- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
مارتین هایدیگه‌ر (1976ـ 1889)(بەشی کۆتایی)
وەرگێران: سەعیدکاکی
مه‌رگ ئاگامه‌ندی و دڵه‌خورپه[1]
هایدیگه‌ر بۆ چاره‌سه‌ری لایه‌نی یه‌که‌می کێشه‌ی مرۆڤی هاوچهرخيی ئاڵمانی، پێداگری له یه‌کێتی ناوه‌کی مرۆڤ کردووە، به‌م بۆنه‌وه، ده‌س ده‌داته پێناسه‌ی جیهان و مرۆڤ و باس له تایبه‌تمه‌ندییه پێکهێنه‌ره‌کانی جیهانی ئاماده بوون و ئێگزێستانسیالی مرۆڤ«ئاگامهندیـزمانـکات»ده‌کات. به ڕای هایدیگه‌ر، تایبه‌تمه‌ندی دڵه‌خورپه، سه‌رجه‌م ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه یه‌کده‌خاته‌وه. دڵه‌خورپه یان دوودڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌کانی مرۆڤ بڕایه‌وه و مه‌رگ ئاگامه‌نده و بابه‌تی دوودڵییه‌که‌ی نادیاره. به‌ڵام بابه‌تی ترس دیاریکراوه. دڵه‌خورپه لایه‌نێکی شهوودی هه‌یه. له ڕاستیدا،«xـ ئاگامه‌ندی»هه‌یه، مانای ئه‌وه‌یه مه‌رگ ئاگامه‌ندی، ترسئاگامهندی، نهفسئاگامهندی به‌رده‌وام جۆرێک نیه‌تمه‌ندی به پشته‌وه‌یه. زۆرجار مرۆڤ خاوه‌ن شتێکه، به‌ڵام له پەیوهندییهکەی ئاگامه‌ند نییه و یان ئه‌وه‌یکه بایه‌خ به‌و پەیوهندییە نادات و خۆی له ئاگامه‌ند بوون له‌و بابه‌ته ده‌دزێته‌وه، وەک که‌سێکه تووشی نه‌خۆشینێک بووە چاره‌سه‌ر نابێ و بۆی هه‌یه که‌سێک ئه‌م نه‌خۆشینه وەک به‌شێک له بوونی خۆی چاو لێبکات و چۆکی بۆ دابات. وته‌که‌ی هایدیگه‌ریش له‌سه‌ر ئاگامه‌ندی تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌م مانایه‌ی هه‌یه. کاتێ مرۆڤ له‌گه‌ڵ بابه‌تێک پەیوه‌ندی ساز ده‌کات و ئاگامه‌ند بێت، گه‌ر ئاگامه‌ندی پەیوهندیبه بڕانهوهیمرۆڤهوه بێت، مه‌رگـ ئاگامه‌نده. بڕانه‌وه، به‌ڕای هایدیگه‌ر، بڕانهوهیهکی جه‌سته‌یی نییه، به‌ڵکوو ڕه‌هه‌ندێکی ئێگزێستانسی هه‌یه. بڕانه‌وه‌ی جه‌سته، له پرۆژه ئێگزێستانسیالهکانی ژیانی مرۆڤه. بڕانه‌وه‌ی ئێگزێستانسیال مانای ئه‌وه‌یە، هێڵێک وەک بازنه‌یه‌ک ئاڵاوه‌ته پڕۆژهکانیمن و له ئه‌نجامدا پرۆژه‌کانی من گه‌رچی له ڕاده‌به‌ده‌ر بن، سنوورداری ده‌کات. گهروابێ دوایه‌ن پڕۆژه‌ی من، برانهوهیه. بڕانه‌وه، خۆی پڕۆژه‌یه‌کی ئێگزێستانسیال بۆ من جێبه‌جێ ده‌کات. به‌ڕای هایدیگه‌ر گه‌ر بایه‌خ به مه‌رگ ئاگامه‌ندی خۆمان بده‌ین، یانی له ڕێگه‌ی جیهانی ئێگزێستانسیالهوه، خۆمان به‌ره‌و برانه‌وه ڕابکێشین، ئه‌وسا هه‌بوونی ئێمه له‌گه‌ڵ مهرگماندا پێناسه ده‌کرێت. یانی وەک ههبووێکینکهوا به‌ره‌ومه‌رگ هه‌نگاو دهنێینیان ڕوولهمهرگین[2]چه‌مکی مه‌رگ ئایینی نییه و فهلسهفییانەیه. بهدهربرینێکیتر، ئێگزێستانسیاله.مه‌رگ له مانا ئێگزێستانسیالهکهیدا، بڕانه‌وه‌ی پرۆژه‌کانه. ئێمه ئه‌و ههبووانهین که‌وا له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانمان، به‌ره‌و بڕانه‌وه‌ی خۆمان هه‌نگاو ده‌نێین. له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن، هه‌ڵبژاردنه‌کانی ژیان ده‌سڕینه‌وه و تا ڕاده‌یه‌ک له بڕانهوهمان نزیک تر ده‌بینه‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه، له دۆخی هه‌نووکه‌ی خۆمان به‌ره‌و دۆخێکی نوێ تێده‌په‌ڕین. هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک گه‌یشتن به که‌ماڵ نییه. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هه‌نگاونان به‌ره‌و بڕانه‌وه و مه‌رگه. که‌واته، مه‌رگ، له ڕاستیدا، هه‌ڵبژاردنێکی ئیگزێستانسیاله هه‌روه‌ها که مرۆڤ بۆی هه‌یه هه‌رکات بیه‌وێ خۆی بکوژێت. مرۆڤ له دۆخێک دایه، جۆگرافیایه‌کی تایبه‌ت بۆ پرۆژه‌کانی خۆی دیاریده‌کات، چونکوو ئه‌م باسانه ئاپریۆری نین ئێگزێستانسیالیزم، نه‌یاری ئاپریۆریزمه ئێگزیسانسیالیزم چ له هه‌ڵبژاردن و چ له دهرهاویشتنهکانیدا سیسته‌مێکی ئاپریۆری نییه. جیهانی من و پرۆژه‌کانی ده‌رهاوێشته‌ی ئاماده بوونی منه. یانی بوونی من خۆی وه‌ک کۆمه‌ڵێک له هه‌ڵوێست و هه‌ڵبژاردنه‌کان، ده‌رده‌خات. من جیا له جیهانی خۆم نیم. کاتێ به شێوه‌یه‌کی ئاپریۆری باس له شتێک ده‌کەم جیهان وه‌ک بابه‌تێک له خۆمان جیا ده‌که‌ینه‌وه و ئه‌وسا یان به شێوه‌یه‌کی کانتی و یان به شێوه‌یه‌کی دێکارتی له‌سه‌ر ئه‌و توانایانه‌ی که هه‌مانه به شێوه‌یه‌کی ئاپریۆری باسیانده‌که‌ین. هایدیگه‌ر، مرۆڤ وه‌ک جیهان خۆی چاو لێده‌کات. مرۆڤ ڕووداوه و پڕۆژه به شێوه‌یه‌کی ئاپریۆری بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ناکات که به‌ره‌و چ ڕه‌وتێک تیده‌په‌ڕێت. که‌واته ئێگزێستانسیال و ئاپریۆری پێکه‌وه ناگونجین (دانیان پێکه‌وه ناکوڵێ).
هه‌ر مرۆڤێک، هه‌بووێکی ڕوو له مه‌رگ و بڕانه‌وه‌یه. مرۆڤ به پێی هه‌بوونی، مهرگئاگامهنده. مه‌رگ ئاگامه‌ندی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ئیگزێستانسیال به‌ره‌و بیرکردنه‌وه هانده‌دا و له ئیشی پڕوپووچ لای ده‌دات وهه‌روه‌ها ھۆشیاريی کۆیی پێده‌دات. هایدیگه‌ر ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی که‌وا مه‌رگ ئاگامه‌ندی که‌وتووته‌وه، بە دڵه‌خورپه[3]ناودێری کردووه. دڵه‌خورپه یان دوودڵی، مانای ئه‌وه‌یه، مرۆڤ سه‌رجه‌م پرۆژه ئێگزێستانسیالهکانی خۆی له ژێر کاریگه‌ری مهرگئاگامهندیدا هه‌ڵده‌بژێرێت. له ئه‌نجامدا سه‌رجه‌م شته‌کان بە ناوی مه‌رگ ئاگامه‌ندی کۆ ده‌بنه‌وه و ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆیان ده‌دۆزنه‌وه و بۆیه ده‌بنه بنه‌مای تهواوبۆ دازاین. له ئه‌نجامدا ، هایدیگه‌ر له کتێبی بون و کات بە ناوی دازاین باسی له دڵه‌خورپه کردووە. ئه‌مه‌ش مانای ئەوەیە، مرۆڤ دڵه‌خورپه «دوودڵه«. گه‌ر له لایه‌نی میتۆده‌وه چاو له باسه‌که بکه‌ین، جارێک ئیگزێستانسی مرۆڤ وه‌ک بنه‌مایه‌ک چاوی لێکردووەو ئه‌وسا سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کانی دیکەی به پێی ئه‌م بنه‌مایه ته‌فسیری ده‌کرد. جارێکی دیکه بڕانه‌وه وەک بنه‌مایه‌ک له‌به‌رچاو ده‌گیردرێت و سه‌جه‌م ئێگزێستهکانی مرۆڤ له ڕێگه‌ی ئه‌م بنه‌ما بڕاوه‌یه ته‌فسیری له‌سه‌ر ده‌کرێت. له شێوازی دووه‌مدا تووشی دڵهخورپهدهبینهوه. گه‌رچی ڕه‌سه‌نایه‌تی مرۆڤ له ڕێگه‌ی دڵه‌خورپه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت. به‌ڵام مرۆڤه‌کان به گشتی تووشی ئه‌م حاڵه‌ته نابنەوه. ئه‌و مرۆڤانه‌ی له ژیانی خۆیاندا ڕوو له داسمه‌ن واته «ناڕه‌سه‌نی» ده‌که‌ن تووشی دڵه‌خورپه نابنه‌وه‌و ژیانێکی ڕه‌سه‌نیش هه‌ڵنابژێرن، دڵه‌خورپه مرۆڤ له بێ خه‌یاڵی و سستی دێنێته ده‌ره‌وه هانیده‌دا له‌سه‌ر شته‌کان خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت، دڵه‌خورپه مرۆڤ له‌وه‌یکه به‌ره‌و بڕانه‌وه هه‌نگاو بنێت ھۆشیاریدهکاتهوه، زۆرجار هایدیگه‌ر، له کتێبی بوون و کات سه‌ره‌ڕای به کارهێنانی وشه‌ی consciousness له وشه‌ی Awareness که‌ڵک وه‌رده‌گرێت و مانای وشیاری و وه‌خه‌به‌ر هاتنیھەیە و ئه‌مه‌ش پەیوه‌ندی به لایه‌نی تیۆری زانینه‌وه نییه. وشیاری جۆرێک له‌سه‌رقاڵ بوونه و ئه‌مه‌ش جگه له ئاگامه‌ندییه. له دۆخی دڵه‌خورپه‌دا، مرۆڤ ھۆشیاره و ژیانی خۆی له پانتای بووندا ڕێک و پێک ده‌کات و له ئه‌نجامدا ژیانێکیڕهسهن هه‌ڵده‌بژێرێت. هایدیگه‌ر وشه‌ی دڵه‌خورپه وهکبنهمای دازاین چاوی لێده‌کات، یانی ئه‌وه‌ی کەوا شۆناس یان خودناسنامهی مرۆڤه و یه‌کێتی بۆ مرۆڤ مسۆگه‌ر ده‌کات، دڵهخورپهیه. له ڕاستیدا له کاتی دڵه‌خورپه‌دا مرۆڤ له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی بنه‌مای که‌سایه‌تی خۆی داده‌ڕێژێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه به ته‌واویی ئاگامه‌ندانه‌یه و ئه‌مش مانای پله و پێگه‌ی فه‌یله‌سووف ده‌گه‌ێنێ که‌وا له ڕێگه‌ی ڕامان و بیرکردنه‌وه ده‌س به هه‌ڵبژاردن ده‌کات. دڵه خورپه، دۆخی ڕه‌سه‌نایه‌تی له مرۆڤدا زه‌قده‌کاته‌وه. پێویسته بزانین که‌وا مه‌رگ ئاگامه‌ندی ئه‌زموونی مه‌رگ نییه. به‌ڵکوو بایه‌خدان و سه‌رنجدانی بڕانههوی مرۆڤه. به بۆچوونی هایدیگه‌ر پێویست بەوه ناکات ، مه‌رگ جه‌سته‌یی بێت، بهڵکوومانای مه‌رگی مرۆڤ و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانه وئه‌وسا مه‌رگ ئاگامه‌ندی ئه‌و ده‌کات. تهنانهتگهر له‌م دۆخه‌دا جه‌سته‌ی مرۆڤ زیندووش بی، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌یکه هه‌ڵبژاردن له مرۆڤ زه‌وت ده‌بێ، ره‌سه‌نایه‌تی خۆی له کیس ده‌دا و ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ش پەیوه‌ندیان به بڕانه‌وه‌ی پڕۆژه‌کانی مرۆڤه‌وه هه‌یه. کاتێ مرۆڤ سه‌رنجی بڕانههوی خۆی بدات، شت گه‌لیک هه‌ڵده‌بژێرێت که به‌مان و نه‌مانیه‌وه گرێیخواردووه و زیاتر له شته‌کان قووڵ ده‌بێته‌وه و له کۆی ئه‌م به‌شه‌دا بۆمان ده‌رکه‌وت هایدیگه‌ر بۆ چاره‌سه‌ری ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌می قهیرانیـ بی زێدیـ هه‌وڵیدا و له‌ڕێگه‌ی گرێدانی زاتی مرۆڤ و جیهان پێکه‌وه، پله وپێگه‌ی مرۆڤی له پانتای بووندا دیاری بکات. سۆبژێکتیڤیتهی سه‌رده‌می مودێڕن مرۆڤ ته‌وه‌ره،واته«ئۆمانیزمه«. سووژه ته‌وه‌ری تا ئه‌و ڕاده‌یه که جیهان وەک ئۆبژه له مرۆڤ جیا ده‌بێته‌وه و سووژه ده‌یه‌وێت خۆی به‌سه‌ر ئۆبژه داسه‌پێنێت و بیخاته ناو تۆڕی خۆی، به‌ڵام ڕای هایدیگه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یه و له ڕاستیدا مرۆڤ وه‌ک ڕۆشنایی بوون چاو لێکردووە، مرۆڤ و بوون پێکه‌وه گرێدراون و شهوود له لایه‌ن بوونه‌وه ڕوو له مرۆڤ ده‌کات و بۆیه دازاین، سوبژێکتیڤ نییه.چونکوو بنه‌ڕه‌تی باسه‌که‌ی هایدیگه‌ر به شوێنێکه‌وه به‌نده، ئیدی هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا سووژه و ئۆبژه ڕه‌تده‌داته‌وه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، له سۆبژهکیڤیزمدا که‌لێنی نێوان سووژه و ئۆبژه به زه‌قی دیاره، ئه‌وسا به شێوه‌ی جۆرواجۆر له لایه‌ن هێگل و کانته‌وه، یان له لایه‌ن فه‌یله‌سووفه شیکارییه‌کان هه‌وڵدراوه به‌سه‌ر ئه‌م که‌لێنه‌دا زاڵ بن، مەبەستی هایدیگه‌ر سڕینه‌وه‌ی ئه‌م که‌لێنه بوو، هه‌وڵی هایدیگه‌ر له یه‌که‌م هه‌نگاودا ئه‌وه بوو، بوون له سه‌ره‌تای گه‌شته فه‌لسه‌فییه‌که‌ی دا‌نێت و بۆیه مرۆڤی وەک ئاماده‌یی ئه‌نتۆلۆژی چاولێده‌کرد. له ئه‌نجامدا هایدیگه‌ر به پێچه‌وانه‌ی کانت و هێگل و لایه‌نگرانی، له که‌لێنی نێوان سووژه و ئۆبژه‌دا نامێنێته‌وه. بۆیه هایدیگه‌ر پرسیار له بوون وه‌ک ڕێگه‌چاره‌یه‌ک چاوی لێکردووە که له قۆناغی یه‌که‌می بیرکردنهوهکهیدایەو ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوونی مرۆڤ و له قۆناغی یه‌که‌می بیرکردنه‌وه‌یدا، له‌ڕێگه‌ی شیکردنه‌وه‌ی دازاین و ئێگزێستانی مرۆڤه‌وه ده‌یه‌وێت ده‌س به‌سه‌ربێ زێدی مرۆڤدا بگرێت. له قۆناغی دووه‌می بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ردا، بۆ چاره‌سه‌ری نیهیلیزم په‌نا ده‌باته به‌ر ناوه‌ڕۆکی بوون و بانگهێشتی بوون ده‌کات. گه‌ر له قۆناغی یه‌که‌مدا، له پانتای بووندا بمێنینه‌وه، ئه‌وسا نیهیلیزم کۆنتڕۆڵ نابێت و ده‌ستی بههسهردا ناگیردرێت.
* * *
ڕه‌هه‌ندی دووه‌می قه‌یران: نیهیلیزمی ئه‌نتۆلۆژیکی
نیهیلیزم مانای هیچگه‌رایی ھەیە. نیچه وشه‌ی نهیلیزمی نه‌خولقاندووه وله‌سه‌رده‌می ناوه‌ڕاستدا باسی له‌سه‌ر کراوه و ڕه‌هه‌ندێکی ئایینی بووه، به‌ڵام له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا به کاریان هێناوه و له زمانی نیچه‌دا ڕه‌هه‌ندێکی ئه‌مڕۆیی به خۆوه گرتووه. هایدیگه‌ر سەر لە نوێ نیهیلیزمی نیچه پێناسهیکردووە و ته‌فسیری له‌سه‌ر ده‌کات و هه‌وڵده‌دا ڕێگه‌چاره‌یه‌کی نوێبۆ نیهیلیزم بدۆزێته‌وه. به بۆچوونی نیچه و هایدیگه‌ر، مێژووی مێتافیزیکی خۆرئاوا، له ناوه‌ڕۆکی خۆیدا به‌ره‌و سه‌رهه‌ڵدانی نیهیلیزم پەلیکێشاوه. به‌ڕای هایدیگه‌ر، ئه‌فلاتوون له‌ڕێگه‌ی داڕشتنی جیهانی به‌رزه‌وه، بناغه‌ی مێتافیزیکی خۆرئاوای دامه‌زراند و مێتافیزیک له‌مه به‌دواوه به‌ره‌و به نیهیلیزم بوون هه‌نگاوی ناوه. هێگل لای وابوو، پێشکه‌وتن به‌ره‌و مۆدێڕنیته زاڵ بوون به‌سه‌ر نیهیلیزمدایه.
چونکوو نیهیلیزم له بیرۆکه‌ی هێگلدا جۆرێک له نامۆبوونه. واته مرۆڤ پێش سه‌رده‌می مۆدێڕن له ڕاستی خۆی به دوور بووه و به‌سه‌ر عه‌قڵ باوه‌ڕی خۆیدا زاڵ نه‌بووه. گه‌رچی عه‌قڵ باوه‌ڕی سه‌رجه‌می ڕاستییه‌کان بوو، به‌ڵام مرۆڤ له‌وه‌ی به دوای، هه‌ست، ئه‌زموون و... گه‌ڕاوه بۆ ئەوەی له جێگای عه‌قڵ باوه‌ڕی جێگیریان بکات، تووشی هه‌ڵه بووه‌ته‌وه. ئه‌وانه‌ی تووشی ئه‌م هه‌ڵه‌یه بوونه‌ته‌وه له ڕاستیدا تووشی نیهیلیزم هاتوون، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یە که ڕاستیه‌کانی مرۆڤهیچگهرایانهن، هیچگه‌رایی بێ بنه‌مابوونی مرۆڤ دەگەیێنێ و ڕای نیچه و هایدیگه‌ریشی له‌گه‌ڵ بێ، له هیچگه‌راییدا هیچ پێوهرهێکله ئارادا نییه و بۆیه هیچگه‌رایی ماڵوێرانی لێدەکەوێتەوه. نیهیلیزمی نیچه، دوو قۆناغی هه‌یه. قۆناغی یه‌که‌م، نیهیلیزمێکی مه‌عریفییه و له قۆناغی دووه‌مدا، نیهلیزمێکی بههادارانهیه.له لایه‌نی مه‌عریفییه‌وه، مرۆڤ بۆ ناسینی فاکته‌کان[4] هه‌نگاو ده‌نێت. به‌بۆچوونی نیچه له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا، سه‌رجه‌م بیرکردنه‌وه‌کان مێتافیزیکن و ئه‌م مێتافیزیکه بووه به ئێپێستمۆلۆژی و له‌ژێر کاریگه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی کانتیدا، پرسه فه‌لسه‌فییه‌کان، به گشتی پرسێکی کانتییه و چوار ڕێبازە جۆرواجۆره‌کانی وه‌ک ئایدیالیزم، ماتریالیزم و ڤیتالیزم ده‌رکه‌وتوون. باسه‌کانی وه‌ک ماناناسیو زمان ناسی به باسه‌کانی وهکمهعریفه یان زانینه‌وه گرێیان خواردووه.له لایه‌کی دیکه بنه‌ڕه‌تی تیۆری زانین، شێوازێکی مێتافیزیکی هه‌یه. کانت مێتافیزیکی بهروتیۆری زانین هاندا. بانگه‌شه‌ی ئێپێستمۆلۆژی، گه‌یشتن به‌و ڕاستیانه‌یه که‌وا شیاوی ناسینن. ئه‌م فاکتانه، فێنۆمێنهکانن. نیچه وای بۆ ده‌چوو که هیچ فاکتێک له ئارادا نییه. ئێمه ته‌فسیرمان هه‌یه و به‌س، سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کان ته‌فسیرێکه مرۆڤ ده‌یکات و ئه‌مه‌ش هه‌لومه‌رجێکه له پڕۆسه‌ی مێتافیزیک دا سه‌رده‌گرێت. لایه‌نی تێک و زهبهردان له فه‌لسه‌فه‌ی نیچه هێجگار له سه‌ره‌وه‌یه، که‌واته له ته‌فسیری وته‌کانی نیچه‌دا، پێویستە سه‌ره‌تاکان تێک بدرێت. لایه‌نه‌ی تێک وزهبهردان له فه‌لسه‌فه‌ی نیچه‌دا به‌سه‌ر لایه‌نی پێکهێناندا زاڵه . هه‌ربه‌م بۆنه‌وه، هایدیگه‌ر ، دوو لایه‌نی دیکه ده‌خاته سه‌ر دیارده‌ناسی و له ڕاستیدا ئه‌م دوو لایه‌نه‌ی وه‌کconstruction و Destruction له نیچه‌ی وه‌رگرتبوو، هایدیگه‌ر له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی خۆی، ئاماژه به تێکدان و پێکھێنان ده‌کات و بۆیه ئاماژه‌ی به‌م وته ناوبانگه‌ی هۆلدێرلین کردووە که وتبووی«له‌هه‌ر شوێنێکا مه‌ترسیه‌ک بێهێزی ڕزگاریش له‌و شوێنه‌دایه». له‌هه‌ر شوێنێکدا مه‌ترسیه‌که گهورهبێههر له‌و شوێنه‌دا هێزی ڕزگاریده‌ریش به‌هێزه. له‌م دۆخه‌دا، ترس و هیوا به‌سه‌ر مرۆڤدا پهلدهکوتێ. له بیرۆکه‌ی هۆلدێرلین دا، تێکدان له‌گه‌ڵ پێکهێنان و سازداندا یه‌کده‌گرنه‌وه. هایدیگه‌ر ئه‌م وته‌یه له به‌رهه‌می هونهرمهندیشدا به ڕاستزانیوە. ئه‌م ڕێسایه لای هایدیگه‌ر هه‌مه‌کییه. له بیرکردنه‌وه‌ی نیچه‌دا لایه‌نی تێکدان و ڕه‌خنه‌گرتن له سه‌ره‌وه‌یه. بیری فه‌لسه‌فی خۆرئاوا گه‌یشتۆته ئه‌و لووتکه‌یه‌ی که‌وا ڕاستیه‌کی دیکه جگه له ته‌فسیر بوونی نییه. یانی ڕاستی و ته‌فسیر یه‌کسانن. که‌واته ناسینی ئێمه به‌شتێکه‌وه گرساوه‌ته‌وه و له ڕاستیدا ته‌فسیر[5] خۆمم و له ڕاستیدا من ئه‌و ته‌فسیره وه‌ک فاکتهکهی خۆی ئاراسته‌ی ده‌که‌م. ئه‌مه مانای نیهلیزمی مه‌عریفه‌یی ھەیە و له نیهیلیزمی زانیندا«مه‌عریفه«، «شت له خۆیدا»، ده‌بێ به بابه‌تی ته‌فسیری ئێمه، که‌واته مرۆڤ سەر له جۆرێک هیچگه‌رایی ده ردێنێ. له پشت سه‌رجه‌م باسه په‌یوه‌ندییه‌کان بهسهرمهستی و شه‌وق و زه‌وق له‌سه‌ر فاکته زانستییه‌کان، ئه‌م ڕاستییه خۆی شاردوه‌ته‌وه که‌وا سووژه جیهان پێکدێنێ. چونکوو سووژه سه‌ره‌تایه و له نێوان سووژه و بووندا پێوه‌ندی ساز ناکات و باس له‌سه‌ر سۆبژیکتێڤیزم وه‌ک دوایه‌ن هه‌نگاوی مێتافیزیکی خۆرئاوا، یه‌خسیری ته‌فسیر ده‌بن و ئه‌وسا ته‌فسیر وه‌ک فاکتێک داده‌ڕێژین و یه‌خه‌مان به‌رنادات و له‌ودیو ئه‌م فاکتانه‌دا، هیچ نه‌هێنیه‌ک له ئارادا نییه. که‌واته، «شت له خۆیدا» ده‌بێ به بابه‌تی ته‌فسیری سووژه، نیهیلیزمی، مه‌عریفه‌یی نیچه ئاماژه به باسی تیۆری زانین و ویستی ڕاسته‌قینه له فه‌لسه‌فه‌دا ده‌کات، ئایا ڕاسته‌قینه‌یه‌کی ڕه‌ها هه‌یه یان نا، ئایا ڕاستی Truth و ڕاسته‌قینه Realityیه‌کده‌گرنه‌وه و ئاخۆ ڕاسته‌قینه ئه‌م جیهانه‌یه که‌وا له‌به‌رده‌ستی ئێمه‌دایه و تێدا ده‌ژین. نیچه دژایه‌تی ئه‌و فهیلهسووفانهیکردووە که‌وا له ڕاسته‌قینه‌یه‌کی ڕه‌ها ده‌گه‌ڕن، نیچه ڕاسته‌قینه‌ی گه‌ڕانده‌وه بۆجیهانی دیارده و ڕاسته‌قینه‌ی به‌ڕێژه‌یی له قه‌ڵه‌مده‌دا و باوه‌ڕی به هیچ زاتێکی ده‌رونی و ڕاسته‌قینه له‌و دیوو ئه‌م جیهانه‌وه نه‌بوو. نیچه زمان و ڕاسته‌قینه‌ی له ماناباوهکهیدا به‌کار نه‌ده‌هێنا. بۆ ئه‌و زمان دیارده‌یه‌کی ماددیه و له پێداویستییه جه‌سته‌یی و ئاژه‌ڵییه‌کانی مرۆڤدا ڕه‌گی داکوتاوه و ڕه‌هه‌ندێکی مێژوویی نییه. نیچه ڕه‌خنه له‌و فه‌یله‌سووفانه دهگرێتچونکه بوونه‌وه‌ری مرۆیین نه‌ک ئەوەی«ڕاسته‌قینه‌یه‌کی هه‌تاهه‌تایی» بن،به‌ڵکوو هه‌بووێکه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و ئه‌م خاڵه له‌سه‌ر هێزی زانینی مرۆڤیش ڕاسته. چونکوو سه‌رجه‌م شته‌کان گۆڕانی به‌رسه‌ردا هاتووه، بۆیه هیچ ڕاسته‌قینه‌یه‌کی هه‌رمان و هه‌تاهه‌تایی بوونی نییه. هه‌روه‌ها که هیچ ڕاسته‌قینه‌یه‌کی ڕه‌هاش بوونی نییه. زانیاری مرۆڤ له‌سه‌ر ڕاسته‌قینه به زمانه‌وه گرێیخواردووه و ئه‌زموونیشی له‌سه‌ر جیهان له‌ڕێگه‌ی زمان و چه‌مکه‌کان بۆ زاڵ بوون له‌سه‌ر ڕاسته‌قینه به کاری دێنێ. گۆڕانی چه‌مکه‌کان، مانای زانیاری چه‌مکی مرۆڤ له‌سه‌ر جیهان ھەیە. به ڕای نیچه، سەرهەڵدانی نیهیلیزمبواریبۆ ئه‌م تێگهیشتنهلەسەر زمان و ناسینی حه‌قێقه‌ت خۆش کردووەو ئه‌ویش سه‌رله نوێ پێداچوونه‌وه به به‌ها کۆنه‌کان و خولقاندنی به‌هایه‌کی نوێیه. له‌سه‌رهه‌ڵدانی هیچگهراییدایه نیهیلیزم وهسفیلە دۆخێک کردووە، کە له نێوان ئه‌زموونی مرۆڤ له‌سه‌ر جیهان و چه‌مکه‌کانی مرۆڤ بۆ ته‌فسیری جیهان به کاری ده‌هێنا، بۆیه که‌لێن و بۆشاییه‌ک که‌وته‌وه، که‌واته ئه‌زموونی قه‌یرانی مێتافیزیکی ئه‌خلاقی که‌وا له‌وێدا نه‌ریته کۆنه‌کان وێران ده‌بن، تایبه‌ت به سه‌رده‌می مۆدێڕن نه‌بووە. به‌ڵکوو تایبه‌تمه‌ندی هه‌ر سه‌رده‌مێکه له‌وێدا خۆناسی مرۆڤ بگۆڕدرێت. نیچه هۆی سه‌ره‌کی و ڕاسته‌قینه‌ی نیهیلیزمی مرۆڤی خۆرئاوا له «ته‌فسیری مهسێحیـئهخلاقی» له‌سه‌ر جیهان و بوونی مرۆڤدا ده‌بینێته‌وه و لێره‌دایه نیهیلیزمی کرده‌کی سه‌رهه‌ڵده‌دا. «ته‌فسیری مهسێحیـئهخلاقی» له‌جیهان مانای ئه‌وه‌یە بهرزتریني باهاکان، به‌های خۆی ده‌سڕێته‌وه، که‌واته مرۆڤی خۆرئاوا له باوه‌ڕ هێنان به به‌ها ئایینی و ئه‌خلاقییه ڕه‌هاکان به‌ره‌و باوه‌ڕ به هیچ یان نیهیلۆ هه‌نگاوی ناوه. هه‌رکه دونیا بینی مه‌سێحی و به‌هاکانی دهدۆڕێندهرکهوت که‌وا جیهان مه‌به‌ستێکی به پشته‌وه نییه. بۆیه نیچه نیهیلیزم وه‌ک قۆناغیتێپهڕینی خێرای نه‌خۆش ئاسا له قه‌ڵه‌مداوه که‌وا مرۆڤ پێویسته ئه‌زموونی بکات و لێی تێپه‌ڕبێت. ئه‌زموونی مۆدێڕنی هیچگه‌رایی ئه‌نجامی مه‌نتیقی ئه‌و به‌هایانه‌یه که‌وا ساڵانێکه مرۆڤه‌کان باوه‌ڕیان پیبوو و بۆیه وەک مێژووییه‌ک یان قه‌ده‌رێک له قه‌ڵه‌مده‌درێت. یه‌کێ له ئه‌نجامه‌کانی ئایینی مه‌سێحی په‌روه‌رده کردنی حهقێقهتخوازییه«بۆ نموونه دانپێنانی مه‌سێحییه‌کان له حۆزووری خودا« به‌ڵام ئه‌م ویسته، لە بناغه‌ی مه‌سێحیه‌ت ده‌کۆڵێته‌وه، چونکوو به درێژایی کات، ویستی ڕاسته‌قینه له مهسێحیهتدا، له‌سه‌ر بناغه‌ی ویژدانی بیرکردنه‌وه قۆزاخه‌ی به‌ستووه و ئه‌مه‌ش بووه به بناغه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانسته مۆدێڕنه‌کان. زانست به‌ها، وه‌ک ئاسۆیه‌کی ههندکی ژیان چاو لێده‌کات کهواپێداویستییه گه‌شه‌سه‌ندووه فیزیۆلۆژییه دهروونییەکان به لایه‌نی بوونه‌وه‌ر بوونی مرۆڤه‌وه بەنده. که‌واته، مرۆڤی مۆدێڕن ده‌ره‌تانێکی بۆ ده‌رباز بوون له‌ده‌س هیچگه‌رایی نییه. چونکوو ئه‌نجامی به‌ها کۆنه‌کان ده‌رکه‌وتووه و پێویسته هیچگه‌رایی ئه‌زموون بکه‌ین بۆ ئەوەی مرۆڤی هاوچه‌رخ تێبگات، ئه‌م به‌هایانه چیبوون و له ئه‌نجامدا پێویستی به به‌ها نوێیەکان ھەیە. به‌ڵام ئه‌مڕۆ مرۆڤی هاوچه‌رخ قه‌ناعه‌تی به‌وه‌هێناوه،که‌وا ده‌ستی به ڕاستیه‌کانی ئه‌و دیوی جیهانی فۆڕمهکی ناگات و هه‌ر له تیۆری جیهانی به‌رزی ئه‌فلاتوونه‌وه بگره تاکوو «شت له خۆیدای»کانت، بناغه‌یان له تێپه‌ڕین و گه‌یشتن به جیهانی به‌رز داناوه و هه‌ر ئه‌مش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌یکه خۆیان له جیهانی «گۆڕان» ده‌رباز بکهنو به چاوێکی سووکەوە به‌هاکانی ئه‌م دونیایه له به‌ها بخه‌ن. گه‌ر وەک بابه‌تێکی ڕاشکاو و ڕوون چاو له به‌هاکان بکه‌ین، به‌هاکان به‌ره‌و نیهیلیزم تووڕ ده‌ده‌ین. به ڕای نیچه ئه‌نجامی نیهیلیزم بێ باوه‌ڕی و متمانه نه‌کردن به مانادار بوون و مه‌به‌ستدارێتی پڕۆسه‌کانی مێژووه. مه‌به‌ستی مێژوو پێشکه‌وتن و چاک کردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ نییه. به‌بۆچوونی نیچه ژیانی سه‌رجه‌م به‌هاکان و ئامانجه‌کان له ده‌ور ته‌وه‌رێک ده‌سووڕنه‌وه که‌وا هه‌ر له سه‌رتاوه به «درۆ»ده‌ستی پێکردووە و پاشان به «باوه‌ڕ» و له ئه‌نجامدا «فه‌زیله‌تی» ناو ده‌نێن. به‌ڵام له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا، هیچگه‌رایی لای نیچه دوو فۆڕمی کرده‌کی وه‌رده‌گرێت.هیچگهراییدەکرێ هێمای هێزی په‌ره پێدرێ ڕۆح بێت و دەکرێ، داکه‌وت و زوێر بوونی هێزی رۆحیش بێت؛ له دۆخی یه‌که‌مدا چالاکه و له دۆخی دووه‌مدا کارتێکراوه. نیچه ده‌ڵێ ئه‌و مرۆڤانه‌ی نه‌لێی له ئه‌خلاقی مه‌سێحی ده‌که‌ن دوولایەنن. لایەنی یه‌که‌م ئه‌وانه‌ن خاوه‌ن ئهخلاقيی کۆیله‌ن و مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه، به‌ها کۆنه‌کان بنه‌ڕه‌تین و ده‌یانه‌وێت به‌هاکانی ئه‌خلاقی کۆیله به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگادا داسه‌پێنن. لایەنی دووه‌م. ئه‌وانه‌ن خاوه‌ن ئه‌خلاقی سه‌روه‌رن و ئامانجیان ئه‌وه‌یه، به‌های نوێ له جێگه‌ی به‌های کۆن جێگیر بکه‌ن. لایەنی دووه‌می ئه‌خلاقی نه‌ریتی تێک وپێک ده‌ده‌ن. به‌ڵام له لایەنی یه‌که‌مدا هۆکارهکهئهو ئامانجه کۆنه‌یه و تاک له‌وێدا، هۆکارێکی نابه‌ر پرسیاره، زۆرجار تێکه‌ڵ به چێژپهرهستی بێ شه‌رمانه ده‌بێته‌وه‌و زۆرجاریش دمارگرژی جیگه‌ی ئه‌خلاقی کۆیله ده‌گرێته‌وه،«زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که هێشتا له ئه‌خلاقی کۆیله‌دا به سه ردەبەن تووشی ressentmentده‌بنه‌وه و ڕه‌ق وقين له به‌رانبه‌ر ده‌گرن و ئه‌مه‌ش مۆرکی ئایینی پێوهدياره».
نیچه له ئه‌خلاقی نه‌ریتی و به تایبه‌ت ئه‌خلاقی مه‌سێحی بێزاره، به‌ڵام نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی «بێ ئه‌خلاقی» په‌ره پێ‌بدا. بۆ ئه‌وه بوو نیچه به‌هاکانی مه‌سێحی به به‌هایه‌کی ڕاسته‌قینه نه‌ده‌زانی. نیچه له‌سه‌ر ئه‌خلاقی نیهیلیستی بیر ناکاته‌وه و نایه‌وێ به‌ها نه‌ریتییه‌کان له به‌ها بخات. ئه‌و ده‌یه‌وێ ئه‌خلاق و به‌های نوێ بخولقێنێ و بۆ ئه‌وه‌ی داهێنه‌رانه بێ پێویسته، تێکده‌ریش بێ و ئه‌م کاولکارییه هه‌ڵگری ڕه‌تدانه‌وه‌یه‌کی دوو لایه‌نه‌یه: یه‌که‌م نه‌لێی له ئه‌خلاقی کۆیله دهکاتو ئه‌ویتریش نه‌لێی له ئه‌خلاقی مه‌سێحییه. ئه‌و لایه‌نگری له ئه‌خلاقی سه‌روه‌ری كردووه. به بۆچوونی نیچه، ئه‌خلاقی مه‌سێحی ژيان ده‌سڕێته‌وه و حاشاله ژیان ده‌کات، ئه‌خلاقی مه‌سێحی دژایه‌تی ژیان ده‌کات و داهێنه‌ره‌که‌ی که‌سانێکی تێک شکاو و نه‌خۆشن «زۆربه‌ی مرۆڤه ده‌مارگرژه ئایینیەکان تووشی نه‌خۆشی ده‌روونین»و دژایه‌تی جووانی ده‌که‌ن و ده‌مارگرژی وه‌ک پێشگریمانه‌یه‌ک له مێشکیاندایه، گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ ڕه‌حم به‌که‌س ناکه‌ن و گهریشبێ ده‌سه‌ڵاتیش بن په‌نا ده‌بنه به‌ر«ته‌قیه«تا ئه‌و کاته‌ی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌ده‌س ده‌که‌وێت. بۆیه نیچه ده‌ڵێ، مرۆڤی ئایینی ڕێزێنمێنتی[6] بير دەکاتەوە.یاسا ئه‌خلاقییه‌کانی مهسێحبۆ قۆرخکردن و له‌مپه‌ردانان له‌به‌رده‌م هێزه‌کانی ژیان سه‌ریهڵداوه و ڕێگه له مرۆڤی به‌رز ده‌گرێت ئه‌خلاقی مه‌سێحی نه‌ک هه‌ر ڕێگه له مرۆڤی به‌رز ده‌گرێت، به‌ڵکوو ڕێگه بۆ مرۆڤی زه‌بوون و داماو خۆش ده‌کات. ئه‌و ئه‌خلاقه سسته‌ی که‌وا مرۆڤه زه‌بوونه‌کان به باش چاوی لێده‌که‌ن و به خراپه چاو له هێز ده‌کەن و ئه‌خلاق وه‌ک هێزی به‌رگری مرۆڤه زه‌بوونه‌کان له‌به‌رده‌م مرۆڤه به هێزه‌کاندا داده‌نێت. ڕق وقین به‌های ئه‌خلاقی ده‌خولقێنێ، ئه‌م ڕق وقینه له هه‌ڵوێستی نه‌رێنی مرۆڤه لاوازه‌کان که‌وتووته‌وه و به‌رهه‌مه‌که‌ی «نهلێیکردن» له ژیانه. مرۆڤه لاوازه‌کان هێزی ئه‌رێ وتنیان به ژیان نییه و له به‌هێزه‌کان ده‌ترسن، به ڕای نیچه ئه‌خلاقی مه‌سێحی هیچگهرایانه نییه. به‌هۆی ئه‌وه‌یکه پاڵپشتی له ئه‌خلاق کردووه ئه‌ویش بۆ تێک وزهبهردانی به‌ها ئه‌خلاقییه‌کان، بۆیه‌هه‌ر دوو گرووپه ئه‌خلاقییه‌که تووشی نیهیلیزم ھاتوون. هیچگه‌رایی، له گرووپی یه‌که‌مدا وه‌ک، هێمایه‌ک بۆ هیزی په‌ره‌سه‌ندووی ڕۆح و له گروپی دووه‌مدا وه‌ک هێمای دواکه‌وتن و لادان له هێزی ڕۆحه. که‌واته ، هیچگه‌رایی ئه‌خلاقی، له ڕێگه‌ی ئه‌خلاقی مهسێحییهوه سه‌رهه‌ڵده‌دات. مه‌سێحیه‌ت په‌ره‌ی به مانای ڕاسته‌قینه داوه، به‌ڵام ڕاسته‌قینه دژ به ئایینی مه‌سێحی ڕاده‌وه‌ستێ. بۆیه هه‌ڵه‌ی سه‌رجه‌م ته‌فسیره مه‌سێحییه‌کان له‌سه‌ر جیهان و سروشتلێرهوه سه‌رچاوەی گرتووه . که‌واته، بۆچوونی مهسێحیلهسهر جیهان له‌ڕێگه‌ی ئه‌خلاقی مهسێحییهوه بزر ده‌بێت. کاتێ ته‌فسیری ژیان، واته ئهوهیکهوا مه‌سێحییه‌ت به ڕاسته‌قینه‌ی له قه‌ڵه‌مداوه و بزر ده‌بێت و ئه‌نجامه‌که‌یشی ئه‌وه‌یه، ڕاسته‌قینه و ته‌فسیرێک بوونی نه‌بووه و هه‌رچییه‌ک هه‌یه بێ مانا و بێ ئامانجه. ئه‌وانه‌ی ئه‌م ئه‌نجامه‌یان ئه‌زموون کردووه له به‌ها ئه‌خلاقییه نه‌ریتییه‌کان،وەک که‌ره‌سه‌یه‌ک بۆ پاراستنی خۆی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرێت و له هه‌مبه‌ر تاکه سه‌ربه‌سته به هێزه‌کان به‌رگری لێده‌که‌ن. به‌ڵام له ئه‌نجامدا مرۆڤه به هێزه‌کان، به‌ها ئه‌خلاقییه‌کانی گرووپی لاواز تێک و پێک ده‌ده‌ن. به‌م پێیه، له هه‌ر دوو گرووپه‌که‌دا، ئه‌خلاق ئه‌نجامێکی نیهیلیسانهی لێدەکەوێتەوه، به‌ڵام جیاوزاییهک له نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه هیچگهرایانهدایه له گرووپی یه‌که‌مدا هیچگه‌رایی له جۆری «کارتێکرا» و له گرووپی دووه‌مدا له جۆری «چالاکه«. هایدیگه‌ر به وردی بایه‌خی به ده‌ستکه‌وته‌کانی نیچه داوه، به‌ڵام ڕای وایه نیهیلیزمی مه‌عریفه‌یی و نیهیلیزمی بههادارانه، خوار نیهیلیزمی بوون ده‌که‌ون. پرسی نیچه پتر له هه‌موو شتێک ئه‌خلاقی و بههادارانهیه و نیچه‌ش خۆی بهڕکهبهری سۆقڕات له قه‌ڵه‌مداوه و هه‌وڵی ئه وه‌بوو ببێته په‌یامهێنه‌ری ڕێچکه‌ی دایۆنێسیز، هه‌روه‌ها که سۆقڕات په‌یامهێنه‌ری ئاپۆلۆنه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، پرسی هایدیگه‌ر، بوونه، به‌بۆچوونی هایدیگه‌ر له بیرکردن و چاوپۆشی کردن له بوون سه‌رچاوه‌ی نیهیلیزمه.چاوپۆشی له جیاوازی بوون ناسيانه[7]که‌وا له نێوان بوون و هه‌بوونه هه‌لێ بۆ په‌ره‌دان به هه‌ڵوێستی ئۆنتیکی دەڕەخسێنێ«هه‌بوون نه‌ک بوون»،سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌پێدانی نیهیلیزمه. به‌بۆچوونی هایدیگه‌ر قووڵترین شێوه‌ی ئه‌م چاوپۆشییه له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا له‌ڕێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی «گهشتهڵهوه« سه‌ریهه‌ڵداوه.
* * *
نیهیلیزم: بیرکردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ڵی و ته‌کنیک
هایدیگه‌ر پلانی خۆی بۆ دژایەتی لەبەرانبەر قۆناغی ئه‌م دواییانه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکی له کتێبی «بوون و کات»بە ناوی«دژایەتی پلانی دێکارتی»پیشان ده‌دا. ئه‌و له ده‌ربڕینی دێکارتی که‌ڵکی وه‌رگرتبوو، چونکوو دوایه‌ن قۆناغی بیرکردنه‌وه‌ی مێتافیزیکی خۆرئاوا و دوایه‌ن وه‌رگه‌ڕانی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه، به ڕای هایدیگه‌ر به دێکارته‌وه ده‌ستی پێکردووه. له‌م وه‌رچه‌رخانه‌دا، له دێکارت به‌دواوه بۆچوونه تیۆرییه‌کان به‌سه‌ر بۆچوونه زانستییه‌کاندا زاڵ بوون،واته تیۆری به‌سه‌ر کرده‌دا زاڵ بووه و تیۆری له پێشدا جێگیر بووه. پێشکه‌وتن به‌ره‌و سوبژێکتیڤیزم بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه هێزی بڕیاردانی «عه‌قڵ باوه‌ڕیی تیۆریک»«له مانا نوێيەکهیدا» ناوه‌ند وه‌ربگرێت. عه‌قڵی تیۆریکي چوارچێوه‌ی هه‌موو لایه‌نێکی دیاریکردووە، ئه‌وسا سه‌رجه‌م بابهتهکانیدیکه له ڕێگه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێ، که‌واته له بنکه‌ی دێکارتییهوه چوارچێوه داڕشتن، سهرههڵدهداو هایدیگه‌ر بە گهشتهڵ[8]ناودیرى کردووە. گهشتهڵ لای هایدیگه‌ر مانای ئه‌وه‌یە، زه‌ینی من بابه‌ته‌کان له پاڵ یه‌کتر دایدەنێ و فۆڕمه‌تی ده‌کاته‌وه وشێوەیەکی تایبه‌تی لێ سازده‌کات و پاشان ئه‌وانه وەک ڕاستییه‌ک گه‌ڵاڵه ده‌کات. ئه‌مه پڕۆسه‌یه‌کی سۆبژێکتیڤیسته وبۆچوونێکی تیۆریکی به دواوه‌یه، هایدیگه‌ر ده‌یه‌وێ، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه، کرده پێش تیۆری بخات. نیهیلیزمی بوون پاش دێکارت، هێدی هێدی ده‌رکه‌تووه. سۆبژێکتیڤیزم له ڕاستیدا به دروشمی قسه‌کردن به شێوه‌یه‌کی زانستی[9] ئیشی خۆی دهسپێکردووە. به‌ڵام زانست یان سایه‌نس، لێره‌دا ده‌بێته قوربانی ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ی که‌وا هه‌ر له سه‌ره‌تادا پێداگری له‌وه کردبوو که‌وا ده‌یه‌وێ سایه‌نس ساز بکات. سه‌رده‌می مۆدێڕنیته، سه‌رده‌می سایهنسه، سازدانی سایه‌نس، پێویستی به داڕشتنی تیۆری و چوارچێهیان «گهشتهڵه»كه ناسنامه‌ی ته‌کنۆلۆژییه. ده‌رکه‌وته‌کانی ته‌کنۆلۆژی وەک : ته‌لفوون، ته‌لفیزیۆن، شه‌مه‌نده‌فه‌ر و فڕۆکه پرسی هایدیگه‌ر نین و هایدیگه‌ر، دژیئهم ده‌رکه‌وتانه نییه. به‌ڵام لای وایه بیرۆکه‌یه‌ک له پشتی ئه‌م ته‌کنۆلۆژییه نوێیه‌دایه نیهیلیستیانە ومه‌ترسیداره. ئه‌م بیرۆکه‌یه، جگه له خۆی هیچ شتێکی پێ په‌سه‌ند نییه و هه‌رشتێک جگه له‌وه‌ی به نیهیلیستیانهدەزانێ. گهشتهڵ، هه‌موو شتێکی له چوارچێوه‌ی عه‌قڵ باوه‌ڕی زانستی مرۆڤ داناوه. باشتر وایه ده‌ربڕینی عه‌قڵی ته‌کنیکی بۆ بەکاربێنین و عه‌قلی تەکنیکی پڵانی ئه‌ندازیارانه دادەڕێژێ. عه‌قڵ باوه‌ڕی زانستی، له ناوه‌ڕۆکی خۆیدا، عه‌قڵ باوه‌ڕییه‌کی ته‌کنیکییه، واته ڕاسیۆ، عه‌قڵێکی پێوانه‌ییه و ته‌کنیکی له هه‌ناوی خۆی شاردۆته‌وه. ڕاسیۆ، بیر کردنه‌وه به قازانجی ته‌کنیک زه‌وت ده‌کات و ده‌یکات به مۆڵکی خۆی. واته بیرکردنه‌وه‌یه‌ک، به بیرکردنه‌وه له قه‌ڵه‌مده‌دا که‌وا له چوارچێوه‌ی مه‌نتیقی سیفر و یه‌کدا بێت و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌دا بۆی بڕه‌خسێت و له گهشتهڵ که‌ڵک وه‌ربگرێت. یانی بۆی بکرێت شته‌کان به‌و جۆره‌ی که‌وا ده‌یه‌وێ له ته‌نیشت یه‌کتر ڕێزیان بکات و یه‌کیان بخاته‌وه، هایدیگه‌ر له کتێبی،پرسیار لهتهکنۆلۆژی ئاماژه به شێعرێکی هۆلده‌رلین ده‌کات که‌وا له‌سه‌ر چۆمی ڕاین هۆنیویه‌ته‌وه و ڕاین وەک ده‌رکه‌وته‌ی بوون چاو لێده‌کات، له ئه‌نجامدا ده‌ڵێ من خاوه‌ن و سه‌روەری ئه‌و چۆمه نیم، هه‌ر جۆرێک پێم خۆش بێ ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرم[10]. هایدیگه‌ر وای بۆ ده‌چێ ڕوانینی ئێمه بۆ چۆمی ڕاین، ئیدی ڕوانینی که‌سانی ڕابردوو نییه، ئێمه ئه‌مڕۆ ده‌مانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌م چۆمەبەنداوێک ساز بکه‌ین و له وزه‌ی کاره‌با که‌ڵک وه‌ربگرین و... که‌واته ڕاین ئیدی، به ڕاین نابێت و ده‌بێته ئه‌و شته‌ی که‌وا ئێمه ده‌مانه‌وێ و ئه‌مه‌ش ناوی «گهشتهڵه».واتە داواکاری ئێمه، شێوه‌یه‌کی تیۆریکی و گهشتهلی لە پێش دەگرێ. گه‌رچی لێره‌دا ئێمه تووشی ده‌سپێشخه‌ری ویست به سه‌ر زانیندا ده‌بینه‌وه. به‌ڵام لێره‌دا مه‌به‌ستمان له ویست مانا ئه‌خلاقییه‌که‌ی نییه. به‌ڵکوو ویست مانای ویستی هێزه، واتە ویست ھەمان خودی هێزه. ده‌رکه‌وته‌ی ئه‌م هێزه له گهشتهڵدایه،. هێزی مرۆڤ، له سۆبژێکتیڤیزم و له گهشتهڵدایه. له ئه‌نجامدا ڕوانینی مرۆڤ بۆ سروشت ڕوانینێکی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و سه‌روه‌رانه‌یه. گه‌رچی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن دوو جۆره، جاروبار ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن له لایه‌نی سروشته‌وه به ئێمه ده‌درێت وەک ئه‌وه‌ی مانگا شیر ده‌دا. به‌ڵام جاروبار گوشار ده‌خه‌یه‌نه سه‌ر مانگا بۆ ئەوەی له ڕاده‌به‌ده‌ر شیرمان پێ‌بدا. یان ئه‌وه‌یکه هۆرمۆنێکی پێده‌ده‌ین بۆ ئەوەی زیاتر له ئاستی ئاسایی و پێویستی خۆی گه‌شه بکات. ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن له جۆری دووه‌م بیری گه‌شته‌ڵی پێده‌وترێت. گهشتهڵ یانی ئه‌وه‌یکه، شته‌کان به‌وجۆره بێ که‌وا من ده‌مه‌وێت. بیرکردنه‌وه‌ی گهشتهڵیانه، بیرۆکه‌یه‌کی ته‌کنیکییه و ئه‌م بیرکردنه‌وه‌ش به ڕای هایدیگه‌ر، پڕ له مه‌ترسیه. نیهیلیزميی بوون له‌وێوه سه‌رهه‌ڵده‌دا، که‌وا ئیمه ده‌رفه‌ت ناده‌ین به بوون به‌و جۆره‌ی که‌وا ده‌یه‌وێت خۆی ده‌ربخات، به‌ڵکوو شێوه‌ی ده‌رکه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدان به‌سه‌ر بووندا دادهسهپێنین. له ئه‌نجامدا بوون ڕێگه‌ی پێ‌نادرێت له گه‌شته‌ڵی ئێمه‌دا به ته‌واوه‌تی ده‌رکه‌وێت. گه‌روا بۆی بڕوانین بۆمان ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و به‌شه له بوونکهوا له گه‌شته‌ڵی ئیمه‌دا ڕێگه‌ی ده‌رکه‌وتنی پێ‌نادرێت، له گه‌شته‌ڵی ئیمه‌دا نییه، ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه حاشای لێناکرێت. به‌ڕای هایدیگه‌ر ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه مه‌ترسیدارترین جۆری نیهیلیزمه. ئه‌مه گهشتهڵه له سایهنسدا خۆی ده‌رده‌خات. وشه‌ی ته‌کنیک له ئه‌سڵدا تهکنهیان تهخنهیه[11]له یۆنان‌دا باسی له‌سه‌رکراوه‌و مانای هونه‌ر و فه‌ننی گه‌یاندووه، ڕابردووکانیش ته‌کنیکیان هه‌بوو. هایدیگه‌ر دژایه‌تی دهرهکهوتهکانی ته‌کنۆلۆژی ناکات، به‌ڵکوو دژایه‌تی ئه‌و بیرۆکه‌یه ده‌کات که له ناویدا خۆی حەشارداوه. ته‌کنه، وشه‌یه‌کی لاتینییه و به فه‌ن یان هونه‌ر وه‌رگیردراوه»Ars»، یانی فهنێکه هه‌ڵگری هونه‌ره، ته‌کنیک به بۆچوونی که‌ونینه‌کان، بانگهێشت کردنی بوون بووه، نه‌ک ئه‌وه‌ی كەگهشتهڵێک به‌سه‌ر بووندا داسه‌پێنێت. تاکه ڕێگه بۆ سڕینه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی گهشتهڵیانه وەک پشتیوانی ته‌کنۆلۆژیایه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ته‌کنه بگه‌ڕێنینه‌وه بۆ لای هونه‌ر و ته‌فسیرێکی هونه‌ری له گهشتهڵ په‌ره پێبده‌ین. گه‌ر ته‌کنۆلۆژی، بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای هونه‌ر،بیرۆکه‌یه‌ک له پشتیه‌تی،ئیدی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی گهشتهڵیانه نییە. به‌ڵام کێشه‌یه‌کی دیکه هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌مه‌یه، ئه‌مڕۆکه گهشتهڵ، په‌رده‌ی خۆی به‌سه‌ر هونه‌ردا ڕاکێشاوه. له ئه‌نجامدا ته‌کنۆلۆژی دیاریده‌کات کهواهونهر چۆن هونه‌رێکه. له ڕاستیدا گهشتهڵ ده‌ڵێ، چۆن هونه‌رێکمان هەبێ. یانی زانست ده‌یه‌وێ به‌سه‌ر هونه‌ردا زاڵ بێت. که‌واته بیرکردنه‌وه‌ی گهشتهڵیانه، به نه‌هێنی له ته‌واوی لایه‌نه‌کاندایه، ته‌نانه‌ت له به‌رانبه‌ره‌کانی خۆیـواته هونهريشداـ ته‌شه‌نه‌ی کردووە، هایدیگه‌ر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات، بیرکردنه‌وه‌ی ته‌کنۆلۆژیانه به‌سه‌ر هه‌مووی شته‌کان بۆ نموونه : سیاسه‌ت، کۆمه‌ڵگا، زانست، هونه‌ر و پەیوهندییه مرۆییه‌کان پهلدهکێشی و به سه‌ریاندا زاڵ ده‌بێت و هه‌موویان پێویسته له خۆيان چوارچێوه‌ی گهشتهڵدا، بگونجێنن. گهشتهڵ به شێوه‌ی داسمه‌ن کرده ده‌نوێنێ و پلان بۆ زه‌ینی ئێمه داده‌نێت. به بۆچوونی هایدیگه‌ر سایه‌نس شتێکی خراپ نییه و هه‌روه‌ها ته‌کنیکیش بابه‌تێکی نوێ نییه، چونکوو ڕابردووهکانیش خاوه‌ن ته‌کنیک بوون. بیرکردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ڵی، به‌رهه‌می سۆبژێکتیڤیزمی مێتافیزیکی خۆرئاوایه و بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كه مرۆڤ له جیهانی ڕاستی و سروشتی دوور بکه‌وێته‌وه، چونکوو له سه‌رده‌می نوێ‌دا ، پەیوهندیهکان به جۆرێک ده‌بن به گهشتهڵ و بوون به شێوه‌یه‌کی تایبه‌ت ده‌رکه‌وێت که‌وا ویستی ئێمه ئاواتیه‌تی، له بیرکردنه‌وه‌ی نیچه‌دا، هێز له لایه‌ن من یان ئێمه‌وه به‌سه‌ر سروشت دا داده‌سه‌پێت. که‌واته سروشت به شێوه‌یه‌کی ته‌واو ده‌رناکه‌وێت و له ئه‌نجامدا نیهیلیزم سەرھەڵدەدا. که‌واته نیهیلیزمی ئهنتۆلۆژیبهسهر شته‌کاندا پهلدەکێشێ. هایدیگه‌ر، ڕێگه‌چاره‌ی نیچه‌ی پێ باش نییه، یان ئه‌وه‌یکه باشتره بڵێین، هایدیگه‌ر بیروڕای نیچه‌ی له‌ڕێگه‌ی ته‌فسیره‌وه بردوەتهوه بۆسهرچاوهکهی وڕێگهچارهی خۆی که‌وا هه‌مان گه‌ڕاننه‌وه بۆلای بوونه، ئاراسته ده‌کات، هایدیگه‌ر ده‌یه‌وێ بیرکردنه‌وه‌یه‌کی دیکە بخاته جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی گه‌شته‌ڵی، ئه‌ویش بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیاله. هایدیگه‌ر پێداگری له بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیالانه کردووە. به‌ڵام لای وایه ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌رفه‌تی زۆری ده‌وێ. ئەم وزە و توانایانە له چوارچێوه‌ی مێتافیزیکی خۆرئاوادا، ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوه، که‌وا مه‌ترسی نیهیلیزم ئه‌م هیوایه‌مان پێده‌دا،ڕێگه‌یه‌ک بۆ ڕزگاری هه‌یه.هێزی پێویست بۆ ئه‌م کاره بناوانی له بیرۆکه‌ی یۆنانی کهونینهدایه. بۆ نموونه له یۆنانی که‌ونینه‌دا هونه‌ر ڕێگه چاره‌یه و پەیوهندیهک ساز دهکاتكەئیدی گه‌شته‌ڵی نییه. هونهرجۆش و خرۆشه، گه‌ر هونه‌ر له مانا ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌نه‌که‌یدا ده‌رکه‌وێت بیر کردنه‌وه‌یه‌کی ئێگزێستانسیالی شاراوه نییه. هایدیگه‌ر پێداگری له بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیالى ده‌کات. به‌ڵام لای وایه ئه‌م هه‌ڵوێسته ده‌رفه‌تی زۆری ده‌وێت. له چوارچێوه‌ی مێتافیزیکی خۆرئاوادا هێزی ئه‌م بیرکردنه‌وانه هه‌یه، که مه‌ترسی نهیلیزم ئه‌م هیوایه‌مان پێده‌دا ڕێگه‌یه‌ک بۆ ڕزگاری هه‌یه. هێزی پێویست بۆ ئه‌م کاره بناوانی له بیرۆکه‌ی یۆنانی کهونینهدایه،زانست به بێ ئه‌نتۆلۆژی فۆڕمێکی کوێری بیرکردنه‌وه‌یه و به بێ هۆ و له خۆوه بانگه‌شه‌ی ڕووناکی ده‌کات.زانست، ته‌نانه‌ت له بنه‌ما و پله‌وپێگه‌ی خۆی به بێ که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌نتۆلۆژی تێناگات، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات ، چاره‌سه‌رێک بۆ پرسی هه‌مه‌کی مرۆڤایه‌تی ده‌دۆزێته‌وه. به‌ڕای هایدیگه‌ر، زاڵ بوون به سه‌ر نیهیلیزمدا، پێویسته له زمانێکی دیکه جگه له زمانی چه‌مکی و له لایه‌نێکی دیکه جگه له لایه‌نی عه‌قڵ باوه‌ڕی له مانا ئاساییه‌که‌یدا، یانی فهلسهفهـ یارمه‌تی وه‌ربگرین. بۆیه هایدیگه‌ر فه‌لسه‌فه‌ش وه‌ک مێتافیزیک به بابهتێدەزانێکە به کۆتایی گه‌یشتوو. هایدیگه‌ر وشه‌ی «کۆتایی» له هێگل وه‌رگرتووه و پاشان که‌سانێکی دیکه ش که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه. مه‌به‌ستی هایدیگه‌ر له وشه‌ی«کۆتایی» ئه‌مه‌یه، ئه‌م وشه‌یه مانای که‌ماڵ ده‌گه‌ێنێ. بۆ نموونه له فه‌لسه‌فه‌دا ، ئه‌م وشه‌یه مانای ئه‌وه‌یه، ئیدی فه‌لسه‌فه گه‌یشتۆته که‌ماڵی خۆی و هه‌ر چاوه‌ڕوانییه‌ک که له فه‌لسه‌فه بوومانه ده‌رکه‌وتووه و به‌که‌ماڵی خۆی گه‌یشتووه. هێگل وشه‌ی کۆتایی بۆ هونه‌ر به‌کاردێنێ. وای بۆ ده‌چێ هونه‌ر به که‌ماڵی خۆی گه‌یشتووه، نیچه‌ش، کاتێ باس له مه‌رگی خودا ده‌کات، مه‌به‌ستی که‌ماڵه. به‌ڵام مه‌به‌ستی نیچه ئه‌وه نییه، خودا له به‌ها که‌وتووه. مه‌به‌ستی هێگلیش ئه‌مه‌یه، هونه‌ر هه‌وڵیداوه که‌ماڵی ئایدیا له خۆیدا جێبه‌جێ بکات. گه‌رچی ئایدیا، له بۆچوونی هێگل دا له ڕێگه‌ی هونه‌ره‌وه مسۆگه‌ر نه‌بوو. به‌ڵام هێگل ده‌ڵێ : هونه‌ری مه‌زن به کۆتایی خۆی گه‌یشتووه، هونه‌ری مه‌زن، هونه‌رێکه ده‌یه‌ویست، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایدیا له خۆیدا ببینێته‌وه، یانی هونه‌ر سه‌رجه‌م هێزه‌کانی خۆی بۆ ده‌رکه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی ئایدیا به کارهێناوه. هایدیگه‌ر پێداگری له‌وه ده‌کات،ئێمه فۆڕمێکمان له بیرکردنه‌وه ئه‌زموونکردووه که‌وا فۆڕمێکی مێتافیزیکی وفه‌لسه‌فی هه‌بووه، ئه‌م فۆڕمه مێتافیزیکییه و له خۆرئاوادا ده‌رکه‌وتووه وبه لووتکه‌ی خۆی گه‌یشتووه. مه‌به‌ستی ئێمه له مێتافیزیک زاڵ بوونی مرۆڤ به‌سه‌ر جیهاندایه و ئه‌مه‌ش دابین بووه. له ڕاستیدا که‌ماڵی فه‌لسه‌فه، سه‌رهه‌ڵدانی سۆبژێکتیڤیزم بوو. مرۆڤ وەک کارزان و پێوه‌ری سه‌رجه‌م بابه‌ته‌کانی فهلسهفهدهرکهوتووه. ته‌کنۆلۆژی دوایه‌ن پله‌یه که مرۆڤ له‌وێدا ده‌ستی به‌سه‌ر جیهاندا گرتووه، فه‌لسه‌فه، سیسته‌مگه‌لێکی چه‌مکی و گهشتهڵیانه مسۆگه‌ر ده‌کات و له‌م داڕشتنانهدا له ڕێگه‌ی ئه‌م بۆچوونه تیۆریکییه وه،دەس به‌سه‌ر هه‌موو شتێک دا بگرین. به ڕای هایدیگه‌ر هه‌موو شتێک له نه‌ریتدا به‌هاداره و له ڕاستیدا دوا ئامانجی ڕێگه‌کانی ئێمه‌یه. به ده‌ربڕینێکی دیکە، تاکوو ئه‌م ڕێگه‌یه‌مان نهبڕیایهت، فه‌لسه‌فه و مێتافیزیک سهریانههڵنهدهدا و مرۆڤ تووشی نهیلیزم نه‌ده‌بووه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه بۆ زاڵ بوون به‌سه‌ر نهیلیزمدا، ئیدی فه‌لسه‌فه ڕێگه‌یه‌کمان پێ نیشان نادات، چونکوو فه‌لسه‌فه خۆی نیهیلیزمی له هه‌ناودا خه‌مڵاندووه. له ڕاستیدا ئه‌م بیرۆکه‌یه چه‌مکی گه‌شته‌ڵی نییه. هێزەکانی فه‌لسه‌فه، به که‌ماڵی خۆی گه‌یشتووه‌و ئیدی نیهیلیزم له فه‌لسه‌فه جیا نابێته‌وه، به‌ڵکوو نیهیلیزم له هه‌ناوی فه‌لسه‌فه‌دایه و له ڕاستیدا فۆڕمێکی کۆمۆنی ھه‌یه و فۆڕمه‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌ویه، که‌وا ده‌رکه‌وتووه. که‌واته بۆ زاڵ بوون به سه‌ر نیهیلیزمدا، پێویستە له پانتایه‌کی دیکه‌و جگه له پانتای فه‌لسه‌فه و له که‌ره‌سه‌یه‌کی دیکه جگه له که‌ره‌سه‌ی عه‌قڵ باوه‌ڕی مۆدێڕن و له زمانێکی دیکه جگه له زمانی چه‌مکی و مه‌نتیقییه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین. بۆیه پێویستە له زمانی ئێگزێستانسیال، فۆڕمی بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیال له پانتای هونه‌ردا که‌ڵک وه‌ربگرین. گه‌رچی به ڕای هایدیگه‌ر وانیه که‌وا بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیال له بیرکردنه‌وه‌ی چه‌مکی و پانتای عه‌قڵ، له‌گه‌ڵ پانتای هونه‌ردا هیچ پەیوهندییهکیان پێکه‌وه نه‌بێت. هایدیگه‌ر له‌ڕێگه‌ی یه‌کێ له شێعره‌کانی هۆڵدیرلین، پێداگری له ئه‌وه ده‌کات،ئێمه پێویسته بزانین هه‌ر ئه‌م پڕۆژانه‌یه ئێمه یان به ئێره گه‌یاندووه که‌وا چ هه‌لوومه‌رجێکی دیکەی هه‌بووه. به بۆچوونی هایدیگهرگهر ته‌کنۆلۆژی ته‌نگی پێ توند کردوین پێویستە ده‌ره‌تانێک بۆ ڕزگار بوون له‌م به ته‌نگه‌وه هاتنه بدۆزینه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، هایدیگهروای بۆ ده‌چێ که‌وا ڕۆژهه‌ڵات ناتوانێ، ڕێگه‌چاره و ده‌ره‌تانێک بۆ ڕۆژئاوا بدۆزێته‌وه و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه. ڕۆژهه‌ڵاتی له‌به‌رده‌م ڕۆژئاواییدا خۆی ده‌دۆڕێنێت. چونکوو، ته‌کنۆلۆژی، زمانی خۆرئاوایه و زمانی ده‌سه‌ڵاتیشه. خۆرئاوا به ڕێگه‌ی ته‌کنۆلۆژیدا ههنگاویناوە. گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتیش ته‌کنۆلۆژی و بیری گه‌شته‌ڵی ههڵبژاردایهت، ئه‌وده‌م به‌هۆی جیاوازی پلهوپێگهکانیان نه‌یانده‌توانی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌ریته‌دا بگونجێنن. له بیروبۆچوونی ڕۆژهه‌ڵاتیدا، فه‌لسه‌فه باویی نییه، بۆیه له بیرکردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیدا بیستن و خووگرتن به بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رزاره‌کی بڕه‌وی هه‌یه و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیاله. په‌ره‌سه‌ندنی فه‌لسه‌فه له ڕۆژه‌هه‌ڵاتدا، نیهیلیزم و داڕوخانی لێکەوتووەتەوە. بۆیه هایدیگه‌ر ڕای وا نییه ڕۆژئاوا به ته‌واویی تووشی کێشه هاتووه. گه‌رچی سه‌رجه‌م جیهان بیانه‌وێ ببنهخۆرئاوایی ئه‌وسا گرفته‌کانی ئێمه چاره‌سه‌ر ده‌بێ. گه‌رچی پێویستە به‌ستێن و هه‌لوومه‌رجی به خۆرئاوایی بوونیش په‌سه‌ند بکه‌ن. گه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان ڕێگه‌چاره بۆ خۆرئاواییه‌کان نهدهۆزنهوه، پێویسته ده‌ره‌تانی ده‌ربازبوون له‌م نیهیلیزمه هه‌رله خۆرئاوا وهسهرچاوه بگرێ، هه‌روه‌هاش ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان پێویستە، بۆ ڕزگار بوون له گرفته‌کانی خۆیان له نه‌ریتی خۆیاندا له‌ڕێگه‌چاره بگه‌ڕێن. گه‌ڕاننه‌وه بۆ نه‌ریت، له‌گه‌ڵ بیری نه‌ریتی و کۆن لێک جیاوازن. هایدیگر لایه‌نگری له هێرمێنۆتیک کردووە، بۆیه به ڕای هایدیگه‌ر لایه‌نی هێرمێنۆتیکی ڕێگه به مرۆڤ نادات مێژوو به‌و جۆره‌ی که‌وا بووه، سەر لە نوێ باسی له سه‌ربکات.(واتە ته‌فسیری به‌رده‌وامی نه‌ریت به لێکۆڵینه‌وه و پرسیاری نوێ). من که‌لێنی نێوان ڕابردوو و داهاتووم ، چونکوو له ڕوانگه‌ی هێرمێنۆتهکاندا، بوون، ئه‌وه‌یه که‌هه‌یه و هیچ کات بۆ من ده‌رناکه‌وێت،Daله دازایندا، به‌رده‌وام مانای که‌لێن و دووره‌په‌رێزی ھەیە. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یە به‌رده‌وام له نێوان «بوون» و«هه‌بوون» نێونجێک هه‌یه. ئه‌م نێونجه «تێگه‌یشتنی دازاینه« و ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ش ڕێگه‌ی هه‌یه. به‌ڕای هایدیگه‌ر ، گه‌ر بیرۆکه‌ی ته‌کنیکی گه‌وره‌ترین مه‌ترسی بۆ مرۆڤی خۆرئاوایه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی زمانی خۆرئاوا زمانی ده‌سه‌ڵاته، بۆیه ته‌کنۆلۆژی ده‌بێته لیڤیاتانێک بۆ قووتدانی مرۆڤ و زاڵ بوون به‌سه‌ر سروشت و هه‌وره‌ها تێکدانی سروشت. (به‌ڵام ئه‌م لیڤیاتانه له ڕۆژهه‌ڵاتدا، هێشتا ڕه‌هه‌ندێکی ئۆستووره‌یی هه‌یه، ئه‌ویش کۆیله بوونی زۆربه‌ی خه‌ڵک و سهرهوهربوونی که‌سانێکی دیکه و ده‌سه‌ڵات هێشتا ڕه‌هه‌ندێکی مێتافیزیکی هه‌یه، ته‌نانه‌ت دێمۆکڕاسی که‌مینه و زۆرینه له ڕۆژهه‌ڵاتدا، له قاڵبی لیڤیاتاندا وه‌هه‌می دێمۆکڕاسی خولقاندووه.)
* * *
هونه‌ری ته‌کنه یان«ته‌خنه«
هه‌روه‌ها که باسمان کرد، بۆچاره‌سه‌ری کێشه‌ی خۆرئاوا پێویسته، له هه‌ناوی ته‌کنۆلۆژیادا ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بکه‌ین. بۆیه هایدیگهروشهی ته‌کنیکی تهفسیرکردووە. وشه‌ی ته‌کنیک،هەمان ته‌کنه یان تهخنهی یۆنانییه. له ڕاستیدا ته‌کنه بابه‌تێکی نوێ نییه، ئه‌مه بیرکردنه‌وه گهشتهڵیه نوێیه که‌یه‌تی. له تهکنهی یۆنانیدا، گهشتهڵ بوونێکی ئه‌وتۆی نییه و مانای بانگهێشتی بوون ده‌گه‌ێنێ. بانگهێشت دوو لایه‌نی هه‌یه. ههوڕگهرێ که گۆزهریهک ساز ده‌کات، بانگهێشتی سروشت ده‌کات. گه‌ر ئه‌م که‌سه بچوایه‌ته ناخی سروشته‌وه، ئه‌وده‌م سروشت بۆ ئه‌و ده‌بوو به پله‌وپێگه‌ی خوداکان، نه‌ک ئه‌وه‌یکه هه‌بووێکی ده‌رهه‌ست ومێکانیکی بێ. سروشت لای یۆنانییه‌کان مانای زیندوو و ئاماده‌ی ده‌گه‌یاند و قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرد و«ئانیمزمى» سروشت مانای فوزێسیبوو، واته ده‌رکه‌وتنی بوون. ده‌رکه‌وتن لێره‌دا هه‌مان بوونه، نه‌ک ئه‌وه‌یکه فينۆمێن یان نۆمێنهی کانتی مه‌به‌ست بێت. به بۆچوونی پێشینه‌کان، ته‌کنه، مانای بانگهێشت ده‌گه‌ێنێ. ئه‌م بانگهێشته، جاروبار له لایه‌نی من و به یارمه‌تی وه‌رگرتن له سروشت و جاروباریش له لایه‌ن سروشت و له ڕێگه‌ی یارمه‌تیدانی منه. که‌واته سروشت مه‌کینه و سیسته‌م نییه، به‌ڵکوو لۆگۆسه که‌وا له سروشتدا ئاماده‌یه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، له بیرکردنه‌وه‌ی گهشتهڵدا لۆگۆس، خودی مرۆڤه. چونکوو لۆگۆس هه‌موو شتێک ڕێک وپێک ده‌کات و نه‌زمیان پێده‌دا و لایه‌نه هه‌نده‌کییه‌کان ڕێک وپێک ده‌کات. هایدیگه‌ر دژ بهمبۆچوونانه بوو که‌وا لایان وابوو لۆگۆس تایبه‌ت به مرۆڤە. لۆگۆس له سه‌رده‌می نوێ‌دا، عه‌قڵ باوه‌ڕی ته‌کنیکی مرۆڤی لێکەوتەوه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه لای ڕابردووه‌کان لۆگۆس تایبه‌ت به مرۆڤ نییه. به‌ڵکوو مرۆڤ له لۆگۆس که‌ڵک وه‌رده‌گرێت و لۆگۆس له جیهانی سروشت و جیهانی خوداکانیشدا هه‌یه. لۆگۆس زمانيی بوونه و فۆزیس، مانای ده‌رکه‌وتنی مرۆڤی ھەیە و ئه‌م تۆخمانه پێکه‌وه پەیوه‌ندیه‌کی ده‌رونیان هه‌یه و له ئه‌نجامدا جیهان پێک دێنن. ته‌کنه، بانگهێشتی بوون یان سروشت یان جیهانه. یان ئه‌وه‌یکه من، بانگهێشتی سروشت ده‌که‌م یان ئه‌وه‌یکه سروشت بانگهێشتی من ده‌کات، به‌ڵام ده‌س به‌سه‌ر سروشتدا ناگرێت. بۆیه هایدیگه‌ر سه‌باره‌ت به چۆمی «ڕاین» ئاماژه‌ی به شێعرێکی هۆڵدێرلین کردووە.هۆلدێرلین ده‌ڵێ، ڕاین پێشتر شۆناسێکی چالاک و سه‌قامگرتووی هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌مڕۆکه بووه‌ته بابه‌تێکی ده‌رهه‌ست و به شێوه‌یه‌کی مێکانیکی چاوی لێده‌کرێت، یانی وەک بناوانی به‌رهه‌مهێنانی وزه چاوی لێده‌که‌ن که‌وا له‌ڕێگه‌ی به‌نداو که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن،به‌ڵام له ڕابردوودا، ڕاین سه‌رچاوه‌ی ژیان و ژیان به‌سه‌ربردن بووه. که‌واته ته‌کنه له بنه‌ڕه‌تەوە بانگهێشتنه‌وه و دوو لایه‌نی هه‌یه:
1ـفهن و پسپۆڕی، 2ـهونهر.
ته‌کنه له زاتی خۆیدا هونه‌ره. ته‌کنۆلۆژی نوێ هونه‌ر نییه، به‌ڵکوو گهشتهڵه. ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، هونه‌ر، مانای تێکشکاندنی هونه‌ر ده‌گه‌ێنێ. مه‌به‌ست له هونه‌ر، تێک شکاندنی چوارچێوهکانه. هونه‌رمه‌ند، خۆی به‌سه‌ر سروشتدا ناسه‌پێنێت ووەک که‌ره‌سه‌یه‌ک له سروشت که‌ڵک وه‌رناگرێت. هونه‌رمه‌ند به‌ره‌ولای سروشت بانگهێشت ده‌کرێت، تا ئه‌و کاته‌ی که‌وا بانگهێشت له لایه‌کی دیکه‌وه شێوه‌گیر نه‌بێ، هونه‌ری ڕه‌سه‌ن ده‌رناکه‌وێت. له دۆخی گهشتهڵدا ده‌س به‌سه‌ر هه‌موو شتێکدا ده‌گیردرێت و تاڵان ده‌کرێت و سیسته‌مێک ساز ده‌بێ که‌وا ئێمه ده‌مانه‌وێت. ویست هه‌مان هێزه و بۆیه ته‌کنۆلۆژیا هه‌مان ویستی هێزه. یانی ئه‌و شته‌ی که‌وا مرۆڤ ویستوویه‌تی مسۆگه‌ر ده‌بێ. که‌واته پێویستە سروشت، به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تێبگات که مرۆڤ چی ده‌وێت. یانی ببێته ئۆبژه‌یه‌ک بۆ ئەوەی مرۆڤ له‌سه‌ری ئیش بکات. بۆیه هایدیگه‌ر له ناخی به ته‌نگه‌وه هاتنی ته‌کنۆلۆژیا، ده‌یه‌وێ ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بدۆزێته‌وه. بیرکردنه‌وه له کۆتایی فه‌لسه‌فه‌دا خۆی ده‌رده‌خات. گه‌ر فۆڕمێکی دیکه له بیرکردنه‌وه بیه‌وێت به شێوه‌یه‌کی نافهلسهفییانه ده‌ربکه‌وێت، پێویسته به شێوه‌یه‌ک له زمان تێبه‌گه‌ین که‌وا لایهنهچهمکییهکانی پێش نه‌که‌ون. لێره‌دا، زمان ده‌بێته، زمانی خوو گرتن و هاوسۆزی. ئه‌م هاوسۆزییه لایه‌نێکی ئێگزێستانسیال وه‌رده‌گرێت و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه، له بیرکردنه‌وه‌کانی هۆسرلدا، ناوه‌ڕۆکێکی سۆزدارانه‌ی ھه‌یە. پێویستە له‌گه‌ڵ بووندا، هاوسۆز بین و له ڕێگه‌ی هاوسۆزییه‌وه له‌گه‌ڵ بووندا پەیوه‌ندی ساز بکه‌ین، بۆیه هایدیگه‌ر ئەو تۆخمه دیاردهناسیهکانی کە له فه‌لسه‌فه‌که‌یدا به باشی پاراستوویه‌تی فۆڕمێکی دیکەی به به‌ردا ده‌کات. هایدیگه‌ر، نیهیلیستییانه چاو له بوون ده‌کات و ڕێگه‌چاره‌که‌ی له پەیوه‌ندی سازدان له‌گه‌ڵ بووندا ده‌بینێته‌وه، گه‌رچی پێویستە بوونیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا پەیوه‌ندی ساز بکات. ئه‌م پەیوهندییه دوو لایه‌نی هه‌یه و بۆیه پەیوه‌ندی گرینگه و یه‌ک لایه‌ن نییه. گه‌رمن وەک لایه‌نێک له پەیوه‌ندییه‌که گرینگ بم ئه‌وسا لایه‌نی سۆبژێکتیڤیزم سه‌رهه‌ڵده‌دا. که‌واته ڕه‌سه‌نایه‌تی له ڕێگه‌ی پەیوه‌ندییه‌وه ساز ده‌بێت و مرۆڤ له ڕێگه‌ی پەیوه‌ندییه‌وه ڕه‌سه‌نایه‌تی خۆی ده‌پارێزێت. که‌سێ پەیوه‌ندی به بوون نه‌گرێت شۆناسی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی نادۆزێته‌وه، و بوونیش خۆی ده‌رناخات. یانی له ڕاستیدا هیچ کام له لایه‌نه پەیوهندیدارهکان ده‌رناکه‌ون. له بیروبۆچوونی هێگلدا، گرفتی فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رده‌می نوێ، داخرانی ئه‌م پەیوهندیانهیه. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م پەیوهندیانهیه خۆیان ون کردووه، ئێمه ڕێگه‌چاره‌مان بۆ نادۆزرێته‌وه، سازدانی پەیوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بوون له زمانی ئێگزێستانسیالدا، که هه‌مان زمانی شێعر و بیرکردنه‌وه‌یه ده‌رده‌که‌وێ. که‌واته له بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیالدا و بە تایبەت ھایدیگەر، شێعر و زمان یه‌ک مانا و یه‌ک ڕه‌هه‌ند ده‌گرێته به‌ر و له ڕێگهوی پەیوه‌ندییه‌وه جیهانی ئێمه ساز ده‌بێت، جاروبار من، له لایه‌ن خۆمه‌وه ئه‌م پەیوهندییه ساز ده‌که‌م، و به‌م ھۆیه‌وه من خۆم له زێدی بووندا ده‌بینمه‌وه و جاروباریش پەیوهندییهکهی له لایه‌ن بوونه‌وه به‌ره‌ولای مرۆڤ په‌لده‌کێشێ، گهروابێ ئیدی ئه‌و شێوه‌یه هه‌لومه‌رجێکی جیاوازی به دواوهدهبێت.
* * *
جیهان و ئۆستووره
له بیرکردنه‌وه‌ی یه‌که‌می هایدیگه‌ردا، گه‌ر پەیوه‌ندییه‌کان له لایه‌ن مرۆڤه‌وه به‌ره‌و بوون هه‌نگاو بنێ، ئه‌وسا مرۆڤ، هه‌ست به‌وه ده‌کات له ماڵی خۆیدایه، ئه‌وه‌یکه من له ماڵی خۆمدا بم مانای ئاماده‌بوونی من ده‌گه‌ێنێ و هه‌روه‌ها جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای ئاماده‌بوونی من داده‌مه‌زرێت. گه‌ر پەیوه‌ندییه‌که له لایه‌ن بوونه‌وه ساز بێ ئه‌وسا من و ئاماده‌بوونی من به جیهانه‌وه بەندن. بنه‌مای جیهان له کاتێک دا پەیوه‌ندییه‌که له لایهنیئهنتۆلۆژییهوه ساز درابێت ئه‌وسا له‌گه‌ڵ شێوازی پێش خۆی جیاوازیی ده‌بێت. گه‌ر له لایه‌نی ئاماده بوونه‌وه به‌ره‌و بوون هه‌نگاو بنێین ئه‌وسا جیهان مانای له نێوان جیهاندا بوونی ھەیە و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئێگزێستانسێدا یه‌کده‌گرنه‌وه. به‌ڵام گه‌ر له لایه‌ن بوونه‌وه به‌ره‌و لای ئاماده بوون هه‌نگاو بنێین، جیهان وەک ڕاستیه‌ک له شێوه‌دا «له مانا هایدیگهریهکهیدا، مه‌به‌ستی پەیوه‌ندی ئێمه‌یه له‌گه‌ل بوون» بناغه داده‌نێ و له چوارلایهنیش پێکهاتووه: ئه‌م چوار لایه‌نه پێکه‌وه پەیوه‌ندیان هه‌یه، ئه‌م چوارلایه‌نه بریتین له:
1ـ ئاسمان،2ـ زه‌وی، 3ـ خوداکان،4ـ مردووه‌کان.
هایدیگه‌ر ئه‌م چوار لایه‌نه له ڕێگه‌ی شێعری شاعێره مهزنهکانهوهلێک ده‌داته‌وه. زمانی شێعر ئۆستووره‌یه، به‌ڵام له جیهانی مۆدێڕن‌دا، زمانی لۆگۆس له به‌رانبه‌ر میتۆسدا ڕاده‌وه‌ستێت. بۆیه مۆدێڕنه‌کان هه‌وڵیان ئەوه بوو لایه‌نی میتۆس له لۆگۆس دابماڵن. بۆ نموونه ئاسمان لای مرۆڤه مۆدێڕنه‌کان ئیدی پلهوپێگهیهکی خودایی نییه. که‌واته له جیهاندا عه‌قڵ باوه‌ڕی به‌سه‌ر ئۆستووره‌دا زاڵه و دژهوهستانی ئۆستووره و عه‌قڵ له لایه‌ن مۆدێڕنه‌کانه‌وه گه‌ڵاڵه کرا. هایدیگه‌ر دژ به‌م هه‌ڵوێسته ده‌جووڵێته‌وه، هه‌روه‌ها که نیچه‌ش ئه‌م ناکۆکییه‌ی به‌ر پهرچدابوو. به بۆچوونی هایدیگه‌ر، لۆگۆس و میتۆس دژ بە یه‌کتر نین. به‌ڵکوو لۆگۆس فۆڕمێکه له میتۆس، ئۆستووره هه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌یه، نه‌ک ئه‌وه‌یکه په‌ل به سه‌ر ڕاستهقینهدابگرێت و دایپۆشێ و نه‌یخاته ڕوو. پێویسته بڵێین گه‌راننه‌وه‌ی ههمدیسانهوهی میتۆس بەرەو پانتای مرۆڤی، جیاوازییەکە لە نێوان شێوەیی نیچه و هایدیگه‌ردا ھه‌یه. ئه‌م دوو فه‌یله‌سووفه حاشا له به‌کار هێنانی ئۆستووره ناکه‌ن، ئۆستووره زمانی شێعره. زمانی ئێگزێستانسیال له ناوه‌ڕۆکی خۆیدا، زمانی شێعره، شێعر سه‌رجه‌م په‌خشان و نه‌زم ده‌گرێته‌وە. له ڕاستیدا شێعر ئه‌و شته‌یه، کولتووری مرۆڤ پەروەردەی ده‌کات. میتۆس ئه‌و به‌شه له ڕاستییه‌کان ده‌خاته ڕوو که‌وا لۆگۆس حاشای لێکردبوو. که‌واته ئه‌و بیرکردنه‌وه و ئه‌ده‌بیاته‌ی که‌وا ده‌ڕژێته ناو چوارچێوه‌یه‌کی عه‌قڵانی له یه‌که‌م هه‌نگاودا زانست و ته‌کنۆلۆژییه و له دووه‌م هه‌نگاودا، فه‌لسه‌فه‌یه. فه‌لسه‌فه په‌ره به عه‌قڵ باوه‌ڕی مرۆڤ ده‌دا و بوواری بۆ فه‌لسه‌فه ڕه‌خساند، بۆ ئەوەی له‌ڕێگه‌ی ئهزموونخوازییهوه، دژایه‌تی خۆی بکات و تێکی بدات و بۆیه له‌م ڕاستایه‌دا زانست و ته‌کنۆلۆژی سه‌ریانهه‌ڵدا و ئه‌م گه‌مه‌یه هه‌مدیسانه‌وه دوو پات بووه‌وه. په‌روه‌رده‌کردنی لایه‌نه میتۆسییهکان، گرینگی و بایخدان به‌و لایه‌نه‌یه که‌وا زانست یان«سایه‌نس»بایه‌خی پێنداوە. بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤ له فۆڕمی چه‌مک دا، ئامانجی بیرکردنه‌وه له زانست‌دا ده‌بینێته‌وه و لای وایه، بابه‌ته‌کانی به‌ده‌ر له زانست شتێکی ئه‌وتۆیان بۆ وتن نییه. بیرکردنه‌وه‌ی ئێگزێستانسیال بابه‌تێک زه‌ق ده‌کاته‌وه که‌وا له عه‌قڵ باوه‌ڕی مۆدێڕن‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه و ئه‌ویش هيچ نییه جگه له زمانی ئۆستووره و ئه‌مه‌ش له شێعر و زمانی ئێگزێستانسیالدا بنه‌مایه‌کی زانستی نییه. بۆیه زانستی زمان‌ناسی و فه‌لسه‌فه، ناتوانێ زمانی ئێگزێستانسیال له ئێمه‌دا په‌ره‌وه‌رده بکات، زمانی ئێگزێستانسیال پێویستی به ئۆلفه‌ت و خوو گرتنه.
له پانتای زمانی شێعر و ئۆستووره‌دا، هونه‌ر ده‌رکه‌وتووه، هونه‌ر ژیان به‌سه‌ر بردنه. هونه‌ر جۆرێ له دۆئێله. مرۆڤ چۆن ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر گۆی زه‌ویدا نیشته‌جێ بێت و بمێنێته‌وه و ئاسمانێکی هه‌بێت؟ هایدیگه‌ر ده‌ڵێ، له‌ڕێگه‌ی شاعێرانه ژیان به‌سه‌ربردن مسۆگەر دەبێ،واته سازدانی پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ بووندا لە ڕێگەی شەوەوە مسۆگه‌ر ده‌بێت. سازدانی پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ بووندا پێویستی به پرسیارکردنی به‌رده‌وامه و پرسیار، پاراستنی بیرکردنه‌وه‌یه، ئه‌مه‌ش بیرکردنهوهیهکهی ئێگزێستانسیاله. گه‌ر که‌سێ بیه‌وێت پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ جیهاندا ساز بکات، پێویستە به‌رده‌وام پرسیارکه‌ر بێت. چونکوو پرسیار پەیوهندییه و ههلدهڕهخسێنێ بۆ ئەوەی بوون دهرکهوێتکهواته پرسیار پاراستنی بیرکردنه‌وه‌یه، تا ئه‌و کاته‌ی پرسیار له ئارادا نه‌بێت، پاراستنی بیرکردنه‌وه بزر ده‌بێت، چونکوو هیچ پەیوهندییهک ساز نابێت. ژیانی شاعێرانه، له باوه‌ڕی هایدیگه‌ردا، مانای ژیانی ڕۆمانتیکی و ئایدیالیستیانه‌ی نییه، به‌ڵکوو مانای تێکه‌ڵاوی و سازدانی پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و شتانه‌دایه که‌وا له ده‌ره‌وه‌ی من بوونیان هه‌یه. ئه‌و که‌سانه‌ی ژیانێکی ڕۆمانتیکییان هه‌یه، پەیوه‌ندیان له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا دهچڕێو ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌ێنێ ژیانی شاعێرانه له بیروبۆچوونه‌کانی هایدیگه‌ردا، تاک له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا، پەیوه‌ندی ساز ده‌کات و له ناوئەو پەیوهندییانهدا ون ده‌بێت.
جیهانێکه له شێعردا ده‌رده‌که‌وێ و چوارلایه‌نی هه‌یه و به زمانی ئۆستوورهوه بەنده. ئه‌م جیهانه، جیهانی فیزیازانه‌کان نییه و جیهانێکه مرۆڤه‌کان تێیدا ده‌ژین. هه‌ر لایه‌نێک هه‌ڵگری سێ لایه‌نی دیکەیه و به‌ده‌ر له‌م سێ لایه‌نه‌ش نییه. زه‌وی مه‌ڵبه‌ندی مردووه‌کانه، به‌ڵام زه‌وی ئاسمانێکیشی هه‌یه و مه‌ڵبه‌ندی خوداکان ئاسمانه. خوداکان به‌بێ مردووه‌کان بوونیان نییه. هایدیگه‌ر گارانتی هه‌ر سێ لایه‌نه‌که له لایه‌نێکی دیکەدا بە ناوی «گه‌مه‌ی ئاوێنه‌یی»ناودێری کردووە. ئه‌م چوارلایه‌نه ڕۆشناییه‌کی له ناو یه‌کتردا هه‌یه، بۆیه جیهان بی بنه‌مایه. یانی جیهان له شوێنێکی دیکەدا ڕانه‌وه‌ستاوه. له‌م جیهانه چوارلایهنهدا، بێ بنه‌مایی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌مه جیهانی چۆنێتیه و چه‌نده‌کی و جیهانێکی بێ بڕانه‌وه نییه. ناوه‌ڕۆکی جیهان، بوونه. هایدیگه‌ر باوه‌ڕی به جیهانێکی به‌رز نییه و بۆیه هایدیگه‌ر خاوه‌ن مێتافیزیک نییه و له‌م ڕووه‌وه هه‌ڵوێستێکی وەک یۆنانییه پێشینیه‌کانی هه‌یه، که‌وا جیهانیان له فۆڕمدا ده‌بینیه‌وه. یانی ته‌نیا باوه‌ڕیان به یه‌ک جیهان بوو. یۆنانییه‌کانی پێش ئه‌فلاتوون، مێتافیزیکی بیریان ده‌کرده‌وه و خوداکانیشیان له‌م جیهانه‌دا ده‌ژیان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خۆیان له قه‌ره‌ی بیری مێتافیزیکی وه‌رنه‌ده‌دا. ئه‌مه شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی سوقڕاتیـئهفلاتوونی بوو. خوداکانیان به‌ره‌و مێتافیزیک هاندا و پله‌وپێگه‌ی به‌رزیان به خوداکان دا‌و بیرکردنه‌وه‌ی ئاینیشلهم بیرۆکه‌یه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. خاڵی به‌رانبه‌ری ئه‌م بیرکردنهوهیە و له بنه‌ڕه‌تدا هێگیلیه و نیچه په‌ره‌ی پێدا و هایدیگه‌ریش پیرۆزی پێبه‌خشی. جیهانێکه هایدیگه‌ر پێشنیاری ده‌کات، فۆڕمێکی یۆنانی نییه و پێویسته به شێوه‌یه‌کی دیکە باسی له‌سه‌ر بکه‌ین بۆ ئەوەیجێگهی جیهانی زانستی پڕ بکاته‌وه، سۆقرات بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاوادا، ته‌فسیری له‌سه‌ر ئۆستووره‌کان له جیهاندا به ته‌واوی سڕیه‌وه، هه‌ر خوداکان فۆڕمێکی عه‌قڵانی وه‌رده‌گرن و بهرهوجیهانیبهرز هانده‌درێن، بۆ یه‌که‌م جار ئاناکساگۆراس چه‌مکی نوس یان عه‌قڵی هێنایه پانتای فه‌لسه‌فه. به‌ڵام سۆقرات حه‌سره‌تی ده‌خوارد له‌وه‌یکه بۆچی ئاناکساگۆڕاس چه‌مکی نۆسى[12] بۆ سه‌رجه‌م جیهان به کارنههێنا. بۆیه سوقڕات هه‌وڵی ئەوه بوو،فۆڕمێکی عه‌قڵانی به به‌ر جیهاندا بکات، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌یکه، شێعر زمانيی بوونه، بۆیه له‌ڕێگه‌ی شێعره‌وه به‌سه‌ر نیهیلیزميی بووندا زاڵ ده‌بین. گه‌رچی هه‌موو که‌سێک نابێته شاعێر[13]، واته هه‌موو که‌سێک نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ بووندا پەیوه‌ندی ساز بکات. سازدانی پوه‌ندی پێویستی به بانگهێشت هه‌یه، به‌ڵام ئێمه به‌هۆی ئه‌وه‌یکه له ژیانی ڕۆژانه‌دا قه‌تیس بووین و دابڕاوین له‌وه‌یکه له‌گه‌ڵ بووندا پەیوه‌ندی ساز بکه‌ین. ده‌رکه‌وتنی ئه‌م پەیوه‌ندییانه پێویستی به ئاماده‌بوونه، شاعێر پەیوه‌ندی نێوان بوون و مرۆڤ ساز ده‌کات. گرینگی شاعێر لێره‌دا ئه‌وه‌یه، زمانی بوون له شێعری شاعێردا ده‌رده‌که‌وێت. بوون دێته قسه و شاعێر، گوێ بیستی ده‌بێت. لە بیرۆکەی ئەفلاتووندا «میوانی جیهانی به‌رز»ئه‌و ده‌وره‌ی هه‌یه که‌وا،«بیسه‌ر» له بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ر هه‌یه‌تی. شاعێر گوێ له ده‌نگی بوون ده‌گرێت و به زمانی شێعر ده‌ریده‌بڕێت«سا نه‌زم یان په‌خشان بێ». شاعێر له پڕۆمته «خودای ئاگردزی یۆنانی»ده‌چێ. بابه‌تی پیرۆز له هایدیگه‌ردا، بوونه. گه‌رچی هه‌موو که‌سێ هه‌وڵی ئه‌وەیه،بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ بابه‌تی پیرۆزدا پەیوه‌ندی ساز بکات، به‌ڵام هه‌موو که‌سێک ئه‌م پەیوهندییهی بۆ ساز نابێت. شاعێر بابه‌ته پیرۆزه‌کان له وته‌کانی خۆیدا ڕه‌نگڕێژ ده‌کات. که‌واته بابه‌ته پیرۆزه‌کان وه‌گیر هه‌موو که‌سێ ناکه‌ون. بابه‌تی پیرۆز لای شاعێر ڕه‌نگده‌داته‌وه. گه‌رچی شاعێرهکانیش پله‌و پایه‌ی به‌رز ونزمیان هه‌یه و هۆلدێرلین شای سه‌رجه‌م شاعێرهکانه.
شاعێر دوو ئه‌رکی له ئه‌ستۆدایه : یه‌که‌م ئه‌وه‌ی كه پهردهله هه‌لوومه‌رجی ناله‌باری ژیانی ئاسایی داده‌ماڵێ و باسی « پێویسته چیبکه‌ین»ده‌وروژێنێ، که‌واته شاعێر، ئەوشێوەتێنەگەیشنەی کە به‌هۆی داسمه‌ن یان «ژیانی نارسهنی ڕۆژانەوه» که‌وا به وته‌ی هه‌ڵیت و په‌ڵیت فۆڕمڕێژکراوه ده‌خاته‌ڕوو. لایه‌نگر و گوێگرانی هایدیگه‌ر «هه‌روه‌ک نیچه« زۆربه‌ی زانایان و ده‌سپێشخه‌رانی مۆدێڕنیته ده‌گرێته‌وه. شاعێر کۆیلایه‌تی مرۆڤ له ژیانی ڕۆژانه‌دا ده‌خاته ڕوو و دهرهتانێکیش بۆ ئه‌م کۆیله‌ییه وەک پێشنیارێک ئاراسته ده‌کات. له ڕاستیدا «به پێی فۆڕموولی هۆلدێرلین» شاعێر، له لایه‌ک مه‌ترسییه‌کان و له لایه‌کی دیکه ڕێگه‌چاره بۆ ده‌رباز بوون له مهترسیبه گۆیماندا دەدا. هایدیگه‌ر له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی خۆی له‌سه‌ر شاعێره‌کان و جیهان باسیلەچوارلایهن کردووه: شاعێر له کاتی سه‌رمه‌ستی وسه‌ربه‌ستیدا، په‌رده لهسهرڕاستییهکان داده‌ماڵێ. گه‌ر شاعێر ، به‌م شێوه‌یه هه‌ڵسووکه‌وت نه‌کات، له‌وسات و ئانه‌دا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانی بۆ ده‌رناکه‌وێت. شاعێر له‌م دۆخه‌دا تووشی سه‌رمه‌ستی و سه‌ربه‌ستی ده‌بێتەوە و په‌رده له هه‌لوومه‌رجی مه‌ترسی داده‌ماڵێ و ڕێگه‌چاره‌شی پێ نیشان ده‌دا.بۆیه مرۆڤ، به تایبه‌ت مرۆڤی خۆرئاوا، پتر له هه‌موو شتیک پێویستی به شێعره، چونکوو شێعره بیرکردنه‌وه‌ی لێکدەکەوێتەوه و ڕێگه بۆ دۆئێل کردن خۆش ده‌کات و توانای مرۆڤ بۆ سازدانی پەیوه‌ندیی خۆش ده‌کات. (نه‌ک ئه‌و شێعرانه‌ی هیچ بنه‌مایه‌کی فه‌لسه‌فییان نییه و شێعره‌کانیان وەک بڵقی سه‌ر ئاو وایه، ته‌نیا به‌ش ساتێک ده‌که‌ن). شێعربیرهێنانهوهیه، له بیرکردنه‌وه‌ی چهمکیانهدا، بیرهێنانه‌وه جێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نییه، به‌ڵام جۆرێک بیرکردنه‌وه‌یه که‌وا له‌وێدا بیرهێنانەوه و وشیاری دۆڕاوبێت، هایدیگه‌ر ئیشی فه‌لسه‌فاندن ده‌کات، باس له شێوه‌یه‌ک له بیرکردنه‌وه ده‌کات، مرۆڤ به‌ره‌و هونه‌ر و لایه‌نی شاعێرانه‌ی ژیان په‌لکێش ده‌کات و مرۆڤ بهرهوبابهتی پیرۆز هانده‌دا. بابه‌تی پیرۆز له بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌رو به تایبه‌ت له به‌رهه‌مه‌کانیدا هیچ پەیوه‌ندیه‌کی به ئایینه‌وه نییه.
گه‌رچی که‌سانێکی وەک«پۆلتلیش» و «مه‌ک کواری» لاهووتی زانی مه‌سێحین، ئه‌م وتانه‌یان به چاوێکی عێرفانییهوه چاولێکردووه[14]. هایدیگه‌ر کاریگه‌ری له‌سه‌ر لاهوتی مه‌سێحی و عێرفانی مه‌سێح داناوه، به‌ڵام هایدیگه‌ر بیرکردنه‌وه وەک بهڵێنیهک که‌وا چاره‌نووسیه‌تی چاويي لێکردووە. بۆیه بیرکردنه‌وه‌ی هایدیگه‌ر مافی به‌سه‌ر فۆڕمی ئایین و عێرفانه‌وه نییه و پەیوه‌ندی به نه‌ریتی فه‌لسه‌فه‌ی خۆرئاواوه هه‌یه.
له ڕه‌وتی فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ورووپی«قارە یان کیشوەری«پاش هایدیگه‌ر، هه‌ندێ بیرمه‌ند له ژێر کاریگه‌ری هایدیگهردان. و هه‌ندێکی دیکه وەک ڕاجێرئێسکروتێن، فه‌یله‌سووفی شیکاری بایه‌خیان به هایدیگه‌ر نه‌داوه.
سەرچاوە کان:
١-هستی و زمان،مارتین هایدگر، ترجمە د، عبدالکریم رشیدیان
٢-خرد جامعە شناسی،د، یوسف ابازری
٣-فلسفەی معاصر، محمود خاتمی
٤-هایدیگەر و شۆرشێکی فەلسەفی، محەمەد کەمال
[1]care
[2]Being toward death
[3] care
[4]fact
[5]interpretation
[6]ressentment
[7]ontological difference
[8]Gestell
[9]scientific
[10]ـ بیروبۆچوونی هایدیگه‌ر له سه‌ر ته‌کنیک یارمه‌تیمان ده‌دا بۆ پێداچوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌خلاقی ژینگه و له ڕێگه‌ی ئه‌م بیرۆکهوهیەدەتوانین ته‌وه‌رێک بۆ چۆنیه‌تی پاراستنی ژینگه و هه‌روه‌ها له ته‌کنیک ژیرانه که‌ڵک وه‌ربگرین.
[11]Teche
[12]nous
[13]ـ واته شاعێری ڕسه‌ن و زڕهشاعێری «ناڕسهن» لێک جیابکه‌ینه‌وه، بلام گه‌وره‌ترین ڕخنه له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ر و نیچه له‌وه‌دایه، فۆرمی ئۆستووره و شێعر به‌سه‌ر زمانی فه‌لسه‌فه که هه‌مان بیرکردنه‌وه‌ی مه‌نتێقی و به‌ڵگه هێناوه‌یه زال ده‌بێت. (وەرگێڕ)
[14]ـکتێبی ئێگزێستانسیالیزم ، نوسینی جۆن مه‌ک کوواری، ئه‌م نووسه‌ره ته فسیریکی عێرفانی له فه‌لسه‌فه‌ی هایدیگه‌ر هه‌یه.و.ک.
په یوه ندی