Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

مافی مرۆڤ وەک پرسێکی سیاسی(تێڕوانینێکی ئارێنتی)


نووسەر: رێزان عەبدوڵاهی

"مرۆڤ تەنها خاوەنی یەک مافە: ئەویش مافی خاوەن ماف بوونە"

"بە پێی باوەڕی ئێدمۆند برێک مافەکانی مرۆڤ، لە ناو نەتەوە دا هەڵدەقوڵێن. کەواتە سەرچاوەی مافەکان نە مافی سروشتیە، نە فەرمانەکانی خودایە و نە هیچ تێگەیشتنێکی تایبەت بۆ مرۆڤە".

"هانا ئارێنت"

مرۆڤ بوونەوەرێکی سیاسیە. ئەم باوەڕە لە لای ئەریستۆ هەبوو و هانا ئارێنتیش باوەڕی وایە. سیاسیبوونی مرۆڤ بەو واتایە دێت کە مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی قسەکەر لە دۆخی سروشتیدا و بە بێ چێکردنی جیهانێکی دەستکرد و مرۆیی ناتوانێت درێژە بە ژیان بدات. مرۆڤ لە پەیوەندی و گفتوگۆ لە گەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا خۆی دەناسێت و پتانسێلە شاراوەکانی خۆی ئاشکرا دەکات. ئارێنت پێی وایە کە "هەر مرۆڤێک تایبەتە و کەس ناتوانێ جێگای کەس بگرێتەوە و کەس ناتوانێ ببێت بە ئەوەی دیکە".(ئارێنت، ١٠:١٩٥٨).  مرۆڤەکان هەمەچەشن و هەمەڕەنگن و لە سەر هەر کەس پێویستە خۆی باربێنێت و بدۆزێتەوە و بسەلمێنێت. با بزانین ئەم خۆسەلماندنە لە چ ڕێگایەکەوە ئەنجام ئەدرێت.


مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە فڕێدراوەتە ناو "بوون"ەوە، دەبێ بۆ دۆزینەوەی خۆی و پەیبردن بە پێگەی خۆی لە جیهاندا و لە ناو دەشتایی "بوون" دا هەوڵ بدات. ئەم هەوڵەش پێویستی بە فەزایەکە کە مرۆڤ بتوانێ لەو فەزایەدا ببێتە کەسێکی چالاک و بەشدار لە چێکردنی ئەو جیهانە مرۆییەدا. ئەو جیهانەی کە دەبێ بەردەوام لە جوڵە دابێت و مرۆڤەکان هەم درووستکەری بن و هەم لە ژێر سێبەری ئەو مانا و دەلالەتانەدا کە پێکەوە درووستیانکردوون، ماناش بۆ ژیانی خۆیان بدۆزنەوە و دووچاری تەنیایی و سەرگەردانی و خڵەفان نەبن. فەزایەک کە زەمینە بۆ مرۆڤەکان خۆش بکات "کردەوە" ئەنجام بدەن و لە جیهانی مرۆییدا ڕۆڵیان ببێت. پێش ئەوەی باس لە ئەو فەزایە بکەین، پێویستە بە کورتی ئەم روونکردنەوەیە بدەین کە ئارێنت لە کتێبی "دۆخی مرۆیی"[1] دا چالاکیەکانی مرۆڤ بە سەر سێ جۆر چالاکیدا دابەش دەکات: "ئەرک[2]"، "کار[3]"، و "کردەوە[4]". "ئەرک" هەوڵدانە بۆ بەرەوپێشبردنی لایەنی ژینەکی مرۆڤ کە بریتیە لە خواردن و مەسرەفکردن و منداڵبوون کە ئەم چالاکیانە لە "پانتایی تایبەت"[5] دا و لە ماڵەوە دا ئەنجام دەدرێن و سروشت و زەروورەت پاڵنەری بەدیهێنانی ئەو پێداویستیانەیە. کەواتە چونکە بەستراون بە زەروورەتەوە، ناتوانن ئازادی بەرهەم بێنن بەڵکوو مرۆڤ ناچارە لە ئەنجامدانیان. جۆری دووهەمی چالاکی "کار"ە کە هەنگاوێک لە "ئەرک" بەرزترە کە لە سروشت و زەروورەت دوور دەکەوێتەوە و "مرۆڤی درووستکەر[6]" و داهێنەر ئەنجامی دەدات. وەکوو درووستکردنی ئەو شتانەی کە دەسبەجێ بەکار ناهێنرێن و مانەوە تایبەتمەندی سەرەکیانە. وەکوو هونەرە جوانەکان و تەکنۆلۆژیا. مایکڵ.ئێچ. لێسناف(102:1392)لە زمان مرۆڤناسەکانەوە پێی دەڵێت"کلتوری مادی[7]". لە ئەم چالاکیەدا مرۆڤ شتێک درووست دەکات و ئەو شتە وەک بەرهەمێک دێتە ناو دنیای دەستکردی مرۆییەوە. سێهەمین و بەرزترین چالاکی مرۆڤ "کردەوە"یە کە بۆ ئەنجامدانی نە سروشت و زەروورەت لە گۆڕێدایە و نە لە کەرەستەی مادی و فیزیکی کەڵک وەردەگیرێت. لە "کردەوە" دا تەنها زمان و ئاخافتن ئیش دەکات و تەنها لە نێو مرۆڤەکاندا بەرقەرارە. پێویستی بە بوون لە ناو "پانتایی گشتی[8]" دایە و لە ئاکامی ئەم چالاکیە دایە کە هەر مرۆڤێک وەکوو کەسێکی تایبەت و جیاواز خۆی دەدۆزێتەوە و خۆی ئاشکرا دەکات. لەم چالاکیەدا مرۆڤ دەستی بە ئازادی ڕادەگات و لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ناسین و خۆناسین و ناساندن دایە. چالاکیەک کە "بوون[9]"ی مرۆڤ دەسەلمێنێت. ئەم چالاکیە پێویستی بە فەزایەکە کە مرۆڤ تیایدا خۆی نیشان بدات و خۆی پێبگەیەنێ. هەر ئەو شتە کە ئارێنت پێی دەڵێت: "فەزای دەرکەوتن[10]". 

دەبێ بزانین ئەم فەزایە چۆن بەرهەم دێت؟ ئەریستۆ لای وابوو کە "ئینسان بە دەر لە دەوڵەت یان خودایە یان ئاژەڵە"(عالم، (123:1389) کەواتە مرۆڤ لە دەرەوەی ژینگەی سیاسی وێنا ناکرێت. ژینگەی سیاسی بریتیە لە کۆمەڵگەی سیاسی یان یەکەیەکی سیاسی کە مرۆڤ تێیدا ئەندام بێت و لەو رێگەیەوە رێگەی بەشداریکردن لە پانتایی گشتیدا بۆی ئاوەڵا بێت. چونکە بەشداری کردن لە پانتایی گشتی دا هەم رێگەت پێ دەدات بۆ دۆزینەوەی خۆت، هەم کاریگەری دادەنێی و هەم بەرپرسیارێتیت دەکەوێتە ئەستۆ. بە جۆرێک دەتوانین لە لایەن ئارێنتەوە ئەوە بێژین کە بەشداری کردن لە پانتایی گشتی و ژیانی سیاسی دا بەرزترین فۆڕمی ئازادیە کە بە "ئازادی پۆزەتیڤ[11]" ناوزەد دەکرێت. ئازادیەک کە وەکوو "ئازادی نێگەتیڤ[12]" بە تەنها بریتی نیە لە پارێزراو بوون لە پانتایی تایبەت دا و رزگاری لە ئەو بەربەستانەی کە بۆ ژیانی تایبەتی و ژینەکی دێنە پێش. کەواتە مرۆڤ بۆ ئەوەی ئازاد بێت بە واتا پۆزەتیڤەکەی، بۆ ئەوەی لە پرسە هاوبەشەکاندا بەشداری بکات، بۆ ئەوەی خۆی پێبگەیەنێ و بدۆزێتەوە، پێویستی بە ئەندامبوونە لە کۆمەڵگەیەکی سیاسی دا و هاوکات دەبێ بەشداریش بکات لە ژیانی سیاسی دا.  لێرەدا ئارێنت ئەو باوەڕە رەت دەکاتەوە کە پێی وایە ئازادی و سیاسەت ناتوانن هاونشین و هاوتەریب بن و لەو دەرگایەوە کە سیاسەت هاتە ناو، ئازادی دەچێتە دەرەوە، بەڵکوو ئازادی گرێدراوی سیاسەتە.

وەک دیارە مرۆڤ بە دەر لە کۆمەڵگەی سیاسی خۆی ناتوانێ شوناسی مرۆڤ وەربگرێت. ناتوانێت لە هیچ مافێکی مرۆیی سوودمەند ببێت و ناتوانێت لە ئاکامی چەوسانەوە و هێرشکرانە سەر و بێ مافیدا بۆ هیچ لایەک هانا ببات. بۆ سوودمەند بوون لە مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤبوون تەنها مەرجێکی پێویستە، مەرجی تەواو نیە. بۆ ئەوەی بکەویتە بەر مافی مرۆڤ، دەبێ مرۆڤێکی شارۆمەند بیت. ئارێنت لە کتێبی" ئاخێزگەکانی تۆتالیتاریانیزم[13]" دا و لە بەشی "توانەوەی دەوڵەت-نەتەوە و کۆتایی مافی مرۆڤ[14]" دا ئەم باسە شی دەکاتەوە. ئەو کەسانەی کە بێدەوڵەت دەکرێن و لە شارۆمەندی بێبەش دەکرێن، ناتوانن پێناسی مرۆیی خۆیان وەربگرن چ بگات بە ئەوەی کە مافە مرۆییەکانیان دەستەبەر ببێت. هەر وەک ئارێنت دەڵێت: "جیهان هیچ بەهایەک بە بوونی رووت و ئینتزاعی نادات"(ئارێنت، ١٩٥١: ٢٩٥). کەواتە مافی هەبوونی یەکەی سیاسی خۆت دەبێ سەرەتاییترین ماف و سەرەکیترین ماف بێت. هەر وەک دەڵێت: "مرۆڤ تەنها خاوەنی یەک مافە، ئەویش مافی خاوەن ماف بوونە" (ئارێنت، ١٩٤٩: ١).

مافی خاوەن ماف بوون[15] بە واتای مافی هەبوونی یەکەیەکی سیاسیە کە تیایدا ئەندام بیت و خاوەندارێتی لە بوونت بکرێت. ئارێنت باسەکانی مافی سروشتی[16] و مافی داڕێژراو[17] رەت دەکاتەوە و وەک ئێدمۆند برێک پێیوایە کە "ماف تەنها لە ناو نەتەوە را هەڵدەقوڵێت"(ئارێنت، ١٩٥١: ٢٩٥). ئەو مافانەی کە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دا ئاماژەیان بۆ کراوە، گەرەنتی پارێزرانیان دراوەتە دەست دەوڵەتەکان کە شارۆمەندەکانی خۆیان لەو بارەوە بپارێزن. مافی مرۆڤ بە تەنها و بە بێ بوونی ناوبژیوانێک بە ناوی دەوڵەت، چەمکێکی ئینتزاعیە. کەواتە مافی هەبوونی یەکەی سیاسی دایکی مافەکانە و هەنگاوی سەرەتای بەمرۆڤبوونە. مرۆڤ کاتێک لەم مافە سوودمەند بوو، لە ناویا دەتوانێ مافەکانی دیکەش دابڕێژێ و گەڵاڵە بکات. کەواتە ئەم مافە پەیوەندی هەیە بە بوونناسی مرۆڤەوە. چونکە مرۆڤ بۆ "هەبوون" پێویستی بە فەزایەکە کە تیایدا "کردەوە" ئەنجام بدات و بەشێک بێت لە "جیهانی هاوبەش[18]"ی مرۆڤەکان. بۆ ئەوەی کە "بوونی لە بوونێکی جەستەیی تێپەڕێت"(بێن حەبیب،١٩٩٦: ١١٠) و پتانسیلە مرۆییەکانی ئاشکرا بکات. یان وەکوو پارنێخ دەڵێت: "بەرەوپێشبردنی پرسەکانی ناو کۆمەڵگا لە رێگای گفتوگۆوە"(هێلیس، ٢٠٠٨: ٧٥).

پێگ بیرمنگهام لە کتێبی "هانا ئارێنت و مافی مرۆڤ " دا دەڵێت کە: "هانا ئارێنت تاوانی کەمپەکانی مەرگی [نازیەکان] دەخاتە ئەستۆی بێ توانایی سیاسی و بێ بایەخی فەلسەفی چەمکی مافی مرۆڤ"(بیرمنگهام،(18:2006). ئەو چەمکەی کە ئەگەر ئەندامی هیچ کۆمەڵگەیەکی سیاسی نەبیت، نە پارێزراوە و نە کەس داکۆکیت لێدەکات و نە کەس خۆی بە خاوەنت دەزانێ. مافی مرۆڤ بۆ ئەو شارۆمەندانەیە کە خاوەن پێگەیەکی بەرابەرن و ئەو کەسە بێ دەوڵەتانەی کە شارۆمەند نین، لێی بێبەشن. هەر وەک جان هێلیس لە زمان ئارێنتەوە پێمان دەڵێت: "ئەو کەسانەی کە لە باری سیاسیەوە لاواز کراون، لەگەڵ ئەو کەسانەی کە خاوەن دەوڵەت و توانایی سیاسین، بە هیچ شێوەیەک بەرابەر نین"(هێلیس،٢٠٠٨: ٧٣). مرۆڤە بێ دەوڵەتەکان دەبن بە خاوەن "ژیانێکی رووت[19]". ژیانێکی داماڵدراو لە بەهاکان، لە ئازادی، لە مافەکان و لە ماناکان. ئەوان بە ژیانێکی رووت دەژین چونکە هیچ فەزایەک بوونی نیە کە ئەوان پێ بنێنە ناو پانتایی گشتی و لەوێدا بە بەشداری و چالاکی و قسەکردن بتوانن خۆیان بدۆزنەوە و کاریگەری دابنێن. مرۆڤە بێ دەوڵەتەکان دەبن بە "مرۆڤی زیادە".

مرۆڤی زیادە ئەو کەسانەن کە خاوەن جێگە و پێگە نین. ئەو کەسانەن کە لە دونیادا بوونیان ناسەلمێت. ئەو کەسانەن کە لەناوبردنیان پێویستە و دەبێ لە چوارچێوەی "رێگەچارەی کۆتایی" بۆ لەناوبردنی جولەکەکان و لە رێگەی پڕۆسەکانی ئەنفال و کیمیابارانەوە بسڕدرێنەوە. سڕانەوە و پاکبوونەوەشیان هیچ لە جیهان کەم ناکاتەوە چونکە بوونی ئەوان بوونێکی پەراوێزە. چونکە مردنیان دەبێتە هۆی خاوێن بوونەوەی ئەو فەزایەی کە ئەوانی بە فەرمی نەناسیوە و قبوڵیان ناکات. چونکە لە ئاکامی لەناوچوونیان لایەنی باڵادەست و سەرکوتکەر نزیک دەبێتەوە لەو یەکگرتن و یەکڕەنگیەی خەونی پێوە دەبینێ و هەوڵی بۆ دەدات. 

لە کۆتاییدا دەگەینەوە ئەو سەرەتایە کە بێ دەوڵەتی، سەرەتای بێ مافی یە.

سەرچاوەکان:

1.                Arendt. Hannah, the Human Condition, Chicago: Chicago University Press, 1958.

2.                Arendt. Hannah, the Origins of Totalitarianism, New York: Harcourt, Brace & Co, 1951.

3.                Arendt. Hannah, the Rights of Man: What are they? Modern Review 3:1, 1949.

4.                Seyla. Benhabib, The Reluctant Modernism of Hannah Arendt, Thousand Oaks: Saga publications, 1996.

5.                Helis. John, Hannah Arendt and Human Dignity: Theoretical foundations and Constitutional protection of Human Rights, Journal of Political and Law, Vol 1. No 3. September 2008.

6.                 Peg. Birmingham , Hannah Arendt and Human Rights, Bloomington: Indiana University Press, 2008.

1. مایکل ایچ.لسناف، فیلسوفان سیاسی قرن بیستم، ترجمه خشایار دیهیمی- تهران: نشر ماهی، ١٣٩٢

2. عبدالرحمن عالم، تاریخ فلسفه سیاسی غرب(از آغاز تا سده های میانه)، دفتر مطالعات سیاسی و بین المللی، تهران: 1389



ژێرنووس:

[1].The Human Condition

[2]. Labour

[3]. Work

[4]. Action

[5]. Private Sphere

[6]. Homo Faber

[7]. Physical culture

[8]. Public Sphere

[9]. Being

[10]. Appearance space

[11]. Positive freedom

[12]. Negative freedom

[13]. The Origins of Totalitarianism

[14]. The Decline of Nation-State and the End of the Rights of man

[15]. Rights to have rights

[16]. Natural Law

[17]. Positive Law

[18]. Common World

[19]. Bare Life


په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است