Loading...

  • MOC.OOTAHAD
  • selcitrA seidutS erutuF
  • MOC.OOTAHAD

وەرگێڕان و دەسەڵات



وەرگیڕانی گرێبەستی وێتینگی

بەکارهێنانی وەرگێڕان بۆ لێ‌سەندنەوەی سەربەخۆیی


سابین فێنتۆن و پۆل مۆن

وەرگێڕان: چنوور فەتحی


گرێبەستی وێتینگی ساڵی ١٨٤٠ لە لایەن ویلیام هابسن نوێنەری پاشای بریتانیا و زیاتر لە پانسەد کەس لە بەرپرسانی هۆزەکانی مائۆری‌ییەوە واژۆ کراوە. ئەو تاپۆیه ی کە مائۆرییەکان واژۆیان کرد نوسخەی وەرگێڕدراوی پەیمانەکە لە ئینگلیزییەوە بۆ سه ر زمانی مائۆری بوو. ئەم ڕێکه وتن نامە یه ساڵانێکی زۆر بە هێمای لەدایک بوونی نەتەوەی نیوزلاند دەهاتە ئەژمار. لە قۆناغێکیدا کە هاتنه ناوه وه ی نەتەوەیەکی بەهێز بۆ ولاتێکی دیکە و بەدەستەوە گرتنی حکوومەتی خۆجێیی هێندەش نائاسایی نەبوو، ئەم پەیماننامە یه بە بەڵگەیەکی گرنگ لە قەڵەم دەدرا. گرێبەستی وێتینگی دەربڕی شێوازی نوێی بەرەو ڕوو بوونەوەی کۆلۆنیالیزم لەگەڵ پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافەکانی خەڵکانی خۆجێیی کۆلۆنییەکە وه بوو. ئەمە جگە لەوەی کە بە کەیسە دەگمەنەکانی بەرەو ڕو بوونەوەی نائاسایی پاشایەتیی بریتانیا بۆ ڕێکخستنی گرێبەستەکەش دادەنرێت.

    سەرۆک وەزیرانی پێشووی نیوزلاند، دەیڤید لانژ، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم گرێبەستە "... دەتوانێ بەهێزترین سیمبۆلی یەکگرتووییمان بێت." هەرچەند لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە مائۆرییەکان و نیوزیلاندییە بە ڕەچەڵەک ئەورووپییەکان، گرێبەستی وێتینگی بە فڕت و فێڵ دەزانن. ئەم گرێبەستە بە ڕواڵەت دوو کولتووری جیاوازی لە فەزایەکی هاوڕێی ڕێز وباوەڕی بەرامبەر لێکدی نزیک کردبوە وه  که چی "وەرگێڕان" بە ڕادەیەکی زۆر بوو بە هۆی لە نێوچوونی ئەم باوەڕە و گەلێک بشێوی و تاڵیی لێکەوتەوە.

   هێنری ویلیامزی بانگەشەکاری کڵێسەی ئینگلیزی و وەرگێڕی ئەم گرێبەستە، پێشتر کاری وەرگێڕانی ئەنجام دابوو و ئاگاداری ئامانجە ستراتیژیکییەکانی ئەم گریبەستە کۆلۆنیالیستییە بوو. ئەو بۆ ئەوەی لە ڕێککەوتن لەگەڵ مائۆرییەکان دڵنیا بێت، هەندێ وشەی تەمومژاوی و نادیاری لە وەرگێڕانەکەیدا بەکار هێنابوو. وەرگێڕانەکەی لەو ڕووەوە کە مائۆرییەکانواژۆیان  کرد، سەرکەوتوو بوو، بەڵام بەتەواویی وەرگێڕانێكی وەفادارانه و بەئەمەگی دەقە ئینگلیزییەکە ی نەبوو. ئەمڕۆکە بەڵگەی زۆر کەم سەبارەت بە هانە و هاندەری ویلیامز بۆ درووستکردنی ئەم جۆرە نادیاریی و تەمومژیه لە بەردەستدایە.

بۆ دۆزینەوەی تێبینییەک بۆ ئەوەی کە ئەم وەرگێڕانە چۆناوچۆن دەسەڵاتی لە نەتەوەیەکی ئازاد و سەربەخۆ سەندەوە، دەبێ هەلومەرجە مێژووییەکانی وەرگێڕانەکە لێک بدەینەوە. دەکرێ لەم ڕێگەوە لەو هێزانەی که کاریگەرییان لە سەر وەرگێڕ دانابوو و یارمەتییان دابوو که وەرگێڕانەکە بەم شێوە یه بیچم بگرێت، تێبگەین.

کاپتن ویلیام هابسن ڕۆژی ٢٩ی ژانڤییەی ١٨٤٠ لە حاڵێکدا گەیشتە نیوزلاند کە لە لایەن دەوڵەتی بریتانیاوە بەتەواوی دەستی ئاوەڵا بوو تاوه کوو بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ پاشای بریتانیا لەگەڵ مائۆرییەکاندا دانووستان بکات. ئەم ڕووداوە بەرهەمی حەفتا ساڵ "پێوەندیی پر له قازانج" لە نێوان مائۆرییەکان و بریتانیاییەکاندا بوو.  

سەرەتا بریتانیاییەکان ئه‌ وه نده‌ خوازیاری دەستێوەردانی فەرمی لە نیوزلاند نەبوون، چونکوو "نیوزلاند بە بازاڕێکی پر له ئاستەنگ دەهاتە ئەژمار و بۆ سەرمایەداڕشتن لەوە نەدەچوو کە پێگەیەکی باشی هەبێت"، جگە لەوەش دەوڵەتی ئەوکاتی بریتانیا زۆر حەزی لە پەرەدان بە ئیمپراتووریاکەی نەبوو. هەروەها هەستی مرۆڤدۆستیی بەهێزی ئەو قۆناغە و هەستیاریی بەرامبەر بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان بوو بە هۆی ئەوەی کە بریتانیا قازانجە کۆلۆنیالیستییەکانی خۆی بەناوکۆی بانگەشەکارانی بریتانیایی و ئاژانسەکانی کەڕتی تایبەت بەدەست بێنێت. بەرپرسانی بریتانیایی سیاسەتی کەمترین دەستێوەردانیان بە نیسبەت نیوزلاندەوە گرتبووە بەر. جەنگ و شۆڕشەکانی ئەفریقیای باشوور، هیندستان و کەنەدا ئیمکانیات و توانستیانی بەرتەسک کردبۆوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٨٣٠دا گۆڕانێکی بەرچاو لە ڕوانگەی بریتانیا سەبارەت بە نیوزلاند هاتە ئاراوە.  

پرس و بابەتەکانی تایبەت بە نیوزلاند بە جۆش و خرۆشەوە لە پاڕلەمان و لە کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەخرایە بەر باس و دوو بەرەی بەتەواویی ڕێکخراویش پەرەیان بەم قسە و باسانە دەدا: کۆلۆنی‌نشینەکان لە لایەکەوە و گرووپە مرۆڤ‌دۆستەکان و بانگەشەکارانی کڵێسەی بریتانیا لە لایەکی دیکەوە. سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم نیوزلاند وڵاتێکی ناپیشەسازیی بوو کە کەم تا زۆر هەموو حەشیمەتەکەی سەرقاڵی کێڵگەداری و جەنگەڵبانی بوون. مائۆرییە خۆجێیەکان هێشتا تەنها بۆ بەدەست هێنانی بژیوی ژیان و خوارده مه نی کشت و کاڵیان دەکرد و ساڵانێک دوای ١٨٤٠یش زۆربەی دانیشتووانی وابەستەی ئەم جۆرە ئابوورییەی مائۆریی بوون. بەدەسەڵاتترین دامەزراوە لە نێو کۆلۆنی‌نشینەکاندا کۆمپانیای نیوزلاند بوو. کۆمپانیایەک کە کاریگەریی زۆری لە سەر گۆڕانی سیاسەتی بریتانیادا هەبوو. ئەم کۆمپانیا هاوشێوەی زۆرێک لە کۆمپانیاکانی دیکەی کۆلۆنیالیی لە سەر دەستی ئیدوارد گیبن ویکفیڵد دامەزرابوو.

ویکفیڵد کەسایەتییەکی پڕ هه را بوو کە تیۆرییەکانی لە مەر کۆلۆنیال کاریگەریی زۆری لە سەر بەکۆلۆنیال کردنی نیوزلاند دانابوو. بە بڕوای ئەو، کۆلۆنیالیزم هەم بۆ کۆلۆنییەکە و هەم بۆ بریتانیا کارێکی بەسوود بووە. لە بەر ئەوەی کە لە نه داری و زۆربوونی حەشیمەت ڕزگاری دەکردن. تیۆریی ویکفیڵد پێوەندیی بە فرۆشتنی زەوییەکانەوە بوو، کە کرێکاری پیشەسازییەکان دەیانتوانی لەو ڕێگەوە ببنە موڵکدار و ئەرباب. کۆمەڵگای کۆلۆنیی نوێ، دەبووە هاوشێوەی کۆمەڵگای بریتانیا.

تیۆرییەکانی ویکفیڵد لە زۆر ڕووەوە هەم پێشکەوتوو و هەم دواکەوتووانە بوو. کۆمەڵگای کۆلۆنیی ئایدیالیی ئەو، تایبەتمەندییەکانی لە کۆمەڵگای بریتانیای پێش شۆڕشی پیشەسازیی وەرگرتبوو. ئەو نیوزلاندەی که ئەو وێنەی بۆ کێشابوو، وڵاتی سپی پێستەکان بوو و تیایدا کەمترین گرنگیی بە خۆجێیەکانی ناوچکەکە درابوو.

سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەم مرۆڤدۆستی بریتانیا لە تەشقی کاریگەریدانانی خۆیدا بوو. تا ساڵی ١٨٣٣ بازرگانیی کۆیلە لە ئیمپراتووریای بریتانیا یاساخ کرابوو و قۆناغێکی نوێ بە هاوکاریی ئەنجومەنی بانگەشەکارانی کڵێسە، ئەنجومەنی پشتیوانیی لە خۆجێییەکان و ئەنجومەنی ژیاری ئەفریقیی دەستی پێکرد. ئەم قۆناغه نوێیە، ژیارە سەرەتاییەکانی نێو ئیمپراتووریای بە ئامانج گرتبوو. دامەزراندنی کۆمیتەی هەڵبژێردراوی پاڕلەمانی عەوام بۆ کار و باری خۆجێیەکان لە ساڵی ١٨٣٧، ترۆپکی کاریگەریدانانی گرووپە مرۆڤدۆستەکان بوو. ئەم کۆمیتە بەنیاز بوو باشترین ڕێگاکانی باشترکردنی هەلومەرجی خۆجێییەکان لە کۆلۆنییەکانی بریتانیادا لێک بداتەوە. یەک لە ڕاسپاردەکانی کۆمیتەکە پارێز لە بەستنی پەیمان و گرێبەست لەگەڵ خۆجێیەکان بوو جگە لە حاڵەتێکدا کە مافەکانیان لە بەرچاو بگیریەت.

ئەم ژێستانە بۆ بەرپرسانی کڵێسە و سیاسەتمەدارە پلە خوارەکان لە لەندەن باش بوو بەڵام مەودایەکی زۆری لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بریتانیادا هەبوو، لە بەر ئەوەی کە ڕووداوەکانی نیوزلاند هەڵمەتی دەستبەجێی دەوڵەتی دەویست.

ساڵی ١٨٣٩ کۆمپانیای نیوزلاند سەبارەت بە زەوییە کڕدراوەکان لە لایەن ئەوانەوە لە نیوزلاند بانگەشەی سەیر و سەمەرەی دەکرد. ئەوان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەزاران دۆنم زەوییان بەدەستەوەیە و ئامادەن بە باڵاترین نرخی پێشنیارکراو بیفرۆشن.له ژانڤییەی ١٨٤٠ ویلیامز ویلیامزی بانگەشەکاری کڵێسە لە نامەیەکدا بۆ ئەی. مارش باس لە نائەخلاقی بوونی ئەم کڕینانە دەکات: "... ئەورووپییەکان هەوڵ دەدەن لە هەموو شوێنێک زەوی بکڕن و بە دانانی واژۆی خۆجێییەکان لە ژێر ئەوبه ڵگا نه ی پارێزەرەکان لە سیدنی ئامادەیان کردووە، فێڵیان لی دەکەن و بەم شێوە یه به بێ هیچ لێکدانەوەیەک زەوینەکانیان لە چنگ دەردێنن".

بەڵام جگە لە گوشارەکانی کۆلۆنی‌نشینەکان و گرووپێکی مرۆڤدۆست، کێشەیەکی سیهەمیش لە ئارادا بوو؛ کێشەکانی تایبەت بە بێ‌یاسایی لە ڕادەبەدەرە لە نیوزلاند. بۆ نموونە دەکرێ ئاماژە بە خراپ بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکولییەکان، توندوتیژی و تاوان و جینایەتی نێوان ئەورووپییەکان بکەین، بەڵام لەو ڕووەوە کە نیوزلاند لە ژێر حوکمڕانیی بریتانیادا نەبوو، بە کردەوە بەرامبەر بەم بێ‌یاساییانە نەیدەتوانێ هیچ کارێک بکات. دانیشتووانی بەڕێزی نیوزلاند، بانگەشەکارانی بریتانیایی و گەورەکانی مائۆرییەکان چەندین جار بە واژۆاکردنی تۆمار، داوای پشتگیرییان لە دەوڵەتی بریتانیا کردبوو و خوازیاری کۆنتڕۆڵ کردنی هەلومەرجی قەیراناویی وڵات بوون.

لە ساڵی ١٨٣٧ بەملاوە بەرپرسانی بریتانی زیاتر و زیاتر لەم ڕاستیه گەیشتن کە دەستێوەرانی بریتانیا لە نیوزلاند حاشاهەڵنەگرە و ئەم پرسیارە گەڵاڵە کرا کە ئەم دەستێوەردانە چۆناوچۆن ئەنجام بدرێت. گرنگیدان بە هەلومەرجی نیوزلاند و لە بەرچاو گرتنی بیر و ڕای گشتی لە هەر دوو وڵاتی بریتانیا و نیوزلاند گەلێک گرنگ بوو. ئاکام ئه مه بوو که کاتێک کۆمپانیای نیوزلاند کۆڵۆنێڵ ویلیام ویکفیڵدی بۆ کڕینی زەوین و جێگیربوون بۆ نیوزلاند نارد، کاتی کردەوە هاتبوو و پێویست بوو دەوڵەتی بریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییانی بریتانیا لە لایەکەوە و دابین کردنی ئاسایشی مائۆرییەکان لە لایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتی ڕەهای لە نیوزلاند بەدەستەوە گرتبا. کاپتن ویلیام هابسن ئەرکی بەستنی گرێبەستێک لەگەڵ مائۆرییەکانی پێ سپێردرا کە بە و هۆیەوە بریتانیا بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕەها لە نیوزلاند، هاووڵاتی بوونی بریتانیا و پشتیوانیی بەرامبەر بە دەسەڵاتە بیانییەکانی بە مائۆرییەکان دە به خشی.

هابسن لە حاڵێکدا کە تاپۆیەکی داڕێژراوی بەدەستەوە نەبوو و تەنها لە لایەن بەرپرسانی باڵاوە کۆمەڵێک ڕێنوێنیی گشتیی سەبارەت بە شوناس و ناوەرۆکی گرێبەستەکە کرابوو،  چووە نێو کۆمەڵە دوورگەکانی نیوزلاندەوە. ڕاسپاردەکانی کۆرد موڕمان بی، وەزیری کۆلۆنییەکان، ڕەنگی هەستی مرۆڤدۆستیی ڕاستگۆیانەی ئەوی بە نیسبەت مائۆرییەکان و چارەنووسیانەوە پێوە بوو. هەرچەند کاتێک کە قسەی وردەکارییەکانی سیاسەتەکانی ئەوان لە نیوزلاند دەهاتە گۆڕێ، ئەم هەستانە بە ڕادەیەکی بەرچاو بە هۆی ڕوانگەی واقیعبینانە و کردەگەراییانەوە هێور دەبووەوە. پەیام و ناوەرۆکی ڕێنماییەکان بە تەواویی دژ بە یەک بوون. بۆ هابسن هیچ گومانێک نەمابووەوە کە ئەرکی ڕاگواستنی دەسەڵات و حوکمڕانیی بۆ بریتانیای کەوتۆتە ئەستۆ، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە جەخت کرابووەوە کە ئەم ڕاگواستنە دەبێ " لە سەر بنەمای پڕەنسیپەکانی ڕاستگۆیی، دادپەروەری و نیازپاکیی جێبەجێ بکرێت". لۆرد نۆڕان بی، لە پێشەکییەکەیدا باس لە "دەستدرێژی و لاقەی" بریتانیاییەکان دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە جەخت دەکاتەوە کە مائۆرییەکان ڕیگەیان نییە بچنە نێو ئەو گرێبەستانەوە کە ده ربارەیەوە زانیارییان نییە.

بەرپرسیارێتیه کی هەستیارووزاڵ بوون بە سەر ئەم پاڕادۆکسانە و پێکانی مەبەست، هه مووی کەوتبووە ئەستۆی هابسن ه وه. گرێبەستەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێک دوای چوونی هابسن بۆ نیوزلاند داڕێژرا و لەو ڕووەوە کە ئەو زانستی یاسایی نەبوو، سوودی لە یارمەتیی جەیمز بازبی و جەیمز فریمان کە هەر دووکیان نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا لە نیوزلاند بوون، وەرگرت که ئەنجامه که ی کۆمەڵەیەکی تەڤلی هەڤ بوو بە ناوی گرێبەستی ڤێتینگی.

دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارەمی فێبریڤەری ١٨٤٠، هابسن بڕیاری دا که ئەم لا په رە لە گرێبەستەکە وەربگێڕێتە سەر زمانی مائۆری که  تا سبه ی بەیانیی ڕۆژی دواتر بۆواژۆ کردن ڕادەستی کۆڕی سەرۆک عەشیرەکان بکرێت. هێنری ویلیامز، بەرپرسی کۆمەڵەی بانگەشەکاری کڵێسە لە نیوزلاند، بۆ وەرگێڕانی گرێبەستەکە هەڵبژێردرا. هابسن و ویلیامز هەردوویان لە بابەتەکانی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بریتانیا هاوڕا بوون. هابسن بەر له ڕێکەوتنیی لە بریتانیاوە،پێی ڕاسپێردرابوو که لە یارمەتی و هاریکاریی ئەو بانگەشەکارانەی دەتوانن بەمەبەستی پشتگیریی گرێبەستەکە کاریگەریی لە سەر مائۆرییەکان دابنێن، کەڵک وەربگرێت. لە لایەکی دیکەشەوە قه شه ی باڵای ئۆسترالیا داوای لە هێنری ویلیامز کردبووکه دەسەڵاتەکەی بۆ کاریگەریدانان لە سەر سەرۆکی عەشیرەکانی نزیک لە خۆی بەکار بێنێت تاوەکوو ئەوان بە خواست و حەزی خۆیان دەسەڵات بە پاشا بسپێرن.

بێگومان هێنری ویلیامز لە نێو بانگەشەکارە ئایینییەکاندا سیمایەکی دیار بوو و لە ماوەی دوازدە ساڵ مانەوەی لە نیوزلاند حورمەت و ستایشی ژمارەیەکی زۆر لە مائۆرییەکانی بەدەست هێنابوو. لە زۆربەی ناوچەکانی نیوزلاند دەیانناسی و ڕیزیان لێدەگرت. پیاوێک بوو بەرپرس، بوێر و بەهێز کە بە "باوکی ڕاستەقینەی هەموو هۆزەکان دەهاتە ئەژمار".

بانگەشەکارانی کڵێسەی بریتانیا ساڵی ١٨١٤ وەک کۆمەڵەی بانگەشەکارانی کڵێسە چوون بۆ نیوزلاند. هەر لە سەرەتاوە ئەرکیان تەنها بانگەشە کردن بۆ ئینجیل نەبوو بەڵکوو بەردەوام هەوڵیان دەدا ئەو ئایدیایه درووست بکەن کە پاشایەتیی بریتانیا گرنگییەکی باوکانە بە بەختەوەری و کامەرانیی مائۆرییەکان دەدات. ئەوان گرووپێک لە ڕیبەرانی مائۆرییشیان بە کۆڕ وجڤاتە حکوومییە بریتانیاییەکان لە سیدنیی ئۆسترالیا و بریتانیا ناساند. ساڵی ١٨١٢ جۆرجی چوارەم، پاشای بریتانیا، سەرۆک عەشیرەکانی مائۆریی بینی. ئەم دیدارە بە پێی شرۆڤەی مائۆرییەکان بە مانای بەستنی پێوەندییەکی تایبەت و هاوڕێیانە لە نێوان مائۆرییەکان و پاشا بوو. هەندێ دۆخ و پێگەی دیکەش کە لە دەیەکانی دواییدا هاتنە ڕوودان،  داکۆکییەک بوو لە سەر نیازپاکیی پاشا بەرامبەر بە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان.

تا ساڵی ١٨٤٠ دەسەڵاتی کڵێسە و کاریگەرییەکانی لە سەر هەموو ڕەهەندەکانی ژیان لە نیوزلاند، گەشتبووە تەشق و ترۆپکی خۆی. کڵێسە لە مەیدانی سیاسیدا دەورێکی دووانەی دەگێڕا: هەم پشتیوانی و پشتگیریی لە نوێنەرانی پاشای بریتانیا لە نیوزلاند دەکرد و هەم لە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان.

کاریگەریی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی کڵێسە پێش کاریگەرییە ڕوحانییەکەی کەوتبوو. بانگەشەکاران تەنها مۆعیزەیان نەدەکرد بەڵکوو چالاکانە بەشدارییان لە  کۆمەڵگا و ژیانی مائۆرییەکاندا دەکرد. ئەوان مرۆڤخۆری، کۆیلەداری و فرەژنییان سەرکۆنە دەکرد، چاوەدێریی نەخۆشەکانیان دەکرد و لە دابین کردنی ئاشتیی لە نێوان ئەو عەشیرانەی که لە شەڕدا بوون، ناوەندگیرییان دەکرد. ئەوان هەروەها زمانی نووسینی مائۆرییان بەدیهێنا بە شێوەیەک کە مائۆرییەکان لەوانەوە فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانەکەکان بوون. بەرهەمهێنانی قامووسی مائۆری و وەرگێڕانی دەقە ئایینی و حقووقییەکان چالاکییەکی دیکەی بانگەشەکارە بریتانیاییەکان بوو. یەکەم مائۆری له دەیەی ١٨٣٠ دا هاتە سەرئایینی مەسیحی و زۆرێک لەو مائۆرییانەی که ببوون بە مەسیحی، بیر و باوەڕە تازەکانیان لەگەڵ چالاکییە ئایینیی و نەریتیی مائۆرییەکان دا ئاوێتە کردبوو. یەک لە هۆکارە گرنگەکانی هۆگریی و خواستی مائۆرییەکان بۆ مەسیحییەت، بەدەستهێنانی خوێندەواری بوو. ئەوان زۆریان پێ خۆش بوو که فێری خوێندنەوە و نووسین بن. مامۆستاکانیان بانگەشەکارانی مەسیحی بوون و تاکە سەرچاوە و کتێبێک کە مائۆرییەکان لەو سەردەمەدا دەیانتوانی بیخوێننەوە، ئینجیل و دەقە ئایینییەکانی دیکە بوو. مائۆرییەکان لەو کاتەوە کە ببوونە هاونیشتیمانیی نیوزلاندییە بەڕەچەڵەک ئەورووپییەکان ئیترتێگەیشتبوون کە ئەورووپییەکان گرنگییەکی زۆر بە دەق و تێکستە نووسراوەکان دەدەن. بانگەشەکارە مەسیحییەکان پێیان دەوتن کە وتەی خواوەند بەو شێوەی کە لە ئینجیلدا هاتووە لە ڕاستیدا پەیمانێکە لە نێوان خواوەند و پەیڕەوانی مەسیح. ئەم ئامۆژانە بوو بە هۆی ئەوەی کە مائۆرییەکان گرێبەستی وێتینگی بە پەیمانێک لە نێوان شاژن و خۆیاندا ببینن و بانگەشەکارانی مەسیحیش بەم ڕوانگە پەرەیان دەدا.

بەرپرسیارێتیی هەستیاری وەرگێڕانی دەقی گرێبەستەکە سپێردرا بە هێنری ویلیامز. ئەو بۆ ڕیک و پێک کردنی دوو کولتووری جیاواز تەنها چەند کاتژمێری شەوی بەدەستەوە بوو. ویلیامز زمانی مائۆریی زۆر بە باشی دەزانی، ڕەوان و پاراو قسەی دەکرد و بە ساڵان سەرقاڵی وەرگێڕانی دەقە ئایینییەکان بۆ سەر زمانی مائۆریی بوو. ویلیامز وەرگێڕ نەبوو بەڵام ئاگاداری هەندێ ڕەهەندی تیۆریکیی وەرگێڕان بوو.

ئیدوارد، کوڕی بیست ساڵانی ویلیامز، کە لە نیوزلاند گەورە ببوو و بە شێوەزاری ناوچەکە ئاشنا بوو لە وەرگێڕانەکەدا یارمەتیی دەدا. لەو تەمەنەدا پێدەچوو دەرکی بڕێک لە چەمکەکانی ئەم گرێبەستەی لە ئینگیزییەکەشدا بەلاوە دژوار بێت، چ بگات بە توانستی وەرگێڕانیان بۆ زمانی حقوووقیی مائۆریی. لە هیچ شوێنێکدا باسی ئەوە نەکراوە کە ئاخۆ کەڵک لە یارمەتیی مائۆرییەکان بۆ وەرگێڕانی گرێبەستەکە وەرگیراوە یان نا. لە ڕاستیدا هەلومەرج و پێویستیی ئەو ڕۆژە هۆکار بوو تاوەکوو ویلیامز و کوڕەکەی وەک وەرگێڕی ئەم تاپۆ هەرە گرنگە حقووقییە دەسنیشان بکرێن. کەسانێکی دیکەش هەبوون کە لێهاتوویی و تواناییەکی زۆر زیاترین بوو بەڵام دوور بوون. هابسن بە هۆی فەوریی بوونی بابەتەکەوە ناچار بوو لەو کەسانەی لەو نزیکانەدا بوون و هەڵبەت ویستیاری هاوکاریش بوون، سوود وەربگرێت.

بە بەراورد کردنی دوو دەقی ئینگلیزی و مائۆری دەکرێ که لە ستراتیژەکانی ویلیامز لە وەرگێڕانەکەدا تێبگەین. هه ر وەک خۆشی گوتوویەتی، ئەو وشانەی که لە زمانی مائۆریدا هاوواتای ڕاستەوخۆیان نییە لە وەرگێڕانەکەدا سڕاونەتەوە. دەقی ئاڵۆز و پسپۆڕانەی ئینگلیزی گۆڕدراوە بۆ دەقێکی ساکاری مائۆری ئەویش بە سڕینە وه یه کی هەرە زۆروە. لە وەرگێڕانی هەندێ وشەی دیاریکەر و چاەنووس‌ساز لە باتیی ئەوەی کە نزیکترین وشەی سروشتیی زمانی مائۆریی بەکار بهێنن، کەڵکیان لەو وشە و چەمکانەی که بۆ وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانی مائۆری بەکار هاتوون، وەرگرتووە. مائۆرییەکان بە زۆری تێگه یشتنێکی جیاوازیان بە نیسبەت ئەم وشە و چەمکانەوە هەبوو.

بەراوردی وەرگێڕانەکە لەگەڵ دەقی سەرچاوه دا بە لەبەرچاو گرتنی تایبەتیی ژمارەیەک پاڕامێتری سه ره کی وەک حوکمڕانی و خاوەندارێتیی زەوین، نیشانی دەدات کە چۆناوچۆن وەرگێڕانی گرێبەستەکە پێوەندیه کی دوو جەمسەریی نێوان مائۆرییەکان و نیوزلاندییە بەڕەچەڵەک ئەورووپییەکانی پێک هێناوه.

گوایە لەو سەردەمەدا مائۆرییەکان هیچ دەرکێکیان لە چەمکی حوکمڕانیی یان سەربەخۆیی نەبووە و هەر بۆیە هیچ وشەیەکی بەرامبەر بۆ ئەم چەمکانە لە ئارادا نەبووە. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەمە نیشان دەدات. ساڵی ١٨٣٥، سی و چوار کەس لە سەرۆکەکانی عەشیرە و هۆزە مائۆرییەکان وەک کاردانەوە بەرامبەر بە پەرە و گەشەی بەرژەوەندییەکانی فەڕەنسییەکان لە نیوزیلاند، ڕاگەیاندراوی سەربەخۆییان ئیمزا کرد کە لە لایەن نووسینەگەی کۆلۆنیالیی دەوڵەتی بریتانیاوە بە فەرمی وەرگیرا.

لە ڕاستیدا ڕاگەیەندراوی سەربەخۆیی وه ک جەخت کردنەوەیەک بوو لە سەر مافی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمیی مائۆرییەکان کە بە هاندانی نوێنەری دەوڵەتی بریتانیا لە سەر دەستی کەمتر لە ١١%ی سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان ئیمزا کرا کە هەڵبەت دوای سێ ساڵ بە کردەوە بێ بایه خ کەوتەوە. سەیر ئەوەیە که لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەستەواژه ی سەربەخۆیی نیوزیلاند بۆ وشەی tranga tiratanga وەرگێڕدراوە کە لە لایەن بریتانییەکانیشەوە پەسەند کرابوو. وشەیەکی دیکەش هەیە کە بە بڕوای مائۆرییەکان چەمکی ئاڵۆزی حوکمرانیی ڕوون و بەجوانی دەردەبڕێت و ئەویش وشەی  manaیە. هەر دوو وشەی ناوبراو دەربڕی مەعریفەی مائۆرییەکان بە نیسبەت خۆیانەوە وەک نەتەوەیەک لە نێو نەتەوەکانی دیکە و هەڵگری دەوری خۆیان لە کۆولتووری خۆیاندایە. هەر دوو وشەکە بە ڕێژەیەکی زۆر لە ساڵی ١٨٤٠دا بەکار هێنراوە.

هێنری ویلیامز لە باتیی بەکارهێنانی ئەم وشە و دەستەواژه مائۆرییانە بڕیاری دا که بۆ چەمکە دیاریکەرەکانی حوکمڕانی و سەربەخۆیی kawanatanga بەکار بێنێت، وشەیەک کە لە سەر دەستی بانگەشەکارانی مەسیحییەوە درووست بووە و لە kawa  بە مانای فەرماندار وەرگیرابوو. ئەو مائۆرییانەی تازە ببوون بە مەسیحی باش ئەم وشەیان دەناسی چون هەم لە ئینجیلدا و هەم لە دەقە ئایینییەکانی دیکەی وەرگێڕدراو لە لایەن بانگەشەکارانی مەسیحییەوە بەکار هێنرابوون.

وشەی kawanatanga که لە ئینجیلدا بۆ ئاماژە پێدان بە پۆنس پیلات و فەرماندارییەکەی بەکار هێنرابوو له حاڵیکدا لە ئینجیلی کینگ جەیمزدا بە مانای پاشایەتیی خواوەند بەکار دەهێنرا. پێدەچێت بەکار هێنانی وشەی kawanatanga لە نوسخەی مائۆریی گرێبەستەکەدا بۆتە هۆی ئەوەی کە سەرۆکی عەشیرەکان لایان وابێت بە دەسەڵاتی بەرتەسکی بریتانیاییەکان لە ناوچەکەدا قایل دەبن و سەربەخۆیی و حوکمڕانیی تەواو و پڕاوپڕی مائۆرییەکان بەردەوام دەبێت.

لە وەرگێڕانی بڕگەی دوهه می گرێبەستەکەشدا هەندێ کێشە لە ئارادا بوو. لە دەقی ئینگلیزیه که یدا گوتراوە که شاژن ... خاوەندارێتیی پاوانکراو و تەواوی سەرۆکی عەشیرەکان و خەڵکی عەشیرە و هۆزەکانی نیوزلاند و بنەماڵە و کەس و کاریان بە سەر زەوییەکان، موڵکەکان، جەنگەڵەکان، شیلات و سامان و داراییەکانی دیکەیان کە بە شێوەی تاکەکەسی یان بەکۆمەڵ هەیانە، بە فەرمی دەبینێت و گەرەنتییان دەکات تا کاتێک کە بە خواست و حەزی خۆیان ئەم داراییانە ڕادەست بکەن.

که چی ئەم بڕگەیه لە وەرگێڕانی مائۆرییەکاندا بەم شێوە هاتووە: (وەرگێڕانی پێچەوانە) شاژنی بریتانیا ڕازییە بەوەی کە لە سەرۆکی عەشیرەکان و هۆزە بچووکترەکان و هەموو خەڵکی نیوزلاند بەرامبەر بە چالاکیی ناکارامە پاریزگاریی لە زەوی و زار و لادی و گەنجینەکانیان بکات.

لە وەرگێڕانە مائۆرییەکاندا نەک هەر مەرجی خاوەندارێتیی تاکەکەسی و کۆیی سڕدراوەتەوە بەڵکوو جەنگەڵەکان و شیلاتیش لە کۆمەڵەی ئەو داراییانەی که گەرەنتیی دەکرێن، دەرکراو و لە باتیی ئەوان وشەی نادیاری tangakatoa بە مانای گەنج یان گەنجینەکان بەکار هاتووە. وەرگێڕانی دەستەواژه ی گەرەنتیی خاوندارێتی کە لە دەقه ئینگلیزیه که یداهاتووە بۆ دەستەواژه ی tetino rangatiratanga وەکیتر بۆتە هۆی سەرلێشێوان و نادیاری. چون ئەم چەمکە لە زمانی مائۆرییدا زۆر بەربڵاوترە لە خاوەندارێتیی لە زمانی ئینگلیزیدا.

ئەم چەمکە لە زمانی مائۆریدا ئۆتۆریتیی و مافی کۆنتڕۆڵ کردن دەگرێتەوە و زۆرتر لە مانا ئینگلیزیه که ی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی ڕەها نزیکترە. مائۆرییەکان بە شێوەی نەریتی بە سەر زەویدا خاوەنی خاوەندارێتیی نەبوون. هەر عەشیرەیەک ناوچەیەکی لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا هه بوو، بەڵام زەوی هی نەوەکانی پێشوو، هەنووکە و داهاتوو بوو. زەوی کاڵایەک نەبوو بکرێ بگوێزرێتەوە یان ئاڵوگۆڕ بکرێت. خەڵک لە ڕاستیدا بەشێک بوون لە زەوی، نەیاندەتوانی خاوەنی بن. ئەم دوو وێنا زۆر جیاواز و ناهاوشێوە سەبارەت بە وتەزای زەوی، گەیشتنی دوو لایەنی گرێبەستەکەی بە تێگەیشتنێکی بەرامبەر، ئەویش بە وەرگێڕانێکی بە پێێ دانانی وشە لە باتیی وشە، نامومکین دەکرد. ئەم گرێبەستە تایبەتمەندییەکانی کولتووری مائۆری و تێگەیشتنی ئەوان بە نیسبەت وتەزای زەویی، کە لە یەکگرتوویی کولتوورییاندا گرنگیی تایبەتیی هەیە، لەبەرچاو نەگرتووە. بەشی دووهەمی ماددەی دووی گرێبەستەکەش باسی کڕین و فرۆشتنی زەوی دەکات. لە ده قه ئینگلیزیه که یدا هاتووە که: "سەرۆکی عەشیرە هاوپەیمانەکان و سەرۆکی عەشیرە سەربەخۆکان مافی لەپێشبوونی کڕینی ئەو زەوییانەی خاوەنەکانی بەنیازی فرۆشتنین، بە شێوەی پاوانکراو دەدا بە شاژن".

لەم بەشەدا وشەی مافی لەپێشبوونی کڕین بە hokonga وەرگێڕدراوەتەوە، وشەیەک کە مائۆرییەکان بۆ کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕی کاڵاکانیان کەڵکیان لێوەردەگرت. لە هیچ شوێنێکی وەرگێڕانی مائۆری باسی مافی پاوانکراوی پاشایەتیی بریتانیا بۆ کۆنتڕۆڵی سەرجەم کڕین و فرۆشتنەکانی زەوی نەکراوە.

وەرگێڕانی ماددەی سێهەم لە چاو بەشەکانی دیکە کەمتر بۆتە هۆی جیاوازی و ناکۆکی. ده قه ئینگلیزیه که بەم شێوەیە:

... شاژن سەرجەم دانیشتووانی نیوزلاند بە پاراستی شاهانەی خۆی دەپارێزێت و ئەوان لە هەموو ماف و جیاوەکەکانی هاووڵاتییانی بریتانیایی بەهرەمەند دەبن.

و وەرگێڕانی مائۆریه که ی بەم شێوەیە: (وەرگێڕانی پێچەوانە)

... شاژنی بریتانیا پاریزگاریی لە هەموو خەڵکی ئاسایی نیوزلاند دەکات و ماف و ئەرکی هاووڵاتیبوونی هاوشێوەی خەڵکی بریتانیایان دەبێت.

لێرەشدا دیار نییە مائۆرییەکان پێمل و گوێڕایەڵی چ یاسایەک دەبن، هەڵبەت لە دەقی ئینگلیزیشدا دیاری نەکراوە و چاوەڕێ نەدەکرا که واژۆکەرانی مائۆریی بەم شێوە یه تەواو لێی تێبگه ن.

هەڵبەت گرێبەستی وێتینگی تەنیا تاپۆیەکی نووسراو نەبوو. ڕێککەوتننامەیەکی زارەکیش بوو. مائۆرییەکان پێش هاتنی ئەورووپییەکان تەنها وشەکانیان دەبیست و هیچ وێنایەکیان سەبارەت بە ڕواڵەتی وشەکان لا نەبوو. دوای ئەوەی مائۆرییەکان بە یارمەتیی بانگەشەکارانی مەسیحی فێری خوێندەواریی بوون، هێدی هێدی هەلومەرجەکە ڕووی لە گۆڕان نابوو، بەڵام ناتوانین لە مەڕ ئاستی خوێندەوارییان لە کاتی واژۆی گرێبەستەکەدا ڕایەکی ورد دەرببڕین. گوتە زارەکییەکان وەک جاران هێزێکی بەرچاویان هەبوو، و لێهاتوویی ئاخاوتنی باش بەردەوام لە نێو مائۆرییەکاندا بە لێهاتووییەکی گرنگ دەهاتە ئەژمار. زۆر بە وردی گوێ لە قسەی گەورەکان دەگیرا چون ئەوانیان بە خاوەنی هزری کۆیی و ئەزموون دەزانی. بە هۆی گرنگیی نەریتیی کەلامی زارەکیی لە کولتووری مائۆرییەکاندا، هۆبسن سەرۆکی عەشیرەکانی بۆ بییستنی دەقی گرێبستەکە و لێکدانەوەکانی هێنری ویلیامز بانگهێشت کرد.

له بەیانیی ڕۆژی پێنجەمی فێبریڤه ری ساڵی ١٨٤٠ دا، جەماعەتێکی زۆر لە وێتینگی کۆ ببوونەوە. سەربازەکان، بانگەشەکارانی مەسیحی، دانیشتووانی پێشوو، دانیشتووانی نوێ و زۆرێک لە سەرۆکی عەشیرە مائۆرییەکان لەگەڵ مولازمەکانیان ئامادە ببوون. هۆبسن بە کورتی لێدوانێکی ئاراستە کرد و گوتی ئامانج لەم کۆبوونەوە وەرگرتنی ڕەزایەتی سەرۆکی عەشیرەکان بۆ واژۆ کردنی گرێبەستێکە. دواتر بە دەنگی بەرز دەستی کرد بە خوێندەنەوەی دەقی ئینگلیزیی گرێبەستی وێتینگی. دوای ئەویش هێنری ویلیامز وەرگێڕانی دەقەکەی بە زمانی مائۆریی خوێندەوە. بێدەنگییەکی قورس باڵی بە سەر ئەو ناوەدا کێشابوو. ویلیامز لەگەڵ خوێندنەوەکەیدا هەندێ تێبینی و لێکدانەوەشی زیاد دەکرد. هەرچەند بەڵگە و تاپۆکان نیشانی دەدەن کە ئەم لێکدانەوانە ڕوونکردنەوەیەک بۆ ناوەرۆکی گرێبەستەکەی نەبوو و تەنها لەسەر ئەو دەسەڵات و ئیختیاراتەی گرێبەستەکە بۆ بەرەو ڕوو بوونەوەی بێ‌یاسایی و ڕەفتاری زیده ڕۆیانە بە بریتانیای دەدا، چڕ ببۆوە. باوکی ویلیامز کە پێشتر پەیامی خواوەند و بەها مەسیحییەکانی بە دیاریی بۆ هێنابوون لە کۆتایی وتەکانیدا پێوەندیی نزیکی شاژن و خەڵکی مائۆریی بیر هێنانەوە و ڕایگەیاند که خۆی لەگەڵ ئەم گرێبستە هاوڕایە. دوای بیستنی دەقی گرێبەستەکە بە زمانی مائۆری، سەرۆکی عەشیرەکان دەستیان کرد بە تاوتوێ کردن و تا ئیوارەی هەمان ڕۆژ باس و مشتومڕی هاوڕا و ناهاوڕا بەردەوام بوو.

بەیانیی ڕۆژی شەشەمی فێبریڤه ری ١٨٤٠ ، سەرۆکی عەشیرەکان بڕیاریان دا کۆتایی بەم ڕاوێژە بێنن. خواردنیان لە تەواوبووندا بوو و زۆربەیان ڕێگەیەکی دوور و درێژیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکەی خۆیان لە بەر بوو. ڕێوڕەسمی فەرمییواژۆی گرێبەستەکە زۆر بە پەلە ڕێکخرابوو و هۆبسن کە لە سەر عەرشەی پاپۆڕەکەی خۆیدا بوو و ئاگای لە ئەنجامی کارەکە نەبوو، بە پەلە گەڕایەوە بۆ وێتینگی. گرێبستەکە جارێکی دی لە لایەن ویلیامزەوە بە زمانی مائۆریی خوێندرایەوە. کاتێک کە ناوەکان یەک بە یەک دەخوێنرایەوە، زۆربەی زۆری سەرۆکەکان بۆ واژۆی گرێبستەکە دەهاتنە پێشەوە.

پاشان گرێبەستەکە برایە بەشەکانی دیکەی دوورگەی باکووری و لە چەندین ڕێوەڕەسمی هاوشێوەدا واژۆی زیاتر کۆ کرایەوە. هەر وەک کۆبوونەوەی وێتینگی، لە ناوچەکانی دیکەش جەخت لە پێوەندیی هاودڵانەی پاشا و مائۆرییەکان کرایەوە. ئەو باوەڕەی سەرۆکی عەشیرەکان بە بانگەشەکارانی مەسیحی و ڕاسپاردەی ئەوان بۆ واژۆی گرێبەستەکە هەیانبوو، دەربڕی ڕەهەندە مینۆکییە بەرینەکانی ئەم گرێبەستە بوو. ڕۆژی ٢١ی مانگی مەی ساڵی ١٨٤٠، هۆبسن حوکمڕانیی بریتانیای بە سەر دوورگەی باکوور بە هۆی گرێبەستی وێتینگی و بە سەر دوورگەی باشوور بە هۆی دوزینەوەوە وه ڕاگەیاند.

 هەر لە سەرەتاوە  گرێبەستی وێتینگی بە خەرمانەیەک لە تەم و مژ داپۆشرابوو. کاتێک کە بەڕێوەبەرایەتیی کۆلۆنیالیی بریتانیا چەندین نوسخە لە گرێبەستەکەی – هەریەک بە تۆزێک جیاوازیی لە چاو ئەویدی – لە هۆبسن وەرگرت، پێدەچوو کە وەرگێڕانی دەقی مائۆریین. وەک پاشکۆی یەک لە نوسخەکان  دانپێدانانێک لە لایەن هێنری ویلیامزەوە بوو بەم ناوەرۆکەوە کە دەقی ئینگلیزیی وەرگێڕانی وشە بە وشەی گرێبەستی وێتینگییە، کە هەڵبەت ئەمە درووست نەبوو. دەقی ئینگلیزیه که ی، وەرگێڕانی پێچەوانەی گرێبەستەکە لە زمانی مائۆرییەوە نەبوو. مێژوو سەبارەت بە هانە و هاندەری هێنری ویلیامز بۆ ڕادەربڕینی پێچەوانەی ڕاستی و دانانی وەرگێڕانەکە وەک دەقی سەرەکی هیچ زانیارییەک بە دەستەوە نادات.

 هەرچەند لە مێژووی وەرگێڕاندا نموونه ی هاوشێوەی ئەمە کەم نەبوو. چەندین و چەند وەرگێڕان وەک دەقی سەرەکی ئاراستە کراون و چەندین و چەند دەقی سەرەکی هەن کە لە بەر هۆکاری جیاجیا وەک وەرگێڕان ناسێنراون. لێرەدا دەبێ وا دایبنین کە ویلیامز بەتەواوی لە ڕوانگەی مرۆڤدۆستانەی نوێی بریتانیا و بیر و ڕای کۆمەڵەی بانگەشەکارانی مەسیحی ئاگادار بووە و بە هۆی ئەم گوشارانەوە دەقی مائۆریی وەک دەقی سەرەکیی ناساندووە.

دەبێ هۆکاری بڕیاری ئەو بۆ لەپێشگرتنی دەقی مائۆریی لە چاو دەقه ئینگلیزیه که ی له کاتی پێشکەش کردنی بە دەوڵەتی بریتانیا لە خواستی ئەو بۆ پەسەند کردنی گرێبەستی ئیمزاکراو لەلایەن دەسەڵاتە سیاسی و ئەخلاقییەکانی بریتانیادا ببینین. تەم ومژەکان کاتێک زیاتر بوو کە هۆبسن هەر دوو نوسخەی ئینگلیزی و مائۆریی نارد بۆ لەندەن نارد لە حاڵێکدا کە لە سەر هەردووکیان نووسرابوو "گرێبەست". کاتێک کە بڕیار درا ئەم بەڵگانە بڵاو بکرێنەوە، دەقی مائۆریی وەک "گرێبەست" و دەقی ئینگلیزی وەک وەرگێڕان خرایە بەردەستی هەمووان و بەم چەشنە ئەم ئایدیا یه لە بریتانیا باس کرا و جێگیر بوو کە مائۆرییەکان بە تەواویی ئاگادار بوون کە بە ئیمزا کردنی ئەم گرێبەستە دەسەڵات لە وڵاتەکەیاندا بەدەستەوە دەگرن.

ساڵی ١٨٦٩ لە هەلومەرجێکدا کە شەپۆلێک هەستی دژە مائۆریی لە نێوان بەرپرسانی حکوومی و خەڵک بیچمی گرتبوو، فەرمان درا که دیسانەوە دەقە ئینگلیزییەکە وەربگێڕدرێتەوە تاکوو بەم شێوە یه پێگەی مائۆرییەکان، بەرپرسیارێتی و مافەکانیان وەک هاووڵاتیی بریتانیایی بە تەواوی ڕوون بکرێتەوە. دەوڵەتی بریتانیا گەیشتبووە ئەو ئەنجامە ی کە دەقی سەرەکی لە وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی "نفرەت هێنەری" مائۆری لە دەست چووە و تێکدراوە. دەستەوشەی بنه ڕه تیی و چارەنووس‌سازی ماف و ئیختیاراتی حکوومەت ئەمجارەیان بە هەموو دەسەڵاتە ئاساییەکان و حوکمڕانیی سەرۆکی عەشیرەکان وەرگێڕدراوەتەوە، وشەی خاوەندارێتی لە ماددەی دووهەمی گرێبەستەکەدا کە پێشتر بە rangatiratanga وەرگێڕدرابۆوە کە مانای سەرۆکی عەشیرەیی بوو، ئەمجارە بوو بە tuturutanga بە مانای گەرەنتیی بێ‌بەند و مەرج. هەرچەند ئەم دەقە تەنها وەرگێڕانێکی نوێ نەبوو بەڵکوو بە نیسبەت ئەو شتەوە کە سەرۆکی عەشیرەکان پێشتر پەسەندیان کردبوو گرێبەستێکی جیاواز بوو.

کۆمەڵگای مائۆریی لە ڕێگەی نوێنەرانی مائۆریی پاڕلەمانی نیوزلاندەوە هێدی هێدی لە گۆڕینی مەرجەکانی گرێبەستەکە گەیشتن. گرێبەستێک کە ڕۆژێک هێمای دەستئاوەڵایی و گەشبینیی بوو ئەمڕۆکە لای شەپۆلی نوێی چالاکانی مائۆریی پیلانێکە بۆ ئەوەی کە زەوی و زارەکان، سەرچاوەکان و مافی سەربەخۆییان لە چنگیان دەربێنێت. واڵکێر نووسیویەتی: "ویلیامز تاقە کەسێکە کە دەبێ بە هۆی وەرگێڕانی هەڵەوە سەرکۆنە بکرێت". بەڵام بەڕاستی بۆ دەبێ ویلیامز لۆمە و سەرکۆنە بکرێت؟

فەزای وەرگێڕانی ئەمڕۆ لە بەر نه توانین لە ڕاگواستنی زانیارییەکانی دەقی سەرەکی کە بوو بە هۆی بەدەستەوەدانی دەقێک بە دەور و کارکردی جیاوازەوە، سەرکۆنەی دەکات. گەرچی دەقی سەرچاوە بە ڕوونی سەبارەت بە دان و ڕادەست کردنی مافی حوکمڕانیی بە بریتانیا ڕاشکاوە، کەچی لە وەرگێڕانی نووسراو و زارەکییدا ئەم بابەتە وەک عەشق و دلۆڤانیی شاژن بەرامبەر بە مائۆرییەکان باس دەکرێت. دەقی سەرچاوە وەک بەڵگەیەکی حقووقی لە هەلومەرجێکدا نووسرا کە بە پێی هەندێ تیۆریی حقووقی تەنها حوکم و ڕوانگەکانی نەتەوە ژیارمە نده کان شیاو و گرینگن. بەم حاڵەشەوە وەرگێڕانی گرێبەستەکە لە ڕوانگەی مائۆرییەکانەوە پەیمانێک بوو کە بەڵێن و وەعد و بەرپرسیارێتییەکانی دووتۆی هەڵگری هێزێکی پیرۆز بوو.

لێکدانەوە نوێکان، وەرگێڕانەکەی ویلیامز بە هۆی فامی ناڕاستی لە مەڕ دەوری وەرگێڕ وەک پێوەندیی نێوان دوو کلتووری جیاواز سەرکۆنە دەکات. لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە دەقەکانی سەرەکی و وەرگێڕدراو ڕەگیان لە دوو کولتووری دوور لە یەکدیدا بوو، وەرگێڕ وەک پێوەندیی نێوانیان دەورێکی سه ره کی هەبووە. لە باتیی نێوەندگیری و ڕوونکردنەوەی مەبەستەکان، هەست و چاوەڕوانییەکانی لایەنەکان، لەم نموونە بەرچاوەدا دەبینین که هەوڵ دراوە بە دەستێوەردان و لێ زیاد کردن و شاردنەوەی مەبەستی ڕاستەقینەی دەقی سەرچاوە، هاوڕایی کۆمەڵگای دووهەم بەدەست بهێنرێت.

ویلیامز بەرهەمی کات، ئایینزا و ئایدۆلۆژیای زاڵی سەردەمی خۆیەتی. وەرگێڕانەکەی هەر سێی ئەمانە نیشان دەدات. ئەو بە توندی لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە لە ژێر حوکمڕانیی بریتانیادا زۆ باشتر خزمەت بە مائۆرییەکان دەکرێت، وەک چۆن لە سەر ئەو باوەڕەش بو کە ئیمان بە خواوەندی مەسیحییەکان ڕۆحی مائۆرییەکان ڕزگار دەکات. وەرگیڕانی ویلیامز گەشەکردنی ستراتیژەکانی وەرگێڕانە لە سەر دەستی ئەو وەرگێڕانەی خزمەت بە دەسەڵات دەکەن. سەبارەت بە ویلیامز دەتوانێن بڵێین دەسەڵاتی ئەو جیهانەی ئەو خزمەتی پێ دەکرد لە ڕێگەی دەسەڵاتی مینۆکییەوە بەهێز و تۆکمەتر دەبوو. ڕوانگەی ئەو بەرامبەر بە جیهان و بەرامبەر بە پلە و پێگەی خۆی لەم جیهانەدا بوون به فاکتەرە سەرەکییەکانی دیاریکەری ستراتیژەکانی ئەو وەرگێڕانەی که ئەو بەکاری هێناوە.

ئەم لێکدانەوە تایبەتییە جەختکردنەوەیەکە لە سەر ئەو ڕوانگەی کە وەرگیڕانەکان تایبەتمەندییە پێگەییەکان و زەمەن و کولتووری خۆیان دەخەنە ڕوو. وەرگێڕەکان لە کە تۆڕێک لە پێوەندییە پاڕادۆکسیکاڵەکاندا گیریان خواردووە،  لە سەر بنەمای تێگەیشتنیان لە پێگە و دەوریان لە کولتووردا، گرژی و ئاڵۆزییەکان چارەسەر دەکەن. هەروەها دەبینین کە چۆناوچۆن لە هەلومەرجێکدا کە کولتوورەکانی سەرچاوە و مەبەست جیاوازیی بنەڕەتییان نییە وەرگێڕان پڕ کێشەتر دەبێت. لە حاڵێکدا کە لە ڕووکردی سیستەمی چەندلایەنەی توێژەرانیکی وەک ئیتامار ئۆن زێهر، گید ئۆن تۆری و لێفۆردا ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە بەهاکانی کولتوورێک بەرامبەر بە بەهاکانی کولتوورێکی دیکە دابنرێت، بەڵام ئەمە لە پێگە و دۆخەکانی پۆست کۆلۆنیالیستیدا زۆر لە پەسەند کردن نایەت. کاتێک کە مەودای نێوان دوو کولتوور نایەکسانیی گرژی دەسەڵاتی لەگەڵدایە، کولتوور لە وەرگێڕان بەدەر دەبێت. وەرگێڕانی گرێبستی وێتینگی لە ئینگلیزییەوە بۆ مائۆری لە هەلومەرجێکدا کە ئینگلیزی بە کولتووری زاڵ دەهاتە ئەژمار و مائۆریی کولتوورێکی خۆجێیی بوو، نموونەیەکە لەم نایەکسانییە. لە وەرگێڕان بەدەر بوونی کولتوور کە هومی بابا باسی دەکات بە گرژترین شێوازی خۆی لەم نموونەدا دیارە ؛ واتا گواستنەوەی ڕووتی مانا کە ئەنجامەکەشی وەرگرتنەوەی ئازادی و ئیختیارە لە نەتەوەی خۆجێیی.

هەلومەرجی مێژوویی وەرگێڕان و واژۆی گرێبەستی وێتینگی نموونەیەکە کە گرنگیی دەوری بانگەشەکارانی ئایینی بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژە کۆلۆنیالییەکان وهەروەها دەوری وەرگێڕان لە بەدیهێنان و سەپاندنی بونیادەکانی دەسەڵات نیشان دەدات.

بە وتەی سووزان بێسێنت "ناچارین دەور و ڕۆڵی وەرگێڕ لە گۆڕینی شێوازی دەقی سەرەکیی پشتڕاست بکەینەوە، دەورێک کە زۆر دوورە لە پاکی و بێ تاوانی." سەبارەت بە وەرگێڕی گرێبەستی وێتینگی دەبێ بڵێین کە ئەو جگە لە دەوری مرۆڤێکی بێ تاوان هەر دەورێکی دیکه ی گێڕا. هێنری ویلیامز بە گۆڕینی فۆڕمی دەقەکە، بەشێک لە جیهانی بۆ هەمیشە گۆڕی. کاریگەرییەکی سیاسیی کە ئەم وەرگێڕانەی هەیبووە بە ڕادەیەکە کە هەمیشە کاریگەریی لە سەر چۆنێتیی ئامادەیی دوو نەتەوەکە لە وڵاتێکدا داناوە.ئەم گرێبەستە بەم دواییانە ئەو دوو نەتەوەی نیوزلاندیان درووست کردووە و بەرامبەر بە یەکدی وەستاندووە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ کە گرێبەستەکە واژۆ کراوە، نوسخەی ئینگلیزیی گرێبەستەکە بووە کە لە لایەن دەوڵەتەکانی نیوزلاندەوە ڕاڤه کراوە و بەڕێوەیان بردووە. تا دەدەی ١٨٦٠ واتا ئەو کاتەی کە نیوزلاند شەپۆلێک لە کۆچ کردن لە بریتانیاوەی بە خۆوە بینی، حەشیمەتی مائۆرییەکان لە ئینگلیزییەکان زیاتر بوو بەڵام بەرە بەرە ژمارەیان لە چاو ئینگلیزییەکان کەمی کرد. سەردەمانێک کۆنتڕۆڵی مائۆرییەکان بە دەست سەرچاوە سروشتییەکان و چارەنووسیانەوە بوو، بەڵام لە دوای واژۆی گرێبەستەکەوە، هەموو ڕەهەندەکانی ژیانایان کەوتە دەستی ئەورووپییەکانی دانیشتووی نیوزلاندەوە. کاتێک کە ساڵی ١٨٧٧ جەیمز پرەندەرگاست، دادوەری گشتیی دیوانی باڵا، گرێبەستەکەی لە ڕووی یاساییەوە بە ناڕه وا دانا، بە کردەوە "گرێبەستەکەی تا کۆتایی سەدە تووشی سەرگەردانییەکی قەزایی کرد". دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕینی مائۆرییەکان بە هۆی کردەوەیی نەبوونی ماددە و پڕەنسیپەکانی گرێبەستەکە  بەردەوام دەبیسترا. نوسخەی مائۆریی گرێبەستەکە بوو بە هۆکارێک بۆ یەکگرتنیان و پێکهێنانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دەربڕین و دوابەدوای ئەویش بەرە بەرە چالاکیی سیاسیی بەرفراوان بە مەبەستی وەرگرتنەوەی مافەکانی نەتەوەی خۆجێیی. ساڵانی نێوان ١٩٧٥ و ١٩٨٥ نیوزلاند بە هۆی بانگەوازی مائۆرییەکان بۆ سەربەخۆیی و خاوەندارێتیی زەوییەکان تووشی شێوان و نائارامی بوو. ڕێپێوانی ساڵی ١٩٧٥ بە یەکەم حاڵەت لە چەندین حاڵەتی بەرەو ڕوو بوونەوەی دوو نەتەوەکە دێتە ئەژمار. کاتێک کە ڕێپێوانەکە گەیشتە وێلینگتۆن‌ی پایتەختی نیوزلاند، هەزاران کەسی پێوە پەیوەست ببوو و بەم شێوە یه بە حکوومەتیان ڕاگەیاند کە دەبێ بەرپرسیارێتییەکانی لە گرێبەستەکەدا جێبەجێ بکات.

ئەنجامی زیاتر لە سەد ساڵ کێشمەکێش، پێکهێنانی بەرەی چارەسەرکردنی ناکۆکیی لە گرێبەستی وێتینگیدا به دوواوه بوو کە بە پێی یاسای پەسەندکراوی ١٩٧٥ی گرێبەستەکە و پەیوەستکراوی ١٩٨٥ ئەنجام درا و بە و هۆیەوە مائۆرییەکان توانییان بۆ نەهێشتنی نادادپەروەرییەکانی ڕابردوو داواکارییەکانی ١٨٤٠ گەڵاڵە بکەن. دەیەی ١٨٩٠ سێ داواکاریی سەرەکیی جێبەجێ کرا. یەکەمیان مەسەلەی مافی ماسی‌گرتن بوو کە تێیدا پاشای بریتانیا کۆنتڕۆڵی نزیکی ١٥%ی سەرچاوەکانی ماسیگریی وڵاتی گەڕاندەوە بۆ مائۆرییەکان. هەرچەند پارەیەک کە لەم گرێبەستە بەدەست هاتبوو دەبووایه بە سەر عەشیرە جیاجیاکاندا دابەش بکرایە چونکە گرێبەستەکە پشکی عەشیرەکانی بە شێوەی جیاواز دیاریی نەدەکرد و هەموویانی پێکڕا لە بەرچاو دەگرت. دوو داواکاریی دیکە کە ساڵانی نێوان ١٩٨٦ و ١٩٨٨ جێبەجێ کرا Tinui و Ngaitahu بوون کە بەهای هەریەکیان ١٧٢ ملوێن دۆلاری نیوزلاند بوو. هەنووکە زیاتر لە پانسەد سکاڵای بچووکتر ماوەتەوە کە دەبێ چارەسەر بکرێن. هەندێ لە مائۆرییەکان لە بەر دواکەوتنی زیاتر لە چەند دەیە لە جێبەجێ کردنی سکاڵاکانیاندا، هەستی بێ هیوایی و دڵساردیی بەنیسبەت بەڕێوەچوونی دادپەروەرییەوە دایگرتوون.

لە لایەکی دیکەشەوە کەسانێک هەن کە لایان وایە بازرگانیی به قازانجی گەلاڵەکردنی داواکارییەکان زۆر پەرەی سەندووە. ئەمڕۆکە هەندێ دەنگی بەهێز هەن کە دەیانهەوێ بەشداریی ڕوو لە گەشەی مافناسەکان، مێژووناسەکان، توێژەران و ڕاوێژکاران لە تەوەری چارەسەر کردنی جیاوازی و ناکۆییەکاندا بوەستێنن. بەشداریی ئەوان لەم کارەدا لە ماوەی ساڵانی ٩٩-١٩٩٨ نزیکی ٤٦٠٢ ملوێن دۆلاری نیوزلاندی بۆ ئەوانەی که باج دەدەن، تێچووە. ئەم بەرە هاوار دەکەن: بەسە! گرێبەستەکە هەرگیز لە لایەن پاڕلەمانەوە بە شێوەی یاسا کاری پێنەکراوە و هەر بۆیە پێگەی یاسایی نییە. کەسانی دژبەریش لە بەشە جیاجیاکانی باڵە سیاسییە بەهێزەکاندا لایان وایە که ڕاگەیشتن بە هەموو سکاڵاکان دەبێ بوەستێندرێت.

ئەو کەسانەی لە بڕیاردان سەبارەت بە داهاتووی گرێبەستی وێتینگیدان، دەزانن که هه ڵسووکه وتی ئەوان یان پێوەندیی نێوان ڕه گه زه کان لە نیوزلاند دەخاتە مەترسییەوە یاخود ئەنجامی ئەو هەلومەرجە ئارمانجییەی هۆبسن کاتی گووشینی دەستی سەرۆکی عەشیرەکان دوای واژۆی گرێبەستەکە گوتی که کردەوەیی دەبێت: He iwi tahi tatou/ ئێمە ئێستا یەک نەتەوەین.







په یوه ندی


Copyright © 2019 کپی کردن مطالب با ذکر منبع بلامانع است