- MOC.OOTAHAD
- selcitrA seidutS erutuF
- MOC.OOTAHAD
كۆمه‌ڵناسی كووئیر و ئایین
كۆمه‌ڵناسی كووئیر و ئایین
ئه حمه د غولامی
كووئیر[1] كۆمه‌ڵه بۆچوونێكی كۆمه‌ڵناسانه‌یه كه به تایبه‌ت له پانتایی سێكسوالیتهدا په‌یوه‌ست بووه به باسی هۆمۆسێكچوال (هاوڕه‌گه‌ز خوازی) و دووتوخمی و گه‌ی و لێزبێنهكان. به‌م شێوه كووئیر كهلێنێكه كه له دیواری سێكسوالیته‌ی ئۆرتۆدۆكس و راستگهرادا به‌دی هاتووه. ئه‌م ترازانه، لادانێكی ئه‌خلاقی/سیاسیه له چوارچێوه باو و زاڵه‌كان له بواری سێكسدا. ئاوا ترازانێك كارێكی كردووه كه بێده‌نگی كۆمه‌ڵناسانی سه‌ره‌تایی، یه‌كسه‌ر تێك بشكێ و ره‌وتی سێكسوالیته به واته‌ی بنه‌مایه‌كی مه‌عریفی و ئیپستمۆلۆژیك ببێته بنه‌مایه‌كی نوێ بۆ ناسین.
وشه‌ی كووئیر، له سه‌ده‌كانی شانزه و هه‌ڤده به واتای شتێكی نه‌ناسیاو و سه‌یر و سه‌مه‌ره و نائاسایی بوو. له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م به واته‌ی جنێو و ناونیتكه به‌كار ده‌بردرا، و زیاتر بۆ كه‌سانێك بوو كه هه‌ستێكی ره‌گه‌زی نائاساییان هه‌بوو.(سارا،2006: 4) ئه‌م روانگه‌یه به تایبه‌ت له دوای 1970 وه‌كوو به‌شێكی سه‌ره‌كی له كۆمه‌ڵناسی و به تایبه‌ت له به‌رامبه‌ر ره‌وتی زاڵی سێكسوالیتهدا سه‌ری هه‌ڵدا. كووئیر ده‌توانێ ناوێك بێ یان كردارێك یان بابه‌تێك، به‌ڵام به ته‌نیایی له خۆیدا به‌ستێنێكی مێتۆدۆلۆژیكی و چه‌مكی نیه، به‌ڵكوو كۆمه‌ڵێك سه‌رقاڵبوونی فیكری و پراكتیكیه كه له بواری سێكس و ره‌گه‌ز و مه‌یلی سێكسی‌دا سه‌ری هه‌ڵداوه. هه‌رچه‌ند تیۆری كووئیر قوتابخانه و ریبازێكی فیكری سه‌ربه‌خۆ نیه له چه‌شنی ماركسیسزم یان پێكهاته‌خوازی و ...، به‌ڵام لقێكی زانستیه كه به شێوه‌یه‌كی نائۆرتۆدۆكسی[2] و پێچهوانهخوازانه كۆمه‌ڵێك بابه‌ت و رێبازی ره‌خنه‌گرانه‌ی له ریبازهكانی دیكه له خۆ گرتووه.(سپارگۆ، 1999: 9) باسی كووئیر به واته‌ی دابڕانێك له بابه‌تی سێكس و پێوه‌ندی ئاسایی سێكس كه پێی ده‌وترێ هێترۆسێكسوالیته (ناهاورهگهزخواز) ئه‌مڕۆكه له زۆربه‌ی بواره‌كاندا ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی له خۆ گرتووه؛ باسی كووئیر و بیناسازی، فیلم، هونه‌ر، پیشه‌سازی و دیزاین و ... هه‌نووكه به‌شێكی سه‌ره‌كین له ئه‌ده‌بیاتی ساوه، به‌ڵام تێر و پڕی كووئیر.
ستین و پلامێر له وتاره‌كه‌یاندا له كتێبی "تیۆری كووئیر/كۆمه‌ڵناسی"، چوار نیشانه‌ی تیۆری كووئیر دێننه‌وه كه كووئیر له‌م رێگه‌وه هه‌ڵوێستی گرتووه: یه‌كه‌م بڕوا به‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی ره‌گه‌زی له سه‌رانسه‌ری ژیان به‌رده‌وامه و له رێگه‌ی سنووردانان و دابه‌شكاریه دوانهییهكان به هێزتر ده‌بێته‌وه. دووهه‌م پڕۆبڵماتیككردنی بابه‌ته ره‌گه‌زی و سێكسوالیتهییهكان به شێوه‌ی شتانێك كه هه‌میشه بنه‌مایه‌كی ئاڵۆز و ناروونیان هه‌یه. سێهه‌م، په‌سه‌ند كردنی ستراتژی مافی سیڤیل و لایه‌نگری له "پێكهاته شكێنی و ناوه‌ند شكێنی و خوێندنه‌وه پێداچوونهوهییهكان و سیاسه‌ته‌كانی دژه یه‌كسانسازی[3] و چواره‌م خوازیاری پرسینه‌وه له‌و به‌ستێنانه‌ی كه وه‌ك پانتایی بابه‌ته ره‌گه‌زیه‌كان ناناسرێن.(ستین و پلامێر 1996: 134)
له سه‌رانسه‌ری ئه‌م چوار نیشانه‌دا، كووئیر دژ به‌و هه‌ڵوێسته زاڵه راده‌وه‌ستێ كه هێترۆسێكسوالیته (ناهاوڕه‌گه‌زخوازی) وه‌ك لایه‌نی درووستی ژیانی سێكسی ره‌چاو ده‌كا و له‌م رێگه‌وه ده‌سه‌ڵاتی خۆی به سه‌ر ناهێترۆسێكسوالیته یان هه‌مان هاوڕه‌گه‌زخوازیدا داده‌سه‌پێنێ. به رای گامسۆن، ره‌چاو كردنی بابه‌تی جێگیر و نه‌گۆڕ بۆ هه‌ر شوناسێك هه‌م ده‌توانێ بنه‌مایه‌ك پێك بێنێ بۆ سته‌م و هه‌م بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی.(گامسۆن 1995 : 391)
تیۆری كووئیر، كۆمه‌ڵێك ئه‌مرازی دیكانستراكتیڤی به ده‌سته‌وه‌یه كه له تیۆریه‌كانی پاشپێكهاته‌خوازی و دیكانستراكشێن و ده‌روونشیكاری وه‌رگیراوه. كۆمه‌ڵناسانی وه‌ك فۆكۆ و دریدا و سێجویك و باتلێر كاریگه‌ریه‌كی زۆریان بووه له سه‌ر ئه‌م ئه‌ندیشه‌یه. به تایبه‌ت كاره سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی فۆكۆ له سه‌ر "مێژووی سێكسوالیته"، جۆرێك داڕشتنه‌وه‌ی تازه بوو له سه‌ر چهمكسازی ره‌گه‌زی و مێژوویی له مه‌ڕ سێكسوالیته. له سه‌رانسه‌ری ئه‌م بۆچوونه و بۆچوونه‌كانی دیكه‌دا، شوناسی ره‌گه‌زی له خۆیدا بابه‌تێكی سرووشتی و زاتی نیه، به‌ڵكوو به لای فۆکۆ و ئه‌م بیرمه‌ندانه شوناسی ره‌گه‌زی وه‌كوو شوناسه‌كانی دیكه، كانستراكتی كۆمه‌ڵایه‌تیه و هه‌ڵقوڵاوی كۆمه‌ڵێك پێوه‌ندی زاڵه له كۆمه‌ڵگه‌دا وه‌كوو ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می سیاسی و ئابووری و ... . بۆ وێنه سێجویك، پێی وایه سازه‌یی بوونی چه‌مكی دوانه‌ی هاوڕه‌گه‌زخواز-جیاڕه‌گه‌زخواز له زاتی فه‌لسه‌فه‌ی رۆژاوا دایه كه ئه‌مه له خۆیدا گوتارێكی زاڵی دژههاوڕهگهزخوازی پێك هێناوه.
میشل فۆكۆ زیاترین كاریگه‌ری بووه له سه‌ر تیۆری كووئیر؛ كتێبی مێژووی سێكسوالیته كه له ساڵی 1970 نووسرا له ئاكامدا بزاڤێكی سێكسی له ناو كولتووری رۆژاوادا به‌دی هێنا.(سپارگۆ، 1999 :11-10) فۆكۆ به ره‌چاو كردنی روانگه‌یه‌كی مێژوویی، له راستیدا ئاكاری جیاڕه‌گه‌زخوازی وه‌كوو بابه‌تێكی كانستراكتیڤ و مێژوویی ناوزه‌د ده‌كا كه له ژێر كاریگه‌ری ره‌وتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی/مێژوویی پێك هاتووه و هه‌نووكه به واته‌ی به‌شێك له گوتاری زاڵی سێكسی بووه‌ته بنه‌مایه‌ك بۆ رژیمه ده‌سه‌ڵات/حه‌قیقه‌ته‌کان. به رای فۆکۆ چه‌مکی سێکسوالیته له سه‌رده‌می مۆدێڕن و به تایبه‌ت دوای سه‌رده‌می ئیلیزابێت، تووشی گۆڕان و وه‌رچه‌رخانێکی سه‌ره‌کی هاتووه. به رای ئه‌و مانای سێکسوالیته له سه‌رده‌می یۆنانی کۆن په‌یوه‌ست بوو به بابه‌تی چێژ و ئه‌خلاقی خۆسه‌روه‌ری[4]. له سه‌رده‌می مۆدێڕن سێکس بووه به به‌شێک له گوتاری حه‌قیقه‌ت. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، شه‌پۆلێک له ده‌ستوور و بڕیاری سێکسی له پێناو زانسته‌کان وه‌ک ده‌روونناسی و پزیشکی و جه‌ماوه‌رناسی به ده‌وری سێکسوالیته‌وه به‌دی هاتن. به‌م پێیه به رای فۆکۆ سێکسوالیته له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌سکه‌وت و به‌رهه‌مهاتووی زانسته. که‌وابوو سێکسوالیته نه به‌شێکه له ژێن و جه‌سته‌ی ئێمه و نه بابه‌تێکی نه‌گۆڕ و سرووشتیه. هه‌ر چه‌شنه ئاکارێک دژ به یاسا و بنه‌ما زانستیه‌کانی سێکسوالیته، بۆ وێنه هاوڕه‌گه‌زخوازی، به‌شێک بوو له پێشێل کردنی یاساکان و به‌م پێیه هۆکاری شه‌رمه‌زاری و سزا بوو. رژیمی سێکسوالیته‌ی نوێ به واته‌ی رژیمێکی حه‌قیقه‌ت، جیهانێکی نوێی به دیهێنا که تێیدا کۆمه‌ڵێک ئاکاری وه‌ک ناهاوڕه‌گه‌زخوازی،مناڵبازی، ئاژه‌ڵ بازی، ده‌ستپه‌ڕ و ... به واته‌ی به‌شێک له ترازانی کۆمه‌ڵایه‌تی/ئه‌خلاقی ده‌که‌وتنه به‌رامبه‌ر لایه‌نی سرووشتی و ئه‌خلاقی پێوه‌ندی سێکسی واته ناهاوڕه‌گه‌زخوازی. شه‌ڕی فۆکۆ ئه‌وه‌یه که سیستمی مۆدێڕن به دابه‌زاندنی ئاستی سێکسوالیته بۆ پێوه‌ندیه سێکسیه‌کان، کۆمه‌ڵێک دابه‌شکاری چه‌مکی له ناو کۆمه‌ڵگه به دیهێناوه و به‌م پێیه رێگه‌ی خۆش کردووه بۆ زاڵ بوون و دیسیپلینی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتداری به سه‌ر مڕۆڤه‌کان.(سیدمهن، 1386: 6-222)
هه‌ر چه‌ند به رای سپارگۆ ئه‌م مۆدێله گشتیه‌ی فۆكۆ له خۆیدا بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیه بۆ تیۆری كووئیر.(هه‌مان: 26) به‌ڵام نووسراوه‌كانی باتلێر له كتێبی كێشه‌ی ره‌گه‌ز[5] بوو كه بوونه به‌شێكی سه‌ره‌كی له تیۆری كووئیر. باتلێر ره‌گه‌ز به واتایه‌كی نه‌مایشی[6] ره‌چاو ده‌كا نه‌ك دیاری كرا‌و. واته ره‌گه‌ز بریتیه له كۆمه‌ڵێك بۆچوونی بێهۆ كه بنه‌مایه‌كی هێژمۆنیك له مه‌ڕ شوناسی ره‌گه‌زی پێك دێنێ. باتلێر به‌م پێیه ره‌گه‌ز وه‌كوو تێگه‌یشتنێكی كولتووری له جه‌سته‌یه‌كی بیۆلۆژیكی له سێكس وه‌كوو جه‌سته‌یه‌كی بیۆلۆژیكی جیا ده‌كاته‌وه و سێكسوالیتهش به واته‌ی به‌كارهێنانی ئۆبژه‌ی سێكس ره‌چاو ده‌كا. به‌ڵام ئه‌م دیاردانه ره‌نگه ئاوا به‌م شێوه‌یه له لایه‌ن تاكه‌وه، لێكجیا ناكرێته‌وه، چوونكا ئه‌مانه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ئه‌ویدیدا به‌دیهاتوون و بوونه‌ته شوناسی تاك(باتلێر 2006: 23) بۆ وێنه پیاو كه‌سێكی خاوه‌ن پیاوه‌تی، ئه‌ندامی نێرینه و جیاڕه‌گه‌زخوازه. كه‌وابوو پیاوه‌تی و جیاڕه‌گه‌زخوازی پێوه‌ندیه‌كی ئهمئهوهكیان هه‌یه. ره‌گه‌ز لایه‌نێكی نه‌مایشی ده‌دا به تاك كه به‌و شێوه ژیانێكی سێكسی پێك بێنێ. كه‌وابوو سێكسوالیته هه‌مان لایه‌نی نه‌مایشی و كانستراكتی ره‌گه‌زه؛ باتلێر به‌م پێیه چه‌مكی بیسێكچوال[7] ره‌چاو ده‌كا كه بۆ تاوتوێ كردنی باسی نه‌مایشی بوون بابه‌تێكی كارامه‌یه. به رای ئه‌و درێژه‌دار بوونی نه‌مایشی ره‌گه‌زه كه رێگه ده‌دا ره‌گه‌زه‌كان به شێوه‌ی كولتووری دابسهپێن؛ و ئه‌مه شێواز و رێسای سێكسوالیته (ژنانه‌بوون یان پیاوه‌تی) دیاری ده‌كا.
· خوداناسی کووئیر
خوداناسی کووئیر به ره‌چاو کردنی ئه‌و بابه‌ت و مه‌سه‌لانه‌ی که پاش پێکهاته‌خوازه‌کان و فیمینیسته‌کان ره‌چاویان کردبوو، خوێندنه‌وه‌یه‌کی نوێ بوو له سه‌ر ئایین و خوداناسی. باس کردن له سه‌ر پراکتیک و شوناس و ئه‌خلاقی نوێی کووئیر که په‌یوه‌ست بوو به باسی سێکسوالیته، رێگه‌ی خۆش کرد بۆ خوێندنه‌وه نوێیه‌کان له مه‌ڕ ئایین. خوداناسی لیبڕاڵ و زانیارانی خوێندنه‌وه ئایینیه‌کان، بیرمه‌ندانی پاشکلۆنیالیزم کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆریان بوو له سه‌ر ئه‌م تیۆریه نوێیه. ئه‌م خوێندنه‌وه نوێیه سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ چالینجی نوێی دژ به خوداناسی کریستانی. رابێرت ئی. گاس به نووسینی کتێبی عیسای کووئیر: ئه‌وپه‌ڕی عیسای سه‌ره‌ڕۆ (2002) و هه‌روه‌ها مارسێلا ئاڵسائۆس رید له کتێبی خوداناسی بێشه‌رم[8](2001) باسی پێوه‌ندی کووئیر تئۆری و خوێندنه‌وه زانکۆییه‌کانی ئایینیان کرده به‌شێکی سه‌ره‌کی له خوداناسی نوێ.
تاوتوێ کردنی باسی سێکسوالیته و به تایبه‌ت باسه هاوڕهگهزخوازیهکان[9] له راستیدا جۆرێک به‌ره‌نگاری ئه‌خلاقی و به چالینجکێشانی بنه‌مای جیاڕه‌گه‌زخوازی[10] ئایینه و هه‌روه‌ها دژایه‌تی ئه‌خلاقی نوێیه له گه‌ڵ بنه‌ما و ره‌چه‌ڵه‌کی سێکسوالیته‌ی ئایین. کووئیر تئۆری پێوه‌ندی جیاڕه‌گه‌زخوازی که له درێژه‌ی مێژوودا وه‌کوو بنه‌مایه‌کی سرووشتی و ئاسایی ره‌چاو کراوه، هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و جیاڕه‌گه‌زخوازی وه‌کوو بابه‌تێکی مێژوویی و بهرسازکراو[11] ره‌چاو ده‌کا. ئه‌م گۆڕانکاری و چالێنجه، دژ به‌و گوتاره ده‌سه‌ڵاتدارانه‌یه که له درێژه‌ی مێژوودا بنه‌ماکانی سێکسوالیتهیان پێناسه کردووه.
به‌م پێیه چالێنجه‌کانی کووئیر تئۆری له مه‌ڕ ئایین، ره‌وتێکی ره‌خنه‌گرانه‌یه له هه‌مبه‌ر باوه‌ڕی ئێمه له سه‌ر جه‌سته سرووشتیه‌کان و خوده بڕوا پێکراوه‌کان. ئه‌م تیۆریه بابه‌تی ره‌گه‌ز[12] وه‌کوو چه‌مکێکی سرووشتی یان واقعیه‌تێکی دووانه[13] ره‌ت ده‌کاته‌وه و زیاتر باس له‌و هێزه نه‌ناسراوه ده‌کا که ئه‌م ره‌گه‌ز و کاریگه‌ریه‌کانی ئه‌م ره‌گه‌زه‌ی به‌دیهێناوه. بابه‌تی کووئیری ئایین واته هه‌ڵوێستی نائاسایی ئایین له مه‌ڕ ره‌گه‌ز، سێکس و شۆناسه ره‌گه‌زیه‌کان بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌زموونی نوێی ئایینی که هه‌ر چه‌ند له ئایینه‌کانی دیکه‌دا که‌متر ره‌چاو کراوه، به‌ڵام په‌یوه‌ست بوونی ئه‌م بۆچوونانه و ئایینی کریستانیهت، سه‌ره‌تایه‌که بۆ ده‌ستپێکردنی پێوه‌ندیه نوێیه‌کانی سێکسوالیته و ئه‌ندیشه ره‌خنه‌ییه‌کان له مه‌ڕ ئایین.
رابێرت ئی گاس[14] و خوداناسی سێکسی
دوای ئه‌وه‌ی رابێرت ئی گاس خوداناس و پێشه‌وای ئایینی کلیسای مێترۆپۆلیته‌ن، له 1993 کتێبی "عیسای سه‌ره‌ڕۆ: مانیفێستی گه‌ی و لێسبێنهکان"[15](کوڕان و کچانی هاوڕه‌گه‌زخواز)ی دایه ده‌رێ، کاردانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو له سه‌ر جیهانی ئایینی کریستانی و بزووتنه‌وه‌ی هاوڕه‌گه‌زخوازی که به تایبه‌ت له ئه‌مریکای لاتین په‌ره‌ی سه‌ندبوو. گاس نۆ ساڵ دوای ئه‌م مانیفێسته سه‌ره‌کیترین کتێبه‌که‌ی واته عیسای کووئیر: ئه‌وپه‌ڕی عیسای سه‌ره‌ڕۆ(2002)[16] نووسی و تێگه‌یشتنێکی نوێی له مه‌ڕ رۆحانیه‌تی خوداناسی کریستانی هێنا ئاراوه. ئه‌م کتێبه دابه‌ش کرابوو به سه‌ر چوار به‌شی سه‌ره‌کی که بریتین له: سێکسوالیته‌ی کووئیر، عیسای کووئیر، کووئیری کردنی کتێبی پیرۆز و خوداناسی کووئیر.
گاس له ژێر کاریگه‌ری ئه‌ندیشه‌ی یه‌سووعی و به ره‌چاو کردنی بابه‌تی جه‌سته و دژ به ئامۆژگاریه دژه جه‌سته‌ییه‌کانی ناو کریستانیهت و چه‌مکی گڵاو بوونی گۆشتی جه‌سته، له گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌کی یه‌سووعی تێکۆشا جۆرێک یه‌کگرتوویی بدۆزێته‌وه له نێوان چه‌مکی جه‌سته و سێکسوالیته له گه‌ڵ وانه‌کانی ئایین. و خۆی پێی وایه به ئاگاییه‌کی رۆحانی/سێکسوالیته[17] گه‌یشتووه. گاس له ژێر کاریگه‌ری کاره‌کانی مارک جۆرده‌ن[18] بوو. جۆرده‌ن پله‌ی قه‌شه‌یی وه‌کوو جۆرێک کووئیر ره‌چاو ده‌کرد که تێیدا قه‌شه‌کان جلی شۆڕی ژنانه له به‌ر ده‌که‌ن و ده‌ست له ژنانهپۆشی هه‌ڵناگرن. به‌م شێوه گاس دوو جۆره قه‌شه لێک جیا ده‌کاته‌وه ئه‌وانه‌ی وا لایه‌نگری به‌ستنه‌وه و به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ی ژنانه‌ن و ئه‌وانه‌ی وا پێیان وایه پێویسته به وردی ئه‌م ریزبهندانه که له نێوان مازوخیزم و ملکهچیدایه و بنه‌مایه‌کی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی هه‌یه، ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا بێ.(گاس، 2002: 52) گاس ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌م بۆچوونه که وشکهمهزههبی بوون[19] نموونه‌یه‌که له دوور بوونه‌وه له ژن و ژنبێزاری[20] و له خۆیدا نموونه‌یه‌که له ترسێک له هاوڕه‌گه‌ز بوون. گاس دژ به‌م بۆچوونه ده‌چێته‌وه سه‌ر چه‌مکی خۆشه‌ویستی له ئه‌ندیشه‌ی ئاگۆستین و باسی دادوه‌ری که هه‌میشه وه‌کوو نموونه‌یه‌ک له جیاڕه‌گه‌زخوازی و ستانداردێکی سکێسی ره‌چاو کراوه، ره‌ت ده‌کاته‌وه.
گاس له یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین باسه‌کانیدا باس له پێوه‌ندیه‌کی رۆحی/ژێنیتیکی ده‌کا له نێوان به‌نده و خودا و به‌م شێوه باسی سێکسوالیته و خودا ده‌خاته روو. گاس بۆ ئه‌م باسه ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌ندیشه‌ی جۆ کرامێر[21] که یه‌کێکه له پێڕه‌وانی پێشووی یه‌سووعی و ئێسته بریکارێکی سێکسیه و ئه‌مڕۆکه سه‌ر تۆپکی کۆبوونه‌وه‌ی گه‌یه‌کان واته هاوڕهگهزخوازهکانه. گاس به ره‌چاو کردنی روانگه‌ی کرامێر تێده‌کۆشی سه‌رچاوه‌کانی سێکسێکی سه‌رخۆشانه و چێژێکی ناوپایی و زۆرجار توندوتیژانه که به تایبه‌ت له ناو پیاواندا باوه، بباته‌وه سه‌ر کاریگه‌ری ئه‌ندیشه‌ی ئاگۆستین هه‌م له سه‌ر ئه‌ندیشه‌ی پرۆتستان و هه‌م کلیسای کاسۆلیکی رۆمی. کرامێر له جیات سێکسێکی په‌یوه‌ست به ناوپا، باس له پێوه‌ندیه‌ک ده‌کا که به شێوه‌یه‌کی سه‌رانسه‌ری ته‌واوی رۆح و جه‌سته‌ی تووشی راحت بوون و ئاسووده‌ییی ببێ[22]. ئه‌مه هه‌مان ئامۆژگاریه‌که‌ی ئاگۆستینه بۆ به‌دی هاتنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له سه‌ر بنیاتی خۆشه‌ویستی ته‌واو.(گاس، هه‌مان: 66) به باوه‌ڕی گاس، روانگه‌ی کرامێر ده‌توانێ سه‌رچاوه‌یه‌کی زۆر کارامه بێ بۆ گۆڕانکاری نوێی تاک و به‌دیهێنانی خوداناسیهکی سێکسوال.
گاس کاتێک باس له‌م پێوه‌ندیه و به تایبه‌ت باسی گه‌ی و هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان ده‌کا، به بێ هیچ دڵه‌ڕاوکه‌یه‌ک باسی سێکسی بێکاندۆم و ده‌ستووره ئه‌خلاقیه‌کانی کلیسا ده‌کا و ده‌ڵێ: چ ده‌ستوورێکی ئه‌خلاقی هه‌یه تاکوو داوه‌ری بکا له سه‌ر به‌ری به‌ک کردن[23]. بهریبهک کردن دیارده‌یه‌که له خوداناسی کریستانیدا که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێوه‌ندی نێوان نێره‌کان. خودی وشه‌ی بهریبهک مه‌به‌ست لێخوڕینی ئه‌سپێکی بێزین و لهغاوه. واته هاوڕه‌گه‌زی و پێوه‌ندی نێوان نێره‌کان نموونه‌یه‌که له بهریبهک. گاس له سه‌ر ئه‌م پرسیاره و له کاتێکدا باسی ڤایرۆسی ئایدز واته HIV ده‌کرێ، ده‌ڵێ: ئایا ئێمه ره‌شپێسته پیاوه‌کان هان ده‌ده‌ین سێکس له گه‌ڵ ژنه‌کان وه‌لا بنێن. ئایا له کۆتاییدا بوونمان ئازاد ده‌بێ؟ ئایا ئێمه ده‌توانین وڵامێکی تۆکمه بده‌ینه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی که له به‌ری به‌ک تێ بگه‌ین؟(گاس، هه‌مان: 84-83)
گاس کاتێک باس له ژیانی بنه‌ماڵه هاوڕه‌گه‌زخوازه‌کان و ئیمتیازی ئه‌م بنه‌ماڵانه ده‌کا، ده‌چێ به گژی ئه‌و چالێنج و ره‌خنانه‌ی که پێوه‌ندی دوو هاوسه‌ری هاوڕه‌گه‌ز به نموونه‌یه‌ک له چێژی ناخۆش و ناڕه‌سه‌ن داده‌نێ و به چێژێکی نازێی[24] ده‌زانن و ده‌ڵێ ئه‌مه جۆرێک دابه‌زاندنی سێکسه تا ئاستی به‌رهه‌مهێنان؛ و په‌ره‌دان به روانگه‌ی به‌رهه‌مهێنان شتێکه له ده‌ره‌وه‌ی یاسای سرووشتی. هه‌ر چه‌ند یاسای ئایینی کاسۆلیکی رۆمی پێوه‌ندی بنه‌ماڵه له نێوان ژن و مێردێک ده‌به‌ستێته‌وه به دادوه‌ری، خۆشه‌ویستی و به‌زه‌یی، که له ئه‌نجامدا به زکوزا و منداڵبوون ده‌گاته ئه‌وپه‌ڕی خۆی، به‌ڵام به ڕای گاس پێوه‌ندی بنه‌ماڵه هاوڕهگهزیهکان نموونه‌یه‌کی نوێیه له بنه‌ماڵه‌ی نوێ که به وه‌رگرتنی منداڵ[25] ده‌توانێ ئه‌م بابه‌تانه بۆخۆی ده‌سته‌به‌ر بکا. به باوه‌ڕی گاس هاوسه‌رانی هاوڕه‌گه‌ز ده‌توانن به شێوه جۆراوجۆره‌کان زۆر کارامه‌تر و لێهاتووانه‌تر له هاوسه‌رانی ناهاوڕهگهز ببنه بنه‌ماڵه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنه‌ری منداڵ.
گاس به هه‌ڵدانه‌وه‌ی چارشێو له سه‌ر مێژووی کریستانیهت باس له‌وه ده‌کا که کلیسا تێکۆشاوه سێکسوالیته‌ی عیسا بشارێته‌وه، هه‌روه‌ک چۆن ئه‌زموونه ئێرۆتیکهکانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستی شاردووه‌ته‌وه. گاس به‌م پێیه وه‌کوو نه‌مایشی عیسا له سه‌رده‌می رێنێسانس، تێده‌کۆشێ روخساری کووئیری عیسا له سه‌رده‌می مۆدێڕن بخاته به‌ر چاو. بۆ ئه‌م بابه‌ته گاس دوو چه‌مکی مه‌سیح(Christ) و عیسا(Jesus) لێک جیا ده‌کاته‌وه. ئه‌و له سه‌روه‌رزی کتێبه‌که‌یدا باس له مه‌سیحی سته‌مگه‌ر و عیسای ئازادیخواز ده‌کا و بۆ باس له سه‌ر کریستۆلۆژی و پێوه‌ندی ئه‌م باسه و سێکسوالیته ده‌چێته‌وه سه‌ر ئاگۆستین و لووسێر و کاڵڤین و باس له کریستۆلۆژی کووئیر ده‌کا. به‌م پێیه مه‌سیح هه‌مان عیسایه که شای ئاسمان واته خودای ناسیوه و بووه‌ته سه‌رچاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌کگرتوویی و دادوه‌ری و هه‌روه‌ها به سێ بابه‌تی چه‌وساوه‌یی و شه‌رمێونی و بێبه‌شی ناسراوه.
گاس تێده‌کۆشێ کریست (واته مه‌سیح) له سنووره به‌رته‌سکه‌کانی جیاڕه‌گه‌زخوازی ده‌ربکێشێ و بیباته ئه‌وپه‌ڕی سنووره‌کان تا ده‌گاته پانتایی هاوڕه‌گه‌زخوازی. گاس بۆ ئه‌م کاره ده‌قه کووئیرهکانی ناو کتێبی پیرۆز له ناو دێڕه شه‌یتانیه‌کان ده‌رده‌کێشێ و لایه‌نگره‌کانی هان ده‌دا ده‌قه شه‌یتانیه‌کان به شێوه‌یه‌کی دیکانستراکشێنانه بخوێننه‌وه تا به‌م شێوه له گه‌ڵ ئه‌و ده‌قانه‌ی پێشتر دوژمنیان بوون، هاوڕێ بن. بۆ ئه‌م کاره گاس باس له سه‌رپێچی و ملهوڕی ده‌کا وه‌کوو نموونه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له خوداناسی کووئیر.
گاس کاتێک باس له ملهوڕی ده‌کا ده‌چێته سه‌ر باسی روانگه هێژموونیک و پرۆبڵماتیزهکانی شوناسی نوێ و پێی وایه بۆ ئه‌م کاره پێویسته دان بنێین به به‌دیهاتنی شوناسی دوانه و تێپه‌ڕبوون له‌و بابه‌تانه‌ی که سه‌رچاوه‌ی هێژموونین. ته‌نیا به‌م کاره‌یه که ده‌توانین له داوی سێکسیزم واته جیاوازی سێکسی، و سه‌رفه‌رازی[26] و بیفۆبیا[27] که به‌شێکن له خوداناسی کلیسا رزگار ببین.
گاس به خوێندنه‌وه‌ی دووباره له سه‌ر ئامۆژگاریه‌کانی کتێبی پیرۆز تێکۆشاوه پێکهاته‌ی کووئیری ئه‌م ده‌قانه بخاته روو تا به‌م شێوه نه‌بوونی ئه‌م باسانه له ناو کلیسا و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری ئه‌خلاقی کلیسا بخاته به‌ر چالینج و پرسیار و دڵنیایه به‌م شێوه کلیسایه‌کی نوێ بنیات بنێ که بتوانێ چالێنجێکی سه‌ره‌کی بێ بۆ کلیسای کریستانی ئه‌مڕۆکه. به‌م شێوه ده‌نگی کووئیر که له ده‌ره‌وه‌ی کلیسا و دژ به ئه‌خلاقی کلیسایی ده‌ناسرێ، خۆی ده‌بێته به‌شێک له خوداناسی نوێ.
مارسێلا ئاڵسائۆس رید[28] و خوداناسی بێشه‌رمانه
مارسێلا ئاڵسائۆس رید، ره‌خنه‌گری فیمینیزم و خوداناس، که کاره‌کانی تێکه‌ڵاوێکه له روانگه‌ی فیمینیستی و ئه‌ندیشه‌ی پاشکۆلۆنیالیستی و یه‌کێکه له سه‌رکه‌وتووترین لایه‌نگرانی ئه‌ندیشه‌ی خوداناسی کووئیر. رید له کتێبی خوداناسی بێشه‌رم: هه‌ڵه خوداناسیهکان له سێکس و ره‌گه‌ز و سیاسه‌ت(2001)دا ههنگاوێکی سه‌ره‌کی هه‌ڵێناوه به‌ره‌و رزگار کردنی سێکسوالیته و ته‌واوی ئه‌و شتانه‌ی دلاله‌ت ده‌که‌ن له مه‌ڕ سێکسوالیته له داوی ئه‌و پانتاییه به‌رته‌سکه‌ی که پێناسه‌یه‌کی نۆڕماڵی جیاڕه‌گه‌زخوازی ئاراسته ده‌کرد. به‌م پێیه رید خۆی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ خوداناسی رزگاریده‌ری ئامریکای لاتین و خوداناسی فێمینیست و فه‌لسه‌فه‌ی کیشوه‌ری[29] و تئۆری پاش کلۆنیالیزم و سێکسوالدا ده‌بینێ. رید ته‌واوی هێزی خۆی به‌کارهێناوه تاکوو خوداناسی به واته‌ی ئایدیالۆژی نۆڕماڵی سێکسواڵ وه‌لا بنێ و خوداناسی له سه‌ر بنیاتێکی نوێ له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سێکسوالیته به واته‌ی بابه‌تێکی مێژوویی و بهرسازکراودا پێناسه بکا.
ئاڵتائۆس رید، به لێکۆڵینه‌وه‌ی خوداناسی ئامریکای لاتین و باسی پێوه‌ندی کۆلۆنیالیست و خه‌ڵکانی چه‌وساوه، پێی وایه خوداناسی ئامریکای لاتین ده‌سکه‌وتی هه‌ڵه‌یه‌کی زانستی سه‌مبۆلیکه و ده‌سکه‌وتی شڕۆڤه‌ی واقعیه‌ته که به پێی ئهوپهڕگێڕانهوه[30]ی داگیرکه‌رانی ئۆرووپاییه‌وه شرۆڤه کراوه. مه‌به‌ستی رید له‌م خوداناسیه نوێیه ره‌ت کردنه‌وه و داماڵینی خوداناسیه له رۆڵه سێکسی و ئابووریه‌کانی پێشووتر. رید له خوداناسی بێشهرمدا ده‌ڵێ: لێره‌دا گۆڕانکاریه‌ک له پێکهاته‌ی هه‌ستی سێکسی ده‌بینرێ که جل و به‌رگی خوداناسی جیاڕه‌گه‌زخوازی له به‌ر داده‌ماڵێ.
رید بۆ باس کردن له خوداناسی رید باسه‌که‌ی ده‌باته‌وه سه‌ر ژنانی ده‌سفرۆشی لیمۆ له سه‌ر شه‌قامه‌کانی بۆینێس ئایرێس و ئه‌و ژنه هه‌ژارانه‌ی که نیانه جلی بنه‌وه له به‌ر بکه‌ن و بێشه‌رمانه ده‌بینرێن. ئه‌م بێشه‌رمیه سه‌رچاوه‌یه‌که بۆ شوێن و پله‌ی ئه‌مانه له کۆمه‌ڵگه‌دا (واته له ناو ئایدیالۆژی سیاسی و ئابووری حاکم له کۆمه‌ڵگه‌دا). هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پله‌یه خودی ریدیش وه‌کوو که‌سێکی بێشه‌رم له ناو ئایدیالۆژی خوداناسی ده‌گرێته‌وه. مه‌به‌ستی رید له داکه‌ندنی جلی رۆڵی سێکسوالیته و ئابووری له پێکهاتنی خوداناسی ئه‌وه‌یه که بنه‌ماکانی سیاسه‌ت و ئابووری له ناو خوداناسی ده‌رکێشێ، هه‌ر ئه‌و شته‌ی که پێی ده‌ڵێ خوداناسی بێشه‌رم. به شێوه‌یه‌ک که بۆ خۆی ده‌ڵێ ئه‌مه، گۆڕانێکه له پێکهاته‌ی هه‌ستی سێکسوالیته که جله‌کانی خوداناسی جیاڕه‌گه‌زخواز له به‌ری داده‌که‌نێ.(رید، 2001: 19) باسی رید بۆ داکه‌ندنی جلی خوداناسی، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ستی سێکسی و ئابووری و سیاسی خه‌ڵکانه و به چالیێنج کێشانی ئایدیالیزمی سێکسواله که بنه‌مای خوداناسیه. ئه‌م بابه‌ته جۆرێک هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بنه‌مای جیاڕهگهزخوازیه که له لایه‌ن ئایینه‌وه وه‌کوو جۆرێک گه‌نده‌ڵی و بێشه‌رمی ره‌چاو ده‌کرێ.
ئه‌مه هه‌مان ره‌وتێکه که رید له خوداناسی لیبڕاڵدا درێژه‌ی پێ ده‌دا. رید بۆ درێژه‌ی ئه‌م کاره دوو لایه‌نی "خوداناسی لیبڕاڵ" لێک جیا ده‌کاته‌وه: یه‌که‌م که‌لێنێک که له خودناسی لیبڕاڵ دایه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سێکسوالیته‌ی هه‌ژاران و دووهه‌م به‌رهه‌مهێنانی خوداناسی لیبڕاڵه وه‌کوو کاڵایه‌کی بازاڕ په‌سه‌ند. له که‌لێنی یه‌که‌مدا ژنه هه‌ژاره‌کان نموونه‌یه‌کن له "مهری مهگدالی" که برینه‌کانی عیسای ماچ ده‌کرد و سترانی دژه سیاسی ده‌خوێنده‌وه؛ به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م شێوه خوداناسیه، روخسارێکی بازاڕیش هه‌یه که نموونه‌یه‌که له ده‌سکه‌وتێکی ئابووری که به تایبه‌ت له ئامریکای لاتین باوه.
رید له سه‌ر ئه‌م پێوه‌ندیه له نێوان ژنه هه‌ژاره بێجلوبهرگهکان و مه‌ریه‌می پیرۆز یه‌کێک له به‌شه‌کانی کتێبی خوداناسی شه‌رمی ته‌رخان کردووه بۆ باسی مهریهمناسی[31]. رید ره‌خنه ده‌گرێ له خوداناسانی پێشووتر که چۆن له چوارچێوه‌ی باسی مه‌ریه‌می پیرۆز دژ به بۆچوونه فیمینیستیه‌کان، هێژمۆنیهکی سیاسی و ئایدیالۆژیکی به سه‌ر ژناندا داسه‌پاندووه. ئه‌م کاره لای رید نموونه‌یه‌که له خودائاگاییهکی درۆینه که ده‌یه‌وێ ژنان و به تایبه‌ت ژنه هه‌ژاره‌کان له گه‌ڵ ره‌وتێکی داسه‌پاو له سیاسه‌ت و سێکسوالیته هاوڕێ بکا.(رید، هه‌مان:51) ئه‌م روخساره له ماریۆلۆژی (مهریهمناسی) پاک و خاوێنانه، رید هان ده‌دا باسێکی نارێکوپێکی سێکسی و روخسارێکی بێشه‌رمانه له مه‌ریه‌م بخاته به‌ر چاو که بکرێ له گه‌ڵ ژنانی هه‌ژاری خه‌ڵکی بۆینێسئایرێس رێک بکه‌وێ. ئه‌مه هه‌مان شوناسی سێکسی بێشه‌رمانه و واقعیه‌تی خێڵه‌کانه که ده‌توانێ سیاسه‌تی هاوڕێ بوون و رێککه‌وتن له گه‌ڵ ئایدیالۆژی جیاڕه‌گه‌زخوازی کلیسا پووچه‌ڵ بکاته‌وه.
ئه‌م کاره به ڕای رید هه‌مان کووئیر کردن یان بێشه‌رمانه کردنه که له خۆیدا سه‌رهه‌ڵدانی هێزێکی دژوازه. رید به زمانێکی گرامشیانه ده‌ڵێ: شه‌رمه‌زار کردن پرۆسه‌یه‌که بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زموونه ره‌سه‌نه‌کان[32] و ژیانی رۆژانه و ئه‌مه ئیمتیازێکی سه‌رتره له به‌دیهێنه‌رانی ئایدیالۆژی و ئۆستووره‌ناسی. شه‌رمه‌زار کردن گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ستی واقعیه‌ته، به‌ڵام نه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌و واقعیه‌ته سیاسیه گشتیانه‌ی که گرامێشی ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرێ و ده‌ڵێ ئه‌مانه نه ته‌نیا ئۆبژێکتیڤ به‌ڵکوو سۆبژێکتیڤیش به‌رساز ده‌که‌ن.(رید، هه‌مان: 71)
رید کاتێک باس له مه‌ریه‌می کچ[33] ده‌کا دژ به‌م روانگه جیاڕهگهزخوازهیه باس له‌و کێشانه ده‌کا که خوداناسان به تایبه‌ت له کاتی داسه‌پاندنی ئایدیالۆژیهکی سێکسوال به سه‌ر خێڵه‌کان تووشی هاتوون. رید بۆ ئه‌م باسه دوو بابه‌تی جیهانی واقیعی، که له مه‌یله جۆراوجۆره سێکسیه‌کان پێک هاتووه و جیهانی سه‌مبۆلیک که وه‌همی مه‌تمانه و هاوڕه‌گه‌زی پێکهێناوه، له یه‌کتر جیا ده‌کاته‌وه. بۆ ئه‌م بابه‌ته رید، ئاماژه ده‌کا به بۆچوونی گرامشی له مه‌ڕ له‌مپه‌ری هێژمۆنیکی مێژوویی بۆ چوارچێوه‌دار کردنی وێنای ئه‌و له‌مه‌ڕ بنه‌مای یه‌کگرتووی زانستی سه‌مبۆلیک و ده‌ڵێ ئه‌م زانسته سه‌مبۆلیکه ده‌سکه‌وتی گرووپ و تاقم و چینێکه که ده‌زگای به‌رهه‌مهێنانی کۆنتڕۆڵ کردووه و ئه‌مه هه‌مان باوکسالاری خوداناسیه که توانیویه‌تی چه‌مکه‌کانی عیسا و خودا بنیات بنێ و خوداناسی له سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاق و سێکسوالیته‌ی جیاڕهگهزخوازانه پێک بێنێ. به ڕای رید ته‌نیا رێگه بۆ ده‌رباز بوون له داوی ئه‌م هێژمۆنیه، کردنه‌وه‌ی رێگه‌یه‌که بۆ په‌یوه‌ست کردنه‌وه‌ی دوو جیهانی واقیعی و سه‌مبۆلیک، له رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته سێکسوالهکانهوه. بۆ ئه‌م کاره رید ئاماژه ده‌کا به کولتووری تهلهسمپهرهستی وه‌کوو واقعیه‌تێکی سێکسی که ده‌توانێ قسه‌یه‌کی هه‌بێ بۆ خوداناسی و ئه‌و بنه‌ما سهمبۆلیکیه تۆکمه‌یه که تووشی لێکهه‌ڵوه‌شانه‌وه بکا که لایه‌نگری ده‌کا له جیاڕه‌گه‌زخوازی.
گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته سێکسیه‌کان لای رید شتێکه که ده‌کرێ له هه‌ر ده‌مێکدا رووی بدا. ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ده‌توانێ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌زموونی نوێ بێ یان رێکخه‌ری لێکۆڵینه‌وه یان هه‌ڵوێستێکی دژایهتیکارانه یان هاوکاریانه. بۆ وێنه خودی رید ئه‌م پرسیاره ده‌پرسێ که ره‌چاو کردنی عیسا وه‌کوو باتوومێک (ئه‌و که‌سه‌ی نێرباز خه‌ریکی ئه‌بێ) ده‌توانێ رێگه‌ی خوداناسی ئێمه بگۆڕێ؟ یان ئه‌وه‌ی که تا چه‌نده هێزه‌کانی ناو کلیسا بۆ زاڵ کردنی جۆرێک له سێکسوالیته ده‌توانێ شێواز و مێتۆده‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری کلیسا ئاشکرا بکا؟ ته‌واوی ئه‌م پرسیار و به‌سه‌رهاته سێکسیانه لای رید نموونه‌یه‌کن له‌و هه‌سته سێکسیه‌ی که خوداناسی کلیسا ئاشکرا ده‌که‌ن. کلیسا و ده‌سه‌ڵاتی کلیسا نموونه‌یه‌ک له خوداناسی جیاڕهگهزخوازانه ده‌سته‌به‌ر ده‌کا که رید ئه‌م پێوه‌ندیه ده‌به‌ستێته‌وه به مۆدێلی نئۆلیبڕاڵی کاپیتالیزمی رۆژاوایی که به شێوه‌ی سیاسی به سه‌ر جیهاندا زاڵ بووه. چوونکا به به باوه‌ڕی رید تئۆریه سیاسیه‌کان هه‌مان تیۆریه سێکسیهکانن که به چوارچێوه‌یه‌کی خوداناسانهوه لایه‌نگری ده‌کرێن؛ و باوکسالاری و جیاڕه‌گه‌زخوازی بنه‌مایه‌کن بۆ سه‌قامگرتوویی نئۆلیبڕاڵی، ئێستا که له لایه‌ن خوداناسی په‌ره‌سه‌ندووی باکووری ئاتلانتیکه‌وه لایه‌نگری لێ ده‌کرێ(رید، هه‌مان: 176) مشتومڕه‌کانی نێوان ئه‌ندیشه‌ی سیاسی پۆستمارکسیزم و تئۆری سێکسوال له ئه‌مریکای لاتین، به رای رید نموونه‌یه‌که له ده‌سکه‌وتی ئه‌و هێژمۆنیه زاڵه سیاسیه که ده‌سکه‌وتی خوداناسی جیاڕه‌گه‌زخوازی باکووری ئاتلانتیکه.
سه رچاوه کان:
- Althaus-Reid, M .(2001) Indecent theology: Theological perversions in sex ,gender, and politics, New York :Routledge
- Cone,James.H(1970) A Black Theology of Liberation, Philadelphia, Lippincott
- Cone,James.H(1975) God of the Oppressed, NewYork, Seabury
- Cone,James.H.(1969) Black Theology and Black Power, NewYork, Seabury
- Davie, Grace (2004) Creating and Agenda in The Sociology of Religion, Common Sources, Different Pathways Sociology of Religion. V:65, N: 4, pp: 323-340
- Gamson, J (1995) Must identity movements self-destruct? A queer dilemma. Society Problem, N: 42, p: 390-407
- Goss, R. E .(2002)Queering Christ: Beyond Jesus acted up .Cleveland :Pilgrim Press
- Green, AI (2002) gay but not queer: Toward a post-queer study as sexuality. Theory Society, N: 31, P: 521-45
- Green, T.H(1992) Immanuel Kant, Critical Assessments, article of the Good, London and New York: Routledge
- Gutierrez, Gustavo(1988) The Theology of Liberation, Translated by sister Caridad Inda and John Eagleson, Maryknoll, NewYork, Orbis
- Spargo, T(1999)Foucault and Queer Theory, New York, Totem Books
- Stein, A & Plummer, K (1996) “I can’t even think straight”: “Queer” theory and the missing sexual revolution in sociology. In Queer Theory/Sociology, ed. S, Seidman, Cambridge: Blackwell
[1] Queer
[2] Unorthodox
[3] antiassimilationist
[4] Self-mastery
[5] Gender Trouble
[6] performativity
[7] bisexual
[8] Indecent theology
[9] Homosexuality
[10] Hetrosexuality
[11] Constructed
[12] Gender
[13] Binary
[14] Robert E. Goss
[15] Jesus Acted Up: A Gay and Lesbian Manifesto
[16] Queering Christ: Beyond Jesus Acted Up
[17] sexual/spiritual awakening
[18] Mark Jordan
[19] macho religiosity
[20] misogyny
[21] Joe Kramer
[22] heart-genital connection/full-body orgasm
[23] barebacking
[24] non-procreative pleasure
[25] adoptive children
[26] supremacism
[27] biphobia
[28] Marcella Althaus-Reid
[29] Continental Philosophy
[30] Meta-Narrative
[31] Mariology
[32] authentic
[33] the Virgin Mary
په یوه ندی