئەوەی دژی هەر جۆرە حکومەتێک بوون، تەنانەت لە فۆرمی مەحەلی و ناوچەیشدا کە بۆکچین بۆ دروست بوونی کۆمۆن بە پیویستی دەزانێ، هەروەها لە بەر لایەنگەری ئەو کەمینانەی کە لە ئایدیای دیموکراسیدا زۆڵمیان لێ دەچێت، نەیانتوانی لەگەڵ بوکچین بمێننەوە.
بوکچین لە کتێبی شارنشینی بێ شاردا بۆ بەرگری لە تزەکەی خۆی دەڵێت کە تەنیا بە ئیسلاحی دەوڵەت کێشەکان چارەسەر نابن و گۆڕانەکان دەبێت رادیکاڵتر و بۆنیادی تر بن، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگا سەرەتاییەکان و باس لەوە دەکات کە چۆن کومۆناڵ و هاوڕێیانە پێکەوە ژیاون، باس لەو تایبەتمەندییانە دەکات کە وای کردوە پێکەوە بە خۆشی بژین، وەک مافی بە کارهێنانی پێداویستییەکانی ژیان بە قەد پێویست و بێ ئەوەی کەس ببێت بە خاوەنی شتەکان وە مافی هەموو کەس بۆ کەڵک وەرگرتن لە پێداویستییەکانی ژیان بە بێ لە بەرچاو گرتنی میزانی ئەو ئیشەی کە کردویانە. ئەو بەم کۆمەڵگایە دەڵێت کۆمەڵگای ئۆرگانیک، بەڵام دەڵێت لە کۆمەڵگا ئۆرگانیکەوە وردە وردە سیستمی ڕیزبەندی (هەرارشی ـ سلسلە مەراتبی) سەری هەڵداوە . سیستمی باوکسالاری و دەسەڵات بە سەرداگرتنی ژنان و دروست بوونی چینی روحانی و شەڕکەر و دروست بوونی دەوڵەت و کۆمەڵگای تەبەقاتی، لەم ڕێگاشەوە وردە وردە ئایدیای دەسەڵات گرتن بە سەر سروشتدا دروست بوو و سروشت بەکارهێنرا و دەڵێت هەڵبەت لە بەرانبەر ئەم سیستمانەوە دایمە بەرگری و شەڕ کراوە کە ئیلهامیان لە کۆمەڵگا ئۆرگانیکەکان گرتووە. لە کتێبەکەیدا باس لە نموونەکانی کۆمەڵگای ئۆرگانیک دەکات لە نمونە مێژووی و باستانییەکان تا دەگات بە نموونەکانی ئەمڕۆ وەک نیوئەنگلند.
ئۆجەڵانیش لە ئێمرالی هەمان ئەم رێگای بوکچینە دەچێت و باس لە شارستانییەتی سومر دەکات و باس لە زیگوراتەکان دەکات کە چۆن بوون بە بناغەی دامەزراندنی هەزاران شارستانییەت و سەرهەڵدانی دەوڵەت لە ڕێگای روحانییەکانەوە.
دواتر لە کتێبی بەرگری لە میللەتێک باس لە کۆمەڵگایەکی ئۆرگانیک دەکات وەک ئەو کۆمەڵگایە کە بوکچین باسی لێوە کردوە، کۆمەڵگایەک کە بە شێوەیەکی کۆمۆناڵ ژیاون و هەموو کۆمەڵگا بەشێک بوون لە یەکەیەکی هاوبەش، پابەندی یاساکان بوون، ئەندامانی ئەم کۆمۆنانە نەیانتوانیوە بیر لە ژیانی جیاواز لە ئەندامەکانی تر بکەنەوە، کۆمەڵگایەکی بێ چین و بێ جیاوازیی کە پەیوەندی تایبەتی و خسوسی هێشتا تێدا دروست نەبووە و ئەوەی لە رێگای ڕاو کردن و کشتوکاڵەوە بە دەست هاتووە موڵکی هەمووان بووە پێکەوە. واتە نە پیاو و نە ژنیش هێشتا خسوسی نەبوونەتەوە. دەڵێت خواستی ژیان لە کۆمەڵگای ئۆرگانیکدا کە ئازادی و بەرابەری بۆ هەموو کەس دەهێنێت، دۆخێک کە مرۆڤ خولێکی درێژ تێیدا ژیاوە، هەرگیز لە ناو نەچووە و ناشچێت، تەنیا دەوڵەت و سیستمە مەراتبیەکان بەری دەرکەوتنیان گرتووە. چوون دایمە کۆمەڵگای ئۆرگانیک لە پارادۆکسدایە لەگەڵ ژیانی ناو کۆمەڵگای چینایەتیدا. ئۆجەلان پێی وایە کە نەتەوەی کورد دایمە بە ئەسڵی هەمیاری و برادەری کۆمەڵگای ئۆرگانیک پابەند بوون، واتە کۆمەڵگای کورد لە رابردوویی مێژوویدا بە شێوەی کۆمۆن و کۆنفدراسیونی عەشیرەیی ژیاون و لەو کۆمەڵگایانەی کە لە سەر بناغەی دەوڵەتی سەنتراڵ دامەزراون دوور بوون، بۆیە پۆتانسیەلی ئازادیان هەیە، و دەڵێت گەیشتنی نەتەوەی کورد بە ئازادی بە مانای ئازادی بۆ هەمووانە، باوەڕی وایە کە کاتێک وردە وردە کورد توانی نیهاد و ئۆرگانی دیموکراتی ناوچەیی لە هەموو شوێنەکان ڕێکبخات، ئەم ئۆرگان و نیهادانە وردە وردە بە شێوەیەکی شەبەکەیی و وەک تۆڕ بڵاودەبنەوە و لە بەرامبەر سنورە نەتەوەییەکاندا دەوەستن و ئەمەش وا دەکات شارستانییەتێکی دیموکراتیک لە هەموو ناوچەکەدا دروست بکات کە بە تەنیا ئازادی بۆ کورد بە دی ناهێنێت، بەڵکو بازسازی و گۆڕانی ژئۆپۆلتیک و کەلتوری دروست دەبێت و لە کۆتایشدا یەکێتییەکی کۆنفێدراڵ لە هەموو خاوەرمیانەدا دروست دەبێت و بەمەش دەڵێت کۆنفدرالیزم دیموکراتیک.
بەیانییەی کونفێدرالیزم کوردستان کە ئۆجەلان لە ساڵی 2005 بڵاوی کردەوە ، بانگەشەیە بۆ دروست کردنی ساختارێکی کۆمۆناڵ- دیموکراتیک لە سەر بناغەی کۆمەڵگایەکی ئۆرگانیک کە تێدا بڕیارە ئیجراییە سەرەکییەکان لە لایەن مەجلیسی گوند و مەحەلە و شار و نوێنەرەکانیانە، دەدرێت و تەنیا بڕیاری خەڵک و تودەیە کە قسەی یەکەم دەکات. بەو پێیەی ئەمە سیستمێکی غەیرە دەوڵەتی خەڵکە کە هەموو چینەکانی تێدا و لە ئەوەڵەوە ژنان و گەنجان، سیاسەتی رێکخستنی دیموکراتیک خۆیان دەست نیشان دەکەن و لە سەر بناغەی هاوڵاتی کونفێدراسێۆنێکی راستەوخۆ و بەرابەر، مەجلسی هاوڵاتی ئازادی خۆی لە ناوچەکەدا دروست دەکات کە هێزی خۆی لە خەڵک دەگرێت و ئابووریشی بە دوای دامەزراندنی ئابوورییەکی کەم مەسرەف و خۆژێندایە.
بۆ من دوو پرسیار لێرەوە دروست دەبێت? یەکەم ئەوەیە کە ئایا ئەم تزەی ئۆجەڵان هەر بە ڕاستی دژی دەوڵەتە یان جۆرێک ستراتژی بەرێوبردنە بە پێ هەلوومەرجی سیاسی ناوچەکە کە لە فۆرمێکی تۆختری دەسەڵاتدا بەریوە دەچێت، ئەویش دەسەڵاتێکی نادیار کە بێ ئەوی خۆی دەرخات پلان بۆ هەموو شتەکان دادەنێت و دەسەڵاتی بە سەر هەموو شتەکانەوە هەیە. دووهەمیش ئەوەیە ئایا فۆرمی کانتون و دژبوونی دەوڵەت- نەتەوە فۆرمێکی گۆنجاوە بۆ چارەسەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت کورد?. ئایا ئەمە تزە دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات نییە بۆ بە دەست هێنانی دەسەڵاتێکی زۆرتر ?.
گەر پێناسەی دلوز و شتێرنێر بۆ دەسەڵات لە بەرچاو بگرین کە دەوڵەت بە جۆرێک لە ئەبستراکت دەزانن کە لە شێوە مەحسوس و بینراوەکانی خۆی زیاتر دەڕوات، دەوڵەت لای ئەم دوو فەیلەسوفە شتێکی زۆر زیاترە لە ئۆرگانێکی تایبەت کە لە قۆناغێکی مێژوویدا دروست دەبێت و هەیە، دەوڵەت شێوەیەکی ئەبستراکتی دەسەڵات و ئەتۆریتەیە کە بەردەوام لە شێوەگەڵێکی جیاوازدا بوونی هەیە، بەڵام هەمیشە شتێکی زۆرتر و زیاترە لە شێوە تایبەت و دیارەکەی خۆی، لای دلوز دەوڵەت ئۆرگانێکی بینراو نییە کە حەتمەن دەبێت لە ڕێگای ئۆرگانە بچووکەکانەوە دەسەڵاتی خۆی ببات بە ڕێوە، بەڵکو لە راستیدا دەوڵەت ئەو دەسەڵات بچووک و ئۆرگانە بچووکانە کۆدگۆزاری دەکات و ڕێکیان دەخات و نیشانی خۆی لە سەریان دەچەسپێنێت.وەک ئەو کۆدانەی کە ئاراستەی کانتۆنەکان دەکرێت لە خۆ بەڕێوبردندا.
گەرگەشبین بین و وابزانین دەسەڵاتێکی بەهێز و نەبینراوی کۆدگۆزاریش نییە ئەوا هەر نەمانی فۆرمی دەوڵەت ـ نەتەوە، خۆ بەخۆ نەمای دەوڵەت ناگەێنێت و دەسەڵات لەوانەیە لە شوێنە بچوکەکاندا بە جۆرێکی سەنتراڵ تر بگەڕێتەوە. نەبوونی شاری گەورە، یان دەسەڵاتی گەورە هیچ کات بە مانای نەبوونی ڕیزبەندی نییە، بەڵکو لەوانەیە لە شوێنە بچوکەکاندا دەسەڵات زیاتر لە دەستی دەستەیەکدا کۆببێتەوە و مۆدێلێکی توندوتیژ یان فاشیتری لێ بکەوێتەوە، وەک لە دەسەڵاتی سەر ڕووبەرە گەورەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ کانتۆنەکان، وەک جۆرە مۆدێلێکی ئیکۆلۆژی، دەتوانن لە حیزب و دەسەڵاتی سەرۆک پاکببنەوە. تێزەکەی بۆکچین کە درێژکراوەی بۆچوونەکانی «پیتر کرۆپۆتکینە»، ئانارشیست و هیومانیست و سروشتناسی بەناوبانگ، وەک جۆرێک لە ئانارشیزمی ئیکۆلۆژیست، دژی دەسەڵاتن، نە تەنیا دژی دەوڵەت. دەسەڵات لە جێگایەکی وەک کوردستان هێندەی فۆرمی حیزب دەگرێتەوە، دەوڵەت ناگرێتەوە. لە ئێستادا کانتۆنەکان ئەوەندەی نوێنەری دەسەڵاتی حیزبین، نوێنەری ئەو تێزە ئانارشییە ئیکۆلۆژییە نین.
دووەم : دژایەتی فۆرمی دەوڵەت ـ نەتەوە، واتە هەڵوەشاندنی بونیادی کەپیتالیستی بۆ شێوەی کانتۆن، لە ڕاستیدا دەبێت لە ناو سەنتەری فۆرمەکەوە دەست پێ بکات، نەوەک لە قەراغەوە کە خۆی ئەسڵەن لە فۆرمی دەوڵەت ـ نەتەوەدا نابینێتەوە. ئەوەی کورد فۆرمی دەوڵەت ـ نەتەوەی بە خۆیەوە نەدیوە نایکات بە ژینگەیەکی باش بۆ سیستمی کانتۆنی، بەڵکو ئەم تزە تەنیا کاتێک تاقیدەبێتەوە کە لە جێگایەکدا ئەزمون بکرێت، پێشتر ئەم فورمەی بەخۆیەوە دیبێت، یان پراکتیزەی کردبێت. لێرەوە سیستمی کانتۆن ناتوانێت لە جێگایەکەوە کە فۆرمی دەوڵەت ـ نەتەوەی تێدا نییە بگوازێتەوە بۆ سەنتەرە بەهێز و گەورەکان، دەبێت ئەم پرۆسەیە تەواو بە پێچەوانەوە بێت. گەر ئەم پرۆسەیە لە کەناری دەوڵەتە سەنتراڵەکانەوە دەست پێ بکات، هێندەی دەبێتە مایەی سڕینەوە و سەرکوتی شوناسە لێدراوەکان، سڕینەوەی ئەو شوناسانەی کە خۆیان لە بەر مەترسی سڕینەوەدان، نابێتە هۆی لاوازکردنی ناسیونالیزمی سەردەست. فۆرمی کانتۆن دەتوانێت ئەو جەستەیەی کە خۆی پارچە پارچەیە، زیاتر لەتی بکات، بەتایبەت لە ژینگەیەکی سیاسی وەک کوردستاندا، کە خۆی بەجۆرێکی بەرچاو دابەشکراوە بۆ سەر چەندە هەرێم و زۆنی حیزبی.
خاڵی سێهەم: خودی ئەم تزە گەڕانەوەیە بۆ شێوەی پێش مۆدێرنی کۆمەڵگا، پێش جیهانی سەنعەتی، ئەم بۆچوونە زۆر دێرینە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆسۆ لەسەر ئەوە دروستبووە کە دۆخی سروشتی دۆخێکی پاکە و مرۆڤ بێ گوناهە و گێڕانەوەی مرۆڤ بۆ دۆخی سروشتی دەتوانێت باشی و ئازادیمان پێ ببەخشێتەوە. بەڵام ئەم تزە وەک یەکەیەکی چونیەک سەیری مرۆڤەکان دەکات، هیچ ڕێگایەک نیشان نادات، چۆن مرۆڤ بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دواوە خۆی لە لایەنە تاریکەکانی تەکنیکی مۆدێرن بپارێزێت. لە ڕاستیدا ئایا چۆن کاریگەریی هەموو ئەو هێزە گلۆباڵ و کاریگەرییە گەورانە لەسەر تاکەکان و کانتۆنەکان بسڕینەوە بەجۆرێ هاوسەنگی کۆمەڵایەتی لە ناویاندا تێک نەچێت، ئایا چیتر چوونە دەرەوە لە شار، وەک پڕۆژەیەکی شارستانی دەکرێت جێبەجێ بێت، تزەکە لەو ڕووەوە خۆشبینی ئانارشییە کۆنەکان بۆ مرۆڤ دووباردەکاتەوە. لەم تزەدا کانتۆن وەک شوێنێکی دابڕاو لە کاریگەری هەموو دنیا باس کراوە، کە دەتوانێت بێ کاریگەریی دەرەکی و هێزی ئیمپراتۆریەت و سەنتەرە گەورەکان درێژە بە ژیانی خۆی بدات، کە لە رووی واقعییەوە کاری وا ئەستەم دەردەکەوێت. لە سەردەمی ئەمڕۆدا جوگرافیای سیاسی وا دانەمەزراوە بکرێت هەندێ پارچە خۆی دابڕێت لە سیستمی دنیا.
سەرچاوەکان :بۆ کورت کردنەوە و چڕکردنەوەی بۆچوونەکانی ئۆجەلان و بۆکچین سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە.
سەرچاوەکان
هەفت ڕۆژ لەگەڵ ئاپۆدا، نەبیل مەلحەم، تەرجمەی دیاکۆ بەختیاری
حیاتی فکری اوجلان، مقالە، صدیق بهرنگ
از اوجلان تا بوکچین، مقالە، صدیق بهرنگ
مسئلە کرد و رهیافت ملت دموکراتیک، عبداللە اوجلان، ترجمە کاردوخ
انارشیسم، سیاست شاعرانە، هربرت رید، حسن چاوشیان.
جنگ علیە دولت، سال نیومن،محمد هادی فروزش نیا
تێبینی: مەبەستی من لەم وتارە شەرحی درێژ و وردی مێژووی فیکری ئۆجەلان و بۆکچین نییە، ئەو هێڵە گشتیانەش کە لە نووسینەکەدا هاتوە لە سەرچاوەکاندا چۆن هاتوە بەو جۆرە گواستومەتەوە، مەبەستی سەرەکی من لە نووسینەکە ئەو چەند ڕەخنەیەیە کە لە کۆتایی نووسینەکەدا دامناوە. ئەو پێشەکە گشتییەی سەرەتا تەنیا بۆ ئەوەیە خوێنەرانێک کە پەیوەندی ئۆجەلان و بۆکچین نازانن لە خەتە گشتیەکەی ئاگادار بن. وە ئەم نووسینە کورت کراوەی نووسینێکی درێژترە کە بە هۆی نەخۆشی باروفەزاری سیاسیەوە لە ئێستادا زۆر کورتم کردوەتەوە وبە ئۆمێدم لە داهاتوی نزیکدا سەرجەمی تێکستەکە بڵاو بکەمەوە.
په یوه ندی